مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕایگەیاند، پابەندبوونی خۆی بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپات کردووەتەوە. ئەو فەرماندەیە ئاشکرای کرد، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ تۆم باراک، نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، ئەنجام داوە. لە پەیوەندییەکەدا، تاوتوێی ئەنجامی کۆبوونەوەی نێوان باراک و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە کۆشکی سپی کراوە و جەخت لە پابەندبوون بە خێراکردنی پرۆسەی یەکگرتنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا کراوەتەوە. فەرماندەی هەسەدە پەیوەستبوونی سووریای بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە "هەنگاوێکی سەرەکی" بۆ بەهێزکردنی هەوڵە هاوبەشەکان وەسف کرد. ئاماژەی بەوەشدا، ئەم هەنگاوە پاڵپشتیی دەستپێشخەرییەکان دەکات بۆ گەیشتن بە شکستی هەمیشەیی ئەو ڕێکخراوە و نەهێشتنی مەترسییەکانی لەسەر ناوچەکە. مەزڵوم عەبدی ڕاشیگەیاند، "ئێمە بە پەرۆشەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان و بە هەماهەنگییەکی نزیک کاردەکەین بۆ پێشخستنی پێشکەوتن بەرەو داهاتوویەکی خۆشگوزەرانتر و پارێزراوتر بۆ گەلەکەمان لە سووریایەکی یەکگرتوودا."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بنکەیەکی تایبەت لە شاری هەولێر دەنگیدا و رایگەیاند، "ئەم هەڵبژاردنە یەکێکە لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی عێراق." ئەمڕۆ سێشەممە 11-11-2025، لەگەڵ کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بنکەیەکی تایبەت لە هۆتێل رۆتانای شاری هەولێر لەگەڵ هەردوو کوڕەکەی دەنگیدا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "گرنگە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەم رۆژەدا بە ئەرکی خۆیان هەستن و بەرەو سندووقەکانی دەنگدان بڕۆن." نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "هیوادارین ئەم هەڵبژاردنە سەرەتای قۆناخێکی نوێ بێت بۆ عێراق. سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "کوردستان دەبێ زۆر بەهێزەوە لە بەغدا بێت". نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، " گفتوگۆ لەگەڵ هیچ کەس رەتناکەینەوە". لەبارەی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نێچیرڤان بارزانی گوتی، "دوای هەڵبژاردن گەڕێکی نوێی گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکەینەوە."
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سزاکانی یاسای سیزەری بۆ سەر سووریا راگرت، تەنیا هەندێک خاڵی دیاریکراو نەبێت، لەوانەش مامەڵەکردن لەگەڵ رووسیا و ئێران. یاسای پاراستنی هاوڵاتیانی سووریای سیزەر، یاسایەکی ئەمریکییە کە لە ساڵی 2019 دەرچووە و سزای سەپاندووە بەسەر تاکەکان، قەوارەکان، و دامەزراوە حکومییەکان کە پشتیوانی لە رژێمی سووریا دەکەن، لەوانەش ئەوانەی کە پشتیوانی دارایی لە ئامێری جەنگیی رژێمەکە دەکەن. یاساکە بە ناوی فۆتۆگرافەرێکی سوورییەوە ناونراوە کە بەڵگەنامەی ئەشکەنجەدانی لە زیندانەکانی ئەسەددا تۆمار کرد و بڵاویکردنەوە. ـ سزا سەپێنراوەكانی یاسای قەیسەر بە سەر سوریا هەڵپەسێردرا. ـ ئەم هەڵپەساردنە هەندێک مامەڵە لەگەڵ روسیا و ئێران ناگرێتەوە. ـ ئەمریکا پابەندە بە سوریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو و ئارام
فەرهاد شامی، بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، بە پێچەوانەی بانگەشەی هەندێک لایەن سوریای بەجێنەهێشت، بەڵكو بەردەوامە لە بەهێزکردنی بوونی خۆی لە شوێنە ستراتیژییەکانی ناوخۆی سوريا. فەرهاد شامی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نوسیویەتی: نەیارەكانمان پێیان وابوو هاندانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی پشتیوانییەکانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات لەڕێی ناچارکردنی ئەو هێزانەوە دەبێت بۆ جێهێشتنی ناوچەکە، بەڵام واقیع تەواو پێچەوانەکەی سەلماندووە. ئاماژەی بەوەشکردووە: هاوبەشی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی درێژدەبێتەوە بۆ نزیکەی دە ساڵ، پاشەكشێی نەكردووەو سازشی لەسەر نەکراوە، بەڵکو بەشێوەیەكی قوڵتر چەسپاوە. جەختیشكردووە: بەردەوامی ئەم هاوبەشییە نمایندەی پێویستییەکی ستراتیژی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکات، کە لە متمانەی هاوبەش و قوربانیدانی هاوبەش لە شەڕی دژی تیرۆرەوە سەرچاوەی گرتووەو ئەوانەی گرەو لەسەر پاشەكشێی ئەم هاوبەشییە دەکەن، هەڵەن و پێویستە بە وردی بە حیساباتەکانیاندا بچنەوە.
کۆنگرەی نهتهوهیی کوردستان ڕایگهیاند، هەڵبژاردنەکانی ئێستای عێراق گرنگییەکی تایبەتیان هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و گەلەکەی، دهشڵێت، سەرکەوتنی ئەم هەڵبژاردنانە پێویستی بە دابینکردنی کەشێکی ئازادانە و دروست و شەفاف هەیە و مسۆگەرکردنی ئازادیی هەڵبژاردن بەبێ هیچ فشار و دەستێوەردانێک و بنهماكانی پێكهوهژیان و یهكترقبوڵكردن، كلیلی چارهسهری و ئاشتییه بۆ ئایندهی عێراق. کۆنگرەی نهتهوهیی کوردستان (كهنهكه) له بهیاننامهیهكدا لهبارهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق، باسی لهوهكردوه، "لەکاتێکدا بە سەرنجێکی تایبەت چاودێری پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەین، جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە هەڵبژاردنەکانی ئێستای عێراق گرنگییەکی تایبەتیان هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و گەلەکەی، بەهۆی کاریگەرییە ڕاستەوخۆیەکەیان لەسەر داهاتوی سەقامگیری سیاسی و دەستوری لە وڵاتدا". ئاماژهی بهوهشكردوه، سەرکەوتنی ئەم هەڵبژاردنانە پێویستی بە دابینکردنی کەشێکی ئازادانە و دروست و شەفاف هەیە، و مسۆگەرکردنی ئازادیی هەڵبژاردن بەبێ هیچ فشار و دەستێوەردانێک، لەگەڵ دورکەوتنەوە لە هەمو ئەو کردەوانەی کە زیان بە ناوبانگیی سیاسیی هەرێم و مافەکانی هاووڵاتیانی ههرێم بگهیهنن، "داوا له خهڵك دهكهین بەشداریی سیاسی بکەن بە ئەرکی خۆیان، بێگومان دەنگدانیش بەیەک لە کۆڵەکەکانی دیموکراسی دادەنرێت". کۆنگرەی نهتهوهیی کوردستان دهڵێت، "ڕو به تهواوی هێزه سیاسییهكانی عێراقیش دهڵێین: بنهماكانی پێكهوهژیان و یهكترقبوڵكردن، كلیلی چارهسهری و ئاشتییه بۆ ئایندهی عێراق، گەلی ئێمە بەئاگایە کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ بەکارهێنانی ناکۆکییە ناوخۆییەکان بۆ زیانگەیاندن بە مافە دەستوورییەکان لە عێراقی فیدڕاڵ کە بەری ڕەنجی تێکۆشانی چەندین ساڵەی میلەتەکەمان، کە پاراستنی ئەم دەستکەوتانە لەسەرملی هەرکەسێکی نیشتمانپەروەرە".
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت کۆتایی هاتووە و دەرکەوتووە کە ئەنجامی ژماردنی ئەلیکترۆنی و دەستی هیچ جیاوازییەکیان نییە. جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆن، بە فەرمی ڕایگەیاند، "پرۆسەی جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی و دەستی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت کۆتاییهاتووە و دەرکەوت، کە ئەنجامەکان هاوشێوەی یەکتربوون". ئەمەش دڵنیایی دەدات لەسەر وردی و دروستیی پڕۆسەکە. گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی لە یەکترگونجانی ئەنجامەکان دڵنیابوونەتەوە، کۆپییەکی ئەنجامەکان ڕادەستی نوێنەری حیزب و هاوپەیمانییە سیاسییەکان کراوە. سەبارەت بە سکاڵاکان، جومانە غەلای پێشتر ڕایگەیاندبوو، لەسەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەتدا، تەنها 4 سکاڵای کەم تۆمارکراون. پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت ڕۆژی 9ی مانگ بەڕێوەچوو. بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداریکردن زۆر بەرز بووە و گەیشتووەتە 82.42%. لەم دەنگدانەدا، 1,313,980 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق مافی دەنگدانیان هەبوو.
محەمەد شیاع سوودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق، پیرۆزبایی لە هێزە ئەمنییەکان دەکات بەبۆنەى بەشداریی کارایان لە هەڵبژاردن و جەختدەکاتەوە لەسەر دابینکردنى ژینگەیەکى ئارام و سەقامگیر بۆ هەڵبژاردنەکان دوور لە هەر پێشێلکاریی و کاریگەرییەک. سوودانى بەبۆنەى کۆتاییهاتنى دەنگدانى تایبەت ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان کرد بەبۆنەى پەیڕەویکردنى مافى دەستوورییان و بەشداریی کارا و هۆشیارانەیان لە هەڵبژاردن و دیاریکردنى نوێنەرانیان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى داهاتوو. دەقى ڕاگەیەندراو خوشکان و برایان له هێزە ئەمنی و سەربازییە بوێرەکانمان، سەرەتا پیرۆزباییتان لێدەکەین بەبۆنەی بەجێ گەیاندنی مافە دەستوورییەکەتان و بەشداری چالاکانە و هۆشیارانەتان لە هەڵبژاردنەکان، هەروەها بەبۆنەی هەڵبژاردنی نوێنەرەکانتان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو. لەم ساتەوەختە گرنگەدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەرکی نیشتمانیمان ناچارمان دەکات ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ هەڵبژاردنەکان دەستەبەر بکەین و پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەر پێشێلکارییەک یان دەستوەردانێک بپارێزین، ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی ئەمڕۆ بەدەست هاتووە، بەرهەمی هۆشیاری و پابەندبوون و قوربانیدانتانە، ئەمەش هێزەکانمانی کردووە بە نموونەیەکی جوان و چاوی لێ بکەین. با لەسەر ئاستی ئەو متمانەیە بین کە گەلەکەمان پێی بەخشیوین و ڕۆژی هەڵبژاردن بکەینە ڕۆژێک ڕەنگدانەوەی هۆشیاری و دڵسۆزی کارمەندە ئەمنییەکانمان بێت بۆ نیشتیمانی خۆیان، با ئەم هەڵبژاردنانە بکەینە نموونەیەکی باش لە پابەندبوون و هۆشیاری و بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتیان بۆ ئەنجامدانی شایستە دەستوورییەکەیان. خوای گەورە هێزە چەکدار و ئەمنییەکانمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بپارێزێت و لە شەهیدانمان خۆش بێت و شیفای بریندارەکانمان بدات و عێراق و گەلەکەی لە هەر خراپەیەک بپارێزێت. محەمەد شەیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق هێڵە کاتییە دەستورییەکان بۆ پێکهێنانی پهرلهمان و حكومهت لە عێراق ڕوندهكاتهوه و دهڵێت، بهگوێرهی دهستور دهبێت 45 ڕۆژ پێش کۆتاییهاتنی خولی ئێستا ههڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، لهكاتێكدا خولی ئێستا لە 9ی 1ی 2022 دەستیپێکردوە، بۆ ماوەی چوار ساڵی ڕۆژمێری بەردەوام دەبێت بۆیه دیاریكردنی 11ی 11ی 2025، وەک بەرواری هەڵبژاردنی پەرلەمانی، پێشێلکارییەکی ڕونه و لەسەر بنەمای هیچ دەستوری و یاسایی نییە دیارینهكراوه. فائیق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئهمڕۆ دوشهممه له نوسینێكدا باسی لهوهكردوه، "گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە هەر چوار ساڵ جارێک، بەپێی ئەو میکانیزمانەی لە دەستوردا هاتووە، بە یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکان بۆ عێراق لە ساڵی 2003ەوە دادەنرێت، پهرلهمانی عێراق کە یاساكان دهردهكات به (دایك) دادەنرێت کە حکومەت، نوێنەرایەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لێیەوە پێکدێت، ئەندامانی پهرلهمان بە دەنگدانی نهێنی ڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن، بەپێی مادەی 49ی دەستور". ئاماژهی بهوهشكردوه، لە مادەی 56ی دەستوردا هاتوە، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ دەبێت لە 45 ڕۆژ پێش کۆتاییهاتنی خولی ئێستای پەرلەمان ئەنجام بدرێت، بە سەرنجدان بەوەی کە خولی ئێستا لە 9ی 1ی 2022 دەستیپێکردوە، بۆ ماوەی چوار ساڵی ڕۆژمێری بەردەوام دەبێت بەپێی مادەی 56/یەکەم، وادەی دەستوری بۆ هەڵبژاردنەکان دەبێت 24ی تشرینی دوەمی 2025 بێت، بۆیە دیاریکردنی 11ی تشرینی دوەمی 2025، وەک بەرواری هەڵبژاردنی پەرلەمانی، پێشێلکارییەکی ڕون پێکدەهێنێت، چونکە لەسەر بنەمای هیچ دەستوری و یاسایی نییە دیارینهكراوه. سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق دهڵێت، لە ماددەی 20ی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا هاتوە، ماوەی تانەدان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن سێ ڕۆژە لە بەرواری ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانەوە. کۆمسیۆن پێویستە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا وەڵامی تانەکان ئامادە بکات و پێشکەشی دەسەڵاتی دادوەری هەڵبژاردنەکان بکات، کە دەبێت لە ماوەی 10 ڕۆژدا دوای وەرگرتنی تانەکان بڕیارێک دەربکات، دوای تەواوبونی ئەم وادانە، کۆمسیۆن ئەنجامە کۆتاییەکان دەنێرێت بۆ دادگای فیدڕاڵی بۆ پەسەندکردن، دواتر کۆمیسیۆن سەرۆکی کۆمار ئاگادار دەکاتەوە، کە دواتر داوای کۆبونەوەی پەرلەمانی نوێ دەکات بە فەرمانی سەرۆکایەتی لە ماوەی (15 ڕۆژ) لە بەرواری پەسەندکردنەوە. پهیوهست به یهكهمین كۆبونهوهی پهرلهمانی عێراق، فائیق زێدان دهڵێت، "پەرلەمانی نوێ بە سەرۆکایەتی بهتهمهنترین پهرلهمانتار كۆدهبێتهوه بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و هەردو جێگرەکەی، بەپێی مادەی (55)ی دەستور، پاشان بە پێی مادەی (٧٢/یەکەم/ب)ی دەستور، لە ماوەی (30 ڕۆژ) لە کاتی بانگهێشتکردنی، سەرۆکی کۆمار هەڵدەبژێرێت، دوای هەڵبژاردن، سەرۆک کۆمار کاندیدی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی ڕادهسپێرێت بۆ پێکهێنانی حكومهت لە ماوەی (١٥) ڕۆژدا، پاشان کاندیدەکە 30 ڕۆژ مۆڵەتی پێدەدرێت بۆ ئەوەی کابینەکەیان بخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی متمانە پێبدرێت، ئەوەش بەپێی مادەی (76)ی دەستور". ئهوهشی خستوهتهڕو، بە پشتبەستن بەو وادە دەستوریانە، کۆی ئەو کاتەی کە پێویستە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ درێژدەبێتەوە بۆ نزیکەی چوار مانگ، بهڵام دەتوانرێت ماوەی چوار مانگی پێکهێنانی حکومەت بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکرێتەوە ئەگەر یەکەم ڕۆژی هەر قۆناغێکی دەستوری بەکاربهێنرێت، نەک چاوەڕێ بکرێت تا زۆرترین وادە تەواو دەبێت.
هێزهكانی سووریای دیموكرات (ههسهده) بهرپرسێكی باڵای داعشیان له كهمپی هۆل دهستگیركرد، ئهو كهسه به رهگهز عێراقییه. ناوەندی راگەیاندنی هێزهکانی سووریای دیموکرات، ئهمڕۆ 8ی تشرینی دووهم بڵاویكردهوه، لە چوارچێوەی شەڕی بەردەوامی دژی تیرۆر و رێکخراوی داعش و هەوڵەکانی بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تۆڕە شاراوەکانی، تیمەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی (TOL) سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەرەبەیانی ئهمڕۆ لە کەمپی هۆل ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی ئەمنییان ئەنجامدا. هەسەدە دەڵێت، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا بەرپرسێکی باڵای رێکخراوی داعش بە ناوی "بەها مسێری"، کە بە "ئەبو عەبدولڕەحمان" ناسراوە و بە رەگەز عێراقییە، دەستگیرکرا. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کەسی دەستگیرکراو رۆڵێکی سەرەکی لە چالاککردنی شانەکانی رێکخراوەکە لەناو کەمپەکەدا و بەڕێوەبردنی شانەکانی لە دەرەوەی کەمپەکەدا هەبووه. هەسەدە دهڵێت، بە دەستگیرکردنی ئەم کەسە گورزێکی کاریگەریان لە تواناکانی رێکخراوەکە داوه و بووە خاڵێکی گرنگ بۆ لەیەکجیاکردنەوەی زنجیرەی پەیوەندی، رێگەکانی دارایی و جمووجوڵەکانی.
ئەمڕۆ لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، رێپێوانێکی جەماوەریی بەڕێوەچوو. عەبدوڵا ئۆجەلان، لە زیندانی ئیمراڵییەوە پەیامێک بۆ رێپێوانی كۆڵن دەنێرێت و تیایدا دەڵێت: رێپێوانی كۆڵن تەنیا بۆ ئازادی من نییە، بەڵکو بۆ چارەسەری پرسی کوردە، ئازادی من لە ئازادی گەلی کورد جیاناكرێتەوە. پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕێپێوانی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە شاری کۆڵن، بەم جۆرەیە: 'ئازادی واتە دیموکراسی و هاووڵاتیبوونی یەکسان' "سڵاو بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئاشتی و ئازادییە، بۆ هەموو دۆستانی خۆشەویست، بۆ هەموو هاوڕێ و هەڤاڵان. ئێوە لە سەرتاسەری ئەوروپاوە یەکتانگرت و ڕێپێوانی کۆڵنتان ئەنجامدا. ئەم هەنگاوەتان، زۆر گرنگە. ئەمە تەنها بۆ ئازادیی من نییە، بەڵکوو بۆ چارەسەری دیموکراتیکی دۆزی کورد و تێکۆشانی ئاشتییەکی شکۆدارە. بەم هەنگاوەتان، پێداگریی و بوێریی و هیوا دەبەخشنە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە سەرلەنوێ دەبووژێتەوە. ئازادیی من، دانەبڕاوە لە ئازادیی هاوبەش و دیموکراسیی گەلی کورد و گەلانی تورکیا. وەختێک دەڵێین ئازادی، مەبەستمان ئاشتی و دیموکراسی و هاووڵاتیبوونی یەکسانە. بەم ڕێپێوانە، ئێوە داخوازییەکانمان بۆ چارەسەر و دیموکراسی و ئازادیی بە تەواوی جیهان ڕادەگەیەنن، کە بە ئیرادەوە هەوڵی پەرەپێدان و بەدیهێنانی دەدەین. سەرباری ناوبڕ و پچڕانەکان، ئێمە لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە، هەوڵ بۆ ئاشتی و چارەسەر دەدەین. ئەم هەوڵانە دەیسەلمێنن کە خوشک_برایەتی لەسەر ئەم خاکانە ڕێی تێ دەچێت. 'ئەو هیوایەی نیوەناچڵ هێڵراوەتەوە، ئەمڕۆ دەبووژێتەوە' سەرەڕای هەموو هەوڵەکانمان، هەردەم هیوا لە نیوەی ڕێدا جێهێڵراوە، بەڵام ئەمڕۆ بە هەنگاوەکەمان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕۆحی بەبەردا دێتەوە و دەبووژێتەوە. ڕاستییەکەی، ئەم پرۆسەیە تێپەڕینە لە پرۆسەی شۆڕشی نێگەتیڤەوە بۆ پرۆسەی شۆڕشی پۆزەتیڤ. پێویستە هەمووان وەک ڕاستییەکی گەردوونی و مێژوویی لەم خەسڵەتەی پرۆسەکە تێبگەن. بارێکی نایاسایی بەسەر دیاردەی کورد و تێکۆشانی کورددا سەپێنرا، ئێمە ئیتر تێدەپەڕین بەرەو زەمینەی یاسایی و لەسەر ئەم بنەمایە تێدەکۆشین. بەم ڕێپێوانە بەنرخەی ئێوە، تێکۆشانی چارەسەریی و ئاشتییانە بەرەوپێش دەچێت و دەپشکووێت. "قبووڵکردنی گەلی کورد لەڕێی دەستوورەوە، پەیوەستە بە داهاتووی دیموکراتیکی تورکیاوە" هاوڕێ و هەڤاڵانی هێژا! بۆ ئەوەی گەلی کورد بە شێوەیەکی دەستووری لە چوارچێوەی کۆماردا قبووڵ بکرێت و بوونی خۆی وەک هاوڵاتییەکی یەکسان لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک درێژە پێبدات، پێویستی بە داهاتوویەکی دیموکراتیکی تورکیا هەیە. هەروەها، بۆ ئەوەی کورد لە سووریا و لە هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ سازشکردن لەسەر هەبوون و ئازادیی خۆیان، لەگەڵ هەموو ئایین و گەلاندا بە شێوەیەکی یەکسان، ئازاد و ئاشتییانە بژین، دەبێت پێشەنگایەتی بکەن. ئێمە ئەم دەنگەی ئێوە کە لە ئەوروپا بەرز دەبێتەوە، دەبیستین و دەزانین کە هەموو بەردەنگەکان ئەم دەنگە دەبیستن. لەبەر ئەوەی ئێوە بەهۆی ڕەفتارە نادیموکراتیکەکانەوە ناچار بوون وڵات بەجێبهێڵن، ئێوە ویژدانی چارەسەری و ئاشتین. هەموو هەوڵێکی ئێوە، هەنگاوێکە بۆ خوشک-برایەتی و ئاشتی نراوە. دڵنیام کە بەم ئیرادەیەی ئێوە، گەلی کورد و هەموو چەوساوەکان، دەگەنە داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراتیک. بە خۆشەویستی و ڕێزێکی بێکۆتاییەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم. عەبدوڵا ئۆجالان زیندانی ئیمراڵی، تشرینی دووەمی ٢٠٢٥".
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی توركیا، لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ سەرنوسەری چەند دەزگایەکی راگەیاندنی وڵاتەكەی رایگەیاند: ئەم پرۆسەیەى لە تورکیا دەگوزەرێت، لە ڕاستیدا پرۆسەی ئاشتی نێوان تورک و کورد نییە؛ بەڵکو پرۆسەیەکە لە نزیکەوە لەلایەن پەرلەمانەوە چاودێری دەکرێت، بە راگەیاندنی ئەو رێکخراوە "تیرۆریستییە" دەستیپێکردووە کە شەڕی دەوڵەت دەکات و نیازی خۆی بۆ دانانی چەکەکانی راگەیاندووە، پرۆسەی دانوستان نییە. وتيشى: هیچ دانوستانێک لە نێوان ئەو رێکخراوەو دەوڵەتدا نییەو هەرگیز نەبووە، ئێمە لە لێدوانە گشتییەکانەوە دەزانین کە رێکخراوەکە بەدوای بەدیهێنانی داواکاری توندڕەو ناگەڕێت، بۆ نمونە، دەزانین کە هەندێک داواکاری وەک دامەزراندنی فیدراڵی، یان پێدانی ئیمتیازاتی دیاریکراو، یان پیادەكردنی زمانێکی فەرمی دیکە لە پاڵ زمانی تورکیدا، نەخراونەتەڕوو. وتیشی: ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بڕیاریدا پارتی کرێکارانی کوردستان رێکخراوێکی چەکداری نەماوە، ئەوە بنەمای یاسایی بۆ پرسە بەهێزتر دەکات. جەختیشی كرد لەوەی، داڕشتنی یاسا ئاسانە؛ نوێنەری هەموو لایەنەکان ئامادە دەبن، خاڵی هاوبەش دەدۆزرێتەوە، و باوەڕم پێ بکەن، بەتایبەت دوای ئەوەی لایەنەکان گەیشتنە ڕێککەوتن، دەتوانن هەر یاسایەکتان بوێت لە پەرلەمان لە ماوەی سێ بۆ پێنج رۆژدا دەربکرێت، مەسەلەکە خودی داڕشتنی یاساکە نییە، بەڵکو دڵنیابوونە لەوەی پێشوەختە پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت و خەڵک ئامادەیە بۆ ئەو پرسە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، ناوی سەرۆکی کاتی سوریا و وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەی لە لیستی سزادراوانی تیرۆری جیهانی دەرکرد، بڕیارەکە چەند رۆژێک پێش کۆبونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ترەمپ و شەرع دەرچوو. دوێنێ هەینی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، ناوی هەریەک لە ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەدی جۆلانی) سەرۆکی پێشووی بەرەی نوسرە و دەستەی تەحریری شام و سەرۆکی کاتی سوریا، ئەنەس خەتاب سەرکردەی پێشووی بەرەی نوسرە و تەحریر شام و وەزیری ناوخۆی حکومەتی کاتی سوریای لە لیستی سزای تیرۆریستانی جیهانیی دەرکرد. سڕینەوەی ناوی ئەو دوو بەرپرسەی سوریا لە لیستی سزاکان، پێش کۆبونەوە چاوەڕوانکراوەکەی هەفتەی داهاتووی نێوان ئەحمەد شەرع و دۆناڵد ترەمپ دێت، کە بڕیارە لە واشنتن چاویان بە یەکتری بکەوێت. دوای ئەمەریکا، بەریتانیاش ناوی ئەحمەد شەرعی لە لیستی سزاکانی تیرۆر دەرکرد، وەک کاردانەوەیەکی بەرامبەر بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر شەرع و سڕینەوەی ناوی لە لیستی تیرۆری جیهانی. لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا، دەنگ لەسەر پڕۆژە بڕیارێکی ئەمەریکا درا بۆ سڕینەوەی ناوی هەریەک لە سەرۆکی کاتی و وەزیری ناوخۆی سوریا لە لیستی سزاکان، لە کۆبونەوەکەدا 14 ئەندام دەنگیان لە بەرژەوەندی بڕیارەکەدا و تەنها چین وەک یەک وڵات لە کۆی 15 ئەندامەکە بە بڕیارەکە رازی نەبوو. لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا هاتووە، بەپێی بەندی حەوتەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوی هەریەک لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا و ئەنەس خەتاب وەزیری ناوخۆی سوریا لە لیستی سزای تیرۆریستان دەسڕدرینەوە، کە پێش گرتنە دەستی دەسەڵات و بەهۆی چالاکییان بەسەریاندا سەپێنرابوو. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: ئەو رێکارانە لە چوارچێوەیە زنجیرە بڕیارێکدایە بەرامبەر بەرپرسانی سوریا، ئەوەش دوای روخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سوریا و دوای زیاتر لە نیو سەدە لە سەرکوتکاریی رژێمی ئەسەد.
مارک ساڤایا نوێنەری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق دووپاتی کردەوە کە عێراق بەرەو داهاتوویەکی بەهێز و دوور لە میلیشیاکان بەرەو پێشەوە دەڕوات. لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، ساڤایا وتی، “داهاتووی عێراق بەهۆی خەڵکە بەتوانا و زیندووەکەیەوە گەشاوە دەردەکەوێت، کە بەنرخترین سەرچاوەیە کە هەر نەتەوەیەک خاوەنی بێت.” ئاماژەی بەوەشکرد، “عێراق لەم ساڵانەی دواییدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وڵاتەکە لە ساتێکی سەرەکی لە گەشتە دیموکراسیەکەیدا، با ئەم زەبریە بپارێزین”. جەختیشی لەوە کردەوە “ئەمریکا لەگەڵ عێراقدا وەستاوە لەکاتێکدا بەرەو ئایندەیەکی بەهێز و سەربەخۆ دەڕوات، دوور لە میلیشیاکانی سەر بە بیانییەکان”.
سبەینێ بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کۆتایی دێت و بێدەنگى هەڵبژاردن دەستپێدەکات، ئەوەش پێش چەند رۆژێکى کەم لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند"ماوەی بێدەنگی هەڵبژاردنەکان لە کاتژمێر 7:00ی سەرلەبەیانى رۆژى شەممە دەستپێدەکات و تا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدانی گشتی بەردەوام دەبێت". جەختیشیکردووەتەوە "هەر چالاکییەکی بانگەشەی هەڵبژاردن یان بانگەشەکردن لەلایەن کاندید یان لیستەکانەوە لەم ماوەیەدا پێشێلکارییەکی روونە و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر". کۆمسیۆن دەڵێت "ئامانج لە ماوەی بێدەنگی هەڵبژاردنەکان دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و هاوسەنگە کە رێگە بە دەنگدەران دەدات بە ئازادی بیربکەنەوە و نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن بەبێ کاریگەری ". داواشی لە قەوارە سیاسییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن کرد "بە تەواوی پابەندی ڕێساکانی قۆناغی بێدەنگی هەڵبژاردن بن بۆ پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەستەبەرکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان". وادەى هەڵبژاردن بڕیارە رۆژی (9ـی تشرینی دووەمی 2025) هەڵبژاردنی تایبەت بەڕێوەبچێت و زیاتر لە ملیۆنێک و 313 هەزار و 859 ئەندامى هێزە ئەمنی و سەربازییەکان مافى دەنگدانیان هەیە. هەروەها رۆژى (11ـی تشرینی دووەمی 2025) هەڵبژاردنی گشتى بەڕێوەدەچێت و لەکۆى 29 ملیۆن کەس کە مافى دەنگدانیان هەیە، نزیکەى 21 ملیۆن و 223 هەزار و 319 دەنگدەر تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە و دەتوانن بەشدارى بکەن. ژمارەى کاندیدەکان جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان رۆژى پێنج شەممە لەلێدوانێکی رۆژنامەنوسییدا ئاماژەى بەوەکرد، ئامارى کۆتایی کاندیدەکانى بەشدار لە هەڵبژاردن حەوت هەزار و 744 کاندیدە و 848 کاندید دووخراونەتەوە. کاندیدى هاوپەیمانێتییەکان زۆرترین ژمارەى کاندیدەکان پێکدەهێنن کە زیاترە لە 4 هەزار کاندیدە، پاشان حزبەکان بە زیاتر لە 3 هەزار کاندید، تاکەکەسى 75 کاندید، کە 22 کەسیان کێبڕکێی کورسییە گشتییەکان دەکەن، ئەوانەى تریش کێبڕکێ لەسەر کورسی کۆتاکان دەکەن. هەروەها کاندیدى پێکهاتەکان بەم شێوەیە دابەشبوون: 19 کاندیدى مەسیحى، 14 سابیئەى مەندائی، 7 کاندیدى ئێزیدى، 4 کاندیدى شەبەک، 9 کاندیدى فەیلى. لەناو پارێزگاکاندا بەغداد زۆرترین کاندیدى هەیە بە 2 هەزار و 295 کاندید، پاشان نەینەوا بە هەزار و 47 کاندید، دهۆکیش کەمترین کاندیدى هەیە کە 59 کاندیدە.
