پارێزگاری پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ هەڵەبجە پێویستی بە هاوکاری و پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە بۆ خۆشگوزەرانی و گەشەسەندنە. نوخشە ناسح لە کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگارانی پارێزگاکانی هاوسنووری کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی ئێراق لە شاری سنە ڕایگەیاند: 38 ساڵ لەمەوبەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەرگاى خۆی بەڕووی بنەماڵە و بریندارەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا کردەوە، داواش لە حکومەتی ئێران دەکەین هاوکاریمان بکات بۆ پەرەپێدانی ئەم پارێزگایە. ناوبراو زیادی کرد: پارێزگای هەڵەبچە لە ڕووی گەشتیاری و کشتوکاڵەوە توانایەکی زۆری هەیە و هیوادارین لە داهاتوودا کاری گەورە لەو بوارەدا بکرێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران. پارێزگاری هەڵەبجە بە ئاماژە بە سنووری 118 کیلۆمەتری نێوان پارێزگای هەڵەبجە و ئێران دەشڵێت: هەڵەبجە پارێزگایەکی بچووکە، بەڵام ئەمڕۆ ناوەندی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابوری نێوان هەردوو وڵاتە. ناسح ئاماژەی بە هاتوچۆی حەوت هەزار گەشتیار لە سنووری هەڵەبجە لەگەڵ ئێران لە مانگی ڕابردوودا و ڕایگەیاند: ئێران زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلاری بۆ باشترکردنی ڕێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، ئەمەش جێگەی پێزانینە. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا: هیوادارین کۆماری ئیسلامی ئێران وەک پارێزگایەکی نوێ هاوکارمان بێت بۆ کردنەوەی ئاڵوگۆڕە سنوورییەکان. هەر چوار پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەک بکەن. پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، پرسی کولتووری و بازرگانیی تاوتوێ دەکەن.   شاندەکە بە سەرۆکایەتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەندامێتی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و شاکر حوسێن، بەڕێوەبەری کاروباری ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە.   هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، وتى: ژمارەیەک کۆبوونەوە دەکەن و پەیوەندییە ئابووری، بازرگانی و کولتورییەکان تاوتوێ دەکەن.   شاندەکە لەسەر بانگهێشتی ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە بووە. هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند: "ئامانجی سەردانەکە کۆبوونەوەی خولیی پارێزگا هاوسنورییەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ سنە، کرماشان و ورمێ".   لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، رەحمان رەزایی، پارێزگاری ورمێ، مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان و ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە دەبن.  

  سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکانی دوێنێ لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە، بەڵام هەر کەسێک دژایەتی هەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا: کاتی ئەوەیە بەیەکەوە بتوانین کارێک بکەین زیاتر ئاشتی و بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتەکەمان هەبێت، کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە. وتیشى: بە داخەوە ئاراستەیەکی دیکە لەنێو خودی عێراق، هەندێک لێکدانەوەی بۆ ڕێککەوتنەکانی دوێنێ کرد، ئەو کارانەش بە هیچ جۆرێک ڕەوا نییە، ئەوەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی دەگونجێت لەگەڵ ئەو مافە دەستوورییانەی کە دەستووری فیدراڵی عێراق بە هەرێمەکەی داوە. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، لە جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانمان بەردەوام دەبین. گوتیشی: لە ئەمەریکا پێشوازییەکی زۆر لەم هەوڵانە دەکرێت کە مەبەست لێی پێشخستنی کەرتی وزە و بووژانەوەی ئابوورییە. ئەوەش دەخاتەڕوو ڕێککەوتنەکان دەرفەتە بۆ خەڵکی ناوچەکە و لە بەرژەوەندی عێراقیش دایە, هەر کەسێک دژایەتی هەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە هەم لە هەرێمەکە هەم لە عێراقیش. ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025،  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بواری وزەدا کرد. هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی HKN Energy و وێستێرن زاگرۆس WesternZagros، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگ لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە بەهای ڕێککەوتننەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.

  هەپەگە ڕایگەیاند، سوپای تورک بە چەکی قەدەغەکراو، تۆپ، هاوەن لە ئاسمانەوە هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی زاپ، خواکورك، مەتینا و گارە. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کۆنگرەی پەکەکە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. هەپەگە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ١٧ و ١٨ـی ئایار تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی هەرێمی مەتینا جارێک بە تەقەمەنی قەدەغەکراو و هەرێمی گارە جارێک بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان کراون. باسی لەوەشکردوە، لە ١٣ تا ١٨ـی ئایار تونێلەکانی گەریلا لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ دوو جار و لە هەرێمی مەتینا سێ جار، هەوڵی هێرشکردنیان داوە بە حەفارە و هەوڵەکانیان تێکشکێندراوە. دەشڵێن، ڕۆژانی ١٤ و ١٨ـی ئایار، گۆڕەپانەکانی هەرێمی خواکورک، هەرێمی گارە، هەرێمی مەتینا و هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە هاوەن تۆپباران کراون. لە بەردەوامیدا باسی لەوەشکردووە، لە نێوان ١٥ و ١٨ـی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ و هەرێمی مەتینا، سوپای تورک هەوڵیاندا شەڕبگێڕن بە هێزەکانمان و بەم ئامانجە بانگەوازییان دەکرد، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە چوارچێوەی مافی پاراستینی ڕەوادا بە تەکنیکی تایبەتی خۆی وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە. زانیاریی بەرفراوانی وەڵامدانەوەی گەریلا بەم شێوەیە؛ ١٦ـی ئایار لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهاریی هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە تەکنیک گورز لە ئامانجێک درا، کە لە پێگەی هێرشکردندا بوو؛ ئۆتۆمیبلێکی زرێپۆش و سیستەمێکی چەکی کۆرکووت لەناوبردران؛ گورزیش لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری کریپی درا. ١٦ـی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە تەکنیک گورز لەو ئامانجانە درا، کە لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەرگەلێ لە پێگەی هێرشکردندا بوون و هاوکات گورز لە حەشارگەیەک درا. ١٨ـی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە تەکنیک گورز لە حەفارەیەک، تۆپهاوێژێک و چەکێکی قورس درا، کە لە هێرشکردنە سەر تونێلەکانماندا بوون لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی. هەروەها هەپەگە لە کۆتاییشدا دەڵێت: لە ٢٩ـی ئایاری ٢٠٢٥دا لە دەوروبەری گوندی موسی لە سنووری ماکوی، وڵاتپارێزی هێژا تاهیر ئاشرون لە ماڵی حوسەین بەکی لە هۆزی ساکی بەهۆکاری ڕوداوێک گیانی لە دەستدا، بەهۆی ئەوەی تاهیر ئاشرونی هێژا بە هەڵە و لە ئەنجامی ڕوداوێکدا گیانی لە دەستدا، زۆر نیگەران بووین، هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی دڵسوتاویان دەردەبڕین، با گەلەکەمان، هۆزی ساکی وڵاتپاریز و بنەماڵەی هێژای ئاشرونمان بزانن هیچ دژایەتی و نەیارێتییەک لە نێوان ئێمە و تاهیر ئاشرودا نییە و بە هیچ جۆرێک بە ئامانج نەگیراوە، شتەکە لە ئەنجامی ڕوداوێکەوە ڕوویدا، جارێکی دیکە سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی ئاشرون، کە ڕۆڵەکەیان لە دەستدا و ماڵی حوسەین بەکی دەکەین.

  وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت: ژمارەیەك لە میدیاكانی هەرێم هەواڵێكیان لەسەر وەرهێنان لە بواری نەوت و غازدا بڵاوكردوەتەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی نوێی واژۆ كردوە، ئەوەش پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵە. لە رونکردنەوەیەکدا وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكردوەتەوە؛ ئەو گرێبەستانەی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردمیر لە پارێزگای سلێمانی پێشێلکردنی ئەو بڕیارانەیە کە لەلایەن دادگای فیدڕاڵیی عێراق دەرچوە و گرێبەستەكان پوچەڵن. رونیكردوەتەوە، سەرباری پێویستی عێراق بۆ وەبەرهێنان لە غاز و دابینکردنی پێداویستی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام خاوەندارێتی سامانی نەوت بۆ عێراقییەكان دەگەڕێتەوە و هەر وەبەرهێنانێک لەم سامانەدا دەبێت لەڕێگەی حکومەتی فیدراڵیەوە ئەنجام بدرێت. وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئەو رێوشوێنانەی حکومەتی هەرێم گرتویەتیەبەر، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای عێراقە، بۆیە وەزارەتەكە بە پشتبەستن بە دەستوری عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جەخت لە پوچەڵبونەوەی گرێبەستەكان دەکاتەوە. رۆژی دووشەممە، 19-5-2025، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی گەورەی لە بواری وزەدا، بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناسراوی ئەمریکی، وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کرد.

  رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە رایگەیاند، بابەتەکە پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە چونکە هێشتا نازارێت چۆن و کەی پەکەکە چەکدادەنێت. رێبەر ئەحمەد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، “تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری لەلایەن تورکیا و پەکەکەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی نەنراوە، هەروەها رێکارەکانی چەکدانانیش بۆ هیچ لایەنێکیان روون نییە،کە لەکوێ و چۆن چەک دادەنرێت، بۆیە پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە.” بەگوتەی رێبەر ئەحمەد، هەرێمی هەرێمی کوردستان لە ئێستا و رابردووشدا رۆڵی هەبووە لە نزیککردنەوەی هەردوولا و گەیشتن بە ئاشتی. هەفتەی رابردوو پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامەکانی 12ـهەمین کۆنگرەی خۆی راگەیاند و گوتی، بڕیاریان داوە پارتەکە هەڵبوەشێننەوە و خەباتی چەکداریش کۆتایی پێدەهێنن. بڕیارەکەی پەکەکە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا و جیهانیش پێشوازییەکی گەورەی لێکرا. دوای چوار رۆژ لە راگەیاندراوەکەی پەکەکە، زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ستێرک تیڤی رایگەیاند، پەکەکە بڕیاری چەکدانانی نەداوە، بەڵکو تەنها بڕیاردراوە کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنرێت، گوتیشی، هێشتا هیچ پرۆسەیەک بەناوی ئاشتی دەستیپێنەکردووە چونکە تورکیا و پەکەکە لەسەر ناوی پرۆسەکە هاوڕا نین و تورکیا پرۆسەکە بە “تورکیای بێ تیرۆر” ناو دەبات.

  حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی واژۆکردنی دوو رێککەوتننامەی لە بواری وزە لە واشنتن کردووە، میدیا جیهانییەکانیش دەڵێن، بەهای رێککەوتنەکان 110 ملیار دۆلارە. بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، یەکێک لە رێککەوتنەکان تایبەتە بە کێڵگەی گازی میران، کە هەشت تریلیۆن پێ سێجا گازی سروشتیی تێدایە، جگەلەوەی پەرەدەرێت بە بە کێڵگەى تۆپخانە-کوردەمیر کە پێنج تریلیۆن پێ سێجا گاز و 900 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە و دەتوانرێت لەو رێگەیەوە کارەبا بۆ دەیان ملیۆن کەس لە هەرێمى کوردستان و عێراق دابینبکرێت. هاوکات ماڵپەڕی ئۆیل پرایسی جیهانی بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای ناکۆکیی یاسایی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو رێککەوتنی فەرمیی لەگەڵ دوو کۆمپانیاى ئەمریکی واژۆکردووە، کە بڕەکەی 110 ملیار دۆلارە، بەڵام وردەکاریی رێککەوتنەکان نەخراوەتەڕوو. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەپاش واژۆکردنی رێککەوتننامەکە لەگەڵ دوو کۆمپانیا، کە بە ئەمریکی ناوی بردووە، لەبواری وزە، رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ پەرەپێدانی ئابووریی لە ناوچەکە. مەسرور بارزانی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکاندا تۆمارکراوە، رێککەوتنەکان بە گرنگ ناودەبات و دەڵێت، رێککەوتنەکان بەهایان دەیان ملیار دۆلارە و خۆی بەتایبەتی چووەتە ئەمریکا بۆ چاودێریککردنى واژۆکردنیان. باسی لەوەشکردووە هەر دوو کۆمپانیای ئێچ کەى ئێن و وێستێرن زاگرۆس، چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستانن و هاوکاریی زۆری کوردستان و خەڵکەکەیان کردووە، جگەلە سوودی ئەوان بۆ عێراق و وڵاتی خۆیان. مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەتنەکانەوە گوتی، "سوپاسی ژووی بازرگانیی ئەمریکا دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم بۆنەیە و رێوڕەسمی واژۆکردنی دوو رێککەوتنی گرنگ لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی، ئەم رێککەوتنانە، کە بەهایان ملیاران دۆلارە، جەخت لە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە بە ئاشتی و پێشکەوتن لەڕێگەی پەرەپێدانی ئابوورییەوە، خۆشحاڵم کە دووبارە لە واشنتنم، بەتایبەتی بۆ چاودێرێکردنی واژۆکردنی ئەم رێککەوتنانە، هەردوو کۆمپانیای HKN و وێستێرن زاگرۆس'ـی ئەمریکی، چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و هاوکاریی زۆری کوردستان و خەڵکەکەیان کردووە، جگەلە سوودیان بۆ عێراق و وڵاتی خۆیان، بۆیە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و عێراق دەکەم بۆ ئەم سەرکەوتنە و سوپاسی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکەم بۆ بەشدارییان لەم هاوبەشییە گرنگە، کە بڕوام وایە دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە پەرەپێدانی ناوچەکە بە تەواوەتی". لەبەرامبەردا، رۆس پیرۆت سەرمایەدار و بازرگان کە لایەنێکى سەرەکیی رێککەوتنەکەیە، دەڵێت 18 ساڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن و 81%ـی کارمەندەکانیان کوردن و لەبارەی رێککەوتننەکەشەوە رایگەیاندووە، دەبێتە وەرچەرخانی هەرێمی کوردستان لە فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا. هەروەها رۆس پیرۆت سەرمایەدار و بازرگان لەبارەی رێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گوتی، "شانازیی دەکەین، کە 18 ساڵە ئێمە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەین و شەرەفێکی گەورەیە بۆ من کە لە کوردستان ئەم کارەمان بنیادناوە و 81%ـی کارمەندەکانمان کوردن، ئەمە پاڵنەر دەبێت بۆ وەرچەرخانی هەرێمی کوردستان لە فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی وزە و کارەبا لە ناوچەکە".

عومەر چێلیك، وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان دەڵێت: کاتێک پرۆسەی داماڵینی چەک دەگاتە قۆناغێکی پەسەندكراو، پەرلەمان هەنگاو دەنێت، بۆ ئێمە پرەنسیپی بنەڕەتی روونە،  هیچ هەنگاوێک ناگیرێتەبەر کە كاریگەری لەسەر بونیادی دەوڵەت هەبێت. چێلیك لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆیندا وتی: لە چوارچێوەی گۆڕانكاری دیموکراسیکردندا، پرسگەلێکی وەک یاسای لە سێدارەدان و چاکسازییە دادوەرییەكان، ماوەیەکی درێژە لە بەرنامەی کاردایە، ئەم پرسانە لە کاتی نەهێشتنی فشارە تیرۆریستییەکان، بە شێوەیەکی تەندروستتر مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، گوتارەکانی وەک فیدراڵی هەرگیز لە خشتەی کارنامەی ئێمەدا نین، ئێمە وەک هەڵوێستێکی پرەنسیپی بەرگری لە بنەماكانی یەک نیشتمان، یەک میللەت، یەک دەوڵەت، یەک ئاڵا دەکەین. راشیگەیاند:  سیاسەت پێویستی بەوەیە لە سەربازگە ئایدیۆلۆژییەکان رزگار بکرێت و بگوازرێتەوە بۆ سەكۆیەك  کە بەشداری لە داهاتووی هاوبەشدا بکات،  لەگەڵ چوونە دەرەوەی تیرۆریش لە بەرنامەی کاردا، سیاسەتی ناسنامە لاواز دەبێت و، یەکێتی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی بەهێزتر دێتە پێشەوە.  

  سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، جەخت لەوە دەکاتەوە، بەو دوو ڕێککەوتنامەیەی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکایی ئیمزایان کردووە، قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا دەست پێ دەکات. سێشەممە، 20-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند "قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا دەست پێ دەکات بە ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لەگەڵ (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس)." سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، بەهای ئەو دوو ڕێککەوتنامەیە "دەیان ملیار دۆلارە، کارەبا بۆ ملیۆنان کەس دابین دەکات و هەلی کار دەڕەخسێنێت و ئابووریی کوردستان بەهێزتر دەکات." ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 19-05-2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمێکدا دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە، لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس) ئیمزا کران. لەوبارەوە ستیف لوتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا وێڕای پیرۆزبایی، گوتی: مەسرور بارزانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای بەهێزتر و فراوانتر کردووە.  پەیوەندییەکی زۆر باش و بەهێزمان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەیە، هاوکات سەرکردایەتیی سەرۆک وەزیران پەیوەندییە بازرگانییەکانی باشتر کردووە.

هاوسەرۆکی پژاک کە بە پارتێکی نزیک لە پەکەکە دادەنرێت رایگەیاند، بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە و ئەوان چەک دانانێن.   ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی کەناڵی (ئاریەن تیڤی)دا باسی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا کرد و گوتی: "ئەو قۆناخەی رێبەر ئاپۆ دەستیپێکردووە ئێمە بە گرنگ و ئەرێنی دەزانین بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا".   پژاک هەمان ئایدۆلۆژیا و سیستمی بەڕێوەبردنی پەکەکە پەیڕەو دەکەن و ئۆجەلان بە رێبەری خۆیان دەزانن. هاوسەرۆکی پارتەکە لەبارەی داوای ئۆجەلان بۆ چەکدادان لە پەکەکە و پەسەندکردنی داواکەی گوتی: "بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بڕیاری خۆیانە وەکو پارتێک، بڕیاری پژاک لەو بارەیەوە جیاوازترە و ئێمە ناگرێتەوە".   ئەمیر کەریمی گوتی: "ئێمە وەکو پژاک نە چەک دادەنێین، نە خۆمان هەڵدەوەشێنینەوە، ئەوە بە ئاشکرا دەڵێین".   لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاوسەرۆکی پژاک، کە وەکو خۆیان دەڵێن خەباتی ئەوان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستانە، گوتی: "ئێمە لایەنگری ئەوەین هەموو کێشەی کورد بێتە مەیدانی سیاسەتەوە لە هەموو ناوچەکاندا، ئەو چەکەی لەدەستماندایە چەکی خۆپاراستنە نەک شەڕکردن".   بە گوتەی ئەمیر کەریمی: "پژاک بنەما ستراتیژییەکەی خەباتی چەکداریی نەتەوەیی کلاسیک نییە و لەپێناو خۆپاراستنی رەوادایە؛ بەرنامەشمان نییە هێرش بکەین و لە 2011ـەوە ئاگربەستمان راگەیاندووە و گوتوومانە، هێرشمان لەسەر نەبێت چالاکی ناکەین".   قسەکانی هاوسەرۆکی پژاک لەکاتێکدایە، 12ـی ئایار، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، کۆنگرەی 12ـەمیان لەنێوان رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە کردووە و بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەیان داوە.   دوای کۆنگرەکە پەکەکە رایگەیاند، "لەسەر بنەمای بانگەوازی رێبەر ئاپۆ، بڕیاری گرنگی مێژوویی سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە دەرکرد".  

رۆژنامەی (المدی) لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە لایەنە شیعەکان پێیانوایە  هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ بەهار یان هاوینی (2026)دوادەخرێت بەهۆی پێشهاتی كتوپڕ کە ڕەنگە بەم زووانە رووبدات. بڕیارە وایە لەو ماوەیەدا دەسەڵاتی  هەندێک لە بەرپرسانی حکومەت کە دەیانەوێت خۆیان کاندید بکەن كۆتوبەند بکرێن. مانگی رابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندبوو، هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراودا پێش کۆتایی ساڵ بەڕێوەدەچن. بەڵام لە پشتی پەردەوە زانیاری لەسەر "دابەشبوون" لە نێوان دوو دیدگادا دزەپێدەکرێت، یەکێکیان نوێنەرایەتی تیمەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران دەکات، ئەوی تریان بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق. سودانی مانگی نیسانی ساڵی رابردوو رایگەیاند، رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت. بەڵام بەپێی سەرچاوە سیاسییەکان، رەنگە مانەوەی ئەم وادەیە وەك خۆی قورس بێت بەهۆی ئەو پێشهاتە كتوپڕانەی کە لە دوای مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە روودەدەن. بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکان لە چوارچێوەی شیعەکان، پێشهاتە كتوپڕەكان لەگەڵ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان و دانانی مەرج بۆ خۆ کاندیدکردنی بەرپرسانی حكومەت روودەدات. مەرجەکان بریتین لە دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسان لە پۆستەکەیان (4 یان 6)مانگ پێش هەڵبژاردن. بڕیارە هەوڵەکان بۆ دواخستنی دانیشتنەکە لە دوای ناوەڕاستی مانگی حوزەیران دەستپێبکات، کە پەرلەمان دوای پشووی یاسادانان کۆدەبێتەوە. لایەنگرانی محەمەد شیاع سودانی لە پەرلەمان توانیان دانیشتنەکان پەکبخەن و نیسابی یاسایی بشکێنن، بە وتەی نەیارەكانی، بۆ ئەوەی رێگری لە پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان بکەن. پێشتر محەمەد عەنوز پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەكە،  پێشبینی کردبوو کە وادەی هەڵبژاردن چەند مانگێك دوابخرێت، وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021دا روویدا، کاتێک وادەی هەڵبژاردن لە 6ی حوزەیران بۆ 10ی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵە دواخرا. ئەگەر یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دەربکرێت، ئەوا کۆمسیۆن دەبێت پلانێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی دۆخە نوێیەکە دابڕێژێت، ئەمەش بە مانای دواخستنی هەڵبژاردنەکان لانی کەم بۆ ماوەی شەش مانگ. لە ماوەی دواخستنەکەدا رێگە بەو بەرپرسانە دەدرێت کە دەیانەوێت خۆیان بۆ کاندید بکەن، دەست لەکاربکێشنەوە لە پۆستەکانیان، ئەمەش حکومەت دەگۆڕێت بۆ حکومەتێکی كاربەڕێكەر. لە رووی یاساییەوە حکومەت لە ماوەی كاربەڕێكەریدا بە توندی سنوردار دەکرێت لە خەرجکردنی پارە و بڕیاردان. بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە، لایەنە شیعەکان باڵا دەستەكان كە کۆنترۆڵکردنی پۆستە جێبەجێکارەکان و زۆرینەی پەرلەمانیان كردووە گلەیی ئەوە دەکەن کە پۆستەکانی حکومەت کاریگەرییان لەسەر کێبڕکێی دادپەروەرانە لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە. چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، مالیکی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی توانای دەوڵەت كراوە بە بەشێك لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن.

  کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانیی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت رایگەیاند، ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە واشنتن واژۆکراون بەهاکەیان زیاترە لە 100 ملیار دۆلار و بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانە. کەمال محەمەد لەبارەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجی و وێسترن زاگرۆس، باسی لەوە کرد راوێژیان بە وەزارەتی نەوتی عێراق نەکردووە، بەڵام گرێبەستەکان “گرنگن” و سوود بە حکومەتی عێراقیش دەگەیەنن. لەبارەی وردەکاری گرێبەستەکانەوە، کەمال محەمەد گوتی، کێشەی کارەبا چارەسەر دەکەن و کارەباش دەدەن بە عێراق چونکە رێککەوتنەکان بەشێکیان لەبواری پەرەپێدانی غازن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. گرێبەستی یەکەم لە بواری غازدا لەگەڵ کۆمپانیای میران ئێنیرجی، کە پێکهاتوون لە کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئێنرجی و گروپی ئۆنێکس واژۆکراوە، بەگوتەی وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئامانج لێی ئەوەیە کێڵگەی غاز لە ژێرخانی هەرێمی کوردستاندابەکاربهێندرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەو کارەبایەشی بۆ عێراق دەچێت، بۆیە دەتوانم بڵێم هەرێمی کوردستان و عێراقیش لێی سوودمەند دەبن.” بە گوتەی کەمال محەمەد، گرێبەستەکەی دیکە کە لەگەڵ وێسترن زاگرۆس واژۆکراوە، بۆ پەرەپێدانی زیاتری کێڵگەی تۆپخانە و کێڵگەی کوردەمیرە تاوەکو بەرهەمی نەوت و غازیان زیاتر بێت و پێشتریش ئەم کۆمپانیایە لە کێڵگەی کوردەمیر کاری کردووە.

  دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامى مەکتەبى سیاسیی یەکێتی دەڵێت، لە کابینەی هەشتەمەوە 50 بە 50 لە پێکهێنانی حکومەتدا نەماوە، بەڵام هەموو پۆستێک نرخی خۆی هەیە و پێوستە لەسەر بنەمای شایستەی هەڵبژاردن پۆستەکان یەکلابکرێنەوە. لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ وتى: لەگەڵ پارتى لە گفتوگۆى بەردەوامدان، بەڵام تائێستا هیچ پۆستێکی کابینەی دەیەمیان یەکلانەکردووەتەوە. ئەو وتیشى: لە 2013وە حكومەتی 50 بە 50 نەماوە، كابینەی هەشت و نۆ بنكە فراوان بوو، هیچ پۆستێك یەكلایی نەبووەتەوە. (لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ دەبێت بە سەرۆكی پەرلەمان). پێنجشەممەى ڕابردوو، 15-05-2025، لە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان، مەسعود بارزانی ڕایگەیاند جەخت لەبنەمای یەك حكومەت و هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك پێشمەرگە دەكەمەوە، حكومەتێك پێكناهێنرێت لەسەر بنەمای (پەنجا بە پەنجا). بارزانى وتیشى: هەوڵێكی زۆر درا هەڵبژاردنێك بكرێت كە پێشتر ئەنجامەكەی دیاریكرابوو خۆشبەختانە رێگەمان نەدا، بەرێگەی جیاوازی هەوڵی تریاندا. دوا بەدواى ئەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای كۆڕبەندی دێلفی لەشاری سلێمانی لەپرێس كۆنفرانسێكدا وتی: رێزم هەیە بۆ مەسعود بارزانی زۆر دەمێكە حكومەتی 50 بە 50 پێكنەهێنراوە ئیتر نازانم بۆچی ئەم بابەتە هەر باس دەكرێتەوە، نایەتەوە بیرم كە كۆتا حكومەت پێكهێنرابێت 50 بە 50 بوبێت.

  جەمیل بایک ڕایگەیاند، نەک تەنها ئەرکەکان بەڵكو پێویستە مەترسییەکانیش ببینین و بە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتیمان مەترسییەکان ببینین و لەناویان ببەین، ئەگەر ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا ڕێزێک بۆ کوردان هەیە، ئەمە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەیە کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە و دەستوەردانی تێداکردووە. دوازدەهەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ٥ تا ٧ـی ئایار لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، بڕیارەکانی کۆنگرە لە ١٢ـی ئایار بۆ ڕای گشتی بڵاو کرایەوە، لە کۆنگرەکەدا جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، هەڵسەنگاندنی کرد. هەڵسەنگاندنەکانی جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە بەم شێوەیەیە: سەرەتا گرێدراوبوون و ڕێزی خۆم بۆ ڕێبەر ئاپۆ پێشکەش دەکەم و هەروەها لە کەسایەتی هەڤاڵ فوئاد و ڕەزا دا یادی هەموو شەهیدانی پەکەکە و شەهیدانی ئازادیی و دێموکراسی بەڕز ڕادەگرم و ڕێز و حورمەتی خۆمیان پێشکەش دەکەم. ئەگەر ئەمڕۆ سیاسەتەکانی رێبەر ئاپۆ لە جیهاندا شوێنی خۆی گرتووتەوە هەموو ئەنجامی مانیفێستی یەکەمە، کێشەی بنەڕەتی ئێمە لە ئێستادا بێ گومان تێگەیشتنە، رێبەر ئاپۆ بە دەست پێکردنی کۆنگرەوە مانیفێستێکی پێشکەش کردین، سەرەڕای هەموو کەموکورتی و هەڵەکان، ئەو مانیفێستەمان بەرەو پێشەوە برد و ئەنجامێکی زۆمان بەدەستهێنا، ئەمە ڕاستییەکە کە کەس ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات، هەموو کەسێکی هۆشیار دەزانێت کە تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ نەک هەر بۆ گەلی کورد و ژنانی کورد بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی و ژنانی جیهان ئەنجامێکی وەهای بەدەست هێناوە و زۆر گرنگن. لەو هەلومەرجەدا و بەو مانیفێستەوە پەکەکە دامەزرا و تێکۆشان دەستیپێکرد و ئەوەش ڕاست بوو، ئەم ڕووداوە مێژووییە بۆ گەلی کورد و ژنانی کورد بوو بە شوناسێک، ئەگەر ئەمڕۆ گەلی کورد، ژنانی کورد و ڕێبەر ئاپۆ و سیاسەتەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە جیهاندا بڵاو بووەتەوە و هەموو لایەک ئیلهامی لێ وەردەگرن و بە هیواوە سەیری دەکەن، ئەوا ئەنجامی ئەو مانیفێستەیە و له ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکەدا هاتووە. ئەم بزووتنەوەیە لە کات و سەردەمێکدا کە دامەزرا بە دروستی دامەزرا و تێکۆشانی دەستپێکرد، بێگومان کەموکوڕی و هەڵەکان ناشارمەوە ئەمە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام ئێمە مێژوویەکی پر لە سەربەرزیمان هەیە، ئەم مێژووە بە هەموو کەموکورتی و هەڵەکانییەوە بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتی موعجیزە و بەهایەکی گەورەی خوڵقاند ئەمە ڕاستییەکە دەبێت هەموو کەس ئەمە بزانێت. ئێستا هەموو تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چی بوو؟ بۆ ئەوە بوو گەڵیک لە هەموو هەلومەرجێکدا خاوەندارێتی لە ئازادیی خۆی بکات، تێکۆشان بکات، ڕێبەر ئاپۆ بە قوربانیدانی مەزن، بە ئازاریی مەزن، بە تێگەشتنە مەزنەکانی پەکەکە ئەمە بە دی هات، بۆ ئەوەی پرسی کورد و ڕاستی گەلی کورد لە هەموو لایەکەوە بخاتە پێش هەمووکەسێک، ویستی لەسەر ئەم بنەمایە پرسی کورد لە ڕێگەی سیاسەت و دیموکراتیکەوە چارەسەر بکات، بۆ ئەمەش پەرەی بە چەندین هەنگاودا، بەڵام هەم لە ناوخۆی پەکەکە و دەرەوەی پەکەکەدا بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوانەی نراون پێشنەکەون زۆر دەستوەردان کرا. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ لە دژی هەڵە، کەم و کورتی و تاوان وەستا، هەندێک زیاتر لە ناو پەکەکەدا وەستا، تێکۆشانی بنەڕەتی لە ناو پەکەکەدا پەرەپێدا، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی کورد، مرۆڤی کورد، داگیرکەرانی پشت ئەم سیتەمی سەرمایەدارییە، ناتۆ کۆمەڵگەیەکی چۆن، مرۆڤێکی چۆنیان دروست کرد باش تێگەشتن، ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی دیاریکرد لەسەر ئەو بنەمایە، تیۆر، فەلسەفە، ئایدولۆژی، ڕێکخستن، جەنگاوەری ئەم کۆمەڵگەی پەرەپێدا تاوەکو بتوانێت لە شوێنێکی وەک کوردستان تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسی پەرەپێبدات. بۆ ئەمەش پێویست بوو لە کۆمەڵگەی کورد و مرۆڤی کورددا گۆڕانکاری دروست ببێت، ئەگەر لە زیهنیەت و کەسایەتی کۆمەڵگەدا گۆڕانکاری دروست نەبوایە، مەحاڵە دەبوو تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسییەکی وەها پەرەی پێبدرێت و ئەم تەڤگەرە هەم بۆ گەلی کورد و هەم بۆ مرۆڤایەتی بوو بە هیوا، بۆ ئەمەش هەر لە سەرەتاوە فیدایی و ئیرادەی بە بنەما گرت، لەسەر ئەم بنەمایە ئەم تێکۆشانە پەرەی سەند، لە ئەنقەرەوە تاوەکو ئیمراڵی لەسەر ئەم بنەمایە ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشان بەڕێوەدەبات، لە ئیمراڵییش وتی، تەنها لە هەلومەرجی مندا گۆڕانکاری بکەن، وەکتر دەرفەتی تیۆری و پراکتیکم هەیە بتوانم ئەم پرسە لەسەر زەمینەی ئاشتیی چارەسەر بکەم. ئەم تەڤگەرە تەڤگەرێکی ئیرادە و فیداییە، بە تەواوەتی خۆی خستۆتە خزمەتی ڕێبەر ئاپۆ و بەشدار بوون لەسەر ئەم بنەمایە دروست دەبێت، لەبەر ئەوەی ئێمە بەوجۆرە بەشداری ئەم تەڤگەرە بووین، بەشداربوونمان بەشداربوونە لە ڕێبەر ئاپۆ، مادام بەشداری ڕێبەر ئاپۆ بووین، پێویستە نەک لە هەندێک لایەنی ئەمەوە لە هەموو لایەنێکەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ یەکێتی بونیاتبنێین. ئێستا ئەرک لە پێشمانە، چۆن بتوانین ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو لایەنێکەوە بگەیەنینە جیهان؟، بە تێگەشتنی ڕێبەر ئاپۆ سۆسیالیزم لە جیهان پێش دەخەین، چونکە ئەو ئاستەی ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە نەک تەنها لە مانیفێستۆی یەکەمدا پەرەی پێداوە، بەڵکو لەگەڵ مانیفێستۆی دووەمدا ئیدی دەبێت بە گەردونی، پێویستە ئەمە زۆر باش تێبگەین، ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە پرسەکانی ناو بزوتنەوەکە و ناو کۆمەڵگەی وەک پرسی خۆی دەبینێت، دەیخستە ئەستۆی خۆی کە چۆن ئەم پرسانە چارەسەر بکات، لە خۆییدا ئەوشتانەی چارەسەر کرد. دووژمن چەندە ویستی ڕێبەر ئاپۆ ڕەش بکات، ئەگەرچی نەیتوانی ئەوە بکات و بەڵکوو تا دێت خۆشەویستی بۆ ڕێبەر ئاپۆ زیاتر دەبێت، کە ئەمڕۆ لە جیهان بڵاوبووتەوە، ئەو پڕۆسەی کە ڕێبەر ئاپۆ خستیەپێشمان، چۆن ڕاست پەرەی پێبدەین من لەسەر ئەمە دوەستم، ئەگەر تەڤگەر جارێکی دیکە هەڵە و کەم و کورتی ژیان نەکات، بە تایبەت من و هەڤاڵان کە بەشداری کۆنگرەکە بووین، تەواوی ئێمە دامەزرێنەری پڕۆسەی نوێین، پێویستە ئەرک و بەرپرسیارێتیمان نەک وەک خۆمان وەک ڕێبەر ئاپۆ پێی داوین تێبگەین و لەسەر ئەمە پراکتیزە بکەین، بۆ پراکتیکی ئەمەی لە پێشمانە بە ڕاستی زۆر گرنگە، وەک دامەزرێنەرانی کۆنگرەی یەکەمین نییە، واتە ئەرکی زیاتر لە پێشمان دایە. مەترسیش هەیە، نابێت تەنها ئەرکەکان ببینین، پێویستە مەترسیەکانیش ببینین، ئەم مەترسییانە بە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیمان دەتوانین ببینین و لە ناوی ببەین، ئەگەر ئەمە نەبێت، ئامانجی دووژمن ئەوەیە کە پەکەکە بە ناوی کورد و کوردستان چیکردوە بە تەواوی لە ناوی دەبات، ئێستا ئەم تەڤگەرەی ڕێبەر ئاپۆ قازانجی بە کورد دا، ئەگەر ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بۆ کوردان ڕێزێک هەیە، ئەمە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەیە کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە و دەستوەردانی تێداکردوە. ئێستا لەسەر ئەو دەستوەردانە مێژووییە، دەستوەردنێکی مێژووی مەزنتر و قوڵتر پەرەپێدەدات، بەو پارادایم و مانیفێتسۆی کە دەستمان پێکرد، ویستی کە پرسی کورد نیشانبدات و هەمووکەسێک تێبگەیەنێت، لەسەر ئەم بنەمایە چارەسەری پەرەپێبدات، دەتوانم بڵێم هەموو ئەو کەم و کورتیانەی دروستبوون، ئێستا ڕێبەر ئاپۆ بە پارادایمی نوێ و مانیفێستۆی دووەم دەیەوێت پرسی مرۆڤایەتی ئازادیی و دیموکراسی چارەسەر بکات، هەربۆیە ئەرک و بەرپرسیارێتیمان زۆر مەزنبوون، پێویستە بۆ ئەوەش ببینە وەڵامگۆ، ئەو بانگەوازەی ڕێبەر ئاپۆ کردی، لەسەر ئەم بنەمایە بۆ کۆنگرە سەرکەوتن دەخوازم.

  بەلەمێکی  کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز، بە 63 سەرنشینەوە ژێرئاوکەوت و یەکێک لە کۆچبەرەکان گیانی لەدەستدا. بەپێى زانیاریەکان لە نزیک کەناراوەکانی سور مێر لە باکووری فەڕەنسا بەلەمێکی کۆچبەران لە کاتی رۆیشتنی بەرەو کەناڵی ئینگلیز ژێرئاوکەوت، کۆچبەرێک گیانی لەدەستدا و 62 کۆچبەری دیکە لە خنکان رزگارکران. بەگوێرەی زانیارییەکان، دایک و مندالێک بەهۆی خراپیی تەندروستیانەوە بە فڕۆکە گواستراونەتەوە نەخۆشخانە، سەرجەم کۆچبەرەکانی دیکەش گەیەندراونەتەوە بۆ کەناری شاری بۆلۆن سور مێر. ئامارەکانی ئەم دواییە دەریدەخەن ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کەناڵی ئینگلیز دەبڕن بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە، هەفتەی رابردوو ژمارەی هاتنی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیزەوە 12 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی، كە دوێنی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستانی كرد دەڵێت: ئۆجەلان دڵخۆشە بەو پێشکەوتنانەی لە پرۆسەکەدا بەدەست هاتوون، هیچ كێشەیەك لە ئارادانیەو کۆبونەوەکەمان زۆر باش بوو. بوڵدان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: پشتگیری لە پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست دەکەن، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لە ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیا، بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، ئەم لیژنەیە هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە لە پەرلەمان، باشترە پێش کۆتایی ساڵی یاسادانانی ئێستا پێکبهێنرێت. باخچەلی داوای کردووە لیژنەکە لە ئەندامانی ئەو (١٦)پارتە سیاسییە پێكبهێنرێت، کە نوێنەرایەتیان لە پەرلەمان هەیەو لە (١٠٠) ئەندام لە خۆبگرێت. پەروین بوڵدان راشیگەیاندووە: باخچەلی روونی کردەوە کە پێویستە چی بکەین، لیژنەکە هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە پەرلەمان، چونکە دەبێت ئەم بابەتە لە پەرلەمان بە جددی گفتوگۆی لەسەر بکرێت، لیژنەکە تەنها بەم شێوەیە کاردەکات، دەبێت پێش کۆتایی ئەم ساڵی یاسادانانە پێکبهێنرێت. لەبارەی بانگەوازەكەی باخچەلی بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاش كە زمانی بەرپرسیارانە بەکاربهێنن، بوڵدان وتی: ئێمەش وەک بەڕێز باخچەلی بیر دەکەینەوە، پێویستە هەموو کەسێک وریا بێت لەو زمانەی بەكاریدەهێنێت، پێویستە خۆمان بەدوور بگرین لەهەر دەربڕینێک کە هێرشبەرانە یان سووکایەتیکردن بێت، نابێت ئەو وشانە بەکاربهێنرێن کە ئەم مانایەیان هەیە، کەش و هەوایەکی نوێ و پرۆسەیەکی نوێ لە ئارادایە ئێستا.