کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە بەبۆنەی ٤ ی نیسان، ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. کەجەکە ڕایگەیاند کە ٤ی نیسان، مزگێنی ڕزگاریی گەلی کوردە لە چارەنووسی قڕکردن. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا کەجەکە جەخت دەکاتەوە کە بەشداربن لە تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، لەسەر ئەم بناغەیە، ڕێکخستن بەهێز بکەن و چالاکی دیموکراتیکی کاریگەرتر ئەنجام بدەن. هەروەها بانگەواز لە هەمووان دەکەین، لەسەر بناغەی دیدگای کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیکی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو جێیەک نەمام بچێنن و دەوروبەر سەوزپۆش بکەن". کەجەکە دەشڵێت: گەلی کورد و ژنان و گەنجان بەو هەڵوێستە بەجۆش و پڕ هیوا و بڕیارەی لە گۆڕەپانەکانی نەورۆز و ڕێپێوانی ئامارا نیشانیاندا، وا دەکات لەمساڵدا بگەنە ئاستێکی بەرزی چالاکی و هێزی ڕێکخستنی بەهێز. وەک تەڤگەر، ئێمەش ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەینە بناغەی تێکۆشانمان و بەم دیدگایەوە خەبات دەکەین. لەسەر ئەم بناغەیە بانگەواز لە گەلی وڵاتپارێزمان و بەتایبەت ژنان و گەنجان و دۆستانی هێژا دەکەین، بەشداربن لە تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، لەسەر ئەم بناغەیە، ڕێکخستن بەهێز بکەن و چالاکی دیموکراتیکی کاریگەرتر ئەنجام بدەن". ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە: "٤ ی نیسان، لە ڕێبەر ئاپۆ و ژنان و گەنجان و گەلەکەمان و هەموو گەلان و دۆستان و تەواوی جیهانی دیموکراتیک پیرۆز دەکەین. دیسانەوە هاوڕێ موستەفا داغ و مەعسوم کارائۆغلان، شەهیدانی ٤ ی نیسان کە بوونە سیمبولی گەنجی دڵسۆزی ڕێبەر ئاپۆ، بە ڕێز و سوپاسەوە بیردەهێنینەوە. سڵاو لە ڕێپێوانکەرانی ئامارا دەکەین کە لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا ڕوویانکردە بەهاکانی دیموکراسی و ئازادی، سڵاو لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بەشداربوون لە چالاکییە دیموکراتیکەکان. گەلی کورد تا دەرکەوتنی ڕێبەرێتی، مەحکوم بوو بە چارەنووسی قڕکردنی چەند بارە. ڕووبەڕووی قڕکردنی کەلتووری و جەستەیی دەبوویەوە و نامۆکرابوو لە ڕاستینەی مێژوویی خۆی. لەسەر بناغەی سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن کە لە کوردستان پیادە دەکرا، تەنها ژیانێکی بایۆلۆژی بە کوردان ڕەوا دەبینرا، ئەویش بە مەرجی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کەلتووریی خۆیان. ناوی وڵات و کەلتووری کوردان لە مێژوودا سڕابووییەوە. بەم مانایە لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، نوێنەرایەتی سەرلەنوێ ژیانەوەی هەبوونی کوردە کە دەخوازرا ناوەکەی لەمێژوودا بسڕێتەوە. واتای گەیشتنەوەی وڵاتی کوردستانمانە بە خۆری ژیانی خۆی. بۆیە، ٤ ی نیسان، ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ، مزگێنی ڕزگاریی گەلی کوردە لە چارەنووسی قڕکردنی سەد ساڵە. بە ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە ٤ی نیسان، مێژوو لە کوردستان دووبارە نووسرایەوە. مێژوویەکی نوێی هەبوون و ئازادی بە تێکۆشانی ئازادیی کورد کە بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد، نووسرایەوە. زەمینەی بۆ سەردەمێکی نوێ بۆ ژنان و گەلان و کۆمەڵگەی دیموکراتیک خۆشکرد. هەر لەبەر ئەم هۆکارە گەلی کورد و ژن و گەنجانی کورد مانایەکی قووڵ بە ٤ی نیسان دەدەن. گەلەکەمان، بەتایبەت ژنان و گەنجان ٤ی نیسان وەک ڕۆژی لەدایکبوونەوە بۆ خۆیان پێناسە دەکەن و لەسەر ئەم بناغەیە لە هەموو شوێنێک خاوەنداری لەم ڕۆژە دەکەن و پیرۆزی دەکەن. ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ بە ڕۆژبوونی خۆیان دەزانن. دەڵێن: "ڕۆژبوونی تۆ، ڕۆژبوونی ئێمە". ئەو ڕاستییەی کە گەلەکەمان ئەم واتا قووڵە بە ٤ ی نیسان دەبەخشێت و لە هەموو جێیەک پیرۆزی دەکات، تادێت زیاتر دەبێتە بەهایەکی کۆمەڵایەتیی هاوبەش. کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ژیانەوەی کوردی ئازاد بە ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کرد، هاوکات مانای ژیانەوەی کەلتووری و ئایینی و ناسنامەی گەلانی ترە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم ڕاستییەی کە کوردان ئەزموونی دەکەن، لەگەڵ ڕاستی مێژوویی و کۆمەڵایەتی گەلەکەمان یەک دەگرێتەوە. ئەو کەسەی ئەم ڕۆح و کەلتووری پێکەوەژیان و خوشک_برایەتییە کەلتووری و مێژووییەی گەلەکەمان دەرخست، ڕێبەر ئاپۆ بوو. ئەم ڕۆحی ئاشتی و خوشک_برایەتییەی کە لە مێژووی و ژیانی گەلاندا هەبوو، لەسایەی ڕێبەر ئاپۆدا لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ زیندووبوویەوە. لە دژی ئەو زستانە تاریکەی کە لەلایەن دەوڵەت_نەتەوەکانەوە هاتەکایەوە، ئەمڕۆ ئەم ڕۆح و تێگەیشتنە کۆمەڵایەتی و کەلتووریی و مێژووییەی کە وەک کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بنیاتنانی نەتەوەی دیموکراتیک بە پێشەنگایەتی گەلی کورد پێشدەکەوێت، تا دێت بەهێزتر دەبێت. گەلەکەمان ئێستە ڕوویکردووەتە ئامانجی ئازادیی ڕێبەرێتی. ڕۆژەڤی سەرەکیی گەلەکەمان ئەمەیە. گەلەکەمان ئیدی دەیەوێت ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەی جەستەیی لەنێو خۆیدا ببینێت. لە هەموو دەرفەتێکدا پێداگری خۆی لەسەر تێکۆشانی دیموکراتیک بۆ ئەم ئامانجە دەردەبڕێت. ئەم ڕاستییە دوایین جار لە گۆڕەپانە پڕ جۆشوخرۆشەکانی نەورۆز بینرا. ئەم داوا و ئیرادەیەی گەلەکەمان ئیدی لەڕووی یاسای نێونەتەوەییەوە بووەتە داوایەکی مومکین، دەبێت لەلایەن هەموو موخاتەبەکانەوە ببینرێت و بەدرووستی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. چونکە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ واتای چارەسەری پرسی سەد ساڵەی کوردە، چارەسەری پرسی کوردیش، دیموکراتیکبوونی تەواوی تورکیا دەگەیەنێت. گەلی کورد و ژنان و گەنجان بەو هەڵوێستە بەجۆش و پڕ هیوا و بڕیارەی لە گۆڕەپانەکانی نەورۆز و ڕێپێوانی ئامارا نیشانیاندا، وا دەکات لەمساڵدا بگەنە ئاستێکی بەرزی چالاکی و هێزی ڕێکخستنی بەهێز. وەک تەڤگەر، ئێمەش ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەینە بناغەی تێکۆشانمان و بەم دیدگایەوە خەبات دەکەین. لەسەر ئەم بناغەیە بانگەواز لە گەلی وڵاتپارێزمان و بەتایبەت ژنان و گەنجان و دۆستانی هێژا دەکەین، بەشداربن لە تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، لەسەر ئەم بناغەیە، ڕێکخستن بەهێز بکەن و چالاکی دیموکراتیکی کاریگەرتر ئەنجام بدەن. هەروەها بانگەواز لە هەمووان دەکەین، لەسەر بناغەی دیدگای کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیکی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو جێیەک نەمام بچێنن و دەوروبەر سەوزپۆش بکەن".
ا ڕێکخراوی حەڤدەی شوبات، گربوونەوەیەکی ناڕەزایی ڕێکخست لە شاری لەندەن لە بەردەم نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دژی درێژ کردنەوەی ماوەی زیندانی کردنی جالاکوان و ڕۆژنامەنووس شیروان شێروانی. دوای ئەوەی کە بڕیار بوو ئازاد بکرێت بەڵام ناوبراو زیندانی کردنەکەی بۆ درێژکرایەوە بۆ ماوەی شەش مانگی تر. گردبونەوەکە ڕۆژى چوارشەممە ٢/٤/٢٠٢٥ لە شاری لەندەن لە بەردەم نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها لە شاری مانجستەر لەبەردەم قونسوڵگەری عێراق ڕێکخرابوو. ئاوات جەمال ساڵح، بەرپرسی ڕاگەیاندنی رێکخراوی 17ی شوبات رایگەیاند جالاکوانانی لەندەن لەبەردەم نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم ناڕەزایەتیان دەربڕی وە جەندین دروژمیان دەوتەوە بۆ ئازاد کردنی ناوبراو وە ڕەخنەیان لە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری دەگرت بە هەمان شێوە لە شاری مانجستەریش لەبەردەم قونسوڵگەری عێراق ناڕەزایەتیان دەربڕی کە ئازادی ڕادەربڕین و میدیا لەعێراق بە گشتی نیە و ڕۆژنامەنووس ژیانیان پارێزراونیە وە دادگا و دادوەرەکان سەربەخۆنین
مینا کچێکی تەمەن چوار ساڵە، باوکی بەشێکی لە جگەری خۆی بەخشی بە کچە بچووکەکەی، تیمێکی پزیشکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی یەکەم چاندنی جگەر لە شاری پزیشکیی فاروق ئەنجامدرا. ئەمڕۆ دوای چوار مانگ لە نەشتەرگەرییەکە، مینا بە تەواوی چاکبووەتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی پڕ لە خۆشی . دەقى ڕاگەیەندراوى نەخۆشخانەى پزیشکیی فاروق خۆشەویستی و قوربانیدان و زانست پێکەوە موعجیزە دروست دەکەن مینا کچێکی ئازای تەمەن چوار ساڵە کە لەدایك بووە بە کێشەیەکی زگماکی لە جگەریدا کە یەکێکە لە گرنگترین ئەندامەکانی جەستە. نیشانەکانی بە زەردبوونی پێست و نەمانی ئارەزووی خواردن دەستی پێکرد، بەڵام خۆشەویستی و قوربانیدانی باوکی لە کۆڵنەدان بەردەوام بوو. دوای ڕاوێژکردن بە ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکان لە کوردستان و ئێران و هیندستان، هەمووان کۆك بوون لەسەر ئەوەی کە تاکە چارەسەر چاندنی جگەر بوو کە ئەوەش ئەبێت یا باوکی یاخود دایکی بێت، پاشان باوکی بووە هۆی ڕەواندنەوەی ئازاری کچەکەی و بەشێکی لە جگەری خۆی بەخشی بە کچە بچووکەکەی ، بە خۆشحاڵیەوە بە بوونی تیمێکی پزیشکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی یەکەم چاندنی جگەر لە شاری پزیشکیی فاروق ئەنجامدرا. ئەمڕۆ دوای چوار مانگ لە نەشتەرگەرییەکە، مینا بە تەواوی چاکبووەتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی پڕ لە خۆشی . چاندنی جگەر یەکێکە لە نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکانی جیهان و پێشتریش خێزانە عێراقییەکان بۆ چارەسەری پێویست دەبوو گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن. بەڵام بەهۆی پێشکەوتنە پزیشکییەکان و هەوڵەکانی شاری پزیشکیی فاروق، ئێستا ئەم نەشتەرگەریە بە شێوەیەکی پێشکەوتوو لە شاری پزیشکیی فاروق بەردەستە و دەبێتەو هۆی گەڕاندنەوەی هیوایەك بۆ سەدان نەخۆش و خێزانەکانیان . ئەم چیرۆکە تەنها گەشتێکی چاکبوونەوە نییە، بەڵکو نموونەیەکی نایاب و سەرنجڕاکێشە کە چۆن ''خۆشەویستی قوربانی دانی باوکێك بە پاڵپشتی زانست دەبێتە دروست کەری موعجیزە. هیوای تەمەنێکی درێژ و تەندروست و بەختەوەری بۆ مینا و خێزانەکەی دەخوازین! لەم لینکەوە ڤیدیۆکە ببینە. https://t.me/hawlatinews/23839
چاوەڕواندەکرێت هەفتەى داهاتوو پارتى و یەکێتى لەسەر ئاستى باڵا کۆبنەوە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت، کە یەک لیستى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقیش لەخۆ دەگرێت. سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دانوستانەکانى پێکهێنانى حکومەت ڕاگەیاند، چاوەڕواندەکرێت هەفتەى داهاتوو پارتى و یەکێتى کۆبنەوە و بڕیار لەسەر داواکارى یەکێتى بدرێت لەبارەى وەرگرتنى دوو سەرۆکایەتى هەرێم لە کۆى چوار سەرۆکایەتى. وتیشى هەردوو سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەت بۆ پارتى یەکلابوونەتەوە، سەرۆکایەتى پەرلەمانیش بۆ یەکێتى، بەڵام یەکێتى داواى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى دادوەریش دەکات و چاوەڕواندەکرێت لەکۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر رێککەوتنى نێوانیان بدرێت کە دروستکردنی هاوپەیمانی لەنێوان هەردوو حزب بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش لە خۆ دەگرێت. بەوتەى سەرچاوەکە، شەش وەزارەت بۆ یەکێتى یەکلابوونەتەوە کە پێشمەرگە و داراییان تێدایە ئەگەر لە دانوستانەکاندا گۆڕانکارییان تێدا نەکرێت. رۆژى 18ى ئازار، هەردوو شاندى باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە و گەیشتنە دواڕەشنوسی دیدگای هاوبەش بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەوەش دواى دوو رۆژ لەکۆبوونەوەى لوتکەى نێوان مەسرور بارزانى و بافڵ تاڵەبانى لەو بارەیەوە. سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دانوستانەکانى پێکهێنانى حکومەت رۆژى سێشەممە 19ى ئازار بە سبەى راگەیاند، لەکۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کراوە کە دواى جەژن هەردوولا کۆبنەوە و پرسی پێکهێنانى حکومەت و دابەشکردنى پۆستەکان یەکلایی بکەنەوە، بۆ ئەوەى پێش ناوەڕاستى مانگى نیسان کابینەى نوێ پێکبهێنرێت. سەعدى ئەحمەد پیرە وتەبێژى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان پێشتر بە میدیاى فەرمى حزبەکەى راگەیاندبوو، دواى رێککەوتن لەسەر رەشنوسى کۆتایی، کۆبوونەوەیەکى دیکە دەکرێت بۆ دابەشکردنى پۆستەکان، کە لەپەرلەمانەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە سەرۆکى هەرێم، ئەویش کەسێک بۆ بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ رادەسپێرێت و پێشکەشى پەرلەمان دەکرێت بۆ پەسەندکردنى. یەکێتى و پارتى لە رەشنوسەکەى نێوانیاندا پۆستەکانیان بەسەر سێ ئاستدا دابەشکردووە، پۆستە باڵاکان، وەزارەتە سیادییەکان، وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان، سەربارى دیاریکردنى دەسەڵاتەکان، بەتایبەتى دەسەڵاتى جێگرى سەرۆکى حکومەت کە یەکێتى داواى زیادکردنى دەکات. لەکۆبوونەوەکانى پێشووى نێوانیاندا پۆستە باڵاکان یەکلاکراونەتەوە، بەجۆرێک سەرۆکى هەرێم و سەرۆک وەزیران بۆ پارتى، سەرۆکى پەرلەمان و جێگرانى سەرۆکى حکومەت و هەرێمیش بۆ یەکێتى دەبن، هەروەها نیمچە رێککەوتنێکیان کردووە لەسەر دابەشکردنى وەزارەتەکان بەجۆرێک وەزارەتەکانى، دارایی و تەندروستی و سامانە سرووشتیەکان و سێ وەزارەتی خزمەتگوزاریی، بۆ یەکێتى بن. بەوتەى سەرچاوەکە، لەکۆبوونەوەکانى دواى جەژن رێککەوتنى کۆتایی لەسەر پۆستەکان دەکرێت بۆ ئەوەى پێش ناوەڕاستى ئەم مانگە کابینەى نوێ پێکبهێنرێت. خاڵێکى دیکەى رەشنوسەکە تایبەتە بە شێوازى هەڵبژاردنى سەرۆک وەزیران کە بۆ مەسرور بارزانى یەکلایی بووەتەوە، بەوتەى سەرچاوەکەى سبەى هەردوولا رێککەوتوون سەرۆک وەزیران لەپەرلەمانەوە هەڵنەبژێردرێت بەڵکو دواى راسپاردنى لەلایەن سەرۆکى هەرێمەوە تەنها کابینەکەى بخرێتە دەنگدانەوە بەمەبەسەتى متمانەپێدان پێی. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە یەکی ساڵی 1992ی هەموار کراو، دەسەڵاتی پەرلەمانە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران) کە ئەویش دەسەڵاتی ناولێنانی ئەندامانی هەیە لەنێو ئەندامانی پەرلەمان و دەرەوەی دا. هەروەها بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2014ی هەمواری سێیەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پاش ناونانی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی وزاریی لە ماوەیەکدا کە لە 30 رۆژ تێپەڕنەکات.
ئەنجوومەنەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەب لەگەڵ لیژنەی راسپێردراو لە لایەن دەسەڵاتی سووریاوە لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن. دوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب لە ساڵی 2012ـەوە لەژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکاندان و ئێستا ئەنجوومەنەکانیان لەگەڵ لیژنەی راسپێردراو لەلایەن دەسەڵاتی سووریاوە لەسەر چەند خاڵێکی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنیان رێککەوتن. دەقی رێککەوتنەکە: - هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود کە زۆرینە دانیشتووانیان کوردن، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە شاری حەلەب دەبن، بەڵام پێویستە تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و کولتووریان بپارێزرێت و رێزی لێ بگیرێت. - وەزارەتی ناوخۆی سووریا لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ، بەرپرسیارێتیی ئاسایشی دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە لەئەستۆ دەگرن و رێگە نادەن هیچ دەستدرێژییەکیان بکرێتە سەر و مافیان پێشێل بکرێت. - بە مەبەستی پاراستنی ئاشتیی هاووڵاتییان، رێگە بە هیچ دیاردەیەکی چەکداری لە دوو گەڕەکەکە نادرێت. دەبێت چەک لە دەستی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆدا بێت کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن. - هێزە چەکدارەکان بە چەکەکانییانەوە دەچنە رۆژهەڵاتی فورات (ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە). - دوو ناوەندی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو گەڕەکەکە دروست دەکرێن. - ئازادی هاتووچۆ بۆ دانیشتوانی هەردوو گەڕەکەکە گەرەنتی دەکرێت. - لیژنەیەکی هاوئاهەنگی بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆ لەنێوان شاری حەلەب و ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا پێکدەهێندرێت. - زیندانەکانی هەردوولا لە گیراوەکانی هەردوولا چۆڵ دەکرێن و ئاڵوگۆڕی دیلەکانیش لە نێوانیاندا دەکرێت. - دامەزراوە و دەزگاکانی بواری خزمەتگوزاری، بەڕێوەبردن، خوێندن، شارەوانی و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە هەردوو گەڕەکەکە دەمێننەوە تاوەکو رێککەوتنێکی هەمیشەیی دەکرێ. - ئەم رێککەوتنە لە 1/4/2025 واژۆ کرا و بڵاوکرایەوە. هەر لەو بارەیەوە بەدران چیا کورد، راوێژکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، رێککەوتنەکە بۆ "سەقامگیری و پێکەوەژیانی هاوبەش" گرنگە. بەدران چیا کورد رێککەوتنەکەی بە قۆناخی یەکەم لە پلانێکی فراوانتر ناوبرد کە ئامانج لێی دڵنیاکردنەوەیە لە گەڕانەوەی خەڵکی عەفرین بۆ زێدی خۆیان و گوتیشی، دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بەردەوامن. بەدران چیا کورد گوتی، لە دانوستاندنەکانی داهاتووی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دەسەڵاتی سووریادا بایەخێکی زۆر بە عەفرین دەدرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی بۆ چارەکی کۆتایی و تەواوی ساڵی 2024؛ داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (34 ملیۆن و 749 هەزار) دۆلار، لە کاتێکدا لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2023) داهاتی کۆمپانیاکە (20 ملیۆن و 320 هەزار) دۆلار بووە، بەم پێیە داهاتەکەی بڕی (14 ملیۆن و 429 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (71%) زیادی کردووە. داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لە تەواوی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (109 ملیۆن و 392 هەزار) دۆلار، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) داهاتی کۆمپانیاکە (82 ملیۆن و 886 هەزار) دۆلار بووە، بەم پێیە داهاتەکەی بڕی (26 ملیۆن و 506 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (32%) زیادی کردووە. تێکڕای بەرهەم لە هەردوو کێڵگەی (ئەتروش و سەرسەنگ) لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024) بریتی بووە لە (66 هەزار و 400) بەرمیل نەوت، لە کاتێکدا لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2023) تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکان (45 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بووە، بەم پێیە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکان بەتێکڕای ڕۆژانە (21 هەزار) بەرمیل بە ڕێژەی (46%) زیادی کردووە. لە تەواوی ساڵی (2024)دا لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش)، بە تێکڕای کاری رۆژانە (59 هەزار و 500) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023)دا تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکان (39 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بووە، بەم پێیە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکان بەتێکڕای ڕۆژانە (20 هەزار و 100) بەرمیل بە ڕێژەی (51%) زیادی کردووە. بەرمیلێک نەوتی خاوی هەردوو کێڵگە نەوتییەکە بە کڕیاریانی ناوخۆ فرۆشراوە، لە چارەکی لە تەواوی ساڵی (2024)دا هەر بەرمیلێک نەوت بە بەتێکڕا فرۆشراوە بە (35 دۆلار و 65 سەنت).
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی شەپۆلێکی باران و هەورەبرووسکە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. کەشناسێکیش پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی دیکە دەکات لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا. دەستەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سبەی چوارشەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، نمەباران دەبارێت و هەورە برووسکەشی لەگەڵ دەبێت، شەپۆلەکە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانى دهۆک دەستپێدەکات، پاشان سەرجەم ناوچەکانى دیکە دەگرێتەوە." بە گوێرەی کەشناسی، لەبەشێکی ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگای دهۆک شێوازى بارینەکە هەندێکجار دەگۆڕێت بۆ تاوەبارانى بە لێزمە و برووسکە، لە درەنگی شەویشدا بارانبارین کۆتایی دێت." هاوکات، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ڕاگەیاند، "لە سبەی تاوەکو ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ئاسمانی وڵات هەوری تەواو دەبێت و، ئەگەری بارانبارینی پچڕپچڕ لە سەرجەم ناوچەکاندا هەیە." بە گوتەی عامر جابری، "لە رۆژی پێنجشەممەوە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن." هاوکات، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی دەڵێت "رۆژی 5ـی ئەم مانگە، شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە برووسکەی بەهێزیشی لەگەڵدا دەبێت." بە گوتەی محەممەد کەمال، "زۆرترین بڕی دابارینی ئەو شەپۆلە، ناوچەکانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە و 24 کاژێر بەردەوام دەبێت."
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە لە دوورگەى ئیمراڵییەوە سڵاو بۆ گەلى کورد دەنێرێت کە لە ئاهەنگەکانى نەورۆزدا بە جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازەکەی کردووە بۆ ئاشتى. بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان ڕێگە بە کەسوکاریان درا سەردانی هەریەک لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، عومەری خەیری کۆنار، هامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش بکەن کە لە دورگەی ئیمراڵی زیندانی کراون. ئۆجەلان لە میانی دیدارەکەدا سڵاوی لە گەلی کورد کردووە کە لە نەورۆزدا بە جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکرات کردووە، ئەوەش بەپێی ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا. عومەر ئۆجەلان برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێگەدان بەو دیدارە لە کاتێکدایە پرۆسەیەکی نوێ لە تورکیا دەستی پێ کردووە و پێشهاتی گرنگ لە تورکیا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ڕوو دەدەن. عومەر ئۆجەلان ئاماژەی بەوە داوە ئۆجەلان بە کەسوکاری ڕاگەیاندووە: "سڵاو لە گەلەکەمان کە لە نەروۆزدا بە جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکرات کردووە. دووبارە جەژنی نەورۆز و ڕەمەزان لە گەکەمان پیرۆز بێت". لە 2014ەوە تەنیا حەوت جار ڕێگە دراوە کەسوکار و پارێزەرانی سەردانی ئۆجەلان بکەن. سەردانی پێشوو دوای تێپەڕینی 44 مانگ لە دۆخی گۆشەگیریی لە 23ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجام درا، کاتێک عومەر ئۆجەلان سەردانى ئۆجەلانى کرد. ماوەیەکی زۆریش بوو ڕێگە بە کەسوکاریان نەدەدرا سەردانی عومەری خەیری کۆنار، هامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش بکەن کە هاوشێوەى ئۆجەلان لە ئیمراڵى زیندانیکراون. لە ئاداری 2015ەوە تاکوو ئێستا و بە سەردانەکەی ئەم جارەیشەوە تەنیا چوار جار ڕێگە بە کەسوکاریان دراوە سەردانی عومەری خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش بکەن و تەنیا سێ جاریش ڕێگە دراوە کەسوکاری سەردانی هامیلی یڵدرم بکات. لە ماوەی 14 ساڵدا تەنیا پێنج جار ڕێگە بە پارێزەرەکانی دراوە، سەردانی ئۆجەلان بکەن. دوایین یەکتربینینی ئۆجەلان و پارێزەرەکانی لە 7ی ئابی 2019دا بوو. لەو کاتەوەی سێ زیندانیکراوەکەی دیکەیش ڕەوانەی ئیمراڵی کراون، ڕێگە بە پارێزەرەکانیان نەدراوە سەردانیان بکەن. لەسەر دەستپێشخەری دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە بۆ کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری لە لایەن پەکەکە، شاندێکی دەم پارتی لە 28ی کانونی یەکەمی 2024ەوە سێ جار سەردانی ئۆجەلانیان کرد. سەردانی دووەم لە 22ی کانونی دووەمی 2025 و سەردانی سێیەمیش لە 27ی شوبات ئەنجام درا. هەرچەند لە سەردانی یەکەم و دووەمدا تەنیا پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر سەردانی ئۆجەلانیان کرد، بەڵام سەردانی سێیەم ژمارەی ئەندامانی شاندەکە زیاد کرا بۆ حەوت کەس. جگە لە دوو ئەندامەکەی پێشووی شاندەکە هەریەک لە تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی؛ ئەحمەد تورک، سێیەم ئەندامی شاندەکە و سەرۆکی قەییوم لەجێداندراوی شارەوانیی گەورەشاری مێردین لەنێو شاندەکەدا بەدی دەکران. دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە سەردانی سێیەم، لە ئیستانبوڵ بانگەوازێکی ئۆجەلان خوێندرایەوە کە داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە کۆنگرە ببەستێت. هەرچەند پەکەکە لای خۆیەوە بە دەم داواکارییەکەوە هات و لە 1ی ئادارەوە ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا هەزاران هێرشی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە باشوری کوردستان ئەنجام داوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەخت لە برهودان به كولتوورى فرهڕهنگى و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، لێبوردهيى و يهكترقبووڵكردن لەنێو هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانى كوردستان دەکاتەوە. بە بۆنەی سهری ساڵی نوێی 6775ـی بابلی، ئاشووری و جهژنهکانی ئهکیتۆوه، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەریمی کوردستان پيرۆزبايى لە هاووڵاتییانی کلدان، ئاشووری و سریان لە کوردستان و عێراق و سەرانسەری جیهان دەکات. لە پەیامەکە نێچیرڤان بارزانی دا هاتووە: جەژنی ئهکیتۆ بۆنەیەکی مێژوویی و دێرينى شارستانیی بههاداره، قووڵایيی ڕەگی کولتووری و مرۆیيی یەکێک لە دێرینترین پێکهاتەکانی ناوچەکەمان نيشان دهدات کە له بهرهبهيانى مێژووهوه بەشدارییان لە دروستکردنی شارستانیيەتهكانی ناوچەکە و پاراستنی فرەڕهنگييهکەیدا، کردووە. لەم بۆنەیەدا، جارێکی دیکە له ههرێمى كوردستان جەخت لە پابەنديی هەمیشەییمان به پاراستنی ماف و ئازادییەکان، برهودان به كولتوورى فرهڕهنگى و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، لێبوردهيى و يهكترقبووڵكردن لەنێو هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانى كوردستاندا دەکەینەوە. با ئەمساڵ جەژنی ئەکیتۆ دەرفەتێکی نوێ بێت بۆ پتهوكردن و بەهێزکردنی خۆشەویستی و ژیانی هاوبەش و ڕێزلهيهكگرتن لەنێو هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستاندا، ههروهها سەرچاوەی هیوایەک بێت بۆ داهاتوویەکی باشترى پڕ لە گەشەسەندن و ئارامى و ئاسوودهيى بۆ هەمووان.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیەنێت هێزەکانی سوریای دیموکرات ''هەسەدە'' ئامادەکاریی دەکات بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیل و تەرمەکان لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سەر بە تورکیا. لە راگەیەندراوێکدا روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای نیشتمانی، دیل و تەرمەکانی ئەو چەکدارانەی لە چەند هەفتەی رابردوودا لە بەرەی بەنداوی تشرین و پردی قەرە قۆزاک لە لادێکانی رۆژهەڵاتی حەلەب کوژراون ئالوگۆڕ دەکەن. ئاماژە بەوەکراوە، پێشتر هێزەکانی هەسەدە 40 تەرمیان لە سوپای نیشتیمانی وەرگرتووەتەوە، 25 تەرمیشیان رادەستی سوپای نیشتیمانی کردووەتەوە کە چواریان تورکن. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێستا ئاگربەستی راگرتنی شەڕ لە نێوانیاندا هەیە، هاوکات لە 12ی کانونی یەکەمی 2024ەوە شەڕ لە نێوان هەسەدە و سوپای نیشتیمانیی سەر بە تورکیا دروستبووە.
هەریەک لە برا و برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە، ئەمڕۆ سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵییان کردو دواى ساڵانێکى زۆر چاویان پێى کەوت. ناوەندی راگەیاندنی دەم پارتی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی ئاداری 2025، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، رێگە بە محەممەد ئۆجەلان (برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و عومەر ئۆجەلان (برازای ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها) درا، بەناوی کەسوکارەکەیەوە سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، محەممەد ئۆجەلان و عومەر ئۆجەلان بۆ کاژێرێک دیداریان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامداوە. تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لەلایەن دەم پارتی، محەممەد ئۆجەلان و عومەر ئۆجەلان لەبارەی ناوەڕۆکی سەردان و دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان بڵاونەکراوەتەوە. محەممەد ئۆجەلان (برای ئۆجەلان) دوایین جار رۆژی 25ـی ئاداری 2021، لە دادگەی گشتیی رووها، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی چوار خولەکی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام دابوو. هەرچی عومەر ئۆجەلانە دوایین جار، رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لە ئیمراڵی کردبوو. هۆکاری سەردانەکەشی بۆ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کۆچی دوایی ئۆجەلان بوو، کە نزیکەی چوار ساڵ بوو لەژێر گۆشەگیریدا بوو. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە سری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان پێکهاتبوون، لە رۆژانی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 و 22ـی کانوونی دووەمی 2025 و 25ـی شوباتی 2025 بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکانی دەم پارتی و پارێزەرانی، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە.
ئەمڕۆ 34 ساڵ بەسەر كۆڕەوی خەڵكی كوردستان تێپەڕدەبێت، كە دوای ئازادكردنی هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لە دەستی رژێمی پێشووی بەعس و راماڵینی دەزگا سەركوتكەرەكان، 26 رۆژ دوای راپەڕینی خەڵكی كوردستان لە 5ی ئاداری 1991، خەڵكی كوردستان دژی گەڕانەوەی رژێمی بەعس كۆڕەو و ئاوارەیی هەڵبژارد و رویان لە سنورەكانی توركیا و ئێران كرد، كە بە كۆڕەوی ملیۆنی خەڵكی كوردستان ناسراوە. لە ئەنجامی كۆڕەوەكەشدا لە 5ی نیسانی 1991، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان، بڕیاری 688 پەسەندكرد، بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان لە هێرشەكانی رژێمی بەعس. كۆڕەوی ملیۆنی كورد لە ساڵی (1991)، كە تێیدا خەڵكی باشووری كوردستان دژی دەسەڵات و زوڵمی رژێمی بەعس كۆچیكرد، پرسی كوردی لە كێشەیەكی ناوخۆییەوە گەیاندە پرسێكی نێودەوڵەتی، ئەوەبوو زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە و ئەوروپا و ئهمهریكا هاتنە سەر خەت و هێڵی (36)ی بەدوای خۆیدا هێنا. نەتەوەیەکگرتووەکان لە (5ی نیسانی 1991) بڕیاری ژمارە (688)ی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان دا، ناوەرۆکی ئەو بڕیارەش ناوچەی "دژەفڕین" یان "ناوچهی ئارام"ی لێ بهرههم هات، کە ئیدی رژێمی بەعس نەیتوانی ھێرش بکاتە سەر کوردستان. جەیمیس بیکەر، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمەریکا رۆڵی گەورەی ھەبوو لە چەسپاندنی بڕیارەکە و ھەر (5) ئەندامەکەی ههمیشهییهكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نهتهوهیهكگرتووهكان دژی بریارەکە ھیچ مافێکی ڤیتۆیان بەکارنەھێنا. "بڕیاری (688)ی نهتهوهیهكگرتووهكان رۆڵێكی گرنگی گێڕا بۆ درووست بوونی پهرلهمانی كوردستان و حكومهتی ههرێم، لهههمانكاتدا دهبێته هوێنی درووستی بوونی دهوڵهتی كوردیش، بۆ پارهچهكانی دیكهی كوردستانیش سوودی ههبووه، ئارامی بۆ ناوچهكه گێڕایهوه. ناوچەی دژە فرین ئەو سنوورەیە، کە ئێستا لە ژێر دەستەڵاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، ئهوكاتیش "دانیاڵ میتران" ھاوسەری فرانسۆ میترانی سەرۆكی ئەو كاتەی فەرەنسا، یەكێكە لەوانەی كە رۆڵی سەرەكی بینی بۆ ئەوەی فەرەنسا پرسی كورد بباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وایكرد بڕیاری (688)ی نەتەوەیەکگرتووەکان لهبارەی "ناوچەی ئارام" دەربكرێت.
بۆ یەکەمجار شاندی پارتی دەم لەگەڵ شاندی مەهەپە و دوای 10 ساڵیش لەگەڵ ئاکپارتی بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە سەردانی یەکدى دەکەن. ئەمڕۆ لە دووەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا، پارتی دەم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان جەژنە پیرۆزە دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا سەرەتا مەهەپە، سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی دەم دەکات و جەژنە پیرۆزە لە یەکدى دەکەن، بەو جۆرەش بۆ یەکەمجار، پارتی دەم و مەهەپە پیرۆزبایی جەژن لە یەکدى دەکەن. هاوکات شاندێکی پارتی دەم سەردانی مەهەپە دەکاتەوە. دواتر پارتی ئایندە ، بەمەبەستی جەژنەپیرۆزە سەردانی پارتی دەم دەکات و هاوکات شاندێکی پارتی دەم سەردانی پارتی ئایندە دەکاتەوە. لە کاتژمێر 12:30 خولەکیشدا، شاندی ئاکپارتی سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی دەم دەکات و شاندێکی پارتی دەمیش سەردانی ئاکپارتی دەکات. ئەوەش یەکەم سەردانی هەردوو پارتەکەیە بۆ لای یەکدى بۆ جەژنە پیرۆزە لە دوای 10 ساڵ. پاشان لە کاتژمێر 13:30 خولەکدا پارتەکانی دەم و سەعادەت و لە کاتژمێر 14:15خولەکیشدا پارتی دەم و دەڤا بەمەبەستی جەژنەپیرۆزە سەردانی بارەگای سەرەکی یەکتر دەکەن. سەردانەکەی شاندی پارتی دەم، مەهەپە و ئاکپارتی بۆ جەژنە پیرۆزە بۆ لای یەکدى، وەک بەشێک لەو پرۆسە نوێیە تەماشا دەکرێت، کە لە یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە و دیارترین قۆناغی پرۆسەکەش، بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکە بوو لە 27ـی شوباتی ئەمساڵ. جەهەپە هیچ پلانێکی بۆ سەردانی لایەنەکان لە رۆژانی جەژندا نییە و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش پارتی دەم باسی لە سەردانی شاندەکەی بۆ لای ئەو پارتە نەکردووە.
وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە عێراق بە یاسا چارەسەر کراوە. لەبارەی زەویی جووتیارانی کوردەوە لە کەرکووک، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، ئەمڕۆ (دووشەممە) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئەوەی پەیوەستە بە زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە؛ یاساکە دەرچووە و چاوەڕوانی دەرچوواندنی رێنوێنی دەکەین، کە ئینشائەڵلا لە ماوەی دوو مانگدا دەردەچێت و دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت". وەزیری دادی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی پەیوەندیی بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دەسەڵاتی پێشووتری عێراقەوە هەیە، "لە ماوەیەکی نزیکی دوای جەژن، دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت". وەزیری دادی عێراق کە لە پشکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پۆستەکەی وەرگرتووە و کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی لە شاری کەرکووک بوو، باسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکەشی کرد. خالید شوانی گوتی: "ئەو هێزە سیاسییانەی ئەم ئیدارەیان پێکهێناوە، باوەڕیان بە هاوبەشیی راستەقینە هەیە؛ باوەڕمان بە پەراوێزخستنی هیچ لایەنێک نییە و بەردەوام دەرگامان واڵابووە، دەستیش بۆ هەر پێکهاتە و حیزبێک درێژ دەکەین کە ئامادەبێت لەگەڵ ئێمەدا هاوبەشی بکات". وەزیری دادی عێراق لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیشەوە گوتی، "کێشەی مووچە بە بنەڕەتی چارەسەر بووە؛ هیچ کێشەیەکی یاسایی و سیاسیی لەپشتەوە نییە، ئەوەی دەمێنێتەوە رێوشوێنە کارگێڕییەکانن و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لەگەڵ رێنماییەکانی حکومەتی عێراق بگونجێنێت بۆ ئەوەی چیدی مووچە دوانەکەوێت." شوانی گوتیشی، کێشەی مووچە بە یاسای بودجە، بڕیاری دادگەی فیدراڵی و رێککەوتنی بەغدا و هەولێر چارەسەر بووە، "ئێمە بەردەوام دەیڵێینەوە، ئەو کێشانەی هەن تەکنیکین نەوەکو سیاسی و پێویستی بە خۆگونجاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ رێنماییەکانی حکومەتی فیدراڵی".
كیفاح مەحمود، راوێژكاری مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەوەی رودەدات پلانێكی روون و بەرنامە بۆ داڕێژراوە، بۆ دروستكردنی بەربەست لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، پەیوەندی بەو گروپە سیاسیانەوە هەیە فشار دەكەن لە بەغدادو هەوڵی تێکدانی سیستمی فیدراڵی وڵات دەدەن، كە ساڵانێکی زۆرە کاردەکەن بۆ دروستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم گەشەسەندنی هەرێم و سەندنەوەی دەسەڵاتە دەستورییەکانی. راوێژكارەكەی بارزانی، لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ی راگەیاندووە، روونە کە کۆمەڵەی نەوت ناڕازییە لە بیرۆکراتیی و هەنگاوەكانی پەیوەست بە پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت. وتوشیەتی، بابەتەکە پەيوەستە بە سیاسەت نەک رێکاری تەکنیکی، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەرلەمان هەموارکردنەوەی ماددەی 12ی یاسای بودجەی سەبارەت بە رێکارەکانی دەرهێنانی نەوت پەسەندکرد، سەیركە لەوەدایە، وەزیری نەوتی فیدراڵی نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر رایگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێردا هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە، بەڵام ئەوە روینەدا. دوو ڕۆژ لەمەوبەر دوو سەرچاوە بە رۆیتەرزیان راگەیاندبوو، گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیا، دووچاری گیروگرفت بووە، بەهۆی بەردەوامی ناكۆكی لەبارەی چۆنیەتی پارەدان و گرێبەستەکان. دانوستانەکان، کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکرد، تا ئێستا نەیتوانیوە کۆتایی بە ناکۆکییەکی نزیکەی دوو ساڵ بێنێت، کە بووەتە هۆی وەستاندنی هەناردەی نەوت لە کوردستانی عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی. واشنتۆن فشاری خستۆتە سەر عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، مانگی رابردوو ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندبوو، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، داوای لە عێراق کردووە رێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەركردنی نەوت بدات، یان روبەڕوی سزا دەبێتەوە. واشنتۆن دەیەوێت هەناردەی نەوت لە رێگەی تورکیاوە دەستپێبکرێتەوە، لەبەرهەندێك هۆكار، كە بەشێکی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دابینکردنی جیهانی و دابەزاندنی نرخەكەیەتی، لە هەمان کاتدا ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندییە داراییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی دراوسێ بوەستێنێت، لەسایەی ئەو فشارانەی خستویەتیە سەر تاران، سەبارەت بەهەناردەکردنی نەوت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی.