مەزڵووم عەبدی جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە سووریا ببێتە وڵاتێکی لامەرکەرزی. دەشڵێت "کۆتایی هەموو شەڕێک دیالۆگە، بۆیە پێویست ناکات چیدیکە شەڕ بکەین." بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دەیان سەرکردە و بەرپرسی حکوومی و حزبیی عێراق و کوردستان؛ سێیەمین ڕۆژی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس25) دەستیپیکرد.  مەزڵووم عەبدی لە سێیەمی ڕۆژی ئەم کۆڕبەندە، گوتارێکی پێشکەش کرد؛ تێیدا سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ڕێکخەرانی مێپسی کرد بۆ بانگهێشتکردنەکە. ئەو، خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکە دەربڕی و گوتی "زۆر بە گەرمی پێشوازیمان لێ کراوە." فەرماندەی گشتیی هەسەدە هیواشی خواست، ئەنجام و ڕاسپاردەکانی شەشەمین کۆڕبەندی مێپس لە شاری دهۆک، یارمەتیدەربن لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بەقەڕارکردنی ئاشتی لە ناوچەکە.    ڕێککەوتنی 10ـی ئادار و لێکەوتەکانی مەزڵووم عەبدی لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری ئەمساڵ لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریادا کرد و گوتی "ئەو ڕێککەوتنەی لە 10ـی ئادار، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا واژۆمان کرد، ڕێگری لە ڕوودانی زۆر شت کرد. ئێمە لە نێو شەڕێکی سەختدا بووین، بەڵام بەهۆی ئەو ڕێککەوتنە، شەڕەکە وەستا. هەروەها ڕێگری لە دابەشبوونی سووریا و تۆڵەسەندنەوە لە نێوان پێکهاتەکانی هەموو پارێزگاکانی وڵاتەکەدا گرت، چونکە بەشێکیان پلانیان هەبوو دوای ڕووخانی ڕژێم، تۆڵە لە یەکدی بکەنەوە." بە گوتە عەبدی، بە درێژایی 100 ساڵی ڕابردوو لە سووریا، دان بە مافەکانی گەلی کورددا نەنراوە، تەنانەت باس لە پرسی کوردیش نەکرابوو، بەڵام لە ڕێککەوتنی 10ـی ئاداردا، بە ڕوونی باسی پرسەکە کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە، پێویستە مافەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی سووریا، لە چوارچێوەی دەستووری نوێدا دەستەبەر و دابین بکرێن. مەزڵووم عەبدی گوتیشی "پێمانوایە ناکرێت سووریا بگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتێکی مەرکەزیی هاوشێوەی سەردەمی ڕژێمی بەعس، دوای 15 ساڵ شەڕ، پێویستە سووریایەکی لامەرکەزی هەبێت و هەموو هەرێمێک خۆی بەڕێوەببات. ڕاستییەک دروست بووە و ناتوانین نکۆڵی لێ بکەین، پێویستە هەموو کەسێک ئەم ڕاستییە قبووڵ بکات و لەم چوارچێوەیەدا هەنگاو بنێت."   "کۆتایی هەر شەڕێک دیالۆگە" فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند "ماوەیەکی زۆر درێژە لە نێو شەڕداین، زۆر باش دەزانین و بینیمان، کۆتایی هەر شەڕێک دیالۆگە،  کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێن. لە شەڕدا ئەگەر سەرکەوتنیش بەدەستبهێنیت، هەر دەبێت دیالۆگ بکەیت. ئەمەمان بە شێوەیەکی زۆر چالاک لە سووریا بینی." مەزڵووم عەبدی هۆکاری ڕووخانی ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەدی ئاشکرا کرد و باسی لەوە کرد "هۆکاریی سەرەکیی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ڕەتکردنەوەی دیالۆگ و سووربوون بوو لەسەر سیستەمی مەرکەزی، بینیمان دواتر کە چۆن شۆڕشێک لە دژی هەڵگیرسا و لەنێوچوو. " بە گوتەی عەبدی  ئێمە لە سەرەتای ڕاپەڕینەکانی سوریا، لە سەرەتای شۆڕشەوە، دژی شەڕ بووین. تا ناچارکراین شەڕ بکەین، شەڕمان نەکرد. تا مەترسیمان لەسەر نەبوو، شەڕمان نەکرد. ئێمە تەنیا پارێزگاریمان لە خۆمان کردووە. ئێستا ڕێگەی دیالۆگمان هەڵبژاردووە و پێویست ناکات چیدیکە شەڕ بکەین. ئەمە بۆچوونی ئێمە و هەموو گەلی سووریایە، چونکە بە شەڕ کێشەکان چارەسەر نەکرێن."

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، لە یەکەم ڕۆژی ماوەی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، زیاتر لە 30 تانە لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمارکراوە و ئەمڕۆ چوارشەممە و سبەی پێنجشەممەش لە وەرگرتنی تانەکان بەردەوام دەبن. بیلال ئەکرەم عەباس، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، لە ڕۆژی یەکەمی ماوەی تانە تۆمارکردن،  زیاتر لە 30 تانە لەلایەن کاندید و لایەنەکان لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمارکراون.  کۆمیسیۆن هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، ڕۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەش دەرفەت بە کاندید و لایەنەکان دراوە کە ئەگەر گومانیان لە ئەنجامەکان هەبێت تانە تۆمار بکەن، دواتریش لە حەوت ڕۆژدا کۆمیسیۆن وەڵامی تانەکان دەداتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا و شازادەی جێنشینی سعودیە لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و ترەمپ وتی، "کۆبوونەوەکەمان باشبوو و سعودیە وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەکات. ڕاشیگەیاند، پێم وایە ڕێککەوتنی وزەی ئەتۆم لەگەڵ سعوودیە دەکەین. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، "شازادەی جێنشینی سعودیە هاوڕێیەکی نزیکی منە و لە کۆشکی سپیدا ڕێزی زۆری لێدەگیرێت. کارکردن لەگەڵ سعودیە دەرفەتی نوێ بەڕووی ئەمریکا دەکاتەوە و ئێستا پەیوەندییەکانمان لە باشترین کاتیدایە". لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ وتی، "سوپاسی سعودیە دەکەم کە بە بەهای 600 ملیار دۆلار دەستیان بە وەبەرهێنان لە ئەمریکا کردووە و هیوادارم بەهای وەبەرهێنانیان لە وڵاتەکەماندا بگاتە یەک تریلیۆن دۆلار".   ئاماژەی بەوەشکرد، شازادەی جێنشینی سعودیە داوای لێکردووە سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت، هاوکات وتیشی، سعوودیە فڕۆکەی ئێف 35 لە ئەمریکا دەکڕێت و پێم وایە ڕێککەوتنی وزەی ئەتۆم لەگەڵ سعوودیە دەکەین.  محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە ڕایگەیاند، باوەڕمان بە داهاتوویەکی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا هەیە و دەتوانین بەهای وەبەرهێنانمان لەو وڵاتە بگەیەنینە یەک تریلیۆن دۆلار. لەلایەکی دیکە؛ وتیشی، بەرامبەر دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین کاردەکەن "بۆئەوەی بەمزوانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەینەوە و ببنە بەشێک لە ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی".

ئەمڕۆ سێشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2025، لە شاری دهۆک سەرۆک مەسعود بارزانی، لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا وەک ئەوەی لە ڕاگەیەنراوێکی بارەگای بارزانیدا هاتووە، هەردوولا پیرۆزباییان لە یەکتری کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە کەشێکی ئارام و بێ کێشە بەرێوەچوو و هەردوولا هیوایان خواست ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق بیت. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر یاسای هەڵبژاردن لەپێناو دادپەروەریی زیاتر پێویستی بە گۆڕین هەیە. بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ کران. جێگەی ئاماژەپێدانە لەو دیدارەدا هەریەک لە فوئاد حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و بەها ئەعرەجی و ئەحمەد ئەلئەسەدی و قوسەی مەحبوبە ئەندامانی هاوپەیمانێتیی ئاوەدانکردەوە و گەشەپێدان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەڵێ، ئەگەر کۆمیسیۆنی پەرلەمان نەچێتە ئیمراڵی، پێویست بکات خۆی دەچێت.  دەوڵەت باخچەلی ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2025 لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، باسی رۆژەڤی کرد. باخچەلی، ئاماژەی بە پێویستییەکانی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە کرد و رایگەیاند، یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێو پڕۆسەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلانە و پێویستە کۆمیسیۆنی پەرلەمان گوێی لێ بگرێت. باخچەلی گوت: "ئەگەر کۆمیسیۆن نەچێتە ئیمراڵی، ئەو لە چوون بۆ ئیمراڵی خۆی پاشدانادات".  باخچەلی، بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت، رەخنەی لە ئیی پارتی گرت کە دژی پڕۆسەکەیە و گوتی، بۆچی ''تورکیایەکی بێ تیرۆر'' ئێوە بێزار دەکات.   دەقی قسەکانی دەوڵەت باخچەڵی:   کۆمیسیۆن 17یەمین کۆبوونەوەی خۆی دەکات. دوای ئەوە، ئەگەری هەیە ئەو شاندەی دەچێتە ئیمراڵی، پێکبهێندرێت و دەستنیشان بکرێت. دەبێت کۆتایی بەو مشتومڕانە بهێندرێت کە رۆژانێکە بەردەوامن لەبارەی 'ئایا بچنە ئیمراڵی یان نەچن؟'. ئەگەر بمانەوێت ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر بە پێوەرێکی دروست و دڵسۆزانە بێتەدی، ئەوا هیچ مانایەک بۆ دواخستنی چوون بۆ ئیمراڵی نامێنێتەوە. ئەگەر پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەگەڵ یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێو پڕۆسەکە دانەنرێت، چۆن دەگەینە ئەنجام؟ چۆن پێشڤەچوون بەدەست دێت؟ ئەگەر ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان پێکهاتووە لەم چوارچێوەیەدا بڕیار نەدات، ئەگەر هیچ کەسێک ئارەزووی ئەو سەردانە نەکات، ئەگەر هەمووان پێداگیر بن لەسەر ئەوەی رۆڵی سێ مەیموونەکە بگێڕن، ئەوا بە راشکاوی دەیڵێم: من لەوە پاشگەز نابمەوە کە لەگەڵ سێ هاوڕێمدا، بە توانای خۆمان بچینە ئیمراڵی و لە دەوری مێزێک رووبەڕوو دابنیشین.  

فایەق زیدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، لە وتارێکدا لە کۆڕبەندی مێپس 2025، گوتی: عێراق دەتوانێت ڕۆڵی یاریزانێکی سەرەکی لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببینێت. سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، گوتیشی: دەستوور بنەمای بەڕێوەبردنی وڵات و کلیلی سەرەکیی چارەکردنی کێشەکانە.  فایەق زیدان، لە درێژەی گوتارەکەیدا گوتی: بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و چەسپاندن یاسا، دەبێت ڕێگریی لە دەستوەردانە دەرکییەکان بکرێت. ڕادەستکردنی دەسەڵات لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێزگرتنی یاسادا بێت. بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەسەر ململانێ ئایدۆلۆجییەکاندا زال بکرێن و متمانەی نێوان حکوومەت و هاووڵاتی پتەو بکرێت. سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، هەروا گوتی: چاکسازیی ئیداری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و وزە و چەسپاندنی کۆڵەکەکانی سەقامگیریی، دەبنە مایەی بەهێزبوونی عێراق.  فایەق زیدان، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی:  دادگای عێراق سەلماندوویەتی کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی هەیە و دەتوانێت لە چوارچێوەی دەستووردا، بێلایەنانە وەک فاکتەرێکی سەقامگیریی دەوڵەت، ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی کۆماری کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 17-11-2025 لە ئەنقەرە بەرێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکیدا باسی عێراق و سووریای کرد.  ئەردۆغان لەبارەی عێراق و سووریا گوتی: "لە عێراقەوە هەتا سووریا؛ بە درێژایی سنوورەکانی باشوورمان، ئێمە داکۆکی لە ئاشتی، دادپەروەری، سەقامگیری، بەیەکەوە گەشەپێدان و بەیەکەوە سوودمەندبوون دەکەین". لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق، کە رۆژی 11-11-2025 بەڕێوەچوو، ئەردۆغان گوتی: "خۆشحاڵبووین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە عێراقی دراوسێماندا، کە رۆژی 11ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، لە کەشێکی بێ کێشە و ئاشتییانە بەرێوەچوو. هیوادارین هەڵبژاردنەکە بۆ خەڵکی عێراق ببێتە مایەی خێر و دەمەوێ جەخت بکەمەوە کە لەمەودواش بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی برا عێراقییەکانمان". لەکاتێکدا ئەنقەرە بەردەوام پشتگیری لە حکومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع دەکات، ئەردۆغان گوتی: "بە خۆشحاڵییەوە چاودێریی بەرەوپێشچوونی سووریا لە پەیوەندیی دەرەوە دەکەین. لەبارەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی 10ی ئادار، لەو باوەڕەداین دەبێتە هۆی بەهێزکردنی یەکێتی، پێکەوەیی و یەکگرتوویی سووریای دراوسێ، هەمان هەڵوێست و پێداگریمان هەیە".  رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، دەرگای وڵاتەکەیان بەسەر ئاشتەوایی واڵا دەکەن.

ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرجەم سەرکردەکانی کۆبووەوە، سەرکردەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەکەش بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران پێکهێنرا، چوار پێوەریش بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیران دانران. عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانی تەسمیم و یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، هەموو ئەو ناوانەی لە میدیاکان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ناویان دەهێنرێت، ورد و ڕاست نین و لە کۆبوونەوەکەی ئەمشەودا باسی هیچ ناوێک نەکراوە، بەڵکو بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی ناوخۆیی درا تا هەڵسەنگاندن بۆ ناوی کاندیدەکان بکات، کاری لیژنەکەش ئەمڕۆ  و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دەستیپێکردووە.  ئەمشەو ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ڕاگەیێنرا، دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکانیش چاوەڕێ دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا خولی تازەی پەرلەمان کۆببێتەوە، بۆیەش ئەمشەو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. ئەوەشی خستەڕوو، بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی ئەمشەو ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەو لایەنانەی تیایدا بەشدارن، گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانە و مافی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی هەیە، بۆیە کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لەسەر چواری پێوەری سەرەکی کرد بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران ئەوانیش بریتین لە بەهێزی کەسایەتی، دەستپاکی، ئەزموون و بەردەوامی و پابەندبوون بەو ئاڕاستەی چوارچێوە دایدەڕێژێت. پەیوەست بە وادەی یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیرانیش، عامر فایز وتی، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران بە یەک کۆبوونەوە یەکلایی نابێتەوە بەڵکو پێویستی بە دوو بۆ سێ دانیشتن و ڕاوێژیی ناوخۆیی زیاتر هەیە.  

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە کە عێراق پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات، هیوای خۆی دەربڕی کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە ) و حکومەتی تورکیا بگەنە لێکتێگەیشتن کە ببێتە هۆی سەقامگیری و ئاشتى تەواو.  ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا  وەزیرى دەرەوەى عێراق ئەوەى خستەڕوو، بوونی هێز و گروپ و ئەندامانى پەکەکە لە شنگال و مەخموور و چیای قەندیل بۆ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان قبوڵکراو نییە. هاوکات فواد حسێن جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ئەم پرسە بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکات. ئەم لێدوانانەى وەزیرى دەرەوەى عێراق دوای ئەوە هات، پێشتر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کشانەوەی خۆی لە ناوچەیەکی هەرێمى کوردشتان کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا کە "مەترسی ململانێی لێکەوتەوە" ڕاگەیاند، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئەنقەرە بوو. شایانی باسە، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ڕێگەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، پارتی کرێکارانی کوردستان لە مانگی ئایاردا هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند لە وەڵامی بانگەوازێکی دامەزرێنەری، عەبدوڵڵا ئۆجالان، دوای زیاتر لە چوار دەیە لە شەڕکردن لەگەڵ هێزەکانی تورکیا، کە نزیکەی ٥٠ هەزار کوژراوی لێکەوتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد، لەو چوارچێوەیەشدا لە ٥-٧ـی ئایار، پەکەکە کۆنگرەی ١٢ـیەمینی خۆی ئەنجام دا و کۆتایی بە هەموو ئەو چالاکییانەی بەناوی پەکەکە و کۆتا بە ڕێبازی خەباتی چەکداریی هێنا. هەروەها لە ١١ـی تەمووز، گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە ٣٠ گەریلای ژن و پیاو پێکهاتبوون و لەلایەن بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکەوە پێشەنگایەتی دەکرا، لە ئەشكەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، لەبەردەم ڕای گشتییدا چەکەکانیان سووتاند، هەر لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەدا، لە ٢٦ـی تشرینی یەکەم، گرووپێکی ٢٥ گەریلایی، بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادانیان دروستنەبێت لەو ناوچانەی کە مەترسییان لەسەر هەیە، لە سنووری تورکیاوە کشانەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستی مەدیا.

نێچيرڤان بارزانى و ئۆسمان بايده‌مير پرۆسەی ئاشتی تورکیا و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی پرۆسەکەیان لەسەر ناوچەکە تاوتوێ کرد. پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17ـی تشرینی دووەمی 2025، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ سياسه‌تمه‌دارى كورد و سه‌رۆكى پێشووترى شاره‌وانيى دياربه‌كر، ئۆسمان بايده‌مير، پرۆسه‌ى ئاشتييان له‌ توركيا تاوتوێ كرد. بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەو دیدارەدا هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى و جه‌ختيان كرده‌وه‌ كه‌ ئاشتى له‌ توركيا كاريگه‌ريى ئه‌رێنيى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه‌ ده‌بێت.  له‌مباره‌يه‌وه‌  نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ نابێت ده‌رفه‌تى ئاشتى له‌ده‌ست بدرێت و هه‌مووان ده‌بێت كار بۆ سه‌رخستنى بكه‌ن. لاى خۆيه‌وه‌ بايده‌مير سوپاس و پێزانينى بۆ ڕۆڵى  نێچيرڤان بارزانى له‌ يارمه‌تيدان و كاركردنى له‌پێناو سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌دا دەربڕی و داواى كرد له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى به‌رده‌وام بێت. هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و دۆخى سووريا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.

پۆلیسی هیندستان رۆژی دووشەممە رایگەیاند، بەهۆی وەرگەڕانی پاسەکەیان لە سعودیە، 45 حاجیی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.   ڤی. سی. ساجانار، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری حەیدەرئاباد بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "رووداوە دڵتەزێنەکەی پاسی عومرەکارە هیندستانییەکان لە سعودیە جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە."   بەگوێرەی زانیارییەکان، زۆر لەو هاووڵاتییە هیندستانییانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، خەڵکی شاری حەیدەرئاباد بوون.   ساجانار گوتیشی، "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لەکاتی رووداوەکەدا 46 کەس لەنێو پاسەکەدا بوون و جێگەی داخە، تەنیا یەک کەس رزگاری بووە."

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، بوونی تورکیا لە سووریا زۆر ئاساییە، گفتوگۆکانیش لەگەڵ واشنتن دەربارەی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سوپای سووریا بەردەوامە. ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بە کەناڵی "هەبەر"ـی ڕاگەیاندووە، گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتن دەربارەی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سوپای سووریا بەردەوامە. جەختیشی کردەوە، پێویستە کۆتایی بە هەموو جۆرە داگیرکارییەک بهێنرێت کە هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات، گوتیشی: دەبێت دڵنیابین لەوەی ئیسرائیل هەڕەشە لە سووریا نەکات و ڕێز لە سەروەری ئەو وڵاتە دەگرێت. هاکان فیدان، ئاماژەی بەوەکرد، دانووستانەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" بە هۆی دەستوەردانی ئیسرائیل لە باشووری سووریا بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیراون، هەروەها ئامانجی تورکیا ڕێزگرتنە لە یەکپارچەیی و سەروەری خاکی وڵاتان و کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی. وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشکرد، ئەوان ئامادەن هێز ڕەوانەی کەرتی غەززە بکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی هێزی نێودەوڵەتی بۆ پارێزگاریکردن لە پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و حەماس، دەشلێت: پاڵپشتی پرۆسەی سیاسی نوێی فەڵەستین دەکەین و ئامادەین لە ڕووی سیاسی و لۆجیستی هاوکاریی ئەو وڵاتە بکەین.  ڕوونیشیکردەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، خاوەنی بڕیاری کۆتاییە، لەم ڕوانگەیەوە تورکیا ئامادەیە بەرپرسیاریەتی گەورە لە بارەی هاوکاریی وڵاتان و پرۆسەی ئاشتی کەرتی غەززە هەڵبگرێت.  ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کاتێکدایە تورکیا هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی سووریا چڕ کردووەتەوە، هاوکات هەوڵ دەدات سەقامگیری لەو وڵاتە دەستەبەر بێت، هەروەها گرژییەکان کەمبێتەوە و ئاشتی لە تەواوی ناوچەکە بەدی بێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، هەر وڵاتێک مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ ڕووسیادا بکات، بە توندی سزای دەدەین.  ترەمپ، دوێنێ یەکشەممە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: کۆمارییەکان ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژە یاسایەکن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر هەر وڵاتێکدا کە مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ ڕووسیادا بکات. ئاماژەی بەوەش دا، لەوانەیە ئەو یاسایە ئێرانیش بگرێتەوە. سەرۆکی ئەمەریکا، گوتیشی: وەک دەزانن، ئەوە پێشنیازی منە؛ بۆیە هەر وڵاتێک مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ ڕووسیادا بکات، سزای زۆر سەختی بەسەردا دەسەپێنرێت. لەوانەیە وەک من پێشنیازم کردووە، ئێرانیش یەکێک بێت لەو وڵاتانە. هەفتەی پێشوو، ئیدارەی ترەمپ، نوێترین گوژمەی سزای بەسەر چەند کەسایەتی و کۆمپانیادا سەپاند کە پشتیوانیی تاران دەکەن. بەرپرسانی ئێرانیش ئەو سزایانەیان بە نایاسایی لە قەڵەم دا. لەگەڵ ئەوەشدا ڕایانگەیاند لە هەوڵەکانیان بۆ لابردنی سزاکان کە باری ئابووری وڵاتەکەی سەخت کردووە، بەردەوام دەبن.  واشنتن، سزای بەسەر دوو لە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ڕووسیا 'ڕۆزنەفت' 'لۆک ئویل' و کۆمپانیا هاوکارەکانیان، کە زیاتر لە %50 بەشیان هەیە، سەپاند. سزاکە پیشەسازییە بەرگرییەکان، بانک و کۆمپانیاکانی وزە و تەکنۆلۆجیا دەگرێتەوە. مەبەستی سەرەکی ئەمەریکا لە سەپاندنی ئەو سزایانە، کەمکردنەوەی داهاتی ڕووسیایە لە فرۆشتنی نەوت و گاز کە سەرچاوەی سەرەکی پشتیوانیی دارایی جەنگی ئۆکرانیان، بۆ ئەوەی ڕووسیا ناچاری ئاگربەست و بەشداریی دانوستانی ئاشتیی لەگەڵ کیێڤ بکات.

لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا، محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم، سەردانی نووری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسای کرد و هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی خێراکردنی پرۆسەکە کردەوە. نووسینگەی هەردوو سەرکردەکە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، لە دیدارەکەدا مالیکی و حەلبوسی "جەختیان لە گرنگیی خێراکردنی پێکهێنانی حکومەتێک کردووەتەوە کە توانای جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاوڵاتیان و بەدیهێنانی خواستەکانیان هەبێت." هەروەها لە سەرەتای دیدارەکەدا، هەردوولا پیرۆزبایی "سەرکەوتنی" پرۆسەی هەڵبژاردنیان لە یەکتر کردووە. ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە هەردوو لایەن دوو هێزی سەرەکین لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا و ڕۆڵێکی گرنگیان لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا دەبێت. حزبی تەقەدوم (حەلبوسی): 28 کورسیی پەرلەمانیی بەدەستهێناوە. دەوڵەتی یاسا (مالیکی): 27 کورسیی پەرلەمانیی بەدەستهێناوە.

هاوسەرۆکی گشتیی پێشووی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش نامەیەکی بۆ کۆنگرەی گشتی ئیهەدە نارد و گوتی: "پێکەوە داهاتوویەکی ئازاد، یەکسان و دادپەروەرانە بنیات دەنێین."  دووەمین کۆنگرەی گشتی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لە دووەم ڕۆژییدا لە هۆڵی یەڵمازی گونەی لە شارەوانی چانکایا بەردەوامە. کۆنگرەی گشتی بە ڕەشنووسی بڕیارنامەکان بەردەوامە. هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) سەلاحەدین دەمیرتاش پەیامێکی بۆ کۆنگرەکە نارد.  سەڵاحەدین دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، ئەوکەسانەی لە نێو ئیهەدەدا کار دەکەن ویژدانی وڵات و هیوای بندەستانن. دەمیرتاش سوپاسی هەموو ئەندامی ئیهەدەی کرد و گوتی: "ئەوکەسانەی لەم ڕێگەیەدا گیانی خۆیان فیدا کرد، بە ڕێزەوە یادیان دەکەمەوە. میراتی تێکۆشانی ئیهەدە بە بڕیارە نوێیەکانی ئەمڕۆ زیاتر بەهێزتر دەبێت. هیوای سەرکەوتن بۆ ئیدارەی نوێ دەخوازم و پیرۆزباییان لێ دەکەم. پێکەوە بە دڵنیاییەوە داهاتوویەکی ئازاد، یەکسان و دادپەروەرانە بنیات دەنێین. بە خۆشەویستی و ڕێزدارییەوە سڵاوم دەنێرم. هیوادارم لە ڕۆژانی ئازادییدا یەک ببینین."