بڕیاری هەڵگرتنى ناوى تەحریر شام لە لیستى گروپە تیرۆریستیەکان، دەخرێتە ئەستۆی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى هەڵبژێردواى ئەمریکا، کە لەم ٢٠ى ئەم مانگەدا دەستبەکار دەبێت. ڕۆژنامەی ئەمریکی "واشنتۆن پۆست" بڵاویکردەوە، ئیدارەی جۆبایدنى سەرۆکى ئێستاى ئەمریکا، بڕیاریدا بە بڕیارى هێشتنەوەو دەستنیشانکردنی تەحریر شام وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە سوریا. دەستنیشانکردنی تەحریر شام وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم توانای درێژخایەنی ئابوری سوریا. بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، ئەو ئیسلامیانەی کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بە ڕووخاندنی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا جیهانیان سەرسوڕمان کرد، دەبێت بیسەلمێنن کە هیچ پەیوەندیەکان لەگەڵ گروپە توندڕەوەکان نەماوە، بەتایبەتی ئەلقاعیدە پێش ئەوەی لەلیستەکە لاببرێن. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئاماژەدان بە نیگەرانییە بەردەوامەکانی واشنتۆن سەبارەت بە وەرگرتنی چەکدارانی بیانی و چەکدارانی دیکە لە پێگەکانی ناو وەزارەتی بەرگری سوریا وتی: کردەوەکان زۆر جیاوازن لە قسەکان. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، ڕەخنەگرانی توندڕەوی بۆ پۆستە باڵاکانی کۆشکی سپی دەستنیشانکرد، لەوانە سێباستیان گۆرکا وەک بەڕێوەبەری باڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مایکل واڵتز وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی. جێهێشتنی بڕیاری هەڵگرتنى تەحریر شام وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بۆ ترەمپ، چاوەڕوان دەکرێت هێڵی کاتیی سزا توندەکانی ئەمریکا کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەددا بەسەر سوریادا سەپێنرابوو، درێژ بکاتەوە. رۆژی ٨ى مانگى ١٢ى ساڵى رابردوو، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەختدا گرت و دوای نزیکەی 14 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ، کۆتاییان بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەسەدە رایگەیاند، لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاو میلیشیاکانى بۆ سەر بەنداوی تشرین و گوندەکانی منبج زیاتر لە ٣٧ چەتە کوژراون و چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکێندراون. بەپێی راگەیەندراوەکە کاتژمێر ١٠:٤٠ی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە دەوڵەتی تورکیا، بە پێشەنگایەتی فڕۆکەی شەڕو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، هێرشێکی چڕی کردووەتە سەر گوندەکانی عەلوش و تل عەریش، هەروەها گردی سریاتل لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کە دەکەونە باشوری رۆژهەڵاتی منبج. ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئەنجامی شەڕی نێوان شەڕڤانان و چەتەکاندا، بە دەیان چەتە کوژراون، ئەوەی پشتڕاستکراوەتەوە، بینینی تەرمی ٣٧ چەتە بووە، ئەمە جیا لە برینداربوونی ٤ چەتە. هەروەها توانراوە تانکێک و ٤ ئۆتۆمبێلی سەربازی چەتەکان تێکشکێندراون و گورز لە ٣ ئۆتۆمبێل لە جۆری ب ئێم بی وەشێندراوە. هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکەى هەسەدە، شەڕڤانان لە نزیک گردی سریاتل بۆسەیان داناوە و چەندین چەتە کوژران و ژمارەیەکی زۆریشیان هەڵاتوون. ئاماژەی بەوەشکردووە پێکدادانەکان تا درەنگانێک بەردەوام بوون و تەرمی چەتەکان بەهۆی گورزی قورسی شەڕڤانانەوە لە ناو گۆڕەپانەکاندا کەوتبوون و چەتەکان نەیاندەتوانی تەرمەکان هەڵبگرنەوە.
ــ ڕاگرتنی پێشێلکاریەکان بەرامبەر ئەنەکەسە لە سوریا ــ قۆستنەوەی ئەو هەلە مێژووییەی کە بۆ کورد هاتووەتە پێش لە سوریا ــ وڵاتەکەمان ئارام بێت، نەک بیانوو بدەینە وڵاتانی دەرەوە ئارامی تێکبدەن ئەندامێکی ئەنجومەنیی نیشتمانی کورد سوریا، (ئەنەکەسە) ناوەرۆکى کۆبونەوەکەیان، لەگەڵ مەسعود بارزانی ئاشکرا دەکات، ، خاڵی هەرە گرنگ باسی ئەوە کراوە چۆن بتواندرێت (پ.ەکە.کە) بە زووترین کات لە سوریا بچێتە دەرەوە، وتى: هاوکات هێزە دەرەکیەکان لە سوریا هەمووی بچنە دەرەوە. دەشڵێت جەختیان لەسەر چوار خاڵی تایبەت بە داهاتووی کورد لە سوریا کردووەتەوە. سەبارەت بە خاڵەکان بریتین لە یەکهەڵوێستی سیاسی کورد، ڕاگرتنی پێشێلکاریەکان بەرامبەر ئەنەکەسە لە سوریا، کردنە دەرەوەی پەکەکەو هێزە دەرەکییەکان لە سوریاو قۆزتنەوەی ئەو هەلە مێژووییەی کە بۆ کورد هاتووەتە پێش لەو وڵاتە. ڕامان مەلا، ئەندامی نوێنەرایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) لە هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، "لەسەر داخوازی بارزانی کۆبوونەیەک ئەنجامدرا، چەند تەوەرێکی سەرەکی تایبەت بە مافی کورد لە سوریا کرا، چونکە بارزانی بە گرنگییەوە لە دۆخی سوریا دەڕوانێت." ئەو بەرپرسەى ئەنەکەسە وتیشی، "باس لەوە کرا چۆن یەکڕیزی ماڵی کورد، یەک هەڵوێست و یەک خیتابی سیاسی کورد هەبێت لەسەر بنەمای پاراستنی مافی کورد؛ وە چۆن دەتوانین چالاکتر لەگەڵ پێکهاتەکانی تر بە جیاجیا پەیوەندی ببەستین. بەرپرسەکەی ئەنەکەسە ئاماژە بەوەش دەکات، خاڵی هەرە گرنگ باسی ئەوە کراوە چۆن بتواندرێت (پەکەکە) بە زووترین کات لە سوریا بچێتە دەرەوە، وتى: هاوکات هێزە دەرەکیەکان لە سوریا هەمووی بچنە دەرەوە، ئەوەش گرنگی تایبەتی خۆی هەیەو بتوانین ڕێگە لە بیانووی هێرشی دەرەکی بگرین بۆسەر ڕۆژئاوا؛ خەڵکی ئێمەو وڵاتەکەمان ئارام بێت، نەک بیانوو بدەینە وڵاتانی دەرەوە ئارامی ڕۆژئاوا تێکبدەن." بەپێى وتەکانى ئەو تەوەرەکى دیکەى کۆبونەوەکە باس لە پێشێلکاریەکانی پەیەدە بەرامبەر ئەنەکەسە کراوە، لە دەستگیرکردنی بەرپرسەکان و سووتاندنی بارەگاکانی ئەنەکەسە بۆ پێشێلکردنی مافی ڕاگەیاندن و دەستگیرکراوەکانی لای پەیەدە. وتیشى :خاڵیکی تریش جەختکردنەوە بوو لە قۆستنەوەی ئەو هەلە مێژوویەی کە لە سوریا بۆ کورد هاتۆتە پێش و پێویستە تێیدا کورد یەک ڕیز و یەک هەڵوێست بێت." بە پێی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، دوێنێ، چوارشەممە، 8ی مانگی یەکی 2025، لە سەڵاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتى کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و هەروەها هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کرا. وێڕای ناکۆکیەکانی نێوانیان، ڕۆژی 23ی مانگی 12 بە نێوەندگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ڕۆژئاوا ئەنجامدرا. دوای کۆبوونەوەکەش هەریەک لە هەسەدەو ئەنەکەسە کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێنی ناوبرد، جەختیان لە گرنگی بەردەوامی کۆبوونەوەی هاوبەش کردەوە بە مەبەستی گەشتن بە ڕێککەوتن و بە هاوبەشی بەشداریکردنیان لە دانوستانەکان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا.
ــ ئەو پلانەى حکومەت ڕووبەڕووی ڕەخنەی نەیارانی بووەتەوە ــ ئامانج لەو هەنگاوە چارەسەرکردنی کێشەکانی قەرەباڵغی و کەمی ئاوە حکومەتى ئێران، پلانی گواستنەوەی تارانی پایتەختی بۆ ناوچەی مەکران لە کەناراوەکانی باشوری وڵاتەکەی ڕاگەیاند. فاتمە موهاجرانی وتەبێژی حکومەتی ئێران، رایدەگەیەنێت ئامانج لەو هەنگاوە چارەسەرکردنی کێشەکانی قەرەباڵغی و کەمی ئاو و قەیرانی دابینکردنی کارەبایە، وڵاتەکە بەدەستەوە دەناڵێنێت بە تارانی پایتەختیشەوە. موهاجرانی وتی: “پایتەختی نوێ لە باشوور دەبێت، لە ناوچەی مەکران و لە ئێستادا بابەتەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.” وتەبێژەکەى حکومەتى ئێران، باسى لەوەکرد دوو تیمی تایبەتمەند پێکهێنراون بۆ لێکۆڵینەوە لە خەرجی و تێچووى پڕۆژەکە، پەرەپێدانی پلانێکی ئابووری لەسەر بنەمای ئابووری لە ناوچەی مەکران، کە تێیدا داوای پشتگیری لە ئەکادیمیست و پسپۆڕان دەکەن، لەوانە ئەندازیارو کۆمەڵناس و ئابوریناسان. ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە پلانەکە هێشتا لەقۆناغی سەرەتاییدایەو ئەولەویەتێکی هەنگاوەکانى بەپەلە نابێت. ئەو پلانەى حکومەت ڕووبەڕووی ڕەخنەی نەیارانی بووەتەوە، لەوانە ڕۆژنامەنووس عەلی جولاهىی، کە لەژێر ڕۆشنایی قەیرانی ئابووری وڵاتدا بە "نا واقیعی و مەترسیدار" وەسفیان کردووە. لەسەر پلاتفۆرمی “X” نووسیویەتی: “یاریگای ئازادی 18 مانگ دەخایەنێت و 24 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، کەواتە چەند کات و پارەی دەوێت بۆ گواستنەوەی پایتەخت؟” زانراوە کە لە ساڵی ١٩٧٩ەوە چەند جارێک بیرۆکەی گواستنەوەی پایتەخت وروژێنراوە، بەڵام چەندین جار تووشی ئاستەنگی ئابووری و سیاسی و لۆجستی بووە.
ــ جددی دژایەتی داگیرکارییەکانى ئەمریکا لەعێراق بوەستینەوە ــ حەشدی شەعبی پێکهاتەیەکی گرنگی هێزە لە عێراق ــ یەکڕیزی و یەکگرتویی نێوان ئایین و نەتەوەکانی عێراق گرنگه عەلی خامنەیی، رابەڕی باڵای کۆمارى ئیسلامى ئێران، داوای لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردوە، بە جددی دژایەتی داگیرکارییەکانى ئەمریکا لەعێراق بوەستینەوە، هاوکات ئەوەشى دووپاتکردەوە حەشدی شەعبی یەكێكە لە پێكهاتە گرنگەكانی هێز لە عێراق كە پێویستە پارێزگاری لێبكرێت و بەهێزتربكرێت. سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە کۆمارى ئیسلامى ئێران، لەیەکەم کۆبونەوەیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان، کۆبویەوە، پاشان لەگەڵ عەلی خامنەیی رابهرى باڵاى وڵاتەکە کۆبووەوە. بەپێى راگەیەندراوێکى ماڵپەڕی فەرمیی عەلی خامنەیی، لەبەشێکى کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ سودانى، خامنەیی، رابهرى باڵاى کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەختى لەسەر ئەوە کردوەتەوە، حەشدی شەعبی پێکهاتەیەکی گرنگی هێزە لە عێراق، دەبێت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی، زیاتر لە جاران گرنگی پێبدرێت و بەهێزتر بکرێت. خامنهیی ئهوهشى خستوهتهڕوو بهپێى ئهو بەڵگانهى ههن، ئەمریکییەکان هەوڵی چەسپاندن و فراوانکردنی ئامادەیی خۆیان لە عێراق دەدەن و دەبێت بە جددی دژایەتی ئەم داگیرکارییە بکرێت. ئهو وتیشى: بوونی هێزی داگیرکەری ئەمریکی لە عێراق بە نایاساییه، پێچەوانەی بەرژەوەندیی گەل و حکومەتی عێراقه، جەختی لەسهر ئهوهشكردهوه ئەمریکییەکان هەوڵی چەسپاندن و فراوانکردنی ئامادەیی خۆیان دهدهن لە عێراق، پێویسته بە جددی دژایەتی ئەم داگیرکارییە بکهین. رابەڕی باڵای کۆمارى ئیسلامى ئێران، ئاماژەى به پەیوەندی باشی نێوان حکومەتی عێراق و یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەکانی عێراقی بە پێویست و گرنگ زانی.
ــ هێزەکانمان هەموو هێرشەکانی تورکیاى بۆ سەر بەنداوی تشرین پووچەڵکردەوە ــ ئۆتۆمبێل و تانکەکانیان، زۆربەیان تەقێندرانەوە ــ بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە سوریا ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، رایدەگەیەنێت هێزەکانمان هەموو هێرشەکانی بەکرێگیراوانی تورکیاى بۆ سەر بەنداوی تشرین و لادێکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەنبەج پووچەڵکردەوە. ئەمرۆ چوارشەممە، بەسەدان هاوڵاتى شارەکانى باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەرەو بەنداوی تشرین بەڕێکەوتن، کە لەژێر هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دایە. لەکاتى ئەو سەردانەدا لەلایەن تورکیاوە هێرشکرایە سەر کاروانی هاوڵاتییانی مەدەنی لە نزیک بەندوای تشرین بوون و بەو هۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستداو برینداربوون. دوابەدواى ئەو بۆردومان و هێرشانە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوە خراوەتە ڕوو، هێزەکانمان هەموو هێرشەکانی بەکرێگیراوانی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر گوندەکانی باکووری بەنداوی تیشرین و لادێکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەنبەج پووچەڵکردەوە. هەروەها دەڵێت: بە بۆردومانی ئاسمانی و زەمینی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە پاڵپشتی دەکران، لەکاتێکدا هێزەکانمان هێرشی توندیان ئاراستەی بەکرێگیراوانی داگیرکەر دەکر، ئۆتۆمبێل و تانکەکانیان، کە زۆربەیان تەقێندرانەوە. راگەیەندراوەکەى هەسەدە ئاشکرایدەکات لە ماوەیەکی نزیکدا دیمەن و وردەکاری ئۆپەراسیۆنەکان بڵاودەکەنەوە. بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە سوریا لەسەر ڕووباری فورات ئامانجی بەرهەمهێنانی کارەبایە. ١١٥ کم لە حەلەبەوە دوورە و ٨٠ کم لە سنووری تورکیاوە دوورە. تێچووی پڕۆژەکە ٢٢ ملیار دۆلار بووە.
ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی ئاشکرای دەکات کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی کاتى سوریا بە نیازە سەردانی تورکیا بکات، ئاماژەی بەوەداشداوە چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببێتەوە. ڕۆژنامەکە ئەوەى خستوەتە ڕوو ئەحمەد شەرع، سوپاسی ئەردۆغان دەکات بۆ پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ شۆڕشی سوریا، هاوکات جەختیشیکردووەتەوە کە دیارترین مەلەفی سەرمێزى گفتوگۆکەیان، پرسى شەرڤانانى هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت لەسوریا. بەپێى ناوەرۆکى هەواڵى ڕۆژنامە تورکیەکە، سەرکردایەتی تورکیا و سوریا لەسەر پێویستی "پاککردنەوەی ناوچەکە لە تیرۆر" هاوڕان، بە هاوبەشی بڕیاریانداوە ئەم هەوڵانە بەرەو پێشەوە ببەن. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاربوو پێشتر سەردانەکەی شەرع ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییەکانی بەرنامەکەى سەردانەکە دواخراوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە لایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) کرا، ڕوونیدەکاتەوە مەرجەکانی تورکیا بۆ دوورکەوتنەوە لەو ئۆپەراسیۆنە ڕوون و ئاشکرایە، کشانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەڵام فیدان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن تورک جەختی لەوە کردەوە، تورکیا "هیچ مەبەست و ئامادەکارییەک بۆ بەدیهێنانی ئەم بابەتە نابینێت"، هەروەها وتى "ئەو تیرۆریستانە کە لە وڵاتانی دیکەوە دێن دەبێ سوریاش بەجێبهێڵن، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە تورکیا لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات. لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ ئەیمەن سەفادی هاوتاکەی، دووشەممەی ڕابردوو، فیدان جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی سوریا گۆڕاوە، هەروەها نەهێشتنی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل تەنیا لەسەر کات وەستاوە. هەروەها جەختی لە گرنگی سەقامگیری هەمیشەیی لە سووریا و پاڵپشتیکردنی ئیدارەی نوێ لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و گەیاندنی بۆچوونی پێویست لەبارەی دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی و سەقامگیری بۆ دیمەشق کردەوە. ئەنقەرە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، دوای نزیکەی 13 ساڵ لە داخستنی، باڵیۆزخانەی خۆی لە دیمەشق کردەوە و ئیبراهیم کالین، وەزیری هەواڵگری تورکیاش سەردانی دیمەشقی کرد.
ــ بارزانی جەختی لە پشتیوانیکردنی دۆزی گەلی کورد لە سووریا کردەوە ــ بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریاوە کرا ــ هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کراوە مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەمرۆ لەگەڵ شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کۆبوەتەوەو لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریاوە کراوە. بارەگاى بارزانى، لەتۆڕى کۆمهلایەتى فەیسبوک، بڵاویکردەوە، ئەمرۆ چوارشەممە، 8ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کردوە. بەپێى راگەیەندراوەکەى بارەگاى بارزانى، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و هەروەها هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کراوە. هەر لەو دیدارەدا بارزانی جەختی لە پشتیوانیکردنی دۆزی گەلی کورد لە سووریاو پێویستیی یەکڕیزیی و یەکهەڵویستیی لایەنە کوردییەکان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە سووریا و پشتبەستن بە دیالۆگ و ڕێکاری ئاشتیانە کردەوە.
سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەکۆبونەوەکەى لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی توركیادا باسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمى کوردستانیان کردوە، خۆشحاڵى خۆشی دەربڕیوە بەدیدارەكەی. ئەمرۆ چوارشەممە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە نوسینێكدا باسى لەسەردانەکەى بۆ تورکیا کردوەو خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بە دیدارەكەی لەگەڵ نوح یڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا. ئەو دەڵێت: پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقماان تاوتوێكردووە. هاوکات، لەبارەی ئەو دیدارەوە، میدیا ناوخۆییەکان زانیارى نوێیان ئاشکراکردوەو دەڵێن شاسوار عەبدولواحید لە دیدارەكەیدا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا گفتوگۆی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە كوردستان كردووە. دوێنێ، سێ شەمە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە کە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، نوح یڵماز پێشوازی لە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید وەک پارتێکی سیاسیی ھەرێمی کوردستان-عێراق کردووەو کۆبوونەتەوە نەوەی نوێ لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەشداری خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کرد و لە ئەنجامدا ١٥ کورسی بەدەستھێنا. ئەو سەردانەى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوێ، هاوکات بوو لەگەڵ سەردانى مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، کە لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوویەوە. لەدواى کۆبوونەوەکە فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەربە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان-عێراق و پرسە هەرێمییەکان کرا. سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە تورکیا لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی سووریا گرنگی بە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دەدا. هەوڵ دەدات ڕێگری لەوە بکات پێشهاتەکانی سووریا نەبنەهۆی ناسەقامگیریی نوێ لە ناوچەکەدا.
هاوڵاتى وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایگەیاند، مانگی داهاتوو دەرگەی پێشکێشکردنی قەرزی نیشتەجێبوون دەکاتەوە. نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیاند، لە سەرتای مانگی داهاتوو، دەرگەی پێشکێشکردنی قەرزی نیشتەجێبوون لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە دەکرێتەوە. دەشڵێت: ئەم ساڵ وەزارەتەکەیان 600-750 ملیار دینار بۆ قەرزی نیشتەجێبوون تەرخان دەکات بۆ ئەوەی 19 بۆ 20 هەزار قەرزی نیشتەجێبوون بدات. ئاشکراشی کرد ساڵی رابردوو، وەزارەتەکە یەک تریلیۆن دیناری بۆ قەرزی نیشتەجێبوون تەرخانکرد و 19 هەزار و 309 قەرزی نیشتەجێبوونی داوە. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێت: "قەرزەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. بەگوێرەی چڕیی دانیشتووانیش بەسەر پارێزگاکان دابەش دەبێت. زۆرترین بڕی قەرزەکەش دەگاتە 60 ملیۆن دینار. ساڵى رابردووش بانکی رافیدەین، بڕی 300 ملیۆن دینار قەرز بۆ کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبون لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دا فەرمانبەرو هاوڵاتیان.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئاشکرایدەکات سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر سوریا کە لە ئێستادا ئاستەنگن بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و بوژانەوەی وڵاتەکە، دەکرێت بە خێرایی هەڵبگیرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بە ڕادیۆی فەرەنساى ڕایگەیاند، سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر سوریا بە خێرایی هەڵدەگیرێن. ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆ بەردەوامە لەگەڵ هاوبەشەکانی ترمان لە یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە ئەگەری هەڵگرتنی سزاکانی دیکە، لە ئەگەری پێشکەوتن لە بوارەکاندا لەوانە مافەکانی ژنان و گەیشتن بە ئاسایش لە سوریا. ژۆن نۆوێل بارۆ، پێى وایە ئەو گەمارۆو سزایانەى بەسەر بەشار ئەسەدو ڕژێمە ڕوخاوەکەیدا سەپێنراون، بە شێوەیەکی سروشتی هەڵناگیرێن. وتیشى :لە ئێستادا سزای دیکەش هەن کە ڕێگری لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان دەکەن، ڕێگری لە چاکبوونەوەی وڵات دەکەن و لەوانەیە بەم زووانە ئەمانە هەڵبگیرێن. ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستبەرداربوونێکی شەش مانگی لە سزاکانی سەر مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک لە دامەزراوە حکومییەکان لە سوریا دەرکرد. ئەمەش بۆ ئاسانکاری بۆ ڕۆیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان و تێپەڕاندنی کەمیی وزە و ڕێگەدان بە گواستنەوەی کەسی. یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکا، بەریتانیاو حکومەتەکانی دیکە سزای توندیان بەسەر سوریادا سەپاند، دوای ئەوەی بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠١١دا سەرکوتى ئەو دەنگە ناڕەزاییانەکرا کە داواى دیموکراسیان دەکرد. هەینى رابردوو ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانە بۆ دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ داهاتووی سووریا و خەڵکەکەی لەدوای کەوتنی بەشار ئەسەد سەردانى سوریایانکرد. ئەوە یەکەمین سەردانی بەرپرسانی ئاست باڵای وڵاتانی رۆژئاوا بوو بۆ سووریا لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024.
ــ زیاتر لەمانگێکە بەنداوی تشرین لە ژێر هێرشی تورکیادایە ــ بەهۆى ئەو هێرشانەى تورکیاوە مەترسی گەورە لەسەر بەنداوەکەیە ــ بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب بەسەدان هاوڵاتى باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرەو بەنداوی تشرین بەڕێکەوتن، کە لەژێر هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دایە. ماڵپەرەکانى نزیک لە هەسەدە، ئەمرۆ چوارشەممە بڵاویانکردەوە، بەمەبەستى بەدەمەوەچوونى بانگەوازەکەى ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ راگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاو لەپێناو پاراستنی بەنداوەکە، سەدان هاوڵاتیان بەڕێکەوتن بەرەو بەنداوى تشرین. زیاتر لەمانگێکە بەنداوی تشرین لە ژێر هێرشی دژوارو سەختى دەوڵەتی تورکیاى داگیرکەرو چەتەکانیدایە و مەترسی گەورەی لەسەرە. هێزەکانی هەسەدە له ساڵی 2015 وە دهستیان بەسەر بەنداوەکەدا گرتووە، بەنداوەکەش بەیەکێک لەگرنگترین سەرچاوەکانی کارەبای باکووری سوریا دادەنرێت. چەند رۆژێک لەمەوبەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی هۆشداریدا لەوەی کە ئەم بەنداوەی بۆ کارەبای هەرێمەکە زۆر گرنگە، مەترسی تەقینی لەسەرە، ئەگەر بەنداوەکە بتەقێت لە رەقا و تەبقاوە تا عێراق رووبەرێکی فراوان ژێر ئاو دەکەون. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ راگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بانگەوازی ئاراستەی رێکخراوە و هێزە نێونەتەوەییەکان کرد.لە هەمان کاتدا داوای لە گەل کرد لەپێناو پاراستنی بەنداوەکە و پشتیوانی دەربڕین لە شەڕڤانانی قەسەدە، بکەونە جموجۆڵەوە و رۆڵ بگێرن. دوابەدوای ئەو بانگەوازە لە حەسەکەوە بە سەدان کەس لە سەرلەبەیانییەوە کەوتنەڕێ و روویان کردە بەنداوەکە. بە تایبەتی لە رەقا و تەبقاوە، گەلانی کانتۆنی فوراتیش بەرەو بەنداوەکە بەڕێکەوتوون. بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە سوریا لەسەر ڕووباری فورات ئامانجی بەرهەمهێنانی کارەبایە. ١١٥ کم لە حەلەبەوە دوورە و ٨٠ کم لە سنووری تورکیاوە دوورە. تێچووی پڕۆژەکە ٢٢ ملیار دۆلار بووە. بەنداوەکە لە پشتیەوە دەریاچەیەکی بە ناوی دەریاچەی تشرین دەگرێتەوە کە قەبارەکەی نزیکەی 1.9 ملیار م3 دەبێت.
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەمە بەیاوەرى وەفدێکى حکومى لەبەغدای پایتەختەوە، بە سەردانێکی فەرمی بەڕێکەوت بۆ تارانى پایتەختى کۆماری ئیسلامی ئێران. نووسینگەى سودانى راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەى خستوەتەڕوو، لەسەردانەکەیدا بۆ تاران سودانى لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنێتیی بەهێزکردنیان تاوتوێ دەکەن. پێشتر، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بەسەردانەکەى سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەوەى خستەروو ئەم سەردانە لە چوارچێوەی راوێژە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و عێراقە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گفتوگۆ سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە. ئەم سەردانەى سودانى لەکاتێکدا یەکشەمەى رابردوو،ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس لە سپای پاسدارانی ئێران بەنهێنى سەردانى بەغداى کرد، چاودێران پێیان وایە هۆکارەکانی سەردانەکەی قائانی پەیوەندی بە هەوڵێکەوە هەیە بۆ ساڕێژکردنی ئەو درزەی نێوان سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە چارەنووسی ئەو گروپە چەکدارە شیعەکانى عێراق. ماوەیەکە سودانى ڕووبەڕووی فشاری ئەمریکا بووەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەیان،سودانی هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لەچارەسەرکرنى دۆسیەی ئەو گروپانە. دوو هەفتە لەمەوبەر میدیا عێراقى و جیهانیەکان بڵاویانکردەوە دۆناڵد ترهمپ سهرۆكی ههڵبژێردراوی ئهمهریكا، پهیامی بۆ محهمهد شیاع سودانی سهرۆك وهزیرانی عێراق ناردووه و پێیڕاگهیاندووه، چالاكیی گروپه چهكدارهكانی نزیك له ئێران ڕابگره.
مستەفا قەرەسوو: گۆشەگیری سەر ئ.ۆج.ەلا.ن بەردەوامە، رێگری لە دیداری پارێزەران و بنەماڵەکان دەکرێت مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، لە دوای چاوپێکەوتنی شاندەکەی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا گۆشەگیری هێشتا بەردەوامەو تائێستا رێگری لە دیداری پارێزەران و بنەماڵەکان دەکرێت. ئەو وتانەى مستەفا قەرەسوو، ئەندامی (کەجەکە) لەمیانی بەشدارییکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی مەدیا خەبەردا هات، ئەو باسی لەوەکرد گەر گۆشەگیری لابراوە، کەواتە بۆچی ڕێگە بە چاوپێکەوتن نادرێت. لەبارەى سیاسەتەکانی تورکیا پەیوەست بە پرسی کوردەوە، ئەو بەرپرسەى کەجەکە، بە پێویستى زانى بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەیەکی لەو جۆرە بکرێت، وتى: پرۆسەی پێشوو، کە وەک پرۆسەی چارەسەر پێناسە دەکرا، بەهۆی ناڕاستگۆیی و نەبوونی هۆشمەندی دیموکراتیک لای تورکیا کۆتاییهات. مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان، ئەوەى خستەروو لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا دیدارێک لەگەڵ بنەماڵە ئەنجامدرابوو، ئاپۆ بە ڕوونی وتبووی، گۆشەگیری بەردەوامە، هەروەها ئەو بۆخۆی بە عومەر ئۆجەلانی وتبوو کە بە چ شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. وتیشى :دوای ماوەیەکی زۆر دیدار ئەنجامدرا، دەبوو زووتر ئەنجام بدرایە، بەڵام دوای ئەوەی لە سووریا ڕژێمی ئەسەد ڕووخا و دۆخێکی ناڕوون هاتە ئاراوە، بیریان کردەوە کە پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ ئەگەری هەیە بۆ ئەوان نەرێنی بێت، هەربۆیەش سەرەتا نەیانهێشت دیدار ئەنجام بدرێت. ئەندامەکەی کەجەکە وتیشی "پێداگری رێبەر ئاپۆ لەسەر گۆڕانکاری دیموکراتیک و ئەوەی خستەڕوو کە بۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا دەبێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ئەو بەرپرسە هێماى بۆ ئەوەشکرد، ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ئەوان وەک ساڵێک لە تێکۆشانی گەورە تێپەڕی، بەراستیش وەک ساڵێکی تێکۆشانی سەخت تێپەڕی، وتیشى : چەندین شەهیداماندا و بریندارمان هەبوو، هەروەها لە بابەتی خاوەنداریکردن لە ڕێبەرێتییدا بووە ساڵێکی گەورەی تێکۆشان. لەکۆتایی قسەکایندا جەختى لەسەر ئەوەکردەوە لە باکووری کوردستان، گەریلا بەرخۆدانێکی گەورەی ئەنجامداوە، وتى :دەوڵەتی تورک لەوجێگەیەی کە تێدا جێگیربووە گیر بووە. ئەم ئیرادە و بەرخۆدانەی ساڵی ٢٠٢٤ تێکۆشانمان لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەهێزتر دەکات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەدا ڕایگەیاند، لانیکەم ٢٤١ ژن لە ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ساڵى ٢٠٢٤ لە سێدارە دراون. بە پێی راپۆرتەکان، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ٣١ ژن لە ئێران لە سێدارە دراون، کە ئەمەش ژمارەیەکی "بێ وێنە"یە. لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئەمرۆ سێ شەممە بڵاویکردوەتەوە، ژمارەی ئەو ژنانەی لە ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٤ (١٣٨٩ تا ١٤٠٣ی کۆچی) لە ئێران لە سێدارە دراون، تاوتوێ کردووە. جگە لە ڕاپۆرتە میدیاییەکان، ڕێکخراوەکە زانیارییەکانی "شایەتحاڵەکان، خێزانەکان، پارێزەران و ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ"ی بەکارهێناوە بۆ کۆکردنەوەی ئەم ئامارانە. جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئەم ڕاپۆرتە تەنها باس لەو کەیسانە دەکات کە لانیکەم دوو سەرچاوەی سەربەخۆ پشتڕاستکراونەتەوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ساڵی ٢٠٢٤ زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی ژنان لە ئێراندا هەیە، ٣١ ژن لە سێدارە دراون. بە وتەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، ئەم ژمارەیە بێ وێنەیە لەو کاتەوەی کە ڕێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستی بە تۆمارکردنی سێدارەکان کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی نادیار لە زیندانییە ژنەکان سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە. هاوکات، تەنیا ناوی دوو لەو زیندانیانە ڕاگەیەندراوە کە تاوانەکانیان سیاسییە، ئەوانیش ڤاریشە مورادی و پەخشان عەزیزین. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایدەگەیەنێت، لەسەدا ٥٠ی ئەو ژنانەی لە ساڵانی ڕابردوودا لەسێدارە دراون، تەنیا بە سەرەتای ناویان ناسێنراون یان بە تەواوی بێ ناویان ماونەتەوە. هەروەها تەنها ٦٣ حاڵەت کە دەکاتە ٢٦%ی لەسێدارەدانەکان لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕاگەیەندراوە. نەبوونی شەفافیەت لە ڕاگەیاندنی ئاماری لەسێدارەدان بەتایبەتی ئاماری ژنان لە ساڵانی ڕابردوودا زیادی کردووە، بەجۆرێک کە "لە ساڵی ٢٠٢١ەوە بە تێکڕا تەنها لەسەدا ١٢ی لەسێدارەدانی ژنان لە لایەن میدیای فەرمییەوە ڕاگەیەندراوە". بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٤، لانیکەم ١١٤ ژن بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە سێدارە دراون و تەنیا لە سەدا ٣٢ی ئەو حاڵەتانە بە فەرمی ڕاگەیەندراون.