سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی ڕێگری لە حەماس و حزبوڵڵا بکەن خۆیان بنیاتبنێنەوە و ببنە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەی لە بەئامانجگرتنیان بەردەوام دەبن. یەکشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کابینەکەی دووپاتی کردەوە، لە هێرشکردنە سەر حزبوڵڵا و حەماس بەردەوام دەبن. باسی لەوەش کرد، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل چەندین جار بۆردوومانی لوبنانی کردووە و لە بەئامانجگرتنی حزبوڵڵا بۆ ئەوەی ڕێگری لە خۆ بنیاتنانەوەیان بگرین بەردەوام دەبین؛ هاوکات هەمان کار لە غەززەش دەکەین، چونکە حەماس لە پێشێلکاری ئاگربەست بەردەوامە. دوێنێ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی حەماس هێڵی سنووری زەردی بەزاندبوو و هێرشی کردبوو سەر هێزەکانیان، چەندین ناوچەیان لە کەرتی غەززە بۆردوومان کرد. بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێ شەممەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە 21 کەس کوژراون و دەیان کەسیش برینداربوونە. دوێنێ شەممە، سەرچاوەیەک بە کەناڵی حەدەسی ڕاگەیاند: بزووتنەوەی حەماس، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگادار کردووەتەوە، کە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە کۆتایی هاتووە و بزووتنەوەکە ئامادەیە بۆ شەڕکردن. یەکشەممە، 23ی تشرینی دووەم 2025، سوپای ئیسرائیل، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "کەمال ڕەزا کەرنبش، سەرکردەی حزبوڵڵا لە ناوچەی میفادوون لە باشووری لوبنان، سەرکردەیەکی دیکەی حزبوڵڵا لە ناوچەی حوولا لە باشووری ئەو وڵاتە و فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان کراونەتە ئامانج.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى یەکشەممە، 23ـی تشرینی دووەم 2025، سەرۆك مەسعود بارزانی، لە پیرمام، پێشوازیی لە بەڕێز 'ئەحمد حەسن ئەحمد سلێمان شەحی' کونسوڵی گشتیی نوێی ئیمارات لە هەولێر کرد. لە دیدارەکەدا، کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، سڵاو و ڕێزی سەرکردایەتیی ئیماراتی بە سەرۆک بارزانی گەیاند و پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی لە سەرۆک بارزانی کرد و هیوای خواست ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە خزمەت گەلی عێراقدا بیت. هەروەها کونسوڵی گشتیی ئیمارات، ستایشی پێشکەوتن و بوژانەوەی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕاگەیاند "وڵاتەکەی خوازیارە پەیوەندییەکانی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و تەکنەلۆجیای زانیاری و کشتوکاڵ و بوارەکانی تر، لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدات." سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی کونسوڵی نوێی ئیماراتی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و دووپاتی کردەوە، گەلی کوردستان هەمیشە ڕوانگەیەکی ئیجابی و دۆستانەیان بەرانبەر بە ئیمارات هەیە و پێشوازیی لە بەردەوامی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرد. پێشهات و بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە بە گشتی، تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو.
هەسەدە لە لیستێكدا ناوی حەفتا فەرماندەی بۆ دیمەشق ناردووە بۆ ئەوەی لە سوپای ئەو وڵاتە پلە و پۆستیان بۆ دیاری بكرێت، سوریاش رەزامەندی دەردەبرێت. سەرچاوەیەكی باڵای هەسەدە بە كەناڵی عەرەبیەی راگەیاندووە، لیستێكیان ناردووە بۆ دیمەشق كە ناوی 70 فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەخۆ دەگرێت. ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیارە بەپێی رێككەوتنەكانی نێوان حكومەتی سوریا و هەسەدە، ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزوور ببێتە بەشێك لە سوپای سوریا، بە مەرجێك ناسنامە و تایبەتمەندییەكانی خۆی بپارێزێت و پلەی سەربازییان پێبدرێت. سەرچاوە باڵاكەی هەسەدە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر رێكارەكان و جێبەجێكردنی پلانەكان لە دێرەزوور بەباشی بەڕێوەبچن، لە داهاتوودا لە پارێزگای رەققەش هەمان پلان جێبەجێدەكرێت. هاوكات، حكومەتی سوریاش رەزامەندی لەسەر هەمواركردنەوەی ژمارەیەك بڕگەی دەستوری كاتیی دەربڕیوە، لەپێناو جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 10 ی ئاداری نێوان هەردولا.
رۆژنامەی (الشرق الاوسط) لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە: رەنگە دانوستانی ئەمجارەی نێوان هێزە سیاسیەكانی عێراق هەندێك گۆڕانكاری تیادا رووبدات، كە پێشتر لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەكانی پێشوودا پیادەكراوە. بەوتەی سەرچاوەکە، پێدەچێت مالیکی پێشنیازی ئەوە بکات، پۆستی سەرۆکایەتی كۆمار بدرێت بە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەپێچەوانەی نەریتی خولەكانی پێشوو، بەدووريش نازانرێت ئەمە لە بەرامبەر پاڵپشتیی هەولێر بێت بۆ داواکاری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت. ئەو سەرچاوەیە دووپاتی كردووەتەوە، دیارترین کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی ئێستایە، کە كاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پۆستی سەرۆکایەتی كۆمار بە شێوەیەکی نەریتی دەدرێت بە كورد، بەڵام قۆرغ نییە بۆ یەکێتی. رۆژنامەی (الشرق الاوسط) ئاشكرایدەكات، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لەلایەن هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بە تەواوی سەرپشكراوە بۆ بەڕێوەبردنی دانوستانەکانی ناونانی کاندیدەكانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەو پشتیوانیکردن لە کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق. رۆژنامەكە لەزاری سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بڵاویكردووەتەوە، ئەو کاندیدەی کە مالیکی پشتیوانی دەکات، ئێستا لە پێشەنگی ئەو ناوانەیە كە کێبڕکێی لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دەكەن و پابەندیش دەبێت بە جێبەجێکردنی ئەو پێشمەرجانەی کە گەورەترین كوتلەی پەرلەمان لەسەری رێککەوتوون. حزبی دەعوەی ئیسلامی دوێنێ بە کۆی دەنگ بڕیاریدا نوری مالیکی، ئەمینداری گشتی حزبەكە كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام سەرچاوەکان جەختدەكەنەوە ئەم کاندیدکردنە تەنها بۆ بەهێزکردنی پێگەیەتی لە دانوستانەکانداو بەهێزکردنی چانسی کاندیدەکەیەتى، تا دواتر وای نیشان بدات سازش لەسەر کاندیدبونەكەی دەكات لە بەرژەوەندی كەسێكی پەسەندکراوتر كە لەبنەمادا كاندیدی خۆیەتی. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، کاندیدەکەی مالیکی رەنگە لە دەرەوەی حزبەكەی بێت و کۆدەنگییەکی بەرفراوانی بەدەستهێناوە، دوای دانوستانێكی چڕی نێوان لایەنە شیعەکان کە کورسی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوەو رۆڵی هەر لایەنێکی لەناو حکومەتی داهاتوودا دیاریکردووە.
هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان، کە سودانی خۆی سەرکردایەتی دەکات، بە رەسمی رایگەیاند محەمەد شیاع سودانی کاندیدیانە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق قوسەی مەحبوبە ئەندامی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ڕایگەیاند محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی هاوپەیمانی کاندیدی ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق. مەحبوبە لە پۆستێکدا لە تۆڕی "X" ڕایگەیاندووە، نوری مالیکی کاندیدی پارتی دەعوە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە بۆ سەرۆکوەزیران"، محەد شیاع سودانیش کاندیدی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە بۆ ئەو پۆستە. ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیەکەی سودانی ڕاشیدەگەیەنێت، داوا لە هێزەکانی تری ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەم کاندیدەکانی خۆیان ئاشکرابکەن.
سەرچاوەیەک ئاشکرای کردووە، حەماس واشنتنی ئاگادار کردووەتەوە، کە ئاگربەستی غەززە کۆتایی هاتووە و ئەو بزووتنەوەیە دووبارە ئامادەیە بۆ شەڕ. شەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرچاوەیەک بە کەناڵی حەدەسی ڕاگەیاند: بزووتنەوەی حەماس، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگادار کردووەتەوە، کە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە کۆتایی هاتووە و بزووتنەوەکە ئامادەیە بۆ شەڕکردن. بە پێی هەواڵی ئەو سەرچاوەیە، بزووتنەوەکە ویتکۆفی ئاگادار کردووەتەوە، کە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە تەنیا حەماس پابەندی بووە و ئیسرائیل پابەندی نەبووە، لە کاتێکدا دەبوو ئەوانیش پابەندی بن. سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، بزووتنەوەی حەماس جەختی لەوە کردووەتەوە، کە غەززە هەرگیز وەک لوبنانی لێنایەت. ئەم زانیارییانە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ هێزەکانی ئیسرائیل چەند هێرشێکی ئاسمانییان بۆ سەر غەززە ئەنجام داو و بەهۆیەوە 10 کەس کوژران. پێشتریش حەماس داوای لە وڵاتانی نێوەندگیر کردبوو، کە فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی پابەندی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە بێت. بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوە کردبوو، کە ئیسرائیل ڕۆژانە بەردەوامە لە لابردنی هێڵی زەرد و پێشڕەوییکردن بەرەو ڕۆژئاوا بۆ نێو کەرتی غەززە، ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستە. هەورەها بزووتنەوەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا داوای لە ئەمەریکا کردبوو، فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی دەست بە جێ پێشێلکارییەکانی ڕابگرێت. بزووتنەوەکە داوای ئەوەشی لە ئەمەریکا کردبوو، بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ئیسرائیل ناچار بکات پابەندیی ڕێککەوتنی ئاگربەست بێت.
سەرۆک بارزانی و نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا، لە کۆبوونەوەیەکدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و قۆناغی دوای هەڵبژاردنیان تاوتوێ کرد. بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، ڕۆژی شەممە 22ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردن کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە، پێویستە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بخرێنە خزمەتی خەڵکی عێراق. هەر لە کۆبوونەوەکەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و هەروەها بڕیار لەسەر بەردەوامیی ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاکان و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسیەکانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق درا. ئەم دیدارە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2025، لە ڕاگەیەنراوێکدا کە لەلایەن هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا دەرچووە و میدیای (ئەلرابیعە) وەریگرتووە، ئاماژە بەوە کراوە: ئەنجوومەنی شوورای حزبی دەعوەی ئیسلامی بە کۆی دەنگ بڕیاری داوە، نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حزب، وەک کاندیدی فەرمیی حزبەکە، بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کاندید بکات.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئێوارەی هەینی چەکدارانی داعش چەند خاڵێکی ئەمنیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی ئاسایشی سووریا لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور کردووەتە ئامانج. گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی سووری کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، "چەکدارانی داعش بە نارنجۆکێک و موشەک بنکەیەکی ئەمنیی هێزەکانی هەسەدەیان کردووەتە ئامانج. ئەمەش بووەتە هۆی پێکدادانی چەکداری لەنێوان هەردوولادا لە شارۆچکەی دیبان لە گوندەکانی دێرەزوور. لەلایەکی دیکەوە گرووپەکە بە چەکی مامناوەند هێرشیان کردووەتە سەر خاڵی پشکنینی عەرقووب کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکراتە، دواتر تەقینەوەیەکی بەهێز لە شارۆچکەی سوسە لە ڕۆژهەڵاتی گوندەکانی دێرەزوور ڕوویدا". و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانی و ماددی ڕانەگەیێندراوە". لەلایەکی دیکەشەوە ڕوانگە بڵاوی کردەوە، "شانەکانی داعش بە دۆشکە خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی سووریان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ڕووبەڕوو پێکدادان لە شارۆچکەی ئابرێحە لە ڕۆژهەڵاتی گوندەکانی دێرەزوور ڕوویدا. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانی و ماددی ڕانەگەیێندراوە. ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاوی کردووەتەوە، 224 ئۆپەراسیۆن لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە لەلایەن شانەکانی داعشەوە لەو ناوچانەدا ئەنجامدراون و لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە کۆنترۆڵکراون. هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنانە بریتی بوون لە هێرشی چەکداری، تیرۆرکردنی ئامانجدار و بۆردومان. بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی ڕوانگە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوونەتە هۆی کوژرانی 98 کەس: 69 ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و پێکهاتە سەربازییەکانی سەر بە خۆی؛ 13 ئەندامی داعش؛ 15 هاووڵاتی مەدەنی؛ و هاووڵاتییەکی دیکە کە هاوکاریی هەسەدەی کردووە.
سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیکی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤیزیۆنیدا، گوتی:"گرووپە چەکدارەکان ئامادەن تێكەڵ بە حكومەت ببن و چەکە قورسەكانیان ڕادەست بکەن". نووری مالیکی ڕەخنەی لە سیستەمی ئێستای هەڵبژاردن گرت و جەختی کردەوە کە پێویستی بە پیاچوونەوەیە، هەروەها دووپاتی کردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی پێوەرێکی دیاریکراوی بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق داناوە، بەڵام بڕیاری نەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی لە خولی دووەمی سەرۆکوەزیران بێبەش بکرێت. سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، گوتی: "ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی عێراق بە رێککەوتنی کاتی چارەسەر ناکرێن، بەڵکوو پێویستیان بە داڕشتنی یاسایە و پڕۆسەی سیاسیی دوای ھەڵبژاردن وا دەخوازێت بچمە هەرێم بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە ئاڵۆزییەکان". لەکۆتاییدا گوتی: "ئێمە نامانەوێت بەشێک بین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمریکا؛ بەڵکو دەمانەوێت ڕۆڵی نێوەندگیری ببینین، عێراق نابێتە بەشێک لە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام یان هیچ ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل".
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هێرشی کردە سەر ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا و رایگەیاند: دەستی کردووە بە ئەنجامدانی ئەو كارانەی تەلئەبیب قبوڵیان ناکات. دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردەوە: ناتانیاهۆ لە کۆبونەوەی کابینەی ئەمنی بچوكراوەدا، بە توندی هێرشی كردووەتە سەر هەڵسوکەوتی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا دوای سەردانەكەی بۆ کۆشکی سپی. ناتانیاهۆ وتویەتی: شەرع بە فوتێكراوی لە واشنتۆن گەڕاتەوەو، دەستیکردووە بە ئەنجامدانی کارێک کە ئێمە قبوڵ ناکەین، ئاماژەی بەوەشکردووە، شەرع دەیەوێت هێزەکانی روسیا بهێنێتە سنوری ئیسرائیل و سوریا. دەستەی پەخشی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەكردووە، شەرع لە کاتی سەردانەکەی بۆ کۆشکی سپی بە سەرۆک ترەمپی وتووە: ئیسرائیل دوای رووخانی رژێمی پێشوو رێککەوتنی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەستبوونی ساڵی 1974ی پێشێلکردووە، ئامادەبوونی خۆی فراوانتر کردووەو هێزی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەرکردووە و زیاتر لە هەزار هێرشی ئەنجامداوە، بەهێرش بۆ سەر کۆشکی سەرۆکایەتی و وەزارەتی بەرگریشەوە، بەڵام وڵاتەکەی وەڵامی سەربازیی نەداوەتەوە، چونکە دەیەوێت وڵاتەکە ئاوەدان بکاتەوە.
هاوسەرۆکانى دەم پارتى ڕایدەگەیەنن پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی دەکەین بۆ چوون بۆ ئیمرالی، سەردانەکەی داهاتووی ئیمرالی هەنگاوێکی مێژوویی دەبێت بەرەو کۆتایی هاتنی هەمیشەیی ئازاری دەیان ساڵە و دامەزراندنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی. بناغەی دیالۆگ و پەرەپێدانی کەناڵە شەفافەکانی پەیوەندی لە ئیمرالی پەنجەرەیەکی ناوازەی دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیە دەخەنە ڕوو. کۆمیسیۆنی ئاشتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا بڕیاری دا سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆببێتەوە. دەم پارتی پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات و بە "هەنگاوێکی مێژوویی" ناوی دەبات، هاوکات رەخنە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەگرێت بۆ رەتکردنەوەی بەشداریکردن لە شاندەکەدا. لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى، تولای هاتیمۆغولاری و تونسێر باکرخان هاوسەرۆکانی دەم پارتی، سەبارەت بە بڕیاری کۆمیسیۆن بۆ چوون بۆ ئیمرالی ڕاگەیاند: سەردانەکەی کۆمیسیۆن بۆ ئیمرالی سەردەمێکی نوێ لە تورکیە دەستپێدەکات؛ سیاسەتی ترس جێگەی هیوا و متمانە بە پێکەوەژیان دەگرێتەوە. ئەم کۆبوونەوەیە شەفافیەت و دڵسۆزی پرۆسەکە بەهێزتر دەکات و بەشداری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە بنیاتنانی ئاشتیدا بەهێزتر دەکات. هاوسەرۆکانى دەم پارتى دەشڵێن : ئێمە متمانەی تەواومان هەیە کە کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن لە دڵنیابوون لە پێشکەوتنی پرۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست و سەلامەت. بە دڵ و گیان دەستخۆشی لە ئەندامانی کۆمسیۆن دەکەین کە ئەم سەردانە ئەنجام دەدەن و سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکی پەرلەمان نومان کورتولموش دەکەین بۆ ڕۆڵی بنیاتنەریان لە کارەکانی کۆمسیۆن. کۆمیسیۆنی "پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کە لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، ئەمڕۆ هەینی بڕیاری دا شاندێک رەوانەی زیندانی ئیمراڵی بکات. ساروهان ئۆلوچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هەر فراکسیۆنێکی نێو کۆمیسیۆنەکەدا یەک ئەندام بەشدار دەبێت و بڕیارە کۆمیسیۆنەکە چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت." گوتیشی، "ئەم هەنگاوە بۆ چارەسەری کێشەی کورد و ئاشتیی تورکیا گرنگە." جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە رایگەیاند، بەشداریی سەردانەکە ناکات.
کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کۆبویەوەو دەنگ بە بەڵێ دا و شاندێک دەچێتە ئیمرالى. بەپێى هەواڵى میدیاکانى تورکیا، کۆمیسیۆنەکە دەنگی دا بۆ چوون بۆ ئیمرالی. دەنگدانەکە ٣٢ "بەڵێ" و ٢ "نەخێر" و ٣ ئەندام ئامادەنەبوون. کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڕیاری دا شاندێک رەوانەی ئیمراڵی بکات بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە. دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى کۆبوونەوەى کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بەرێوەچوو دەنگدانەکەش بەنهێنى بووە. میدیاکانى تورکیا بڵاویانکردەوە، پێش دەنگدانەکە، ئەندامانى جەهەپە کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشتووە. پارتی گەلی كۆماری توركیا (جەهەپە) وەكو یەكەم لایەن هەڵوێستی خۆی ئاشكراكردو رایگەیاند، ئامادە نییە ئەندامەكانی خۆی لە كۆمسیۆنەكە بنێرێت بۆ ئیمرالی. بۆ ئەوەی كۆمسیۆنەكە بڕیار لەسەر چوونی بدات بۆ دیدار لەگەڵ ئ.ۆ.ج.الان پێویستە لەكۆی (51) ئەندام 31 ئەندامیان بە (بەڵێ) دەنگ بدەن.
ڕوانگەی سووری ڕایگەیاند، ئەمریکا چەندین جۆری چەکی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان گواستەوە. ڕوانگەکە کە بارەگاکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، تێبینیی جوڵەی نائاسایی فڕۆکەی بارهەڵگری ئەمریکایان لە فڕۆکەخانەی خرابجیر لە پارێزگای حەسەکە کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، نیوەڕۆی پێنجشەممە، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئەمریکا لە بنکەکە نیشتووەتەوە و پاشان ئێوارەی هەمان ڕۆژ فڕۆکەیەکی دیکەی بارهەڵگر لە فڕۆکەخانەکە نیشتووەتەوە کە ژمارەیەک تۆپهاوێز و سەکۆی هەڵدانی مووشەک و سیستمی ڕادار و بەرگریی ئاسمانی هەڵگرتووە، هەروەها ژمارەیەک سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشی تێدابووە. ڕوانگەی سووری ئەوەشی خستووەتەڕوو، هاوکات لەگەڵ نیشتنەوەی فڕۆکە بارهەڵگرەکان، جوڵەی چڕی هێلیکۆپتەرەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان هەبووە بۆ پاراستنی فڕۆکەکان. ڕوانگەکە دەشڵێت، گواستنەوەی ئەو چەک و کەلوپەلە سەربازییانە لە چوارچێوەی جوڵەی لۆجستی بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دێت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە، بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش و درووستبوونی توندوتیژی لە ناوچەکەدا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، پلانیان هەیە بۆ کشانەوەی 600 سەرباز لە سووریا، هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک باسی لە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا کردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند: شەڕ و پێکدادانەکان لە بەرەی (غانم ئەلعەلی) لە دەورووبەری ڕەققە وەستاون، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی حکوومەتی دیمەشق ناوچەکەیان تۆپباران کردبوو. هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کردووە، هێزەکانی حکوومەتی سووریا (دیمەشق) بەرپرسیاری سەرەکیی ئاڵۆزکردنی دۆخی ئەو ناوچەیەن و ئەوەی ڕوویداوە، هەوڵێکە بۆ تێکدانی دۆخی ئەمنی و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی. لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات هۆشداری دەدەن و جەخت دەکەنەوە، بێدەنگ نابن و وەڵامی هەر هێرش و دەستدرێژییەک دەدەنەوە کە بکرێتە سەر ناوچەکانیان.
دەزگای ئاسایشی هەرێم روونکردنەوەیەک سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵێکی ناڕاست بڵاوکردەوە. دەزگای ئاسایشی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، سەبارەت بەدەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ماددەی هۆشبەر لەشاری سلێمانی لە رۆژی 19ـی 11ـی 2025، کە چالاکییەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی مادە هۆشبەرەکانی کەرکوک سەربە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عیراق بە سەرکەوتوانە ئەنجامدراوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێکی ناڕاست بڵاوکرایەوە کەدەستەی حەشدی شەعبی لە شاری سلێمانی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردبێت، دەزگای ئاسایشی هەرێم رایدەگەیەنێت کە ئەم هەواڵە دورە لە راستییەوە، دوای ئەوەی نوسراوی رەسمی دادوەری لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی کەرکوکمان بەدەست گەیشت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە هەماهەنگی تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی مادە هۆشبەرەکانی کەرکوک کە پێکهاتبوون لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ناوبرا و بە هاوەڵی سێ ئەفسەری هەمان بەڕێوەبەرایەتی، بەسەرکەوتوانە توانرا بازرگانێکی مادەی هۆشبەر دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی سێ کیلۆگرام حەشیش. دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت: لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر بەماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان لە گرتوخانەی دەزگای ئاسایش لەشاری سلێمانی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.
