هاوڵاتى وه‌زاره‌تى كاره‌باى حكومه‌تى هه‌رێم رایگەیاند:"  له‌كاتژمێر 7ى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆوه‌ كاره‌با ئاسایی ده‌بێته‌وه‌". به‌گوێره‌ى ڕاگەیه‌نراوێکى وەزارەتی کارەبا، پڕۆژەی چاکسازیی لەكێڵگەی كۆرمۆڵ لەلایەن کۆمپانیای داناگازەوە بەهاوکاری لەگەڵ تیمی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان بەرەو تەواوبون دەچێت‌و دۆخی کارەبا بەر لەکاتی دیاریکراودا، لەکاتژمێر 7:00ى ئێوارەى ئه‌مڕۆوه‌ بەتەواوەتی ئاسایی دەبێتەوە. ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "کۆمپانیای داناگاز لەبەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممەوه‌ دەستى بەجێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی چاکسازی لەکێڵگەی کۆرمۆڵ کرد کە بەهۆیەوە ناردنی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان کەمبووەوەو لەئەنجامدا کاریگەری بەسەر ماوەکانی پێدانی کارەبا هەبوو". ئەمەش لەكاتێكدایە بەهۆی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمنی عێراقەوە وەزارەتی كارەبا ماوەی سێ ڕۆژ كارەبای نیشتیمانی بە 24 كاتژمێری پێشكەش هاوڵاتیان كردو و دوای بە دوای ئەوەش لە دوێنێ دووشەممەوە، كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانی زۆر كەمی كردووە بە شێوەیەك لەهەندێك ناوچە هەر نەبوە.  

  هاوڵاتى سەرۆکی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند:" عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ قۆناغێكى تازه‌دان‌ وهه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌بێت خۆمان بۆ ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌ش و ته‌حه‌دييه‌كانى قۆناغى داهاتوو، ئاماده‌ بكه‌ين."  ئەمڕۆ سێشەممە 12ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات، "ئه‌ركى هه‌موو هێز و لايه‌نه‌ سياسييه كوردستانييه‌كانه‌ پێكه‌وه‌، ته‌با و يه‌كڕيز، كار بۆ ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق بكه‌ين، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان هاوكار بين." دەقی پەیامەکە: هاووڵاتييانى خۆشه‌ويست، هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عیراق پيرۆزباييى سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى گشتيى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌م. ئيتر عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ قۆناغێكى تازه‌دان‌ و ئه‌نجامه‌كانى كۆتايى هه‌ر چۆن يه‌كلايى ببنه‌وه‌، هه‌مووان براوه‌ن، هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌بێ خۆمان بۆ ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌ش و ته‌حه‌دييه‌كانى قۆناغى داهاتوو، ئاماده‌ بكه‌ين. يه‌كڕيزى، ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى، كليلى سه‌ركه‌وتنمانه‌ كه‌ ده‌سته‌به‌رى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، ده‌سكه‌وته‌كان و سيستمى فيدراڵى و قه‌واره‌ سياسييه‌كه‌ى ده‌پارێزێت. ئه‌ركى هه‌موو هێز و لايه‌نه‌ سياسييه كوردستانييه‌كانه‌ پێكه‌وه‌، ته‌با و يه‌كڕيز، كار بۆ ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ هه‌رێمى كوردستان و عيراق بكه‌ين، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ هێز و لايه‌نه‌ عيراقييه‌كان هاوكار بين. ئه‌ركى هه‌موومان له‌ هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى عێراق ئه‌وه‌يه‌ به‌ روانگه‌ و خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌يشتنێكى تازه‌ و واقعبينييه‌وه‌، به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموون و هه‌ڵه‌كانى رابردوو، له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كێشه‌كانى وڵات چاره‌سه‌ر بكه‌ين. كار بۆ عێراقێكى سه‌قامگير و خۆشگوزه‌ران بكه‌ين كه‌ تيايدا مافه ده‌ستوورييه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كان مسۆگه‌ر و پارێزراو بن، متمانه‌، پێكه‌وه‌يی، هاوچاره‌نووسی، هاریکاریی هاوبه‌ش، به‌رژه‌وه‌نديى گشتيى وڵات، هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌، سازان و یه‌کسانی، هه‌موومان كۆبكاته‌وه‌. سوپاسى هاووڵاتييان، هه‌موو هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، داموده‌زگا ئیداری و ئه‌منیيه‌كان، ميديا و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌كه‌م كه‌ له‌ سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردندا هاوكار بوون. سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ ئه‌رك و ماندووبوونى كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عيراق، بۆ چاودێرانى ناوخۆيى و بيانى و تيمه‌كانى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان به‌تایبه‌تی سه‌رۆک و تیمی یوونامی له‌ عیراق و يه‌كێتيى ئه‌ورووپا و كۆمكاری عه‌ره‌بی كه‌ چاودێريى پرۆسه‌ى ده‌نگدانيان كرد و پرۆسه‌كه به‌ ئارامى به‌ڕێوه‌ چوو. ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكى گرنگه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌يه‌گى ڕاست. به‌شداريمان له‌ هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌رانمان له‌ به‌غدا، پابه‌نديمانه‌ به‌ بنه‌ماكانى ديموكراسييه‌وه‌. له‌ لايه‌كى ديكه‌وه‌ رێژه‌ى به‌شدارى له‌ ده‌نگداندا په‌يامێكى روونى هاووڵاتييانه‌ كه‌ چاويان له‌ ژيان و گوزه‌ر‌ان و خزمه‌تگوزاريى زياتره و مافى خۆيانه‌‌. ئه‌مه‌ بۆ هه‌موومان له‌ حكومه‌ت و هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ده‌بێ په‌ند و وانه‌يه‌ك بێت بۆ پێداچوونه‌وه‌ى جیددى و بنياتنانه‌وه‌ى متمانه‌، هه‌روه‌ها ببێته‌ هانده‌رى كار و خزمه‌تى زياتر. ئيدی كاتى ئه‌وه‌يه‌ پێكه‌وه‌ كار بكه‌ين بۆ دامه‌زراندنی حکومه‌تێکی نیشتمانيی فيدراڵى که‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی خواست و‌ چاوه‌ڕوانییه‌کانی هاووڵاتی بێت، ده‌ستوور جێبه‌جێ بكات، دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت به‌هێز بكات، گرووپ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ياسا كۆنترۆڵ بكات‌، له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و هاوبه‌شيى هه‌موو پێكهاته‌كانى عيراق، پرۆسه‌ى سياسى ڕاست بكاته‌وه و به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ هه‌مووان، وڵات به‌ڕێوه‌ ببات. هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌مووان ده‌خوازم. نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

هاوڵاتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پەیامێکی بەبۆنەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوە ورایگەیاند:"کەمیی رێژەی بەشداریی خەڵک لەو هەڵبژاردنە بۆ زۆر خەڵک بێهیواکەربوو." نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، گرنگە لە تایبەتمەندیی هەڵبژاردنەکەی 10ـی ئۆکتۆبەر تێبگەن کە پێزانین بووە بەو داواکارییەی خەڵکی عێراق دوو ساڵە باسی دەکەن. نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق باسی لەوەشکردووە، وڵاتان بەر لە هەڵبژاردن و لە رۆژی هەڵبژاردنیشدا لە پاڵ عێراقییەکان بوون و لە رۆژانی داهاتووشدا هەروا دەمێننەوە. دەستخۆشی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش دەکات، دەڵێت جێگەی رێز و تەقدیرن بۆ ئەو کارە سەختەی لە رۆژی هەڵبژاردندا کردوویانە، هاوکات دەستخۆشی لە هەوڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش دەکات کە ئەمنییەتی پرۆسەکەیان پاراستووە. بەرنامەی هاریکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە 94٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ پارتێک لە 329 کورسییەکەی پەرلەمان زۆرینەی بەدەستنەهێناوە. رێژەی بەشداریی دەنگدەران بە 41٪ کەمترین رێژەی تۆمارکرد و ژمارە پێوانەییەکەی هەڵبژاردنی 2018ـی شکاند کە ئەوکات رێژەی بەشداریی خەڵک 44٪ بوو.    

هاوڵاتى  کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند:" رێژەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی 37%بووە. بەڵام بەپێی ئەو ئەنجامە سەرەتاییانەی کۆمیسیۆن بڵاویکردوونەتەوە، نزیکەی 20%ی ئەوانە دەنگی دروستیان بە بەربژێری حزب و سەربەخۆکان داوە و 17%ی دیکە دەنگەکانیان سووتاندووە". ئەمڕۆ سێشەممە 12ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند:" رێژەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی 37%بووە. بەڵام بەپێی ئەو ئەنجامە سەرەتاییانەی کۆمیسیۆن بڵاویکردوونەتەوە، نزیکەی 20%ی ئەوانە دەنگی دروستیان بە بەربژێری حزب و سەربەخۆکان داوە و 17%ی دیکە دەنگەکانیان سووتاندووە". بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە سنووری پارێزگای سلێمانی ملیۆنێک و 425 هەزار و 705 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، 288 هەزار و 679 کەس دەنگیان بە حزب و بەربژێرەکان داوە. تاوەکو ئەمڕۆ 12ی ئۆکتۆبەر، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ئەو دەنگانەی دەنگدەر سووتاندوونی، یاخوود لەلایەن کۆمیسیۆنەوە هەژمار نەکراون هیچ روونکردنەوەیەکەی بڵاونەکردووەتەوە. رۆژی یەکشەممە 10-10-2021، هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە عێراق و هەرێمی کورستان بەڕێوەچوو. ئەمڕۆش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامە بەراییەکانی راگەیاند.

هاوڵاتى  سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگه‌یاند:" پێداگرین لەسەر ئەوەی ئەو هەڕەشانەی لە ڕۆژئاڤاوە سەرچاوە دەگرن یان لەگەڵ ئەو هێزانەی لەوێدان، خۆمان لەناویان ببەین". بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ زەنگی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر ناوچەکە لێدا.  رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئێوارەی دووشەممە 11ی تشرینی یەکەم لە وتارێکیدا ئاماژەی بە بوونی هەڕەشە لە سووریاوە بۆ سەر تورکیا کرد.ئەردۆغان ناوی یەپەگە و پەکەکەی هێنا و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ زەنگی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر ناوچەکە لێدا. ئەردۆغان وتی: "ئیدی ئاراممان نەماوە. پێداگرین لەسەر ئەوەی ئەو هەڕەشانەی لەوێوە سەرچاوە دەگرن یان لەگەڵ ئەو هێزانەی لەوێدان، خۆمان لەناویان ببەین. لەگەڵ دوایین هێرش بۆ سەر پۆلیسەکانمان و دنەدانی سەر خاکەکەمان ئیدی جامەکە لەسەری رژاوە. لە کەمترین ماوەدا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هەنگاوی پێویست دەنێین". تورکیا ئابی 2016 بە بیانووی ئەوەی هەڕەشە لەسەر سنوورەکانی باشووری وڵاتەکەی هەیە، سوپای ناردە نێو خاکی سووریا و بە هاوکاریی بەشێک لەو گرووپانەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە ئەنقەرە پشتیوانییان دەکات، جەرابلوس، ئەلباب، راعی و ئەعزازی کۆنترۆڵکردن. تورکیا رایگەیاند بە مەبەستی وەستاندنی جموجووڵەکانی داعش لەو ناوچانە سوپای ناردووە.  لە 20ی کانوونی دووەمی 2018 هێرشی تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر هەرێمی عەفرین لە ژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون" دەستیپێکرد. هەروەها 12ی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی ''کانی ئاشتی'' بۆ سەر گرێسپی و سەرێکانیی رۆژاوای کوردستان ئەو دوو ناوچەیەشی خستە ژێر رکێفی خۆیەوە. لەکاتێکدا پێشتر لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو.

هاوڵاتى  جارێکی دیکە دادگاییکردنی ئومێد بەرۆشکی و بەدەل بەرواری لە دادگای هەولێر دواخرا. تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، هەرچەندە بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگاییکردنی ئومێد بەڕۆشکی و مامۆستا بەدەل بەرواری بەڕێوەبچێت، بەڵام دانیشتنەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا. باوكى به‌ده‌ل به‌روارى له‌به‌رده‌م دادگاى هه‌ولێره‌وه‌ ڕایگه‌یاند، داهاتى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌مریكا زیاتره‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ناتوانێت پاره‌ى خه‌ڵك نه‌دات و بڵێت ده‌بێت بێده‌نگ بن ده‌ڵێت" ئه‌ورۆژه‌ ڕۆشت میلله‌ت نه‌زانێت چى ڕوده‌دات" باوكى به‌ده‌ل به‌روارى ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌وڕۆژه‌ ڕۆشت كه‌ له‌گونده‌كان بگه‌ڕێن و به‌خه‌ڵك بڵێن وه‌ره‌ ببه‌ پێشمه‌رگه‌و ببه‌ پارتى و ئێمه‌ش ئاگامان له‌ده‌ره‌وه‌ى خۆمان نه‌بێت و پێمان بڵێن به‌هارتان بۆ دروست ده‌كه‌ین. باوكى مامۆستا به‌ده‌ل باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌گه‌ر كوڕه‌كه‌ى تاوانى هه‌بێت خۆى به‌ده‌ستى خۆى له‌ناوجه‌رگه‌ى هه‌ولێر هه‌ڵیده‌واسێت،ده‌ڵێت" مامۆستایانى به‌ڕێز و میله‌ت ئه‌م حكومه‌ته‌یان قابیله‌ چونكه‌ بێده‌نگن و به‌ده‌ل به‌روارى له‌سه‌ر مافى هاووڵاتیان ده‌ستگیركراوه‌". نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا ئەو دوو چالاکوانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و دواتریش لە لایەن دادگای دهۆکەوە بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و ئەنجامدانی خۆپیشاندا بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرچوو.

هاوڵاتى  وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" ناوەندگەلێک لەخاکی هەرێمی کوردستان بۆ پەروەردەی هێزە چەکدارەکانی دژە شۆڕشی ئێران هەیە کە لەوێوە ئۆپراسیۆن دژ بەئێران دەکەن‌و چەک دەگوازنەوەو باج‌و سەرانە لەبازرگان‌و کۆڵبەرەکان وەردەگرن". ئەمڕۆ سێشەممە 12ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی"میهر" سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتویەتی:"ناوەندگەلێک لەخاکی هەرێمی کوردستان بۆ پەروەردەی هێزە چەکدارەکانی دژە شۆڕشی ئێران هەیە کە لەوێوە ئۆپراسیۆن دژ بەئێران دەکەن‌و چەک دەگوازنەوەو باج‌و سەرانە لەبازرگان‌و کۆڵبەرەکان وەردەگرن". خەتیب زادە وتویه‌تى:"ئەو بنکانە ئەبێت دابخرێن، چونکە ئەو بابەتە لەگەڵ نیازپاکی دراوسێیەتیدا نایەتەوە، ئەو بنکانە چیتر ناتوانن ببنە سەرچاوەی نائارامی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەبەرئەوەی تاران وەڵامیان دەداتەوە". چەند ڕۆژێک پێشتر لیوا ڕەحیم سەفەوی ڕاوێژکاری سەربازیی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند، ڕازینابن گروپە چەکدارییە بەرهەڵستکارەکانی ئێران لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان بن. ڕاوێژکارەکەی خامنەیی لەبەشێکی تری قسەکانیدا وتبوی:"بەهەرێمی کوردستان دەڵێین، ڕازیی نابین ئەو گروپە چەکدارییە بەرهەڵستکارانە لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئێوەدابن، لەبەرئەوەی ئەو گروپانە هەندێک کێشەو سەرئێشە بۆ ئێران دروستدەکەن، هەرچەندە بەمەترسییەکی گەورەش هەژمارناکرێن". ماوەی زیاتر لە مانگێكە ئێران بە ڕێگەی جۆراوجۆر هۆشداری دەداتە هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ دەركردنی حزبە ڕۆژهەڵاتیەكان.

  هاوڵاتى مه‌سعود بارزانى لەبارەی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، " سەركەوتنی پارتی لەو هەڵبژاردنەدا بە مانای سەركەوتنی پڕەنسیب و بەها و ئەو بنەمایانەیە كە خەباتی گەلی كوردستانی لەسەر وەستاوە. دەشڵێت "هیوادارم لە دوای ئەم هەڵبژاردنە لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیز و تەواوكاری یەکدی بن." رۆژی دووشەممە 11-10-2021 مه‌سعود بارزانی پەیامێکی بە بۆنەی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو هەڵبژاردنەدا بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان کرد.  بەپێی ئەو ئەنجامانەی کۆمیسیۆن بڵاوی کردوونەتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژارنە 32 کورسی بەدەستهێناوە.مه‌سعود بارزانی پیرۆزبایی لە کادیر و ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەی دەکات و دەڵێت "سەركەوتنی پارتی لەو هەڵبژاردنەدا بە مانای سەركەوتنی پڕەنسیب و بەها و ئەو بنەمایانەیە كە خەباتی گەلی كوردستانی لەسەر وەستاوە و، پەیامێكە بۆ هەموو لایەك كە گەلی كوردستان لە هیچ بارودۆخێكدا دەستبەرداری مێژوو و بەهاكانی نابێت. پێویستە ئەو سەركەوتنەی پارتی ببێتە هۆی ئەوەی بەرپرس و كادیر و ئەندامانی پارتی زیاتر خزمەتی خەڵك بكەن و، هەمیشە ئەو ئامۆژگارییە بە نرخەی بارزانیان لەبیر بێت، "لە سەركەوتندا مەغروور نەبن و لە شكست نائومێد نەبن". مه‌سعود بارزانی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەی هەڵبژاردن بەرزدەنرخێنێت و دەستخۆشی لە کۆمیسیۆن و هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و دەشڵێت "رۆڵی بەڕێز مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بەرز دەنرخێنین." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا مه‌سعود بارزانی داوایەک ئاراستەی لایەنە كوردستانییەكان دەکات و رایدەگەیێنێت "هیوادارم لە دوای ئەم هەڵبژاردنە لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیز و تەواوكاری یەكتری بن. هیوادارم هەموو لایەنەكان بەیەكەوە و بۆ یەك ئامانجی هاوبەش و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و بەرگریكردن لە ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان كار بكەن." دەقی پەیامەکەی مه‌سعود بارزانى لەبارەی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن ‎بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان ‎بە بۆنەی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو هەڵبژاردنەدا پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان دەكەم.  پیرۆزبایی لە كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم كە توانیان لە كێبڕكێیەكی مەدەنی و ئارامدا سەركەوتنێكی گەورە بۆ پارتی و ڕێبازەكەیان مسۆگەر بكەن و ڕۆحی شەهیدان ئاسوودە بكەن. سەركەوتنی پارتی لەو هەڵبژاردنەدا بە مانای سەركەوتنی پڕەنسیب و بەها و ئەو بنەمایانەیە كە خەباتی گەلی كوردستانی لەسەر وەستاوە و، پەیامێكە بۆ هەموو لایەك كە گەلی كوردستان لە هیچ بارودۆخێكدا دەستبەرداری مێژوو و بەهاكانی نابێت. پێویستە ئەو سەركەوتنەی پارتی ببێتە هۆی ئەوەی بەرپرس و كادیر و ئەندامانی پارتی زیاتر خزمەتی خەڵك بكەن و، هەمیشە ئەو ئامۆژگارییە بە نرخەی بارزانیان لەبیر بێت، "لە سەركەوتندا مەغروور نەبن و لە شكست نائومێد نەبن". ‎هەر بەم بۆنەیەوە سوپاسی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و دەزگا ئەمنییەكان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ دەكەم كە بە شەونخونی و ماندووبوونیان بوونە هۆی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستخۆشیان لێ دەكەم. هەروەها ڕۆڵی بەڕێز مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بەرز دەنرخێنین. ‎سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن سەركەوتنی ئیرادەی گەل و سەركەوتنی دیموكراسیە. هەر بۆیەش هیوادارم لە دوای ئەم هەڵبژاردنە لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیز و تەواوكاری یەكتری بن. هیوادارم هەموو لایەنەكان بەیەكەوە و بۆ یەك ئامانجی هاوبەش و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و بەرگریكردن لە ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان كار بكەن و، لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ بنیات بنێنەوە. ‎جارێكی تر سوپاس بۆ گەلی كوردستان و سوپاسی تایبەتیش بۆ خوشك و برایانی خۆڕاگر و خاوەن بیروباوەڕ لە كەركووكی دڵی كوردستان. ‎مسعود بارزانی ‎١١ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢١

هاوڵاتى مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی 11ی پارتی رایگەیاند:" ئەنجامی هەڵبژاردنی بازنەی چواری سلێمانی بە تەواوی رەتدەکەنەوە و پێیانوایە ژمارەی دەنگی بەربژێرەکەیان بە هەڵە بڵاوکراوەتەوە یان گۆڕدراوە".  ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 11ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە، بەپێی ئەنجامەکە بەربژێری پارتی لە سنووری لقی 11ی پارتی کە ناسکە عەبدوڵڵا بوو دەنگی پێویستی نەهێناوە، بەڵام مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی 11ی پارتی ئەنجامەکەی کۆمیسیۆن رەتدەکاتەوە. مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی 11ی پارتی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ   کاتژمێر شەشی ئێوارە ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی پارێزگای سلێمانی راگەیاند. بەپێی راگەیێندراوەکەی کۆمیسیۆن کاندیدی پارتیمان لە بازنەی چواری سلێمانی ناسکە عەبدوڵڵا 11 هەزار و 742 دەنگی بە دەستهێناوە". مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی 11ی پارتی دەڵێت بەربژێرەکەیان زیاتر لەو دەنگانەی هێناوە کە کۆمیسیۆن رایگەیاندووە و دەڵێت: "ئێمە  ئاماری تەواوی ئەنجامی هەڵبژاردنی گشتیمان لەبەردەستە، کە بریکارەکانمان لە بنکەکانی دەنگدان لە کۆمسیونی هەڵبژاردن وەریانگرتووە تەنیا لە هەڵبژاردنی گشتیدا  13,416 دەنگمان بەدەستهیناوە". مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی 11ی پارتی پێیوایە ئەو ئەنجامەی کۆمیسیون رایگەیاند "بە هەڵە تۆمارکراوە یان دەستێکی لە پشتە" بۆیە بە تەواوی رەتیدەکەنەوە. داوا لە کۆمیسیۆن دەکەن پێداچوونەوە بە راگەیاندنی ئەم ئەنجامەدا بکات و بۆ ئەو بابەتە سکاڵا تۆمار دەکەن. بازنەی چواری سلێمانی کە دووکان، چوارقوڕنە، حاجیاوا، رانیە، بێتواتە و قەڵادزێ دەگرێتەوە، بەپێی ئەنجامەکەی کۆمیسیۆن، ئەو چوار بەربژێرە زۆرترین دەنگیان ‌هێناوە: سروە عەبدولواحید (نەوەی نوێ) 22634 دەنگ سۆران عومەر سەعید (کۆمەڵ) 18868 دەنگ غەریب ئەحمەد مستەفا (یەکێتی) 15360 دەنگ بەدریە حوسێن عەزیز (یەکێتی): 13456  

هاوڵاتى ئەحمەدی حاجی رەشید، کاندیدی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە بازنەی سێی پارێزگای سلێمانی لەبارەی سەرنەکەوتنی لەهەڵبژاردنەکان پەیامێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، "چانس یاوەرم نەبوو، نەمتوانی سەركەوتن بەدەستبهێنم لەوەش پەشیمان نیم كەلەزێدی خۆم بەربژێر بووم". ئەحمەدی حاجی رەشید لەپەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "من یەكێك بووم لە بەربژێرەكانی بازنەی (3) خوازیار بووم بتوانم سەركەوتن بەدەست بێنم و ئەگەر بتوانم خزمەتێك بەتاكی هاوڵاتی لەهەردوو ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان و دانیشتوانی سنوری بازنەی (3)پێشكەش بكەم، دیارە چانس یاوەرم نەبوو وە نەمتوانی سەركەوتن بەدەستبهێنم، دیارە جێگای متمانەی تەنها ئەو خەڵكە بووم كە دەنگیان پێداوم." ئەوەشی خستوەتەڕو، سوپاسی ئەو کەسانە دەکات کە دەنگیان پێداوە و "لەوەش پەشیمان نیم كەلەزێدی خۆم بەربژێر بووم وخۆم خستە بەردەم  بڕیاری ئێوەی بەڕێز و دواجاریش بڕیارەكەتانم قبوڵ كرد بەوپەڕی نیگەرانیەوە چونكە جگە لە دڵسۆزی هیچی ترم نەبوو بۆتان." ئەمڕۆش محه‌مه‌د حه‌كیم، وته‌بێژی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "داوای لێبوردن له‌ هه‌موو كادیر و ئه‌ندامانمان ده‌كه‌ین، كه‌ نه‌مانتوانی ئه‌و ئه‌نجامه‌ به‌ده‌ستبهێنین كه‌ له‌به‌رچاومانگرتبوو". ئەوە لەکاتێکدایە بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان کۆمەڵی دادگەری کوردستان رێژەی دەنگ و کورسییەکانی لەپەرلەمانی عێراق 50% کەمیانکردووە و کورسییەکی پەرلەمانی مسۆگەرکردوە، لەکاتێکدا لەخولی رابردوی پەرلەماندا خاوەنی دوو کورسی بوو، هەروەها ئەحمەدی حاجی رەشید یەکێک لەکاندیدە ناسراوەکانی ئەو حزبە لەبازنەی سێی سلێمانی بۆ خولێکی دیکەی پەرلەمان دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا.

هاوڵاتى  شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا، ئەندامی پێشوی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان پێی وایه‌ كه‌ باشتر و جواتر و جوامێرانه‌تره‌ خانه‌ی راپه‌ڕاندنی گۆڕان ده‌ست له‌ خانه‌كه‌ هه‌ڵبگرن. دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان، ده‌ركه‌وت كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی نه‌بوه‌ و هیچ كاندیدێكی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانی پێشووی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ به‌ شكست بۆ گۆڕان ده‌زانن، له‌وباره‌یه‌وه‌ شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا، ئەندامی پێشوی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان پێی وایه‌ كه‌ باشتر و جواتر و جوامێرانه‌تره‌ خانه‌ی راپه‌ڕاندنی گۆڕان ده‌ست له‌ خانه‌كه‌ هه‌ڵبگرن. شەماڵ عەبدولوەفا، ئەندامی پێشوی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك نوسیویەتی:"دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران‌و پاش شکستھێنانی بەرچاوی بزوتنەوەی گۆڕان بەدەرنەچونی ھیچ کاندیدێک، باشترو جوانترو جوامێرانەترە کە ئێوە دەست لەئەندامێتی خانەی ڕاپەڕاندن ھەڵبگرن"، دەشڵێت:"دەستلەكاركێشانەوە ھەڵوێستێكی جوانەو بگرە ھیچ نەنگی نییە، ئێوە نە خیانەتتان کردوە، نە وڵاتتان فرۆشتوە، ئێوە ھەڵەتان کردوە، ئێوە سەرکەوتونەبون لەئیدارەدانی بزوتنەوەکە". شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا داواش ده‌كات كه‌ :"ئەم دەستلەكاكێشانەوەیە ببێتە نەریتێکی پۆزەتیف لەکوردستاندا، ھەر کاتێك یەکێ شکستیھێنا بادەست لەوکارە ھەڵبگرێت". ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئەمڕۆ خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی  عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتووە:"‎ئەنجامە بەراییەكانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەری خست؛ كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەھێناوە و سەرنەكەوتون." ‎لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە:"بە راشكاوی دەڵێین كە پێویستمان بە گۆڕانكاری و بەخۆداچونەوەی ریشەیی بزوتنەوەكە و سیاسەتەكانی ھەیە، چونكە دەنگدەرانمان ھەڵوێستیان وەرگرتوە و زۆرینەیان بایكۆتی ھەڵبژاردنیان كردوە، وەكچۆن زۆرینەی ھاوڵاتیان ھەمان شتیان كردوە."

هاوڵاتى  لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا سەرۆککۆماری عێراق پیرۆزبای لە سەرۆکی حکومەت کرد بۆ ئەو ئەنجامەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەدەستیهێناوە. ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 11ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، بەپێی راگەیێنراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە 11-10-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە بەرھەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پێگەیشت.  لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە پەیوەندییەکەدا بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق "بە بۆنەی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە هەرێمی کوردستان و سەرانسەری عێراق، پیرۆزبایی لە سەرۆکی حکومەت کرد و هەڵبژاردنی بە پرۆسەیەکی سەرکەوتوو ناوبرد." لە بەشێکی راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە "سەرۆککۆمار پیرۆزبایی لە سەرۆکی حکومەت کرد بۆ ئەو ئەنجامەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەدەستیهێناوە." بەپێی ئەو ئەنجامانەی کە تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆن رایگەیاندون؛ پارتی دیموکراتی کوردستان 32 کورسی بەدەستهێناوە و لایەنەکانی دیکەش بەمشێوەیەیە: یەکێتی: 15 کورسی، جووڵانەوەی نەوەی نوێ 9 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 1 کورسی و بزووتنەوەی گۆڕانیش هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێناوە هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە گشت لایەنەکان، هەرچی زووتر بکەونە گفتوگۆ و بە هاوکاری و هەماهەنگی کار بکەن بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بخەنە خزمەت بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و سەرانسەری عێراق و خزمەتێکی شایستەی سەرجەم گەلانی عێراق بکرێت. پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە 8ی مانگی ئۆکتۆبەر و پرۆسەی دەنگدانی گشتیی لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوون. 

  هاوڵاتى  لە دوای بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی کەمبوونەوەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق داوای لێبووردنی کرد و وتەبێژی کۆمەڵ دەڵێت "ئەو ئەنجامانەی بەدەستمان هێناوە لە ئاست چاوەڕوانییەکانمان نەبوو، هەربۆیە داوای لێبووردن دەکەین." محەممەد حەکیم، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق و ئەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە دەڵێت "ئەنجوومەنی باڵا و سەرکردایەتی بەرپرسیاریێتی ئەم دۆخە لە ئەستۆ دەگرێت." وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژە بەوە دەدات "هەنگاوەکانمان بە ئاراستەی چارەسەری دۆخەکە دەستپێدەکەین و کۆمەڵ دۆخی زۆر سەختتر لەمەشی تێپەڕاندووە، بە بەرنامەیەکی نوێوە خۆمان بۆ هەڵبژاردنی کوردستان ئامادە دەکەین." هەر لە پەیامەکەدا ئەندامانی کۆمەڵی دادگەری دڵنیا دەکاتەوە کە بە بەرنامەیەکی نوێوە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی کوردستان ئامادە دەکەن. بەپێی ئەو ئەنجامانەی کە تاوەکو ئێستا راگەیێنراون، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 1 کورسی بەدەستهێناوە ئەویش لە سنووری بازنەی 4ی پارێزگای سلێمانی.  وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان راشیدەگەیێنێت "پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق هاوکات بوو لەگەڵ تەواوبوونی کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵ، لە کاتێکدا سەرقاڵی تەشکیلکردنەوەی ئۆرگانەکانمان بووین چووینە نێو بانگەشەی هەڵبژاردن." لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەبارەت بە ئەنجامەکان رایگەیاندووە "ئەو ئەنجامانەی بەدەستمان هێناوە لە ئاست چاوەڕوانییەکانمان نەبوو، هەربۆیە داوای لێبووردن دەکەین." هەر ئەمڕۆ دووشەممە 11-10-2021 خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی لەبارەی کەمبوونەوەی دەنگەکانی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لێبووردنی لە دەنگدەرانی کردووە و دەڵێت، "بەربژێرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەهێنا و سەرنەکەوتوون".   خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە، دان بەوەدا دەنێن کە "هەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بووە کە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتییەکان، بۆیە متمانەی خەڵکمان بەدەستنەهێناوە".  

هاوڵاتى موقتەدا سەدر رایگەیاند:" گوشاری ناوخۆی و دەرەکی لەسەر کۆمیسیۆن هەیە". هۆشداریش دەدات و دەڵێت، بەوردی ئاگایان لەو دەستوەردانانەیە، نابێت دەستوەردان بکرێت و ئەوان بە وردی چاودێریی ئەو دەستوەردانانە دەکەن. موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە بە سەرپەرشتییەکی نێودەوڵەتی و عەربی ئەنجامدراوە و لەلایەن ئەوانەوە دانی پێدانراوە. هەروەها دەشڵێت، "بەو پێیە نابێت دەستوەردان لە بڕیارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکرێت یان گوشارەکان لەسەری زیادبکرێن نە لەناوخۆوە نە لە دەرەوە و نە لەلایەن هەندێک لە وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەڵبژاردن کاروبارێکی ناوخۆییە".  

هاوڵاتى ناوندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە  ڕایگەیاند:" دوو هێلیکۆپتەریان کردە ئامانج". ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 11ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، ناوندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لەسەر چالاکییەکانی گەریلا و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە: لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی بازەکانی زاگرۆسدا، لە ١٠ی ی تشرینی یەکەم کاتژمێر لەنێوان ١١:١٠ بۆ ١١:٤٥ خولەکی شەو، گەریلاکان هێلیکۆپتەرێکی جەنگییان کردە ئامانج، کە دەیویست بۆردوومانی گۆڕەپانی وەرخەل بکات لە هەرێمی ئاڤاشین، لە ئەنجامدا گورز لەو هێلیکۆپتەرە درا و هێلیکۆپتەرەکانی دیکەش بە ناچاریی لە ناوچەکە دوورکەوتنەوە. ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، هەر ١٠ی تشرینی یەکەم، کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی شەو، هێلیکۆپتەرە جەنگییەکان، کە دەیانویست گردی وەرخەل لە هەرێمی زاپ بۆردوومان بکەن، لە سێ لاوە گەریلا چالاکیی لەدژ ئەنجامدان و لە ئەنجامدا گورز لە هێلیکۆپتەرێک درا. هەمان ڕۆژ، کاتژمێر ١١:٠٠ بۆ ٠١:٠٠ی شەو، لە هەرێمی زاپ، هێزەکانمان ئەو هێلیکۆپتەرانەیان ناچار بە کشانەوە کرد، کە دەیانویست بۆردوومانی گۆڕەپانی شەهید شاهان و گردی شەهید سمکۆ بکەن. ئەوەش هاتووە: شەوی نۆ و ١٠ی ئەم مانگە، هێلیکۆپتەر بە ئاسمانی گردی سلێمان، مارڤانۆس، مام ڕەشۆ، تابورا عەرەبان، وەرخەل و بانستا-دا سووڕانەوە، لە هەمان کاتدا، گردی شەهید ڕزگار، شەهید فرات، شەهید ئینتیقام، گوندی دڕێ، دۆڵی باسیا و گۆڕەپانەکانی کارتال و وەرخەل بە هێلیکۆپترە بۆردوومان کران. هەروەها، هاتووە: لە ٩ی تشرینی یەکەم، کاتژمێر لەنێوان ٠٩:٠٠ بۆ ١١:٠٠ی شەو، لە مەتینا هێلیکۆپتەر بە ئاسمانی هێڵی قاسوورادا سووڕایەوە، هەمان کات دەوروبەری گوندی هرور، دێشیش، سەراروو، کێستە و گۆڕەپانی کۆردینە، بە هێلیکۆپتەر بۆردوومان کراون. لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە: ١٠ی تشرینی یەکەم، ٠٨:٠٠ و ١٠:٣٠ خولەکی شەو، لە هەرێمی زاپ لە گۆڕەپانی چیای ڕەش و گوندی هۆر لە گۆڕەپانی شەهید ڕۆستەم بە فڕۆکەی جەنگیی بۆردوومان کران.