کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانیی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت رایگەیاند، ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە واشنتن واژۆکراون بەهاکەیان زیاترە لە 100 ملیار دۆلار و بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانە. کەمال محەمەد لەبارەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجی و وێسترن زاگرۆس، باسی لەوە کرد راوێژیان بە وەزارەتی نەوتی عێراق نەکردووە، بەڵام گرێبەستەکان “گرنگن” و سوود بە حکومەتی عێراقیش دەگەیەنن. لەبارەی وردەکاری گرێبەستەکانەوە، کەمال محەمەد گوتی، کێشەی کارەبا چارەسەر دەکەن و کارەباش دەدەن بە عێراق چونکە رێککەوتنەکان بەشێکیان لەبواری پەرەپێدانی غازن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. گرێبەستی یەکەم لە بواری غازدا لەگەڵ کۆمپانیای میران ئێنیرجی، کە پێکهاتوون لە کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئێنرجی و گروپی ئۆنێکس واژۆکراوە، بەگوتەی وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئامانج لێی ئەوەیە کێڵگەی غاز لە ژێرخانی هەرێمی کوردستاندابەکاربهێندرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەو کارەبایەشی بۆ عێراق دەچێت، بۆیە دەتوانم بڵێم هەرێمی کوردستان و عێراقیش لێی سوودمەند دەبن.” بە گوتەی کەمال محەمەد، گرێبەستەکەی دیکە کە لەگەڵ وێسترن زاگرۆس واژۆکراوە، بۆ پەرەپێدانی زیاتری کێڵگەی تۆپخانە و کێڵگەی کوردەمیرە تاوەکو بەرهەمی نەوت و غازیان زیاتر بێت و پێشتریش ئەم کۆمپانیایە لە کێڵگەی کوردەمیر کاری کردووە.

  دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامى مەکتەبى سیاسیی یەکێتی دەڵێت، لە کابینەی هەشتەمەوە 50 بە 50 لە پێکهێنانی حکومەتدا نەماوە، بەڵام هەموو پۆستێک نرخی خۆی هەیە و پێوستە لەسەر بنەمای شایستەی هەڵبژاردن پۆستەکان یەکلابکرێنەوە. لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ وتى: لەگەڵ پارتى لە گفتوگۆى بەردەوامدان، بەڵام تائێستا هیچ پۆستێکی کابینەی دەیەمیان یەکلانەکردووەتەوە. ئەو وتیشى: لە 2013وە حكومەتی 50 بە 50 نەماوە، كابینەی هەشت و نۆ بنكە فراوان بوو، هیچ پۆستێك یەكلایی نەبووەتەوە. (لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ دەبێت بە سەرۆكی پەرلەمان). پێنجشەممەى ڕابردوو، 15-05-2025، لە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان، مەسعود بارزانی ڕایگەیاند جەخت لەبنەمای یەك حكومەت و هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك پێشمەرگە دەكەمەوە، حكومەتێك پێكناهێنرێت لەسەر بنەمای (پەنجا بە پەنجا). بارزانى وتیشى: هەوڵێكی زۆر درا هەڵبژاردنێك بكرێت كە پێشتر ئەنجامەكەی دیاریكرابوو خۆشبەختانە رێگەمان نەدا، بەرێگەی جیاوازی هەوڵی تریاندا. دوا بەدواى ئەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای كۆڕبەندی دێلفی لەشاری سلێمانی لەپرێس كۆنفرانسێكدا وتی: رێزم هەیە بۆ مەسعود بارزانی زۆر دەمێكە حكومەتی 50 بە 50 پێكنەهێنراوە ئیتر نازانم بۆچی ئەم بابەتە هەر باس دەكرێتەوە، نایەتەوە بیرم كە كۆتا حكومەت پێكهێنرابێت 50 بە 50 بوبێت.

  جەمیل بایک ڕایگەیاند، نەک تەنها ئەرکەکان بەڵكو پێویستە مەترسییەکانیش ببینین و بە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتیمان مەترسییەکان ببینین و لەناویان ببەین، ئەگەر ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا ڕێزێک بۆ کوردان هەیە، ئەمە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەیە کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە و دەستوەردانی تێداکردووە. دوازدەهەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ٥ تا ٧ـی ئایار لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، بڕیارەکانی کۆنگرە لە ١٢ـی ئایار بۆ ڕای گشتی بڵاو کرایەوە، لە کۆنگرەکەدا جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، هەڵسەنگاندنی کرد. هەڵسەنگاندنەکانی جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە بەم شێوەیەیە: سەرەتا گرێدراوبوون و ڕێزی خۆم بۆ ڕێبەر ئاپۆ پێشکەش دەکەم و هەروەها لە کەسایەتی هەڤاڵ فوئاد و ڕەزا دا یادی هەموو شەهیدانی پەکەکە و شەهیدانی ئازادیی و دێموکراسی بەڕز ڕادەگرم و ڕێز و حورمەتی خۆمیان پێشکەش دەکەم. ئەگەر ئەمڕۆ سیاسەتەکانی رێبەر ئاپۆ لە جیهاندا شوێنی خۆی گرتووتەوە هەموو ئەنجامی مانیفێستی یەکەمە، کێشەی بنەڕەتی ئێمە لە ئێستادا بێ گومان تێگەیشتنە، رێبەر ئاپۆ بە دەست پێکردنی کۆنگرەوە مانیفێستێکی پێشکەش کردین، سەرەڕای هەموو کەموکورتی و هەڵەکان، ئەو مانیفێستەمان بەرەو پێشەوە برد و ئەنجامێکی زۆمان بەدەستهێنا، ئەمە ڕاستییەکە کە کەس ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات، هەموو کەسێکی هۆشیار دەزانێت کە تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ نەک هەر بۆ گەلی کورد و ژنانی کورد بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی و ژنانی جیهان ئەنجامێکی وەهای بەدەست هێناوە و زۆر گرنگن. لەو هەلومەرجەدا و بەو مانیفێستەوە پەکەکە دامەزرا و تێکۆشان دەستیپێکرد و ئەوەش ڕاست بوو، ئەم ڕووداوە مێژووییە بۆ گەلی کورد و ژنانی کورد بوو بە شوناسێک، ئەگەر ئەمڕۆ گەلی کورد، ژنانی کورد و ڕێبەر ئاپۆ و سیاسەتەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە جیهاندا بڵاو بووەتەوە و هەموو لایەک ئیلهامی لێ وەردەگرن و بە هیواوە سەیری دەکەن، ئەوا ئەنجامی ئەو مانیفێستەیە و له ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکەدا هاتووە. ئەم بزووتنەوەیە لە کات و سەردەمێکدا کە دامەزرا بە دروستی دامەزرا و تێکۆشانی دەستپێکرد، بێگومان کەموکوڕی و هەڵەکان ناشارمەوە ئەمە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام ئێمە مێژوویەکی پر لە سەربەرزیمان هەیە، ئەم مێژووە بە هەموو کەموکورتی و هەڵەکانییەوە بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتی موعجیزە و بەهایەکی گەورەی خوڵقاند ئەمە ڕاستییەکە دەبێت هەموو کەس ئەمە بزانێت. ئێستا هەموو تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چی بوو؟ بۆ ئەوە بوو گەڵیک لە هەموو هەلومەرجێکدا خاوەندارێتی لە ئازادیی خۆی بکات، تێکۆشان بکات، ڕێبەر ئاپۆ بە قوربانیدانی مەزن، بە ئازاریی مەزن، بە تێگەشتنە مەزنەکانی پەکەکە ئەمە بە دی هات، بۆ ئەوەی پرسی کورد و ڕاستی گەلی کورد لە هەموو لایەکەوە بخاتە پێش هەمووکەسێک، ویستی لەسەر ئەم بنەمایە پرسی کورد لە ڕێگەی سیاسەت و دیموکراتیکەوە چارەسەر بکات، بۆ ئەمەش پەرەی بە چەندین هەنگاودا، بەڵام هەم لە ناوخۆی پەکەکە و دەرەوەی پەکەکەدا بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوانەی نراون پێشنەکەون زۆر دەستوەردان کرا. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ لە دژی هەڵە، کەم و کورتی و تاوان وەستا، هەندێک زیاتر لە ناو پەکەکەدا وەستا، تێکۆشانی بنەڕەتی لە ناو پەکەکەدا پەرەپێدا، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی کورد، مرۆڤی کورد، داگیرکەرانی پشت ئەم سیتەمی سەرمایەدارییە، ناتۆ کۆمەڵگەیەکی چۆن، مرۆڤێکی چۆنیان دروست کرد باش تێگەشتن، ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی دیاریکرد لەسەر ئەو بنەمایە، تیۆر، فەلسەفە، ئایدولۆژی، ڕێکخستن، جەنگاوەری ئەم کۆمەڵگەی پەرەپێدا تاوەکو بتوانێت لە شوێنێکی وەک کوردستان تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسی پەرەپێبدات. بۆ ئەمەش پێویست بوو لە کۆمەڵگەی کورد و مرۆڤی کورددا گۆڕانکاری دروست ببێت، ئەگەر لە زیهنیەت و کەسایەتی کۆمەڵگەدا گۆڕانکاری دروست نەبوایە، مەحاڵە دەبوو تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسییەکی وەها پەرەی پێبدرێت و ئەم تەڤگەرە هەم بۆ گەلی کورد و هەم بۆ مرۆڤایەتی بوو بە هیوا، بۆ ئەمەش هەر لە سەرەتاوە فیدایی و ئیرادەی بە بنەما گرت، لەسەر ئەم بنەمایە ئەم تێکۆشانە پەرەی سەند، لە ئەنقەرەوە تاوەکو ئیمراڵی لەسەر ئەم بنەمایە ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشان بەڕێوەدەبات، لە ئیمراڵییش وتی، تەنها لە هەلومەرجی مندا گۆڕانکاری بکەن، وەکتر دەرفەتی تیۆری و پراکتیکم هەیە بتوانم ئەم پرسە لەسەر زەمینەی ئاشتیی چارەسەر بکەم. ئەم تەڤگەرە تەڤگەرێکی ئیرادە و فیداییە، بە تەواوەتی خۆی خستۆتە خزمەتی ڕێبەر ئاپۆ و بەشدار بوون لەسەر ئەم بنەمایە دروست دەبێت، لەبەر ئەوەی ئێمە بەوجۆرە بەشداری ئەم تەڤگەرە بووین، بەشداربوونمان بەشداربوونە لە ڕێبەر ئاپۆ، مادام بەشداری ڕێبەر ئاپۆ بووین، پێویستە نەک لە هەندێک لایەنی ئەمەوە لە هەموو لایەنێکەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ یەکێتی بونیاتبنێین. ئێستا ئەرک لە پێشمانە، چۆن بتوانین ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو لایەنێکەوە بگەیەنینە جیهان؟، بە تێگەشتنی ڕێبەر ئاپۆ سۆسیالیزم لە جیهان پێش دەخەین، چونکە ئەو ئاستەی ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە نەک تەنها لە مانیفێستۆی یەکەمدا پەرەی پێداوە، بەڵکو لەگەڵ مانیفێستۆی دووەمدا ئیدی دەبێت بە گەردونی، پێویستە ئەمە زۆر باش تێبگەین، ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە پرسەکانی ناو بزوتنەوەکە و ناو کۆمەڵگەی وەک پرسی خۆی دەبینێت، دەیخستە ئەستۆی خۆی کە چۆن ئەم پرسانە چارەسەر بکات، لە خۆییدا ئەوشتانەی چارەسەر کرد. دووژمن چەندە ویستی ڕێبەر ئاپۆ ڕەش بکات، ئەگەرچی نەیتوانی ئەوە بکات و بەڵکوو تا دێت خۆشەویستی بۆ ڕێبەر ئاپۆ زیاتر دەبێت، کە ئەمڕۆ لە جیهان بڵاوبووتەوە، ئەو پڕۆسەی کە ڕێبەر ئاپۆ خستیەپێشمان، چۆن ڕاست پەرەی پێبدەین من لەسەر ئەمە دوەستم، ئەگەر تەڤگەر جارێکی دیکە هەڵە و کەم و کورتی ژیان نەکات، بە تایبەت من و هەڤاڵان کە بەشداری کۆنگرەکە بووین، تەواوی ئێمە دامەزرێنەری پڕۆسەی نوێین، پێویستە ئەرک و بەرپرسیارێتیمان نەک وەک خۆمان وەک ڕێبەر ئاپۆ پێی داوین تێبگەین و لەسەر ئەمە پراکتیزە بکەین، بۆ پراکتیکی ئەمەی لە پێشمانە بە ڕاستی زۆر گرنگە، وەک دامەزرێنەرانی کۆنگرەی یەکەمین نییە، واتە ئەرکی زیاتر لە پێشمان دایە. مەترسیش هەیە، نابێت تەنها ئەرکەکان ببینین، پێویستە مەترسیەکانیش ببینین، ئەم مەترسییانە بە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیمان دەتوانین ببینین و لە ناوی ببەین، ئەگەر ئەمە نەبێت، ئامانجی دووژمن ئەوەیە کە پەکەکە بە ناوی کورد و کوردستان چیکردوە بە تەواوی لە ناوی دەبات، ئێستا ئەم تەڤگەرەی ڕێبەر ئاپۆ قازانجی بە کورد دا، ئەگەر ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بۆ کوردان ڕێزێک هەیە، ئەمە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەیە کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە و دەستوەردانی تێداکردوە. ئێستا لەسەر ئەو دەستوەردانە مێژووییە، دەستوەردنێکی مێژووی مەزنتر و قوڵتر پەرەپێدەدات، بەو پارادایم و مانیفێتسۆی کە دەستمان پێکرد، ویستی کە پرسی کورد نیشانبدات و هەمووکەسێک تێبگەیەنێت، لەسەر ئەم بنەمایە چارەسەری پەرەپێبدات، دەتوانم بڵێم هەموو ئەو کەم و کورتیانەی دروستبوون، ئێستا ڕێبەر ئاپۆ بە پارادایمی نوێ و مانیفێستۆی دووەم دەیەوێت پرسی مرۆڤایەتی ئازادیی و دیموکراسی چارەسەر بکات، هەربۆیە ئەرک و بەرپرسیارێتیمان زۆر مەزنبوون، پێویستە بۆ ئەوەش ببینە وەڵامگۆ، ئەو بانگەوازەی ڕێبەر ئاپۆ کردی، لەسەر ئەم بنەمایە بۆ کۆنگرە سەرکەوتن دەخوازم.

  بەلەمێکی  کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز، بە 63 سەرنشینەوە ژێرئاوکەوت و یەکێک لە کۆچبەرەکان گیانی لەدەستدا. بەپێى زانیاریەکان لە نزیک کەناراوەکانی سور مێر لە باکووری فەڕەنسا بەلەمێکی کۆچبەران لە کاتی رۆیشتنی بەرەو کەناڵی ئینگلیز ژێرئاوکەوت، کۆچبەرێک گیانی لەدەستدا و 62 کۆچبەری دیکە لە خنکان رزگارکران. بەگوێرەی زانیارییەکان، دایک و مندالێک بەهۆی خراپیی تەندروستیانەوە بە فڕۆکە گواستراونەتەوە نەخۆشخانە، سەرجەم کۆچبەرەکانی دیکەش گەیەندراونەتەوە بۆ کەناری شاری بۆلۆن سور مێر. ئامارەکانی ئەم دواییە دەریدەخەن ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کەناڵی ئینگلیز دەبڕن بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە، هەفتەی رابردوو ژمارەی هاتنی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیزەوە 12 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی، كە دوێنی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستانی كرد دەڵێت: ئۆجەلان دڵخۆشە بەو پێشکەوتنانەی لە پرۆسەکەدا بەدەست هاتوون، هیچ كێشەیەك لە ئارادانیەو کۆبونەوەکەمان زۆر باش بوو. بوڵدان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: پشتگیری لە پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست دەکەن، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لە ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیا، بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، ئەم لیژنەیە هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە لە پەرلەمان، باشترە پێش کۆتایی ساڵی یاسادانانی ئێستا پێکبهێنرێت. باخچەلی داوای کردووە لیژنەکە لە ئەندامانی ئەو (١٦)پارتە سیاسییە پێكبهێنرێت، کە نوێنەرایەتیان لە پەرلەمان هەیەو لە (١٠٠) ئەندام لە خۆبگرێت. پەروین بوڵدان راشیگەیاندووە: باخچەلی روونی کردەوە کە پێویستە چی بکەین، لیژنەکە هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە پەرلەمان، چونکە دەبێت ئەم بابەتە لە پەرلەمان بە جددی گفتوگۆی لەسەر بکرێت، لیژنەکە تەنها بەم شێوەیە کاردەکات، دەبێت پێش کۆتایی ئەم ساڵی یاسادانانە پێکبهێنرێت. لەبارەی بانگەوازەكەی باخچەلی بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاش كە زمانی بەرپرسیارانە بەکاربهێنن، بوڵدان وتی: ئێمەش وەک بەڕێز باخچەلی بیر دەکەینەوە، پێویستە هەموو کەسێک وریا بێت لەو زمانەی بەكاریدەهێنێت، پێویستە خۆمان بەدوور بگرین لەهەر دەربڕینێک کە هێرشبەرانە یان سووکایەتیکردن بێت، نابێت ئەو وشانە بەکاربهێنرێن کە ئەم مانایەیان هەیە، کەش و هەوایەکی نوێ و پرۆسەیەکی نوێ لە ئارادایە ئێستا.

  یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بەرەو سعوودییە بەڕێ کەوت. وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیش دووپاتی دەکاتەوە، ڕێکارەکانمان توند کردووە و کەس ناتوانێت حەجی نایاسایی بکات.  بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 19-05-2025، یەکەم کاروانی حاجییان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەددەی عەرەبستانی سعوودییە بەڕێ کەوت کە 144 کەس بوون.  هەر ئەمڕۆ دووشەممە، 19-05-2025، کاروانێکی دیکەی حاجییان کە ژمارەیان 144 کەسە، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بەرەو سعوودییە بەڕێ دەکەوێت.   پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی توندکردنی ڕێکارەکانی حەج، بە ئەحمەد عەبدولسەمەد، ڕاگەیاند "ساڵی ڕابردوو لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێک هێنرا و ئەمساڵ هیچ کەسێک ناتوانێت بە شێوەیەکی نایاسایی حەج بکات. هاوکات حکوومەتی سعوودییەش ڕێکارەکانی بۆ ڕێگریی لە حەجی نایاسایی توندتر کردووە." وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بەوەش دا "ساڵی ڕابردوو ژمارەیەک کەس دوور لە ڕێنماییەکانمان حەجی نایاساییان کرد؛ بەداخەوە زەحمەتییان بینی و هەندێکیان گیانیان سپارد. هیوادارین ئەمساڵ هاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییەکانمان بن و کەس بە نایاسایی حەج نەکات." لەبارەی پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی حەج، پشتیوان سادق باسی لەوە کرد "ئەمساڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نزیکەی چوار ملیار دیناری بۆ پاڵپشتیی پرۆسەی حەج تەرخان کردووە و بڕی پاڵپشتییەکە لە ساڵی ڕابردوو زیاترە. ئەمساڵ شوێنی مانەوەی حاجییانی کوردستان لە کەعبە نزیکترە و پێویستییان بەوە نابێت بە پاس یان ئۆتۆمبێل بچنە حەرەم، هەر بە پێ دەچن. لە کاتێکدا حاجییانی عێراق دەبێت بە پاس بچن." بە گوتەی پشتیوان سادق "تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی مانگێک لەگەڵ حاجییان دەبن؛ شوێنی نیشتەجێبوون، خواردن و خواردنەوە و هەموو پێدوایستییەکانیان بۆ دابین دەکەن و شەو و ڕۆژ لە خزمەتیاندا دەبن. سوودمان لە کەموکوڕییەکانی ساڵی ڕابردوو وەرگرتووە و دڵنیام لە ڕووی ئامادەکارییەوە، پرۆسەی حەجی کوردستان لە بەشێکی زۆری وڵاتان باشتر دەبێت." پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە؛ ئەمساڵ پێنج هەزار و 136 هاووڵاتیی لە هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دەتوانن حەج بکەن.  

  سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئایار سەردانی چیای گابار لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان دەکات، پێشبینی دەکرێت لەبارەی پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە پەیامێک بڵاوبکاتەوە.   بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە 19ی ئایاری 2025 کە یادی ئەتاتورک و جەژنی وەرزش و لاوانە لە تورکیا، لە کێڵگەی نەوتی چیای گابار بەرنامەیەکی تایبەت رێکدەخات.   لەسەر بانگهێشتی ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان؛ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەشداری لە بەرنامەکەدا دەکات و لەگەڵ گەنجان کۆدەبێتەوە.   کورتوڵموش و نزیکەی 50 پەرلەمانتاری دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەشداری لە بەرنامەکەدا دەکەن و پێشبینی دەکرێت کورتولموش دەربارەی ئەو پرۆسەیەی بەڕێوەدەچێت پەیام بدات.   لە ساڵی 2021 لە چیای گابار نەوت دۆزرایەوە و ئێستا رۆژانە زیاتر لە 80 هەزار بەرمیل نەوت لەو کێڵگەیە بەرهەم دەهێنرێت.

  پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایدەگەیەنێت، 120 پرۆژەیاسای گرنگ ماون لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت و دەکەونە خولی داهاتوو. محەممەد عەنوز، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هیچ هیوایەک بۆ کارابوونی پەرلەمان لە چەند مانگی داهاتوودا نییە، بەڵکوو ئەو پرۆژەیاسانەی ماون و دەنگیان لەسەر نەدراوە، دەکەونە خولی داهاتوو. ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ئاماژەی بەوەش داوە، نزیکەی 120 پرۆژەیاسای گرنگ لە پەرلەمان ماون دەنگیان لەسەر بدرێت، لەم خولەدا تێناپەڕێنرێن و خراونەتە خولی داهاتوو. محەممەد عەنوز ڕاشیگەیاندووە، پەرلەمان لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە ڕووی سیاسییەوە مردووە، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی و جیاوازییەکانەوە. پێشتریش مەزهەر ساعیدی، سەرۆکی ڕوانگەی کاری پەرلەمانی ڕایگەیاندبوو، لەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە تێکڕا 200 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمان نەبوون، هەروەها لەم خولەدا تەنها 10 پرۆژەیاسا لەلایەن پەرلەمانەوە پێشکەش کراون. ساعیدی باسی لەوەش کردووە، لە کۆی 32 کۆبوونەوەی ئەم وەرزەی پەرلەمان، تەنیا 10 کۆبوونەوە کراون، هەروەها سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناوی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکان و ئامادەنەبووانی بڵاو نەکردووەتەوە، ئەمەش پێشێلکاری یاساییە. ئەمە لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق 11ى تشرینى دووەمى 2025ى دیاری کردووە وەکو ڕۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان.

  لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران و دەڵێت، هیچ مەترسییەک لەسەر مووچەی مووچەخۆران نییە و بەتەواوەتى مسۆگەرکراوە. حسێن موئنیس، ئەندامی لیژنەی دارایی بە رۆژنامەى سەباحی گوتووە، دۆخی دارایی عێراق لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، چونکە حکومەت چەندین بژاردەی لەبەردەمدایە و توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکانى ئێستای هەیە، دۆخی ئێستاش جێگەی مەترسی نییە و مووچەش مسۆگەرکراوە. دەشڵێت، ئەوان نیگەرانن لە دواکەوتنی ناردنى خشتەی بودجە لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان، چونکە نەناردنى خشتەی بودجە ئاماژەیەکى خراپە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو  گۆڕانکارییە ئابوورییانەى بەرۆکى جیهانی گرتووە، بەتایبەت دابەزینی نرخی نەوت. ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، هێشتنەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار لەچوارچێوەی بودجەدا، شتێکی ناڕاستە و دەبێت بەپشتبەستن بە بۆچوونى پسپۆڕان دەستکاری ئەو نرخە بکرێت. گوتیشی، لیژنەی دارایی هەوڵێکی راستەقینەی هەیە بۆ چارەسەری کورتهێنان و هەموارکردنەوەی خشتەکان، چونکە کورتهێنانی بودجەی ئێستا گەیشتووەتە 63 ترلیۆن دینار.

  لە ڕێگەی شاندی دەم پارتییەوە عەبدوڵا ئۆجەلان، پەیامێکی نوێی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لەسەر بنەمای خوشک و برایەتی پێویستمان بە پەیمانێکی نوێ هەیە، ئەوەی کردوومانە نوێنەرایەتی گۆڕانکاری و پارادایمێکی گەورە دەکات، سرووشتی پەیوەندییەکانی تورک و کورد بە تەواوی جیاوازە، ئەوەی زیانی پێ دەگات ئەو پەیوەندییەیە. ئەمڕۆ پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان و پارێزەری ئۆجەلان ئۆزگور ئیرۆل سەردانی ئیمراڵیان کرد و دیداریان لەگەڵ ئاپۆ ئەنجامدا، پاش دیدارەکە شاندەکە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە و نوێترین پەیامی ڕێبەر ئۆجالانیان بڵاو کردەوە. دەقی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان: “پەشیمانم لەوەی کە دوایین جار قسەم لەگەڵ سیری سووریا ئۆندەر نەکرد. ئەو بیرەوەرییەکی بەنرخە. پێویستە بیژێنینەوە، کەسێکی زانا بوو بۆ تورکیا ئێمە هەست بە بۆشاییەکەی دەکەین.” “لەسەر بنەمای خوشک و برایەتی پێویستمان بە پەیمانێکی نوێ هەیە.” “ئەوەی کردوومانە نوێنەرایەتی گۆڕانکاری و پارادایمێکی گەورە دەکات.” “ سرووشتی پەیوەندییەکانی تورک و کورد بە تەواوی جیاوازە، ئەوەی زیانی پێ دەگات ئەو پەیوەندییەیە.” “خوشک و برا شەڕ دەکەن، یەکێکیان بەبێ ئەوی تر ناتوانێت بژی. ئێمە ئەو تەڵە و بۆمبانەی کە ئەم پەیوەندییە لەناو دەبەن، یەک بە یەک پاک دەکەینەوە، هەموو ڕێگاوبانە تێکچووەکان و پردە داڕماوەکان چاک دەکەینەوە.” “لە ڕێگەی شاندەکەمەوە، سوپاسی خۆم پێشکەشی ئەو نامە و پەیامانەی بۆ پشتیوانیکردن لێم و پەیوەست بە قۆناغی ئاشتیی و خوشک و برایەتییەوە هاتوون، لەگەڵ نامەی ڕۆشنبیران لە کەسایەتی ئالاین بادۆو و سلاڤۆی ژیژەک دەکەم، بە خەباتی هاوبەش و نێونەتەوەیی و سۆسیالیست یەکتر دەبینینەوە.” ١٨ـی ئایاری ٢٠٢٥

  نووسەر و سیاسەتمەدارى دیارى هەرێمى کوردستان ئەبوبەکر عەلى کاروانى، ڕایدەگەیەنێت دۆخەکە پێویستی بەخۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیخوانە، چوونکە ئەو ڕێکخراوە بەوبارە مێژووییە گرانەی سەرشانی، ئەو وێنا شێواو وێرانەی لێی گیراوە ناتوانێت هیچی تر بەشێوەیەکی بەرهەمدارانە درێژە بە خۆی بدات. ئەو نوسەرە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک نوسینێکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا ئەوەى خستوەتەڕوو، ئیخوان هیچ ئاسۆیەکی لەبەردەمدا نەماوەو رۆڵی پێچەوانە بەئەرکەکانی لە ئێستادا بگێرێت، بۆیە لێپرسراوێتی ئیسلامی و ئەخلاقی و سیاسی داوای ئەوە لە سەرکردەو بریاربەدەستەکانی دەکەن، بریارە عەقڵانی و ئازایانەکە بدەن و کۆتایی بە کۆمەڵ و ڕێکخراوەکە بێنن و بەفەرمی هەڵی بووەشێننەوەز ئەبوبەکر کاروانى دەشلێت: دابران لەگەڵ رابردوو درووست بکەن، بۆ ئەوەی ئەندام و جەماوەرەکەی بە بیرو هەناسەو دیدێکی نوێوە لە فۆرمی جۆراوجۆری سیاسی یاخوود مەدەنییدا یان هەردووکیان خۆیان ڕێکبخەنەوەو کۆتایی بەو بازنە داخراوە پەنگخواردووە بێنن تیایدا دەژین. ناوبراو لەکۆتاییشدا ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات لە دوێنێشەوە خەریکی بابەتێکم بەزمانی عەرەبی دەربارەی ئەم باسە خوا حەزکات لە رۆژانی داهاتوودا بڵاوی دەکەمەوە.

  نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەیەک کاتدا هەرێمى کوردستانیان بەجێهێشتووە چونەتە درەوە، یەکەمیان، بەمەبەستى بەشداریکردن لە کۆڕبەندێک سەردانی تارانى پایتەختى ئێران، ئەوەى دووەمیش بۆ پرسی وزە و پێشمەرگە چووەتە واشنتنى ئەمریکا. سەردانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران بە بانگهێشتێكی فەرمییە بۆ بەشداریكردن لە دیداری تاران بۆ گفتوگۆ كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕێكدەخرێت ئەمڕۆ یەكشەممە بەڕێوەچوو. لەبەشێکى ئەو کۆڕبەندەدا بارزانى قسەیکردو له‌ تارانیش له‌گه‌ڵ مه‌سعود پزشكيان سەرۆک کۆمار کۆبووەتەوە. سەرۆکى هەرێم لەبارەى ئەو کۆبوونەوەیە دەلێـت: جه‌ختمان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌نديى دوو لايه‌نه‌و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، دوايين پێشهاته‌كان و دۆخى ناوچه‌كه‌‌مان به‌گشتى تاوتوێ كردو هاوڕا بووين له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و پێكه‌وه‌كاركردنى هه‌مه‌لايه‌نه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش. لەلایكی دیكەوە، دوێنێ شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەمەریكاى کرد. سەرۆك وەزیرانی هەرێم پرسەكانی وزە، كارەبا و پێشمەرگە لەگەڵ بەرپسانی باڵای ئەمەریكا تاوتوێ دەكات. دوو وەزیری حكومەتی هەرێم لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یاوەریی مەسرور بارزانی دەكەن. پرسی پێشمەرگە یەكێكە لەو دۆسیانەی مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەمەریكییەكان تاوتوێی دەكات، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە یەكێكە لە شاندەكەی مەسرور بارزانی.  جگە لە وەزیری پێشمەرگە، كەمال موحەمەد، وەزیری كارەبا و سەرچاوە سروشتییەكان یەكێكی دیكەیە لە ئەندامانی شاندەی حكومەتی هەرێم بۆ واشنتن. بەگوێرەی زانیارییەکان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆ دەبێتەوە. سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە گەشتەکەیدا. لە چەند ڕۆژی داهاتوو ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، ئەندامانی کۆنگرێس لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی، وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە دەبێت. ئەم گەشتەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە کاتێک دایە، ئیدارەی نوێی ترەمپ چەند مانگێکە دەست بەکاربووە، ئەمەش گرنگی خۆی هەیە کە سەرکردەیەکی دەرەوەی ئەمەریکا لە مانگەکانی سەرەتا سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان کۆ ببێتەوە. نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئێران دڵنیا دەکاتەوە کە هەرێم نابێتە سەرچاوەى هەڕەشە بۆ سەر ئەو وڵاتە، رەخنەش لە عێراق دەگرێت کە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ هەرێم لە چوارچێوەی حکومەتێکی فیدراڵیدا نییە. نێچیرڤان بارزانى لە چوارەم سەردانیدا بۆ ئێران لەساڵى رابردووەوە تا ئێستا و لەمیانەى بەشداریکردنى لە کۆڕبەندى تاران بۆ دیالۆگ باسى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ عێراق و ئێران و پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا کرد. سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند،  ئەگەر دەستووری عێراق وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، زۆرینەی ئەو کێشانەى لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەن چارەسەر دەکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکى هەرێم جەختیکردەوە کە عێراق شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی حکومەتێکی فیدراڵی نییە و هێشتا دوورە لەو سیستمەوە، لەکاتێکدا چەندینجار داواى گفتوگۆى راستەوخۆ و راشکاوانەیان لە عێراق کردووە بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشەکان.

  چوار رۆژە دانیشتوانی کەمپی مەخمور کە پەنابەرانی باکووری کوردستانی تێدایە گردبوونەتەوە، سەرچاوەیەکیش لە کەمپەکە وتى، زیاتر لە مانگێکە لەلایەن عێراقەوە گەمارۆیان خراوەتەسەر و سێ بەرپرسیشیان دەستگیرکراوە. ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، لە 10ـی نیسانەوە حکومەتی عێراق گەمارۆی خستووەتەسەر کەمپەکە و رێگا نادات دانیشتوانی کەمپەکە بچنە بەغداد و ناوچەکانی دیکەی عێراق کاربکەن و تەنانەت هاتنی کەلوپەل و پێداویستی سەرەتایشیان بۆ نێو کەمپەکە راگرتووە. گوتیشی، یەکشەممەی رابردوو بەمەبەستی چارەسەریی کێشەی کەمپەکە وەفدێکیان سەردانی بەغدادی کردووە و لەگەڵ وەزیری داد کۆبوونەوە، گەورەترین کێشەشیان نەبوونی ناسنامەیە و ئەوەش کێشەیان بۆ دروستدەکات کاتێک دەچنە ناوچەکانی عێراق، گوتیشی، وەزیری داد پێیراگەیاندوون ئەوەی لەدەستیان بێت بۆ چارەسەریی کێشەکە دەیکات. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئەو بەرپرسانەیان ئازاد نەکرێن کۆتایی بە گردبوونەوەکە ناهێنن کە چوار رۆژە لە نزیک خاڵێکی سوپای عێراق خێمەیان هەڵداوە. کەمپی مەخمور کە بەکەمپی رۆستەم جودیش ناسراوە، لە ساڵی 1998 لە رۆژهەڵاتی مەخمور بۆ کوردانی کوردستانی تورکیا دروستکراوە و نزیکەی 10 هەزار کەس لەکەمپەکەدا نیشتەجێن.

  رۆژی هەینی، 19ـی 5ـی 2017، لە بیری هەموماندا نەخشێنراوە وەک رۆژی کۆستی نەتەوەیەک بۆ کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا. دەگمەنن ئەو سەرکردانەی لە مێژودا وەک نەوشیروان مستەفا شێوەیان بەخشیوە بە چەندین قۆناغ لە ژیانی سیاسی، مێژویی، هزری، رۆژنامەوانی و کۆمەڵناسی نەتەوەکانیان. کورد نەتەوەیەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوشانی نەتەوەکانی دیکە بۆ سەدان ساڵە هەیە. ژێردەستە بوە بەس سەری نەوی نەکردوە. لە سەدەی بیستەمدا تێکۆشانی کورد بازی مەزنیدا بە ئامانجی سەلماندنی بونی خۆی وەك نەتەوەیەکی یەکسان لەگەڵ نەتەوە درواسێکانی لەلایەك و بەدەستهێنانی رزگاری خاک و خەڵک، لەلایەکی ترەوە. نەوشیروان مستەفا سوارچاکی ئەم تێکۆشانەی کوردە بۆ رزگاری. چەند خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژوی نوێی کورددا هەن، نەوشیروان مستەفا رۆڵی یەکلاکەرەوەی تێدا هەبوە. لە شۆڕشی نوێ، سەرکردایەتی راپەڕینی 1991، نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق و چەسپاندنی فیدراڵیزم، ئەندازیاری گۆڕانکاری، رچەشکێن و سەرکردەی یەکەم بو. پاش ئەو هەموان هەست بەبێ کەسی ئەکەین. باشترین بەڵگە ئەوەیە، لە رۆژی کۆچی دوایی ئەوەوە بڕیاربەدەستەکان کارەسات بە کارەسات ئەسپێرن. لەم ساڵیادەدا ئەتوانین بە هەمان رۆحیەت لە روی زوڵم و ستەم، نادادی، گەندەڵی، پێشێلکاری و دەستدرێژی بۆ سەر ئازادی خەڵک، رۆژنامەنوسان و چالاکوانان، تۆقاندن و ترس، بوەستین. نەوشیروان مستەفا هەمو ژیانی تەرخان کرد بۆ رزگاری کوردستان و بنیاتنانی دەوڵەتی قانون و حوکمڕانی دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دژایەتی گەندەڵی. ئێمەش پێویستە سیاسەت لەسەر بنەمای پرەنسیپ بکەین نەک سیاسەتی راگوزەر.  ساڵ دوای ساڵ زیاتر یار و نەریار دەگەن بەو باوەڕەی کە بەرنامە و پاکێجەکانى چارەسەرێکى بنەڕەتین بۆ کوردستان. رێگەی رزگاربون لە بازنەی قەیران و ناکۆکی و گەندەڵی و نادیموکراتی سیستەمی سیاسی هەر ئەو بەرنامەیە. ئەمڕۆ خواستی گۆڕانکاری سیاسی وسەربازی و ئابوری و بنیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانی بووە بە خواستی دەوڵەتە دیموکراتییە دۆستەکانی هەرێمی کوردستان. نەوشیروان مستەفا دونیابینیەکى فراوانى هەبو بۆ خەباتى گەلى کورد لە هەر چوار پارچەکەى کوردستان. بۆیە سەرکردەکانی پارچەکانى تر لە کاتی سەخت و ئاڵنگاریدا پشتیان بە نەخشەڕێگا و پشتیوانی ڕەوانشاد قایم بو. ڕۆڵ و پێگەی مێژویی ڕەوانشاد تەنها لە حیزب و بزوتنەوەیەکی سیاسیی و یەک پارچەی کوردستان سنوردار ناکرێ، بەڵکو وەک موڵکی خەڵک ‌و خاکی کوردستان دەمێنێتەوە. وانەی ژیانی نەوشیروان مستەفا ئەوەیە کە ئەتوانین لە ناو ئەم هەمو تاریکییەدا بە ئومێدی و ئیرادەبین تاکو جارێکی تر هێزی خەڵک ئەبێتەوە بە یەکلاکەرەوەی رێڕەوی سیاسی، چونکە ئەوەی ئەگۆرێت و نامێنێ حیزب و سیاسییەکان و ئەوەی نەگۆڕە و ئەمێنێتەوە، خەڵکە. ساڵیادی نەوشیروان مستەفا رۆژێکە بۆ رێزگرتن لەم سەرکردە مەزنەی کورد. رۆژێک نیە بۆ ناکۆکی و ململانێ. بۆ ئامانجی گەورەی هاوبەشمان، هەمو ئەو گۆڕانخوازانەی پێکەوە کارمان کردوە، لەم ساڵیادەدا دەستی برایەتی و کاری پێکەوەی درێژ ئەکەین. لێبوردەیی و یەکتر قبوڵ کردن بنەمای بیر و باوەڕی نەگۆڕی ئێمەیە.  لەم رۆژەدا بە دڵی شکاو و پڕ ئازارەوە یادی کۆچی دوایی رێبەری کورد نەوشیروان مستەفا ئەکەینەوە.  بزوتنەوەی گۆڕان 18ـی 5ـی 2025 سلێمانی، مەکۆی سەرەکی گردی زەرگەتە

  نێچيرڤان بارزانى لە کۆڕبەندی "تاران بۆ گفتوگۆ" دەڵێت، "عێراق وڵاتێکی زۆر گرنگە و دەتوانێت لە داهاتوودا رۆڵێکی زۆر گرنگ ببینێت."   نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی دوێنێ شەممە، بە سەردانێکی فەرمیی بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی "تاران بۆ گفتوگۆ" گەیشە ئێران.    نێچیرڤان بارزانی باس لەوە دەکات، "عێراق چووەتە قۆناخێکەوە دەتوانێت یارمەتی سەقامگیرکردنی ناوچەکە بدات."   سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا لەبارەی مامەڵەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا ناکات. بەغدا دەبێت پرسی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات."   نێچیرڤان بارزانی لەبارەی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و ئێرانیش رایگەیاند، "پەیوەندییەکی مێژووییمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە. ئەم پەیوەندییانە رۆژ دوای رۆژ گەشە دەکەن." هەروەها" ئێران یەکەم وڵات بوو لە کاتی شەڕی داعش یارمەتیی هەرێمی کوردستانی کرد." کۆڕبەندەکە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 18-5-2025 و 19-5-2025 لە تاران بەڕێوەدەچێت.   سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی سەردانەکەوە دەڵێت، بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی لە ديدارەکە‌دا، "دووپاتکردنەوەی پشتگیريی هەرێمی کوردستانه‌ بۆ هەوڵەکانی گفتوگۆ و بەهێزکردنی هاوکاريی بنیاتنەرى نێوان وڵاتان و گەلانی ناوچه‌كه‌، له‌پێناو ئارامى و سەقامگیری، يه‌كترتەواوكردنی ئابووری و پێکەوەژیانی ئاشتییانه‌دا."   لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی "له‌ مێزگردێكدا، تیشک دەخاتە سەر دیدگای هەرێمی کوردستان بۆ داهاتووی ناوچەکە و جه‌خت له‌ هاوبەشی لەسەر بنەمای رێزله‌يه‌كگرتن و بەرژەوەندیيە هاوبەشەکان، ده‌كاته‌وه‌."   سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانى باڵاى كۆمارى ئيسلاميى ئێران كۆده‌بێته‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێران له‌گه‌ڵ عێراق، هه‌رێمی کوردستان و دۆخی ناوچه‌که‌ به‌گشتی تاوتوێ ده‌که‌ن.