هاوڵاتی وەزارەتی دارایی، زیاتر لە 70 ملیار دینار داهاتى نانەوتى هەرێم خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق. ئەمڕۆ دووشەممە، 1ی تەممووزی 2024وەزارەتى دارایى و ئابووریى لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، رۆژی یەک شەممە 30ی حوزەیرانی 2024، بڕى 70 ملیار و 131 ملیۆن و 250 هەزار دینار خرایەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. دەشڵێت، پارەکە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری نێردراوە، ئەوەش وەکو پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئازاری ساڵی 2024.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە وڵاتی نەمسا و چەند دیدارێکی دەبێت. ئەمڕۆ دووشەممە، 1ی تەممووزی 2024، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان به سهردانێكى فهرمى دهگاته ڤيهنناى پايتهختى نهمسا. دەشڵێت، نێچيرڤان بارزانى سبهى سێشهممه لهگهڵ سهرۆككۆمار و وهزيرى دهرهوهى نهمسا كۆدهبێتهوه. لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانیش ئاماژە بەوە کراوە، هەردوولا "دهرفهت و بوارهكانى برهودان به پهيوهندييهكانى نهمسا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبهش، تاوتوێ دهكەن."
هاوڵاتی دادگەی فیدراڵی لەبارەی کردنی ھەڵەبجە بە پارێزگای 19 ھەمینی عێراق و پێدانی شایستەی دارایی و ئیداریی بە پارێزگاکە کۆدەبێتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 1ی تەمووزی 2024، دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق کۆدەبێتەوە و سکاڵایەکی تایبەت بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە و پێدانی شایستەی دارایی و ئیداریی بەو پارێزگایە تاوتوێ دەکات. ئەمڕۆ دانیشتنی یەکەم لەسەر سکاڵایەک بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن موسەننا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران تۆمارکراوە. جێگەی ئاماژەیە، لە سکاڵاکەدا داواکراوە دادگا بڕیارێک دەربکات بۆ پابەندکردنی سکاڵالێکراوان بە کارکردن بە مادەی 141ی دەستور تایبەت بە دانپێدانان بەسەرجەم ئەو بڕیارانەی لەلایەن حکومەت و پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراون. ھەروەھا داواکراوە بڕیاربدرێت لەبارەی کردنی ھەڵەبجە بە پارێزگای 19 ھەمینی عێراق و پێدانی شایستەی دارایی و ئیداریی بە پارێزگاکە. جێگەی ئاماژەیە، لەئەیلولی 2009 پەرلەمانی کوردستان بە بڕیارێک ھەڵەبجەی بە پارێزگا ناساند و ساڵی 2013 بڕیارەکە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرا. سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئازاری ساڵی رابردووداو دوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجەی ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران کرد، بەڵا تا ئێستا پڕۆژەکە پەسەندنەکراوە.
هاوڵاتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەكان لەبواری گومرگ و دەروازە سنوریەکان، وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە. ئەمڕۆ دووشەممە 1ی تەمووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری حوکمەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 30ی حوزەیرانی 2024، وەفدێكی حکومەتی هەرێمی کوردستان, کە پێکهاتوون لە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری و, بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و وەفدی یاوەریان گەیشتوونەتە شاری بەغدا. دەشڵێت، ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر کێشەو گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبواری گومرگ و دەروازە سنوریەکان.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە 1ی تەمووزی 2024، رۆژنامەی (العربي الجدید) رایگەیاند، بڵاوبونەوەی هێزەكانی توركیا لە پارێزگای دهۆك بەرفراوانتربووە, لە پێشهاتێكدا كە رەنگە دەستپێكی پرۆسەیەكی سەربازی بێت, كە ناوچەكە لە رۆژان و هەفتەكانی داهاتوودا بەخۆیەوە ببینێت. ئاماژەی بەوەشکردوە، سوپای توركیا خاڵی پشكنینی سەربازی لەو ناوچانە داناوە و رێگەی لە ئۆتۆمبیلی كۆمپانیا گەشتیارییەكان گرتووە كە عێراقیەكان لەڕێیەوە سەردانی هەندێك لە هاوینەهەوارە دەكەن لە رۆژە گەرمەكانی هاویندا, لەنمونەی هاوینەهەواری (گەلی شێرانە). رۆژنامەی (العربي الجدید) دەشڵێت، لە كاتژمێرەكانی رابردوودا پێشهاتی ئەمنی نوێ تۆماركراوە, هێزەكانی توركیا لە ناوچەكە, بڵاوكراوەیان بەسەر هاوڵاتیانی گوندو شارۆچكە سنوریەكانی پارێزگای دهۆكدا دابەشكردووە, داوایان لێكردون لەو ناوچانە دوربكەونەوە كە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستانی لێیە. لەم بارەیەوە رۆژنامەکە ئەوەی خستۆتەڕوو، شایەتحاڵەكان لە ناوچەكە جەختیان كردووە, هێزێكی زۆر بە چەكی قورسەوە گەیشتونەتە گوندەكانی باكوری شاری دهۆك, لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئۆتۆمبێلی سەربازی و هێزی پیادە. باسیش لەوەکراوە، تەواوی ئەو پێشهاتانە بەگوێرەی رێككەوتنی ئەمنیی بەڕێوەدەچێت كە لەنێوان بەغدادو ئەنكەرەو هەولێردا كراوە, بێدەنگی هەولێر و بەغداش ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەوە.
هاوڵاتی هاوڵاتییان سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن بۆ ئەوەی لە پرۆسەی هەڵبژاردن بێبەش نەبن و جارێکی تر پەنجەمۆریان تاقی بکەنەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی حوزەیرانی 2024، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگهیاند، کۆمسیۆن بڕیاریداوە ئەوانەی پێشتر پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە لە 1ی 7 تا 10ی 7 بتوانن سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن. دەشڵێت، ئەمانج لەم بڕیارەی کۆمیسیۆن کە داوێتی بۆ ئەوەیە ئەو هاوڵاتییانەی پێشتر پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە جارێکی دیکە پەنجەمۆریان تاقی بکەنەوەو بخوێندرێتەوە بۆ ئەوەی لەپرۆسەی دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان بێبەش نەبن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی حوزەیرانی 2024، وهزارهتی دارایی و ئابووری حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگەیاند، سبهینێ دهرگای سهرجهم بانكه حكومییهكانی سهر بهبهڕێوبهرایهتی گشتی بانكه بازرگانییهكان دادهخرێت و پشووی بانکییە. بهڕێوبهرایهتی گشتی بانكه بازرگانیهكانی وهزارهتی دارایی ههرێم ئەوەی خستەڕوو، ئاگاداری سهرجهم هاوڵاتیان دهكهین سبهینێ دووشهممه 2024/7/1، پشووی بانكییه له سهرجهم بانكه حكومییهكانی سهر بهبهڕێوبهرایهتی گشتی بانكه بازرگانییهكانی وهزارهتی دارایی و ئابووری ههرێمی كوردستان. دەشڵێت، بۆیه دهرگای بانك بهڕوی هاوڵاتییان دادهخرێت. ئەوەشی خستەڕوو، تهنها فهرمانبهران دهوامی ئاسایی خۆیان دهكهن بهمهبهستی ڕێكخستنی هاوسهنگی نیوهی ساڵی دارایی 2024.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد لە گرتووخانەی شاری سلێمانی ئەمڕۆ لەکاتی سەردانیکردنی گشتیی زیندانکراواندا کەسێک چەقۆی بردووەتە ژوورەوە و دوو زیندانیکراوی بریندارکردووە. ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی حوزەیرانی 2024، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی رووداوەکەوە قسەی بۆ هاوڵاتی کرد و وتی، "ئەمڕۆ سەردانکردن گشتی بووە، گەنجێک لە بەشی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی چووەتەژوورەوە و چەقۆی لە پێڵاوەکانیدا شاردووەتەوە چەقۆی یاوە لە دوو بەندکراو و برینداری کردوون". روونیشیکردەوە، "ئەو گەنجە چەقۆکەی لەناو پێڵاوەکەیدا شاردووەتەوە و کێشەی لەگەڵ دوو کەسدا هەبووە کە دەستگیرکراون بە تۆمەتی کوشتنی برای ئەو گەنجە، لەگەڵ چوونەژورەوەی چەقۆی داوە لەو دوو زیندانییە و برینداری کردوون". ئەوەشی خستەڕوو، "هەردوو زیندانییەک گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار و مەترسی لەسەر گیان و ژیانیان نییە و ئەو کەسەی هێرشەکەشی کردوە دەستگیرکراوە بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی".
هاوڵاتی وەزیری دادی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە زانیاری دەخاتەڕوو. ئەمڕۆ دووشەممە 30ی حوزەیرانی 2024، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "پرسی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی رێککەوتن و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی و حکومەت، کێشەیەکی یاسایی یان سیاسی نییە، بەڵکو بابەتەکە پەیوەندی بە وردبینیکردنی لیستەکانەوە هەیە". وەک وەزیری دادی عێراق دەڵێت، "ئەو کێشە کەمانە، هەموویان قابیلی چارەسەرکردنن"، جەختیش لەوەدەکاتەوە کە رۆژ بە رۆژ کێشەکان زیاتر بەرەو چارەسەر دەچن. وتیشی "دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق وردبینی بۆ لیستی مووچە دەکەن و بەشێوەیەکی ئاسایی مووچەی فەرمانبەران دەگاتە هەرێمی کوردستان". خالید شوانی روونکردنەوەی لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان دا ئاماژەی بەوەکرد، "هەندێک کێشە و تێبینی هەیە لە ناوەکان و لیستەکان و وردبینیکردن لە رێگەی کۆدەوە، ئەوانەش قابیلی چارەسەرکردنن و لێکتێگەیشتنی بنچینەیی هەیە لەسەر ئەوەی بەغدا مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات".
هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی حوزەیرانی 2024، ئەو ژنەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن براکەیەوە سوتێنرا و رێژەی سووتاویەکەی لە %80 بوو بەیانیی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا. رۆژی سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە لە خوشکەکەی داوە و ئاگری لە جەستەی بەرداوە. کوفان نوری، ئەو ژنەی کە سوتێنرا و گیانی لەدەستدا، دایکی سێ منداڵە و تەمەنی 35 ساڵ بوو و لە گەڕەکی مالتا لە دهۆک نیشتەجێ بووە.
هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا هەر کەسێک ڤیدیۆی تەقەکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکاتەوە دەدرێتە دادگا. ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەر کەسێک ڤیدیۆی تەقەکردن لە تیک تۆک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بڵاوبکاتەوە، لەلایەن داواکاریی گشتیی سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت و دەدرێتە دادگا". میرانی ئەوەشی وت، "بەسەدان کەس لەسەر ئەوەی چەکی بێ مۆڵەتیان لابووە، پێبژاردنی دارایی (غەرامە) و بەندکراون و کەیسەکانیان لای دادگایە".
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسی ئاماژە بەوەدەدات، پلەی گەرما زیاتر دادەبەزن و تەوژمە هەوایەکی دیکەی فێنکی دەریای ناوەڕاست کاردەکاتە سەرناوچەکانمان. ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند، "ماوەی چەند رۆژێکە پلەکانی گەرما کەمێک دابه زینی بەخۆوە بینیوە لە ئەنجامی کشانەوەی تۆپەڵە هەوای گەرمی باکووری ئەفەریقی و لاوازبوونی نزمە پاڵە پەستۆی گەرمی وەرزی زەریای هیندی، لەئەنجامی لاواز مانەوە و کەمبوونەوەی نزمە پاڵە پەستۆی گەرمی وەرزی زەریای هیندی و هاتنی تەومە هەوایه کی تری فێنکی دەریای ناوەڕاست لە رۆژانی داهاتوودا پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن". ئەوەشی وت، "رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە پلەی گەرما بە رێژەی 1 تا 3 پلەی سیلیزی و بۆ سێشەممەو چوارشەممە تا 4 بۆ 5 پلە دادەبەزێت". بەپێی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە بێت، بەدرێژایی ئەم هەفتەیە با چالاکە ناو بەناو بە زۆریش بای شەماڵ زیاتر کاتەکانی دوانیوەڕۆ بەولاوە بەخێرایی 15 تا 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بەرپرسی لقی دهۆکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەبوونی تورکیا لە دەڤەری بادینان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەشدەکات، تورکیا دەوڵەتێکە لەسەر بنەمای داگیرکاری بەردەوامی بە بوونی خۆی دەدات ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، سگڤان ئەرتیسی، بەرپرسی لقی دهۆکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەبارەی داگیرکارییەکانی تورکیا لە سنووری قەزای ئامێدی و ناوچەکانی بادینان بە هاوڵاتی راگەیاند، "هەبوونی تورکیا لە دەڤەری بادینان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان و بە زەبر نەبێت زەحمەتە تورکیا ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات کە لەئێستادا تێیدان". ئەو بەرپرسەش پێی وایە، ئەگەر حزبە دەسەڵاتدارەکان بەرژەوەندیی خۆیان لەبەرچاونەگرن و ببنە یەک دەنگ و یەک دەست و بابەتی نەتەوەیی بهێنە پێشەوە، دەتوانن رێگری لەم داگیرکارییەی تورکیا بکەن، بەڵام حزبەکان لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان یەکتری تۆمەتبار دەکەن. وتیشی، "تورکیا لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەتێکی داگیرکەرە، دەوڵەتێکە لەسەر بنەمای داگیرکاری بەردەوامی بە بوونی خۆی دەدات، هەروەها تورکیا هەر جێگەیەک داگیربکات بە ئاسانی دەستبەرداری نابێت، کولتوور و هونەر و زمانی خۆی دەسەپێنێت بەسەر ئەو ناوچەیەدا". ماوەی چەند رۆژێکە سوپای تورکیا بەشێوەیەکی فراوان دەستیان بە لەشکرکێشی کردووە لە ناوچەکانی قەزای ئامێدی و سنووری بادینان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەم لەشکرکێشییە بێدەنگی هەڵبژاردووە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، 20 ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاند، "چەکی 20 ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان". بەپێی وتەی نەوزاد شێخ کامیل بێت، لەو پارەیە 10ملیار دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی و شەش ملیار دیناری بۆ ھەولێر و چوار ملیار دیناریشی بۆ پارێزگای دھۆکە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، "رێککارە کارگێڕییەکانی دابەشکردنی پارەکە تەواوکراوە و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت". تائێستا لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بڕی 292 ھەزار و 760 تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە و پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمیش بەردەوامە.
هاوڵاتی لەبەر چەند هۆکارێکی سیاسی و هونەری تاوەکو ئێستا کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چارەسەر نەکراوە. ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ی راگەیاند "تاوەکو ئێستا لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی داراییە و وردبینیکردن تیایاندا بەردەوامە و پێیان رانەگەیاندووین هۆکارى نەناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چییە و چ تێبینییەکیان لەسەر لیستەکە هەیە". ئاماژەی بەوەشکردوە، "وردبینی لیستی مووچە لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی لە بنەڕەتدا سێ بۆ چوار رۆژی پێدەچێت، بەڵام زیاتر لە 10 رۆژە لیستی هێزە ئەمنییەکانیان بەدەست گەیشتووە، بەڵام وردبینی تیایدا تەواو نەبووە". لەبارەى هۆکارى دواکەوتنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان، ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی راگەیندووە، هۆکارەکان سیاسی و هونەرییە، هۆکارە سیاسییەکان بەهۆى پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادەوە و هۆکارى هونەرییەکانیش بەهۆی ئەو لیستەوەیە کە نێردراوە کە پێدەچێت جیاوازیی هەبێت لەگەڵ لیستەکانی پێشوودا". ئەوەشی خستۆتەڕوو، "ئەگەر وردبینی لیستی هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی ئایار تەواوبێت، پێناچێت بۆ مانگەکانی داهاتوو ئەم کێشەیە دووبارەبێتەوە و بۆ مانگەکانی دیکە مووچەی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی خۆیدا دەنێردرێت".
