هاوڵاتی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دوو کاروانی چەک و تەقەمەنییان ڕەوانەی سووریا کرد. هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، بە ناردنی دوو کاروانی چەک و تەقەمەنی، بوونی سەربازی خۆیان لە شاری حەسەکەی سووریا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە. ڕۆژی شەممە و یەکشەممە، هەردوو کاروانی چەک و تەقەمەنی لە عێراقەوە ڕەوانەکراوە و گواستراوەتەوە بۆ سەربازگەی خێرابجیر لە نزیک ناحیەی ڕیمەلان لە باکووری پارێزگای حەسەکە. ڕەوانەکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ سووریا لە کاتێکدایە، مەترسی شەڕ و گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە لە پەرەسەندندایە. هاوکات جۆری کەرەستە سەربازی و لۆجستییەکان کە لە کاروانەکاندا هاتووە ئاشکرا نەکراون، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکە بەرز دەکاتەوە.
هاوڵاتی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "بەداخەوە کەناڵی ڕووداو بە بێ بوونی هیچ زانیارییەک هەواڵی چەککردن و لێدانی کارمەندێکمانی بڵاو کردەوە، لە کاتێکدا کارمەندەکانمان لە ئامادەباشیدا بوون بۆ ڕاگرتنی هێزەکەی حشدی شەعبی و جێگیربونیان تا هێزی پاڵپشتیی پێشمەرگە گەیشتە ناوچەکە". دەشڵێت، "داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین لە کاتی ئەم جۆرە ڕووداوانە پاپەندی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن و ڕاستی و دروستیی ڕووداوەکان وەک خۆی بە ئەمانەتەوە بگوازنەوە". دەقی ڕاگەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان: سەر لەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی حەشدی شەعبی لە سنووری ناحیەی کوڵەجۆ بە ئاراستەی چەند بیرە نەوتێک لە قەزای کفری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان جووڵەیان کرد کە خاڵێکی هێزەکانی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان لە شوێنەکەیە کە ئەرکی پاراستنی کێڵگەو بیرەنەوتییەکانی ئەو دەڤەرەیان لەئەستۆ دایە. بەداخەوە کەناڵی ڕووداو بە بێ بوونی هیچ زانیارییەک هەواڵی چەککردن و لێدانی کارمەندێکمانی بڵاو کردەوە، لە کاتێکدا کارمەندەکانمان لە ئامادەباشیدا بوون بۆ ڕاگرتنی هێزەکەی حشدی شەعبی و جێگیربونیان تا هێزی پاڵپشتیی پێشمەرگە گەیشتە ناوچەکە. داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین لە کاتی ئەم جۆرە ڕووداوانە پاپەندی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن و ڕاستی و دروستیی ڕووداوەکان وەک خۆی بە ئەمانەتەوە بگوازنەوە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان 25/8/2024
هاوڵاتی لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە تورکیا، سێ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بوونە قوربانی. ئەمڕۆ شەممە، بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆ لە پارێزگای ئاکسەرای تورکیا، سێ هاووڵاتی کوردی خەڵکی کۆیە بوونە قوربانی و دوو کەسی دیکەش برینداربوون. خێزانێکی خەڵکی کۆیە کە لە بەریتانیا نیشتەجێن، پاش گەڕانەوەیان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان لە گەشتێکی چەند ڕۆژی هەرێمی کوردستان، لە تورکیا تووشی ڕووداوێکی هاتووچۆ دەبن. بە وتەی کەسوکاری قوربانییەکان، ئۆتۆمبێلەکە پێنج کەسی تێدابووە: دوو هاوسەر لەگەڵ دوو منداڵیان و ئامۆزایەکی پیاوەکە. بەپێی ئەوەی کە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، پاش ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە کۆنترۆڵ لەدەستدەدات تووشی پێکدادان دەبێت، ئێستا پۆلیسی تورکیا دەستی بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کردووە و بریندارەکانیش گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
هاوڵاتی پاش ئەوەی حزبە کوردییەکانی لەسەر داوایەکی حکومەتی ئێران ناچار بە چەک داماڵین و دورخستنەوە لەسەر سنورەکان کرا، دیسان فشاریان لێ دەکرێت بۆ سنورداکردنی زیاتر بخرێنە چەند کەمپێکی دیاریکراوەوە. بەشێک لەحزبەکانی کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بۆ بەرگرتن لە شەڕو پێکدادان بە بڕیارەکە ڕازی بوون. لە نوێترین بڕیاری ڕاوێژکاری ئاسایشی عێراق قاسم ئەعرەجی ڕۆژی (19)ئەم مانگە ، بە نوسراوێكی فەرمی داوای لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق كرد ڕەزامەندی دەرببڕیت, بە بەکارهێنانی کەمپی سورداش, بۆ جێگیرکردنی هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، لە بەرامبەردا ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەران, لە هەمان ڕۆژ وەڵامی نوسراوەکەی داوەتەوە و, رەزامەند بووە بە داواکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق . لەبەرامبەردا حزبە کوردیەکان ناڕەزایی دەردەبڕن و دەڵێن :ئێمە پەنابەرنابین و لە چالاکیە سیاسەکانمان بەردەوام دەبین، دەبێت ژینگەی کاری سیاسیمان بۆ فەراهەم بکرێت، نابێت دەستبەسەر بین و یوئێن چاودێریمان بکات و پارچەیەک نانمان بدەنێ، ئەگەروابێت قبوڵی ناکەین.
خەم و پەژارەیەکی گەورە لە پارێزگای سەلاحەدینی عێراق هاتە ئاراو، لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵیێکی شۆکهێنەر لەنێو خەڵکدا ، ئەوەش پاش کوشتارێکی ترسناک کە 5ئەندامی یەک خێزانی کردە قوربانی هاتە ئاراوە. ژمارەیەک چەکدار بە جلوبەرگی سەربازییەوە هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک لە ناوچەی عەباسیە لە باکوری قەزای سامەڕا و خێزانێکی پێنج کەسییان کوشت. سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاح الدین ئەوەی ئاشکراکرد کە ڕۆژی چوارشەمە "چەکدارەکان دوای ئەوەی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکە تەقەیان لە خێزانەکە کردووە و دەستبەجێ کوژراون". هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئەو چەکدارانە دوای تاوانەکەیان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون. ئەوەشی خستەڕوو کە هەڵمەتی گەڕان پشکنینیان بەدوای تاوانباراندا دەست پێکردوە لای خۆیەوە عەبدولئەمیر ئەلشەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دەرکرد بۆ ئاشکراکردنی بارودۆخی ڕووداوەکە. کە چەکەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ڕێکنەخراو بڵاودەکرێنەوە، جار جار شاهیدی تاوانی هاوشێوەیە. بەهۆکاری هەبونی ژمارەیەکی زۆری چەکی بێ مۆڵەت و زۆربونی ملیشیا چەکدارەکان ، هاووڵاتیانی عێراق ماوە ماوە شاهیدی تاوانی هاوشێوە دەبن بە تایبەت کە دەسەڵات تا ئێستا سەرباری تێپەڕبوونی چەند ساڵێک، لە سنووردارکردنی چەکی تاکەکەسی و خێڵەکیی بەربڵاودا سەرکەوتوو نەبووە، باسی ئەو چەکانە ناکەین کە لەنێو زۆرێک لە کوتلە چەکدارەکاندا بڵاوبوونەتەوە.
هاوڵاتی ئەو لیژنە 15 كەسیەی لە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق هاتنە هەرێمی كوردستان، لە دوێنێوە دەستیانكردووە بە وردبینیكردن لە خەرجی و داهاتی مانگەكانی چوار وپێنج و شەشی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان. سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بە هاوڵاتی وت: لە رۆژی 21ی ئابەوە ئەو لیژنە 15 كەسییەی كە لە دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم بەمەبەستی وردبینیكردن لە خەرجی و داهاتەكانی هەرێمی کوردستان دەستیان بەكارەكانیان كردووە. ئەو سەرچاوەیە وتیشی: كارەكانی ئەو لیژنەیە وردبینیكردنە لە خەرجی و داهاتی مانگەكانی چوار پێنج و شەشی ئەمساڵ، هاوكات ماوەی كاركردن و وردبینكردنی ئەو لیژنەیە دیاری نەكراوە و تا ئەوكاتەی پێویست بێت لە هەرێمی كوردستان دەمێننەوە، بۆ ئەو مەوبەستەش چەند لیژنەیەكی لاوەكی پێكدەهێنرێن. "بەشێك لە لیژنە 15 كەسییە وردبینی لە خەرجی و داهاتی نەوتی و بەشێكیان وردبینی لە خەرجی و داهاتی نانەوتی دەكەن، هەروەها هەمان ئەو لیژنەیە سەردانی وەزارەت و فەرمانگەكان و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان و دەروازە سنوورییەكانیش دەكەن بەمەبەستی وردبینی داهات و خەرجییەكان". سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی وای وت.
هاوڵاتی گروپە چەکدارە عێراقیەکانی هاوپەیمانی ئێران هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی بەهێزتر دەکەن بۆ سەر بنەکەکانی هاوپەیمانی ئێران دوای شكستهێنانی دیپلۆماسیەت و كۆتایهاتنی ئاگربەست. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ی ئابی 2024، ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط)، بڵاوکردەوە گروپە چەكدارەكانی عێراق بەمزوانە هێرشەكانیان بەشێوەیەكی چڕتر دەستپێدەكەنەوە بۆ سەر بنكەكانی سوپای ئەمریكا لە عێراق. لەم بارەیەوە كەتیبەكانی "سەیدولوشەهەدا" ئەوەی خستەڕوو، شكستهێنانی هەوڵە دیپلۆماسیەكان بۆ كۆتایهێنان بە بوونی سوپای ئەمریكا، هانیدەدات دەستبكاتەوە بە پرۆسەی ئازادكردنی خاكەكەی. دەشڵێت، چاوەڕوانی حكومەتن هەڵوێستێكی فەرمی لەبارەی دانوستەكان ڕابگەیەنێت سەرەڕای ئەوەی دەزانن كە ئەمریكیەكان جدی نین لە كشانەوە.
هاوڵاتی بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردنی ئەزموونی وەك ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت. كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تائێستا زۆربەی ڕێكارەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی تەواوكردووە، كە بڕیارە لە 20-10-2024 لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت. بەوتەی سەرچاوەیەک لە کۆمسیۆنی عێراق، لە سەرەتای مانگی نۆ هەڵبژاردنێكی دیكەی ئەزموونی وەك ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و ئەمجارە فراوانترە. بەوتەی سەرچاوەکە، ئەمجارە هێزە ئەمنییەكانیش بەشداریی لە هەڵبژاردنە ئەزموونییەكە دەكەن.
هاوڵاتی ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە کەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، ئاشكرا دەكرێت. ڕۆژی 19-05-2024، سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەوتنە خوارەوەی هێلیكۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆمار و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێكی دیکەی لە کاتی گەڕانەوەیان لە سنووری هاوبەش لەگەڵ ئازەربایجان بەرەو شاری تەورێز ڕاگەیاند. ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی بڵاویکردەوە: دەسەڵاتدارانی ئێران لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری رەئیسی تەواوکردووە، فڕۆکەکەی ڕەئیسی دوو سەرنشینی زیاتر هەڵگرتبوو و لەبەر هەبوونی تەم و مژ نەیتوانیوە بەرەو بەرزی پێویست بفڕێت و بووەتە هۆی ئەوەی کە بەر لوتکەی شاخ بکەوێت. بەوتەی ئاژانسی فارس، دەزگا هەواڵگەرییەکانی ئێران لێکۆڵینەوەیان لە 30 هەزار کەس کردووە و هیچ زانیاریی و فاکتەرێکی مرۆیی و هۆکاری گوماناوییان نەدۆزیوەتەوە.
هاوڵاتی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق نیگەرانى خۆى لەبارەی پڕۆژە هەمواری یاسای باری کەسی نیشاندەدات و داوا لە عێراقییەکان دەکات ڕێزی تەواو لە مافەکانی ژنان و منداڵان بگرن. ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ، ئێمە نیگەرانین لە پێشنیارەکانی هەموارکردن لە یاسای باری کەسی، داوا لە عێراقییەکان دەکەین کە بەشداری گفتوگۆیەکی مەدەنی بکەن کە بە تەواوی ڕێز لە ئازادی ئایین یان باوەڕ و مافەکانی ژنان و منداڵان بگرێت. ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) لە بارەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی لە عێراق دەڵێت، هەمواری یاسای باری کەسی عێراق دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی مافەکانی ژنان و منداڵان. لە ساڵی 1959وە یاسایی باری کەسی لە عێراق کاری پێدەکرێت، شیعە مەزهەبەکانیش ئێستا دەیانەوێت هەمواری بکەنەوە و بیکەن بە یاسایەک کە مەزهەبی جەعفەری تیادا زاڵ بێت. مەزهەبی جەعفەریی شیعە ڕێگە بە هاوسەرگیری منداڵانی کچ لە تەمەن 9 ساڵی و کوڕانیش لە 15 ساڵی دەدات، لەکاتێکدا یاسا 18 ساڵی بۆ هاوسەرگیری دیاریکردووە. هاوکات تا ئێستا هەموارەکە خوێندنەوەی یەکەمی لە پەرلەمانی عێراق بۆ کراوە، بەڵام ناڕەزایەتی چالاکوانان و پارێزەرەکانی بە دوای خۆیدا هێناوە.
هاوڵاتی پەرلەمانی ئێران بۆ قبوڵكردنی وەزیرەكان لە كابینەكەی مەسعوود پزیشكیان کۆبوونەوەیەکەی ئەنجامدا. پەرلەمانی ئێران كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بە سیڤی کاندیدەکان بۆ پۆستی وەزیرەكان ئەنجامدا، دوای خوێندنەوەی سیڤییەكان ناویان خرایە لیستەوە و خرانە دەنگدانەوە. لەلایەن خۆشیەوە، مەسعوود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران لە پەرلەمانی ئێران وتارێكی پێشكەش كرد و داوای لە ئەندامانی پەرلەمان كرد دەنگ بەكەسی شیاو بدەن، بۆ ئەوەی وڵاتەكەیان بباتە پێشەوە. ناوی ئەو وەزیرانەی پەرلەمانی ئێران دەنگی پێدان 1- عەلیرەزا کازمی... وەزارەتی پەروەردە 2- سەتار هاشمی.. وەزارەتی پەیوەندی و تەکنەلۆجیای زانیاریی 3- حوججەتول ئیسلام خەتیب؛ وەزارەتی ڕاگەیاندن 4- عەبدولناسر هیممەتی... وەزارەتی کاروباری ئابووری و دارایی 5- عەباس عێراقچی.. وەزارەتی دەرەوە 6- محەممەدڕەزا زەفەرکەندی.. وەزارەتی تەندروستی 7- ئەحمەد میداری.. وەزارەتی هاوکاری و کار و چاودێری کۆمەڵایەتی 8- غوڵامرەزا نوری قزاڵجە.. وەزارەتی کشتوکاڵ 9- ئەمین حسێن ڕەحیمی.. وەزارەتی داد 10- ئەمیر عەزیز نەسیرزادە... وەزارەتی بەرگریی 11- فەرزانە سادق مەلڤاجەرد.. وەزارەتی ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شار 12- محەمەد عەتابەک... وەزارەتی پیشەسازی و کانگا و بازرگانی 13- حوسێن سیمای سەراف... وەزارەتی زانست و توێژینەوە و تەکنەلۆجیا 14- سەید عەباس ساڵحی.. وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئیرشادی ئیسلامی 15- ئەسکەندەر مۆئمینی... وەزارەتی ناوخۆ 16- محەمەد ڕەزا ساڵحی عامری؛ وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار 17- موحسین پاکنەژاد.. وەزارەتی نەوت 18- عەباس عەلی ئابادی... وەزارەتی وزە 19- ئەحمەد دونیاماڵی... وەزارەتی وەرزش و لاوان
هاوڵاتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە: هاوکات لەگەڵ هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات و هەڕەشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری دێرەزوور، ئەمریکا چەکی پێشکەوتووی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە. ڕوانگەی سووری ڕوونیشکردەوە نیشتنەوەی حەوت فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازییان تۆمارکردووە کە چەکی پێشکەوتوو و سەربازییان لە دەوروبەری حەسەکە داگرتووە، ئەمە جگە لە داخڵبوونی 50 بارهەڵگری سەربازیی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕۆژئاوا. ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە نێو بنکە سەربازییەکانیاندا مەشق و ڕاهێنانی چڕ دەکەن لەسەر سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کە بە تیشکی لەیزەر کاردەکەن.
هاوڵاتی ژمارەیەک سەرباز لە پارێزگای زیقار بەهۆی ئەوەی سڵاوی سەربازییان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق نەکردبوو دەستگیر کرابوون، بەڵام دواتر ئازاد کران. ڕۆژی سێشەممە 20ی ئابی 2024 سەرۆکوەزیرانی عێراق بە یاوەری شاندێکی حکومی سەردانی پارێزگای زیقاری کرد، لە فڕۆکەخانە پێشوازییان لێکرا، بەڵام ژمارەیەک ئەفسەر سڵاوی سەربازییان بۆ سەرۆکوەزیران نەکردبوو بۆیە دەستگیر کران. سەرچاوەیەکی ئەمنی لە زیقار ئاشکرای کردووە: ئەو ئەفسەرانە نەیانزانیوە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەنێو شاندەکەدا بووە. وتیشی: 10 ئەفسەری پلەی جیاواز بوون دەستگیر کرابوون، دوای کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوە لە درەنگانی شەوی ڕابردووەوە ئازاد کراون.
هاوڵاتی دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم وادەی دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئەمساڵی راگەیاند عێراقیش ئەمڕۆ ئەو وادەیەی ئاشکرا کرد. ئەمڕۆ چوارشەمە 21ی ئابی 2024، وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: رۆژی سێشەممە 1 ی تشرینی یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنە لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە عێراقدا. وتیشی: پێشوەختە و لە 15 ی ئەیلول مامۆستایان و دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندەکانی خوێندن دەست بە دەوام دەکەنەوە و ئامادەکاری دەکەن. دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق لە کاتێکدایە کە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا رایگەیاند: 15ی ئەیلول یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.
مەهران ڕەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی لە ڕێگەی پێدانی گرێبەستی دابەشکردنی قازانج عێراق کۆمپانیا گەورەکانی نەوت جارێکی تر دەگەڕێنێتەوە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوکردەوە، دوو بەرپرسی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایانگەیاندووە، عێراق قازانج لەگەڵ كۆمپانیای بی پی بەریتانی دابەش دەكات. دەشڵێن، بۆ پێشخستنی كێڵگە نەوت و غازە زەبەلاحەكان عێراق لەهەوڵدایە واز لە گرێبەستی خزمەت بهێنێت كە سودێكی كەمی هەیە بۆ گەشەدان بە بەرهەمهێنان و ڕاكێشانی كۆمپانیا بیانییە گەورەكانی وزە بۆ عێراق جارێكی تر. هەردوو بەرپرسەکە ئەوەشیان بە ئاژانسەکە ڕاگەیاندووە، "لەماوەی ئەم ساڵانەی دوایدا ژمارەیەك كۆمپانیای گەورەی نەوت لەنێویاندا بی پی چوونە وڵاتانی تر، كە گرێبەستی باشتریان پێشكەشكردن". باسیشیان لەوەکردووە، "كۆمپانیاكان سكاڵای ئەوەیان دەكرد گرێبەستی خزمەتگوزاری نەوتیی نەریتی لە عێراق، كە بڕێك پارەی جێگیر دەدات بە كۆمپانیاكان لەبری هەر بەرمیلێك كە بەرهەمی دەهێنێت دوای دەركردنی تێچووەكەی وادەكات كۆمپانیاكان سود لە بەرزبونەوەی نرخی نەوت وەرنەگرن". دوو بەرپرسەکە ئەوەشیان خستۆتەڕوو، "كۆمپانیای بی پی كە دوای پێنج ساڵ گەڕایەوە ڕێككەوتنێكی لەگەڵ عێراق واژوكردووە بۆ پێشخستنی 4 كێڵگەی نەوت و غاز لە شاری كەركووک كە بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی بی پی ڕەنگە نزیكەی 9 ملیار بەرمیل نەوتی لێ دەربهێنن". بەوتەی دوو بەرپرسەكەی کە بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە، "وەزارەتی نەوت، گرێبسەتەكان لەگەڵ بی پی بۆ پێشخستنی كێڵگەكانی كەركووك و بای حەسەن و جمبورو خەباز پشت بە گرێبەستی دابەشكردنی قازانج دەبەستێت". ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەوەشی ئاشکرا کردووە، پێشبینی دەكرێت وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ كۆمپانیای بی پی لەم هەفتەیەدا ڕێككەوتنەكە واژوبكەن كە بڕگەكانی ئاشكراناكرێت لەسەر ئەو بنەمایەش عێراق كۆی داتاكانی تایبەت بە چوار كێڵگەكەی كەركووك و دامەزراوەكانی ڕادەستی كۆمپانیاكە دەكات. دەشڵێت، ڕێككەوتنی كۆتایش ڕەنگە بكەوێتە كۆتایی ئەمساڵ لەكاتێكدا كۆمپانیاكە پێشبینی دەكات لەكۆتایی 2025دا دانوستانەكانیان لەبارەی ڕێككەوتنی كۆتایی تەواوبێت.