هاوڵاتی دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە مزگەوتی ڕەشاد موفتی لە شاری هەولێر لەلایەن بنەماڵەی تۆفیق حەمەدەمین مەنتک ڕێگری لە شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ دەکرێت، کە بەشداری لە پرسەکەیان بکات. بەهۆی ڕێگریکردنەوەکە لەلایەن بنەماڵەی تۆفیق حەمەدەمین مەنتک شەڕ لە نێوان بنەماڵەکە و پاسەوانانی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ دروست دەبێت. لە شەڕەکەدا هەردوولا بە بە دەست و بە پشتی تفەنگ لەیەکیان داوە، بەهۆیەوە شەش کەس برینداربوون، لەو شەش کەسە یەکێكیان بەفیشەک برینداربووە و لە ئێستادا گواستراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە هەولێر. هاوکات ئاسایشی هەولێر لەسەر ڕووداوەکە ڕوونکردەنەوەیەکی داو ڕایگەیاند، هۆکاری دروستبوونی شەڕەکە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کۆنی نێوان هەردوولا و پێشتر لەلایەن بنەماڵەکە ئاگاداری شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ کراوەتەوە کە بەشداری لە پرسەکە نەکات، بەڵام شەڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ هاتووە بۆ پرسەکە و کە لە لایەن بنەماڵەکە داوای لێکراوە پرسەکە بەجێ بهێڵێت ئەو بەجێی نەهێشتووە. لە ئەنجامدا ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان پاسەوانانی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و بنەماڵەکەدا ڕوویداو بەهۆیەوە شەش کەس برینداربوون، یەکێک لە بریندارەکان کە هاوڵاتیەک بووە بە فیشەک برینداربووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
هاوڵاتی هەپەگە ڕایگەیاند، هێزەکانی گەریلا لە هەرێمی زاپ( ئامێدی) درۆنێکی تورکیای خستەخوارە و کامێرایەکی چاودێریی تێکشکاندوە و تورکیا بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردومانی کردوە. ئەمڕۆ دوو شەممە ٣٠/٩/٢٠٢٤، ڕاگەیاندنی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل ( (HPG) راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا زانیاریی ورد لەبارەی چالاکیەکانی گەریلا و هێرشەکانی سوپای تورکیا بەم شێوەیەی خوارەوە بۆ رایگشتیی خستەڕوو: لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ؛ لە ٢٧ی ئەیلول کاتژمێر ١٤:٣٠خولەک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی کامێرایەکی چاودێری داگیرکەران تێکشکێندرا. لە ٢٧ی ئەیلول کاتژمێر ١٧:٣٠ خولەک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی درۆنێک بە چەکی سووک خرایە خوارەوە. لە ٢٨ی ئەیلول کاتژمێر ١٥:١٥ خولەک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار بە چەکی نیچمە ئۆتۆماتیکی داگیرکەران کرانە ئامانج. دوای دەستوەردانی هێزەکانمان جموجۆڵی داگیرکەران ڕاگیرا. لە هەرێمی مەتینا؛ لە ٢٧ی ئەیلول کاتژمێر ٢١:٥٠ خولەک و ٢٨ی ئەیلول کاتژمێر ٠٢:٣٠ هێزەکانمان هەلیکۆپتەرە هێرشبەرەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە بۆردومانی گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی دەرگەلێ، بیشیلی و سەری مەتینای بۆردوومان دەکرد کرانە ئامانج. دوای دەستێوەردانەکە هەلیکۆپتەرەکان ناچار بوون ناوچەکە بەجێبهێڵن. هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بە تەقەمەنی قەدەغەکراو؛ لە ٢٧ی ئەیلول لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئێف ئێم جارێک بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکران. لە ٢٧ی ئەیلول لە ناوچەی شەهید دەلیلی هەرێمی ڕۆژئاوای زاپ تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی ٣ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکران. هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر؛ ٢٧، ٢٨ و ٢٩ی ئەیلول لە هەرێمی خوکوڕک گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەربزن، شاخی قەلە، شەهید شەریف، گۆشین، خنێرەی ژورو ١٢ جار، لە هەرێمی گارە گۆڕەپانەکانی مێران، حەفتەباخ، شێدارێ، شیێ، شاخی سیسەر، دێ ڕەشە، دەشتی کافیا، گرێ ١٢ جار، لە هەرێمی مەتینا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی دەرگەلێ ٢ جار، لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار ٣ جار، لە هەرێمی قەندیل گوڕەپانی بێوانێ جارێک؛ بەگشتی ٣٠ جار بە فرۆکەی جەنگی بۆردوومانکران. لە ٢٧، ٢٨ و ٢٩ی ئەیلولدا لە هەرێمی مەتینا گۆڕەنەکانی بەرخۆدانی سەری مەتینا، دەرگەلێ و بێشیلی ١٧ جار، لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار ١٩ جار؛ بە گشتی ٣٦ جار بە هەلیکۆپتەری جەنگی بۆردوومانکران.
هاوڵاتی کۆنسوڵخانەی ئێران لەشاری سلێمانی بڕیاریانداوە ئێوارەی ئەمڕۆ مەراسیمی پرسە بۆ حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حیزبوڵای لوبنان کاتژمێر چواری ئێوارە تا پێنج و ٣٠ خولەک دابنێن. کونسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی ڕایگەیاند، پرسەی شەهید بوونی موجاهیدی گەورە، ئاڵاهەڵگری بەرخۆدان لە ناوچەکە، زانای خاوەن فەزیلەتی ئایین و سەرکردەی ژیر و تێگەیشتووی سیاسیی، جەنابی سەید حەسەن نەسروڵا لە بینای سەرکونسوڵگەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی کاتژمێر چواری ئێوارە تا پێنج و ٣٠ خولەک بەڕێوە دەچێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە)، لە ڕاگەیندراوێکی بڵآوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پڕ ئاڵۆزترین و پڕ قەیرانترین خولی هەڵبژاردنە، داواش دەکات پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کەش وهەوایەکی ئارام و شارستانیانەدا و بێ دەستێوەردان و بەلاڕیدابردن بەرێوەبچێت. کەنەکە دەشڵێت، هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێمی باشووری کوردستان لە قۆناغێکی زۆر تایبەتدا بەڕیوەدەچێت، قۆناغێک کە لە ٣٣ ساڵەی تەمەنی ئەو هەرێمە فەرمییەو خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان هەرگیز ئەوەندە ئاڵۆز و پڕ قەیران نەبووە. ئاشکراشیکردووە، لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان، ناتەبایی لایەنە سیاسییەکان و گرژییە توندەکەی نێوانیان، قەیرانی ئابووری و بژێوی خەڵک و بێ دەرامەتیی، کەمی خزمەتگوزاری و بێکاریی، لەکارکەوتنی پەرلەمان و کەمتەرخەمیی حکومەتی کاربەڕێکەر و قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەری، نیگەرانیی خەڵک و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، گرتن و دەمکوتکردنی رۆژنامەوانان، قەیران و کێشەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا، هەروەها دەستتێخستنی سەربازیی و ئەمنی و ئاژاوەگێڕیی دەوڵەتانی هەرێمی لە باشووری کوردستان، ئەمانەو گەلێک پرسی دیکە ئەو خەسلەتانەن کە باشووری کوردستان و دەسەلاتی بەڕیوەبەریی هەرێمیان پێ دەناسرێنەوە. کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەوەشی خستۆتەڕوو، ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمیی و پیلانگێڕان و لەناوبردنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ڕێککەوتن ئیمزا دەکات و پارتە کوردستانییەکان قەدەغە دەکات، ڕێگا بە تورکیا دەدات بە قوڵایی دەیان کیلۆمەتر بێتە خاکی کوردستانەوە و لەسەر حسابی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان رێککەوتنی ئابووری و ئەمنی و سەربازی ئیمزا دەکات، هەروەها لەگەڵ دەوڵەتی ئێرانیش بە مەبەستی سەرکوتکردنی خەباتی رەوای گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان، پەیماننامەی بێکاریگەریی و کۆنترۆڵکردنی هێزە سیاسییەکانی ئەو پارچەیەی کوردستان و بەزۆر راگواستنیان ئیمزا دەکات. کەنەکە جەختی لەوەکردوەتەوە، سەرباری هەموو ئەمانەش پرسێکی زۆر گرنگ هەیە ئەویش داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیایە لە باشووری کوردستان. بە دەیان بنکەی سەربازی بە هەموو جۆرە چەکێکی سوک و گران، بە چەکی قەدەغەکراوی نێونەتەوەیییشەوە لە هەرێم جێگیرکراون، چەندین ساڵە تورکیا لە هێرش و دەگیرکاریی بەردەوامە، دەیان بنکەو بارەگای سیخۆڕیی و دامەزراوەی سیاسی و ئابووری کلتوریی لەو هەرێمەدا دامەزراندووە. تورکیا بە جۆرێک بەشێکی گەورەی لەو هەرێمە، بەتایبەتیش لە ناوچەی بادینان داگیرکردووە و خۆی تێدا جێگیرکردووە، وەک خاوەن ماڵ و زۆر بێشەرمانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچە داگیرکراوانەدا دەکات. هەروەها، داواش دەکات پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کەش وهەوایەکی ئارام و شارستانیانەدا و بێ دەستێوەردان و بەلاڕیدابردن بەرێوەبچێت و بە زمان و رەفتاری بەرپرسیاریانە و دوور لە توندوتیژیی بانگاشەی هەڵبژاردن بکرێت. لە بەشێکی ڕاگەندراوەەشدا هاتووە، هەڵبژاردنێکی روون کە خەڵکی باشووری کوردستان ئازادانە بتوانن دەنگی خۆیان بدەن. ئێمە دڵنیاین کە گەلی باشووری کوردستان هۆشیارن و دەنگی خۆیان بەو بەربژێرانە دەدەن کە بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان دەپارێزن و بەرگری لە دەستکەوت و ماف و ئازادیەکانیان دەکەن و بۆ کوردستانێکی ئازاد و دژ بە داگیرکاریی و پیلانی نەیاران تێدەکۆشن. کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە) چوار داواکارییش دەخاتەڕوو: ١. ئەم هەڵبژاردنانە گرنگن، پێویستە خەڵک بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە کاندیدی نیشتمانپەروەر بدەن کە بەرژەوەندیی گەلەکەمان بپارێزن و خزمەتی خەڵک بکەن. ٢. هەڵبژاردن بە هەموو شێوەیەک بە شەفافیەت و بێ ساختەکاری ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ئەنجامێکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانە دەربکەوێت. ٣. پێویستە هەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن بانگاشەو پلان و پڕۆژەکانیان بە زمانێکی سیاسی لە پەیام و پڕوپاگەندەی خۆیاندا بخەنە ڕوو، زمانی تاوانباری و سوکایەتی بەکارنەهێنن. هەڵبژاردن لە کەشێکی دیموکراسیدا ئەنجام بدرێت، لە هیچ شوێنێکدا توندوتیژی بەرامبەر کەس بەکارنەهێنرێت. ٤. هەموو لایەنەکان ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگرن بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردن و حکومەتێکی دیموکراسی و دادپەروەر دابمەزرێت.
هاوڵاتی پشتیوان پێنجوێنی شارەزایی کەشناسی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە حاڵەتێکی ناسەقامگیریی کەشوهەوا ڕوو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات. دەشڵیت، بە چالاکبوونی بای باشوور بە بەهێزی لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی عێراق لە کەنداوی عەرەبیەوە شێیەکی زۆر دێنێتە ناوچەکان و زیاتر مەودای باران بارینەکە سبەی شەو کاتژمێر 7ی شەو بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەیە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، هاتنی بارستە هەوای ساردی لاواز بۆ ناوچەکانمان، بە پلەی یەک باران بارینەکە سنوری سلێمانی و دواتر ئیدارەی ڕاپەڕین و ئیدارەی گەرمیانە، ئەگەری دروستبوونی کەڵە هەوری بەهێز هەیە لەگەڵ بارینی تاوە بارانی بەخوڕ، لە ناوچەی جیا جیا ئەگەری ڕوودانی لافاو هەیە، لەم حاڵەتی ناسەقامگیری کەشوهەوا بەرکەوتنی بەرە هەوای گەرم و سارد دابارینەکە بەهێزتر دەکات وە زۆرترین ڕوودانی هەورەگرمەی توندو هەورەبروسکەی بەهێز.
هاوڵاتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ١٠٠ هەزار کاغەزی زیاتر لە ژمارەی دەنگدەران چاپ دەکات، لە ئەگەری بێکەڵکبوونی هەندێک لە کاغەزەکان لە کاتی دەنگداندا. ئەمڕۆ دووشەممە، ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، محەمەد یونس، ئەندامى تیمى ڕۆژنامەنووسی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند، پێنج جۆرى کاغەزى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان چاپ کراوە. دەشڵیت، لە کاغەزانە چواریان بۆ چوار بازنەى هەڵبژاردنى هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و پێنجەمیان بۆ دەنگدانى تایبەتە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کاغەزى زیاتر لە ژمارەى دەنگدەرانى خاوەن کارتى بایۆمەترى چاپ دەکرێن، بە بڕى زیاتر لە ١٠٠ هەزار کۆپى، ئەوەش لەبەر ئەگەرى بێکەڵکبوونى هەندێک لەو کاخەزانە. جێگەی ئاماژیە، دوو ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ کارتی بایۆمەتریی دەنگدان چاپکراون، کە خاوەنەکانیان دەتوانن لە هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان دەنگ بدەن، بەوپێیەى ژمارەى ئەو کاغەزى دەنگدانانەى چاپ دەکرێن زیاتر لە سێ ملیۆن کاغەز دەبێت. ئەندامى تیمى ڕۆژنامەنووسی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکراشیکردووە، لەدواى کۆتایهاتنى هەڵبژاردن و یەکلاکردنەوەى، تەواوى کاغەزەکانى دەنگدان بێکەڵک دەکرێن و لەناو دەبرێن کە لە کۆکاگانى کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان کۆگاکرابن، یان لە ناوەندى سەرەکى کۆمیسیۆن لە بەغدا. ٢٠ی تشرینى یەکەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى حکومەتی هەرێمی کوردستان کوردستان بەڕێوەدەچێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل لە ئەنجامی هێرشێكدا بۆ سەر ناوچەی شیاح سەر بە بەیروتی پایتەختی لوبنان شێخ نەبیل قاووق ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی حزبوڵای كوشت. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە بۆردومانێکیاندا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، شێخ نەبیل قاووق ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی حیزبوڵا کوژرا. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوێنێ ئێوارە، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل، هێرشیان کردە سەر نەبیل قاووق، سەرۆکی یەکەی ئەمنیی خۆپارێزیی و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی حیزبوڵا و کوژرا. ئاماژەی بەوەشکرد، قاووق یەکێکە دیارترین سەرکردەکانی حیزبوڵا دادەنرا و ڕاستەوخۆ دەستی هەبووە لە دانانی پلانەکان دژ بە ئیسرائیل لە رۆژانی رابردوودا. دەشڵێن، نەبیل قاووق، لە ماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا پەیوەندی بە حزبوڵای لوبنانەوە کردوە، شارەزا بووە لە بواری کارەکەیدا، پێشتر وەک جێگری بەرپرسی هەرێمی باشوور بەناوی ئەنجومەنی جێبەجێکردنەوە کاری کردووە، هەروەها بەرپرسی هەرێمی باشوور و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکار بووە. ڕۆژی ٢٧ـی ئەم مانگە ئیسرائیل هێرشێكی بۆ سەر چەند بارەگایەكی حزبوڵا لە شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان ئەنجامدا، توانیان لەو هێرشەدا حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان و چەند سەركردەیەكی دیكەی ئەو گرووپە بكوژن.
هاوڵاتی گوندنشینانی سنووری بادینان ڕایدەگەیەنن، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، بە چەکی کیمیایی و چەکی فسفۆڕی سوتێنەری قەدەغەکراو هێرشی کردوەتە سەر ناوچەکەیان لە سنووری بادینان. پێشنیوەڕۆی دوێنێ شەممە، سوپای داگیرکەری تورکیا چیای مەتینا لە نزیک گوندی گوهەرزێ لە ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆکی بۆردمان کرد، بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن کە دەوڵەتی تورکیا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە؛ هاکات بە چەکی فسفۆڕت سوتێنەر چیای مەتنیا بۆردومان کرا.
هاوڵاتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەئامانجگرتنی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری حیزبوڵای لوبنان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەئامانجگرتنی حەسەن نەسروڵا و یاوەرانی پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ ناوچەکە. دەقی ڕاگهيهندراوی سهرۆكایهتیی ههرێمی کوردستانهوه: لە راگەیێنراوەکەدا هەروەها هاتووە، به نیگهرانییهكى زۆرهوه له پێشهاته سهربازییهكانى ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و بهئامانجگرتنى سهید حهسهن نهسروڵڵا، ئهمیندارى گشتیى حیزبوڵڵاى لوبنانى و یاوهرانى دهڕوانین، پرسه و سهرهخۆشى له خێزان و كهسوكارى شههیدان دهكهین و هاوخهمیانین. هەر لە ڕاگەیانراوەکەدا هاتووە، ئەم پێشهاتانه مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکەن، هۆشداری دەدەین کە بەردەوامیى ئهم دۆخه تەنیا کارەسات و ماڵوێرانیی زیاتری بۆ ههموو لایهك بهبێ جیاوازى لێ دەکەوێتەوە، بۆیە داوا لە هەمووان دەكهین به دانایى و دانبهخۆداگرتن، ڕێگه له تێکچوونی دۆخەکە بگرن و سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزن. حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا ئێوارەی رۆژی هەینی (٢٧-٩-٢٠٢٤) بە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل لە باشووری بەیرووت کوژرا، کە ئەوەش مەترسیی فراوانبوونی جەنگی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاترکردووە.
هاوڵاتی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان سەبارەت بە وادەی دەستپێكردنی پرۆسەی ژمارەدانان بۆ سەرژمێری گشتی لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بە مەبەستی دەستپێكردنی یەكەم قۆناغی كاری مەیدانی لە سەرژمێریی گشتیی لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژی ١ـی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤ بە جێبەجێكردنی پرۆسەی ژمارەدانان لە پارێزگاكان و گوندەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات. ئاماژە بەوەشكراوە، لەم پرۆسەیەدا زیاتر حەوت هەزار و ٤٠٠ كەس كە پێشتر ڕاهێنانیان پێ كراوە، سەردانی ماڵەكان هەرێمی كوردستان دەكەن و بەپێی ئەو میكانیزمەی لە كاری ژمارەدانان پەیڕەو دەكرێت، فۆرم بۆ گشت ماڵ و باڵەخانەكان پڕ دەکرێتەوە. ئەوەش خراوەتەڕوو، بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی كردن لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو خاڵانەی هێشتا ڕێكەوتنیان لەسەر نەكراوە، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بەردەوام پێداگریمان لەسەر ئەو خاڵانە كردووە، بەتایبەتی سەرژمێری لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە پرسێكی گرنگە. جێگاى ئاماژەیە، پرۆسەی ژمارەدانان بۆ سەر ژمێری گشتی دانیشتوان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كورستان دەستی پێكردووە، بڕیارە ٢٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێری گشتی بە فەرمی بە عێراق ئەنجام بدرێت.
هاوڵاتی رۆژنامەی (الشرق الاوسط)، سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەمێننەوە. عێراق و ئەمریکا ، لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند: ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە مانگی ئەیلولی (٢٠٢٥) كۆتایی دێت و دەچنە قۆناغی هاوبەشیی ئەمنیی. بەرپرسێكی ئەمریكی رایگەیاندووە: ئەو هەنگاوە كشانەوە نییە، رەتیشیكردووەتەوە هیچ بدركێنێت لەبارەی كشانەوەی سەربازەكانیان لە عێراق. زانیارییە نافەرمییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، بەگوێرەی رێككەوتنەكە سەدان سەرباز لە مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوو دەكشێنەوە، لەگەڵ رۆیشتنی ئەوانی تریش لە كۆتایی ساڵی (٢٠٢٦)، چاوەڕوانیش دەكرێت، سەربازانی ئەمریكا لە هەولێر بمێننەوە. حسێن عەلاوی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت: ساڵی (٢٠٢٦) كۆتا ساڵی كاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێت و ئەركەكەیان لەسوریا بەردەوام دەبێت، بەو جۆرەی لیژنە هاوبەشەكە دیاریكردووە.
هاوڵاتی محەمەد كەمال، شارەزای بواری كەشناسی، سەبارەت بە گۆڕانی کەش و هەوای هەرێمی کوردستان، وتی: رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، کەش و هەوا ئاسایی دەبێت، هەروەها لە سەرەتای مانگی ١٠ ەوە ئەگەری هاتنی شهپۆلێكی بههێزی بارانبارین بۆ گهرمیان، سلێمانی و سنووری پارێزگای ههڵهبجه هەیە. محەمەد كەمال، شارەزای بواری كەشناسی، وتی، رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، کەش و هەوا ئاسایی دەبێت، بەڵام دواتر گۆرانکاریی لە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان روودەدات". هەروەها باسی لەوەش کرد، له شهوی سێشهممه ١-١٠-٢٠٢٤، ئهگهری هاتنی شهپۆلێكی بههێزی بارانبارین بۆ گهرمیان، سلێمانی و سنووری پارێزگای ههڵهبجه هەیە. محەمەد كەمال، شارەزای بواری كەشناسی، ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی گۆڕانكاریی زۆرهوه ناتوانم بهوردی باسی بكهم"، بهڵام ئهگهر وهك ئێستا بمێنێتهوه، ههندێك ناوچه ئهگهری زیاتر له ٥٠ ملم بارانبارینی ههیه.
هاوڵاتی ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، سەبارەت بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژیی ساڵانی پێشوو ڕایگەیاند، هەوڵ بۆ بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی ساڵانی پێشوو هەیە. ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، وتی، هەوڵ بۆ بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی ساڵانی پێشوو هەیە، بەڵام کاتی دەوێت و دەبێت سەرەتا ئامارێکی دروست بەردەست بێت. هەروەها باسی لەوەش کرد، نیازێکی باش بۆ ئەو وانەبێژانەی رابردوو هەیە، کە لە ماوەیەکی نزیکدا دابنرێن. ئەحمەد گەرمیانی، جەختیشی کردەوە، لە داهاتووشدا هەر ئەو مامۆستا وانەبێژانە لەپێشینە دەبن بۆ دامەزراندن.
هاوڵاتی نەبەرد عومەر، دەڵێت، 95%ی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە و تەنیا دابەشکردنی فۆڕمی هەڵبژاردن ماوە. ئەمڕۆ شەممە، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، 95%ی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە، داواشمان لە وەزارەتی پەروەردە کردووە کە پێنج رۆژ پێش هەڵبژاردنی گشتی و ڕۆژێک دواتر پشوو لە قوتابخانەکان ڕابگەیەنێت. دەشڵێت، داوامان کردووە وەزارەتی پەروەردە لە 15ی تشرینی یەکەم تاوەکو 21ی هەمان مانگ بکرێتە پشوو و ئەو قوتابخانانەمان ڕادەست بکەن، کە وەکو بنکەی هەڵبژاردن دیاریکراون، چونکە بۆ گواستنەوەی ئامێر و کەلوپەلەکانمان پێویستمان بە چەند ڕۆژێک دەبێت. بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی خستۆتەڕوو، هێشتا وەزارەتی پەروەردە بڕیاری کۆتایی نەداوە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین.
هاوڵاتی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە پەیامێکدا لە دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕایگەیاند: "بە سەربڵندی ژیایت، شەهید بوویت و بە سەربڵندی رۆیشتیت. هەروەها وتیشی، سێ رۆژ لە عێراق ماتەمینی ڕادەگەیێنین." جێ ئاماژەیە، پێشتر ئیسرائیل كوژرانی حەسەن نەسروڵڵای لە هێرشێكدا لە ڕۆژی هەینی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان ڕاگەیاند.
