هاوڵاتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان سزای ئەو کاندید و لایەنانە دەدات پێش وادەی دیاریكراو دەستیان بە بانگەشە كردووە.  ڕۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و ڕۆژی 16-9-2024 وادەی دەستپێكردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنە و ژمارەیەك کاندید و حیزب لەئێستاوە دەستیان بە بانگەشە كردووە. كۆمسیۆن لیژنەیەكی باڵای بۆ چاودێریكردن كاندید و هاوپەیمانی و حیزبەكان هەیە بە ناوی تۆماركردنی سەرپێچییەكان، هەر كەس و لایەنێك پێش وادەی دیاریكراو دەست بە بانگەشە بكات، تۆمار دەكرێت و بەپێی ڕێنماییەكان سزای دارایی دەدرێت. جگە لەوە لیژنەیەكی دیكە هەیە بۆ وەرگرتن و تۆماركردنی سكاڵاكان، هەر كەسێك كە سەرپێچییەكی هەڵبژاردن و پرۆسەی بانگەشە دەبینێت دەتوانێت سكاڵاكەی بگەیەنێتە ئەو لیژنەیە.

هاوڵاتی دوێنێ پێنجشەممە، 29ی ئابی 2024، هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، گروپێکی تیرۆرستی مەترسیداریان دەستگیرکردووە، کە بەنیازبوون بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوچەکە بکەنە ئامانج. هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەشیان خستەڕوو، هێزەکانمان لە ئاسایشی گشتی و هێزە تایبەتەکان (HAT) دوو ئۆپەراسیۆنی وردی ئەمنییان لە ناوچەکانی (حەسەکە و جەل ئاغا) ئەنجامدا، کە گروپە تیرۆرستییە مەترسیدارەکانی کردە ئامانج کە پلانیان دانابوو هێرش بکەنە سەر بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوچەکە. باسلەوەشدەکەن، ئۆپەراسیۆنەکە دوای نیوەشەوی ڕۆژی سێشەممە ئەنجامدراوە، لەو کاتەدا ناسنامەی سەرۆکی گروپەکە لە گوندی ئەلمیزاری سەر بە حەسەکە دەستنیشانکراوە. ئەپەراسیۆنەکە بە هەماهەنگی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە لە دژی چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدا. بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانە نەهێشتنی ئەو هەڕەشە بەردەوامانەیە کە شانەکانی داعش بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و بازرگانانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستی دەکەن.

هاوڵاتی میدیای تورکیا زانیاریی لەسەر ئەو درۆنە ئاشکرا دەکات کە لە کەرکووک خرایە خوارەوە و عێراقیش دەڵێت بە بەرگریی ئاسمانیی خۆیان خستوویانەتە خوارەوە.  بەرپرسێكی باڵا لە هێزی بەرگریی ئاسمانیی عێراق پشتڕاستی دەکاتەوە كە ئەو درۆنەی لە كەركووک خراوەتە خوارەوە، توركییە و دەڵێت "بە چەکی عێراقی خستمانە خوارەوە". لەلایەن خۆشیەوە، میدیای تورکیا ئاشکرای کرد، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی تورکیا کە لە کەرکووک خرایە خوارەوە، لە "جۆری (ئاکسونگور)ـە". دەشڵێن "درۆنەکە لە ناوچەی چیمەنی کەرکووک سەرقاڵی ئۆپەراسیۆن بووە دژی پەکەکە". پێشتر عەمید ڕوكن عەبدولسەلام حەموودی، جێگری فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی-ناوچەی باكوور، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لە شوێنی كەوتنەخوارەوەی درۆنەكە لە گەڕەكی تسعینی كەركووك، ڕایگەیاند "تیمەكانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق درۆنێكی توركییان خستە خوارەوە".  وتیشی "درۆنەكە كە لە سنووری سلێمانییەوە هاتبوو و لە ئاسمانی ناحیەی چیمەنەوە کایەی ئاسمانیی كەركووكی بەزاند". ئەو بەرپرسەی هێزی بەرگریی ئاسمانیی عێراق جەختی لەوە كردەوە "درۆنەكە بە چەك و هەوڵی عێراق و لەژێر ڕێنماییەكانی فەرماندەی هێزەكانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق خراوەتە خوارەوە". بەیانیی ئەمڕۆ دیمەنی کەوتنەخوارەوەی تەنێک بە ئاگرەوە لە ئاسمانی کەرکووک بەدی کرا، دواتر دەرکەوت کە درۆنێکی تورکییە، پاشماوەی درۆنەکە لە گەڕکی تسعینی کەرکووک کەوتە خوارەوە و زیانی مادیی بە ماڵێک گەیاند و کەسێکیش بریندار بوو.

هاوڵاتی  هێزی ئاسمانیی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشکرای کرد دوای ئەوەی درۆنێک لە ئاسمانی کەرکووک بینراوە بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بانستێری فەرەنسی خراوەتە خوارەوە. دەشڵێت، درۆنەکە لە جۆری ئانکای تورکییە.  لە کاتژمێر 10:25ی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی ئابی 2024 لە گەڕەكی تسعینی شاری كەركووک نزیك لە فڕۆكەخانەی شارەكە درۆنێكی گەورە كەوتە خوارەوە. هێزی بەرگریی ئاسمانیی عێراق ڕایگەیاند: دڕۆنێک لە کاتژمێر 10ی بەیانی هاتووەتە ئاسمانی کەرکووک و بەگوێرەی پرۆتۆکۆڵی بەرگریکردنی ئاسمانی بۆ هۆشداری کردن مووشەکی ئاڕاستە کراوە و دواتر لە کاتژمێر 10:25 بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بانستێری فەرەنسی خراوەتە خوارەوە. بەرگریی ئاسمانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کاتی پشکنینی پاشماوەی درۆنەکە دەرکەوتووە کە جۆری ئەنکای تورکییە و کەتووەتە سەر ماڵێک لە شاری کەرکووک و تەنیا زیانی ماددیی هەبووە. درۆنەکانی تورکیا پێشتر چەند حاڵەتێکی بەرکەوتنیان لەگەڵ بەرگریی ئاسمانی عێراق لە دەوروبەری شاری کەرکوک هەبووە و بەگوێرەی پرۆتۆکۆلی هۆشداری کشاونەتەوە.

هاوڵاتی له‌ناوچه‌ى چیمه‌نی شه‌هیدانی کەرکووک سوپاى عێراق له‌ڕێگه‌ى چوار موشه‌كه‌وه‌ فڕۆكه‌یەکی توركیایان كردە ئامانج‌ و له‌گه‌ڕه‌كى زوبات ـ نزیك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى كه‌ركووك له‌ناو شارى كه‌ركووك فڕۆکەکە کەوتە خواره‌وه‌و زیانى به‌خانویه‌كیش گه‌یاندوه‌. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ی ئابی 2024، عه‌مید ڕوكن عبدالستار عبود جێگرى فه‌رمانده‌ى هێزى ئاسمانى باكورى عێراق ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی تورکیامان لە ئاسمانی کەرکووک خستە خوارەوە. عەمید ڕوكن عبدالستار عبود ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ هیچ ڕێگه‌پێدان ‌و هه‌ماهه‌نگییه‌كى له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق‌ و ده‌سه‌ڵاتى مه‌ده‌نى فڕۆكه‌وانى عێراق نه‌بوه. دەشڵێت، ‌فڕۆکەکە سه‌ربه‌خۆ هاتوه‌ته‌ ئاسمانى وڵاته‌كه‌مان، بۆیه‌ فه‌رمانمان پێكرا هه‌رچى زوه‌ بیخه‌ینه‌ خواره‌وه‌و كاره‌كه‌شمان سه‌ركه‌وتوانه‌ ئه‌نجامدا. بە پێی زانیارییەکان چوار مووشەک لە لایەن سوپای عێراق ئاراستەی ئەو فڕۆکەیەی تورکیا کراوە و له‌و چوار موشه‌كه‌شدا یه‌كێك ئامانجه‌كه‌ى پێكاوه‌و فڕۆكه‌كه‌ى تێكشكاندو ته‌قاندیه‌وه‌. هەر بەپێی وتەکانی عەمید ڕوكن عبدالستار باسلەوەدەکات، "ئەو فڕۆکەیەی خراوه‌ته‌ خواره‌وه‌ له‌درۆنێكى گه‌وره‌و جیاوز ده‌چێت، چونكه‌ قه‌باره‌كه‌ى ئێجگار گه‌وره‌یه‌ و هاوشێوه‌ى فڕۆكه‌یه‌كى گه‌وره‌ى كشتوكاڵیه‌ نه‌ك درۆنێكى خۆكوژى بچووك، قه‌باره‌ى زۆر گه‌وره‌یه‌ و له‌كاتى كه‌وتنیدا بۆسه‌ر زه‌وى له‌گه‌ڕه‌كى حه‌ى زوبات، له‌به‌رده‌م ئه‌و ماڵه‌دا كه‌ كه‌وتوه‌ته‌ خواره‌وه‌، چه‌ند هاوڵاتیه‌كى مه‌ده‌نیشى برینداركردوه‌، به‌ڵام برینه‌كانیان قورس نییه‌".

هاوڵاتی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران  گرتە ڤیدیۆیەکی لە یەکێک لە کۆشکەکانی سەدام حوسێن بڵاودەکرێتەوە. قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران،  بۆ یەکەمجار گرتە ڤیدۆیەکی لە یەکێک لە کۆشکەکانی سەدام حوسێن بڵاودەکرێتەوە،  ئاژانسی تەسنیم، ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە و بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کاتەکەی بدات و نووسیویەتی، "دیمەنی قاسم سولەیمانی لە یەکێک لە کۆشکەکانی سەدام حوسێن"، دیمەنەکان تایبەتن بە دۆکیومێنتارییەک بە ناوی "ئەو کەسەی وێرانی کرد، ئەوە بوو کە دروستی کرد".

هاوڵاتی فادل ئەلغەراوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ، هۆشداریدا لەوەی ملیارێک دۆلار عێراق بەجێدەهێڵێت بەهۆی یارییەکەی (PUBG) و یارییە شەڕکەرەکانی دیکە، لەڕێگەی کڕینی کارتی بارگاویکردنەوە و پاڵپشتی و ئەکاونتەکانەوە. بەهای قازانجی کۆمپانیای “PUBG” لە عێراق لە ساڵی 2023 بۆ 2024 گەیشتە 60 ملیۆن دۆلار، كە بەرزترین هەژماری فرۆشراویش بڕی 25 هەزار دۆلار بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگترین کێشەکانی ئاڵوودەبوون بە یاری “PUBG” لە عێراقدا کێشەی خێزانییە چونکە زۆرێک لە هاوسەرەکان و منداڵەکانیان لەناو فەزای یارییەکەدا دەژین، دوور لە خێزان. ئەلغەراوی داواشی لە حکومەتی عێراق کرد ڕێوشوێنی توند بگرێتەبەر بۆ قەدەغەکردنی یارییەکانی PUBG و یارییە شەڕکەرەکانی تر بە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی یارییە شەڕانگێزەکان.

هاوڵاتی دەزگای سینەما و شانۆی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ ڕاگەیاند، فیلمی "مێسی بەغدا" لە دەرهێنانی سوهەیم عومەر خەلیفە، بەشداری فەرمی عێراق دەبێت بۆ خەڵاتی ئۆسکاری 2025. فیلمەکە باسی ساڵی 2009 لە بەغدای پایتەختی عێراق دەکات، و لە ژیانی حەموودی دەکات، کە کوڕێکی تەمەن 10 ساڵە و یاریزانی تۆپی پێیە و خەونی ئەوە دەبینێت ببێتە یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێ وەک ئەستێرە دڵخوازەکەی کە لیۆنێل مێسییە. بەڵام شتەکان کاتێک دەگۆڕدرێن کە کوڕە گەنجەکە لە تەقەی یەکتربڕینی پێکدادانێکی چەکداریدا گیر دەبێت و لە ئەنجامدا قاچی لەدەست دەدات. ئەو دەرهێنەرە کوردە کە ئێستادا لە وڵاتی بەلجیکا نیشتەجێیە، وتی: “ئەم چیرۆکە زۆر لە دڵمەوە نزیکە کاتێک لە کوردستان بووم تۆپی پێ بۆ من زۆر گرنگ بوو. فیلمی “بەغداد مێسی” ڕکابەری سەدان فیلمی دیکەی جیهان دەکات، لەنێویاندا تەنها پێنج فیلم کە لە 97ەمین خەڵاتی ئۆسکاردا وەک پاڵێوراوانی کۆتایی بۆ بەشی باشترین فیلمی درێژی نێودەوڵەتی هەڵدەبژێردرێن. دوو لە کورتە فیلمەکانی خەلیفە پێشتر گەیشتبوونە لیستی کۆتایی 10 فیلم بۆ بەشی کورتە فیلمی لایڤ ئەکشن لە پێشبڕکێی ئۆسکار، کە ئەو تاکە دەرهێنەرە لەعێراق توانیوێتی بۆ بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنەکان.11:54

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٧ ئابی ٢٠٢٤، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا هەواڵی دەستگیرکردنی 17 تۆمەتباری بڵاوکردەوە، کە یەکێکیان بە 250 کارتی ماستەرکاردەوە دەستگیرکراوە. میدیاکانی فەرماندەیی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، بەپێی ماددەی یاسایی جۆراوجۆر 17 تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا تۆمەتبارێک کە 250 کارتی ماستەرکاردی پێبووە، لەگەڵ تۆمەتبارێکی دیکەش کە کاری جادووگەری کردووە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، دەستیانگرتووەبەسەر 3 دەمانچە و 11 تفەنگ و بڕێک ماددەی هۆشبەر و دەرمانی ماوە بەسەرچوو وەک دەرمانەکانی ئەلکەرخ و ئەلروسەفە.

هاوڵاتی هەرچەندە بڕیارە ئەمڕۆ پرۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتباری سەرەکیی "دزیی سەدە" لە بەغدا بەڕێوەبچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە عێراق. نوور زوهێر، وەک یەکێک لە تۆمەتبارانی سەرەکی دۆسیەکە ناسێنراوە، بڕیاربوو ڕۆژی 14ی ئاب دادگایی بکرێت، بەڵام بەهۆی ئامادە نەبوونی لە دادگا، دادگای ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا پرۆسەی دادگاییکردنی نوور زوهێری بۆ 27ی ئاب دواخست.  پێش هاتنی وادەی دادگاییکردنەکە، نوور زوهێر لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ئامادەیی خۆی پیشاندا بوو كە ڕۆژی 27ی ئاب لە بەردەم دادگا ئامادە دەبێت. ئاماژەی بەوەشدابوو"زۆر شت ئاشكرا دەكەم ئەگەر بێت و دادگاییکردنەکە بەشێوەیەكی ئاشكرا بەڕێوە بچێت".  ڕۆژی شەممە، 24ی ئەم مانگە نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی "دزیی سەدە" بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆی گوماناوییەوە لە بەیروتی پایتەخی لوبنان بە سەختی بریندار کراو دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا. بۆیە پێشبینی دەکرێت داوایەک لەلایەن پارێزەرەکەیەوە پێشکەش بە دادگا بکرێت بۆ دواخستنی دادگاییکردنەکە.

هاوڵاتی  هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دوو کاروانی چەک و تەقەمەنییان ڕەوانەی سووریا کرد. هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، بە ناردنی دوو کاروانی چەک و تەقەمەنی، بوونی سەربازی خۆیان لە شاری حەسەکەی سووریا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە. ڕۆژی شەممە و یەکشەممە، هەردوو کاروانی چەک و تەقەمەنی لە عێراقەوە ڕەوانەکراوە و گواستراوەتەوە بۆ سەربازگەی خێرابجیر لە نزیک ناحیەی ڕیمەلان لە باکووری پارێزگای حەسەکە. ڕەوانەکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ سووریا لە کاتێکدایە، مەترسی شەڕ و گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە لە پەرەسەندندایە. هاوکات جۆری کەرەستە سەربازی و لۆجستییەکان کە لە کاروانەکاندا هاتووە ئاشکرا نەکراون، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکە بەرز دەکاتەوە.  

هاوڵاتی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "بەداخەوە کەناڵی ڕووداو بە بێ بوونی هیچ زانیارییەک هەواڵی چەککردن و لێدانی کارمەندێکمانی بڵاو کردەوە، لە کاتێکدا کارمەندەکانمان لە ئامادەباشیدا بوون بۆ ڕاگرتنی هێزەکەی حشدی شەعبی و جێگیربونیان تا هێزی پاڵپشتیی پێشمەرگە گەیشتە ناوچەکە". دەشڵێت، "داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین لە کاتی ئەم جۆرە ڕووداوانە پاپەندی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن و ڕاستی و دروستیی ڕووداوەکان وەک خۆی بە ئەمانەتەوە بگوازنەوە". دەقی ڕاگەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان: سەر لەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی حەشدی شەعبی لە سنووری ناحیەی کوڵەجۆ بە ئاراستەی چەند بیرە نەوتێک لە قەزای کفری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان جووڵەیان کرد کە خاڵێکی هێزەکانی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان لە شوێنەکەیە کە ئەرکی پاراستنی کێڵگەو بیرەنەوتییەکانی ئەو دەڤەرەیان لەئەستۆ دایە. بەداخەوە کەناڵی ڕووداو بە بێ بوونی هیچ زانیارییەک هەواڵی چەککردن و لێدانی کارمەندێکمانی بڵاو کردەوە، لە کاتێکدا کارمەندەکانمان لە ئامادەباشیدا بوون بۆ ڕاگرتنی هێزەکەی حشدی شەعبی و جێگیربونیان تا هێزی پاڵپشتیی پێشمەرگە گەیشتە ناوچەکە. داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین لە کاتی ئەم جۆرە ڕووداوانە پاپەندی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن و ڕاستی و دروستیی ڕووداوەکان وەک خۆی بە ئەمانەتەوە بگوازنەوە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان 25/8/2024  

هاوڵاتی  لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە تورکیا، سێ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بوونە قوربانی. ئەمڕۆ شەممە، بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆ لە پارێزگای ئاکسەرای تورکیا، سێ هاووڵاتی کوردی خەڵکی کۆیە بوونە قوربانی و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.  خێزانێکی خەڵکی کۆیە کە لە بەریتانیا نیشتەجێن، پاش گەڕانەوەیان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان لە گەشتێکی چەند ڕۆژی هەرێمی کوردستان، لە تورکیا تووشی ڕووداوێکی هاتووچۆ دەبن. بە وتەی کەسوکاری قوربانییەکان، ئۆتۆمبێلەکە پێنج کەسی تێدابووە: دوو هاوسەر لەگەڵ دوو منداڵیان و ئامۆزایەکی پیاوەکە. بەپێی ئەوەی کە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، پاش ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە کۆنترۆڵ لەدەستدەدات تووشی پێکدادان دەبێت، ئێستا پۆلیسی تورکیا دەستی بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کردووە و بریندارەکانیش گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.    

هاوڵاتی پاش ئەوەی حزبە کوردییەکانی لەسەر داوایەکی حکومەتی ئێران ناچار بە چەک داماڵین و دورخستنەوە لەسەر سنورەکان کرا، دیسان فشاریان لێ دەکرێت  بۆ سنورداکردنی زیاتر بخرێنە چەند کەمپێکی دیاریکراوەوە. بەشێک لەحزبەکانی کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بۆ بەرگرتن لە  شەڕو پێکدادان بە بڕیارەکە ڕازی بوون. لە نوێترین بڕیاری ڕاوێژکاری ئاسایشی عێراق قاسم ئەعرەجی  ڕۆژی (19)ئەم مانگە ، بە نوسراوێكی فەرمی داوای لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق كرد ڕەزامەندی دەرببڕیت, بە بەکارهێنانی کەمپی سورداش, بۆ جێگیرکردنی هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، لە بەرامبەردا ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەران, لە هەمان ڕۆژ وەڵامی نوسراوەکەی داوەتەوە و, رەزامەند بووە بە داواکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق . لەبەرامبەردا حزبە کوردیەکان ناڕەزایی دەردەبڕن و دەڵێن :ئێمە پەنابەرنابین و لە چالاکیە سیاسەکانمان بەردەوام دەبین، دەبێت ژینگەی کاری سیاسیمان بۆ فەراهەم بکرێت، نابێت دەستبەسەر بین و یوئێن چاودێریمان بکات و پارچەیەک نانمان بدەنێ، ئەگەروابێت قبوڵی ناکەین.  

خەم و پەژارەیەکی گەورە لە پارێزگای سەلاحەدینی عێراق هاتە ئاراو، لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵیێکی شۆکهێنەر لەنێو خەڵکدا ، ئەوەش پاش کوشتارێکی ترسناک کە 5ئەندامی یەک خێزانی کردە قوربانی هاتە ئاراوە. ژمارەیەک چەکدار بە جلوبەرگی سەربازییەوە هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک لە ناوچەی عەباسیە لە باکوری قەزای سامەڕا و خێزانێکی پێنج کەسییان کوشت. سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاح الدین ئەوەی ئاشکراکرد کە ڕۆژی چوارشەمە "چەکدارەکان دوای ئەوەی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکە تەقەیان لە خێزانەکە کردووە و دەستبەجێ کوژراون". هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئەو چەکدارانە دوای تاوانەکەیان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون. ئەوەشی خستەڕوو کە هەڵمەتی گەڕان پشکنینیان بەدوای تاوانباراندا دەست پێکردوە لای خۆیەوە عەبدولئەمیر ئەلشەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دەرکرد بۆ ئاشکراکردنی بارودۆخی ڕووداوەکە. کە چەکەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ڕێکنەخراو بڵاودەکرێنەوە، جار جار شاهیدی تاوانی هاوشێوەیە. بەهۆکاری هەبونی ژمارەیەکی زۆری چەکی بێ مۆڵەت و زۆربونی ملیشیا چەکدارەکان ، هاووڵاتیانی عێراق ماوە ماوە شاهیدی تاوانی هاوشێوە دەبن بە تایبەت کە دەسەڵات تا ئێستا سەرباری تێپەڕبوونی چەند ساڵێک، لە سنووردارکردنی چەکی تاکەکەسی و خێڵەکیی بەربڵاودا سەرکەوتوو نەبووە، باسی ئەو چەکانە ناکەین کە لەنێو زۆرێک لە کوتلە چەکدارەکاندا بڵاوبوونەتەوە.