ڤیدیۆیەکی تازە بڵاوکراوەی دەنیز عەفرین، ئەو شەڕڤانەی تەرمەکەی لە بینایەکەوە فڕێدرا، دەڵێت: سەربڵندم و کەس زۆری لێنەکردووم ئەمە هەڵبژێرم. دەنیز عەفرین پێش ئەوەی شەهید ببێت، بە قەناسەکەی 15 بۆ 20 چەکداری دیمەشقی کوشتووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەوترێت ئەو ڤیدیۆیەی کۆتا ڤیدیۆیەتی.  

 وەزارەتی بەرگریی سوریا رۆژئاوای فورات (دێرحافر و چەند ناوچەیەکی دیکە)ـی بە ناوچەی سەربازیی ناساند و دەڵێت، دەبێت هەسەدە بکشێتەوە بۆ بەشی رۆژهەڵاتی رووباری فورات. ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپای عەرەبی سووریا لە ڕێگەی میدیا فەرمییەکانەوە هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێیدا ناوچەیەکی بەرفراوانی لە دەوروبەری حەلەب (بە دیاریکراوی ناوچەکانی دێر حافر و مەسکەنە و دەوروبەریان) وەک ناوچەیەکی سەربازیی داخراو دەستنیشان کرد. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ سوپای سووریا بڕیاری داوە ئەو ناوچانەی بە ڕەنگی سوور لەسەر نەخشەکە دیاریکراون بەڕووی هاتوچۆدا دابخات. وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتیانی مەدەنی کردووە بۆ پاراستنی گیانیان لە بارەگا و شوێنەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) دووربکەونەوە. هەر لەو هۆشدارییەدا، سوپای سووریا داوا لە تەواوی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە دەکات، دەستبەجێ پاشەکشە بکەن بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات. سوپای عەرەبی سووریا جەختی کردووەتەوە سوپا هەموو هێز و توانایەکی بەکاردەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە هەر جموجۆڵێکی چەکداری و ڕێگری لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەو ناوچانەوە. ئەم هەنگاوەی سوپای سووریا لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا ڕووی لە زیادبوون کردووە و سوپا ئامادەکاری دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوەتی ئەو ناوچانە و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر ناوچە ستراتیژییەکانی دەوروبەری حەلەب.

ڕۆژی چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدات؛ تەوەری سەرەکی بریتییە لە دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ مووچەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوو و جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی ساڵی 2026. بە گوێرەی نووسراوێک کە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ڕۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنەکە یەکەم کۆبوونەوەی لە ساڵی نوێدا بە سەرۆكایەتیی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، دەکات و چەند پرسێكی تاوتوێ دەكات، کە گرنگترینیان پرسی مووچەكانی مانگی 11 و 12ی فەرمانبەران و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە. بەپێی زانیارییەكان ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی ئەم دوو خاڵە دەكات. یەكەم: خستنەڕووی ساڵی دارایی 2025، تاوتوێكردنی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی دارایی 2026، بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ مووچەی مانگەكانی 11 و 12ی ساڵی 2025، زامنكردنی خەرجكردنی مانگەكانی ساڵی 2026 و شایستە داراییەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدڕاڵ. دووەم: جێبەجێكردنی ڕێككەوتنامەی سێ قۆڵی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە سەركەوتوویی لەلایەن هەرێمی كوردستان لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2025، بەرەوپێشچوونەكانی بەردەوامبوونی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەكە، خستنەڕووی داتا و زانیارییەكان  لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەكراو و داهاتی بەدەستهاتووی فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ گەنجینەی فیدڕاڵی. 

ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە چیاکانی زاگرۆس و لە چاوپێکەوتنێکدا دەلێت: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی کرداری هەرەسی هێناوە و وتی: "ئەوەی ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر پێ ڕادەگرێت، توندوتیژی و فشارە." ئەمیر کەریمی لە چیاکانی زاگرۆس و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ئەندامی دەستەی وەشانی"The Amargi ڕێباز مەجید خۆپێشاندانەکانی ئێران، ئاییندەی سیاسەتی کورد و دۆخی ناوچەکەی هەڵسەنگاند. ئەمیر کەریمی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕژێم هێشتا خاوەنی دەوڵەتە، بەڵام شەرعییەتی کۆمەڵایەتیی خۆی لەدەستداوە و وتی: "بە کردەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوەشاوەتەوە." ئەمیر کەریمی کۆماری ئیسلامیی چواند بە مرۆڤێک کە تووشی مردنی مێشک بووە، بەڵام دڵی لێ دەدات، و ڕایگەیاند کە بە بڕوای ئەو، ڕژێم تەنها بە ڕێگە و شێوازی سەرکوتکردن خۆی لەسەر پێ ڕاگرتووە. 'سیستەمە توندەکەی سەدەی ٢٠ـەم تێکدەچێت' ئەمیر کەریمی قەیرانەکانی ئێران بە شکستی مۆدێلی "دەوڵەت-نەتەوە"ی کلاسیک لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گرێ دەدات. ئەمیر کەریمی، ئەم مۆدێلە بە ڕێبازی "یەکڕەنگ، یەکدەسەڵات، یەکزمان و یەکڕەهەند" پێناسە دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە گەلی کورد لە ناو ئەم سیستەمەدا بە شێوەیەکی سیستماتیک پەراوێز خراوە. کەریمی لە قسەکانیدا دەڵێت کە گەلی کورد لە ماف، سیاسەت و هەموو شتێک دوور خراوەتەوە و دەڵێت: "وا چاوەڕوان دەکرا کە یان بتوێنرێنەوە یان لەناو بچن." کەریمی ئاماژە بەوە دەکات کە لاوازبوونی پێکهاتەی دەوڵەتە ناوەندییەکان دەکرێت ببێتە دەرفەتێک بۆ گەلی کورد، و دەڵێت ئەمەش تەنها لە ڕێگەی گۆڕانکارییەکی دیموکراتییەوە پێکدێت. کەریمی لە درێژەدا دەڵێت: "هەرەسهێنانی پێکهاتەی دەوڵەت-نەتەوە... ئەمە بێگومان بۆ گەلی کورد دەرفەتێکە. بەڵام ئەگەر گۆڕانکارییەکە بەرەو دیموکراسی نەچێت... ئەمە بە دڵنیاییەوە بۆ گەلی کورد مەترسییە." ئێران وەک کۆریای باکوورێکی داخراوە کەریمی لە درێژەی قسەکانیدا ڕایدەگەیەنێت کە بڕینی هێڵەکانی پەیوەندی لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا، ستراتیژێکی بە ئەنقەستە و دەڵێت: "کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی لەسەر پێ بمێنێتەوە، هەموو ڕێگاکانی گەیاندنی بڕی. بۆچی؟ بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسان مرۆڤەکان کۆمەڵکوژ بکات." کەریمی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەری هەیە کۆمەڵکوژییەکی گەورە ڕوویدابێت و وتی: "ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی وەک کۆریای باکوورێکی داخراوە و نازانرێت لە ناوەوە چی ڕوودەدات." کەریمی دەڵێت ئەو ئامرازانەی شەرعییەت وەک ئایین و ناسیۆنالیزم کە پێشتر ڕژێم پشتی پێ دەبەستن، کۆتاییان هاتووە و نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە سەردەمی دوای ڕژێم دەربڕی. ئەمیر کەریمی دواتر وتی: "ئێمە ئەزموونی ساڵی ١٩٧٩مان هەیە. شا ڕۆیشت، هەمووان دڵخۆش بوون. بەڵام دواتر دیکتاتۆرییەتێکی مەترسیدارتر هات. ڕەنگە ئەمجارەش هەمان شت ڕووبداتەوە." یەکێتیی کوردان کەریمی ڕایگەیاند کە ئەو چوارچێوە سیاسییە هاوبەشەی لایەنە کوردییەکان لە ئێران دیارییان کردووە، بەهۆی پێویستییەوە هاتووەتە کایەوە. کەریمی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمجارە ڕێگەیەکی جیاوازیان تاقی کردووەتەوە و وتی: "زەمینەیەکی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنمان دروست کرد." کەریمی ئاشکرای کرد کە پێویستە لە سیاسەتی کوردیدا دەست لە کێبڕکێی هەژموونخوازی هەڵبگیرێت و نابێت هیچ هێزێک خۆی بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنێت، و وتی: "کورد خاوەنی ئەو هێزەیە کە کێشەکانی خۆی بخاتە ڕۆژەڤ و چارەسەریان بکات." ئێمە هێزێکی ڕێکخستنی سیاسیین کەریمی وتی کە پەژاک لە زۆرێک لە ناوچە کوردییەکانی ئێراندا چالاکە. لە بەرامبەر ئەو تێڕوانینەی کە پەژاک تەنها وەک ڕێکخراوێکی چەکداری دەبینێت ناڕەزایەتی دەربڕی و وتی: "زیاتر لە هێزێکی چەکداری، ئێمە خۆمان وەک هێزێکی ڕێکخستنی سیاسی دەبینین. خەباتی چەکداری بۆ ئێمە ڕێگەی چارەسەری نییە؛ ئامرازێکی خۆپاراستنە. کۆمەڵگە مافێکی شەرعیی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات." ڕێگەی سێیەم کەریمی ڕایگەیاند کە ئەوان لەگەڵ ئەکتەرە نێونەتەوەییەکان و ئەمریکا لە پەیوەندیدان، بەڵام چارەسەرێک لەسەر بنەمای دەستوەردانی دەرەکی قبوڵ ناکەن. کەریمی وتی: "ئێمە دژی دیکتاتۆریی دەوڵەتین. بەڵام باوەڕمان بەوە نییە کە هێزێکی دەرەکی بێت و ڕزگارمان بکات." مەترسیی پەهلەوی کەریمی ڕایگەیاند کە هیچ هاوکارییەکی ئاشکرا لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، بەڵام مەترسیی دروستبوونی ڕژێمێکی دیکتاتۆری نوێ لە ڕێگەی ڕەزا پەهلەوییەوە هەیە. کەریمی وتی: "گەل دیکتاتۆرییەکی نوێی ناوێت." کەریمی ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی پەژاک جیابوونەوە نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئێرانێکی دیموکراتیک و ناناوەندییە و وتی: "بەرنامەیەکیان هەیە بە ناوی کۆماری دیموکراتیکی ئێران." کەریمی وتی ئەوان سیستەمێک لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەریی گەل پەسەند دەکەن. لە کۆتاییدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە قەیرانی ئێران تەنها بە ڕژێمی ئێستاوە سنووردار نییە، بەڵکو ئەنجامی بنبەستبوونی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەی ناوەندیی سەد ساڵەیە، و گەورەترین مەترسی ئەوەیە ئەم پرۆسەیە بگۆڕێت بۆ دیکتاتۆرییەکی نوێ. کەریمی ڕایگەیاند کە تەنها گەرەنتی لە دژی ئەمە، دیموکراسی، یەکێتیی کورد و ڕێکخستنی سیاسییە لەسەر بنەمای کۆمەڵگە.

سەرۆک بارزانی، لە بارەی هەڵمەتی دەرکردنی هاوڵاتیانی سوریا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: نابێ ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵکانێکی دیکەوە كە هیچ پەیوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووە، ئەو رەفتارە لەگەڵ پرەنسیپ و ئەخلاقی گەلەکەمان ناگونجێت. پەیامێک لە سەرۆک بارزانیەوە بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان لە كاردانەوە بەرانبەر ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری حەلەب، بەداخەوە لە هەندێک پێگەی میدیایی و سۆشیاڵمیدیا و ناوەندی تردا، هەڵمەتێك لە دژی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە دەبینرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین. ئەم جۆرە هەڵمەت و ڕەفتارانە لە جێی خۆیدا نین و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پڕەنسیپ و بەهاكانی گەلی كوردستان ناگونجێن و دژی سیاسەت و ڕوانگەی گشتیی دامودەزگەی هەرێمی كوردستانن. لە ڕاستیدا نابێ ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵکانێکی دیکەوە كە هیچ پەیوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووە. دەبێ ڕێزی ئەو پەنابەر و هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە بگیرێت كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و لێرە دەژین و پێویستە كۆتایی بەم هەڵمەتە نابەجێیە بهێندرێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە بگرن. مسعود بارزانی 12ی كانوونی دووەمی 2026

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا، کە ڕەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی و خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق ئامادەیبوون، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان خرایەبەر باس. هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامیی دیالۆگی نێوان لایەنەکان کردەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا. لە کۆبوونەوەکەدا، دووپات لە پابەندبوون بە وادەی دەستووری کرایەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە بنەما سەرەکییەکەی خزمەتکردنی خەڵک بێت، بە شێوەیەک ببێتە مایەی ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی زیاتری وڵات.

 دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، وتەکانی مەلا مەزهەر خۆراسانی لەبارەی ژنان و سوکایەتیپێکردنیان دژی بنەما ئاینییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤە، بۆیە لەڕێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو کەیسە دەجوڵێنین و ناوبراو رووبەڕووی یاسا دەکەینەوە. دەستەکە دەشڵێت، بەتووندی دژی ئەو جۆرە لێدوانانەین و ئیدانەی دەکەین، هیوادارین وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان رێکاری پێویست بگرنەبەر دژی ئەو کەسانەی لە ژێر ناوی ئایین و مینبەرەکانەوە پێشێلکاری بەرامبەر خەڵک دەکەن. ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو قسانەى مامۆستا ئایینییەکە، بە تەواوی دژی بنەما ئایینەکانە و پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و شکۆی ژنانە، هەربۆیە لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو دۆسییەیە دەجوڵێنێت و مامۆستا ئایینییەکە ڕووبەڕووی یاسا دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی وتەکانی، دژی ماددەی ١٤ـی دستووری عێراقە، کە ئەم ماددەیە بەڕوونی باس لە ئەوە دەکات، یەکسانی لەنێوان ژن و پیاو هەیە. دەستەکە داواشی لە وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان کردووە، ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی پێشێلکاری بەرامبەر خەڵک دەکەن لە ژێر ناوی ئایین و مینبەرەکانەوە. ئەوە لەکاتێکدایە، لێدوانی مامۆستایەکی ئاینی کە ڕایگەیاندووە، "ژن نابێت چەک هەڵگرێت و لەبەرەی جەنگدا بێت" بەڵکو دەبێت لە ماڵەوە بێت و خزمەتی ماڵ و مێردی بکات"  کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە، لێدوانی ئەو مامۆستا ئایینییەش لەپاش خستنەخوارەوەی تەرمی کچە شەڕڤانێک بوو لە باڵەخانەیەکی سێ نهۆمییەوە لە حەلەب، کە لە گرژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و گرووپە چەکدارەکانی سەربە حکومەتی کاتی سووریا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ ڕەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ شەپۆلێکی تری بەفر و باران لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە بەرەو ناوچەکانی هەرێم بەڕێوەیە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەشناسی، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم بەگشتیی نیمچە هەور دەبێت. تەمومژێکی چڕ لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و سەنتەری پارێزگای سلێمانی دروست دەبێت و تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت. لە کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆوە، کاریگەریی شەپۆلێکی نوێی دابارین سەرەتا لە پارێزگای دهۆکەوە بە نمەباران دەستپێدەکات و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش بەفر دەبارێت، پاشان لە درەنگانی شەودا کاریگەرییەکە دەگاتە ناوچەکانی ناوەڕاستی هەرێم. کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات؛ سبەی سێشەممە ئاسمانی هەرێم دەبێتە هەوری تەواو و بارانبارین سەرتاسەری ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت. پێشبینیش دەکرێت ئەم ناسەقامگیرییەی کەشوهەوا تا ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام بێت. پلەکانی گەرما لە ماوەی ئەم 48 کاتژمێرەدا ڕوو لە دابەزین دەکەن، بە جۆرێک سبەی سێشەممە 3 بۆ 4 پلە ساردتر دەبێت لە ئەمڕۆ. خێرایی با لە هەندێک کاتدا چالاک دەبێت و دەگاتە سەرووی 30کم/ک، بەتایبەت لە ناوچەکانی گەرمیان. هەروەها بەهۆی تەم و دابارینەوە، مەودای بینین لە هەندێک شوێن بۆ کەمتر لە یەک کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە. نزمترین پلەکانی گەرما بۆ سبەی سێشەممە: حاجی ئۆمەران: 1 پلەی ژێر سفر سۆران: 3 پلە سلێمانی: 6 پلە دهۆک و زاخۆ: 7 پلە هەولێر: 11 پلە کەرکوک و گەرمیان: 12 پلە

جارێکی دیکە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار دابەزی، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی پێشبینی دەکات بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر داببەزێت و ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر بە 146هەزار و 600  دینارە.    جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی، بە ئاڤا میدیای وت: "ئێستا بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 146 هەزار و 600 دینارە، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە."   وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی دەشڵێت: "پێشبینی دەکەم جارێکی دیکە بەهای 100 دۆلار ببێت بە 149 هەزار دینار، دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بە ئەستەم دەیبینم."   بەگوێرەی زانیارییەکانی جەبار گۆران،  خواست لەسەر کڕینی دۆلار زیادبووە، بەتایبەت لەلایەن بازرگانەکانەوە، هەروەها  سیستمی ئەسیکۆدا کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار هەیە، ئەمە سەرەڕای دۆخی سیاسیی و ئابووری و تەکنیکییەکان.

دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و 11 کەسی دیکە لە ئەندامانی بەرەی گەل بۆ وردبینی گوازرایەوە بۆ دادگای تەمیزی هەولێر، بەڵام جارێ هەر 12 کەسەکە لە سلێمانی دەمێننەوە. بورهان رەشید، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لەوبارەیەوە وتى: دادگاییکردنەکە بەپێی ماددەی 56 بوو, لەسەر داوای ئەوان و دادگای پێداچوونەوە، دادگا بڕیاریدا دۆسیەکە بۆ وردبینی بگوازرێتەوە بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەولێر. بەوتەى ئەو پارێزەرە، دوای وردبینی, دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیار لەبارەی دۆسیەکەی لاهور شێخ جەنگی دەدات، ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتنەکەی ئەمڕۆی بە گشتی بە باشی بەڕێوەچوو.  ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی و 11 دەستگیرکراوی دیکەی لالەزار هێندرانە بەردەم دادگای سلێمانی كە لاهور شێخ جەنگی ، پۆڵاد شێخ جەنگی ، رێبوار حامید حاجی خالید، بورهان رەشید وتیشى“ئەو 12 کەسە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و رێبوار حاجی غالیـشیان تێدایە” . “تەنیا کەیسی 56 کە تایبەتە بە ئیتفاقی جینایی و لەسەر سکاڵای بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لەسەریان تۆمارکراوە، دەنێردرێتە دادگای تەمیزی هەولێر و کەیسی 406 جارێ هەر لەدادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشە”، بورهان رەشید وای وت. ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئەو کاتەی دادگای تەمیزی هەولێر وەڵام دەداتەوە، ئەو 12 کەسە هەر لە سلێمانی دەمێننەوە.

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر)، "شەهیدبوونی زیاد حەلەب، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی لە شاری حەلەب" راگەیاند، کە لە کاتی بەرگریکردن لەو دوو گەڕەکەدا گیانی سپاردووە. بەپێی راگەیێندراوی ئاسایش، زیاد حەلەب لە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کاتی "بەرگرییە مێژووییەکەی" گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دژی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی،" گەیشتووەتە پلەی شەهادەت." ئاسایش سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و گەلی کورد دەکات و بەڵێنی درێژەپێدانی رێگەکەی دەدات. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە 6ـی کانوونی دووەمی 2026ـەوە، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا بە پاڵپشتیی راستەوخۆی دەوڵەتی تورکیا، هێرشێکی بەرفراوانیان بە هەموو جۆرە چەکێک کردووەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە." ئاسایش دەڵێت، هێزەکانیان و خەڵکی گەڕەکەکە بەرگرییەکی سەختیان کردووە و گورزی کەمەرشکێنیان لە هێرشکاران وەشاندووە، کە تێیدا چەندین تانک و ئۆتۆمبێلی زریپۆشیان تێکشکاندوون. زیاد حەلەب وەک فەرماندەی گشتی، "لە یەکەم ساتەوە لە ناو سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕدا بووە و سەرپەرشتیی بەرگریی کۆڵان بە کۆڵانی کردووە." ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو فەرماندەیە لەگەڵ هاوسەنگەرەکانی "رێگەی شەهادەتیان هەڵبژارد نەک خۆبەدەستەوەدان."   بەگوێرەی ئاسایشی خۆسەر، زیاد قەدوور، ناسراو بە (زیاد حەلەب)، لە ساڵی 1988 لە عەفرین لەدایکبووە و لە ناو خێزانێکی نیشتمانپەروەردا گەورە بووە. لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، پەیوەندی بە ریزی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG)ـەوە کردووە بۆ بەرگریکردن لە شاری حەلەب. ئاسایش هەروەها دەڵێت، لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2015، رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رژێمی بەعس و گرووپە چەکدارە جیاوازەکان بۆ سەر حەلەب. خاوەنی ئەزموونێکی زۆر بووە لە "شەڕی ناو شار و گەڕەکەکاندا،" ئەمەش وای لێکرد ببێتە فەرماندەیەکی جێگەی متمانە و خۆشەویستی خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە. پێش گیان لەدەستدانی، زیاد حەلەب لە پەیامێکدا گوتبووی: "ئێمە کوڕی ئەم خاکەین؛ لێرە لەدایکبووین و لێرەش دەمێنینەوە. هیچ کات نەبووینەتە کێشە بۆ کەس، بەڵام ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، دەستەوەستان نابین. سوێند دەخۆین بەرگری لە گەلی خۆمان بکەین و تاوەکو دوایین هەناسە شەڕ دەکەین. بڕیاری شەهادەتمان داوە و هیچ بژارەیەکی دیکەمان نییە."

هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان ڕایانگەیاند، هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و بانگەوازیان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و تورکیا کرد بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن. هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان سەبارەت بە هێرشەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا لە دژی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب لە ناوەندی خۆیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست. هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیدەم کلیچگون ئوچار، کەسکین بایندەر، سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچیگیت، سەزای تەمەلی، وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگول دۆغان و پەرلەمانتارانی دەم پارتی ئامادە بوون. 'تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ گرووپی پەرلەمانتارەکانیان لەسەر پێشهاتەکانی ئەم دواییە و هێرشەکان لەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب کۆبوونەوە و گوتی: "حکومەتی دیمەشق بە شێوەیەکی ئاشکرا، بەپێی ڕێککەوتن مامەڵە ناکات. بە ئاڵای داعشەوە هێرش دەکەنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکان. ئەوانەی ئەم کارە دەکەن گرووپێک دڕندەن. لە هیچ باوەڕی و فکرێکدا قبوڵ ناکرێت". 'وتیشی: "بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات و ئەم هێرشانە دەستبەجێ ڕابگرن. هێرشەکانی هەتەشە و چەتەکان لە دژی مرۆڤایەتیین. ئامانجیان بێ‌کورد کردنی حەلەبە. وەک دەم پارتی بۆ سووریا سیستەمێکی یەکسان و ئازادەمان دەوێت کە مافەکانی کورد دەستەبەر بکات. ئەگەر کورد لە سووریا لە سەلامەتییدا نەبێت، ئەوا ئارامی بەدی نایەت. تا هەموو گەلان و باوەڕییەکان ئازاد نەبن، ئاشتی لە سووریا بەدی نایەت". 'تونجەر باقرخان سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست و گوتی: "بە ئامانجگرتنی منداڵان و ژنان بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت. ڕژێم هەموو ڕێککەوتنەکان پێشێل دەکات. لێرەدا دەڵێین دەست لە بێڕێزیکردن لە بەرانبەر ژنانی کورد هەڵبگرن. بانگەواز لەو کەسانە دەکەین کە شەڕ بە گوڕ دەکەن، ڕێگە بۆ دیالۆگ خۆش بکەن. قسەکانی هاکان فیدان شەڕ و قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە. دەپرسین؛ دیپلۆماسیت یان سەرباز؟ ئەم قسانە کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەکە هەیە". 'ە کۆتایی قسەکانییدا تونجەر باقرخان گوتی: "ئەگەر لە حەلەب شەڕ و قەیرانەکان قووڵببنەوە لێرەدا چارەسەریی بەدی نایەت. چونکە کودەتایە لەدژی پرۆسەکە. چارەسەرەکە ڕوونە. دەبێت قەسەدە و تورکیا لەسەر مێزێک دابنیشن و پرسەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن. کەس ناتوانێت کورد لە حەلەب کۆچبەر بکات. کورد سەد ساڵە لە حەلەبدایە و هەمیشە لە حەلەب دەبێت".

دوێنێ شەممە مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆبوویەوە و بڕیاریدراوە پارتی بەردەوام بێت لەسەر کاندیدەکانی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق. تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت و پۆستی سەرۆککۆمار رێککنەکەوتوون، چونکە یەکێتی پاکێجێکی پێشکەش کردووە کە لای پارتی قبوڵکراو نییە. یەکێتی لە کۆی 22 وەزارەت و پلەی وەزیر، داوای نۆ پۆستی کردووە، بە وەزارەتی ناوخۆشەوە، پارتیش ئەمەی رەتکردووەتەوە. پارتی پێیوایە بەهۆی ئەمەوە دەبێتە کەمینە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا زۆرینەی کورسییەکانی هەیە. لەلایەکى دیکەوە،  شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەڕووداوى ڕاگەیاندووە:  یەکێتی دەبێت لایەک هەڵبژێرێت، یان پۆستە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان  یان پۆستی سەرۆککۆمار.  هەروەها وتیشى: ئێستا تۆپەکە لە مەیدانی یەکێتییە. ناکرێت یەکێتی پۆستی سەرۆککۆماریشی بوێت و داوای پۆستی باڵای زۆریش بکات لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەو ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە دانوستان بەمشێوەیە، دەبێت تۆ شتێک وەربگریت و سازش لەسەر شتێکی دیکە بکەیت. وتى: ئەوەی یەکێتی دەیەوێت لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و پۆستە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لای پارتی قبوڵکراو نییە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شەپۆلێکی نمەباران ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە. بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، کەشی ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-1-2026، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت ناوچە شاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێت، خێراى باش لە نێوان 5 بۆ 10 کم لە کاتژمێرێکدا دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرماش 1 تا 2 پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی   هەولێر : 12 پلەی سیلیزی  پیرمام : 9 پلەی سیلیزی سۆران : 10 پلەی سیلیزی  حاجی ئۆمەران : 2 پلەی سیلیزی  سلێمانی : 9 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 12 پلەی سیلیزی دهۆک 11 پلەی سیلیزی زاخۆ 13 پلەی سیلیزی  ئاکرێ 12 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 10 پلەی سیلیزی  سبەى دوو شەممە ‌ 12-1-2026 سەبارەت بە کەشی سبەی دووشەممە، 12-1-2026، کەشناسیی پێشبینی دەکات، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور بێت، لە ئێوارەدا بۆ نیمچە هەور و لە درەنگانی شەودا شەپۆڵێکی باران بارین بۆ سەر ناوچەکەمان بە نمە بارانی پچڕ پچڕ لە ناوچەی جیا جیاکان دەست پێدەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، پلەکانی گەرما نزم 2 تا 3 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.  بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی بە پلەی سیلیزی هەولێر : 14 پلەی سیلیزی پیرمام :11 پلەی سیلیزی سۆران : 12 پلەی سیلیزی  حاجی ئۆمەران : 4 پلەی سیلیزی  سلێمانی : 11 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 14 پلەی سیلیزی  دهۆک :12 پلەی سیلیزی زاخۆ : 14 پلەی سیلیزی ئاکرێ 13 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی ڕاشیگەیاند، لە کاتەکانی بەیانی زوو نزمترین پلەی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکەمان لە ژێر سفر پلەی سیلیزی دەبێت لەگەڵ دروست بوونی شەختە لە هەندێ ناوچە .

ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە رووداوەکانی گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لە  بەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی دەڵێت:  گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب کەوتە بەر هێرشێکی سەربازی لە چوارچێوەی پلانێکی تورکیاو بە پاڵپشتی بێدەنگی زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان.   جەختى کردەوە کە  ئەم هێرشە ئەڵقەیەکی نوێيە لە زنجیرە کۆمەڵکوژییەكان كە دژی دانیشتوانی کەنارەکانی سوریاو خەڵکی پارێزگای سوەیدا ئەنجامدراون. ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا پێشى وایە ئەم هێرشە بۆ ماوەی شەش رۆژی لەسەریەک بەردەوام بوو،  لە بنەڕەتدا هێرشێکی نێودەوڵەتی بوو بۆ سەر دوو گەڕەکی نیشتەجێبوون. وتیشى:  هەزاران ئەندامی گروپە چەکدارەکان لەناویاندا ئەندامانی داعش بەشدارییان لە هێرشەکەدا کرد، لەبەرامبەر چەند سەد کارمەندێكی  هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ. ـ شەڕێکی نایەکسان بوو لە هەموو ڕوویەکەوە، دوور بوو لە بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان و یاسا دانپێدانراوەکانی جەنگ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. ـ هەڤاڵانمان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە بەرخۆدانێکی مێژوویی و قارەمانانە روبەڕوی ئەم دەستدرێژییە بوونەتەوە و بەرگرییان لە خەڵکی سڤیل و گەلەکەمان لە هەردوو گەڕەکەکەدا کرد. 🔹قارەمانەكانمان بەرزترین واتاكانی فیداكاری و قوربانیدانیان نەخشاند. 🔹فەرماندە زیاد و ئازاد دڕەندەترین هێرشەکانیان شکاندو بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە سەرکردایەتی بەرخۆدانیان کرد، تا دەگاتە هەڤاڵانمان هاوار، دلبیرین، ڤیان، فرشین، رۆژبین، و دەنیز، کە بە کردەوەی فیداکارییەکانیان بەرزترین پلەی پابەندبوونیان بە بەهاو دۆزی گەلەکەیان بەرجەستە دەکرد. 🔹قوربانیدانەکانیان بۆ هەمیشە لە ویژدان و هزری گەلەکەماندا بە نەمری بمێنێتەوە. 🔹دەستبەسەرداگرتنی ئەو دوو گەڕەکە لەلایەن گروپە چەکدارەکان سەركەوتن نییە بەڵکو خیانەت و تاوانێکی گەورەیە لەلایەن  دەسەڵاتێکەوە کە بانگەشەی نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکات. 🔹ئەمە دەسەڵاتێکە بانگەشەی پابەندبوون بە ئیسلامەوە دەکات، لە هەمان کاتدا جەستەی مردوو دەشوێنێتو سو كایەتی بە پێكهاتەكانی کۆمەڵگا دەكات. 🔹هەر دەسەڵاتێک پشت بە دەوڵەتێکی تر ببەستێت بۆ چەوساندنەوەی گەلەکەی خۆی، شەرعیەتی خۆی لەدەست دەدات. 🔹ئەو کۆمەڵکوژی و پێشێلکاری و سوکایەتیانەی بەرامبەر گەلەکەمان و شەهیدەکانمان دەکرێت بێ سزا ناڕوات و برینەکانیان لە ویژدانماندا زیندوو دەمێننەوە تا لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسان دەکرێت. 🔹داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و مرۆییەکان دەکەین کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و چاودێری بارودۆخی مرۆیی و ئەمنی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بکەن. 🔹داوای جێگیرکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی لەو دوو گەڕەکە دەکەین بۆ ڕێگریکردن لە تاوانی زیاتر.  🔹بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی متمانە بە هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت، کە لەلایەن کەسانی خاوەن ئایدۆلۆژیای توندڕەو و سەر بە داعشەوە سەرکردایەتی دەکرێن. 🔹بەو پێیەی ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشە کاریگەری گۆڕینی دیمۆگرافییە، ئێمە بانگەوازی خەڵکی خۆراگری خۆمان دەكەین لە دوو گەڕەکەکە کە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، داواش لەو کەسانە دەکەین کە ئاوارە بوون بگەڕێنەوە.