هاوڵاتی لەلێدوانێکدا سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان ڕایگەیاند، بەهۆی ئامادەنەکردنی راپۆرتی توێژەری بەندیخانە و نەگێڕانەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە زیندانیانی بادینان، بڕیاری داواکاری گشتی لەبارەی چارەنوسی  پێنج دەستگیرکراوى شیلادزێ لەبادینان بۆ سبەینێ دواخرا. بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاندووە: بڕیاربوو ئەمڕۆ داواکاری گشتی بڕیار لەبارەی چارەنوسی ژمارەیەک لە گیراوانی بادینانەوە بدات بە ئازادکردنیان یاخود هێشتنەوەیان، بەڵام داواکاری گشتی بڕیاردانەکەی خستە سبەینێ بەهۆکاری ئامادە نەکردنی راپۆرتی توێژەری بەندیخانە و نەگێڕانەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەستگیراوانی بادینان. پێشوتریش ئەو پارێزەرە ڕایگەیاندبوو دادگا لە 16ی مانگی حوزەیرانەوە داوای لە داواکاری گشتی کردووە رای خۆی لەبارەی ئازادکردنیانەوە بدات، بەڵام هەر دواخراوە، وتیشی "بڕیاری کۆتایی لەلای دادگایە، بەڵام ماوەی چەند مانگێکە داواکاری گشتی کۆی پرۆسەکەی لە ئێمە راگرتووە، زۆر جار داواکاری گشتی دەڵێت ئازادکردنی بەمەرج نایانگرێتەوە، بەڵام دادگا بڕیارێکی دیکە دەدات و دەڵێت دەیانگرێتەوە، وەکو چۆن لە چەند دەستگیرکراوێکی دیکە هەبوون، پێش جەژن رازی بوون بە ئازادکردنیان، بەڵام دوای جەژن گوتیان شیکردنەوەی دیکەیان لەبەردەستدایە." رۆژی دووشەممە، 16-05-2022 دادگای 2ی تاوانەكانی هەولێر، پێنج لە گیراوانی شیلادزێی پارێزگای دهۆکی دادگایی کرد، کە نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2022 دەستگیرکرابوون. دادگە بە پشتبەستن بە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" حوکمی دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەو دەستگیرکراوانە دەرکرد. دەستگیرکراوەکانی شیلادزێ ئەمانەن: یوسف شەریف ئیبراهیم، لەدایکبووی 2001 مەحموود ناجی سدیق، لەدایکبووی 1996 کۆڤان تارق جبرائیل، لەدایکبووی 1996 ئەمجەد یوسف مستەفا، لەدایکبووی 1989 نێچیرڤان بەدیع حاجی، لەدایکبووی 1993 جێگای ئاماژەیە نزیکەی ٢٠ رۆژە دەستگیرکراوانی بادینان مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە و بەشێک لەو دەستگیرکراوانە ڕایانگەیاندووە ئەگەر بە یاسا ئازاد نەکرێن ئەوا دەبێت تەرمەکانمان لە زیندان ببەنە دەرەوە.

هاوڵاتی ڕێکخراوێکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای دەکات بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئاکامی دەستڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ژمارەیەک کۆڵبەر لە سنووری شنۆ، کۆڵبەرێک بە ناوی محەممەد ئەمین ئەحمەدی ۳۰ خەڵکی گوندی لاجانی ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە کوژرا و لانی کەم دوو کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.  ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی سوپای پاسداران بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە بەرزاییەکانی گادەر تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و وێڕای کوژرانی کۆڵبەرێک دوو کۆڵبەری دیکەش بە ناوەکانی عەبدوڵڵا (زرار) ئەحمەدی (برای محەممەد ئەمین) و عوزێر سابری ئازەر ٤٥ ساڵە، باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ بریندار بوون. محەمەمد ئەمین ئەحمەدی  ٣٠ ساڵە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی نەغەدە گوازراوەتەوە. زانیارییەکانی هەنگاو باس لەوە دەکەن کە لانی کەم ٦ کۆڵبەریش لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی سێ کەسیان بە ناوەکانی وەحید سەعیدی، قارەمان پورعەلی و سەفەر مورادپوور هەر سێ خەڵکی ئورمیە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە. هەروەها، چەندین سەر ئەسپی کۆڵبەرانیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون.

هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی کارەبای هەرێم بڵاویکردۆتەوە، ئەو کەسانەی کە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئاسنی تاوەرەکانی کارەبایان لە سنورى چەمچەماڵ دزیبوو و لە هەمانکاتیشدا تەقەیان لە فنجان و تێلەکانی کارەبا کردبوو، دەستگیر کران و لە ئێستادا ئەو کەسانە ڕادەستى دادگا کراون. لەو ڕاگەیەندراوەدا کە وەزارەتی کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ سێ شەممە لە پەڕەى فەرمى خۆیان لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویکردۆتەوە، ڕایگەیاندووە ئەو کەسانەی کە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئاسنی تاوەرەکانی کارەبایان لە سنورى چەمچەماڵ دزیبوو و لە هەمانکتاتیشدا تەقەیان لە فنجان و تێلەکانی کارەبا کردبوو، دەستگیر کران. لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، دەستگیرکراوەکان لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رادەستی دادگا کراون.

هاوڵاتی دوای ئه‌و نمایشه‌ سه‌ربازییه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ گوڵه‌خانه‌ ئه‌نجامیاندا، له‌لێدوانێکی ڕۆژنامه‌نوسیدا فاتیح رەئووف، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیالیست ئاشکرای ده‌کات ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌کانی حزبه‌که‌ی نزیکه‌ی پێنج هه‌زار پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت و ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌کات"ئەو مانۆڕە سەربازییه‌ی که‌ کردوویانە بۆ ترساندنی هیچ لایەنێک نییە. بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان وتیشی: ئێستا زیاتر لە 4500 تاوەکو 5000 پێشمەرگەمان هەیە، بەشێکی ئەو پێشمەرگانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رێکخراونەتەوە، جه‌ختیشی کرده‌وه‌  له‌وه‌ی هەمیشە پێشمەرگەکانیان ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە کوردستان، دۆخەکە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە حیزبەکان هێزەکانیان هەڵوەشێننەوە.  لەبارەی پاڵپشتیکردنی ئەو پێشمەرگانەوە، فاتیح رەئووف ئەوەی خستەڕوو، بەشێکیان خانەنشینن و بەشێکیان لەلایەن پارتی سۆسیالیستەوە پاڵپشتی دەکرێن و بەشێکی دیکەشیان خۆبەخشن. سەبارەت بە سەرچاوەی دابینکردنی چەک و جبەخانەکانی هێزەکانی پارتەکەی، ئەو بەرپرسەی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتی، "بەشێکی ئەو چەکانە هی سەردەمی ئازادیی عێراقە، لەو کاتەدا لەلایەن هێزی پێشمەرگەی سۆسیالیستەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بەشێکی دیکەیان لەکاتی شەڕەکاندا و بەتایبەتی لە کاتی شەڕی داعشدا لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بە هێزەکانمان دراوە." فاتیح رەئووف، ئاماژەی بەوەش کرد، "داوامان کردووە هێزەکانمان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا رێکبخرێتەوە."

هاوڵاتی رۆژی چوارشەممە 10ی ئەم مانگە، بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت، كەسی یەكەمی بەشێكی زۆر لە حیزبەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە و هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكەن.  فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە كەناڵی رووداوی راگەیاند:"ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی لایەنەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كراوە و رۆژی چوارشەممە 10ی مانگ كۆبوونەوەكە دەكرێت." وتیشی:" كۆبوونەوەكە بەسەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بە ئامادەبوونی كەسی یەكەمی بەشێكی زۆری حیزبەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت".

هاوڵاتی گۆڤارى ئیکۆنۆمیک تایمز لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کوردی سووریا هۆگری ئەو بازاڕە ڕەشەن کە بەهۆی ناردنی چەکێکی زۆرەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە بۆ ئۆکراینا دروست بووە. لەوبارەیەوە گۆڤاری ئیکۆنۆمیک تایمز ڕاپۆرتێکی لە بارەی هەناردنی ژمارەیەکی زۆر چەکی سووک و قورس بۆ ئۆکرانیا بڵاو کردووەتەوە، کە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بە حکوومەتی ئۆکرانیا دراوە. هەر بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، پۆلیسی نێودەوڵەتی یان ئینتەرپۆل نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەوەی ئەو چەکانە بچنە ناو بازاڕی ڕەشەوە و بکەونە دەستی گرووپە چەکدارەکان. ئیکۆنۆمیک تایمز ئاماژەی داوا بە لاواز بوونی چەکی کوردانی سووریا لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و بازاڕی ڕەشی قاچاخی چەک لە ئۆکراینا بە باشترین دەرفەت بۆ کوردانی سووریا دەزانێت. ئەم گۆڤارە ئاماژەشی داوە بە زۆر بوونی مووشەکی دژە تانک کە لەلایەن ڕۆژئاواوە دراوەتە ئۆکراینا و نووسیویەتی: هێزە کوردییەکانی سووریا دەتوانن ئەم چەکانە بەکار بهێنن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی تورکیا.

هاوڵاتی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد لەم مانگەدا (ئاب) لەتەواوی هەرێمدا دەست بە دروستکردنی ئەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە دەکرێت کە پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دابوو. لەوبارەیەوە محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 08-08-2022  بەمیدیاکانی پارتی ڕاگەیاندووە "بڕیارە ئەم مانگە دەست بە جێبەجێکردنی بڕیاری دروستکردنی 20 هەزار یەکە نیشتەجێبوونەکە بکرێت و هەوڵدەدرێت بە کەمترین ماوە تەواوبن". وتیشی: "یەکە نیشتەجێبوونەکان لە هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، راپەڕین، سۆران و زاخۆ هەن و بەیەکەوە دەست بە دروستکردنیان دەکرێ". سەبارەت بە تێچووی یەکەکانیش، هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرای کردووە: "بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێمە بۆ هەر مەترێک 250-350 دۆلار تێچووەکەی دەبێت، رووبەری یەکەکانیش 3 جۆرن، 80 مەتری، 100 مەتری و 120 مەتری. بۆ ئەوانەی سەڵتن تەنیا مافی ئەوەیان هەیە 80 مەترییەکە هەڵبژێرن. یەکەکان شوقە دەبن کە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان 8 نهۆمی و لە قەزایەکانیش 3 نهۆمی دەبێت." لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە وەک پێشەکی وەردەگیرێت هەڤاڵ سدیق دەڵێت: "هێشتا بڕەکەی دەستنیشان نەکراوە. چەند بژارەیەکمان هەیە، یەکێک لە بژارەکان ئەوەیە 30٪ بێت بە قۆناخ بە قۆناخ، بژارەیەکی دیکەمان هەیە یەک قۆناخ وەربگیرێت بەڵام کەمتربێت لە 30٪، ئەوەی دەمێنێتەوە بکرێتە قیستی مانگانە تاوەکو 15 ساڵ."  بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەدا دروستکردنی ئەو یەکانە "قۆناخی یەکەمە، بەردەوام دەبێت، ئەوانەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە ئەگەر لەم قۆناخە چانسیان نەبێت، لە قۆناخەکانی داهاتوو ئەو چانسەیان دەبێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون."

هاوڵاتی هەزاران كەس بە دروشمی “ئێمە چارەسەرین” لە مەیدانی كارتال لە ئەستەنبوڵ بەشداری میتینگی هەدەپەیان كرد و هاوسەرۆكی هەدەپەش ڕایگەیاند:" هیچ كێشەیەك بەبێ شكاندنی گۆشەگیریی لە ئیمرالی چارەسەر نابێت". پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بە دروشمی “ئێمە چارەسەرین نەك شەڕ و داگیركاری” لە مەیدانی كارتالی لە شاری ئیستەنبول میتینگێكی جەماوەری ئەنجامدا و بە هەزاران كەس بەشداریان تیادا كرد. سەدان ژنی ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئازاد (TJA) بە پۆستەری گەورەی سیاسەتمەداری بەندكراوی كورد ئایسەل توغلوك بەشداریان لە میتینگەكە كرد و داوای ئازادكردنی زیندانییە نەخۆشەكانیان كرد. پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی هەدەپە و ژمارەیەك لە سەركردەی پارتە هاوپەیمانەكان و نوێنەری چەندین ڕێكخراوی ژنان و كۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەی گردبونەوەكە بوون. هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە رایگەیاند: "ئەوانەی كە “دەڵێن من دەسەڵاتم” بە باشی سەیری ئەم وێنەیە بكەن و ئەو كەسانە ببینن كە دەڵێن “ئێمە چارەسەرین”. بوڵدان، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" دوای گردبونەوە مەزنەكەی ئامەد، ئەمڕۆ جارێكی تر لەگەڵ گەلی توركیا و گەلی كورد كۆبووینەوە و جارێكی تر دەڵێین ئێمە چارەسەرین و نەخێر بۆ شەڕ". هاوسەرۆكی هەدەپە باسی لەوەشكرد:" هیچ كێشەیەك بەبێ شكاندنی گۆشەگیریی لە ئیمرالی چارەسەر نابێت و  هەدەپە كە دەنگ و توانای بەهێزی هەیە بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەیەك لە توركیا، پارتێكە لەم وڵاتەدا تێدەكۆشێت ئێمە پێمان وایە تاكە چارەسەر بۆ هەموو كێشەكان و هەموو قەیرانەكانی ئەم وڵاتە جێبەجێكردنی بیرۆكەی هەدەپەیە چونكە ئێمە بەرخۆدانمان هەیە".  

هاوڵاتی  هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە رایگەیاند: 39 سەربازی توركیامان كوشتووەو دەستیشمان بەسەر چەندین كەلوپەلی سەربازیدا گرتووە". ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هیزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە ڕایگەیاند:“هێزەكانمان گورزی گەورەیان لە سوپای توركیا داوەو 39  سەربازی توركیامان كوشتوەو 5ی تریشیان برینداركردووە 2 سیستمی ڕادار و 2 سەنگەر و 2 سیستمی كامێرای حەراری و تەقەمەنیمان تێكشكاندووە". رونیشیكردەوە:" گورز لە 1 ئۆتۆمبێلی شۆفڵی دوو سەنگەر وەشێندراوە،  جگە لەوەش هێزەكانمان هەڵیانكوتایە سەر سوپای توركیا و دەستیان بەسەر 20 كیلۆگرام تەقەمەنی و چەندین كەلوپەلی سەربازیدا گرتووە". هەپەگە ڕاشیگەیاند: "سوپای توركیا 28 جار بە چەكی ئەتۆمی تاكتیكی، چەكی كیمیایی، بۆمبی دوكەڵ و  دەستی هێرشی كردە سەر ناوچەكانمان 9 جار بە فڕۆكەی جەنگی و 18 جار  بە كۆپتەری هێرشبەر و دەیان جار بە تۆپ و هاوەن و تانك و چەكی قورس هێرشیان كردووە".  

هاوڵاتی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت،نابێت لاسایی خۆپیشاندانەکانی بەغدا بکەینەوە، دەبێ پارێزگاری لە دەستکەوت و قەوارەکەمان بکەین، ئەوەش ئاشکرا دەکات ئەو بابەتانەی ئێستا لە کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت گۆڕاون، پێشتر بابەتی پۆستی سەرۆک کۆمار بابەتێکی سەرەکی بوو، بەڵام ئێستا وانییە.  لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و کۆبووەنەوەکانی ئەم دواییەی نێوانیان، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە میدیاکانی پارتی راگەیاند: "ساردی لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ماوەیەکە هەیە، بەڵام پێکەوە ئیش دەکەین لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئەمنیەت و سەقامگیری، لە ماوەی رابردوودا کێشەکان پەیوەندی بە پۆستی سەرۆک کۆمارەوە بوو، یەکێتی ناڕازی بوو لە هەڵوێستی پارتی، بەڵام ئێستا بابەتەکە گۆڕاوە، بەهۆی دۆخی عێراق ئەو زاراوانەی بەکاردەهێنرێن وەک هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، دەستوور و حزبەکان، کە ئەمە زیاتر لە کودەتا دەچێت، بێگومان هەرێمی کوردستان لەم جۆرە کودەتایانە سەلامەت نابێت، بۆیە دەبێ هەموو ناکۆکییەکانی دیکە وەلابنرێن، نابێت لاسایی خۆپیشاندانەکانی بەغدا بکەینەوە، بەڵکو دەبێ هەوڵەکانمان رێکخەین و پارێزگاری لە دەستکەوت و قەوارەکەمان بکەین، چونکە زۆرجار ئێمە لەو ناکۆکییانە بووینەتە قوربانی، بۆیە دەبێ ئەمجارە وریاتربین". سەعدی پیرە، سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، رایگەیاندووە: "کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆک بافڵ تاڵەبانی گرنگ بوو، دەبێ هەرێمی کوردستان بۆ بابەتی ئەمنی و پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکان، هەر بابەتێک کە دێتە پێشەوە راشکاوانە گفتوگۆی لەسەر بکەین، نەک بە رق و کینە و کاردانەوەی نەرێنی. هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە هەموو لایەنەکانی کوردستان پێکەوە بەرگری لە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بکەین". ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دەشڵێت: "لە گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی، کەمتر باسی بابەتی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکرێت". لەبارەی پێشنیازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوەکرد: "پرۆسەی هەڵبژاردن پێویستی بە ملیار دۆلارە، خەڵکی عێراق بە گشتی پێویستی بە چاکسازی و هەلی کار و خزمەتگوزارییە، هەڵبژاردن هیچ بەهای نییە، ئەگەر لایەنەکان ئامادە نەبن ئەنجامەکەی قبووڵ بکەن و دان بە دامەزراوە شەرعییەکان دابنێن". لە وەڵامی ئەو پرسیارەی یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق؟ سەعدی پیرە، دەڵێت: "ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە ببێتە بڕیاری زۆرینەی عێراقییەکان یەکێتی دژی ناوەستێتەوە، بەڵام یەکێتی پێی وانییە هەڵبژاردنێکی پێشوەختە هەموو کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات، ئەگەر لایەنەکان ئامادە نەبن پابەندی دامەزراوە شەرعییەکان بن. لەمێژ نییە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق کراوە".

هاوڵاتی لەبەشی یەكەمی ئەم بابەتەدا بەئامارو وردەكارییەوە باسی بەشێك لەكۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەباكوری كوردستان لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە كرا. لەم بەشەدا باس لەكۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەباشووری كوردستان لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە دەكرێت.   كۆمەڵكوژیەكانی توركیا لەباشووری كوردستان دەوڵەتی توركیا لەگەڵ ئۆپراسیۆنەكانی بۆ «دەرەوەی سنوور»و بۆردومان و تۆپبارانەكانیداو هاوكات لەگەڵ هێرشكردنە سەر گەریلاكانی پەكەكە، هاووڵاتیانی مەدەنیشی كردووەتە ئامانج و كۆمەڵكوژی كردوون. كۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەلایەن سوپای توركیاوە بەشێوەیەكی زۆر روون و ئاشكرا و بەبەرچاوی هەموو جیهان، ناتۆ، نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمریكاو روسیاوە ئەنجامدراون. جگە لەهەندێك لێدوان، یان راگەیاندراو لەلایەن هیچ یەك لەناوەندە سیاسی و سەربازییە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی زلهێزو كاریگەرەكانی سیاسەتی جیهانی هیچ كارێك نەكراوە بۆ رێگریكردن لەتوركیا بۆ ئەوەی كۆتایی بەكوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنی بهێنێت. نەك رێگری لەتوركیا نەكراوە، بەڵكو لەڕووی سەربازیی، میدیایی، سیاسی و ئابوورییەوە پشتیوانی لەدەوڵەتی توركیاو سیاسەتەكانی كراوە. رێككەوتننامەی لەگەڵ ئیمزا كراوەو ئاسانكاریی بۆ كراوەو چرای سەوزی بۆ بەكارهێنانی زەوی و ئاسمان بۆ هەڵكراوە. ئەوەش وایكردووە توركیا بێباكانە بەربێتە گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و یەك لەدوای یەك كۆمەڵكوژی ئەنجام بدات. توركیا لەساڵی ١٩٨٣ەوە تاوەكو ئێستا هێرش و ئۆپراسیۆن بۆ سەر خاكی باشووری كوردستان ئەنجام دەدات. بەگشتی تاوەكو ئێستا ٣٢ ئۆپراسیۆنی گەورە و فەرمیی بۆ سەر باشووری كوردستان ئەنجامداوە لەگەڵ سەدان هەزار بۆردومان و تۆپبارانكردنی خاك و گوندو رەزو رەوەند و خەڵكی باشووری كوردستان. توركیا لەمانگی ئابی ١٩٨٦ و لەسێیەم ئۆپراسیۆنی بۆ دەرەوەی سنوور، لەخواكورك لەیەك كاتدا هێرشی كردەسەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و پارتی، لەو هێرشەدا زیاتر لە ١٠٠ پێشمەرگەی پارتی شەهید بوون. ئەو گورزە وای لەپارتی كرد، كە سیاسەتی چوونە ئامێزی توركیا بگرێتە بەر و لەوكاتەوە هاوكارو هاوبەشی توركیا بووە لەئۆپراسیۆنەكانیدا بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە لەخاكی باشووری كوردستاندا. لەبەر ئەوەش بەشێك لەكوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی بەهاوكاریی پارتی ئەنجامدراون.   جەنەڕاڵ ئیسماعیل مەتین تەمەل بەجامانە و كەواو پانتۆڵی پێشمەرگەوە جەنەڕاڵ ئیسماعیل مەتین تەمەل بەهۆی چەپەڵە زۆرەكانی بۆ ئەردۆغان و پشتیوانیكردنی لەهەڵبژاردنی ئەردۆغان بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار لەساڵی ٢٠١٨دا زومی كامێراكانی لەسەر بوو، بۆیە یەكێك لە گرنگترین دۆسیەكانی ئەو جەنەڕاڵە لەلایەن موحەڕەم ئینجە پاڵێوراوی جەهەپە ئاشكراكرا. ئەویش بڵاوكردنەوەی  ژمارەیەك وێنەی ئەو جەنەڕاڵە بوو بەجامانەو جلوبەرگی پێشمەرگەوە، كە مێژووی وێنەكان دەگەڕانەوە بۆ ساڵانی ١٩٩٠ لەباشووری كوردستان. گەرچی ئینجە وتبووی «ئەستێرەكانی سەرشانی لادەبەم»، بەڵام ئەردۆغان كردی بەفەرماندەی ئۆپراسیۆنی داگیركردنی عەفرین ناسراو بە(چڵە زەیتون) و پلەكەی بەرزركرایەوە بۆ «جەنەڕاڵی باڵا». وێنەكانی ئەو جەنەڕاڵە توركە بەجلوبەرگی پێشمەرگەوە پەیوەندیی بەو كردە سەربازییانەی سوپای توركیاوە هەبوو، كە تیمە تایبەتەكانی سوپای توركیا لەساڵانی ١٩٩٠دا لەخاكی باشووری كوردستان لەدژی پەكەكەو لایەنگرانی پەكەكە ئەنجامیان دەداو خۆیان پێی دەڵێن، «ئەرك» لەو ساڵانەدا چەندین تاوان و رووداوی كوشتن و رفاندن و تیرۆر لەباشووری كوردستان روویانداو تەنانەت بەهۆی هەندێك رووداوی گوماناوییەوە شەڕی نێوان پارتی و یەكێتی دەستیپێكردو ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوام بوو. سەربازانی توركیا لەزۆر دۆسیەدا دانیان بەتاوانەكانیاندا ناوە. لەباكووری كوردستان جلوبەرگی گەریلایان لەبەر كردووەو بەرامبەر بەهاووڵاتیان تاوانیان ئەنجامداوە. دۆسیەكانی دەزگای هەواڵگریی جەندرمە (ژیتەم / JİTEM) پڕە لەو دانپیادانانانەدا. بەدران ئاكداغ شایەتحاڵی دۆسیەی ئەیلولی ٢٠١٧ی ژیتەم لەقۆسەری مێردین، باسی ئەوەی كردووە، ژیتەم تاوانی ئەنجام دەداو دەیخستە ئەستۆی  پەكەكە. بەدران لەو كاتەدا وتی، «من ئەندامان و كاربەدەستانی سەربازیم دەبینی، كەجلوبەرگی گەریلایان لەبەر دەكردو تاوانیان ئەنجامدەدا». كوردان دەیان ساڵ ئەو تاوانانەیان بینی و بوونە شایەتحاڵ و قوربانیی ئەو تاوانانە. ئەو تاوانانەش لە باشووری كوردستان روویانداوە، كە لێرەدا چەند نموونەیەكیان دەخەینەڕوو.   كوشتن، رفاندن و رادەستكردنەكان لە دوای راپەڕین دەوڵەتی توركیا لە دوای راپەڕینی مانگی ئازاری ١٩٩١ سێ ئۆپراسیۆنی لەمانگەكانی نیسان و ئاب و تشرینی یەكەمی ١٩٩١دا بۆ سەر خاكی باشوری كوردستان ئەنجامدا. دەوڵەتی توركیا ئۆپراسیۆنی مانگی تشرینی یەكەمی ١٩٩١ بەهاوبەشیی پارتی و یەكێتی و بەرەی كوردستانی لەدژی پەكەكە ئەنجامدا. هاوكات لەگەڵ پارتیدا دەستیان بەكوشتنی لایەنگرانی پەكەكە لەبادینان كرد، كە كەسانی وەك عەلی شەعبان ئامێدی، سادق عومەر سندی، رەئوف ئاكرێیی تیادایە. هەروەها هۆشەنگ میرزا، زەكی ئامێدی، بەكر هیرانی لەدهۆك و هەوڵیر رفێنران و شەهید كران. جگە لەوەش لە ١٢ ی كانوونی یەكەمی ساڵی ١٩٩١دا ٢٣ ئەندامی پارتی  ئازادیی كوردستان (پاك) لەشاری دهۆك دەستگیركران و لە دوای ٢٠ رۆژ لە ٨ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩١ لەسنوری ئیبراهیم خەلیلەوە رادەستی دەوڵەتی توركیا كرانەوە. لەساڵی ١٩٩٢شدا نەجات مەلا ئەحمەدو محەمەد نەزیر لەنزیك شارۆچكەی سێمێلی پارێزگای دهۆك شەهیدكران. لەساڵی ١٩٩٥ یاسین مستەفا، ناسراو بەیاسین مستۆ كەسایەتیی ناسراوی عەشیرەتی نهێلێ لە نێوان گوندەكانی گوهرز و دێرەلۆك لەئامێدی كوژرا. ئەحمەد عەلی نهێلی و ئەمین سەرگەلی بەچەكی قەناس كوژران.   كۆمەڵكوژییەكانی خنێرەو خواكوڕك و زەڵێ فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا ساڵی ١٩٩٢ گوندی ژیلە-یان لەناوچەی خواكورك بۆردومانكردو  هەشت كەسیان كۆمەڵكوژكرد. لە ساڵی ١٩٩٥ لە بۆردومانكردنی دەشتی هەرتێ لەخواكوڕك شرش كەسی تری مەدەنی شەهیدبوون. ساڵی  ١٩٩٧ ماڵێكیان لەبرادۆست بۆردومان كردو حەوت كەسیان شەهیدكرد. فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ساڵی ١٩٩٨ هاووڵاتیانی ناوچەی لۆلان-یان بۆردومان كردو بەو هۆیەوە ٨٤ ژن، منداڵ، هاووڵاتی و كەسی بەتەمەن شەهیدبوون. لە ‹ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنوور›ی ٢٨ی كانوونی دووەمی ١٩٩٤ لەدژی كامپی زەڵی، كەگەورەترین و بەرفراوانترین ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنوری دەوڵەتی تورك بوو تاوەكو ئەو كاتە، ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانە كرانە ئامانج، كە بەهۆی كاولكردن و سوتاندنی گوندەكانیانەوە لەلایەن دەوڵەتی تورك لەباكووری كوردستان بەناچار روویان لەباشووری كوردستان كردبوو و لەزەڵێ گیرسابوونەوە، لەو بۆردومانكردنەی كامپی زەڵیدا ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیانی مەدەنیی ئاوارەی باكووری كوردستان شەهیدو بریندار بوون.   كۆمەڵكوژیی بازاڕی زاخۆ لە ٢٧ی شوباتی ١٩٩٥ لەبازاڕی چەك فرۆشانی زاخۆدا ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوی پڕ لە تی ئێن تی تەقێنرایەوە، كە بووە هۆی كوژرانی ٩٠ كەس و برینداركردنی ٣٠ كەس و خاپوركردنی دەیان دوكان و شوێنی كاری هاووڵاتیان. دەوڵەتی توركیا ئەو تاوان و كۆمەڵكوژییەی بۆ ئەوە ئەنجامدا تاوەكو پەكەكە نەتوانێت لەو بازاڕەدا چەك بكڕێت.   مام رەشۆ و ئاریس و فاریسی كوڕی لەئاڤاشین   سوپای توركیا لەئایاری ١٩٩٥ بە ١٠ هەزار سەربازەوە هێرشی كردە سەر ناوچەی ئاڤاشین و لەو هێرشەیەدا چوونە سەر رەشماڵەكەی مام رەشۆ و خۆی و دوو كوڕی بەناوەكانی ئاریس و فاریس-یان دەستگیركرد. مام رەشۆ، كەتەنانەت دەستی سوپاكەی سەدامی پێ نەگەیشتبوو و خۆی پاراستبوو، سوپای توركیا داوای لێدەكەن هاوكارییان بكات لەدۆزینەوەی شوێنی گەریلاكانی پەكەكەدا، كاتێك ئەوە رەتدەكاتەوە ئەشكەنجەیەكی زۆری خۆی و كوڕەكانی دەدەن، بەئەشكەنجە دەیانبەنە ناو هەلیكۆپتەرەكانیان و یەك بەیەك لەئاسمانەوە هەڵیاندەدەن خوارەوە، بەڵام هیچ هاوكارییەكی سوپای توركیا ناكەن. دوای ئەو رووداوە گەریلاكان تەرمی مام رەشۆو كوڕەكانی دەبنەوە بۆ رەشماڵەكەیان لەوێ بە خاكی دەسپێرن بۆ یادیان سێ شاخی ئەو ناوچەیان بەناویانەوە ناودەنێن، مام رەشۆ لەناوەڕاستیاندا و ئاریس و فاریسیش لەملاولایدان، سوپای توركیا لەساڵی ٢٠٢١ دیسانەوە ویستی ئەو ناوچەیە بگرێت، بەڵام لەوەدا سەرنەكەوت و لەئەنجامدا بەچڕی چەكی كیمیایی بەكارهێنا، هەشت گەریلا بۆ ماوەی ٤٠ رۆژ لەو شاخەدا لەژێر چەكی كیمیایی دا بەرەنگاری سوپای توركیا بوونەوە و تائێستاش شەڕ تیایدا بەردەوامە.   كۆمەڵكوژییەكەی هەولێر لە ١٤ی ئایاری ١٩٩٧دا سوپای توركیا و پارتی پێكەوە ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوانیان لەدژی پەكەكە ئەنجامدا. لە ١٦ی ئایاردا لەناو شاری هەولێر هەڵیانكوتایەسەر بارەگای یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان (یەنەدەكە)، ناوەندی رۆشنبیریی میزۆپۆتامیا، یەكێتیی ئازادیی ژنانی كوردستان (یاژك) رۆژنامەی وڵات و رۆژنامەی عەرەبی (شمس الوطن) و نەخۆشخانەی مانگی سووری كوردستان. لەو هێرشەدا ٨٣ كەس كۆمەڵكوژكران، كە ١٩ كەسیان قۆژنامەنووس بوون، ٥٢ كەسیان گەریلای برینداری بێچەك بوون لەنەخۆشخانە و ١٢ كەسەكەی تریشیان كەسانی هونەرمەندو سیاسەتمەدار بوون و لەناوەندە مەدەنی و هونەرییەكانیاندا كۆمەڵكوژكران.   كۆمەڵكوژیی كەندەكۆڵ دەوڵەتی تورك لە ١٥ی ئابی ٢٠٠٠دا لەكەندەكۆڵ بەرامبەر بەدۆڵی قاشموك و ئاڤخوار لەنێوان خنێرەو خواكوڕك بەفڕۆكەی جەنگی هێرشی كردەسەر ١٠٠ قەشماڵی هاووڵاتیانی ئەو كوێستانەو لەو كۆمەڵكوژییەدا ٣٨ هاووڵاتی ەوەندی هەركی شەهیدكران، كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و وەك هەموو ساڵێك چووبوونە كوێستانەكانی خۆیان و دەیان كەسی تریش بریندار بوون. كۆمەڵكوژییەكانی كورتەك - ٢٠١١ فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە ٢١ی ئابی ٢٠١١دا لەڕێگای كورتەك – رانیە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەكی مەدەنییان كردە ئامانج بەو هۆیەوە هەریەك لەحسێن مستەفا، ئۆسكار حسێن تەمەن ١٠ ساڵ، زانا حسێن تەمەن ١١ ساڵ، رێزان حسێن تەمەن ٣٤ ساڵ، مێر حاجی، سۆنیا شەماڵ تەمەن چوار ساڵ، سۆلین شەماڵ تەمەن حەوت مانگ، كە دانیشتوی گوندی بۆڵێ بوون و ئەندامی یەك خانەوادە بوون كۆمەڵكوژكران.   كۆمەڵكوژییەكانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٢ بەپێی ئاماری رێكخراوی تیمەكانی بنیاتنانی ئاشتی لەكوردستانی عێراق (سی پی تی) دەوڵەتی توركیا لەساڵی ٢٠١٥ەوە تاوەكو ئێستا دەیان كۆمەڵكوژیی ئەنجامداوە و بەگشتی ١٣٨ هاووڵاتیی مەدەنی شەهیدو كۆمەڵكوژ كردووەو زیاتر لە ١٨٠ هاووڵاتیی تری مەدەنیی بریندار كردووە، كە بەشێكیان بەمشێوەیەی خوارەوەن: جارێكیتر لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا دوو ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی لەناوچەی كورتەك و لەنزیك گوندی بەرد كوڕان-ی رانیە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیاوە كرانە ئامانج، كە لەسەر باخ و رەزی خۆیان دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوەو بەو هۆیەوە عەبدوڵا عەلی مینە ئاڵی ناسراو بەعەبدوڵا چاوشین تەمەن ٥٣ ساڵ و كوردستان عەبدوڵای كچی تەمەن ٣٠ ساڵ، هەریاد عەبدوڵا تەمەن ١٩ ساڵ شەهید بوون. هەروەها تەیب محەمەد عەبدڵا، محەمەد عەبدوڵا، بەناز عەبدوڵا، رابێ محەمەد دایكی قوربانیەكان بریندار بوون.    دیار غەریب لەكورتەك فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە ٥ی تەمموزی ٢٠١٩دا دیار غەریب ناسراو بەهەڵمەت ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە  لە ئۆتۆمبێلێكدا بۆردومانیان كرد و لەگەڵ دوو هەڤاڵیدا شەهیدیان كرد.   كۆمەڵكوژیی زارگەلی فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە ١ی ئابی ٢٠١٥دا و لەكاتژمێر ٤:٠٠ بەرەبەیاندا گوندەكانی بناری قەندیل-یان بۆردومانكرد. یەكێك لەو گوندانە كەكرایە ئامانج، گوندی زارگەلی بوو. فڕۆكە جەنگییەكانی تورك سەرەتا هێرشیان كردەسەر ماڵی مام خدر. لەو هێرشەدا پورە ئایشێ هاوسەری مام خدر شەهید بوو و چەند هاووڵاتییەكی تر لەگوندەكەدا بریندار بوون. دوای ئەوەی خەڵك بەڕووداوەكەیان زانی بەهانای مام خدرەوە رۆیشتن. فڕۆكە جەنگییەكان ئەمجارە ئەو هاووڵاتییانەیان بۆردمانكرد، كە بەهانای ماڵی مام خدرەوە رۆیشتبوون، بەگشتی ١٩ موشەكیان بەگوندەكەوەو هاووڵاتیانی گوندەكەوە نابوو. لەئەنجامدا هەشت هاووڵاتی تر شەهیدو ١٢ كەسی تریش بریندار بوون و هەشت خانوی گوندەكە رووخان و زیانیان پێگەیشت و چەند ئۆتۆمبێلێكی هاووڵاتیان سوتان. هەروەها لەئەنجامی ئەو بۆردومانەدا ژینگەی گوندەكە ژەهراوی بوو و سەرچاوەكانی ئاو، زەوی، رەز و باخی هاووڵاتیان سوتان و پیس بوون. توركیا لەو هێرشەدا بۆمبی قەدەغەكراوی بەكارهێنا و یەكێك لەموشەكەكان پاشماوەی مابوویەوە، كە دریژییەكەی دوو  مەترو نیوو و قورسیەكەیشی یەك تۆن بوو.   كۆمەڵكوژیی گۆشینە سوپای توركیا ئەمجارە لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٩دادا لەئۆپراسیۆنی «پەنجە»دا بەفڕۆكەی جەنگی لەناوچەی گۆشینەی سەر بەقەزای سۆران لەپارێزگای هەولێر ئۆتۆمبێلێكی هاووڵاتیانی كردە ئامانج و دوو سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلەكە كە برا بوون شەهید بوون و برایەكی تریشیان بریندار بوو.   كۆمەڵكوژكردنی گەشتیاران و هاووڵاتیانی مەدەنی لەسەیرانگاكاندا دەوڵەتی توركیا لەبەردەوامیی كۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنیدا سەیرانگاكان و گەشتیاران دەكاتە ئامانج و لەم چەند ساڵەدا سەیرانگاكانی ئامێدی، بامەڕنی، كونەماسی، گوێژە، شیلادزێ، شارباژێڕ، باتوفا و دێرەلوك كردووەتە ئامانج و چەندین هاووڵاتی و گەشتیاری شەهید كردووە. لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا، فڕۆكە شەڕكەرەكانی دەوڵەتی تورك سەیرانگەی كونەماسیی لە شاڕباژێری سلێمانی بۆردومان كردو لەئەنجامدا دوو هاووڵاتی كۆمەڵكۆژ كردو هەشت هاووڵاتیی تری بریندار كرد، كە پێنج كەسیان ئەندامی یەك خێزان بوون. لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢١دا؛ دوو گەشتیاری عەرەبی خەڵكی موسڵ بەناوەكانی ئەحمەد شاكری تەمەن ٤٠ ساڵ و یوسف عامر تەمەن ٢٦ ساڵ، لەناحیەی باتوفای سەر بەزاخۆ لەئەنجامی تۆپبارانی ئەرتەشی توركدا كوژران. لە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢دا نزیكەی ١٠٠٠ هاووڵاتیی مەدەنیی خەڵكی گوندی زێوا سەرێ بەشدارییان لەفیستیڤاڵی ساڵانەی گوندەكەیاندا لەشارەدیی بامەڕنی كردبوو. لەدەمەو ئێوارەدا سوپای توركیا ئاهەنگی هاووڵاتیانی بۆردمانكردو بەو هۆیەوە یوسف كۆڤانی ١٣ ساڵان و ئاڤەند هۆشیاری ١١ ساڵان گیانیان لەدەستدا و سیپان فەرهادی هەشت ساڵانیش بەسەختی برینداربوو.  دوایین كۆمەڵكوژیی هاووڵاتیانی مەدەنی و گەشتیاران لەلایەن سوپای توركیاوە لەباشووری كوردستان كۆمەڵكوژكردنی گەشتیارانی عێراقی بوو لەگوندی پەرەخێ لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٠دا بوو، كە نۆ گەشتیاری كۆمەڵكۆژو ٢٦ كەسیشی بریندار كرد.   كۆمەڵكوژییەكانی دەوڵەتی توركیا لەشەنگال دەوڵەتی توركیا بۆ یەكەمجار لە ٢٤ی نیسانی ٢٠١٧ چیای شەنگالی بۆردومان كرد و لەو كاتەوە ماوە ماوە شەنگال و خەڵكەكەی بۆردومان دەكات. لە ١٥ی ئابی ٢٠١٨دا، مام زەكی شەنگالی، لە ١٦ی ئابی ٢٠٢١دا سەید حەسەن و برازاكەی عیسا خوەدێدا، لە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٠دا فەرماندە زەردەشت شەنگالی، پیر حەمید، ئێزێدین شەنگالی و جەلۆ شەنگالی و لە ١٧ی ئابی ٢٠٢١دا بەفڕۆكەی جەنگی هێرش كرایە سەر نەخۆشخانەی ناوچەی سكێنێ شەنگال و بەو هۆیەوە حەمید سعدون «قیران سیبا»، شەڕڤانی یەبەشە خدر شەرەف «پیر خدر»، شەڕڤانی یەبەشە  رامی ئەلسالم «رۆنی»، شەڕڤانی عەرەبی یەبەشەی خەڵكی بەعاج  بەناوی مەیتەم خدر خەلەف «سەرحەد زەمار»، شەڕڤانی یەبەشەی عەرەب، عەلی رەشۆ خدر، خەباتكاری نەخۆشخانە سەیدۆ ئەلیاس رەشۆ، حەجی خدر، موخلیسە سیدار و هەروەها لە ٧ی كانوونی ٢٠٢١دا هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال مەروان بەدەل-ی كۆمەڵكۆژ كرد. لە ١١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢١دا ئەنجومەنی گەلی خانەسوری بۆردومانكرد و زۆربەی باڵەخانەی ئەنجوومەنەكە رووخا. دواین جاریش لە ١٥ی حۆزەیرانی ٢٠٢٢ بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كردە سەر ئەنجوومەنی گەلی سنوون و منداڵێك و باپیرەی بەناوی خدر شڤان ناسۆ و كوڕەزاكەی ساڵح خدر ناسۆ كۆمەڵكۆژ كران.   بۆردومانكردنی مەخمور   لەوەتەی دەوڵەتی توركیا هەیە هەمیشە چاوی لە بۆردومانكردن و كۆمەڵكوژكردنی هاوڵاتییانی مەدەنیی كامپی مەخمور بووە. توركیا تا ئێستا بە گشتی زیاتر لە ٢٠٠ جار كامپەكەی بە دۆشكا، هاوەن، توپخانە و فڕۆكەی جەنگی بۆردومان كردووە. لەو هێرشانەشەدا زیاتر لە ١٠٠ كەس شەهید و بریندار بوون، كە ژن، منداڵ، بە تەمەن و نەخۆشیان تیادا بووە. شاردنەوەی تاوان و كۆمەڵكوژییەكانی دەوڵەتی توركیاو پاساوهێنانەوە بۆیان و سوككردنی خوێنی هاووڵاتیانی كورد لەدوای ساڵی ٢٠١٥ەوە كاتێك كەسوكاری شەهیدانی بۆردومانەكانی توركیا هەوڵیانداوە راپۆرتی پزیشكی وەك خۆی ئامادە بكەن و لەدادگاكان سكاڵا لەدژی تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا تۆمار بكەن، پێشهاتی سەیر روویاندا، بۆ نموونە محەمەد ساڵح رەسوڵ خەڵكی گوندی بۆكریسكان لەو بارەی راپۆرتی پزیشكی بۆ شەهیدانی گوندی زارگەلی دەڵێت، لەراپۆرتی پزیشكیی ئەو شەهیدانەدا لەنەخۆشخانەی قەزای سۆران بەهیچ شێوەیەك ئاماژە بەوە نەكراوە، كە بەفڕۆكەی جەنگیی توركیا شەهید بوون، بەڵكو هەر كەسە و سیناریۆیەكیان بۆ رێكخستوەو نووسیویانە یەك بە قەزای ئۆتۆمبێل و یەك بە تەقینەوە و بۆ هەر كەسەوە شتێكیان نووسیوە!، بەڵام ناكرێت بەو شێوەیە دەستكاریی چۆنیەتیی شەهیدبوونی هاووڵاتیان بكرێت.  هەروەها هاووڵاتییەكی تری بناری قەندیل بەناوی محەمەد ئەمین خدر باسی ئەوە دەكات، حكومەتی هەرێم لەئاست بۆردومانەكانی دەوڵەتی توركیا بێ هەڵوێستە.  یەك لەچیرۆكە زۆر سەیرو سەمەرەكان لەبارەی پاساو هێنانەوە بۆ تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا چیرۆكی كەریم قادرە، كەدانیشتوی گوندی سولییە لەبناری قەندیل. كەریم قادر لەدوای ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا خانوەكەی بۆردومان دەكەن كەیسی بۆردومانكردن و خاپووركردنی خانووەكەی دەباتە دادگا، دوای هەشت جار لەدانیشتنی دادگا، دادوەری دادگای قەڵادزێ پێی دەڵێت، تۆ یەكەم شت نازانی فڕۆكەی جەنگیی كام وڵات بووەو پاشان تۆ ناوی ئەو كەسەش نازانیت، كە فڕۆكەوان بووەو فڕۆكەكەی لێخوڕیوە، بۆیە كەریم قادر لەوە تێدەگات، كە دەیانەوێت نەك مافی بۆ بگەڕێننەوە، بەڵكو مافەكەشی زەوت دەكەن و كاریش بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانە دەوڵەتی توركیا دەكەن، بۆیە لەئەنجامدا بەپێی ئەو رەفتارو هەڵسوكەوتانەو بەهۆی بێ پشت و پەناییەوە لەپێناو شاردنەوەی تاوانەكانی دەوڵەتی توركیادا بەزۆر كەیسەكە بەو هاووڵاتییە دەدۆڕێنن و هیچ قەرەبویەك ناكرێتەوە. پاساوی دامودەزگاكانی هەرێم دەرەنجامی سیاسەتی حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمەو كاتێك حكومەتی هەرێم پاساو بۆ شاردنەوەی تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا بهێنێتەوە ئیدی كاتێك وڵاتانی تر بۆ خوێنی هاووڵاتیان دنیا دەهێننە جۆش، هەر بۆ نموونە ئەوەی حكومەتی بەغدا بۆ خوێنی گەشتیارەكان لەپەرەخ كردی، دەبێتە جێگای سەرسوڕمانی بەرپرسانی حكومەت و دەڵێن، نابێت جیاوازی لەنێوان خوێنی كوردو عەرەبدا بكرێت، بەڵام بەداخەوە لەمێژە دەسەڵات و حكومەت خۆی بەدەستی خۆی خوێن و بەهاو شكۆو سیادەی هاووڵاتیی كوردو خاكەكەی سووك كردووە، بۆیە هیچ دەوڵەتێك بۆی گرنگ نییە رۆژانە چەند هاووڵاتیی مەدەنیی كورد بەناهەق و ناڕەوا شەهید دەكرێن.   دەوڵەتی توركیا بە بەردەوامی نكۆڵی لەتاوانەكانی دەكات   دەوڵەتی توركیا گەرچی توانای سەربازیی زۆرە، بەڵام لەهەمان كاتدا بەڕادەیەك لاوازە، كە توانای داننان بەتاوانەكانی خۆیدا نییە و لەئەنجامدا هەمیشە نكۆڵی لەو تاوان و كۆمەڵكوژییانە دەكات، كەئەنجامی دەدات. ئەردۆغان لە دوای كۆمەڵكوژكردنی گەشتیاران لەپەرەخێ رایگەیاند، ئەوە كاری سوپاكەیان نەبووە. قلیچدار ئۆغڵوش وتی، سوپاكەیان كەسانی مەدەنی ناكوژێت. دەسەڵات و ئۆپۆزیسونی توركیا پێكەوە چەواشەكاری دەكەن و تاوانەكانی سوپا دەشارنەوە. تا ئێستا حزبەكانی توركیاو دەسەڵات و حكومەت و دەزگای دادوەری ئامادە نەبوون تاوانەكانی سوپاكەیان و كوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی ئیدانە بكەن. سەرباری بوونی دەیان بەڵگە، شایەتحاڵ، ڤیدیۆ، وێنە و وتەی پسپۆڕان، بەڵام ئەوان هەر نكۆڵی تاوانەكانیان دەكەن، ئەوەش بەمانای ئەوەیە، سیستمی سیاسیی توركیا لەگەڵ كوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی دا بە دەستی سوپاو جەندرمە و میتی توركیا.  

هاوڵاتی دوای کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەمه‌ریکا لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و دەرەوە و کۆنگرێس و کۆشکی سپی، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌که‌یان بۆ ئه‌مریکا به‌رهه‌مدار بووه‌ و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک به‌رپرسی وڵاته‌که‌ کۆبوونه‌ته‌وه‌. له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیداشۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند: سه‌ردانمان بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان کۆمه‌ڵێک چاوپێکه‌وتنی جیاوازمان کرد، پێشوازیی باشمان لێکراوه‌ و توانراوه‌ په‌یامی هه‌رێمی کوردستان که‌ خۆی له‌ پاراستنی سه‌قامگیری و ئه‌من و ئاسایش که‌ ئێستا هه‌یه‌ ده‌بینێته‌وه‌، بگوازرێتەوە. ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، "ئه‌مریکییه‌کان به‌ راشکاوانه‌ پێیان وتووین، ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌ی چاکسازی له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی باش نه‌چێته‌ پێشه‌وه‌، هاوکاری و پشتیوانییه‌کانمان، راده‌گرین". شۆڕش ئیسماعیل باسی له‌وه‌ش کرد، "له‌ کابینه‌ی نۆیه‌می حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و چاکسازی هه‌نگاوی باشی ناوه‌، ئه‌مریکاییه‌کانیش له‌و هه‌نگاوه‌ خۆشحاڵیی خۆیان ده‌ربڕی، پشتگیریشیان کردین، که‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌، هه‌نگاوی گه‌وره‌تر و فراوانتری به‌دوادابێت". ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "له‌ عێراق هه‌ر کارێک دێته‌ پێشه‌وه‌، ده‌یان گرفتی بۆ دروست ده‌کرێت، ئه‌وان چه‌ندان داواکارییان هه‌بووه‌، ئێمه‌ هه‌موومان جێبه‌جێ کردوه‌، ئه‌وه‌ عێراقی ئێستایه‌، هه‌تا کارێک جێبه‌جێ ده‌بێت، ماندووبوون و چاوه‌ڕوانییه‌کی زۆری پێویسته‌".

شەنای فاتیح   مافی نەخۆش لەهەرێمی كوردستاندا وەك زۆربەی مافەكانی تری هاوڵاتی پێشێلدەكرێت و رەخنەی ئەوەش دەگیرێت لەناو كەرتی تەندروستیدا بایەخی تەواو بەمافی نەخۆش نادرێت، پەرلەمانی كوردستان لەمانگی ئەیلولی 2020ەوە یاسایەكی تایبەتی سەبارەت بەماف و ئەركەكانی نەخۆش پەسەندكردووەو سەرۆكی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت» پێویستە نەخۆش هۆشیاربێت و بزانێت مافی چییە»، پزیشكێكیش دەڵێت» لەكوردستان گرفتی هۆشیاری نەخۆش و كارمەندانی تەندروستیمان هەیە «. سەباح زێباری، سەرۆكی لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەكاربەر لەپەرلەمانی كوردستان لەو بارەیەوە بە (هاوڵاتی) راگەیاند «لەكوردستاندا یاسایەكی بەو شێوەیە رێكوپێك نەبووەو پێشتریش پشت بەیاسای تەندروستی عێراقی بەستراوە». هەروەها وتیشی»یاساكە زۆرباشەو نزیكەی دوو ساڵ خەریكی ئەو یاسایە بووین و لەئێستادا لەناوەندە تەندروستیەكاندا جێبەجێدەكرێت و تاڕادەیەكیش جێبەجێكردنەكەی دەكەوێتە سەر هۆشیاری نەخۆش». سەرۆكی لیژنەی تەندروستی باسی لەوەشكرد « حكومەت بواری داوەتە كەرتی تایبەت تاببێتە یارمەتیدەری كەرتی گشتی بەمەبەستی ئەوەی بەشێك لەهاووڵاتیان بچنە نەخۆشخانە ئەهلیەكان و قەرەباڵغی زۆر لەسەر نەخۆشخانە حكومیەكان نەمێنێت، بەڵام بەشێك لەو نەخۆشخانانە خەرجیەكی زۆر دەخەنە سەر هاووڵاتیان.» لەلایەكی ترەوە د.كۆچەر عومەر، پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان لەلێدوانێكدا بە(هاوڵاتی) وت: « ئێمە گرفتی هۆشیاری نەخۆش و كارمەندانی تەندروستیمان هەیەو بەشێكی هاووڵاتیانیش مافەكانیان بەشێوەیەكی نەرێنی بەكاردێنن، چونكە هەستیارییان بەرامبەر پزیشك و كارمەندانی تەندروستی هەیە «. وتیشی» كۆمەڵێك كەس بەناوی شێخ و پزیشكی دەرمانی گیاییەوە خەڵك و پڕۆسەی تەندروستیان ئیستیغلال كردووەو هاووڵاتیانیش متمانەیان پێیانەو خەڵكیش لەبەردەستیاندا دەمرێت و كەسیش قسەناكات و خەڵكەكە ناچێت سكاڵایان لەسەر تۆماربكات، كەئەمەش ناهۆشیاری تەندروستیە كەتاكی كورد نازانێت ماف و ئەركی چیە.» سەبارەت بەكەرتی تەندروستی ئەو پزیشكە پسپۆڕە باسی لەوەكرد: «كە پێویستە سیستەمی تەندروستی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوەیەكی گرنگی بنچینەیی بۆبكرێت و كۆی سێكتەرەكانی تەندروستی رێكبخرێتەوەو بەشێوازێكی مۆدێرن دابڕێژرێتەوە كەئەمەش ئەركی حكومەتە بەتایبەت دابینكردنی بیمەی تەندروستی كەهۆكارێكی نەفەوتاندنی مافی هاووڵاتیانە.» سێوە فاتیح، كارمەندی پێشووی تەندروستی لەكوردستان كەئێستا نیشتەجێی وڵاتی ئایسلاندایەو لەكەرتی تەندروستی ئەو وڵاتەدا كاردەكات لەلێدوانێكدا بۆ (هاوڵاتی) راگەیاند:» لەكوردستاندا نەخۆش یان وەك نەخۆش مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بەڵام نەخۆشییەكەی لەبیردەكەن، یان وەك نەخۆشییەك مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن و خودی نەخۆشەكە لەبیردەكەن، ئەم حاڵەتەش زیاتر لەنەخۆشخانە حكومیەكاندا روودەدات و كاتێكیش لەگەڵ ستافی نەخۆشخانەكاندا قسە دەكەیت كۆمەڵێك بیانووی هەیەو ئەرك و بەرپرسیارێتی پاراستنی مافی نەخۆش لەسەر خۆی لادەبات.» سەبارەت بەنۆرینگەكان ئەو كارمەندەی تەندروستی باسی لەوەكرد «كە لەكوردستاندا پزیشك هەیە رۆژانە نزیكەی 50 نەخۆش دەبینێت، كە ئەمە نایاساییە كاتێكیش پێیدەوترێت ئەمە یاسایی نییە دەڵێت، كلینیكی خۆمەو نەخۆش دەتوانێت سەردانم نەكات». نەخۆشانیش رۆژانە لەنەخۆشخانەكاندا رووبەڕووی كۆمەڵێك گیروگرفت دەبنەوەو بەشێكیشیان گلەیی كەمی دەرمان لەنەخۆشخانەكاندا دەكەن و ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن كەدەرمان لەنەخۆشخانەكاندا نییە، دەبێت بچیت لەدەرەوە بیكڕیت. مینا حسێن، نەخۆشێكی تەمەن 23 ساڵە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری سەردانی پزیشكی كردووە، لەو بارەیەوە قسەی بۆ بەهاووڵاتی كردو وتی: «خزمەتگوزاری نەخۆشخانەكان لەكوردستاندا بەپێی شوێن و ئەزموونی كارمەندەكان و نەخۆشخانەكە دەگۆڕێت و ئەو نەخۆشخانانەی كارمەندیان زۆرترەو ئامێری پێشكەوتوویان هەیە خزمەتی نەخۆش زیاتر دەكەن و نەخۆشەكان كەمتر چاوەڕێ دەكەن».، وتیشی»نەبوونی دەرمانی پێویست كاریگەری لەسەر نەخۆشخانەكان دەكات». نەخۆشێكی دیكەش ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كەهیچ زانیاریەكی لەسەر یاسای ماف و ئەركی نەخۆش نییە.

هاوڵاتی وشكبوونی دەریاچەی ورمێ ژیانی 14 ملیۆن كەس دەخاتە مەترسییەوەو رووبەری پێنج هەزار و 257 كیلۆمەتر زەویش لە نزیك ورمێ دەبێتە بیابانی خوێ. بەوتەی شارەزایانی ژینگەیی ئەو دەریاچەیە كە گەورەترین دەریاچەی كوردستانە پێویستی بە دوو ملیار دۆلارە بۆ رزگاركردنی لەوشكبوون ئەگەرچی لە 10 ساڵدا 580 ملیۆن دۆلار بەناوی پاراستنی دەریاچەی ورمێ خەرجكراوە، بەڵام 95٪ی ئەو دەریاچەیە وشكبووە. ئاوی دەریاچەی ورمێ بەهۆی خراپ بەكارهێنانی بەكشتوكاڵ و كارگە پیشەسازییەكانی تەبرێز و چەند ناوچەیەكی دیكە لەئێران رووبەڕووی وشكبوون بووەتەوە. ساڵانە یەك ملیۆن و 200 تۆن سێو لەپارێزگای ورمێ بەرهەمدەهێنرێت كەسەرچاوەی ئاودانی باخە سێوەكانی ئەو سنورە، دەریاچەی ورمێیە لەكاتێكدا بەوتەی بەرپرسانی پارێزگای ورمێ نزیكەی 500 تۆن لەو سێوە لەژێر دارەكاندا دەمێنێتەوەو دەڕزێ و خراپ دەبێت. بەسیستمی كشتوكاڵی ئێستای ئێران هەر كیلۆیەك سێو زیاتر لە 100 لیتر ئاوی پێویستە كەئەوەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر كەمبوونەوەی ئاوەكە هەیە. دەریاچەی ورمێ وەك گەورەترین دەریاچەی كوردستان كە لەساڵی 1998 بە 25ەمین دەریاچەی گەورەی جیهان ئەژماردەكرا لەئێستادا 95٪ی ئاوەكەی وشكبووەو بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن لە 10 ساڵدا 580 ملیۆن دۆلار بۆ رزگاركردنی دەریاچەكە خەرجكراوە. روحەڵڵا موتەفەكر ئازاد، نوێنەری پارێزگای تەبرێز لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاندوە؛ وشكبونی ورمێ بەواتای سەرهەڵدانی گەردەلولی خوێیە بە بازنەی 600 كیلۆمەترو ئەوەش ژیانی زیاتر لە 14 ملیۆن مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە. مەسعود پزیشكیان، نوێنەرێكی دیكەی پارێزگای تەبرێز لەپەرلەمان وتوویەتی: ئەو گەردەلولە مەترسیدارە جگە لەناوچەكە شاری تارانی پایتەختی ئێران دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی پێست و رەبوو دروستكردنی كێشە لەكۆئەندامی هەناسەدا. ئەگەر دەریاچەی ورمێ بەتەواوەتی وشك ببێت رووبەری پێنج هەزارو 257 كیلۆمەتر دووجا لەناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و پارێزگای تەبرێزو دەوروبەری دەبێتە بیابانێك لەخوێ، ئەو رووبەرە حەوت هێندەی رووبەری تارانی پایتەختی ئێرانە كەنزیكەی 18 ملیۆن كەسی تێدا دەژی. حكومەتی ئێران لەساڵی 2012ەوە ناوەندی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێی دروستكردووەو بڕیاربوو لەچوارچێوەی پلانێكی 10 ساڵیدا كێشەی وشكبوونی دەریاچەكە چارەسەر بكرێت. بەوتەی بەرپرسی پلان و بەرنامەی پارێزگای تەبرێز هەوڵدەدرێت ئاوی رووباری ئاراس بۆ پارێزگاكە بگوازرێتەوە بۆ ئەوەی رێگری لەو سەرچاوانە نەكرێت كە پێشتر دەڕژانە دەریاچەی ورمێ. بەوتەی بەرپرسانی ئێران تەنها رێگەی زیندووكردنەوەی دەریاچەی ورمێ و رزگاركردنی ناوچەكە، بەكارهێنانی ئاوی زاپە كەئەویش دەبێتە هۆی بێئاوی و وشكبوونی تەواوەتی زێی بچوك لەهەرێمی كوردستان، بۆیە لەئێستادا تاران ناتوانێت ئەو هەنگاوە بگرێتەبەر چونكە نایانەوێت ناكۆكی و ناسەقامگیری سیاسی لەنێوان ئێران و عێراق رووبدات. ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ لەماوەی چەند ساڵێكدا نزیكەی 11 ملیار مەتر سێجا كەمیكردووەو مەترسی وشكبوونی تەواوەتی لەسەرە، ئەوەش ناڕەزایەتی دانیشتوانی پارێزگای ورمێی لەڕۆژهەڵاتی كوردستانی لێدەكەوێتەوە.  دەریاچەی ورمێ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان كە بەگەورەترین دەریاچەی كوردستان ئەژمار دەكرێت، بەهۆی وشكەساڵی و خراپ بەكارهێنانی ئاوەكەی بۆ كشتوكاڵ، بەنزیكەی 95٪ی وشكبووە. رۆژی شەممەی رابردوو خەڵك و دانیشتوانی ورمێ و دەوروبەری وەك ناڕەزایەتییەك  لەبەرامبەر كەمتەرخەمیی بەرپرسانی حكومەت لەئاست وشكبوونی دەریاچەی ورمێ خۆپیشاندانیان ئەنجامداو خۆپیشاندانەكەش بەهۆی بەكارهێنانی هێزەوە توندوتیژیی تێكەوت. دەریاچەی ورمێ 22 ساڵە رووبەڕووی وشكەساڵی دەبێتەوەو ساڵی 2015 لەوێنەكانی مانگی دەستكرددا دەركەوتووە  نزیكەی 88٪ی ئاوی دەریاچەكە وشكبووە و ئەمساڵیش بەپێی خەمڵاندنەكان و وێنەكانی مانگی دەستكرد زیاتر لە 95٪ی ئاوەكەی وشكبووە و دەریاچەكە بووەتە رووبەرێك لەخۆڵ و خوێ. دەریاچەی ورمێ كە بەدەریاچەی خوێ ناودەهێنرێت ئەگەر بێئاویی بەردەوام بێت لەو دەریاچەیە ئەوا مەترسیی روودانی خوێبارین هاوشێوەی خۆڵبارین هەیە لەناوچەكانی نزیك  لەدەریاچەكە. لەسەرەتای بەهاری ئەمساڵدا تەنها 25 سانتیمەتر ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بەرزبووەتەوە كە ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما 22 سانتیمی بووە بەهەڵم و تەنها سێ سانیتم لەئاوی ئەمساڵی تێدا ماوە. ئاستی ئاوی ئێستای دەریاچەی ورمێ دوو ملیارو 480 ملیۆن مەترسێجایە، ئەو بڕە لەساڵی رابردودا یەك ملیارو 440 ملیۆن سێجا بووە.. لەكاتێكدا ئەو دەریاچەیە دەبێت لەحاڵەتی ئاسایی خۆیدا 13 ملیار مەترسێجا ئاوی تێدابێت لەڕاپۆرتەكانی تیمی كۆنتڕۆڵی قەیرانی دەریاچەی ورمێ دەركەوتووە ئەو دەریاچەیە پێوییستی بەپێنج تا 11 ملیار مەترسێجا ئاو هەیە بۆ ئەوەی كارەساتی سروشتیی لەو ناوچەیەی رۆژهەڵاتی كوردستان و دەوروبەری روونەدات. بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی قەیرانەكانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند: 95٪ی ئاوی دەریاچەكە كەمیكردووەو دەریاچەی ورمێ لەهەموو كاتێك زیاتر مەترسیی وشكبوونی لەسەرە. دەریاچەی ورمێ بەگەورەترین دەریاچەی كوردستان و بە 25ەمین دەریاچەی گەورەی جیهان لەقەڵەمدەدرێت .  پلانی هەڵەی بەكارهێنانی ئاوو گۆڕینی رێڕەوی ئەو سەرچاوانەی پێشتر دەڕژایە دەریاچەی ورمێ ، هۆكاری سەرەكی وشكبوونی ئەو دەریاچەیە بوە.  

هاوڵاتی  دادگای هانۆڤەر لە بارەی هەڵكرتنی ئاڵاكانی یەپەگە و یەپەژە و پڕوپاگەندەكردن بۆیان  بڕیاریدا بە تاوان نەناسرێت و چالاكوانێكی كوردیش كە بە هۆی ئەو دۆسیەیە دادگایی كرا بێ تاوان دەرچوو.  لە رۆژی ٢٠ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٩وە وەزارەتی دادی توركیا لێكۆڵینەوەیەكی لە دژی چالاكوانی كورد جوان چەولیك كردەوە كە ساڵانێكە لە ئەڵمانیا كاردەكات بۆ پشتیوانیكردن لە بەرخۆدانی یەپەگە و یەپەژە و شۆڕشی ڕۆژئاوا. لەسەر داوای توركیا، دادگای باڵا لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا داوای یاسایی لە دژی ئەو چالاكوانە جوڵان و ئەمڕۆش چالاكوانەكە دادگایی كرا. دۆندر كلۆگلو پارێزەری ئەو چالاكوانە بڕیارەكانی دادگاكانی پێشووی ئەڵمانیای بۆ یەپەگە و یەپەژە بەبیرهێنایەوە و رایگەیاند: "بریگرتەكەی هیچ تاوانێكی ئەنجام نەداوە، بۆیە نابێت دادگاكان گوێ لە داواكارییەكەی توركیا بگرن". دادگاش ئاشكرایكرد: هیچ تاوانێك لە كەیسەكەدا نییە، ئەو پارێزەرەش ستایشی بڕیاری دادگاكەی كرد و بە ئەرێنی وەسفی كرد و  وتیشی: "نابێت ئەڵمانیا ببێتە هاوبەشی فشارەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر ئەو ئاوارانەی لێرەن".