هاوڵاتی  موراد قەرەیلان، فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) پەیامێكی ئاڕاستەی هەموو گەریلاكان كرد و ڕایگەیاند:"ئەگەر دووژمن تێكبشكێنین، ئەوا نەك تەنها لە زاپ، بەڵكو لە ئەنقەرەش تێكدەشكێت". پەیامەكەی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) لە ڕێگەی ئامێری بێتەلەوە بۆ گەریلاكان خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە:" ئەم سەردەمەی ئێمەی تێداین گرنگترین و مێژووییتریین سەردەمی مێژووی تێكۆشانی ئێمەیە، ئێمە سڵاو لەو بەرخۆدانە بەرز و بڵندە دەكەین، كە لە دژی هێرشەكانی دوژمن ئەنجامی دەدەن، وەك دوو ڕۆژی یەكەم هەڤاڵان سەركەوتوون". هەروەها ئاماژە بەوەشكراوە كە" لەسەر بنەمای ڕۆحی بەرخۆدانی ئاپۆیی، ئەو بەرخۆدان و شەڕەی هەڤاڵان زۆر گرنگە، بۆ ئەوەش پیرۆزبایی لە هەموو هەڤاڵانمان و بەتایبەتیش هەڤاڵانی بەشداربووی ئەم بەرخۆدانە دەكەین و سڵاویان لێدەكەین و هیوای سەركەوتنی بەردەوامیان دەخوازین". نەپەگەش سەركەوتنی بەرخۆدانی گەریلاكانیشی خستووەتەڕوو و دەڵێت:" هەڤاڵان سەركەوتوون، ئەو سەركەوتنە دەتوانێت ببێتە بنەمای سەركەوتنێكی گەورە، ..... ئەو جەنگە شەڕێكی ئاسایی نییە، شەڕی زاپ بۆ دەوڵەتی تورك و بۆ ڕژێمی فاشیستیی ئاكەپە – مەهەپە زۆر گرنگە". لەبارەی گرنگیی شەڕی زاپیەوە ئەوە خراوەتەروو كە دەوڵەتی داگیركەر و بكوژ و پاكتاوكاری تورك لە ساڵی 2016ەوە كار لەسەر قۆناغێكی نوێ دەكات، ناوەڕۆكی ئەم قۆناغە سڕینەوە و لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادییە، سڕینەوە و پاكتاوكردنی هەموو دەستكەوتەكانی گەلی كوردە،  "داگیركردنی سنوورەكانی میساقی میللی و بەرەوپێشبردنی كۆنتڕۆڵكردنی سووریا و عێراقە، ئەمە ئامانجی دوژمنە، بەو شێوەیە دەیەوێت بە خەونی عوسمانییەوە خۆی بكاتە هێزێكی گەورە لە ناوچەكەدا، ئەوە چەندە بۆ گەلەكەمان پرۆسەیەكی مەترسیدارە بە ئەندازەیەش هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر گەلی عەرەب و هەموو گەلانی ناوچەكە". هەروەها نەپەگە ئاماژەی بە شكستی دەوڵەتی تورك لە هێرشی 23ی نیسانی 2021 كردووە و دەڵێت:" لە ساڵی 2021دا دوژمن بە فەرمی تێكشكێنرا، ئێستا دەوڵەتی تورك نایەوێت ئەو ڕاستییە قبوڵ بكات و پێی هەزم ناكرێت، بۆیە دەیەوێت بە هەموو ئامراز و تواناكانی خۆیەوە تۆڵەی ئەو شكستەی بكاتەوە". نەپەگە باسی ئەوەشی كردووە كە دەوڵەتی تورك بۆ ئەوەی تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، هێرش دەكاتە سەر مەخمور، شەنگال و ڕۆژئاوای كوردستان و دەیەوێت دەستكەوتەكانیان لەناوببات، دەشڵێت:"ئەوە ئامانجی داگیركاریی دەوڵەتی توركە، ئەگەر دوژمن تێكبشكێنین، ئەوە  تەنها لە زاپ تێكناشكێت، بەڵكو لە ئەنقەرەش تێكدەشكێت، سیستمی فاشیستیی جینۆسایدكار و پاكتاوكار تێكدەشكێت، بۆیە ئەم بەرخۆدانە بۆ  ئازادیی گەل و ڕێبەرایەتیمانە، لە هەمان كاتدا بۆ دیموكراسیی و گەلی ناوچەكە زۆر گرنگە، لەسەر ئەم بنەمایە، ئەوەی پێویست بێت بۆ سەركەوتن لەم بەرخۆدانە پیرۆزەدا دەبێت ئەنجام بدرێت".  

هاوڵاتی وەزیری بەرگریی توركیا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی "چنگ-قفڵ"ی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەردەوامدەبێت‌ و ئامانجیانە كۆتایی بە پەكەكە بهێنن. خلوسی ئاكار، وەزیری بەگریی توركیا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "خەبەر تورك" دەڵێت:"ئامانج لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەمان لەهەرێمی كوردستان كۆتاییهێنانە بەپارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)". وەزیری بەرگری توركیا پێشیوابوو كە قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە بەسەركەوتوویی تەواوبووە، "ئامانجەكانمان بەدیهێناون‌و لەسەر پڕۆسەكەش بەردەوامدەبین". لەكاتژمێر 9ی شەوی 17ی نیسان سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بۆسەر پێگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەناوچەكانی چیای كوڕەژارۆو زاپ‌و مەتیناو ئاڤاشین لەئامێدیی دەستپێكردووەو ناوەندی ڕاگەیاندن‌و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایگەیاندووە، لەماوەی پێنج ڕۆژی شەڕدا 205 سەربازی توركیا كوژراون كە چەندین پلەداری سەربازیی تێدایە، ئەوەشیان ئاشكرا كردووە كە حەوت گەریلایان شەهید بووە.

هاوڵاتى هۆشیار زێباری، ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ تویته‌ر نوسیویه‌تى:" هێزه‌کانى پارتى کرێکارانى تورکیاى چاوساغ و تیرۆرسته‌کانى یه‌به‌شه‌ جڵه‌وى ده‌سه‌ڵاتیان له‌ شنگال به‌ده‌سته‌وه‌یه‌". زێبارى له‌ هه‌ژمارى تایبه‌تیى خۆى له‌ تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تیى تویته‌ر نوسیویه‌تى "ئه‌وان له‌ رووى سیاسى و دارایى له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تیى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبیى سه‌ربه‌ فالح فه‌یاز پشتیوانى ده‌کرێن و هێزه‌ عێراقییه‌کانیش تواناى جێبه‌جێکردنى رێککه‌وتننامه‌ى شنگال و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کانیان نییه‌ و بۆ ئازادکردنى سه‌ربازه‌کانیان دانوستان ده‌که‌ن، عه‌یبه‌" له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا شه‌ر له‌نێوان هێزه‌کانى یه‌به‌شه‌ و سوپاى عێراق له‌ شنگال روویدا و چه‌ند سه‌ربازێکى سوپاى عێراق به‌دیلگیران و دواتر راده‌ست کرانه‌وه‌.  ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ هێزه‌کانى پاراستنى شه‌نگال(یه‌به‌شه‌) توانیان شه‌نگال له‌ داعش رزگار بکه‌ن و سه‌دان ئێزیدییان رزگار کرد له‌ده‌ستى داعش. ده‌قى تویته‌که‌ى زێبارى:  

هاوڵاتى قادر حه‌مه‌جان، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى یه‌کێتى ڕایگه‌یاند:"ده‌زانین له‌ ئێستاو ڕابردوویشدا هه‌ڵه‌و که‌موکوڕى ھه‌بووه‌، وه‌ک یه‌کێتى بێ که‌موکوڕى نه‌بوون، به‌ڵام من وه‌ک خۆم داواى لێبوردن ده‌که‌م". حاکم قادر حه‌مه‌جان، له‌میانى کۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ى هونه‌رى میللى کوردستان رایگه‌یاند، پێویسته‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک و میلله‌تێک له‌ دونیادا هه‌وڵى پاراستنى که‌لتور و فۆلکلۆرى خۆى بدات و پێشى بخات، هه‌ر میلله‌تێک نه‌توانێت که‌له‌پور و فولکلۆرى خۆى بپارێزێت ناتوانێت به‌ره‌و پێشکه‌وتنى زیاتر بڕوات. هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند"ده‌زانین ئێوه‌ش ڕه‌خنه‌ و ناڕه‌زایه‌تیتان هه‌یه‌ و مافى خۆتانه‌، ئێمه‌ش هه‌ڵه‌ و که‌موکوڕیمان هه‌بووه‌ و من وه‌ک خۆم داواى لێبوردن ده‌که‌م له‌ ھه‌ر ھه‌ڵه‌و که‌موکوڕییه‌ک". هاوکات، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ ئه‌وان وه‌ک یه‌کێتى بێکه‌موکوڕى نه‌بوون، بۆیه‌ ده‌بێت خۆیان چاکبکه‌ن تا بتوانن خزمه‌تى زیاترى کۆمه‌ڵگا به‌ گشتى و سلێمانى و ده‌وروبه‌رى به‌تایبه‌ت بکه‌ن. هاوکات ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌کێتى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ ئه‌رکى حکومه‌تى ھه‌رێمه‌ ھه‌نگاوى دروست بنێت بۆ چاره‌سه‌رکردنى بژێوى و دۆخى ھاوڵاتیان.  

هاوڵاتى  ‌ناوه‌ندى راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل(هه‌په‌گه‌) رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ى پێنج رۆژى شه‌ر و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌کاندا 205 سه‌ربازى سوپاى تورکیا کوژراون و به‌وه‌ش رۆژانه‌ به‌ده‌ستى گه‌ریلا چل سه‌ربازیان کوشتووه‌. ئه‌مڕۆ هه‌ینی، ناوه‌ندى راگه‌یاندن چاپه‌مه‌نى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل (هه‌په‌گه‌) کوژرانى 27 سه‌ربازى ترى سوپاى تورکیاى راگه‌یاند و راشیگه‌یاند " له‌ماوه‌ى پێنج رۆژى شه‌ڕدا 205 سه‌ربازى تورکیا کوژراون که‌ چه‌ندین پله‌دارى سه‌ربازیى تێدایه‌." پێشتر زاگرۆس هیوا، وته‌بێژى کۆماجڤاکێن کوردستان له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى هاوڵاتى زانیارى نوێى له‌باره‌ى ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ى تورکیا بۆ هاوڵاتى ئاشکرا کرد که‌ چه‌ندین ته‌رمى سوپاکه‌ى ئه‌ردۆغان له‌به‌رده‌ستیاندایه‌ و ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌ "پێنج گه‌ریلا شه‌هیدبوون". له‌به‌رانبه‌ردا وه‌زاره‌تى به‌رگرى تورکیا ده‌ڵێت: "له‌ماوه‌ى شه‌ڕى پێنج رۆژى رابردوودا که‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنى چنگ-قفڵدا که‌ له‌باکورى عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت 42 چه‌کدارى په‌که‌که‌ کوژراون." شه‌وى 17ى ئه‌م مانگه‌، سوپاى تورکیا له‌ کاتژمێر 9ى شه‌ودا ده‌ستى به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ى کرد و هێرشى زه‌مینى بۆسه‌ر چیاى کوڕه‌ژارۆ و زاپ و مه‌تینا و ئاڤاشین له‌ ئامێدیى ده‌ستپێکرد.

هاوڵاتى ‌وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند بۆ دابه‌شکردنى مووچه‌ى مانگى نیسانى فه‌رمانبه‌ران چاوه‌ڕوانى راپۆرتى وه‌زاره‌تى دارایین و له‌سه‌دا 88ى پاره‌ى پێویست له‌به‌رده‌ستدایه‌. جوتیار عادل، وته‌بێژى فه‌رمى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند" (٨٨%)ى پاره‌ى پێویست به‌رده‌سته‌ بۆ دابه‌شکردنى موچه‌، چاوه‌ڕوانى وه‌زاره‌تى دارایى ده‌که‌ین راپۆرتێکمان پێبدات له‌باره‌ى دۆخى دارایى هه‌رێم هه‌رکاتێک پاره‌ له‌به‌رده‌ست بوو موچه‌ دابه‌شده‌کرێت".   هه‌روه‌ها له‌ به‌شێکى ترى لێدوانه‌که‌یدا جوتیارعادل له‌باره‌ى هێلکه‌بارانکردنى ئۆتۆمبێله‌که‌ى مه‌سرور بارزانى وتى" ئه‌وانه‌ ناتوانین بڵێین هه‌موویان کوردانى تاراوگه‌ن و نازانین کێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ کاریگه‌رییمان لێناکات به‌ قه‌ت قاچى مێرووله‌یه‌ک و ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ سیاسه‌ته‌کانى خۆمان".  هاوکات ده‌رباره‌ى له‌شکرکێشى تورکیا بۆسه‌ر خاکى هه‌رێم به‌ ڕۆژنامه‌نووسانى وت" من ده‌پرسم په‌که‌که‌ چى ده‌کات له‌و ناوچانه‌". سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆکانیش له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، سه‌ردان و گفتوگۆکانى شاندى حکومه‌تى هه‌رێم به‌رده‌وامى ده‌بێت بۆ به‌غداد به‌مه‌به‌ستى گه‌یشتن به‌ رێککه‌وتن.  

هاوڵاتى عەلى عەللاوی دەڵێت: "حکومەتى فیدڕاڵى هیچ بڕە پارەیەکى لە هەرێمى کوردستان وەرنەگرتووە"، لەگەڵ ئەوەى بە گوتەى ئەو هەولێر پەیوەستە بەوەى داهاتى نەوت و گومرگ و باج  رادەست بکات و دەشڵێت :"حکومەتى فیدڕاڵى بڕێکى دیکەى پارەى داوەتە هەرێمى کوردستان لەپاش ئەوەى ساڵى رابردوو نەیتوانى پارەى مووچەى فەرمانبەرانى مەدەنى بدات، بەردەوامیش دەبین لەو هەنگاوە هەتاوەکو ئەوکاتەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى دەگەنە پاکتاوى ژمێرەیی نێوانیان". بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، دەبێت بەغدا مانگانە 200 ملیار دینار بۆ مووچە بنێرێت، بەڵام تائێستا چەند مانگێک نەیناردووە، یان دوای خستووە. عەلى عەللاوی سەبارەت بە پڕۆژەیاسای پاڵپشتی خێرای ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدان، کە ئێستا لێژنەی دارایی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکات، گوتی: "ئامانجى پێشکەشکردنى پرۆژەکە دابەشکردنەوەى دەستکەوتى ناچاوەڕوانکراوى داهاتى نەوتە بەشێوەى هاوکاریى دارایی یان لەرێگەى سەبەتەى خۆراکەوە بەسەر هاووڵاتیاندا.  وەزیرى دارایی عێراق وتیشى: "لەپاش سێ مانگ لە هەناردەى نەوت، پارەى داهاتەکەى وەردەگرین و چاوەڕوان دەکەین بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت لە شەش مانگى داهاتوودا، 25 ملیار دۆلارمان دەست بکەوێت و لەبەر رۆشنایی ئەوەشدا پلان بۆ  پڕۆژە یاساى پاڵپشتی خێرای ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدان داندراوە".  

هاوڵاتى روانگەی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا رایگەیاند:" تورکیا بە درۆن لەڕێگەی گوندی ئیدق -  تەختک لە باشووری کۆبانێ ئۆتۆمبێلێکی کردووەتە ئامانج کە سێ ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)ی تێدابووە. هەروەها میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر راگەیاند کە لەسەر رێگەی ئیدق - تەختک لە کۆبانێ ئۆتۆمبێلێک لەلایەن درۆنی تورکیا کراوەتە ئامانج". یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ناسنامەی ئەو سێ کەسەیان بڵاوکردەوە کە لە هێرشەکەدا کوژراون و رایگەیاند ئەوان کاتێک بەر هێرشەکە کەوتوون لە ئەرکی خۆیاندا بوون و بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لێیان دراوە و کراونەتە ئامانج.  بەگوێرەی ئەوەی کە یەپەژە بڵاوی کردووەتەوە، ئەوانەی کوژراون ئەمانەن:.. - رانیا حەنان، لە عەفرین لە دایکبووە و ناسراوە بە (دیلار حەلەب) - رودین عەبدولقادر محەممەد، لە کۆبانێ لە دایکبووە و ناسراوە بە (روناهی کۆبانێ) - جیهان نیداڵ عەلی لە کۆبانێ لەدایکبووەوە و ناسراوە بە (کۆبانێ) ئەو سێ کەسە لە رۆژی 20-4-2022 لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیادا لە کۆبانێ کوژران و ئەمڕۆش لە رێوڕەسمێکدا تەرمەکانیان لە کۆبانێ بەخاک سپێردران. 

هاوڵاتى جانێت یەلین، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەگەڵ دێنیس شمیگال، سەرۆکوەزیرانی ئۆكرانیا لە واشنتن رایگەیاند: " قەدەغەکردنی تەواوی سووتەمەنی روسیا لەوانەیە لە کۆتاییدا زیانەکانی لە سوودەکانی زیاتر بن".  وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا راستە ئەوروپا پێویستی بە کەمکردنەوەی هاوردەکردنی سووتەمەنی رووسیایە و هەروەها پێویستیشە کەمتر پشت بەو وڵاتە ببەستێت، بەڵام قەدەخەکردنی تەواوی سووتەمەنی رووسیا بە تایبەتی نەوت لەوانەیە دەرهاوێشتەی خراپی لێبکەوێتەوە و نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان زیاتر بەرز دەکاتەوە ئەوەش بە سوودی روسیا دەشکێتەوە. یەلین هەروەها وتی: "راستە قەدەخەکردنی نەوتی روسیا وا لەو وڵاتە دەکات بڕی نەوتی کەمتر هەناردە بکات، بەڵام لە بەرامبەردا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وا دەکات پارەی زیاتریشی دەستکەوێت".  

هاوڵاتى وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" بەمنزیکانە قۆناغی یەکەمی بەستنی پێوەری زیرەک تەواو دەبێت و بەهۆی سیستەمەکەوە لەمانگی ئاداردا زیاتر لە 17 هەزار سەرپێچیان لە رێگەی پێوەری زیرەکەوە تۆمارکردووە". وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان راگەیاند: "لەمانگی رابردوودا بەهۆی سیستەمی پێوەری زیرەک 17 هەزار و 130 سەرپێچی تۆمارکراون و بڕی ئەو سزا داراییانەشی لە سەرپێچێکاران وەرگیراوە نزیکەی 150 ملیۆن دینارە، کە سزای سەرپێچی و یەکەی کارەبایی خەرجکراوە." وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، پێوەری زیرەک بە گوژمەی 255 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناخی یەکەمی بەڕێژەی 100٪ تەواودەبێت، بەهۆی ئەو سیستەمەشەوە توانراوە کارەبای ونبوو لە رێژەی 45٪ بۆ رێژەی 20٪ کەمبکرێتەوە و بەوەش مانگانە بڕی 20 ملیۆن دۆلار بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە. پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا لە 2020 دەستیپێکردووە، بەپێی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 188 هەزار و 469 هاوبەشی کارەبا هەن.

هاوڵاتى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵڕۆژی رۆژنامەگەریی کوردیدا،پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:"گه‌لى ‏كوردستان له‌پێناوی ئازاديى ‏رۆژنامه‌گه‌رى و ‏راده‌ربڕين و سەروەریی یاسا "خه‌بات و ‏تێكۆشانى كردووه‌ و خوێن و گيانى بۆ كردوونەتە قوربانى، بۆيه‌ ‏هه‌رگيز ده‌ستبه‌رداريان ‏نابێت، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ هه‌موو توانايه‌ك پارێزه‌ريان ده‌بين". نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی، 22-4-2022، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، گه‌لى ‏كوردستان له‌پێناوی ئازاديى ‏رۆژنامه‌گه‌رى و ‏راده‌ربڕين و سەروەریی یاسا "خه‌بات و ‏تێكۆشانى كردووه‌ و خوێن و گيانى بۆ كردوونەتە قوربانى، بۆيه‌ ‏هه‌رگيز ده‌ستبه‌رداريان ‏نابێت، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ هه‌موو توانايه‌ك پارێزه‌ريان ده‌بين."‏ لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "رۆژى رۆژنامه‌گه‌ريى كوردى و يادى 124ـەمین ساڵه‌ی دەرچوونی یەكەم ‏‏ژمارەی رۆژنامەی كوردستان ـ ـى میر میقداد ميتحه‌ت بەدرخان، هه‌روه‌ها 24ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، له‌ هه‌موو ‏رۆژنامه‌نووسانى كورد و كوردستان به‌گشتى پيرۆز ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ‏ده‌خوازم."‏ نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، "هه‌ر له‌م ياده‌دا داكۆكى له‌ بايه‌خ و گرنگيى رۆژنامه‌گه‌رى و ئه‌ركى رۆژنامه‌نووسان ‏ده‌كه‌ينه‌وه‌ ‏كه‌ هه‌ميشه‌ ره‌چاوى كارامه‌يى و پيشه‌ييبوون بكه‌نه‌وه‌، ئه‌ركه‌كه‌يان به‌رپرسانه‌ و ‏‏به‌ دروستى راپه‌ڕێنن، به‌ ويژدانه‌وه‌ راستييه‌كان وه‌ك خۆى بگه‌يه‌نن، به‌رژه‌وه‌نديى ‏باڵاى ‏وڵات بخه‌نه‌ سه‌رووى هه‌موو شتێكه‌وه‌، به‌ ره‌خنه‌ى بنياتنه‌ر و تێبينى و سه‌رنجتان، ‏هاوكار و ‏يارمه‌تيده‌رى داموده‌زگا و دامه‌زرا‌وه‌ نيشتمانييه‌كان بن، بۆ راستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كان و ‏‏باشتركردنى ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان."‏ لە بەشێکی دیکەی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "له‌م ياده‌دا به‌ رێز و شكۆوه‌ يادى ته‌واوى ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ى كوردستان‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ‏له‌ ‏هه‌موو قۆناخه‌كاندا، خزمه‌تيان به‌ كايه‌ى رۆژنامه‌گه‌ريى كوردستان كردووه‌ و سه‌رده‌مى ‏شۆڕش ‏و دواى ئازادييش، به‌ كارامه‌يى و پيشه‌يى، ئه‌ركى خۆيان راپه‌ڕاندووه‌ و ‏هه‌ندێكيشيان له‌م ‏پێناوه‌دا سه‌ريان نايه‌وه‌ و گيانيان سپارد." ئەمڕۆ هەینی، 22-4-2022 ساڵڕۆژی دەرچوونی یەكەمین رۆژنامەی كوردییە لە 22ـی نیسانی ساڵی 1898 لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان و هاوکارەکانی.

 هاوڵاتی موراد قەرەیلان، رایگەیاند:" هەموو شتێک سنووری هەیە، ئێمە هێزێکی فیدایین و لە کەس ناترسین، بەڵام نامانەوێت ئەم شەڕە دروستبێت کە کورد لە دژی کورد شەڕ بکات”. موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی گەل-نەپەگە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی فورات، هەڵسەنگاندنی بۆ هاوکارییەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک کرد، لە نویترین هێرشیاندا بۆسەر زاپ، مەتینا و ئاڤاشین. قەرەیلان بە بیری هێنایەوە، ساڵی پار پەدەکە پشتگیریی هەمان ستراتیژی دەوڵەتی تورکی کرد و هاوکارییان کردن، ئەمەیان چۆن کرد؟ گەمارۆی گەریلایان دا، پەرەیان بە سیخوڕ دا و سیخوڕییان بەسەر گەریلاوە کرد، کەمینیان بۆ گەریلا دانا، لە خەلیفان دووجار هێرشیان کردە سەر گەریلا و گەریلایان شەهیدکرد، هەروەها بەرپرسانی باڵای پەدەکە لەگەڵ سەرانی دەوڵەتی تورک چاوپێکەوتن دەکەن، ئەمساڵیش پەدەکە هەنگاوێک زیاتر هاتووەتە پێشەوە لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک. موراد قەرەیلان، دەشڵێت: ئێمە کاتێک قسەدەکەین، بوختان بۆ پەدەکە ناکەین، ڕەنگە بەرپرسانی پەدەکە خۆیان ئەوە نەڵێن، بەڵام  ئەوەی ئێمە دەربارەی ئەوان وتوومانە ڕاستییە، لەدوای هەموو کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک، سەرانی تورک خۆیان ئاشکرایان کردووە، کە تێڕوانینیان لەبارەی پەکەکەوە وەک یەکە و هاوبەشی یەکترن، هەروەها ئەردۆغانیش خۆی چەندین جار ئەمەی وتووە،  کۆتاجاریش بینیمان دوای کۆبوونەوەی سەرانی پەدەکە و تورکیا، لە ئاسمان و زەمینەوە هێرش بۆسەر گەریلا دەستیپێکرد، ئەمە شتێکی ئاشکرایە. چاوپێکەوتنەکەی قەرەیلان پاش دوو ڕۆژ لە هێرشەکەی دەوڵەتی تورک ئەنجام دراوە و قەرەیلان دەڵێت: ڕاستە تا ئێستا پەدەکە لە دژی گەریلا شەڕیان نەکردووە، بەڵام لە دوێنێوە هێزەکانیان کۆدەکەنەوە و لە دێرلوک و شیلادزێ هێزەکانیان پڕ چەک و تۆکمە دەکەن، ئێمە نازانین ئەمە دەگاتە کوێ، بەڵام ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە، ئێمە زۆر هەوڵمان داوە کە شەڕی کورد و کورد دروست نەبێت و نەکەوینە بەرامبەریەکتر، من زۆر هەوڵمدا بۆ ئەوە ئەمە ڕوونەدا و هەموو بەڕێوەبەرییمان هەوڵیانداوە و بەم ئاڕاستە کاریان کرد. ئێمە هەمیشە هەوڵمان داوە ڕێگریی لەم شەڕە بکەین و ئێستاش دەمانەوێت ڕێگریی لێ بکەین. هەروەها، وتی: لە ساڵی ٢٠١٧دا کە هێرشیان کردە سەر خانەسۆر و هەڤاڵانی یەبەشە شەهید بوون، ئێمە لە ژێر فشاردا بووین بۆ هێرشکردن، بەڵام بەڕێوەبەرییمان ئەو کارەی ڕاگرت ئەگەر بە وتەی هەڤاڵانی ئەوێ بوایە وەڵامی ئەو هێرشەیان بە هێرش دەدایەوە، پاشان لە پایزی ساڵی ٢٠٢٠ هێزێکی زۆریان ناردە ناوچەی زێباری، لەکاتێکدا هەڤاڵانی ئێمە لەسەر ئەو گردانەبوون. موراد قەرەیلان، لە بەردەوامییدا وتی: ئێمە بینیمان دۆخەکە سەردەکێشێت بۆ شەڕ، ئەوان فیشەکیان بەڕووی ئێمە تەقاند، بەڵام بۆڕێگرتن لە شەڕ ئێمە هێزەکانمان کشاندەوە،  پێویستە هەموو گەل بزانێت ساڵی پار ٥ی حوزەیران هێزێکی زۆر گەورەیان بە نیازی شەڕ ناردە سەر چیای مەتینا و شەڕیان دروستکرد، بەڵام دیسان ئێمە هێزەکانمان کشاندەوە  بۆ ئەوەی شەڕ لەنێوان کورد و کورد دروستنەبێت، هیچ خێرێک لەم شەڕەدا نییە و پرۆژەی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکە. جەختیش دەکاتەوە”ئامانجی دەوڵەتی تورک ئەوەیە کە ئەم شەڕە ڕووبدات بۆ ئەوەی کورد لە دژی یەکتر بەشەڕدا بدەن، ئێمە نامانەوێت شتی وا ڕووبدات، بەڵام هەموو شتێک سنوورێکی هەیە، بۆ ئەمەش دەبێت گەلەکەمان و نیشتمانپەروەرانی کورد و سیاسەتمەدارانی کورد و هونەرمەندانی کورد بەرپرسیارێتی خۆیان بگرنە ئەستۆ لەبەرامبەر ئەم دۆخە، ئێمە هێزێکی فیدایین و لەکەس ناترسین، بەڵام ئێمە نامانەوێت ئەم شەڕە دروستبێت کە کورد لە دژی کورد شەڕ بکات”. موراد قەرەیلان، وتیشی: لە پایزی ساڵی ڕابردوو بە بەرخۆدانییەکی گەورە لە ئاڤاشین گورزی کوشندەمان لە دەوڵەتی تورک-دا، بێگومان دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی بچووک نییە و تەکنەلۆژیای جەنگی و چەکی کیمیایی بەکاردێنێت، بەڵام هێشتا سەرناکەوێت بەڕاستیی پێم وابوو کاک مەسعود بڕیارەکەی دەگۆڕێت و لەو سۆنگەیەوە نامەیەکم بۆی نارد، سوپاسی دەکەم، کە وەڵامی نامەکەی دامەوە، بەڵام هیچ زەمینەیەک بۆ چارەسەریی لە وەڵامەکەیدا نەبوو. تیشکیش دەخاتە سەر پەیوەندیی ئێستای پەدەکە و دەوڵەتی تورک و دەڵێت: ئێستا بە ئاشکرا دەیبینین کە پەیوەندییەکانی پەدەکە و تورکیا هەنگاوێک چووەتە پێشەوە، چۆن پێشیان خستووە؟ چۆن ڕێگایاندا کە دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستانەوە هێرش بکەنە سەر هێزەکانمان، لەبەرئەوەی سوپای تورک ڕۆژێک پێش ئەوە نەیانتوانی سەربازەکانیان لە ئاسمانەوە دابەزێنن، هێزەکانیان لە بارەگای سیرێ لە شیلادزێوە نارد، هەروەها جموجوڵی سەربازییان بە هێزەکانیان کرد لە بامەڕنێ، ئەمە بەڵگەی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانیانە. بێگومانیشە لەوەی ئەمانە بە مۆڵەتی پەدەکە ئەنجام دەدرێت، “پێشتر لەڕێگای ئەو هێزانەوە سیخوڕیان کۆدەکردەوە، بەڵام ئامانجیان دەستێوەردانێکی چالاک و کردەیی نەبوو بەناوی ئۆپەراسیۆنەوە، من باوەڕم وایە کە ڕێککەوتنێک لە نێوانیاندا هەیە ئەگەر ئەو هێزانە مۆڵەتیان نەبێت، ناتوانن بەوشێوازە جموجوڵ بکەن، دەیانەوێت لە باکوور و باشوورەوە دەوری گەریلا بگرن، چونکە کاتێک لە باکوور و باشوورەوە گەمارۆی گەریلاکان دەدەن، ئەم دۆخە دەرفەتێکی گەورە بە دەوڵەتی تورک دەدات”. ڕاشیدەگەیەنێت: ئەمە ستراتیژییەتی دەوڵەتی تورکە دژ بە گەلی کورد، نابێت پەدەکە پشتیوانی لەمە بکات و نابێت هاوبەشی ئەم ستراتیژییەی تورکیا بکات، ئێمە نازانین کە بەرژەوەندیی ئەوان چییە لەم کارە؟ بەڵام دەزانین مەترسیی لەسەر ئایندەی کورد زیاتردەکات. قەرەیلان، ئاماژەی بەو بەهانەیە کرد، کە بۆ هێرشەکانی تورکیا دەهێندرێتەوە و وتی: ڕەنگە هەندێک کەس بڵێن ‘ لەبەر ئەوەی پەکەکە هەیە بۆیە دێن’ منیش دەڵێم پشتگیرییان مەکەن دەیبینین، کە دە دەتوانن بێن یان نا. هەروەها، وتی: ساڵی پاریش ئێمە وتمان، کە دەوڵەتی تورک ناتوانێت بێتە ناوچەکانی زاپ ئاڤاشین و مەتینا و داگیریان بکات، دواتر بە کردەیی ئەو بەڵێنەمان جێبەجێکرد، مەگەر وانەبوو؟ ئێمە بانگەشە ناکەین  بە گرانی ئەم بارەوە قسەدەکەین لەسەر شانمانە، لێرە بە بە پڕوپاگەندەی هەرزانەوە زیادەڕەویی ناکەین،  ڕاستییەک لە بەردەممان هەیە، کە دەتوانین ئەم دووژمنە لەناوبدەین، بە کورتی پەدەکە نابێت پشتگیریی ئەم سیاسەتە فاشیستانەی دەوڵەتی تورک بکات، چونکە لە دژی هەموو کوردە. دەشڵێت: پەکەکە گەرەنتییەکی گەورەیە بۆ باشووری کوردستان و بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەمە ڕاستییەکی گەورەیە ئەگەر پەکەکە نەبوایە دەوڵەتی تورک گوێی لە قەوارەی هەرێم نەدەگرت، ئەگەر پەکەکە نەبوایە کۆماری تورکیا هەرگیز لەگەڵ سەرۆکێکی کورددا کۆبوونەوەی نەدەکرد، ئێستا پەکەکە هەیە و پەکەکەش هەڕەشەیە بۆ سەریان. دووپاتیدەکاتەوە: لەترسی پەکەکە لەگەڵ هەموو کەسێک دادەنیشن، دەبێت خەڵک ئەم ترسە ببینێت، ئێوە پشتگیرییان بکەن با پەکەکە لاوازببێت، ئەوکاتە دەیبینین کوا سڵاوێکیشتان لێ دەکەن؟ زۆر باش دەزانین کە سڵاوێکیشتان لێ ناکەن، لە دیدی ئەوانەوە پەکەکە مەترسیدارترینە، بۆیە دەیانەوێت سەرەتا پەکەکە لەناوببەن دواتر نۆرە دەگاتە هەموو کەسێکیتر،  ئەوان لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانن، دوو مانگ لەمەوبەر خلوسی ئاکار ڕایگەیاند:”نە لە تورکیا و نە لە دەرەوەی تورکیاش شوێنێک نییە بەناوی کوردستان، بەم ئامانجە شەڕدەکەن و ستراتیژییەتیان دادەڕێژنەوە. ئاماژە بە دۆخی پەدەکەش دەکات و ڕایدەگەیەنیت: دۆخی پەدەکە لە ئێستادا وەک ئە مرۆڤەیە کە لەسەر دارێکە و خەریکە ئەو لقە دەبڕێتەوە، کە خۆی لەسەریەتی، بێگومان بە بڕینەوەی دارەکەی خۆی زەرەردەکات، هەقیقەت ئەمەیە، ئێمە دەمانەوێت لەو دۆخە دەربچین،  بۆ ئەوەش چ هەوڵدانێک پێویست بێت ئێمە ئامادەین، پێویستە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ئەم مەترسییە ببینن و سیاسەتمەدارانی کورد بە ئەرکی خۆیان هەستن.

شەنای فاتیح لەیادی یەكەمین دەرچوونی رۆژنامەی كوردیدا، دۆخی میدیا لەهەرێمی كوردستاندا لەئاڵۆزیدایەو حكومەتی هەرێم ئامادە نییە بەپێی یاسا بەركارەكانی مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا بكات، ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای رۆژنامەنوسانیش دەڵێت:» پێشێلكاری بەرامبەر  رۆژنامەنوسان بووەتە رۆتین و حكومەت لێپێچینەوە لەبكەران و بكوژانی رۆژنامەنوسان ناكات». لە22ی نیسانی ساڵی 1898 یەكەمین رۆژنامەی كوردی بەناوی (رۆژنامەی كوردستان) بە شێوەزاری كرمانجی سەروو لەقاهیرەی پایتەختی میسر لەلایەن (میقداد مەدحەت بەدرخان) ەوە دەركرا و تاساڵی 1902،(31)  ژمارەی لەشارەكانی قاهیرە و ژنێف و لەندەن و فۆكستۆن لێدەرچوو  و ئەم رۆژنامەیە بووە هەوێنی لەدایكبوونی چەندەها كەناڵی راگەیاندن لەهەر چوار پارچەی كوردستاندا.  بەپێی ئاماری رەسمی وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی مانگی ئابی 2021 ژمارەی كەناڵە ئاسمانییەكانی كوردستان گەیشتۆتە 31 كەناڵ كە 17 كەناڵیان لەپارێزگای هەولێرو 10 لە سلێمانی و چوار كەناڵیش لەپارێزگای دهۆك. هەربەپێی هەمان ئامار 126 كەناڵی ناوخۆیی لە كوردستاندا مۆڵەتی رەسمیان وەرگرتووە كە 83 كەناڵ لەشاری هەولێرو 34 لە سلێمانی و نۆ كەناڵیش لەشاری دهۆك، هەروەها 162 رادیۆ لەكوردستاندا مۆڵەتی رەسمیان هەیە كە 87 رادیۆ لەپارێزگای هەولێر و 55 رادیۆ لەسلێمانی و 20 رادیۆش لە پارێزگای دهۆك. پەرلەمانی كوردستان: هەماهەنگی لەنێوان میدیاو پەرلەماندا نییە سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگای مەدەنی و وەرزش و لاوان لەپەرلەمانی كوردستان: ئەو یاسانەی لە كوردستاندا هەن تایبەتن بە میدیا چاپكراوەكان (رۆژنامە) و یاسایەك نییە بۆ رادیۆ و تەلەڤزیۆن و سۆشیاڵ میدیا و لەو مەجالەدا فەراغێكی زۆر هەیە. سەلمە فاتح، سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگای مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» ئێمە لە پەرلەمانی  كوردستان دەمانەوێت كاربكەین لەسەر رێكخستنی میدیا و ئەو یاسایانەی كە بۆ ئەم بابەتە پێویستن لەكوردستاندا، بەڵام زۆرجار لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە  دەستگیرۆیی پەرلەمان ناكرێت بەمەبەستی ئەوەی هەماهەنگیمان هەبێت.  هەروەها  وتیشی: «میدیا مەسەلەیەكی حەساسەو پێویستە یاساكان بەجۆرێك دەربچن كارنەكەنە سەر ئازادی مەودای كاری رۆژنامەوانی، چونكە بەلای ئێمەوە ئازادی رۆژنامەگەری زۆر گرنگترە لەبوونی یاسایەك». سەبارەت بەمیدیا ئەهلییەكان، سەلمە فاتح وتی: میدیای ئەهلی و رێگەپێدان بە كاركردنیان یەكێكە لەسیما جوانەكانی هەرێمی كوردستان،»بەڵام بەداخەوە زۆرجار ئەم میدیایانە دەكەونە بەر هێرشی ناڕەوا لەلایەن هەندێ‌ كەس و لایەنەوە». سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری  ئەوەشی دووپاتكردەوە كە میدیا كاریگەری لەسەر سەرجەم سێكتەرەكان هەیە وەك خۆی  كاریان لەسەری كردووە و گرنگییان پێداوە. سەرپەرشتیاری درەو میدیا: بەرپرسان درێغیان نەكردووە لە پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان محەمەد رەئوف، سەرپەرشتیاری درەو میدیا لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» ئێستا جیاوازتر لە جاران میدیا كەوتۆتە ژێر كاریگەری بەشێكی بەرپرسە باڵاكان بەهۆی ئەوەی خۆیان خاوەنی پارە و داهاتن و میدیا سێبەرەكانیان ئاڕاستە دەكەن». سەبارەت بەپێشێلكارییەكان، محەمەد رەئوف ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە رابردوو و ئێستاشدا بوونی هەیە و راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانیش ئەوە نیشاندەدەن، ئەمەش دوو بەش لەخۆدەگرێت، بەشێكی بۆ رۆژنامەنووسان خۆیان دەگەڕێتەوە كە هەندێكیان راستەوخۆ بەبێ‌ هیچ پێشینەیەكی كاری رۆژنامەوانی هاتوونەتە كاری رۆژنامەگەرییەوە، بەشێكی دیكەشی تایبەتە بەو دۆخەی هەرێمی كوردستان كە حزب و كارەكتەرە سیاسییەكان هەمیشە رۆژنامەنووسانیان وەك نەیارێكی خۆیان زانیووە بەو پێیەی قسە لەسەر گەندەڵی و پرسە بازرگانییەكانیان دەكەن و ئەمەش بووەتە هۆی ناكۆكی نێوان بەرپرسە سیاسییەكان و ئەو رۆژنامەنووسانەی كاری راستەقینە دەكەن. «لەكوردستاندا  رۆژنامەنووس ئەگەر خاوەن متمانە بێت و بەشێوەیەكی راست كاری رۆژنامەوانی بكات ، زانیاری دەستدەكەوێت و رێگەكانی دەستكەوتنی زانیاری زۆرە و دەتوانرێت بە جۆرەها شێوە زانیاری دەستبكەوێت»، محەمەد رەئوف وای وت. سەرنووسەری یەكەمین میدیای ئەهلی هەرێمی كوردستان: میدیای ئازاد رۆژبەرۆژ  بەرەو لاوازی و بچووكبوونەوە دەڕوات ئاسۆس هەردی، یەكەمین سەرنووسەری (رۆژنامەی ) یەكەمین میدیای ئەهلی لە هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستاندا رۆژانە رووبەرووی پێشێلكاری گەورە دەبنەوە و لەهەموو گرژی و خۆپیشاندان و قەیرانێكدا قوربانی یەكەمی دەستی هێزە ئەمنییەكان رۆژنامەنووسانن ، هەروەها  میدیای سێبەرو حزبی رۆژبەڕۆژ لە فراوانبووندان و باری ماددیان باشتر دەبێت لەكاتێكدا میدیای ئازاد بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت». وتیشی: رۆژنامەنووسان لەجیاتی یاسای رێكخستنی كاری رۆژنامەوانی بە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی دادگایی دەكرێن كە ئەمەش هیچ پەیوەندیەكی بە كاری میدیاییەوە نییە. یاسای بەدەستهێنانی زانیاری بۆ رۆژنامەنوسان لەساڵی 2007 لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە، بەڵام پاش 15 ساڵ هیچ بڕگەو مادەیەكی جێبەجێ نەكراوە بەتایبەت پێدانی زانیاری بە رۆژنامەنوسان. «یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لەبارودۆخیكی دیاریكراودا لە پەرلەمانی كوردستاندا پەسەندكرا و یەكێكە لەیاسا باشەكان، بەڵام دەسەڵاتی حزبی كوردستان زۆر دوورە لەوەی كە گرنگی بەیاساكە و جێبەجێكردنی بدرێت و دەیەوێت خۆی بڕیار بدات كە چ زانیارییەك بڵاوببێتەوە و چی بڵاونەبێتەوە و خۆی لەجیاتی خەڵك بڕیار بدات و باوەڕی بەئازادی گەیاندنی زانیاری بەپرسیارێتی بەرامبەر خەڵكەكەی نیە»، ئاسۆس هەردی وای وت. سەرنووسەری رۆژنامەی هاوڵاتى: میدیای ئەهلی لە رابردوو و ئێستاشدا پاڵپشتی نەبووە. تارق فاتیح، سەرنووسەری رۆژنامەی هاوڵاتى لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» پێشتر وەك سەرەتایەك پاڵپشتییەك هەبوو بۆ زەمەنی خۆی، چونكە وەك داهێنانێك وابوو و هیچ شتێك نەبوو كە سەرنجی خەڵكی رابكێشێت و میدیای ئەهلی بووە مایەی سەرنجڕاكێشانی خەڵكی» تارق فاتیح ئەوەشی خستەڕوو كە، بەهۆی سۆشیال میدیاوە میدیاكانی دیكە كەوتوونەتە دواوە و ئەو گرنگییەی جارانیان نەماوە و ئەم بابەتە تەنها پەیوەست نییە بە كوردستان و لە جیهانیشدا بەو شێوەیە دەگوزەرێت و بابەتەكە زۆر لەوە گەورەترە كەمیدیای كوردی ئەهلی و تەنانەت میدیای حزبیش فریای بكەوێت.  سەندیكای رۆژنامەنوسان:  نەتوانراوە كار بۆ كەمكردنەوەی پێشێلكارییەكان بكرێت ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان: سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان نەیتوانیوە كار بۆ كەمكردنەوەی پێشێلكاریەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان بكات و رۆڵی جدی هەبێت. ئەنوەر حسێن بازگر، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» پێشێلكاری بەرامبەر  رۆژنامەنووسان بەردەوامە و بووەتە رۆتین، چونكە حكومەت لێپێچینەوە لەگەڵ بكەران و بكوژانی رۆژنامەنوساندا ناكات و سەندیكاش نەیتوانیوە لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بێت و حكومەتیش گوێی بەم داوایە نەداوە و چەندین جاریش داواكراوە و باسكراوە، بەڵام هیچ  ئەنجامێكی نەبووە بەو هۆیەشەوە میدیاكاران گەرموگوڕیان بۆ كاركردن نەماوە».  هەروەها بازگر پێشیوابوو  لەبەرئەوەی میدیا و سەندیكا و كەناڵ و رۆژنامەنووسانیش نەیانتوانیوە حكومەت ناچاربكەن و حكومەتیش خۆی نیگەرانە لە دەرخستنی زانیارییەكانی، چونكە ناشەفافن و پڕن لەكەموكوڕی، بۆیە زانیاری نادات  بۆیە» پەیوەندی نێوان میدیا و دەسەڵات لەكوردستاندا تەندروست نییە و متمانە بەیەكتر ناكەن». لەبارەی یاسای پێدانی زانیاری بە رۆژنامەنوسان، ئەنوەر حسێن، جەختی لەوەكردەوە كە ئەو یاسایە هیچ گرنگییەكی نییە و نەیتوانیوە سەركەوتووببێت. پێشلێلكاریەكان لە هەرێمی كوردستاندا لەئاستێكی مەترسیداردایە و بەجۆرێك تەنها لەساڵی 2021دا 353 پێشێلكاری بەرامبەر بە 260 رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی كراوە كە 189 حاڵەتی رێگری و جیاكاری  و 81 حاڵەتی هێرش و لێدان و سوكایەتی و 25 حاڵەتی دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا و 25 حاڵەتی زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی و 13 حاڵەتی هەڕەشەو حەوت حاڵەتی شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی و حاڵەتێكی تەقەكردن و چوار حاڵەتی رۆژنامەنووسی حكومدراو بەدەر لەیاسای كاری رۆژنامەنووسی و دوو حاڵەتی هەڵكوتانە سەرو داخستنی بارەگای كەناڵ و شەش حاڵەتی پڕكردنەوەی بەڵێننامە. رێكخەری سەنتەری میترۆ: ئاستی رۆژنامەگەری لەهەرێمی كوردستاندا  تا ئێستا خراپە.  رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: ئاستی پێشكەوتن لە هەر وڵاتێكدا پەیوەستە بە ئاستی ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین و ئازادی گەیشتن بەسەرچاوەی هەواڵ و ئینتەرنێت و هەرێمی كوردستان لەم بابەتانەدا كەموكوڕی هەیە. رێكخەری سەنتەری میترۆ ئەوەشی روونكردەوە كە ژینگەی كاری رۆژنامەوانی لەعێراق و كوردستان ژینگەیەكی توندوتیژە بەرامبەر رۆژنامەنووسان و بەردەوام گرفت و ئاستەنگی دێتە بەردەم رۆژنامەنووسان  و زانیاریان پێنادرێت بە تایبەت كاتی خۆپیشاندان و  هەڵبژاردن كە خەڵك لەو كاتانەدا پێویستی بە زانیاری هەیە. «حكومەتی هەرێم دروشمی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەرزكردۆتەوە، ئەم كارەش بەبێ‌ هاوبەشی لەگەڵ میدیادا سەركەوتوو نابێت بەوەی زانیاری  مەلەفی گەندەڵی كراوەبێت لەبەردەم رۆژنامەنوساندا»، رەحمان غەریب وای وت.

هاوڵاتى ئێران بەهۆی سزاكانی ئەمریكا پەنای بۆ كەشتیی بێ ناونیشان بردووە بەمەبەستی ساغكردنەوەی نەوتەكەی و توانیویەتی بەو هەنگاوە 20 بۆ 30 ملیار دۆلار لەنەوتەكەی ساڵانە بە نهێنیی بفرۆشێت و ئەوەش وەك فرۆشتنی نەوت بە كەشتیی رۆحەكان ناو هێنراوە كە ژمارەیان نزیكەی 200 كەشتییە. بڵاوكراوەیەكی ئەمریكا ئاشكرای دەكات ئێران خۆی لەسزاكانی واشنتۆن دزیوەتەوە و هەندێكجار بە نهێنی رۆژانە نزیكەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رەوانەی بازاڕەكان كردووە و لەساڵێكیدا زیاتر لە 22 ملیار دۆلاری دەستكەوتووە و زۆرترین نەوتیشی رەوانەی چین كردووە كە بەراورد بە سەردەمی پێش سزاكانی سەر كەرتی نەوتەكەی، هەناردەی نەوتەكەی بۆ چین زۆر زیاتر بووە.  بەرپرسانی ئێران حاشایان لەوە نەكردووە كە بەشێوازی خۆیان و بەخۆدزینەوە لەسزاكانی ئەمریكاو سزا نێودەوڵەتییەكان نەوتیان فرۆشتوە بەبێ ئەوەی نەوتەكەیان هەرزانفرۆش بكەن، ئەو بەرپرسانە جەختیان لەوە كردووەتەوە كە ئێران بازاڕی باشی بۆ نەوتەكەی لەجیهاندا دۆزیوەتەوە و سزاكان كاریگەرییەكی ئەوتۆیان لەسەر كەرتی نەوت و غازی وڵاتەكەیان نەماوە. سزاكانی ئەمریكا لەسەر كەرتی نەوتی ئێران لە رابردودا هەناردەی نەوتی وڵاتەكەی لە دو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 250 هەزار بەرمیل كەمكردووەتەوە بەڵام راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و بەرزبوونەوەی داهاتی نەوتی ئێرانیش ئاماژەیە بەوەی ئەو وڵاتە بە نهێنیی خۆی نزیك كردووەتەوە لە بڕی ئەو نەوتەی كەپێش سزاكانی سەر كەرتی نەوتەكەی لەبازاڕەكانی جیهاندا بەئاشكرای دەیفرۆشت. كەشتی رۆحەكانی ئێران مۆتەكەی سزاكان بڵاوكراوەی واشنتۆن فری بیكن  (The Washington Free Beacon)ی ئەمریكا ئاشكرای كردووە؛ ئێران بە سودوەرگرتن لەنزیكەی 200 كەشتیی نەوتهەڵگر خۆی لەسزا توندەكانی واشنتۆن دژی كەرتی نەوتەكەی دزیوەتەوەو لە رێگەی ئەو كەشتییانەوە نەوتەكەی لە بازاڕەكانی جیهاندا ساغ دەكاتەوە. واشنتۆن فری بیكن لە راپۆرتێكیدا تایبەت بەساغكردنەوەی نەوتی ئێران بەنهێنی، ئاماژەی بەوەكردووە ژمارەیەك كەشتی زۆر كە زۆربەیان بیانین، بەڵام لەلایەن ئێرانەوە بەكرێ نەوتیان پێ دەگوازرێتەوە بوونەتە فریادڕەسی نەوتی ئێران و ئابورییەكەی، چونكە ئەو كەشتییانە راستەوخۆ لەلایەن كۆمپانیای نیشتیمانیی نەوتی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن و ئەركدار كراون بە نهێنی و بە بێ ئالڵا و هیچ ئاماژەیەكی دیاریكراو نەوتی ئێران بگەیەننە دەست كڕیارەكانی. لە راپۆرتەكەدا هاتووە ئەو كەشتییانە كە ژمارەیان بە دیاریكراوی 182 كەشتییە، سەرجەم ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانیان لەكاردەخەن و هیچ ئاڵاو ژمارەیەكی نێودەوڵەتیی بەكارناهێنن بۆ ئەوەی ناسنامەیان لە رووی نێودەوڵەتییەوە ئاشكرا نەبێت ئەوەش وەك رێگاچارەیەكە دژی سزا نێودەوڵەتییەكانی ئەمریكا لەسەر كەرتی نەوتی ئێران. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزو فایننەشاڵ تایمز و وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریكا لەدوایین راپۆرتەكانی خۆیان سەبارەت بەنەوتی ئێران ئاشكرایان كردووە ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران لە رۆژێكدا گەیشتوەتە زیاتر لەیەك ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل و هەندێكجاریش هەناردەی رۆژانەی نەوتی وڵاتەكە دوو ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە. فەرەیدون بەركێشلی، سەرۆكی پێشووتری دەستەی وەزارەتی نەوتی ئێران بۆ كاروباری رێكخراوی ئۆپیك و بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی وزەی ڤیەننا ئاشكرای كردووە ئاستی هەناردەی نەوت و سوتەمەنییەكانی دیكەی ئێران بۆ بازاڕەكانی جیهان لەئێستادا زیاتر لە دوو ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا. بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندوە ئەو ژمارەیە رەنگە لە راستییەوە نزیك بێت بەڵام هیچ ئامارێكی فەرمیی لە گواستنەوەی نەوتی ئێران لە رێگەی كشتیی رۆحەكان بڵاو ناكرێتەوە و ئامارەكان و ژمارەی راستەقینە ئاشكرا نابیت چونكە جوڵەو بڕی گواستنەوەی نەوت بەو كەشتییانە نهێنییە، بۆیە ئەو ژمارە و ئامارانە تەنها خەمڵاندنە. چین زیاترین نەوتی لە ئێران كڕیوە ئێران یەكێكە لەوڵاتە نەوتییەكانی جیهان بەڵام سزا نێودەوڵەتییەكان و سزاكانی ئەمریكا رێگربوون لەبەردەم دەوڵەمەندبون و گەشەی ئابورییەكەی، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشكرای كردوە ئەو وڵاتە سەرەڕای سەرجەم فشارە نێودەڵەتییەكان لەساڵێكدا بە بەهای 22 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتوە و رۆژانەش نزیكەی 850 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەی چین كردووە. لە ئامارەكانی ناوخۆی ئێرانیشدا دەركەوتوە تەنها لە یەك ساڵدا بە بەهای زیاتر لە 30 ملیار دۆلار نەوت فرۆشراوە بەبێ ئەوەی وردەكارییەكانی فرۆشی نەوتەكە ئاشكرا بكرێت، حكومەتیش وتوویەتی داهاتی فرۆشی نەوتەكە بۆ قەرەبوی كورتهێنانی بودجەو زیانەكانی رابردووی چاپكردنی زیاتری دراوی تمەن بەكارهاتووە. ئەو ولڵاتە لە رابردوودا توانای بەرهەمهێنانی رۆژانە شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی بۆ بازاڕەكانی جیهان هەبووە و لە سایەی سزاكانەوە ئەو بڕە لە قۆناغێكدا بۆ 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەمی كرد و بەوتەی بەرپرسانیش ئەو سزایانە داهات نەوت و غازی ئێرانی لە 113 ملیار دۆلاری ساڵانەوە بۆ 13 ملیار دۆلار كەم كردووە. دوای ئەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا ، ساڵی 2018 لە رێككەوتنی ئەتۆمیی كشایەوە، رایگەیاند هەناردەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەكانی جیهان بۆ نزیكەی سفر دادەبەزێنن بەڵام ئەو كات بەرپرسانی تاران رایانگەیاند ئەزمونێكی باشیان هەیە بۆ خۆدزینەوەی لەسزاكانی سەر كەرتی نەوت. ئێران سێ ساڵە بەهۆی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر كەرتی نەوتەكەی هیچ ئامارێكی فەرمیی لەفرۆشتنی نەوتەكەی ئاشكرا نەكردوە بەڵام بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و كۆمپانیاكانی چاودێریی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان، ئێران بەخۆدزینەوە لە سزاكان بەشێوازی خۆی زیاترین نەوتی لەبازاڕەكانی جیهاندا ساغ كردووەتەوە. ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئیرنا-ی ئێران بە بڵاوكردنەوەی راپۆرتێك ئاماژەی بەوە كردووە تەنها لە یەك ساڵدا بڕی 14 ملیار دۆلار نەوت بە چین فرۆشراوە. ئاژانسەكە ئاماژەی بەوە كردووە؛ لە سەرەتای ساڵی 2021 تا سەرەتای ئەمساڵ بڕی 337 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران رەوانەی بازاڕەكان كراوە و هەر بەرمیلێكی بەپێی نرخەكانی بازاڕ لە نێوان 56 بۆ 97 دۆلار فرۆشراوە. ئێران سەرەڕای سزا توندەكانی ئەمریكا دژی كەرتی نەوتی ئەو وڵاتە، رۆژانە بڕی زیاتر لە 850 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەی وڵاتی چین كردووە. لەساڵی 2018 دوای كشانەوەی واشنتۆن لە رێككەوتنی ئەتۆمیی، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا رایگەیاند ئاستی هەناردەی ئێران بۆ سفر دادەبەزێنن بۆ ئەوەی ئابوریی وڵاتەكە هەرەس بهێنێت، بەڵام ئێران سێ ساڵە بەبێ بڵاوكردنەوەی ئامارە فەرمییەكانی فرۆشتنی نەوت ئاماژە بەوە دەكات كە هەناردەی نەوتەكەی رانەگیراوە و بەشێوازی خۆی نەوتەكەی رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكات. لەڕاپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزدا ئاشكرا بووە فرۆشی نەوتی ئێران بەوڵاتی چین لە قۆناغی پێش سەپاندنی سزاكانی ئەمریكا لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەو ولڵاتە لەساڵی 2017 رۆژانە 630 هەزار بەرمیل بووە. لەڕاپۆرتی كۆمپانیاكانی چاودێریی كەشتییە نەوت هەڵگرەكاندا دەركەوتووە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین لەمانگەكانی كۆتایی ساڵی 2021 بۆ زیاتر لە 870 هەزار بەرمیل زیادی كردووە. سەرەڕای ئەوەی ئاستی هەناردەی رۆژانەی نەوتی ئێران بۆ چین زیادی كردووە، بەڵام پێشبینیی كراوە ئەگەر تەنانەت سزاكانی ئەمریكاش بەهۆی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمییەوە لەسەر ئێران نەمێنێت ئاستی هەناردەی نەوتەكەی ئەو وڵاتە بۆ وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا جگە لە چین بەرز نابێتەوە، چونكە وڵاتانی وەك هندستان و كۆریای باشور وڵاتانی ئەوروپا  لەسەردەمی سزاكانی ساڵی 2018 دژی ئێران كڕینی نەوتیان لەو وڵاتە بەشێوەیەكی بەرچاو كەمكردەوە. چین بەبەردەوەامی جەختی لەوە كردووەتەوە دژی سەرجەم ئەو سزایانەی ئەمریكایە كە لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە لەدەسەڵاتی واشنتۆندا نییەو زۆربەی سزاكانی سەر كەرتی نەوتی ئێرانیش لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە بەتەنها لەژێر دەسەڵاتی ئەمریكادا نییە بەتایبەت دوای كشانەوەی ئەو وڵاتە لە رێككەوتنی ئەتۆمیی مافی جێبەجیكردنی ئەو سزایانەی نەبووە كە لە رێككەوتنی ئەتۆمیدا هاتووە. چین بە راشكاوانە رایگەیاندووە سزاكانی ئەمریكا دژی كەرتی نەوتی ئێران تاكلایەنە بووە و كاری پێناكات. بەرهەمهێنان و فرۆشی نەوتی ئێران بەرز دەبێتەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران لەوتارێكیدا سەبارەت بەنەوتی وڵاتەكەی رایگەیاند؛ توانای بەرهەمهێنانی نەوت لەوڵاتەكەی بۆ نزیكەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا زیادی كردووە و ژمارەكەش بەرزترە لەبەرهەمهێنانی نەوت بەراورد بەپێش سزا قورسەكانی ساڵی 2018ی ئەمریكا. لەلایەكی دیكەوە جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندوە؛ ئێستا رۆژانە سێ ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوت لە وڵاتەكە بەرهەم دەهێنرێت و هاوشانی زیادكردنی نەوت دەرهێنانی غازیش لەزۆربەی كێلگەكاندا بەتایبەت گێلگە هابەشەكانی لەگەڵ وڵاتی قەتەر زیادی كردووە. ئەوجی بەبێ ئەوەی ناوی كڕیارانی نەوتی ئێران ئاشكرا بكات، ئاماژەی بەوە كردووە وڵاتەكە بازاڕی نوێی بۆ فرۆشتن و ساغكردنەوەی نەوتەكەی لەجیهاندا دۆزیوەتەوە و ئەوەش ژمارەی فرۆشتنی بەرمیلە نەوتەكانی ئێرانی زۆر بەرزكردووەتەوە بە بێ ئەوەی خەمی سزاكانی ئەمریكایان هەبێت. رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك) لەزستانی ئەمساڵدا ئاشكرای كرد كە ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران لەبازاڕەكانی جیهاندا بەرز بووەتەوە بەڵام روون نییە پارەی نەوتەكەی ئێران بەهۆی سزاكانەوە چۆن دەگاتەوە ئەو وڵاتە. فرۆشی نەوت و كورتهێنانی بودجە بەرز بووەتەوە ئاژانسە فەرمییەكانی حكومەت رایانگەیاندووە فرۆشی نەوت لەسەردەمی دەسەڵاتی ئیبراهیم رەئیسی بەراورد بە سەردەمی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشوی ئەو وڵاتە بە رێژەی 40% بەرز بووەتەوە بەڵام داهاتی فرۆشی نەوت بۆ كورتهێنانی بودجەی سەردەمی رۆحانی بەكارهاتووە. رۆژنامەی (ئێران) بڵاوی كردووەتەوە؛ قازانجی فرۆشتنی نەوت لەساڵی 2021 گەیشتووەتە نزیكەی هەشت ملیار دۆلارو سەرجەم ئەو داهاتە رەوانەی خەزێنەی وڵاتەكە كراوە لە كاتێكدا ساڵی 2018 و لە سەردەمی رۆحانیدا تەنها 700 ملیۆن دۆلار لەداهاتی نەوت رەوانەی خەزێنە وڵاتەكە كراوە. بەپێی ئامارەكانی رۆژنامەكە ساڵی 2020 كورتهێنانی بودجەی ئێران 18 ملیار دۆلار بووە كە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سزاكان و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی حكومەتی رۆحانی، بۆیە حكومەتی ئێستا بە سەرۆكایەتیی رەئیسی توانیویەتی بەفرۆشی نەوت، نۆ ملیار دۆلاری كورتهێنانی بودجە چارەسەر بكات و بەردەوامە لەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوت بۆ چارەسەری كورتهێنان و قەرزەكانی سەردەمی حكومەتی پێشو بەكار بهێنێت. لەیاسای بودجەی ئێراندا ئاماژە بەوە كراوە كە دەبێت 14.5%ی كۆی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیای نیشتیمانیی نەوت بگەڕێنرێتەوە و 20 بۆ 25%ی دهاتەكەش رەوانەی خەزێنە بكرێت، بۆیە بەپێی ئەو یاسایەو گەڕانەوەی نۆ ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی حكومەت دەردەكەوێت داهاتی ساڵانەی فرۆشی نەوتی ئێران گەیشتووەتە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار لەساڵێكدا. موحسین خوجەستە مێهر،بەڕێوەبەری كۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی ئێران رایگەیاندوە؛ سەرجەم ئەو پارانەی كە وڵاتەكەی لە فرۆشی نەوت دەستیكەوتووە هێنراوەتەوە ناو وڵاتەكە و رەوانەی خەزێنە یان گەنجینەی حكومەت كراوە. حكومەت بەفەرمی رایگەیاندوە؛ كورتهێنانی بودجەو قەرەبووی زیانەكانی زیادكردنی چاپكردنی دراوی تمەن وایكردووە زیادكردنی فرۆشی نەوت كاریگەرییەكی بەرچاوی لەژیان و بژێویی خەڵكی ئێراندا نەكات.

  هاوڵاتی پشتیوان سادق وه‌زیرى ئه‌وقاف‌و كاروبارى ئایینى حكومه‌تى هه‌رێم رایگەیاند:" کوردستان دەوڵەت نییە، بەڵام ئاستی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی کوردستان‌و ئەو پێگە بەرزەی کە بۆ کوردستان دادەنرێت، لەئاستی نێودەوڵەتی‌و لەئاستی پەیوەندیە دوو قۆڵەیەکاندا ھیچی کەمترنییە لەو وڵاتانەی کە چەندین ساڵە سەروەری  خۆیان ھەیە". پشتیوان سادق وه‌زیرى ئه‌وقاف‌و كاروبارى ئایینى حكومه‌تى هه‌رێم  له‌ فه‌یسبوكى خۆى نوسیویه‌تى:"سەرەڕای ئەوەی کە کوردستان دەوڵەت نییە، بەڵام ئاستی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی کوردستان‌و ئەو پێگە بەرزەی کە بۆ کوردستان دادەنرێت، لەئاستی نێودەوڵەتی‌و لەئاستی پەیوەندیە دوو قۆڵەیەکاندا ھیچی کەمترنییە لەو وڵاتانەی کە چەندین ساڵە سەروەری  خۆیان ھەیە". ئه‌و وه‌زیره‌ى پارتى ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، "بۆ ئێمەی کورد وەک میللەتێکی مەزڵوم‌و وەک گەورەترین نەتەوەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە دەوڵەتمان نییە، ئەمجۆرە پێشوازیکردنانە بەئاڵای کوردستان‌و لەئاستی باڵای وڵاتانی گەورە بەئاڵای کوردستان، نیشانەی سەرکەوتویی دیبلۆماسیەتی ھەرێمی کوردستان‌و حکومەتی کوردستانە". له‌و نوسینه‌دا په‌یامێكى ئاراسته‌ى بارزانى كردوه‌و ده‌ڵێت:"جێگه‌ی خۆیەتی بڵێین، دەستخۆش سەرۆک وەزیران، بەردەوامبە لەم سەرکەوتنە دیبلۆماسیە گەورانە، کە بەسودی خەڵکی کوردستان تەواو دەبێت، ئەم ئاستە بەرزەی دیدارو پڕۆتۆکۆلیە کەم وێنە بوو، بۆیە زۆر تاڵە بۆ ناحەزان‌و زۆرخۆش‌و شیرینە بۆ کوردپەروەران". پێیوایه‌، "ئەمڕۆ لەھەموو ڕۆژێک زیاتر پێویستیمان بەپەیوەندیی نێودەوڵەتی‌و ھەرێمایەتی ھەیە بۆئەوەی خەڵکی کوردستان لەئایندەی خۆیان دڵنیابن، ئومێدەوارم ئەو جۆرە سەردانانە لەلایەن ھێزو لایەنە سیاسیەکان سەرەڕای ناکۆکی سیاسی، بەڵام لەڕوی نیشتیمانی‌و نەتەوەییه‌وه‌ بەگەورەیی ببینرێت‌و پشتگیری بکرێت". نوسینه‌كه‌ى وه‌زیرى ئه‌وقاف له‌كاتێكدایه‌، ڕۆژى دووشەممە 18ی نیسانی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی وەفدێكی حکومی، گەیشتە لەندەنی پایتەختی بەریتانیاو لەگەڵ بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیران‌و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی ئەو وڵاتە كۆبونه‌وه‌.