هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم دواین واده‌ی بۆ ڕادەستکردنی چەکی بێموڵەت ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، ئامادەکاری کراوە ئەو کەسانەی لە ھێزەکانی ناوخۆ و پۆلیس کار دەکەن لە دوای دەوامی فەرمی چەکەکانیان لە شوێنێکی تایبەت دابنێن.  د. ھێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ له‌لێدوانێکی ڕۆژنامه‌نوسیدا ڕایگەیاند،  ھەموو شوێنە فەرمی و نا فەرمییەکانی فرۆشتنی چەکی بێمۆڵەت داخراون، لە جێگەی ئەوە شوێنێکی مۆدێرن دابین دەکرێت و بەشێوەیەکی سنوردار کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەی چەکی تێیدا ئەنجام دەدرێت. وتیشی، ژمارەی ئەو چەکانەی دەستی بەسەردا داگیراوە زۆر نین، ماوەی ساڵێکیش دانراوە بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان چەکە بێمۆڵەتەکانیان ڕادەست بکەن. میرانی ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیار ھەیە بۆ ئەوانەی کە لە ھێزەکانی ناوخۆ و پۆلیس کار دەکەن، تا لە دوای دەوامی فەرمی چەکەکانیان لە شوێنێکی تایبەت دابنێن بۆ ئەو مەبەستەش دەست بە زەمینەسازی و ئامادەکاری کراوە و ساڵێک دانراوە بۆ پڕۆسەی دروستکردنی کۆگای چەک بۆ ئەوەی ئەو کارمەندانەی دەوامیان تەواو دەبێت چەکەکانیان دابنێن تاوەکو دەگەڕێنەوە دەوامی خۆیان.  

هاوڵاتی له‌چاوپێکه‌وتنێکی ڕۆژنامه‌نوسیدا هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی کوردی سووریا رایدەگەیەنێت، دانوستانەکانی نێوان کورد و دیمەشق هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە و ڕووسیاش لەبری ئەوەی گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵبکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەدژی کوردانی سووریا، رەزامەندی دەربڕیوە بۆ هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەم وڵاتە دژ بە کوردەکان. ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی کوردی سووریا "پەیەدە" لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی ئەمریکی ئەلمۆنیتەر ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زەمینی تورکیا بۆ سەر کوردانی سووریا هەڵوەشێنراوەتەوە لەبەر ئەوەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا نە لە لووتکەی تاران و نە لە کۆبوونە تایبەتەکەیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە سوچی، ڕەزامەندیی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینیی تورکیا بۆ سەر کوردانی سووریا دەرنەبڕیوە. هه‌روه‌ها بوونی چەندین هێز لەوان هێزی ڕووسیا و سووریا و چەند هێزی دیكه‌ له‌ باكوور و باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا ئاسته‌نگی له‌ بەردەم ئۆپه‌راسیۆنی زه‌مینیی توركیا دروست كردووه‌. بەم حاڵەیشەوە ساڵح موسلیم جەختی لەوە کردەوە کە ئەردۆغان کەسایەتیەکی پێشبینی نەکراوە و لەوانەیە فەرمانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زەمینی لە دژی کوردەکانی سووریا دەربکات. هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی سووریا پێیوایە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازییەوە لەدژی کوردانی سووریا بەردەوام دەبێت. ناوبراو سەبارەت به دانوستانەكانی نێوان كورد و حكوومەتی ناوەندیی سووریا رایگەیاند كه له ماوەی دانوستانەكانی نێوان هەردوولا هیچ گفتوگۆیەكی سیاسی نەبووه و ئەوەی روویدا تەنها دانوستان لەسەر پرسی سەربازی بوو. ساڵح موسلیم جەختی كردەوە كە بەهۆی پێداگریی حكوومەتی سووریا لەسەر كۆنتڕۆڵ كردنی تەواوەتی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی كوردی سووریا، دانوستانەكانی نێوان كورد و دیمەشق هیچ پێشكەوتنێكی بەخۆیەوە نەبینیوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە کوردەکان ڕەخنەیان هەیە سەبارەت بە شێوازی حوکمڕانی سووریا. ساڵح موسلیم سەبارەت بە داواكارییەكانی كوردانی سووریا وتی: ئێمە دەمانەوێت ئیدارەی خۆسەری کوردی لە چوارچێوەی دەوڵەتی یەكگرتووی سووریادا بپارێزین. کورد چاوەڕێی ئەمە دەکات کە دان بە زمان و ڕەگەز و مافەکانیدا بنرێت دەیەوێت لە چوارچێوەی یەک وڵاتدا بە ناوی سووریا بژیت. ئەم بەرپرسە باڵایەی كوردی سووریا سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان كوردی سووریا و ئەمریكا رایگەیاند، ئەم پەیوەندییە لەبارەی شەڕی داعشەوەیە، كوردیش چاوەڕێی ئەوە ناكات ئەمریكا بیانپارێزێت، بەڵكوو كورد تەنها پشت بەخۆی دەبەستێت بۆ پاراستنی خۆیان. لەبارەی وابەستەیی ئیدراەی خۆسەری کوردستانی سووریا بە پەکەکەوە، ساڵح موسلیم ڕایگەیاند: کوردی سووریا و ناوەندەکانیان پێوەندییان بە پەکەکەوە نییە و فەرمانیش لەو گرووپە وەرناگرن. جەختیشی لەوە کردەوە کە تۆمەتبارکردنی وابەستە بوونی دامەزراوە کوردییەکان لە سووریا بە پەکەکەوە، بیانووی تورکیایە بۆ پەلاماردانی کوردانی سووریا. روونیشیکردەوە کە "پێشنیاره‌كه‌ له‌ ئه‌زموونه‌ داراییه‌كانی جیهاندا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ رێكخراوه‌ داراییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ فره‌لایه‌نه‌كان، كه‌ عێراق ئه‌ندامه‌تی ئه‌و پرسه‌ تاوتوێبکرێت‌، بۆ ئه‌وه‌ی دیراسە بكرێت به‌ گوێره‌ی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ و سیستەمی پەسەندکراو لە دارایی گشتی و بەکارهێنانە جیهانییەکانی و بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە یاساییەکان ، ھەروەھا حیساباتی پەیوەست بە بنەماکانی حوکمڕانی بودجەی گشتی لەم جۆرە.  

هاوڵاتی یەكێتی و پارتی بەرەوامن لە دامەزراندنی نوێ‌ و زياتركردنى  هێزەكانی حەفتاو هەشتاو ئەمریكاو و هاوپەیمانانیش پێشنیازی هەردوو حزبەكە بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە رەتدەكەنەوەو هۆشداری دەدەن لە راگرتنی یارمەتیەكانیان ئەگەر پڕۆسەی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەكی باش نەچێتە پێشەوە. وەزارەتی پێشمەرگە جارێكی تر یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80 دەخاتەوە بەرباس،و باسكردنی ئەم پرسە لە كاتێكدایە لەسەرەتای دروستبونی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمەوە بە یاسا و رێنمایی و فەرمانی پەرلەمانی و حیزبی و حكومی قسەی لێدەكرێت و دوای 30 ساڵ ئەم هێزە هەر یەكنەخراوەتەوەو هێزێكی پێشمەرگەی دەوڵەتی دروستنەكراوە، بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت: « لە قۆناغی ئێستاشدا من هیچ ئومێدێكم بە پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە نیەو هەردوو حزبەكە نیەتیان نیە هێزی پێشمەرگە بگوازنەوە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە».  لە ماوەی هەفتەی رابردوودا وەفدێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم سەردانی هەردوو وڵاتی بەریتانیاو ئەمریكای كرد، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە ئەمریكا رایگەیاند: «ئەمریكییەكان بە راشكاوانە پێیان وتووین، ئەگەر پڕۆسەی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەكی باش نەچێتە پێشەوە، هاوكاری و پشتیوانییەكانیان رادەگرن»، و وتیشی: «ئەمریكیەكان پێیان وتین پێویستە هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە هەنگاوی گەورەو فراوانتری بەدوادا بێت». بەرپرسێك لە وەزارەتی پێشمەرگە كە نەویست ناوی بهێنرێت بە رۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» هاوپەیمانان بە تایبەتی ئەمریكا ئەمە یەكەمجار نیە هۆشداری دەدەن كە هێزی پێشمەرگە یەكبخرێتەوەو پەلەی تێدا بكرێت ئەگەرنا هاوكاری و یارمەتییەكانیان رادەگرن»،و وتیشی: «كێشەی یەكنەخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە نەبوونی ئیرادەی سیاسییە و خودی هێزەكانی 70 و 80 وەكو هێزی سەربازی گرفت نین». جەبار یاوەر فەریقی یەكەمی خانەنشین و ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوڵاتی رایگەیاند:» ئێستا حزبەكان بیرورای جیاوازیات هەیە لەسەر یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە»، و وتیشی: «یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەستراوەتەوە بەیەكخستنی هەموو بواركانی پەیوەست بە بەرژوەندییە باڵاكانی نیشتمان و نەتەوە لە هەرێمی كوردستان، ئەم پرسەش تەنها كێشەی گەورەی هەرێم نیە، ئەبی هەموو حزبە سیاسیەكانی كوردستان یەك بیروباوەڕیان هەبێت لەسەر كۆمەڵێك هێڵی گشتی، دەربارەی حكومڕانی و ئەمنیەت و ئاسایش و دەرباری ئابوری و پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان، ئەگەر بیروباوەڕیان لەسەر ئەم بابەتانە یەكنەخەن یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە زۆر زەحمەت ئەبێت». هاوكات رزگار محەمەد مەحمود بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی یەكخستنەوەی هێەكانی پێشمەرگە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» هەردوو حزبەكە نیەتیان نیە هێزەكانیان بگوازنەوە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە و لەسەر ئاستی باڵای نایانەوێت ئەم هێزانە لە ژێر فەرمانی خۆیان دەربچێت چونكە ئەم هێزانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و ململانێی سیاسی بەكاریان دەهێنن». وتیشی:»یەكێتی و پارتی دەیانەوێت هێزەكانی 70 و 80 وەكو خۆیان بمێننەوە، بەڵام بەناو بیخەنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە ئەمەش لە پێناو ئەوەی یارمەتی هێزەكانی هاوپەیمانان بیانگرێتەوە، بەڵام هێزەكانی هاوپەیمانیان دەیانەوێت هێزەكانی حەفتاو 80 بەتەواوی بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگەو هیچ هێزێك بەوو دوو ناوە نەمێنێتەوە، ئەو كاتە ئامادەن یارمەتیان بدەن». شارەزایەكی بواری سەربازی سەبارەت بە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، كە پێی باش بوو ناوی نەهێنین بە هاوڵاتی وت:»  ساڵی 2010   ئەمریكا پێش كشانەوەی هێزەكانی لەعێراق نوێنەریان ناردە لای هەردوو حیزب و تكاشیان لێكردن و وتیان: سەد هەزار گەنج و ئەفسەر و پلەداری ئەكادیمی ئامادە بكەن، لەماوەی شەش مانگدا، ئێمە هێزێكی پڕچەكی مۆدێرنتان بۆ پارێزگاری هەرێم بەناوی هێزی پێشمەرگەوە بۆ رادەهێنین و پێش كشانەوەی ئێمە شوێنی هێزەكانی ئێمە بگرێتەوە و لەهەندێ حاڵەتدا ئەتوانێ عێراقیش بپارێزێت، تەنانەت وتیان هێزی ئەمریكا چ جۆرە چەكێكی قورس و سوك بەكاردەهێنێت ئەو هێزەش هەمان شت، هەمو خەریجیەكیشی لەسەر ئێمە، وتیشی» هەمو مەرجەكەیان ئەوەبو (جگە لە پۆلیس و ئاسایش لەدەرەوەی ئەو هێزە چەكداریتر نەمێنێت)».  ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: وێڕای هەمو ئەو فشارانەی خەڵك و حیزبە ئۆپزسیۆنەكان فشارێكی جدی هێزە هاوپەیمانەكانیش هەبووە بۆ دروستكردنی هێزێكی یەكگرتوی مۆدێرنی پێشمەرگە ! بەو مەبەستەش ئەمریكاییەكان لە عێراقدا چەند جارێك بەڵێنی (یارمەتیدان ، رێكخستن و پڕچەككردن، مەشق )یشیان پێداون! بەڵام ئەو ئیرادەیەكی حزبی هەیە وایكردوە  پارتی و یەكێتی هیچ گوێ بە مەسەلەی بەرژەوەندی نەتەوە و خاك و نیشتیمان نەدەن و بە مانەوە و پارێزگاریكردن لە حیزب بیگۆڕنەوە». ئەو سەرچاوەیە وتیشی:»  ئێستا  هاوپەیمانان بەجۆرێكیتر لەهەوڵی یەكخستنەوە و دروستكردنی ئەو هێزەدان  كە بەحوكمی   لاسەنگی بڵانسی هێزی جەماوەری! مەرجەكانی پارتی قبوڵكراوە و پارتی كاری جدی بۆ دەكات! لەبەرمبەردا هەندێك بەرپرس و ناوەندی یەكێتی پشتیوانی دەكەن و ئەوانەشی نایانەوێت و بەمەترسی دەزانن  ناتوانن دەنگ هەڵبڕن بەڵام ژێربەژێر  كۆسپ و تەگەرەی بۆ دروستدەكەن». بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان هەر لەو لێدوانەیدا بۆ هاوڵاتی رایگەیاند:» پارتی و یەكێتی بەردەوامن لە دامەزران بۆ هێزەكانی 70 و 80  و ئەوەندەی گرنگی بەم دوو هێزە ئەدەن گرنگی بە هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە نادرێت، ئەگەر هاوپەیمانان نەبێت بە دڵنیاییەوە بێچەكترین و بێ پێدایستتیرین هێزی سەربازی هێزەكانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە دەبن». بەپێی زانیارییەكانی بەردەست هاوڵاتی،» لە كۆبونەوەیەكی سەركردایەتی یەكێتیدا باس لەوەكراوە كە پارتی بەناوی پاراستنی كێڵگەی نەوتی و بەناوی پاراستنی بارەگاكانی لە زۆنی سەوز هێزی دروستكردووەو هێز دەنێرێت، لەبەرامبەر ئەوەشدا یەكێتی بڕیاریداوە بەناوی پاراستنی بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر هێز دروست بكات و  باسی لەوەشكردووە كە بە زەبری هێز پشكی خۆمان لە حكومەت دیاری دەكەین». بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگەرگە دەڵێت:» من تێبینیم لەسەر لیوا هاوبەشەكانیش هەیە، ئەو لیوایانەش كە یەكخراوەنەتەوە بەراستی هێزێكی دەوڵەتی بێلایەن نین، بۆ نمونە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بینیمان هەر ئەو لیوایانەی رێكخرابون هەریەكەیان بۆلای حزبەكەی خۆی گەڕایەوە». بەپێی ئاماری ناڕەسمی یەكەی 70ی یەكێتی 56 هەزار پێشمەرگەیە و  یەكەی 80ی پارتی ژمارەیان 60 هەزار پێشمەرگەیەو هێزەكانی زێرەڤانی پارتی ژمارەیان 54 هەزار‌و بەرگری‌و فریاكەوتنی یەكێتی 26 هەزارە، ئەم هێزانە تائێستا بەهێزی یەكێتی‌و پارتی ناسراون‌و موچەش لە حكومەتەوە وەردەگرن، هێزەكانی سەربە وەزارەتی پێشمەگەش نزیكەی 48 هەزار پێشمەگە دەبن. لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی دژ بە “داعش”، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە (19) لە 23ی تەموزی 2014دا سەبارەت بەهێزی پێشمەرگە (21) بڕیاری دەركرد، هەر لە ساڵی 2014 و لە رۆژی 14ی كانونی یەكەم مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشووی هەرێم، بڕیارێكی حەوت خاڵی دەركرد بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەڵام تەنها یەك خاڵی بڕیارەش جێبەجێنەكرا. فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم لە زاری فەرمان فەرهاد جێگری بەڕێوەبەری میرە بڵاویكردەوە:» بڕیارە ساڵی داهاتوو سەرجەم هێزەكانی 70 و 80 بخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە». چاودێرێكی سیاسی سەبارەت بە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە رایگەیاند:» هەردوو هێزەكە پێیان وایە مانەوەیان و سەنگ و پێگەیان بەندە بە هێزە چەكدارەكانیانەوە، ئەو پرەنسیپە وایكرد پێكهاتەی ئەو هێزانە بۆ مەترسی لەسەر كۆمەڵگە و تەنانەت حكومەت و خودی ناوخۆی حیزبەكان هەنگاوبنێ بە دروستكردنی هێزی شەخسی و خانەوادەیی لەناو خودی هێزەكاندا و بەهەمان ئەوچەك و هاوكارییە مادی و لۆجستیەی كە لەحكومەت و هاوپەیمانە بیانیەكانەوە دابین دەكرێت». وتیشی: «ویست و داوای یەكخستنەوەی پێشمەرگە ئەوەندەی دیاردەیەكی ئیعلامی و بانگەشە و مزایەدە بووە ئەوەندە كردار و جێبەجێكردنی بڕیار نەبوە ، بۆیە ئەو داوا و بانگەشەیە لەهەر قۆناغێكدا، بەپێی سەنگ و باڵانسی هێزی ئەو دوو حیزبە لەناو پەرلەمان و جەماوەردا گۆڕاوە لە یەكێكیانەوە بۆ ئەویتریان، بۆنمونە كاتێك لەدوای ساڵی 2005 هەردوو ئیدارەكەی هەولێر و سلێمانی یەكیگرتەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ژمارەی دەنگەكانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر زیاتر بوو ، بۆیە ئەم داوا و بانگەشەیەی یەكێتی بەهێز و جدیتر بوو  بەپێچەوانەوە پارتی نەیدەویست و بەمەترسی لەسەر خۆی دەزانی، دوای پێنج ساڵ كە یەكێتی دەنگ و سەنگی جەماوەری بەڕادەیەكی زۆر كەمیكرد ئیتر  خواستەكە پێچەوانە بوەوە». جەبار یاوەر هەر لەو لێدوانەیدا بۆ هاوڵاتی وتی: «هەتا هێزی پێشمەرگەو هەموو هێزەكانی هەرێم بە هێزەكانی ئاسایش و هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن و زێرەڤانی هێزەكانی دژەتیرۆر یەك نەخەین و  بەدەست حزبی سیاسیەوە بێت هەركاتێك ململانێ‌ لەنێوان حزبە سیاسیەكان دروست ببێ‌ زۆر ترسناكە كە حزبەكان پەنابەرەن بۆ ئەو هێزانە بۆ یەكلاییكردنەوەی ململانێكانیان، لەبەر ئەوە ئەگەر بمانەوێ‌ مەترسی پێكدادانی ناوخۆیی دورخەینەوە ئەبی هێزی پێشمەرگەو هەموو هێزەكان بێلایەن كەین و بۆ بەرژوەندی هیچ حزبێكی سیاسی كارنەكەن تەنها بۆ بەرژوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی كار بكەن». دۆخی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان و نەبوونی متمانە لە نێوان هێزە سیاسیەكان بەتایبەتی لە نێوان یەكێتی و پارتی وایكردووە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بە قورس و زۆرجاریش بە ئاستەم سەیربكرێت، هێشتا هێزە سیاسیەكان ئەو متمانەیەیان بەیەك نیە لە ململانێ‌ سیاسیەكانیاندا نەگەڕێنەوە بۆ بەكارهێنانی هێز، جیا لە دەرەوەی حزبەكان، رووداوەكانی رابردوو شایەدی دەدەن تەنانەت لە ململانێی باڵە جیاوازەكانی ناو حزبیشدا پەنا براوەتە بەر هێزی چەكدار بۆ یەكلایی كردنەوەی ململانێكان.

هاوڵاتی بەشدار حەسەن پارێزەری گیراوانی بادینان بە هاوڵاتی رایگەیاند: "یاداشتێكیان داوەتە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەدروستكردنی ئاستەنگ بۆ ئازادكردنی بەمەرجی دەستگیركراوانی بادینان". وتیشی: یاداشتێكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان گەیەندراوەتە سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق تا بگەیەندرێتە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی گیراوان و داواكاریان بۆ ئازادكردنیان بەمەرج. هەر ئەمرۆ لەسلێمانی ژمارەیەك چالاكوان و رۆژنامەنوس و  كەسوكاری بەشێك لەگیراوانی چاكسازی هەولێر، لەبەردەم دادگای سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان كرد دەستگیركراوانی بادینان ئازاد بكرێن. سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لە فەیسبووكی خۆی نوسیوێتی: "لەئێستادا ٥۳ دەستگیكیراو بیست ڕۆژە زۆرینەیان لەزیندان مانیان گرتووەو لەدۆخێكی خراپی تەندروستیدا  بەهۆی ئەوەی ئاستەنگیان خستۆتە بەردەم ئازادكردنی بەمەرج".  راشیگەیاند: "گیراوانی بادینان باجی هەڵوێستە مەدەنیەكان دەدەن و ئەو سزایەی بەسەریاندا سەپێنرا تۆڵەی سیاسی و بەكارهێنانی دادگابوو بۆ سەركوتی ئازادی".

سەركۆ جەمال ماوەی نزیكەی دوو هەفتەیە 53 زیندانی لەچاكسازی گەورانی هەولێر كە 10یان سزادراوانی بادینان و شیلادزێن، لەبەرامبەر ئەوەی بڕیاری ئازادكردنیان بۆ دەركراوە بەڵام  تائێستا ئازاد نەكراون، دەستیان بەمانگرتن لەخواردن كردووە، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت دۆخی دەستگیركراوە مانگرتوەكان باشەو لەهەوڵەكانیشیان بەردەوامن بۆ ئازادكردنیان، پارێزەری گیراوانی بادینان ئاشكرایدەكات ئازادكردنی پێنج گیراوی بادینان جارێكی دیكە بەپاساوی تەواونەبوونی رێكارەكانیان دواخراوە. بەشدار حەسەن پارێزەری گیراوانی بادینان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بەداخەوە هەواڵی دڵخۆشكەر نییە، یەك مانگە ئیدارەی زیندان بەبیانووی تەواونەبوونی پەنجەمۆرو راپۆرتی توێژەری كۆمەڵایەتی ئازادكردنی ئەو پێنج كەسە راگیراوە، لەكاتێكدا داواكاری گشتی داوای ئازادكردنی كردوون، ئەوانەی شیلادزێ پێنج كەسن كە دەبوو دوێنێ‌ سێشەممە 9-8-2022ئازاد بكرێن». پارێزەری گیراوانی بادینان وتیشی :»ئەو گیراوانەی شیلادزێ كە دەبوو ئازاد بكرێن هەریەك لە یوسف شەریف لەدایكبووی 2001 و مەحمود نادر لەدایكبووی 1996 و كۆڤان تاریق لەدایكبووی 1996 و ئەمجەد یوسف رێكانی لەدایكبووی 1989 و نێچیرڤان بەدیع لەدایكبووی 1993 ە». بەوتەی بەشدار حەسەن «ئەوانەی زیندانیكراوی بادینانن ژمارەیان 10 كەسە كەچالاكوان و رۆژنامەنووسن و كۆی گشتی ئەوانەشی لەچاكسازی گەورانی هەولێرن ژمارەیان 53 كەسن، ئەوانەی ئازادكردنی بەمەرج دەیانگرێتەوە 19 كەسە، هیچ وادەیەكیش دیارینەكراوە بۆ ئازادكردنیان». سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ: دۆخی زیندانیان باشە مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»سەبارەت بە زیندانیانی بادینان هەموویانم بینی دوو هەفتەیە لەسەر یەك سەردانیان دەكەم جگە لە تیمەكانی دەستە كە هەموو كاتێك سەردانیان دەكەن، بەڵام خۆم دووجار چووم و ویستم بزانم بەردەوامن لەمانگرتن یاخود نا، بینیم هەموو ئەو كەسانە ئاو و شەربەت و شیر دەخۆن بەڵام نان ناخۆن و مانیان گرتووە، وتیشیان تا بڕیاری ئازادكردنمان بەمەرج دەرنەچێت ئێمە ماندەگرین». سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ وتیشی:»دۆخی تەندروستییان باش بوو ئەوەی كە نەخۆش بووە یاخود فشاری دابەزیبوو بردوویانن بۆ نەخۆشخانە و چارەسەریان وەرگرتووە. بەوتەی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم «ئاگاداری ئەوە نیە هیچ كەسێك لەهەرێم بەبێ دادگایی دەستگیركرابێت، بەڵام ئەگەر كەسێك بەبێ بەڵگە گیرابێت و دواتر ئازاد بكرێت دەبێت بەپێی یاسا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بگرێتەوە». كامەران عوسمان ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بڕیاربوو رۆژی سێشەممە 9-8-2022 داواكاری گشتی هەولێر رای خۆی بڵێ و دۆسیەكە بگوازرێتەوە بۆلای، بەڵام بەبیانووی ئەوەی رێكارەكان تەواونەبووە، بڕیارە رۆژی چوارشەممە 10-8-2022 بچێتە بەردەم دادوەری زیندانی چاكسازی گەوران و دۆسیەكەیان بجوڵێت». وتیشی:»بەدەر لە دەستگیركراوانی بادینان و چاكسازی گەورانی هەولێر، چەندین كەسی تر دەستگیركراون كە لەزیندانەكانی ئاسایشی سنوری هەولێرو دهۆكن و ژمارەیان 11 كەسە، ئەوان لە 2021 ەوە بێ دادگایی كردن دەستگیركراون «. ئەو ئەندامەی رێكخراوی سی پی تی ئەوەشی ئاشكراكرد :» چەندین كەس لەشارەكانی سلێمانی و هەولێرو دهۆك كە پەیوەندی بەناكۆكی سیاسی نێوان حزبەكانەوە هەیە بێ دادگایی كردن دەستگیركراون ، كەسی وای تێدایە سێ بۆ چوار ساڵە لەزیندانەو كەسی واش هەیە 10 ساڵە لەزیندانە و دادگایی نەكراوە، كە ژمارەیان بە هەموویان 20 كەسە». ماوەی نزیكەی دوو هەفتەیە 53 زیندانی لەچاكسازی گەورانی هەولێر كە 10یان سزادراوانی بادینان و شیلادزێن، دەستیان بەمانگرتن لەخواردن كردووە، پاش ئەوەی دادگای هەولێر بڕیاری ئازادكردنی بەشێك لە دەستگیركراوانی بادینانی دەركردو بەپێی بریارەكە دەبوایە یەكەم رۆژی جەژنی قوربانی رابردوو ئازاد بكرێن، بەڵام بڕیارەكە راگیراوە، لە بەرامبەردا لەڕۆژی 22ی تەمموزەوە ئەو گیراوانە مانیان لەخواردن گرتووە.

هاوڵاتی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كووردستان بە ئامادەبوونی جینین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان لە سەرۆكایەتی هەرێم كۆبوونەوە. سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت:"كۆبوونەوەكە بەسەرپەرشتی سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچووە، و تیایدا نێچیرڤان بارزانی  سوپاسی  پلاسخارت و لایەنە سیاسییەكانی كرد بۆ بەدەنگەوەهاتنی بانگهێشتی سەرۆكایەتیی هەرێم و هیوای خواست لایەنە سیاسییەكان بگەنە لێكگەیشتنێك بۆ دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردن و چارەسەركردنی گرفتەكان و جەختی لە گرنگیی هەڵبژاردن بۆ  هەرێمی كوردستان كردەوە و رایگەیاند: دواكەوتنی هەڵبژاردن زیان بە ناو و پێگەی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت". هاوكات جینین پلاسخارت هەموو پشتگیرییەكی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاراردن لە هەرێم دەربڕی،و رایگەیاند:" دەبێ بە زووترین كات بگەنە ئەنجامێك، چونكە زۆر كات لەبەر دەستدا نییە.". سەرۆكاتی هەرێم دەڵێت: "لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا بڕیار درا سەرەتای ئەیلوولی داهاتوو دوایین كۆبوونەوە بۆ یەكلاكردنەوەی تەواوی بابەتەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردن و چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم پرۆسەكە ئەنجام بدرێت، تا ئەوكاتەش سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان، بە هاوكاریی تیمی پسپۆڕی یوونامی لە گفتوگۆ و ئامادەكاری بەردەوام دەبن".

هاوڵاتی سارا رەڤۆ-ی ٧٠ ساڵ، ژنە رزگاربوویەکی دەستی داعشە و ئێستا لە کەمپی شاریا لە دھۆک لەگەڵ هاوسەرەکەی و سێ نەوەی دەژیت کە ئەوان بە یادگاری کوڕەکەی ناو دەبات. سارا خەڵکی گوندی گرعوزێر سەربە قەزای شنگالە و بۆ ماوەی ساڵ و نیوەک رۆژەکانی خۆی لەژێر نەھامەتی و دەسەڵاتی رەشی تیرۆریستانی داعشدا بەسەر بردووە. سارا رەڤۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە دا کە ھەموو جۆرە نەھامەتییەکی بینیوە و ئەو رۆژە رەشانەی ھەرگیز لە بیر ناچێتەوە کە لەژێر حوکمی داعشدا گوزەراندوویەتی و ناتوانێت ھەموو شتێک باس بکات ئەو تەنیا بەشێک نەھامەتییەکان باس دەکات. لە سێی ئابی ٢٠١٤دا، کاتێک داعش ھێرش دەکاتە سەر قەزای شنگال، سارا رەڤۆ لەگەڵ نۆ کەس لە ئەندامانی خێزانی دەکەوێتە دەست داعش. ئەو دەڵێت من و دوو ژنی دیکە و حەفت پیاو و منداڵ لە ئەندامانی خێزانی ئێمە کەوتینە دەست داعش. لەو فەرمانەی ئیزدییەکان ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی کوژران و برینداربوون، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری دیکەیش ئاوارەبوون، ئەمە وێڕای ئەوەی سەدانی دیکەیش رفێندران کە تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە. سارا رەڤۆ باسی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت "کوڕێکی من بە رووداوی هاتوچۆ و یەکێکی دیکەش بە تەقینەوەی گرعوزێر گیانیان لە دەست دا تەنیا کوڕێکم مابوو ئەویش لەگەڵ ئەو فەرمانە کەوتە دەست داعش و داعش کوشتی". ئەو زیاتر باسی ئەو رۆژە دەکات و دەڵێت "لە رۆژە رەشەکە سەعات هەشتی بەیانی لە ماڵەوە دەرچووین بەرەو قەریچ نزیک گۆری عەودۆ لە وێ کەوتینە بۆسەی داعش و گیراین بێجگە لە ماڵی خۆم ماڵی باوکم و چەندین خزمی دیکەشی گیران، بەڵام ئەو رۆژە ھەر کەس خەمی خۆی بوو، ئەو رۆژە بوو کە کوڕەکەشم لەگەڵ ئێمە گیرا". سارا رەڤۆ کە زیاتر خەفەت لە کوڕ و نەوەکانی دەخوات گوتی: "دوای ئەوەی کە من و خەلەفی کوڕەکەم و نەوەکانم کەوتینە دەست داعش ئێمە تەنیا چوار کەس گەڕاینەوە، بەڵام مانەوەمان و گواستنەوەی ئێمە لە چەندین شوێنی جیاجیا ھەر ھەمووی تراجیدیا بوو بە جۆرێک لەو رۆژەوە تا ئێستا خەوم لێ زڕاوە و ناتوانم بخەم. لە سەرەتا کە ئێمەیان گواستەوە بۆ تەلەعفەر کچەکانیان لە ئێمە جیا دەکردەوە و کەس بووی نەبوو قسە بکات، چونکە دەکوژرا و ئێمە دەمانزانی کە ھەر پیاوێکیش لە ئێمە جیا بکرێتەوە دەکوژرێت. ھەموو رۆژەکانی ژێر دەستی داعش ناخۆش بوون، بەڵام زۆرترینیان ئەو رۆژانە بوون کاتێک لە بیرمە دوای سێ رۆژ کە خەلەف و چوار کوڕی لە ئێمەیان جیاکردەوە، پاش ئەوەی ئازاد بووم (دوای ساڵ و نیوەک) لە نزیک تەلەعفەر رۆشتمە ئەو شوێنە لەوێ کوژرا بوون، چونکە من جلوبەرگی ئەوانم لە بیر بوو، بەڵام من و سێ نەوەی خۆم و بۆکەکم دواتر ئازاد کراین بە جۆرێک من و نەوەکانم دوای ساڵ و نیوێک و بۆکەکەشم دوای پێنج ساڵ". گوتیشی: "ئەوەی زیاتر لە ئەشکەنجەی داعش ئازارم دەدات بۆکی من بوو خێزانی خەلەف کە دوای رزگاربوونی ئێمەی بە جێھێشت و رۆیشتە ئەورووپا و سێ منداڵی لە دەست ئێمەدا بە بێ باوک و دایک ماون، بە چ نەھامەتییەک ئەوان بەخێو دەکەین. لە ئێستادا ئەوەی بۆ من ماوەتەوە تەنیا چاوەڕوانییەکە کە دوای دۆزینەوەی گۆرەبەکۆمەڵەکان ئێسک و پرۆسکی ئەوانە کە بتوانم بیانێژم. لەئێستادا لە بەغدان و ئێمە چاوەڕوانین کە بگەڕێننەوە بەشکو دڵمان بەحەسێتەوە". سارا رەڤۆ بەزمانی جەستە باسی ساتۆرەی داعش و لێدانی گولـلە بە سەری ھاووڵاتییانی ئیزدی کرد و گوتی: "نەمدەتوانی ئەو دیمەنانە ببینم من ھەرگیز ناتوانم لە بیریان بکەم کە ئەگەر ھەر پیاوێک لە ئێمە جیا دەکرایە بە ساتورە یا گولـلە دەیانکوشت". رەڤۆ لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "تووشی نەخۆشی دەروونی بووم و لەوەتەی لە دەستیان رزگارم بووە کە دەکاتە شەش ساڵ و نیو، ھەموو رۆژێک دەرمانی دەروونی دەخوم تەنیا بۆ ئەوەی ساتێک ئارام بم سترێسی من کەمتر بێت تووشی دڵەکۆتە دەبم ئەوەندە ترساوم کە لە دەست ئەو بێدینانە لەو رۆژەوە تا ئێستا نەنووستووم چاوەکانم ناخەون، چی بکەم؟". لە کۆتاییدا باسی ئازادکردنی خۆی کرد و گوتی: "دوای ساڵ و نیوەک لە دەست داعش کە ئەویش چەند جار شوێنیان لە تەلەعفەر، مووسڵ، بادۆش و ھەندێک شوێنی دیکە ھەر نازانین کوێن بە رێککەوتن ئێمە ٢١٤ کەس ئازاد کراین ئەویش لە بەرانبەر پێدانی ئاو و کارەبا بوو بۆ تەلەعفەر". داعش لە ئابی ٢٠١٤ شنگالی داگیر کرد و کارەساتی مرۆیی بەسەر ئێزیدییەکاندا ھێنا، دیارترین رووداویش رفاندنی شەش ھەزار کچ و ژن بوون کە تا ئێستایش چارەنووسی بەشێکیان نادیارە.   سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئه‌نادۆڵ

هاوڵاتی وابڕیاره‌ ئه‌مڕۆ  لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، جارێکی تر بە ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن کۆببنه‌وه‌، ئه‌مینداری گشتی یه‌کگرتووش ده‌ڵێت هه‌ر دواخستنێکی هەڵبژاردن بەشێکە لە پیلانی بەردەوامیی دۆخەکە. ناوەڕۆکی کۆبوونەوەى ئه‌مجاره‌ی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و حزبه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێم بۆ قسەکردنە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و چارەسەری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان که‌ تا ئێستا لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌ری ناکۆکن. به‌پێی زانیارییه‌کان پارتی داواده‌کات یاسای هه‌ڵبژاردن به‌مجۆره‌ی ئێستا بمێنێته‌وه‌، یەکێتیش پێیوایە یاسای هەڵبژاردن دەبێت بە سازانی لایەنەکان هەمواربکرێتەوە؛ هاوکات گۆڕان داوا دەکات، هەرێمی کوردستان بکرێتە هەشت بازنەی هەڵبژاردن؛ کۆمەڵی دادگەریش داوای تۆمارێکی نوێی دەنگدان دەکات و یەکگرتووش دەڵێت، با پێکهاتەکان تۆماری تایبەتی خۆیان هەبێت.  له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو رایگەیاندووه‌: "بەشدار دەبم لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێی پرسی هەڵبژاردن، چونکە هەر دواخستنێکی هەڵبژاردن بەشێکە لە پیلانی بەردەوامیی دۆخەکە." جێگای ئاماژه‌یه‌ لە 24ی شوباتی 2022، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان واژۆ كردبوو، بڕیاریدا رۆژی 1ی تشرینی یه‌كه‌می 2022 هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان گفتوگۆ لەسەر دواخستنی وادەکە و یاسای هەڵبژاردنەکە دەکرێت.

هاوڵاتی میدیاکانی نزیک لەپەکەکە بڵاویانکردۆتەوە بە بیانووی ئەوەی خواردن و پێداویستی نەگات بە گەریلاكان، هێزەكانی پارتی لە ئاكرێ و ئامێدی گەمارۆیان خستووەتە سەر خەڵكی ناوچەكە و ڕێگەنادەن وەك پێویست كاڵا و شمەك لە شارەكانەوە ببەنەوە گوندەکان ئەمەش بە ئامانجی ڕێگەگرتن لە گەیشتنی خۆراك و پێویستی بە گەریلاكان. لەوبارەیەوە ئاژانسی (ڕۆژنیوز)ی نزیک لەپارتی کرێکارانی کوردستان بڵاویکردۆتەوە بە پێی ئەو زانیارییانەی لە خەڵكی ناوچەكە و هەندێ سەرچاوەی خۆجێی دەستكەوتوون، لە بەهاری ئەمساڵەوە، هێزەكانی (پارتی و ڕۆژ) ڕێگەیان نەداوە گوندنشینانی ناوچەی بادینان ئازادانە پێداویستی ڕۆژانەیان دابین بكەن. ئەوەشیانخستۆتە ڕوو پێشتر خەڵكی ئەو گوندانە بە هۆی نەبوونی دەرفەت، خۆراك و پێداویستیان بۆ چەند مانگ و ساڵێك دەكڕی، بەڵام ئێستا هێزەکانی( پارتی و ڕۆژ) هاوڵاتیان ناچار دەكەن بە كیلۆ خۆراك بكڕن و ڕێگەیان پێنادەن بۆ ماوەیەكی زۆر پێداویستییەكانیان دابین بكەن. لەبارەی ئەوەی بۆچی پارتی گەمارۆی بەسەر خەڵكی ناوچەكەدا سەپاندوە؟ خەڵكی ناوچەكە دەڵێن: پێیان وتووین: ئێوە خۆراك بە گەریلا دەدەن، هەر بۆیە ڕێگری دەكەین’ هاوڵاتیانی ناوچەكە ئاماژە بەوەش دەكەن، ڕێگەیان پێنادرێت زیاتر لە یەك بوتل غاز پڕبكەنەوە. ئەوەشیان خستۆتە ڕوو بەپێی سەرچاوەكان، ئەم سیاسەتە بە تایبەتی لە ناوچەی زێباریانی گوندەكانی ئاكرێ و دواتر لەگەڵ هێرشە تووندەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر هەندێك گوندی شیلادزێ، جێبەجێ كراوە. میدیاکە جەختیشی لەوەکردۆتەوە لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا سوپای داگیركەری تورك لە پێناو ئەوەی خۆراك بۆ گەریلاكان نەچێت گەرمارۆی خستەسەر گوندنشینانی بۆتان، ئامەد و جولەمێرگ و سەرحەد و خەرزان و هتد.. ئەو كەسانەشی خۆراكی چەند مانگێكیان بۆ خۆیان دابین دەكرد، دەستبەسەریان كرد.

هاوڵاتی دوای دیارنەمانیان بۆ ماوەی هەفتەیەک، ئەمڕۆ تەرمی ئاوارەیەکی ئێزیدی دۆزرایەوە و پۆلیسی زاخۆش ڕایدەگەیەنێت ٢ کەسیان دەستگیرکردووە و بەدوای تاوانباری سەرەکیشدا دەگەڕێن، هاوسەری قوربانییەکەش داوادەکات کچەکەی بۆ بدۆزرێتەوە. عه‌قید نزار سلێمان حاجی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی زاخۆ  راگه‌یاند، دوای هه‌فته‌یه‌ک له‌ بێسه‌روشوێنبونی هاوڵاتی فاروق میرزا خەڵەف و کچه‌که‌ی، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ته‌رمی فاروق میرزا که‌ ته‌مه‌نی 42 ساڵه‌ و ئاواره‌ی قه‌زای شه‌نگال و نیشته‌جێی که‌مپی جه‌مشکۆی قه‌زای زاخۆیه‌، له‌ باخێکی سنوری قه‌زای زاخۆ دۆزرایه‌وه‌، تا ئێستاش کچه‌که‌ی که‌ ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵانه‌ بێسه‌روشوێنه‌. دەشڵێت: "ته‌رمه‌که‌ی فاروق میرزا له‌ پزیشکی دادی زاخۆیه‌ و توێکاری بۆ ئه‌نجامده‌درێت، ئاسه‌واری پارچه‌ ئاسن به‌جه‌سته‌یه‌وه‌ دیاربوه‌". ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد، لێکۆڵینه‌وه‌ی وردی پۆلیس له‌باره‌ی ئه‌و روداوه‌ ده‌ستیپێکردوه‌، کچ و هاوسه‌ری خاوه‌نی ئه‌و باخه‌ی که‌ ته‌رمی فاروق میرزای تێدا دۆزراوه‌ته‌وه‌ ده‌ستگیرکراون و له‌لایه‌ن به‌شی نه‌هێشتنی تاوانه‌وه‌ لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامده‌درێت و گه‌ڕان و به‌دواداچونیش بۆ ده‌ستگیرکردنی تۆمه‌تباری سه‌ره‌کی ئه‌و تاوانه‌ ده‌ستیپێکردوه‌. رۆژی 4ی ئەم مانگە فاروق میرزا تەمەن 42ساڵ لەگەڵ (ئاخین)ی کچی کە تەمەنی شەش ساڵانە لەکەمپی چەم مشکۆ دەچنە باخێک لە دەوروبەری زاخۆ، دواتر بێسەر شوێن دەبن، شەوی رابوردوو تەرمی فاروق بەکوژراوی دۆزرایەوە. لەوبارەیەوە سێڤێ باپیر هاوسەری فاروق بە هاوڵاتی ی وت" رۆژی 4ی ئاب فاروق تەلەفونی لە هاورێیەکیەوە پێگەیشت و داوایکرد لەباخەکەب سەردانی بکات، تەکسیەکی کرت لەگەڵ کچەکەم ئاخین ڕویشتن بەرەوە باخەکە، دەوروبەری کاتژمێر9ی شەو تەلەفونم بۆ فاروق کرد داخرابوو هەر بۆیە زۆر ترسام خێرا ئاگاداری پولیس و کەسوکاری خۆم کرد". وتیشی: "چوار رۆژ بەبەردەوامی بەدوای فاروق گەڕاین چوینە شوێنەکەی لەباخەکە هیچ شتێک بەدەستمان نەکەوت، شەوی رابوردو پولیس ئاگادارییان کردینەوە کەوا تەرمی فاروق لەناوباخەکەدا دۆزراوەتەوە، کچەکەش هێشتا بێسەر و شوێنە". هاوکات وتیشی"تەرمەکە رەوانەی پزیشکی داد لە دهۆک کراوە و هێشتا رادەستی ئێمە نەکراوە، هاوسەرەکەم بە ناحەق کوژرا ، خوا توڵەی ئێمە لەو کەسانە بکات کە فاروق یان کوشت، داوا لە دەزگا ئەمنیەکان دەکەم بەوردی لێکوڵینەوە بکەن و بەدوای کچەکەم دا بگەڕێن کە کە ئایە لەژیاندا ماوە یاخود ئەویش یان کوشتووە".

هاوڵاتی لەلێدوانێکدا سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان ڕایگەیاند، بەهۆی ئامادەنەکردنی راپۆرتی توێژەری بەندیخانە و نەگێڕانەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە زیندانیانی بادینان، بڕیاری داواکاری گشتی لەبارەی چارەنوسی  پێنج دەستگیرکراوى شیلادزێ لەبادینان بۆ سبەینێ دواخرا. بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاندووە: بڕیاربوو ئەمڕۆ داواکاری گشتی بڕیار لەبارەی چارەنوسی ژمارەیەک لە گیراوانی بادینانەوە بدات بە ئازادکردنیان یاخود هێشتنەوەیان، بەڵام داواکاری گشتی بڕیاردانەکەی خستە سبەینێ بەهۆکاری ئامادە نەکردنی راپۆرتی توێژەری بەندیخانە و نەگێڕانەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەستگیراوانی بادینان. پێشوتریش ئەو پارێزەرە ڕایگەیاندبوو دادگا لە 16ی مانگی حوزەیرانەوە داوای لە داواکاری گشتی کردووە رای خۆی لەبارەی ئازادکردنیانەوە بدات، بەڵام هەر دواخراوە، وتیشی "بڕیاری کۆتایی لەلای دادگایە، بەڵام ماوەی چەند مانگێکە داواکاری گشتی کۆی پرۆسەکەی لە ئێمە راگرتووە، زۆر جار داواکاری گشتی دەڵێت ئازادکردنی بەمەرج نایانگرێتەوە، بەڵام دادگا بڕیارێکی دیکە دەدات و دەڵێت دەیانگرێتەوە، وەکو چۆن لە چەند دەستگیرکراوێکی دیکە هەبوون، پێش جەژن رازی بوون بە ئازادکردنیان، بەڵام دوای جەژن گوتیان شیکردنەوەی دیکەیان لەبەردەستدایە." رۆژی دووشەممە، 16-05-2022 دادگای 2ی تاوانەكانی هەولێر، پێنج لە گیراوانی شیلادزێی پارێزگای دهۆکی دادگایی کرد، کە نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2022 دەستگیرکرابوون. دادگە بە پشتبەستن بە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" حوکمی دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەو دەستگیرکراوانە دەرکرد. دەستگیرکراوەکانی شیلادزێ ئەمانەن: یوسف شەریف ئیبراهیم، لەدایکبووی 2001 مەحموود ناجی سدیق، لەدایکبووی 1996 کۆڤان تارق جبرائیل، لەدایکبووی 1996 ئەمجەد یوسف مستەفا، لەدایکبووی 1989 نێچیرڤان بەدیع حاجی، لەدایکبووی 1993 جێگای ئاماژەیە نزیکەی ٢٠ رۆژە دەستگیرکراوانی بادینان مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە و بەشێک لەو دەستگیرکراوانە ڕایانگەیاندووە ئەگەر بە یاسا ئازاد نەکرێن ئەوا دەبێت تەرمەکانمان لە زیندان ببەنە دەرەوە.

هاوڵاتی ڕێکخراوێکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای دەکات بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئاکامی دەستڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ژمارەیەک کۆڵبەر لە سنووری شنۆ، کۆڵبەرێک بە ناوی محەممەد ئەمین ئەحمەدی ۳۰ خەڵکی گوندی لاجانی ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە کوژرا و لانی کەم دوو کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.  ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی سوپای پاسداران بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە بەرزاییەکانی گادەر تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و وێڕای کوژرانی کۆڵبەرێک دوو کۆڵبەری دیکەش بە ناوەکانی عەبدوڵڵا (زرار) ئەحمەدی (برای محەممەد ئەمین) و عوزێر سابری ئازەر ٤٥ ساڵە، باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ بریندار بوون. محەمەمد ئەمین ئەحمەدی  ٣٠ ساڵە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی نەغەدە گوازراوەتەوە. زانیارییەکانی هەنگاو باس لەوە دەکەن کە لانی کەم ٦ کۆڵبەریش لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی سێ کەسیان بە ناوەکانی وەحید سەعیدی، قارەمان پورعەلی و سەفەر مورادپوور هەر سێ خەڵکی ئورمیە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە. هەروەها، چەندین سەر ئەسپی کۆڵبەرانیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون.

هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی کارەبای هەرێم بڵاویکردۆتەوە، ئەو کەسانەی کە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئاسنی تاوەرەکانی کارەبایان لە سنورى چەمچەماڵ دزیبوو و لە هەمانکاتیشدا تەقەیان لە فنجان و تێلەکانی کارەبا کردبوو، دەستگیر کران و لە ئێستادا ئەو کەسانە ڕادەستى دادگا کراون. لەو ڕاگەیەندراوەدا کە وەزارەتی کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ سێ شەممە لە پەڕەى فەرمى خۆیان لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویکردۆتەوە، ڕایگەیاندووە ئەو کەسانەی کە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئاسنی تاوەرەکانی کارەبایان لە سنورى چەمچەماڵ دزیبوو و لە هەمانکتاتیشدا تەقەیان لە فنجان و تێلەکانی کارەبا کردبوو، دەستگیر کران. لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، دەستگیرکراوەکان لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رادەستی دادگا کراون.

هاوڵاتی دوای ئه‌و نمایشه‌ سه‌ربازییه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ گوڵه‌خانه‌ ئه‌نجامیاندا، له‌لێدوانێکی ڕۆژنامه‌نوسیدا فاتیح رەئووف، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیالیست ئاشکرای ده‌کات ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌کانی حزبه‌که‌ی نزیکه‌ی پێنج هه‌زار پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت و ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌کات"ئەو مانۆڕە سەربازییه‌ی که‌ کردوویانە بۆ ترساندنی هیچ لایەنێک نییە. بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان وتیشی: ئێستا زیاتر لە 4500 تاوەکو 5000 پێشمەرگەمان هەیە، بەشێکی ئەو پێشمەرگانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رێکخراونەتەوە، جه‌ختیشی کرده‌وه‌  له‌وه‌ی هەمیشە پێشمەرگەکانیان ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە کوردستان، دۆخەکە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە حیزبەکان هێزەکانیان هەڵوەشێننەوە.  لەبارەی پاڵپشتیکردنی ئەو پێشمەرگانەوە، فاتیح رەئووف ئەوەی خستەڕوو، بەشێکیان خانەنشینن و بەشێکیان لەلایەن پارتی سۆسیالیستەوە پاڵپشتی دەکرێن و بەشێکی دیکەشیان خۆبەخشن. سەبارەت بە سەرچاوەی دابینکردنی چەک و جبەخانەکانی هێزەکانی پارتەکەی، ئەو بەرپرسەی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتی، "بەشێکی ئەو چەکانە هی سەردەمی ئازادیی عێراقە، لەو کاتەدا لەلایەن هێزی پێشمەرگەی سۆسیالیستەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بەشێکی دیکەیان لەکاتی شەڕەکاندا و بەتایبەتی لە کاتی شەڕی داعشدا لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بە هێزەکانمان دراوە." فاتیح رەئووف، ئاماژەی بەوەش کرد، "داوامان کردووە هێزەکانمان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا رێکبخرێتەوە."

هاوڵاتی رۆژی چوارشەممە 10ی ئەم مانگە، بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت، كەسی یەكەمی بەشێكی زۆر لە حیزبەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە و هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكەن.  فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە كەناڵی رووداوی راگەیاند:"ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی لایەنەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كراوە و رۆژی چوارشەممە 10ی مانگ كۆبوونەوەكە دەكرێت." وتیشی:" كۆبوونەوەكە بەسەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بە ئامادەبوونی كەسی یەكەمی بەشێكی زۆری حیزبەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت".