هاوڵاتی لە گوندی لانەسیتی قەزای کەلار ئۆتۆمبێلێک سێ منداڵ دەشێلێت و رەوانەی نەخۆشخانەکران، لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستی پێکردووە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان پاترۆڵ لە گوندی لانەسیتی لە قەزای کەلار، دوای ئەوەی کۆنترۆڵ لە دەست دەدات سێ منداڵ دەشێلێت پاشان خۆی دەکێشێت بە بۆردێکدا و زیان بە بۆردەکە دەگەیەنێت. دەشڵێت، بریندارەکان لەدایک بووی ساڵی ( 2016 - 2016 - 2017 )ەو، لە گوندی لانە سیتی دادەنیشن، بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار کران. ئەووشی خستۆتەڕوو، لەلایەن تیمی هاتووچۆوە لێکۆڵینەوە لە ووداوەکە دەستی پێکردووە و لێخوڕی ئۆتۆمبێلەکە مۆڵەتی شۆفێری نیە.
هاوڵاتی وەزیری دارایی عێراق ھۆکاری نەناردنی مووچەی ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی ھەرێم ئاشکرادەکات و لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران وتی: بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنیەکانی هەرێم چاوەڕێی چارەسەر کردنی کێشەکانین یاخود چاوڕێی بڕیارێکی سوودانی دەکەین. لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پرسیار لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق کراوە لەبارەی مووچەی موچەخۆران و هێزە ئەمنیەکانی ھەرێمی کوردستانەوە. تەیف سامی رایگەیاندووە، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێم دراوە، لیستی مووچەی ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانیش ھەندێک کێشەی تێدایە و بۆ خەرجکردنی مووچەکانیان چاوەڕوانی چارەسەرکردنی کێشەکان، یاخود بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانە بۆ ئەوەی مووچەکانیان بۆ خەرج بکات. تائێستا بەغداد بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی ئایاری ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی نەداوە، ئەمە لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی ھەرێم لیستی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی ناردووە بۆ بەغدا.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەبێ فراكسیۆنی پارتی و نینوا لاهلها كۆبوویەوە و قائیمقامی شنگال و مەخموور و 12 بەرپرسی ئیداری دیكەی ناوچەكەیان هەڵبژارد. ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەیاندا سەیدۆ خەیری ئەحمەد بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن وەک قائیمقامی شارۆچکەی شنگال هەڵبژارد. ئاماژە بەوەشکراوە، سەردار حەمەد وەک قائیمقامی شارۆچکەی مەخموور و سامر یوسف، وەک قایمقامی شارۆچکەی حەمدانیە و خەلیل هابش بە قائیمقامی شارۆچکەی تەلەعفەر هەڵبژێردرا. لە راگەیاندراوەکەی ئەنجومەنی نەینەوادا هاتووە، ڕەعد ناسر وەک قائیمقامی تلکێف و عەلی ساڵح مازی وەک قائیمقامی حەزەر هەڵبژێردران. ئەوەشخراوەتەڕوو، غالب عەلی وەک بەڕێوەبەری شارەدێی قەراج و فەلاح قەنبەر، وەک بەڕێوەبەری شارەدێی بەرتڵە و عوبەید خەلیل ئەحمەد وەک بەڕێوەبەری شارەدێس زوممار هەڵبژێردران. لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، عەلی محەممەد جدەیەع وەک بەڕێوەبەری شارەدێی شۆرە و ئوسامە شاهر وەک بەڕێوەبەری شاردێی گەیارە هەڵبژێردران.
هاوڵاتی هەپەگە رایگەیاند، کە لە باکوورەوە تا هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، کوردستان بە تەواوەتی بووەتە گۆڕەپانی بەرخودان. دەشڵێن: مانگی حوزەیران بە گشتی 185 چالاکیی ئەنجامدراون و تێیدا 46 سەربازی دەوڵەتی تورکیا کوژراون. ئەمڕۆ سێشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازی تورکیایان لە خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند. هێزەکانی پاراستنی گەل، هەپەگە ئەوەیان خستۆتەڕوو، لەمیانی هێرشەکانیاندا لە ماوەی مانگی حوزەیراندا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، 46 سەربازی تورکیایان کوشتووە. جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی رابردوودا تورکیا بوونی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە ناوچەی بەرواری باڵا زیادکردووە و دەستی بە زیادکردنی بنکەکانی مانەوە و دانانی خاڵی پشکنین کردووە، هاوکات ژمارەیەك بنکەی سەربازیی نوێی دروستکردووە.
هاوڵآتی ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق 269 ملیۆن و 250 هەزار دۆلاری خستە بازاڕەوە و بەرزبوونەوەی نرخەکەشی بەردەوامە. لە ئێستادا بەراورد بە بەیانى ئەمڕۆ نرخى دۆلار بەرزبوەوە بەجۆرێک لە ئێستادا نرخى 100 دۆلار بەرامبەر 148 هەزار و 300 دینار مامەڵەى پێوە دەکرێت. جێگای ئاماژەیە، لە ئێستادا 100 دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر پێنج ملیۆن و 750 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەکرێت. ئەوەش لەکاتێکدایە، بەیانى ئەمڕۆ هەر 100 دۆلارێک بەرامبەر 147 هەزار و 750 دینار مامەڵەى پێوەکرا.
هاوڵاتی بەهۆی تەقینەوەیەک لە ناو کەمپی ئاوارەکانی شنگال ژنێک گیانی لەدەستداوە و چەند کەسێکی تر بریندار بوون. نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، لەنێو کەمپی خانکێی ئاوەرەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک تەقینەوەیەک روویدا و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان ژنێک گیانی لەدەستداوە. لەم بارەیەوە پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە دهۆک رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی جلشۆرێک ژنێکی تەمەن 37 ساڵ گیانی لەدەستداوە. هەر لەم بارەیەوە سەرچاوەیەکی تری ئەمنی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت وتوویەتی، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە. گومان دەکرێت بۆمبێکی چێندراو بێت. ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاندووە، بەهۆی تەقینەوەکەوە "ژنێک گیانی لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون. سەرچاوە، رووداو
هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێم روونکردنەوە دەدات سەبارەت بەڕووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە نزیک پڕۆژەی میران سیتی لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی. ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، دەزگای ئاسیشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕۆژی 2ی تەممووزی 2024، کاتژمێر 11:30بەهۆی تەقیینەوەی ئۆتۆمبێلێک لەجۆری کیا سپۆرتاج ڕەنگی سپی کە لەئێستادا هۆکاری تەقینەوەکەی نەزانراوە. دەشڵێت، بەهۆی تەقینەوەکەوە، دووکەس بە سەختی بریندار بوون، کە یەکیکان شۆفێری ئۆتۆمبێلێک و ئەوەی دیکەیان سەرنشین بووە و لەئێستادا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە بەردەوامە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی رۆژی سێشەممە 2-7-2024، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری کیا سۆرێنتۆ، رەنگی رەش لە نزیک پرۆژەی میران سیتی لە سلێمانی تەقییەوە. بەهۆی رووداوەکەوە دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە برینداربوون و لەلایەن هاووڵاتییانەوە براون بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی. هەر زوو تیمەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئۆپەراسیۆن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و چواردەوری ئۆتۆمبێلەکەیاندا. تاوەکو ئێستا نازانرێت هۆکاری تەقینەوەکە چیبووە. گومانەکان بۆ هێرشی درۆنی یان بۆمبی لکێنراو یان کێشە لە تانکی سووتەمەنی ئۆتۆمبێلەکە دەچێت.
هاوڵاتی کارەبای سلێمانی، نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان لەنێوان 11هەزار و 500 بۆ 12 هەزار و 500 دینار دەبێت. ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی لە راگەندراوێکدا رایگەیاند، لیژنهی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئههلییهكان کۆبووەوە و بهپێی نرخی سوتهمهنی له بازاڕهكاندا نرخی ههر سەعاتێک بۆ یهك ئهمپێر 41 دینارە. دەشڵێت، نرخی یهك ئهمپێر كارهبای موهلیدهی ئههلی گهڕهكهكان لهناو شاری سلێمانی له نێوان 11 هەزار و 500 بۆ 12هەزارو 500 دینارە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەو پێیەى موەلیدەکان لە نێوان 280 بۆ 305 کاتژمێر کاریان کردووە، بههۆی جیاوازی كارکردنیان نرخی ئهمپێرێك له گهڕهكێك بۆ گهڕهكێكی دیكه جیاواز دهبێت. سەبارەت بە خشتەی کارپێکردنی مۆلیدەکان ئاماژەی بەوەداوە، خشتهی كارپێكردنی موهلیده بۆ مانگى تەممووز 24 كاتژمێری دەبێت واتە هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی كوژایەوە پێویسته موهلیدهكان كارەبا بدەن به هاووڵاتییان. لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە،کە لیژنهی دیاریكردنی نرخی موهلیده ئههلییهكان، لهكۆنووسهكهدا جهختیان لهوه كردوهتهوه كه لهكاتی كوژاندنهوهی كارهبای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی موهلیده و پێدانی كارهبا به هاووڵاتییان له دە خولهك زیاتر بخایهنێت، بهپێچهوانهوه خاوهن موهلیدهكه سزادهدرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە 1ی تەممووزی 2024، کەجەکە لەسەر تۆمەتبارکردنى پەکەکە بە سوتاندنى بازاڕەکانی هەولێر هاتە دەنگ و رایگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئێمە پێشتر بەرگریمان لەو شارانە كردووە و شەهیدمان لە پێناویدا داوە، ئەم تۆمەتانە بۆ ویژدانی گەلی كورد و عێراق جێدەهێڵین، كە بە چاوی خۆیان شاهیدی بەرخۆدانی ئێمە بوون. دەشڵێت، ئێمە هەموو ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانە رەتدەکەینەوە، كە هەمووان دەزانن ئەم هێرشە لە لایەن دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) و رێكخراوی هەواڵگریی پارتی دیموكراتی كوردستان (پاراستن)وە ئەنجام دراون. دەقی راگەیەندراوەکەی کەجەکە: بۆ سەرجەم میدیاكان و ڕای گشتی لە ڕێگەی میدیاكانەوە زانیمان كە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) تۆمەتباركراوە بەوەی، كە هەندێك ئاگریان لە شارەكانی هەولێر و كەركووك و دهۆك كردووەتەوە، ئێمە ئەم تۆمەتە بێ بنەمایانە ڕەتدەكەینەوە، كە هەمووان دەزانن ئەم هێرشە لە لایەن دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) و ڕێكخراوی هەواڵگریی پارتی دیموكراتی كوردستان (پاراستن)وە ئەنجام دراون. پەكەكە بە خۆڕاگری و هەڵوێستە پرەنسیپی و یەكگرتووەكانی بە تێپەڕبوونی كات سەلماندی، كە هێزێكە جێگەی متمانە و گەلانی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە،لە هەر شوێنێك گەل بەر هەڕەشە و نادادپەروەری بكەوێت، پەكەكە هەڵوێستێكی درووست وەردەگرێت و پشتیوانی گەل دەكات، ئەمڕۆش شەڕێكی توند و بێوچان لە دژی كۆلۆنیالیزمی توركیا ئەنجام دەدات، كە هەنگاو بە هەنگاو عێراق و هەرێمی كوردستان داگیر دەكات. سوپای داگیركەری تورك بە پشتیوانی و ئاسانكاریی ئیدارەی پەدەكە لە زاخۆ و دهۆك و هەولێر بێڕێزی خۆی بۆ گەلەكەمان نیشان دەدات و بە ئاشكرا بەردەوامە لە جێبەجێكردنی داگیركارییە نهێنییەكەی. سوپای داگیركەری تورك بە ئاشكرا ڕێگاكانی ناو خاكی عێراق دادەخات و خەڵك ناچار دەكات بە گەڕان و پشكنین و دڵنیابوون لە ناسنامەكانیان، گوندنشینانیش دەستگیر دەكات و بۆردوومانیان دەكات ئاوارەیان دەكات، ڕۆژانە تاوانەكانی سوپای داگیركەری تورك پەرەدەسێنێت، لە كاتێكدا پەدەكە لە ئاستی ناوخۆییدا بەردەوامە لە هاوكاریكردنی لەگەڵیدا و حكومەتەكەی سوودانیش بێدەنگ و بێ وەڵامە. سەرەڕای بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو و بۆمبی كیمیایی دژی شەڕڤانان و ئەنجامدانی هەموو جۆرە تاوانێكی جەنگ و بەكارهێنانی نوێترین تەكنەلۆجیا بۆ بەرژەوەندی سوپای تورك، بەڵام گەریلای ئازادیخوازانی كوردستان بە سوود وەرگرتن لە هەموو ئەو توانایانەی لەبەردەستیاندایە، بەرەنگاری ئەم داگیركارییە دەبێتەوە، دەوڵەتی فاشیستی تورك تووشی شكستێكی سەخت دەبێتەوە. سوپای داگیركەری توركیا لەو خاڵانەی تا ئێستا داگیری كردوون، بە زەحمەت دەجووڵێت و تەنیا بە لەبەركردنی جلی هێزەكانی عێراق و پەدەكە دەتوانێت بجوڵێت، لە كاتێكدا بزوتنەوەكەمان سەركردایەتی بەرخۆدانێكی گەورە لە بەرامبەر ئەم هێرشە كۆلۆنیالیزمانەدا دەكات، بەڵام بە قووڵی ناڕازین لەو بەیاننامەیەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق. كاتێك هێرشەكانی داعش لە عێراق دەستی پێكرد، بزووتنەوەكەمان بە هەموو توانای خۆیەوە بۆ پاراستنی خەڵكی عێراق و گەلی كورد بەبێ هیچ بەرژەوەندییەك جووڵەی كرد، بەشێوەیەكی كاریگەر بەشداریمان لە هەڵمەتەكانی ئازادكردنی ناوچەكانی هەولێر، مەخمور، كەركوك، شنگال، موسڵ لەدەست داعش كرد باجێكی قورسمان لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دا، تەنانەت سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بۆ ئەوە سوپاسی كردین. ئەو تۆمەتانەی كە ئێمە بازاڕ و گوندەكانی كەركوك و هەولێر و دهۆكمان سووتاندووە، هەڵبەستراوی باوەڕپێنەكراوە، ئێمە پێشتر بەرگریمان لەو شارانە كردووە و شەهیدمان لە پێناویدا داوە، ئەم تۆمەتانە بۆ ویژدانی گەلی كورد و عێراق جێدەهێڵین، كە بە چاوی خۆیان شاهیدی بەرخۆدانی ئێمە بوون. ئێمە هیچ دوژمنایەتییەكمان بەرامبەر دەوڵەتی عێراق و خەڵكی عێراقی نییە، بزووتنەوەیەك كە بۆ ئازادیی و خۆشگوزەرانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەكۆشێت، ئەم تۆمەتانە بوختانن لەلایەن دەزگای هەواڵگری توركیاوە، ئاشكرایە كە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە كاتی دەركردنی ئەم بەیاننامەیەدا لە ژێر كاریگەری ڕێنمایی هەندێك لایەندا بووە. سەرچاوەی ئەو تۆمەتانە ڕێكخراوی هەواڵگری توركیا (میت) و لقەكەی لە هەرێمی كوردستان (پاراستنە)ە، كە ڕێكخراوێكی تاوانكاری نێودەوڵەتییە و هەنگاو بە هەنگاو هەوڵی داگیركردنی عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات، ئێمە هیچ پەیوەندییەكمان بە هیچ ڕووداوێك و چالاكیەكەوە نییە، جگە لەوانەی داگیركردنی توركیا دەكەنە ئامانج. ئێمە و هەموو عێراقییەك و كوردێك دەزانین كە دەوڵەتی داگیركەری تورك لایەنێكی سەرەكییە هێرش دەكاتە سەر سەقامگیری و ئاسایشی عێراق، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم بەیاننامەیە لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەدا دەربكەین، كە دوورن لە ڕاستییەوە و ئامانجیان بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتییە. داوا لە دەوڵەتی عێراق و وەزارەتی ناوخۆ دەكەین كە بەرپرسیارانە بەرامبەر ڕێنماییەكانی هەواڵگری توركیا مامەڵە بكەن و جوڵانەوەكەمان بە تۆمەتی بێ بنەما نەبەستنەوە و تاوانبارانی ڕاستەقینە ئاشكرا بكەن. هاوكات داوا لە گەلانی دیموكراسی و خۆڕاگری عێراق دەكەین كە هەڵوێستی پتەوی بەرامبەر ئەو درۆیانە بگرنەبەر، هەروەها هەنگاو بنێن بەرامبەر بەو كردار و قسەیانەی كە هەوڵی شەرعیەتدان بە داگیركاریی توركیا دەدەن. لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی سیستەمی كۆمەڵگەی كوردستان (كەجەكە)
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی، زیاتر لە 70 ملیار دینار داهاتى نانەوتى هەرێم خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق. ئەمڕۆ دووشەممە، 1ی تەممووزی 2024وەزارەتى دارایى و ئابووریى لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، رۆژی یەک شەممە 30ی حوزەیرانی 2024، بڕى 70 ملیار و 131 ملیۆن و 250 هەزار دینار خرایەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. دەشڵێت، پارەکە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری نێردراوە، ئەوەش وەکو پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئازاری ساڵی 2024.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە وڵاتی نەمسا و چەند دیدارێکی دەبێت. ئەمڕۆ دووشەممە، 1ی تەممووزی 2024، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان به سهردانێكى فهرمى دهگاته ڤيهنناى پايتهختى نهمسا. دەشڵێت، نێچيرڤان بارزانى سبهى سێشهممه لهگهڵ سهرۆككۆمار و وهزيرى دهرهوهى نهمسا كۆدهبێتهوه. لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانیش ئاماژە بەوە کراوە، هەردوولا "دهرفهت و بوارهكانى برهودان به پهيوهندييهكانى نهمسا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبهش، تاوتوێ دهكەن."
هاوڵاتی دادگەی فیدراڵی لەبارەی کردنی ھەڵەبجە بە پارێزگای 19 ھەمینی عێراق و پێدانی شایستەی دارایی و ئیداریی بە پارێزگاکە کۆدەبێتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 1ی تەمووزی 2024، دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق کۆدەبێتەوە و سکاڵایەکی تایبەت بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە و پێدانی شایستەی دارایی و ئیداریی بەو پارێزگایە تاوتوێ دەکات. ئەمڕۆ دانیشتنی یەکەم لەسەر سکاڵایەک بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن موسەننا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران تۆمارکراوە. جێگەی ئاماژەیە، لە سکاڵاکەدا داواکراوە دادگا بڕیارێک دەربکات بۆ پابەندکردنی سکاڵالێکراوان بە کارکردن بە مادەی 141ی دەستور تایبەت بە دانپێدانان بەسەرجەم ئەو بڕیارانەی لەلایەن حکومەت و پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراون. ھەروەھا داواکراوە بڕیاربدرێت لەبارەی کردنی ھەڵەبجە بە پارێزگای 19 ھەمینی عێراق و پێدانی شایستەی دارایی و ئیداریی بە پارێزگاکە. جێگەی ئاماژەیە، لەئەیلولی 2009 پەرلەمانی کوردستان بە بڕیارێک ھەڵەبجەی بە پارێزگا ناساند و ساڵی 2013 بڕیارەکە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرا. سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئازاری ساڵی رابردووداو دوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجەی ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران کرد، بەڵا تا ئێستا پڕۆژەکە پەسەندنەکراوە.
هاوڵاتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەكان لەبواری گومرگ و دەروازە سنوریەکان، وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە. ئەمڕۆ دووشەممە 1ی تەمووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری حوکمەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 30ی حوزەیرانی 2024، وەفدێكی حکومەتی هەرێمی کوردستان, کە پێکهاتوون لە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری و, بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و وەفدی یاوەریان گەیشتوونەتە شاری بەغدا. دەشڵێت، ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر کێشەو گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبواری گومرگ و دەروازە سنوریەکان.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە 1ی تەمووزی 2024، رۆژنامەی (العربي الجدید) رایگەیاند، بڵاوبونەوەی هێزەكانی توركیا لە پارێزگای دهۆك بەرفراوانتربووە, لە پێشهاتێكدا كە رەنگە دەستپێكی پرۆسەیەكی سەربازی بێت, كە ناوچەكە لە رۆژان و هەفتەكانی داهاتوودا بەخۆیەوە ببینێت. ئاماژەی بەوەشکردوە، سوپای توركیا خاڵی پشكنینی سەربازی لەو ناوچانە داناوە و رێگەی لە ئۆتۆمبیلی كۆمپانیا گەشتیارییەكان گرتووە كە عێراقیەكان لەڕێیەوە سەردانی هەندێك لە هاوینەهەوارە دەكەن لە رۆژە گەرمەكانی هاویندا, لەنمونەی هاوینەهەواری (گەلی شێرانە). رۆژنامەی (العربي الجدید) دەشڵێت، لە كاتژمێرەكانی رابردوودا پێشهاتی ئەمنی نوێ تۆماركراوە, هێزەكانی توركیا لە ناوچەكە, بڵاوكراوەیان بەسەر هاوڵاتیانی گوندو شارۆچكە سنوریەكانی پارێزگای دهۆكدا دابەشكردووە, داوایان لێكردون لەو ناوچانە دوربكەونەوە كە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستانی لێیە. لەم بارەیەوە رۆژنامەکە ئەوەی خستۆتەڕوو، شایەتحاڵەكان لە ناوچەكە جەختیان كردووە, هێزێكی زۆر بە چەكی قورسەوە گەیشتونەتە گوندەكانی باكوری شاری دهۆك, لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئۆتۆمبێلی سەربازی و هێزی پیادە. باسیش لەوەکراوە، تەواوی ئەو پێشهاتانە بەگوێرەی رێككەوتنی ئەمنیی بەڕێوەدەچێت كە لەنێوان بەغدادو ئەنكەرەو هەولێردا كراوە, بێدەنگی هەولێر و بەغداش ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەوە.
