یەكێك لە تەوەرە گرنگەكانی دیداری نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ جین شاهین، سیناتۆری دیاری ئەمریكا كە لە عەممانی پایتەختی ئوردون بەڕێوەچوو،باسكردن بووە لە پێویستی بەردەوامی دانوستانەكان لەبارەی گەیشتن بە چارەسەری نا ناوەندی لە سوریا، بە نێوەگیری نێودەوڵەتی.  كەناڵی "روناهی" لەزاری سەرچاوە تایبەتەكانییەوە ئاشكرایكردووە: كۆبونەوەی چەند رۆژی رابردووی مەزڵوم عەبدی و جین شاهین، هاوڕێ لەگەڵ پەرلەمانتاری ئەمریكی جۆ ویڵسۆن،  سێ‌ تەوەری سەرەكی باسكراوە. بەگوێرەی سەرچاوەكە، لە كۆبونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان كردووەتەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش و، پێویستی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی (10)ی ئازاری نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سوریاو مەزڵوم عەبدی، لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا، لەگەڵ پێویستی درێژەدان بە دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی نا ناوەندی لە سوریا لە ڕێگەی نێوەندگیری نێودەوڵەتییەوە. ئەو پێشهاتانە لەكاتێكدا، ئەحمەد شەرع لەمیانی پێشوازیكردنی لە ژمارەیەك كەسایەتی و بەرپرسی میدیا عەرەبی و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە لە دیمەشقی پایتەخت رایگەیاند: ئەگەر فیدراڵیزم یان نا ناوەندی بە واتای دابەشبون بێت، ئەوە رەتیدەكەینەوە، لەبارەی هەنگاوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش وتی:ئەگەر ئامانج مافەکانی کورد بێت، پێویست بە دڵۆپێک خوێن ناکات، چونکە ئەو مافانە لە دەستووردا دەبن، بەڵام پشکپشکێنە هاوشێوەی عێراق و لوبنان قبووڵکراو نییە.  شەرع ئاماژەی بە رێککەوتنی 10ی ئازار کردو وتی:  ئەو رێککەوتنە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە قبوڵكراوە و وەک بنەمایەك بۆ گفتوگۆ تەماشا دەكرێت.

وتەبێژى حکومەتى عێراق ڕایدەگەیەنێت پێویستە حکومەتی هەرێم بڕی (120) ملیار دیناری داهاتە نانەوتییەکان رادەست بكات، بۆ ئەوەى مووچەکە خەرج بکرێت.   سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سبەی رێکارەکانی ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەستپێدەکەن کە 120 ملیار دینارە. رۆژی سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو و سەرچاوەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەکەش ڕاگەیاند: ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت". نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا، سەبارەت بە پابەندبونە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێداچونەوەی بە راپۆرتی لیژنەی وەزاری پەیوەندیدار بە پابەندبونە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، رەزامەندی دەربڕی لەسەر خەرجکردنی موچەی مانگی حوزەیرانی 2025 لەلایەن وەزارەتی داراییەوە. پێویستە حکومەتی هەرێم بڕی (120) ملیار دیناری داهاتە نانەوتییەکان رادەست بكات، بەگوێرەی بڕیارنای ژمارە 636ی ساڵی ی حكومەت2025.  هاوكات ئەنجومەن لیژنە هاوبەشەکانی راسپارد بۆ درێژەدان بە کارەکانیان و رێنمایی پێکهێنانی تیمێکی یاسایی كرد، کە راوێژکاری یاسایی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی بەشە یاساییەکان لە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و دەستەی چاودێری دارایی فیدراڵی لەخۆدەگرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشە یاساییەکانی پەیوەست بە داهاتە نا نەوتییەکان، بەپێی یاسا. سەبارەت بە دۆسیەی نەوتیش، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ئەو دەرەنجامانە كرد كە لیژنە هاوبەشەکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لە هەرێمی کوردستان پێیگەیشتون، جەختی لە پێویستی پەلەکردنی گەیاندنی دەستبەجێی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی ناو هەرێم كردووتەوە بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی دەوڵەت (سۆمۆ) کردەوە، بەمەبەستی هەناردەکردنی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیا، بەپێی یاسای هەموارکراوی بودجەی فیدراڵی.

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زانیاری لەبارەی ژمارەی کوژراوان و دەستگیرکراوانی شەڕەکەی لالەزار ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دراوە".   ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی بە ژمارەیەک رۆژنامەڤانی دەزگاکانی راگەیاندنى وت، 12 کەس لە شەڕەکەی لالەزار کوژراون کە 3 کەسیان لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بوون؛ ئاماژەی بەوەشکرد، 160 کەسیش دەستگیرکراون.    سەرچاوە باڵاکەی یەکێتی باس لەوە دەکات، لە دوو مانگدا 4 جار هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دراوە.   یەکەم "هەوڵی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی" بە گوتەی ئەو سەرچاوە باڵایە، "لە رێگەی فەرماندەیی بووە، بەڵام ئەمریکی لەگەڵ بووە و هەربۆیە پیلانەکەیان جێبەجێ نەکردووە."   وەک سەرچاوەیە دەڵێت، یەکێکی دیکە لە هەوڵەکان "لە رێگەی نیشانەشكێن لە دووری 600 مەتر لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونەوە لە دەباشان بووە." هەروەها باس لەوە دەکات، "چەکدارەکە ئامادەکاری کردووە و تەنانەت جارێک هێمای دووربینی نیشانەشکێنەکەی خستووەتە سەر سنگی بافڵ تاڵەبانی، بەڵام دواتر پەشیمان بووەتەوە و تەقەی نەکردووە."   یەکێکە دیکە لە هەوڵی "تیرۆرکردنەکە" ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی گوتی: "لە چێشتخانەی ڤۆگ بووە لە سەرچنار، بەڵام سەری نەگرتووە." "بەشێک لە هەوڵەکانی شکستیان هێناوە" ئەو سەرچاوەیە هۆکارەکەی باس کرد و گوتی: "بەهۆی ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بە ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕ هاتووچۆی کردووە." "جارێکیش پیلانی تیرۆرکردنی قوباد تاڵەبانی دراوە، ئەوەش کاتێک لە نێو فڕۆکەدا بووە لە ئاسمانی سلێمانی." بە گوێرەی سەرچاوە باڵاکەی نێو یەکێتی. سەرچاوە باڵاکەی یەکێتی گوتی، پێش دەستپێکردنی شەڕەکە بافڵ تاڵەبانی 3 جار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی کردووە و گوتوویەتی: "وەرە دەرەوە خۆم دێم دەتبەم، بەڵام نەهاتووە و خۆی رادەستنەکردووە". "پارتی دیموکراتی کوردستان لەو هەوڵ و پیلانگێڕییەدا نەبووە و بەشدار نەبووە." سەرچاوە باڵاکەی نێو یەکێتی وای گوت.

شاندێکی ڕۆژئاوای کوردستان کە پێکهاتوون لە هاوسەرۆکی پەیەدە غەریب حسۆ، ئەندامانی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ساڵح موسلم و فۆزا یوسف گەیشتنە سلێمانی، بڕیارە بەشداری کۆنفرانسی "هاوپەیمانی سۆشیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی" بکەن کە لە ڕۆژانی  ٢٧ بۆ ٣٠ ئاب بەڕێوەدەچێت. شاندەکە لە لایەن بەرپرسانی سلێمانییەوە پێشوازییان لێ کرا و سەردانی مەزاری مام جەلالیان کرد، لە دەفتەریی یادەوەریی مەزارەکەدا ساڵح موسلیم ئاماژەی بە پێشهاتە نوێکانی پەیوەست بە کورد لە ناوچەکە کرد و نووسی: "بەهۆی ئەو پیلانە سیاسییەوە کە لە دژی دەگێڕدرێت، ئەمڕۆ کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستی پێتانە، بەڵێتان پێدەدەین کە لەسەر ئەو ڕێچکەیە بڕۆین کە ئێوە و ڕێبەر ئاپۆ نەخشەتان بۆ کێشاوە، تاوەکوو ئازادی و سەقامگیریی بەرقەرار دەبێت بۆ گەلەکەمان لە ناوچەکەدا". دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ساڵح موسلیم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "‎هاوپەیمانیی سۆشیال دیموکرات لە جیهانی عەرەبیدا لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا کە لەسەر دەستی مام جەلال دروست بووە، زۆر گرنگ بوو بۆ ناوچەکە، هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکە دەخوازم." کۆنفرانسی "هاوپەیمانیی سۆشیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی" بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، لە ٢٧بۆ٣٠ ئاب لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، هاوشانی شاندەکەی ڕۆژئاوا شاندێک کە پێکدێن لە نوێنەرانی دەم پارتی، کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، نوێنەرانی وڵاتان، و پارت و ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان بەشداری تێدا دەکەن. ئامانج لە کۆنفراسەکە پتەوکردنی پەیوەندییە هاوپەیمانێتییەکانی نێوان بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکانی کورد و عەرەب و پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان پارتە سۆشیال دیموکراتەکانە.  

سەرچاوەیەکى باڵاى حکومەتى عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەکۆبونەوەکەى ئەمڕۆدا بڕیاری ئەوەدراوە کە مووچەى مانگى شەش خەرج بکرێت، بەو مەرجەى ١٢٠ ملیار دینارى داهاتى ناوخۆ بنێردرێت بۆ بەغدا. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دا. لیژنە هاوبەشەکانیان لە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن.  ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئابی 2025،  ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا کە یەکێک لە تەوەرەکانی کارنامەکەی، پرسی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوت بوو.  سەرچاوەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەکە لە بەغدا ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، بە زۆرینەی دەنگ و بەبێ مەرج، بڕیاری لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دا. هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش دا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕاسپێردراوە لە سبەینێوە دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات و چاوەڕێش دەکرێت، هەر سبەینێ، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار لە داهاتی فیدراڵی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکات.  لیژنە هاوبەشەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکانیان بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.   

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ سەردانی لاهور شێخ جەنگی و بەشێک لە دەستگیرکراوەکانیان کردوە لەشاری سلێمانی. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى دەستەکە ناوبرا ئاماژەی بەوە کردوە تەندروستی باشەو لەژورێکی تایبەت دانراوەو تەواوی پێداویستیەکانی بۆ دابین کراوە، بەڤیدیو لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە، داوای پەرتوکی کردبوو لەئاسایش کومەڵێک پەرتووکیان بۆ هێناوە، لەوکاتەی کەهاتووە بۆ زیندانی ئاسایش لەکانی گۆمە، ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشکەنجەیەک نەبۆتەوە. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی لاهور شێخ جنگی و بەشێک لە دەستگیرکراوەکانیان کرد لەشاری سلێمانی ڕۆژی سێشەمه ٢٦ی ئاب شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەڕاسپاردەی سەرۆکی دەستە د.مونا یاقۆ سەردانی شاری سلێمانیان کرد، شاندەکە لەگرتوخانەی کانی گۆمە چاویان کەوت بە لاهور شێخ جنگی لەنزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ کرد دەربارەی ڕەوشی تەندروستی و شوێنی حەوانەوەو ڕێکارەکان پرسیاریان لێ کرد. ناوبرا ئاماژەی بەوە کرد تەندروستی باشەو لەژورێکی تایبەت دانراوەو تەواوی پێداویستیەکانی بۆ دابین کراوە وە هەروەها بەڤیدیو لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە وەهەروەها داوای پەرتوکی کردبوو لەئاسایش کومەڵێک پەرتووکیان بۆ هێناوە، وە ئاماژەی بەوەش کرد لەوکاتەی کەهاتووە بۆ زیندانی ئاسایش لەکانی گۆمە، ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشکەنجەیەک نەبۆتەوە. دواتر لاهور شێخ جنگی داوای کردووە کە دۆسیەکەی بەڕێکاری یاسایی بروات و دەستەش چاودێری بکات. هەروەها لەسەر ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژە گوتی زووتر نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریکاو بەریتانیاوفەرەنسا و حکومەتی هەرێمی لێ ئاگادار کردۆتەوە کە ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدەن. دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەدا مافی ناوبراوە ڕێگە بە پارێزەرەکانی بدرێ سەردانی بکەن و بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا ئەو پرسەش چارەسەر بکرێ و ڕێگە بدرێ بە سەردانی پارێزەرەکان. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کەلەکاتی لێکۆڵینەوەکان هیچ توندوتیژیەکی بەرامبەر نەکراوەو هیچ دان پێدانێکی بەزۆری لێی وەرنەگیراوە هەروەها لەوەڵامی پرسیاری تیمی دەستە سەبارەت بە ڤیدیو کردن لەکاتی لێکولینەوە گوتی هیچ کامیرا و ئامێری تۆمارکردن نەبووە لەکاتی لێکولینەوە. دواتر تیمەکەی دەستە چاویان بەبەشێک لەدەستگیراوەکان کەوت کە وەک ئەندامی هێزەکەی لاهور شێخ جنگی ناسراون و بەپێی بەدوا داچونی شاندەکەی دەستە ژمارەیان ١٦٢ کەسن وە ئاسایش گوتی ژمارەی کوژراوەکانی هەردوو لا پێنج کەسن هەروەها ئاماژەیان پێکرد کە ڕۆژانە ڕێگە بەبەشێک لەکەس و کاریان دراوە سەردانیان بکەن وە ئاماژەیان بەوە کردوە لە ئێستادا شوێنیان باشە لەو کاتەی هێنراونەتە ئاسایش. ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژیەک نەبونەتەوە. دەستەی مافی مرۆڤ ڕایدەگەینێ هەر کەسێکی نادیارو بێ سەرو شوێنە لەو ڕووداوە دەتوانێ سەردانی نوسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ بکات بۆ سۆراخ کردنی کەسەکانیان جێی باسە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ یەکەم دامەزراوەی فەرمیە دوای ڕووداوەکانی سلێمانی سەردانی دەستکیرکراوانی کردبێت. دەستەی سەربەخۆی مافی مروڤ لەهەرێمی کوردستان ٢٦ی ئابی ٢٠٢٥

لە بنکەی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە شارۆچکەی تل تەمەری باکووری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، مانۆرێکی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامدا. ئاژانسەکانی هەواڵ ئاشکرایان کردووە، لە بنکەی سەربازیی(قەسرەک) لە شارۆچکەی تل تەمەر و دەورووبەری، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) و هێزەکانی هاوپەیمانان، مانۆرێکی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامدا و فڕۆکە جەنگییەکان زۆر نزم بەسەر ناوچەکەدا دەسووڕانەوە. خەڵکی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن، جگەلە نزمی فڕۆکەکان، دەنگی تەقینەوە و تەقەی زۆریان بیستووە، لەوەوە زانیوویانە مانۆری سەربازیی ئەنجام دەدرێت، سەرچاوەکانی هەواڵیش دەڵێن: ئەمڕۆ بەیانی، هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئەرکی تایبەت بە(ئیرادەی تۆکمە) لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی شەوی ڕابردووی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانان، ئامانج لێی، پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هەردوولایە. پەیامەکە ئاماژە بەوەشدەکات، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکە هەوڵێکە بۆ بەرزکردنەوەی تواناکان لەپێناو شکستپێهێنانی داعش، هەروەها پارێزگاریی کردن لە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە.

سەرۆک کۆمارى تورکیا دەڵێت تورکیا گەرەنتی ئاسایشی کوردە لە سوریا، ئەوانەی ڕوو لە ئەنقەرە و دیمەشق دەکەن سەردەکەون، ئەوانەی قیبلەیان لەدەست دەدەن، دەدۆڕێن. ئەمڕۆ سێ شەممە لە یادی سەركەوتنی سەلجوقیەکان بەسەر بیزەنتینیەکان لە شەڕی مەلازیگرت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا وتارێکى پێشکەشکرد و سەبارەت بەپرۆسەى چارەسەرى ڕایدەگەیەنێت: ئێمە لە ماوەیەکی کورتدا پێشکەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە لە پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کە بۆ ڕووخاندنی دیوارەکانی ناتەبایی دەستمان پێکردوە.  هەروەها ئەوەشدەخاتەڕوو هەموو دامەزراوەکان بە وردبینی و زڕنیگیەوە کارەکانیان ئەنجام دەدەن. وتیشی: میللەتەکەمان سەرنجی ئەو کەسانە دەدات کە هەوڵی ژەهراویکردنی پرۆسەکە دەدەن بە ئەجێندای ناپەیوەندیدار. هەرچییەک بکەن، ئەمجارەیان سەرکەوتوو نابن. ئەمجارە کەس ناتوانێت لە ڕێگای ئەم کەشوهەوای هیوادا بوەستێت. ئەردۆغان جەختى لەسەر ئەوەکردەوە تورکیا گەرەنتی ئاسایشی کورد لە سوریا دەکات. ئەوانەی ڕوو لە ئەنقەرە و دیمەشق دەکەن سەردەکەون. ئەوانەی قیبلەیان لەدەست دەدەن، دەدۆڕێن. وتیشى: وەک تورک و عەرەب و کورد تا کۆتایی زەمان لەم خاکەدا شان بە شانی یەکتر دەژین. چاوەڕوانی پشتیوانی هەر هاوڵاتییەکم کە دژی تیرۆر و خوێن و فرمێسک و دووبەرەکی وەستاوە.

سەرۆک کۆمارى تورکیا دەڵێت تورکیا گەرەنتی ئاسایشی کوردە لە سوریا، ئەوانەی ڕوو لە ئەنقەرە و دیمەشق دەکەن سەردەکەون، ئەوانەی قیبلەیان لەدەست دەدەن، دەدۆڕێن. ئەمڕۆ سێ شەممە لەبۆنەیەکدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا وتارێکى پێشکەشکرد و سەبارەت بەپرۆسەى چارەسەرى ڕایدەگەیەنێت: ئێمە لە ماوەیەکی کورتدا پێشکەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە لە پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کە بۆ ڕووخاندنی دیوارەکانی ناتەبایی دەستمان پێکردوە.  هەروەها ئەوەشدەخاتەڕوو هەموو دامەزراوەکان بە وردبینی و زڕنیگیەوە کارەکانیان ئەنجام دەدەن. وتیشی: میللەتەکەمان سەرنجی ئەو کەسانە دەدات کە هەوڵی ژەهراویکردنی پرۆسەکە دەدەن بە ئەجێندای ناپەیوەندیدار. هەرچییەک بکەن، ئەمجارەیان سەرکەوتوو نابن. ئەمجارە کەس ناتوانێت لە ڕێگای ئەم کەشوهەوای هیوادا بوەستێت. ئەردۆغان جەختى لەسەر ئەوەکردەوە تورکیا گەرەنتی ئاسایشی کورد لە سوریا دەکات. ئەوانەی ڕوو لە ئەنقەرە و دیمەشق دەکەن سەردەکەون. ئەوانەی قیبلەیان لەدەست دەدەن، دەدۆڕێن. وتیشى: وەک تورک و عەرەب و کورد تا کۆتایی زەمان لەم خاکەدا شان بە شانی یەکتر دەژین. چاوەڕوانی پشتیوانی هەر هاوڵاتییەکم کە دژی تیرۆر و خوێن و فرمێسک و دووبەرەکی وەستاوە.

بەکاریگەریی ڕووداوەکانی ئەم دواییە، یەکێتی پەیوەندییە فەرمییەکانی لەگەڵ پارتی هەڵپەساردەوە. بەوتەی سەرچاوەیەک لە یەکێتی نیشتمانی کە بۆ پەنجەرە قسەی کردوە، بافڵ تاڵەبانی- سەرۆکی یەکێتی، زۆر لە پارتی نیگەرانە و پێیوایە ڕۆڵی هەبووە لەو ڕووداوانەی ئەم دواییە لە سلێمانی ڕوویانداوە کە دیارترینیان هەوڵدان بووە بۆ تیرۆرکردنی خودی تاڵەبانی. وتیشی: یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی لەوە تووڕەن کە پلانداڕێژەری کارەکە ئەژی ئەمین، سەرۆکی پێشووی دەزگای زانیاریی یەکێتییە کە ئێستا لە هەولێرە. باسی لەوەشکرد: تووڕەیی یەکێتی بەو ئاراستەیەیە کە پارتی ڕێگەی بە ئەژی ئەمین داوە ئازادانە کاربکات و دەست بۆ دۆسییەی گەورە ببات لە سنووری سلێمانی لە نمونەی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی و هەوڵ بۆ ئەنجامدانی "کودەتا" بدات، داواش دەکات دۆسییەی ناوبراو یەکلایی بکرێتەوە و ڕۆڵەکەی کۆتایی پێبهێنرێت. بەوتەی سەرچاوەکەی یەکێتی، ئەو حزبە هەموو پەیوەندییە فەرمییەکانی لەگەڵ پارتی هەڵپەساردووە و ئێستا پەیوەندییەکانی هەردوولا لەو پەڕی خراپیی دایە. شەوی پێنجشەمە و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی (21 و 22ـی ئاب) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر لالەزار کە بارەگای سەرەکی بەرەی گەل و ماڵی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەکەی لێبوو، یەکێتی ئەگەرچی بە فەرمیی ڕاینەگەیاندووە، بەڵام بە نافەرمی باس لەوەدەکات هۆکاری پەلامارەکە بۆ بوونی "پیلانێک" دەگەڕێتەوە بەمەبەستی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی.

شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی، لە ڕۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەدا گەشت بۆ ئیمرالی دەکات بە مەبەستی دیداری ڕێبەر ئاپۆ، ئەمەش  یەکەم سەردانی شاندی دەم پارتى دەبێت لە دوای دامەزراندنی کۆمیسیۆنی هاودەنگی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی. وابریارە، پێنج شەمەى ئەم هەفتەیە شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، کە لە هەریەکە لە پەروین بوڵدان جێگری سەرۆک پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری وانی دەم پارتی، مەدحەت سانجار پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەر لە نووسینگەی یاسایی سەدە پێکهاتووە بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەردانی زیندانی ئیمرالی بکەن. هێشتا ڕۆژی دیدارەکە دیاری نەکراوە، بەڵام دیدارەکە کە لە چوارچێوەی کارەکانی “کۆمسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی”ـدا لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجام دەدرێت. چاوەڕوان دەکرێت ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا، پەیوەست بە کارەکانی کۆمسیۆنەکە و پرۆسەی چەک لەناوبردن پەیامی گرنگە بدات. ئەنجامدانی ئەمدیدارەش لە کاتێکدایە، نزیکەی یەک مانگ بەسەر کۆتا دیداری ئیمرالی و دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا تێپەڕدەبێت. سەردانەكەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی دوای دێت، تونجەر باكرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە چەند رۆژی رابردودا وتارێكی توندی داو وتی:  لە ٢٥ی تەمموزەوە کۆبونەوەکانی نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان و شاندی ئیمرالی لە زیندانی ئیمرالی لە پاشەكشێدان و رایگەیاند: ئایا دەرگاکانی زیندانی ئیمرالی تەنها كەرەستەیەكە لە دەستتدا؟ مانگێک بیکەیتەو و دواتر بۆ مانگی داهاتوو دایبخەیت، ئایا بەم شێوەیە پشتگیری ئەم پرۆسەیە دەکەیت؟ ئایا بەم شێوەیە بە ئاشتی دەگەین؟ ئەم داخستنە بۆ ماوەی مانگێک خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی ناکات.

یۆنامی نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە دەربڕی کە تێیدا "مامەڵەی خراپ" لەگەڵ دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی هۆتێل لالەزار لە سلێمانی کراوە. هاوکات داوای ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان دەکات. نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی هۆتێل 'لالەزار' و بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی ژمارەیەک دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی بڵاوکردەوە.  لە ڕاگەیەندراوەکەدا، یۆنامی ئاماژەی بەوەداوە "ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە میدیاکان بڵاوبوونەتەوە و نیشاندەری ڕووداوەکانی لالەزارن، دەریدەخەن کە مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەستگیرکراوان کراوە و ئەمەش مایەی نیگەرانییە." یۆنامی هەروەها جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستیی زامنکردنی پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان بۆ هەموو دەستگیرکراوانی ڕووداوەکە. ئەم کاردانەوەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە دێت کە شەوی 21 لەسەر 22ی ئاب، هێزێکی ئەمنیی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵیانکوتایە سەر هۆتێل لالەزار لە سلێمانی.  دوای چەند کاتژمێرێک لە پێکدادان، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی 'بەرەی گەل'، لەگەڵ خوشک و برایەک و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی دەستگیرکران. دوابەدوای ڕووداوەکە، چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە کە تێیاندا دەردەکەوێت بەشێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکە سووکایەتی بە دەستگیرکراوەکان دەکەن، ئەمەش کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە و بووە هۆی دەرکردنی ئەم ڕاگەیەندراوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. ڕووداوەکەی لالەزار بووە هۆی کوژرانی چەندان کەس لە هێزەکانی یەکێتی و پاسەوانەکانی لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەسیش بریندار بوون. هاوکات تا ئێستاش چارەنووسی چەندان کەس نادیارە.

بەپێى ناوەڕۆکى ڕاپۆرتێکى تەیف سامی کە پێکهاتووە لە 75 لاپەڕە لەبارەی کۆبوونەوە و ناکۆکییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەلایەن وەزیرى داراییەوە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و تیایدا داوا لە سودانى دەکرێت خۆى دوابڕیار لەبارەى پرسى موچەو کێشەکانەوە بدات. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، کۆببێتەوە و تێیدا راپۆرتێک لەبارەی پابەندییە داراییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بخرێتەڕوو بڕیارى کۆتایش لەبارەى ناردنى مووچەوە بدرێت. سەرچاوەیەکی باڵای نێو حکومەتی عیراق ئەوەدەخاتەڕوو پرسی نەوت و خەرجکردنی موچەی هەرێمی کوردستان، وەک بابەتێکی سەرەکی لە کارنامەی دانیشتنەکەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا جێگیر کراوە. لەو راپۆرتەدا گە تەیف سامى وەزیری دارایی نووسیویەتی: "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی، تەکەزیان کردەوە لەسەر پابەندبوون بە رێککەوتنەکانی پێشوو، بەڵام ناکۆکییەکی بنەڕەتی لەبارەی لێکدانەوەی یاسایی دەستەواژەی "گەنجینەی گشتی" سەریهەڵداوە." تەیف سامی دەڵێت، ئەمەش وایکرد هەردوولا رێکبکەون لەسەر بەرزکردنەوەی دۆسیەکە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەمەبەستی دەرکردنی بڕیاری کۆتایی.   راپۆرتەکە باسی کۆبونەوەکان دەکات کە لەنێوان هەردولادا ئەنجامدراون، هەروەها واژۆی ئامادەبووانی کۆبونەوەکانی لەسەرە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە لە میانی دوایین کۆبوونەوەدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ دۆسیەی یاسایی پێشکەش کرد کە بڕیار و رێنمایی و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆ گرتبوو. شاندەکە جەختی کردەوە لەسەر پابەندبوونیان بە رێککەوتنی پێشوو، بەڵام ئاماژەیان بە لێکدانەوەی تایبەتی خۆیان کرد بۆ چەمکی "گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان" و جیاوازییەکەی لەگەڵ "گەنجینەی گشتیی فیدراڵی". لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی میکانیزمی تایبەتی خۆی بۆ پۆلێنکردن و دابەشکردنی داهاتەکان خستووەتەڕوو، کە لەسەر بنەمای تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025 ئامادە کرابوو. خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکە لە چۆنیەتی لێکدانەوە و مامەڵەکردنی یاسایی بوو لەگەڵ ئەو داهاتانەی کە لە باج و رسومات و گومرگەوە لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێنەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەهۆی ئەم جیاوازییە لە لێکدانەوەکاندا و بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی بەربەست، هەردوولا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە گونجاوترین هەنگاو بریتییە لە خستنەڕووی تەواوی بابەتەکە بە وردەکارییەکانیەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی. بڕیارە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و گونجاو لەبارەی چارەسەرکردنی دۆخی داهاتە نانەوتییەکانەوە بدات.

هاوسەری لاهور شێخ جەنگی ڕایدەگەیەنێت مەزڵوم عەبدى فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە کاتێکی سەخت و دژواردا وەک دۆستێکی دێرین لە هەواڵی پرسین.  دەشلێت خەمخۆری و پشتیوانیی بۆ من و هاوسەرەکەم و خێزانەکەمان و هەموو ئەوانەی لەگەڵمان وەستاون، زۆر بەرز دەنرخێنم. گەشە حەمەچاوشین هاوسەری لاهور شێخ جەنگی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە. دەقى نوسینەکە.. دەمەوێت سوپاسی بێپایانی ژەنەڕاڵ مەزڵوم کۆبانی بکەم کە لە کاتێکی وەها سەخت و دژواردا وەک دۆستێکی دێرین لە هەواڵی پرسین. خەمخۆری و پشتیوانیی بۆ من و هاوسەرەکەم و خێزانەکەمان و هەموو ئەوانەی لەگەڵمان وەستاون، زۆر بەرز دەنرخێنم؛ لە ڕادەبەدەر سوپاسگوزارین بۆ ئەو میهرەبانییەی نواندی و بۆ هەڵوێستێکی وا ڕوون و بۆ پرەنسیپی باڵایان؛ بیرخستنەوەیەکی بەهێزە کەتەنانەت لە سەختترین ساتەکانیشدا، هاودەنگی و هاوسۆزی دۆستان دەتوانێت یارمەتیمان بدەن بەسەر هەموو ئاستەنگێکدا زاڵبین.

ئەمڕۆ 37ساڵ بەسەر ئەنفالی بادینان تێپەڕ دەبێت و لە سەرسەنگ ڕێوڕەسمی تایبەت بەم بۆنەیە بەرێوەچوو؛ هاوكات مەسعود بارزانی ده‌ڵێت، هیچ ڕووداوێک بە ئەندازەی ئەم تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ نەیگریاندووه‌. ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیادی ئەنفالی بادینان، سیداد بارزانی، نوێنەری مەسعود بارزانی، وتارەکەى خوێندەوە. بارزانی له‌ گوتاره‌كه‌یدا ڕایگەیاندووه‌: 25ـی ئاب ڕۆژێکی تاڵە لە مێژوویی گەلی کوردستاندا، 37ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچوو لە بەردەوامی زنجیرە تاوانەکانی بەرانبەر خەڵکی کوردستان و لە قۆناغی هەشتەم و ناسراو بە ئەنفالی بادینان ئەنجام دا، ئەم قۆناغە جیاواز بوو لە هەموو قۆناغەکانی دیکەی ئەنفال، هێزەکانی ڕژێمی بەعس دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە جەنگیی نێوان عێراق و ئێران دەستیکرد بە ئەنفالی بادینان. مەسعود بارزانی له‌ گوتاره‌كه‌یدا گوتوویه‌تی: ڕژێمی به‌عس هەموو هێزی سەربازی و توانا هەواڵگرییەکانی و هێزە ئاسمانییەکانی بەکارهێنا بۆ ئەم تاوانە دڕندانه‌یه‌، هەروەها ڕۆژێک پێش ئەنفالی بادینان ڕژێمی بەعس دەڤەری بادینانی کیمیاباران کرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی ئەنفال و خاپوورکردنی سەدان گوند و مینڕێژکردنی گوند و زۆربەی دەڤەرەکە، ئامانجی ڕژێم لەناوبردنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی قارەمان و شۆڕشگێڕانی بادینان بوو. ئاماژەی بەوەش کردووه‌،  یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ڕژێم نەهێشتنی ئاسەواری ژیان بوو لەو دەڤەرە، لە ئەنجامدا هەزاران هاووڵاتیی بێسەروشوێن و ئەنفال و کیمیاباران کران، ئەمە جگە لەوەی دەیان هەزار کەس ئاوارە بوون و ماڵ و شوێنیان بەجێهێشت. بارزانی باسی لەوەش کرد، لەو کاتەی کیمیاباران و لەناوبردن و ئەنفالی گەلی کورد دەکرا، ناخۆشترین و تاڵترین ڕۆژی ژیانم بوو، وەبیرمە برووسکەیەکم بۆ لقی یەکی پارتیمان نارد و لە وەڵامدا ڕایانگەیاند: جەماوەری گەمارۆدراو ئاماژە بەوە دەکەن ئامادەین لێرە بمرین، بەڵام خۆمان ڕادەست ناکەین، ئەم هەڵوێستە بۆ هەموو کوردێک و ئازادیخوازێک جێگای شانازی بوو، هیچ ڕووداوێک بە ئەندازەی ئەم تاوانکارییە نەیگریاندم. لە کۆتاییدا گوتی: دوای 37ساڵ ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە دەبینین چیان بەسەر هاتووە و گەیشتن بە سزای خۆیان، پێویستە حکوومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بادینان و تەواوی ناوچەکانی دیکە بکاتەوە، باشترین وەفا و ڕێز بۆ قوربانییانی ئەنفال یەکڕیزی و یەکگرتنە. جه‌ختیشی كرده‌وه‌، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ هێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان بۆ زێدی خۆیان