سازدانی: ئارا ئیبراهیم بەرپرسێكی یەكێتی ئاماژە بەوە دەدات كەكورد لەناوچە كێشە لەسەرەكان پارێزگاری لەدەنگەكانی كردووەو براوە بووە لەبەدەستهێنانی كورسی زیاتر ئەوەش بەهێزتری دەكات بەرانبەر شیعەو سوننە لە بەغدا. رەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لەهەولێر لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» بوونی كەمپی ئاوارە ئێزیدیەكانی شەنگال كەژمارەیەكی زۆرن وای كردووە كە پارتی هەرسێ كورسییەكەی شەنگال بباتەوەو لەناو شەنگالیش لایەنی سیاسی هەیە ئیش بۆ ئەجێنداكانی پارتی دەكات دژ بە یەبەشە» هەروەها ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هاتنی وەفدی باڵای ئێران بۆ عێراق، دەركەوت كە «هەژموونی ئێران لەعێراق پاشەكشەی كردووەو هاوئاوازەكانی ئەمریكا سەركەوتووبوون».   هاوڵاتى: لەسەر دەرئەنجامەكانی ناوچە كێشە لەسەرەكان، موسڵ، كەركوك، دیالە، سەڵاحەدین پێتانوایە كورد سەركەوتنی بەرانبەر عەرەبی سوننەو شیعە بەدەستهێناوە؟ رەشاد گەڵاڵی: لەپارێزگای موسڵ لەكۆی 33 كورسی كورد، 11 كورسی بەدەستهێناوە، پارتی 9 و یەكێتی دوو كورسی، واتا كورد لە سێ بەش بەشێكی كوردسییەكانی بردووە، ئەمە ئەو واتایە دەگەیەنێت كە پەیامێكە بۆ شیعەو سونەكان كە كورد بەشێكی گرنگە لەناو ئەو پارێزگایە بەبێ كورد ناتوانرێت كێشەكانی موسڵ یەكلایبكرێتەوە. راستە كە دێتە سەر وردەكاری هەژموونی پارتی لەموسڵ لەیەكێتی و لایەنەكانی دیكە زیاترە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لەروانگەی قەزێی نەتەوەییەوە سەیر بكەین سەنگی كورد لەم پرۆسەیەدا دەركەوت هیچ كوتلەیەكی سوننی و شیعی بەقەدەر  پارتی نییەو یەكەمی سەر ئاستی پارێزگای موسڵە. لەسەر پارێزگای كەركوك كورد كە شەش كورسی لەكۆی 12 كورسی بەدەستهێناوە گرنگە، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر دوو پرۆسە كراوە كە عەرەب و توركمان پێیانوابوو دەرئەنجامی هەژموونی ئاسایش و پێشمەرگەیە كورد دەتوانێت شەش كورسی بەدەستبهێنێت، ئەگەر نا كورد قەبارەكەی بەو شێوەیە نییە، دەركەوت كورد پارێزگاری لە شەش كورسییەكەی خۆی كردووەو واتا نیوەی كەركوك كوردەو نیوەكەی دیكەی عەرەب و توركمانە. بۆ سەڵاحەدین دەرچوونی كاندیدێكی یەكێتی ئەو پەیامە دەگەیەنێت كە سەنگی كورد بوونی هەیەو ئێمە وەك یەكێتی لەگەڵ گۆڕان لەناو هاوپەیمانێتییەكدا بووین و لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتوو لێكتێگەیشتن هەبووە و یارمەتیدەر بووە، هەرچەندە پارتی كاندیدی هەبووەو دەرنەچووە. لەدیالەش دەرچوونی كاندیدێكی دیكەی یەكێتی بۆ رەوایەتی كێشەی نەتەوایەتیمان لەو سنورە گرنگە، ئەم كوردسیە ئەهەمییەتی خۆی هەیە بۆ سەنگی كورد لەناوچە كێشە لەسەرەكان.   هاوڵاتى: پێتانوایە هێزە شیعییەكان كە نزیك بوون لە ئێران شكستیان هێناو هاو ئاوازەكانی ئەمریكا بەتایبەت سەدر سەركەوتنی بەدەستهێناوە؟ رەشاد گەڵاڵی: پێموایە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هاتنی وەفدی باڵای ئێران بۆ عێراق، دەركەوت كە ئێران پاشەكشەی كردووەو ئەوانەی نزیك بوون لە ئەمریكا سەركەوتوو بوون. برۆ سەیری دەرئەنجامی هەموو كوتلەكانی بەدرو نەسرو حیكمەو مالكی و حەشدی شەعبی بكە هەموویان پاشەكشەیان كردووە، تەنها تەیاری سەدری نەبێت كە خۆیان بەعێراقی  دەزانن و لەڕووی مەرجەعییەوە پێچەوانە بیردەكەنەوە لەگەڵ ئێران و سیستانی، بۆیە وای دەبینم دوای ئەم پڕۆسەیە ململانێكان توندتر دەبن، لەم پرۆسەیە هاوئاوازەكانی ئەمریكا سەركەوتوو بوون.   هاوڵاتى: یەبەشەو ئەو لایەنانەی كە بەشێك بوون لە رزگاركردنی شەنگال نەیانتوانی كورسی بەدەستبهێنن، بەڵام پارتی سەرەڕای بەجێهێشتنی شەنگال سێ كورسیەكەی قەزای شەنگالی بردەوە، هۆكار چییە؟ رەشاد گەڵاڵی: تا ئاوەدانكردنەوە لەموسڵ ئەنجام نەدرێت وەك ئەوەی لە روومادی ئەنجامدرا ئاوارەكانی شەنگال چەكێكی كاریگەر دەبن بەدەست پارتی دیموكراتی كوردستان هەر كاتێك بۆی بكرێت بەم شێوەیە دەنگی یەكەم دەبێت لەشەنگالدا، بۆیە موسڵ بایەخی زۆری هەیە. چەندین كەمپی ئاوارەی ئێزیدی بە كوردو تەنانەت عەرەبیشەوە لەژێر دەسەڵاتی ئەمنی پارتیدان، ئاوارەی ئێزیدی كە دوای ئەو وەزعەی بەسەریاندا هات كە بەهەزاران كەسیان بوونە قوربانی و ژنان رفێندراون كەوتنە بەر دەستی داعش و كەرامەتیان شكێندراو ئەتككران بێشەرمانە، كەچی تەماشا دەكەین هەرسێ كورسییەكەی شەنگال بۆ پارتی بوو، چونكە ئاوارەكان لەژێر دەستی پارتیدا بوون، بوونی كەمپ لەژێر دەسەڵاتی پارتی لەڕووی ئیداری و ئەمنییەوە زاڵ بووەو هەژموونی خۆیان هەیە لەسەریان كە سودمەندی یەكەم بێت لەبوونی ئاوارەكان. یەكێتی لەشەنگال هەڵەی سیاسی كرد دەبوو وردتر مامەڵەی بكردایە، كاندیدی بۆ كورسی كۆتای ئێزیدییەكان هەبووایەو نەچوایەتە كێبڕكێ لەگەڵ پارتی بۆ سێ كورسیەكەی شەنگال، چونكە پارتی ئاوارەكانی لەبەردەستدا بووە، چونكە كاندیدەكەی یەكێتی دەنگی زیاترە لەو كاندیدە دەرچووەی كورسی كۆتا كە بەدوو هەزار دەنگ رۆیشتووە كە حزبی ئیسڵاحە. ئەمەی لەناو شەنگال روویدا كەپارتی سێ كورسیەكەی بردووە بەتەنها پەیوەندی بە یەبەشەوە نییە، چونكە حزبەكەی حەیدەر شەشۆ كە یەكێتی بوو دواتر بەشانۆگەرییەك زیندانی كردوو دواتر هەزاران چەكداری لەلایەن پارتییەوە موچەی پێدرا رۆڵی هەبوو لەوەی یەبەشە ئەو كورسییە نەبات، چونكە پەیوەستن بەپارتییەوە و ئەجێندای پارتی جێبەجێ دەكەن.   هاوڵاتى: لەسەر ئاستی موسڵ ئەو 22 كورسییەی دیكەی موسڵ كێ بردوویەتی، ئوسامە نوجێفی یان حەلبوسی یان ئەو سونانەی كە نزیك حەشدی شەعبین؟ رەشاد گەڵاڵی: ئوسامە نوجێفی سەركەوتوو نەبووەو زەرەرمەندی یەكەم بوون و سەركردە كۆنەكان هیچیان سەركەوتوو نەبوون. تەنانەت حەلبوسیش كە پرۆژەی ئاوەدانكردنەوەی موسڵی هەبوو لەگەڵ كوێت و خەلیج دواكەوت ئەوەیش كورسی زۆری نەبووەو بەشێك لەو سونانەی كە كاندیدی حەشد بوون كورسییان هێناوە.   هاوڵاتى: پێتانوایە پارتی تاكە حزب دەبێت لەبەغدا شیعەو سوننەكان گرنگی پێدەدەن؟ رەشاد گەڵاڵی: پێموایە ئەم وەزعەی كە دروست بووە لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر كۆمەڵێك سكاڵامان لەبەردەستە كە بەشێك لەم كێشانە لەسەر ئاستی بەغدا یەكلاییدەبنەوە، بەڵام لەم پرۆسەیەدا باڵادەستی پارتی دەركەوت و دەریشكەوت حزبێكی بێ ركابەرە لەساحەكەدا و پاشەكشە لەزۆربەی حزبە كوردییەكان روویداوەو تەنها یەكگرتووی ئیسلامییە كەدەنگ و كورسییەكانی زیادی كردووە. بەگشتی دەنگدەرانی پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ بەشداری دەنگدانیان نەكردووەو بەشێكی زۆریان بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كردووە، پارتی لەسەر ئاستی دهۆك كورسی و دەنگەكانی كەمی كردووە، تەنها لەهەولێر دەنگ و كورسی زیادی كردووە، لەموسڵ براوەی یەكەمە. سەركردایەتی سیاسی بەتایبەتی سەركردایەتی پارتی غرور نەیگرێت و نەبێتە هۆی ئەوەی هیچ حسابێك بۆ لایەنەكانی دیكە نەكات، چونكە پارتی بووە حزبی یەكەمی كورد لەبەغدا كە بۆ زۆربەی هاوكێشەكان بەشداری كاریگەری دەبێت و پرسەكان یەكلاییدەكاتەوە كە بووە خاوەنی 32 كورسی لەپەرلەمانی عێراق، هەم شیعەو هەم كوتلەكانی دیكەی سوننە گفتوگۆ زیاتر لەگەڵ پارتی دەكات.  

  هاوڵاتى درەنگانی شەوی رابردوو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق ئەنجامی ژماردنی دەستی ژمارەیەک وێستگەی دیکەی ئاشکرا کرد و گۆڕانكاری به‌سه‌ر ده‌نگی لایه‌نه‌كاندا هات. درەنگانێکی شەوی رابردوو، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکانی راگەیاند  گۆڕانكاری به‌سه‌ر ده‌نگی لایه‌نه‌كاندا هات. میدیاكانی پارتی بڵاویان كرده‌وه‌: بەگوێرەی ئەنجامەکان لە سنووری سلێمانی کاندیدێکی‌ دیکەی‌ پارتی‌  سەرکەوتووه‌، هەروەها لە دهۆک کاندیدێکی دیکەی پارتی سەرکەوت و کورسییەکانی پارتی لە دهۆک بوو بە نۆ کورسی، لە هەموو عیراقیش ژماره‌ی كورسیه‌كانی پارتی زیادیان كرد و بووه‌ بە 34 کورسی. هەروەها لیستی‌ بزووتنەوەی‌ درێژکراوەی‌ تشرین سێ کورسی‌ زیادیکرد و بووە 12 کورسی‌. هاوپەیمانی‌ فەتح چوار کورسی‌ زیادیکرد و بووە 20 کورسی‌. ژمارەی‌ کورسییەکانی‌ دەوڵەتی‌ یاسا لە 34 کورسییەوە گەیشتە 39 کورسی‌. رەوتی‌ حیکمە کورسییەکی‌ زیاد بووە و لە دوو کورسییەوە بووەتە سێ کورسی‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ بە پێی ژماردنەوەی دەنگەكان كە بەردەوامەو ئەگەری گۆڕانكاری هەیە. بەپێی ئەنجامەکان کورسی هەندێک لایەن کەمیکردووە، رەوتی سەدر لە 73 کورسی بووەتە 70 کورسی، سێ کورسی کەمبووەتەوە. پێشتر جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆکی‌ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاندبوو، ئەنجامی‌ ژماردنی‌ دەستیی‌ 8547 وێستگەی‌ دەنگدان لە سنووری‌ پێنج پارێزگا ئاشکرا دەکەن، کە بە تیروپشک دەستنیشان کراون.

هاوڵاتى عەبدولستار مەجید، كاندیدی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاند: "ناچار ببین خەڵكمان دێنینە سەر شەقام و هەموو رێكارێك دەگرینە بەر و هەرگیز ئەو ئەنجامە قبوڵ ناكەین و بێدەنگ نابین". ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا عەبدولستار مەجید ڕایگەیاند "بە بەرنامە ساختەكاری كراوە و ئێمە لەسەر ئەمە بێدەنگ نابین،بەڵگەو داتا رادەستی كۆمیسیۆن ئەكەین و لەسەر ئەو ئەنجامانە بێدەنگ نابین و قبوڵی ناكەین گەر سەری خۆشمان لەسەری دانابێت. عەبدولستار مەجید ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵات ناتوانێت هیچ هەڵبژاردنێك بەبێ ساختەكاری بەڕێوەببات، هەروەها دەشڵێت، لە هەولێر ساختەكاری بە بەرنامە كراوە. كاندیدەكەی كۆمەڵ دەشڵێت، ئێمە دەرئەنجامەكانی بازنەكانی سێ و چواری هەولێر رەتدەكەینەوە و بەڵگە و داتای روونمان بۆ ئەوە هەیە، بە بەڵگەشەوە تەسلیمی كۆمیسیۆنی دەكەین. بەوتە عەبدولستار مەجید "ناچار ببین خەڵكمان دێنینە سەر شەقام و هەموو رێكارێك دەگرینە بەر و هەرگیز ئەو ئەنجامە قبوڵ ناكەین و بێدەنگ نابین ئەگەر سەری خۆشمان لەسەری دانابێت".

هاوڵاتى هاوپه‌یمانیی فه‌تح به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری كه‌ هێزێكی نزیك له‌ ئێرانه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ وه‌ك ئه‌نجامی سه‌ره‌تایی راگه‌یه‌ندرا. ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی، وته‌بێژی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كه‌ فه‌تح ده‌ستبه‌رداری ده‌نگی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی نابێت و وتی "سه‌رلێتێكچون له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ له‌كاتی راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان هه‌بووه‌ و وتی "بەڵگەمان هەیە کە لە هەڵبژاردندا سەرکەوتوو بووین". به‌وته‌ی ئه‌سه‌دی یه‌ك ملیۆن ده‌نگی هاوپه‌یمانی فه‌تح نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر كۆی ده‌نگه‌كانی و ئه‌مه‌ش سه‌رلێتێكچونه‌ و ده‌بێت خێرا دركی پێ بكرێت. هاوپه‌یمانی فه‌تح كه‌ باڵی سیاسیی حه‌شدی شه‌عبییه‌ و خاوه‌نی گروپی چه‌كداری رێكخراوی به‌دره‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوو 48 كورسیی هه‌بوه‌ و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كورسییه‌كانی بۆ 14 كه‌میكردوه‌.

هاوڵاتى وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" قۆناغەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو پێشچونی باشی بەخۆوە بینیوە و بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی باره‌گای لیواكانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌م و كوڕییه‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستیه‌كان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌. ئەمڕۆ سێشەممە 12ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، لە راگەیەنراوێکى وەزارەتى پێشمەرگەدا هاتووە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی سەربازی ئەمریکا  باسی لەوەکردووە، ''قۆناغەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو پێشچونی باشی بەخۆوە بینیوە هاوکاری هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ پڕۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە جێگای بایەخە.'' ئەوەشخراوەتەڕوو، ''بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی باره‌گای لیواكانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌م و كوڕییه‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستیه‌كان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دەشڵێن، پڕۆسەی چاکسازی لە ‌وەزارەتەکەیدا پێویستی بە هەوڵی هەمەلایەنە و گشتگیر هەیە.  لە ڕابردوویشدا سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، یەكگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی سوپایەكی یەكگرتوودا، پێویستی بە بڕیارێكی سیاسی ھەیە، بە تایبەتی لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە. 

  هاوڵاتى ئەمینداری گشتی یەکگرتوو پەیامێکی بڵاوکردەوە رایگەیاند:" "هاوسەنگەری دڵسۆزان و ئسڵاحخوازان دەبن". سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق بە "بایەخدار و هەستیار" ناودەبات و دەڵێت، "بە یاسا و سیستەمێکی جیاواز و نوێ بەڕێوەچوو"، هیوایشی خواستووە کە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە حوکمڕانیی عێراق و پەرەپێدانی زیاتری دیموکراسی و نەهێشتنی بارودۆخی خراپی هاووڵاتییان و بنەبڕکردنی گەندەڵی. ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو ئەوەی خستووەتەڕوو کە بە رێزەوە کۆشش و زەحمەتی لیژنەکانی هەڵبژاردن و تیمەکانی بانگەشەی بەربژێرەکانیان و هاوکاریی خەڵک و دەنگدەرانیان دەنرخێنن، سوپاسی تیمەکانی چاودێریی نێودەوڵەتی و تۆڕەکانی چاودێریشی کردووە و دەشڵێت، "وا ده‌زانین كه‌ پێشوه‌چوونی ره‌وشی ئارامی پرۆسه‌كه‌، جێگەی هیوا و دڵخۆشییه‌". سەلاحەدین بەهائەدین سوپاسی رێکخستنەکانی حزبەکەی دەکات و جه‌خت لەوە دەکاتەوە کە پابەندن به‌ "ستراتیژی كۆنگره‌ی هه‌شته‌می حزب كه‌ ئه‌وله‌ویه‌ته‌ به‌ بانگه‌واز و په‌روه‌رده‌ی مرۆڤ و هاوسه‌نگ بوون له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی كاری سیاسی و خزمه‌تكردنی میلـله‌ت و خه‌بات بۆ حوكمڕانیی دروست و چه‌سپاندنی برایه‌تی و ئازادی و دادپه‌روه‌ری". هەروەها باسی لەوەش کردووە، "به‌ڵێن به ‌گه‌لی خۆمان و هاونیشتمانیانی ئازیز ده‌ده‌ین، پرۆژه‌ی ئیسلامی و ئیسڵاحی یه‌كگرتوو هه‌رده‌م له‌ خزمه‌ت شوناس و ئه‌خلاق و ره‌سه‌نایه‌تیی گه‌له‌كه‌مان ده‌بێت و، نوێنه‌ره‌ ده‌رچووه‌كانمان تایبه‌ت نابن ته‌نیا به‌ یه‌كگرتووه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌ر پێگه‌ و بوارێكی خزمه‌تكردندا هاوسه‌نگه‌ری دڵسۆزان و ئیسڵاحخوازان ده‌بن". یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ژمارەی کورسییەکانی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دوو هێندە زیادیکرد و توانیی چوار کورسیی ئەنجوومەنەکە بەدەستبهێنێت، دووانیان لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و دووانەکەی دیکەش لە سنووری دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون.

 هاوڵاتى  كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بڕیاریدا سندوقه‌كانی 3 هه‌زار و 100 وێستگه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ستی بژمێردرێنه‌وه‌، به‌پێی زانیارییه‌كانی وێستگه‌ نیوز، 200 له‌و سندوقانه‌ به‌ر وێستگه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی ده‌كه‌ون کە کێشەی تەکنیکیان بۆ دروست بووە. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ بڕیار دراوه‌ ده‌نگه‌كانی 3 هه‌زار و 100 وێستگه‌ی ده‌نگدان به‌شێوه‌ی ده‌ستی بژمێردرێنه‌وه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 6%ی ده‌نگی ئه‌و وێستگانه‌ی كه‌ له‌ رۆژی ده‌نگاندا ئامێره‌كانیان له‌كاركه‌وتون. كۆمسیۆن ده‌ڵێت كه‌ كۆی ئه‌و ده‌نگدانه‌ی كه‌ ده‌ژمێردرێنه‌وه‌، 60 هه‌زار ده‌نگه‌ كه‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق دابه‌ش بووه‌، ده‌شڵێت ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان به‌ راپۆرتی ئه‌لیكترۆنی و ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی كه‌ پێشتر كراوه‌، هاوشێوه‌ بوون و ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌ك رووبدات ئه‌و بڕیار ده‌درێت ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستی بژمێردرێن. به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ وێستگه‌ نیوز ده‌ستی كه‌وتووه‌، 200 سندوق له‌ سندوقی ئه‌و وێستگانه‌ كه‌ كۆمسیۆنی باڵا بڕیاری داوه‌ به‌ده‌ستی بژمێردرێنه‌وه‌، بەر سنوری پارێزگای سلێمانی دەکەوێت و ئه‌و ده‌نگانه‌ش هی ئه‌و سندوقانه‌ن كه‌ له‌ رۆژی ده‌نگداندا كێشه‌ی ته‌كنیكیان بۆ دروست ببوو.

هاوڵاتى مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق رایگەیاند:" ئه‌ركه‌كانتان له‌پێناو پاراستنی سندوقه‌كانی ده‌نگدان و كۆگاكانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌واو بكه‌ن". ئەمڕۆ سێشەممە 12ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌مڕۆ مسته‌فا كازمی سه‌ردانی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی كرد و به‌دواداچونی ده‌رباره‌ی به‌ره‌وپێشچونی ڕێوشوێنه‌ ئه‌منیه‌كان كرد، بۆ پاراستنی كۆگاكانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و سندوقه‌كانی ده‌نگدان.  مسته‌فا كازمی ئاماژه‌ی به‌ سه‌ركه‌وتنی پلانی ئه‌منی و گرتنه‌به‌ری هه‌مو ئاماده‌كارییه‌ پێویسته‌كان كرد له‌كاتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار به‌بێ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و هیچ كێشه‌ و گرفت و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌چو. فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ستایشی هه‌وڵه‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كرد له‌دابینكردنی ئاسایشی هه‌ڵبژاردن به‌بێ هیچ ڕوداو و سه‌رپێچیه‌كی ئه‌منی و ستایشی كردن، بۆ بێلایه‌نی لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی كه‌ به‌گیانێكی باڵای نیشتمانیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كاندا كرد. مسته‌فا كازمی سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌ ئه‌منیه‌كانی ئاراسته‌كرد، ئه‌ركه‌كانیان له‌پێناو پاراستنی سندوقه‌كانی ده‌نگدان و كۆگاكانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌واو بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌ركه‌كانیان له‌پاراستنی وڵات و هاوڵاتیان له‌مه‌ترسی تیرۆردا زیاتر بكه‌ن و هه‌وڵه‌كانیان چڕبكه‌نه‌وه‌. له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان، ستایشی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ ئه‌منییه‌ دیاریكراوه‌ی كرد كه‌ دوێنێ به‌ڕێوه‌چو، بۆ ده‌ستگیركردنی جێگری ئه‌بوبه‌كر به‌غدای سه‌ركرده‌ی چه‌كدارانی تیرۆریستی داعش كه‌ دوای هه‌وڵێكی گه‌وره‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگرییه‌وه‌ به‌پشتیوانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ئه‌نجامدرا

  هاوڵاتى وه‌زاره‌تى كاره‌باى حكومه‌تى هه‌رێم رایگەیاند:"  له‌كاتژمێر 7ى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆوه‌ كاره‌با ئاسایی ده‌بێته‌وه‌". به‌گوێره‌ى ڕاگەیه‌نراوێکى وەزارەتی کارەبا، پڕۆژەی چاکسازیی لەكێڵگەی كۆرمۆڵ لەلایەن کۆمپانیای داناگازەوە بەهاوکاری لەگەڵ تیمی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان بەرەو تەواوبون دەچێت‌و دۆخی کارەبا بەر لەکاتی دیاریکراودا، لەکاتژمێر 7:00ى ئێوارەى ئه‌مڕۆوه‌ بەتەواوەتی ئاسایی دەبێتەوە. ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "کۆمپانیای داناگاز لەبەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممەوه‌ دەستى بەجێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی چاکسازی لەکێڵگەی کۆرمۆڵ کرد کە بەهۆیەوە ناردنی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان کەمبووەوەو لەئەنجامدا کاریگەری بەسەر ماوەکانی پێدانی کارەبا هەبوو". ئەمەش لەكاتێكدایە بەهۆی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمنی عێراقەوە وەزارەتی كارەبا ماوەی سێ ڕۆژ كارەبای نیشتیمانی بە 24 كاتژمێری پێشكەش هاوڵاتیان كردو و دوای بە دوای ئەوەش لە دوێنێ دووشەممەوە، كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانی زۆر كەمی كردووە بە شێوەیەك لەهەندێك ناوچە هەر نەبوە.  

  هاوڵاتى سەرۆکی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند:" عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ قۆناغێكى تازه‌دان‌ وهه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌بێت خۆمان بۆ ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌ش و ته‌حه‌دييه‌كانى قۆناغى داهاتوو، ئاماده‌ بكه‌ين."  ئەمڕۆ سێشەممە 12ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات، "ئه‌ركى هه‌موو هێز و لايه‌نه‌ سياسييه كوردستانييه‌كانه‌ پێكه‌وه‌، ته‌با و يه‌كڕيز، كار بۆ ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق بكه‌ين، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان هاوكار بين." دەقی پەیامەکە: هاووڵاتييانى خۆشه‌ويست، هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عیراق پيرۆزباييى سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى گشتيى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌م. ئيتر عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ قۆناغێكى تازه‌دان‌ و ئه‌نجامه‌كانى كۆتايى هه‌ر چۆن يه‌كلايى ببنه‌وه‌، هه‌مووان براوه‌ن، هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌بێ خۆمان بۆ ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌ش و ته‌حه‌دييه‌كانى قۆناغى داهاتوو، ئاماده‌ بكه‌ين. يه‌كڕيزى، ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى، كليلى سه‌ركه‌وتنمانه‌ كه‌ ده‌سته‌به‌رى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، ده‌سكه‌وته‌كان و سيستمى فيدراڵى و قه‌واره‌ سياسييه‌كه‌ى ده‌پارێزێت. ئه‌ركى هه‌موو هێز و لايه‌نه‌ سياسييه كوردستانييه‌كانه‌ پێكه‌وه‌، ته‌با و يه‌كڕيز، كار بۆ ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ هه‌رێمى كوردستان و عيراق بكه‌ين، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ هێز و لايه‌نه‌ عيراقييه‌كان هاوكار بين. ئه‌ركى هه‌موومان له‌ هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى عێراق ئه‌وه‌يه‌ به‌ روانگه‌ و خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌يشتنێكى تازه‌ و واقعبينييه‌وه‌، به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموون و هه‌ڵه‌كانى رابردوو، له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كێشه‌كانى وڵات چاره‌سه‌ر بكه‌ين. كار بۆ عێراقێكى سه‌قامگير و خۆشگوزه‌ران بكه‌ين كه‌ تيايدا مافه ده‌ستوورييه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كان مسۆگه‌ر و پارێزراو بن، متمانه‌، پێكه‌وه‌يی، هاوچاره‌نووسی، هاریکاریی هاوبه‌ش، به‌رژه‌وه‌نديى گشتيى وڵات، هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌، سازان و یه‌کسانی، هه‌موومان كۆبكاته‌وه‌. سوپاسى هاووڵاتييان، هه‌موو هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، داموده‌زگا ئیداری و ئه‌منیيه‌كان، ميديا و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌كه‌م كه‌ له‌ سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردندا هاوكار بوون. سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ ئه‌رك و ماندووبوونى كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عيراق، بۆ چاودێرانى ناوخۆيى و بيانى و تيمه‌كانى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان به‌تایبه‌تی سه‌رۆک و تیمی یوونامی له‌ عیراق و يه‌كێتيى ئه‌ورووپا و كۆمكاری عه‌ره‌بی كه‌ چاودێريى پرۆسه‌ى ده‌نگدانيان كرد و پرۆسه‌كه به‌ ئارامى به‌ڕێوه‌ چوو. ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكى گرنگه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌يه‌گى ڕاست. به‌شداريمان له‌ هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌رانمان له‌ به‌غدا، پابه‌نديمانه‌ به‌ بنه‌ماكانى ديموكراسييه‌وه‌. له‌ لايه‌كى ديكه‌وه‌ رێژه‌ى به‌شدارى له‌ ده‌نگداندا په‌يامێكى روونى هاووڵاتييانه‌ كه‌ چاويان له‌ ژيان و گوزه‌ر‌ان و خزمه‌تگوزاريى زياتره و مافى خۆيانه‌‌. ئه‌مه‌ بۆ هه‌موومان له‌ حكومه‌ت و هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ده‌بێ په‌ند و وانه‌يه‌ك بێت بۆ پێداچوونه‌وه‌ى جیددى و بنياتنانه‌وه‌ى متمانه‌، هه‌روه‌ها ببێته‌ هانده‌رى كار و خزمه‌تى زياتر. ئيدی كاتى ئه‌وه‌يه‌ پێكه‌وه‌ كار بكه‌ين بۆ دامه‌زراندنی حکومه‌تێکی نیشتمانيی فيدراڵى که‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی خواست و‌ چاوه‌ڕوانییه‌کانی هاووڵاتی بێت، ده‌ستوور جێبه‌جێ بكات، دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت به‌هێز بكات، گرووپ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ياسا كۆنترۆڵ بكات‌، له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و هاوبه‌شيى هه‌موو پێكهاته‌كانى عيراق، پرۆسه‌ى سياسى ڕاست بكاته‌وه و به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ هه‌مووان، وڵات به‌ڕێوه‌ ببات. هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌مووان ده‌خوازم. نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

هاوڵاتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پەیامێکی بەبۆنەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوە ورایگەیاند:"کەمیی رێژەی بەشداریی خەڵک لەو هەڵبژاردنە بۆ زۆر خەڵک بێهیواکەربوو." نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، گرنگە لە تایبەتمەندیی هەڵبژاردنەکەی 10ـی ئۆکتۆبەر تێبگەن کە پێزانین بووە بەو داواکارییەی خەڵکی عێراق دوو ساڵە باسی دەکەن. نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق باسی لەوەشکردووە، وڵاتان بەر لە هەڵبژاردن و لە رۆژی هەڵبژاردنیشدا لە پاڵ عێراقییەکان بوون و لە رۆژانی داهاتووشدا هەروا دەمێننەوە. دەستخۆشی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش دەکات، دەڵێت جێگەی رێز و تەقدیرن بۆ ئەو کارە سەختەی لە رۆژی هەڵبژاردندا کردوویانە، هاوکات دەستخۆشی لە هەوڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش دەکات کە ئەمنییەتی پرۆسەکەیان پاراستووە. بەرنامەی هاریکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە 94٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ پارتێک لە 329 کورسییەکەی پەرلەمان زۆرینەی بەدەستنەهێناوە. رێژەی بەشداریی دەنگدەران بە 41٪ کەمترین رێژەی تۆمارکرد و ژمارە پێوانەییەکەی هەڵبژاردنی 2018ـی شکاند کە ئەوکات رێژەی بەشداریی خەڵک 44٪ بوو.    

هاوڵاتى  کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند:" رێژەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی 37%بووە. بەڵام بەپێی ئەو ئەنجامە سەرەتاییانەی کۆمیسیۆن بڵاویکردوونەتەوە، نزیکەی 20%ی ئەوانە دەنگی دروستیان بە بەربژێری حزب و سەربەخۆکان داوە و 17%ی دیکە دەنگەکانیان سووتاندووە". ئەمڕۆ سێشەممە 12ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند:" رێژەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی 37%بووە. بەڵام بەپێی ئەو ئەنجامە سەرەتاییانەی کۆمیسیۆن بڵاویکردوونەتەوە، نزیکەی 20%ی ئەوانە دەنگی دروستیان بە بەربژێری حزب و سەربەخۆکان داوە و 17%ی دیکە دەنگەکانیان سووتاندووە". بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە سنووری پارێزگای سلێمانی ملیۆنێک و 425 هەزار و 705 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، 288 هەزار و 679 کەس دەنگیان بە حزب و بەربژێرەکان داوە. تاوەکو ئەمڕۆ 12ی ئۆکتۆبەر، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ئەو دەنگانەی دەنگدەر سووتاندوونی، یاخوود لەلایەن کۆمیسیۆنەوە هەژمار نەکراون هیچ روونکردنەوەیەکەی بڵاونەکردووەتەوە. رۆژی یەکشەممە 10-10-2021، هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە عێراق و هەرێمی کورستان بەڕێوەچوو. ئەمڕۆش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامە بەراییەکانی راگەیاند.

هاوڵاتى  سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگه‌یاند:" پێداگرین لەسەر ئەوەی ئەو هەڕەشانەی لە ڕۆژئاڤاوە سەرچاوە دەگرن یان لەگەڵ ئەو هێزانەی لەوێدان، خۆمان لەناویان ببەین". بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ زەنگی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر ناوچەکە لێدا.  رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئێوارەی دووشەممە 11ی تشرینی یەکەم لە وتارێکیدا ئاماژەی بە بوونی هەڕەشە لە سووریاوە بۆ سەر تورکیا کرد.ئەردۆغان ناوی یەپەگە و پەکەکەی هێنا و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ زەنگی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر ناوچەکە لێدا. ئەردۆغان وتی: "ئیدی ئاراممان نەماوە. پێداگرین لەسەر ئەوەی ئەو هەڕەشانەی لەوێوە سەرچاوە دەگرن یان لەگەڵ ئەو هێزانەی لەوێدان، خۆمان لەناویان ببەین. لەگەڵ دوایین هێرش بۆ سەر پۆلیسەکانمان و دنەدانی سەر خاکەکەمان ئیدی جامەکە لەسەری رژاوە. لە کەمترین ماوەدا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هەنگاوی پێویست دەنێین". تورکیا ئابی 2016 بە بیانووی ئەوەی هەڕەشە لەسەر سنوورەکانی باشووری وڵاتەکەی هەیە، سوپای ناردە نێو خاکی سووریا و بە هاوکاریی بەشێک لەو گرووپانەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە ئەنقەرە پشتیوانییان دەکات، جەرابلوس، ئەلباب، راعی و ئەعزازی کۆنترۆڵکردن. تورکیا رایگەیاند بە مەبەستی وەستاندنی جموجووڵەکانی داعش لەو ناوچانە سوپای ناردووە.  لە 20ی کانوونی دووەمی 2018 هێرشی تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر هەرێمی عەفرین لە ژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون" دەستیپێکرد. هەروەها 12ی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی ''کانی ئاشتی'' بۆ سەر گرێسپی و سەرێکانیی رۆژاوای کوردستان ئەو دوو ناوچەیەشی خستە ژێر رکێفی خۆیەوە. لەکاتێکدا پێشتر لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو.

هاوڵاتى  جارێکی دیکە دادگاییکردنی ئومێد بەرۆشکی و بەدەل بەرواری لە دادگای هەولێر دواخرا. تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، هەرچەندە بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگاییکردنی ئومێد بەڕۆشکی و مامۆستا بەدەل بەرواری بەڕێوەبچێت، بەڵام دانیشتنەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا. باوكى به‌ده‌ل به‌روارى له‌به‌رده‌م دادگاى هه‌ولێره‌وه‌ ڕایگه‌یاند، داهاتى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌مریكا زیاتره‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ناتوانێت پاره‌ى خه‌ڵك نه‌دات و بڵێت ده‌بێت بێده‌نگ بن ده‌ڵێت" ئه‌ورۆژه‌ ڕۆشت میلله‌ت نه‌زانێت چى ڕوده‌دات" باوكى به‌ده‌ل به‌روارى ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌وڕۆژه‌ ڕۆشت كه‌ له‌گونده‌كان بگه‌ڕێن و به‌خه‌ڵك بڵێن وه‌ره‌ ببه‌ پێشمه‌رگه‌و ببه‌ پارتى و ئێمه‌ش ئاگامان له‌ده‌ره‌وه‌ى خۆمان نه‌بێت و پێمان بڵێن به‌هارتان بۆ دروست ده‌كه‌ین. باوكى مامۆستا به‌ده‌ل باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌گه‌ر كوڕه‌كه‌ى تاوانى هه‌بێت خۆى به‌ده‌ستى خۆى له‌ناوجه‌رگه‌ى هه‌ولێر هه‌ڵیده‌واسێت،ده‌ڵێت" مامۆستایانى به‌ڕێز و میله‌ت ئه‌م حكومه‌ته‌یان قابیله‌ چونكه‌ بێده‌نگن و به‌ده‌ل به‌روارى له‌سه‌ر مافى هاووڵاتیان ده‌ستگیركراوه‌". نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا ئەو دوو چالاکوانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و دواتریش لە لایەن دادگای دهۆکەوە بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و ئەنجامدانی خۆپیشاندا بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرچوو.

هاوڵاتى  وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" ناوەندگەلێک لەخاکی هەرێمی کوردستان بۆ پەروەردەی هێزە چەکدارەکانی دژە شۆڕشی ئێران هەیە کە لەوێوە ئۆپراسیۆن دژ بەئێران دەکەن‌و چەک دەگوازنەوەو باج‌و سەرانە لەبازرگان‌و کۆڵبەرەکان وەردەگرن". ئەمڕۆ سێشەممە 12ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی"میهر" سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتویەتی:"ناوەندگەلێک لەخاکی هەرێمی کوردستان بۆ پەروەردەی هێزە چەکدارەکانی دژە شۆڕشی ئێران هەیە کە لەوێوە ئۆپراسیۆن دژ بەئێران دەکەن‌و چەک دەگوازنەوەو باج‌و سەرانە لەبازرگان‌و کۆڵبەرەکان وەردەگرن". خەتیب زادە وتویه‌تى:"ئەو بنکانە ئەبێت دابخرێن، چونکە ئەو بابەتە لەگەڵ نیازپاکی دراوسێیەتیدا نایەتەوە، ئەو بنکانە چیتر ناتوانن ببنە سەرچاوەی نائارامی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەبەرئەوەی تاران وەڵامیان دەداتەوە". چەند ڕۆژێک پێشتر لیوا ڕەحیم سەفەوی ڕاوێژکاری سەربازیی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند، ڕازینابن گروپە چەکدارییە بەرهەڵستکارەکانی ئێران لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان بن. ڕاوێژکارەکەی خامنەیی لەبەشێکی تری قسەکانیدا وتبوی:"بەهەرێمی کوردستان دەڵێین، ڕازیی نابین ئەو گروپە چەکدارییە بەرهەڵستکارانە لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئێوەدابن، لەبەرئەوەی ئەو گروپانە هەندێک کێشەو سەرئێشە بۆ ئێران دروستدەکەن، هەرچەندە بەمەترسییەکی گەورەش هەژمارناکرێن". ماوەی زیاتر لە مانگێكە ئێران بە ڕێگەی جۆراوجۆر هۆشداری دەداتە هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ دەركردنی حزبە ڕۆژهەڵاتیەكان.