ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ستایشی "هەوڵ و سەرکردایەتییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتنی غەززە و دەستەبەرکردنی ئاگربەست. ئەردۆغان لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، "تورکیە بەردەوام دەبێت لە بەشداریکردن لە پرۆسەی دامەزراندنی ئاشتییەکی دادپەروەر و هەمیشەیی کە هەمووان قبوڵیان بکات". شەوى ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گرنگترین خاڵەکانی پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ئاشکرا کرد . لەوانە چەکداماڵینی حەماس و ئازادکردنی زیندانییە ئیسرائیلییەکان لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا دوای پەسەندکردنی ئیسرائیل و ڕێگەدان بە یارمەتییەکان دەستبەجێ لەگەڵ وەرگرتنی یارمەتییەکان بۆ ناو کەرتی ناوچەکە. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئاگادار بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە، قەتەر و میسر پلانی ترەمپیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە گەیاندووەتە شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەی حەماس، ئاماژەی بەوەشکردووە، بزووتنەوەکە بەڵێنی بە ناوبژیوانان داوە "بە بەرپرسیارێتی تەواوەوە دیراسەی ئەو پێشنیازە بکەن". هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لێبوردنی لە قەتەر کرد لەسەر هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە و پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە کە لە داهاتوودا هیچ پێشێلکارییەکی سەروەری قەتەر دووبارە نەکاتەوە. لەسەر زەویدا هێزەکانی داگیرکەر بەردەوام بوون لە هەڵمەتەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە و پشتێنی ئاگرکوژێنەوەیان جێبەجێ کرد. سەرچاوەکانی نەخۆشخانەکانی غەززە ڕایانگەیاند کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەوە 39 فەلەستینی بەهۆی ئاگری ئیسرائیلەوە کوژراون و لە نێویاندا 28 فەلەستینی لە شاری غەززە لە کاتی خراپتربوونی کارەساتی برسێتیدا.
ڕاوێژکاری سەربازیی ڕێبەری باڵای ئێران، ئاشکرای کرد، لە جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، بە مووشەکەکانیان 16 فڕۆکەوانی ئیسرائیلیان کوشتووە. دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی ڕێبەری باڵای ئێران، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە میانەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دواییە لەگەڵ ئیسرائیلدا، لە ماوەی 12 ڕۆژدا، زیاتر لە 500 مووشەکمان بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵداوە. ئەو ڕاوێژکارە باڵایە دەڵێت: ئیسرائیل و ئەمەریکا ئەو جەنگەیان بەسەر ئێمە سەپاند، بەڵام بە ئامانجەکانیان نەگەیشتن و شکستیان هێنا و ئێران سەرکەوتن. لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، ئیسرائیل هەوڵی دا جەنگەکە زیاتر درێژ بکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا رووبەڕووی شکستێکی چاوەڕواننەکراوبووەوە، بۆیە ناچار بوو لە ڕێگەی ئەمەریکاوە داوای ئاگربەست بکات، ئەمەش نیشانەی بێ دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیە لە بەرانبەر تواناکانی ئێران. جەختی لەوەش کردەوە، مووشەکەکانیان زیانێکی زۆری بە دامەزراوەکنی ئیسرائیل گەیاندووە، هەروەها ناوەندیی مەشق و ڕاهێنانی فڕۆکەوانانی ئیسرائیلیشیان کردبووە ئامانج، کە بووە هۆی کوژرانی 16 فڕۆکەوانی ئەو وڵاتە. ڕەحیم سەفەوی، هەر لە باسی مووشەکەکانی ئێران، ئەوەشی خستەڕوو، مووشەکەکانیان بە جۆرێک بەهێز بوون کە بوونە هۆی وێرانکارییەکی گەورەی بوومەلەرزە ئاسا، تا ئێستاش کاریگەری لە سەرجەم ئەو ناوچانەی کە بە ئامانج گیراون و ناوچەکانی دەوروبەریشیان جێهێڵاوە. بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت. لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون. دوای 12 ڕۆژ لە بەردەوامیی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەرەبەیانی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتیوانی خۆی بۆ پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە ڕاگەیاند. کۆشکی سپی پلانی ترەمپی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە بڵاوکردەوە. بەگوێرەی پلانەکە غەززە دەبێتە ناوچەیەکی "بێ تیرۆر بۆ ئەوەی هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی دروست نەکات" و بۆ سوودی خەڵکەکەی کەرتەکە نۆژەن دەکرێتەوە. لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا دوا ى کۆبونەوەکەیان ترەمپ و ناتانیاهۆ قسەیان لەسەر چەند تەوەرەیەکى جیاوازکرد, بەشێک لەوتەکانى ناتانیاهۆ,, ـ من پشتگیری لە پلانی ترەمپ دەکەم بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە. ـ پلانی ترەمپ هەموو بارمتەکان دەگەڕێنێتەوە و دڵنیای دەدات لەوەی کە غەززە جارێکی دیکە مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست نابێتەوە. ـ پلانی ترەمپ بریتییە لە ئیدارەیەک بۆ کەرتی غەززە کە حەماس و دەسەڵاتی فەلەستین بەدەر بکات. ـ پلانی ترەمپ هەموو بارمتە زیندوو و مردووەکان دەگەڕێنێتەوە و حەماس چەک داماڵێت. ـ ئێمە هەڵوێستی ترەمپ بەرز دەنرخێنین کە دەسەڵاتی فەلەستین هیچ ڕۆڵێکی لە غەززەدا نابێت تا ئەو کاتەی کۆمەڵێک مەرج جێبەجێ نەکرێت. ـ داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی مەترسی لەسەر بوونی ئیسرائیل دروست دەکات. ـ ده سه ڵاتی فه له ستین ده بێت واز له هاندان به دژی ئیسرائیل و هه وڵه کانی له دادگا نێوده وڵه تییه کان بهێنێت. ـ هەنگاوێکی نوێ دەنێین بۆ سەرکەوتن لە شەڕ و گەیشتن بە ئاشتی. ـ ترەمپ گەورەترین هاوڕێیە کە تا ئێستا لە کۆشکی سپی هەمانبووە. ـ کاتێک دەتوانین مەحاڵەکان بەدەست بهێنین کاتێک شانبەشانی ئەمریکا بوەستین. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، جیهان "زۆر نزیکە لە چارەسەرکردنی کێشەیەکی کۆن"، بە ئاماژەدان بە هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، چیتر قسەکانی تەنها لە وەستاندنی شەڕی غەززەدا سنوردار نەبووە، بەڵکو بە "ئاشتی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"دا سنوردار بووە. ترامپ ڕوونیشی کردەوە کە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گفتوگۆیان کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و بەم نزیکانە پرەنسیپی هەمەلایەنە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەگەیەنێت. ترامپ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و هەروەها هاوپەیمانان لە ئەوروپا دەربڕی بۆ وەڵامدانەوەی ئەرێنییان بۆ پرەنسیپە پێشنیار کراوەکانی ئەمریکا. هەروەها سوپاسی ناتانیاهۆی کرد کە ڕازی بووە بە پلانی ئاشتی. وتەکانى دۆناڵد ترەمپ: ـ ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ ئاشتی. ـ سوپاسی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەكەم بۆ پشتیوانیكردنی پێشنیازەكەم بۆ ئاشتی. ـ ناتانیاهۆ رازیبووە لەسەر پێشنیازی ئاشتی و كۆتایهێنان بە جەنگی غەززە ـ ئەگەر حەماس رازیبێت بە پێشنیازەكە شەڕ كۆتایی دێت و لەماوەی (72) كاتژمێردا دیلەكان ئازاد دەكرێن. ـ غەززە دەبێتە ناوچەیەكی خاڵی لە تیرۆرو نابێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێكانی. ـ بەپێی خشتەیەكی زەمنی سوپای ئیسرائیل وردە وردە لە غەززە دەكشێتەوە. ـ ئەگەر حەماس پێشنیازەكە رەتبكاتەوە ئەوا رێگری لە ناتانیاهۆ ناكرێت ئەوەی پێویستە بیكات. ـ دەستەیەكی نێودەوڵەتی نوێ بە سەرۆكایەتی من چاودێری لیژنەی ئیدارەدانی غەززە دەكات. ـ تونی بلێر دەبێتە ئەندام لەو دەستە نێودەوڵەتیە نوێیەی چاودێری لیژنەی ئیدارەی غەززە دەكات. ـ حەماس هیچ شوێنێكی نابێت لە لیژنەی ئیدارەدانی غەززە. ـ ئەم رێككەوتنە دەبێتە مایەی هێنانەكایەی ئاشتی هەمیشەیی. ـ رۆژێك لە رۆژان ئێران دەبێتە بەشێك لە رێككەوتنی ئیبراهیمی. ـ دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێرانمان بە تەواوی لەناوبرد. ـ كاتی ئەوە هاتووە حەماس ئەو مەرجانە قبوڵبكات، ئێستا دۆخی جیاوازە. ـ سەركردەكانی حەماس و (20) هەزار چەكداری كوژراون، دەبێت ئەو مەرجانە قبوڵبكات.
پێش کۆبونەوەکەى ئەمشەویان، لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ بنیامین ناتانیاهۆ داوای لێبوردنی لە میرى قەتەر کرد لەسەر هێرشەکەی دۆحە کە کرایە سەر سەرکردەکانى حەماس لە چەند هەفتەى ڕابردوودا. پێگەیەکی هەواڵی ئەمەریکی ڕایگەیاندووە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەبەرانبەر هێرشەکانی بۆ سەر دەوحە، داوای لێبوردنی لە میری قەتەر کردووە. دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر بە تەلەفۆن قسەی کردووە. بەگوێرەی ئەو پێگە ئەمریکییە، ناتانیاهۆ لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی وڵاتەکەی بۆ سەر دەوحە داوای لێبوردنی لە میری قەتەر کردووە، بەهۆی ئەوەی سەرەوەی ئەو وڵاتەی بەزاندووە، هەروەها هاوخەمی خۆی بۆ کوژرانی ئەفسەرێکی قەتەری لە هێرشەکەدا پیشانداوە. لەلایەکى دیکەوە، کەناڵی ١٢ ئیسرائیل بڵاویکردەوە ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی ڕەخنەی وەزیرە ڕاستڕەوەکانی دەبێتەوە بەهۆی داوای لێبوردنەکەی لە قەتەر، هاوکات ئەوەشى خستوتەڕوو سوپا خۆی بۆ ئەگەری چۆڵکردنی گەڕەکەکانی غەززە ئامادە دەکات ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت. هەر ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە بنیامین ناتانیاهۆ کرد و بڕیاری پرسی پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاگربەستی غەززە تاوتوێ بکەن. ڕۆژەی سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، سوپای ئیسرائیل بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی (شاباک) هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، کە تێیدا شاندی دانوستانکاری حەماسی کردە ئامانج. ئەم هێرشانەی ئیسرائیل کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، تەنانەت ئەمەریکا هێرشەکانی بە قبووڵ نەکراو زانی، هەروەها دۆناڵد ترەمپ، خۆی لە هێرشەکان بێبەری کرد و گوتی: "ناتانیاهۆ بڕیاری ئەو هێرشانەی داوە، نەوەک من."
دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، “مۆسکۆ پێویستی بە شەڕ نییە لەگەڵ هیچ کەسێک، بە ئەوروپاشەوە”، ئاماژەی بەوەشکرد کە “ڕووسیا هەمیشە وەک ڕزگارکەرێک هاتۆتە ئەوروپا نەک داگیرکەر”. هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر سەرکردەکانی هەڵەی دەستپێکردنی شەڕێکی لەو شێوەیە بکەن، ئەوا دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵکشانی مەترسیدار کە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی ململانێ بە بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ. ناوبراو لە هەژماری تێلێگرامی خۆیدا جەختی لەوە کردەوە کە "وڵاتانی ئەوروپی توانای شەڕیان لەگەڵ ڕووسیادا نییە"، ئاماژەی بەوەشکرد "سەرکردە ئەوروپییەکان بیرکردنەوەی ستراتیژییان نییە". مێدڤێدێڤ زیادی کرد: شەڕ لەگەڵ ئەوروپا پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیایەو نابێت ڕووبدات. جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا کە "وڵاتانی ئەوروپا لاواز و دابەشبوون و بە سادەیی توانای شەڕیان لەگەڵ ڕووسیادا نییە. ئەوروپا ناتوانێت بە تەنیا شەڕ لەگەڵ ڕووسیا دەستپێبکات". هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سەرکردەکانی ئەوروپا "لێهاتوویی پێویستیان نییە بۆ بڕیاردانی سەربازی سەرکەوتوو". ئەمەش لە کاتێکدایە کە کرێملین هۆشداریدا لەوەی "دابینکردنی ئۆکرانیا بە مووشەکی تۆماهۆکی ئەمریکی هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی بەرەکانی شەڕدا ناکات". لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە بڕیاری کۆتایی لە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە وەڵامی لێدوانەکانی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، مێدڤێدێڤ هۆشداریدا لەوەی ئەگەر ڕووسیا جبەخانەی چەکەکانی خۆی ئازاد بکات، خۆ شاردنەوە لە پەناگەی بۆمبدا هیچ سوودێکی نییە.
هەپەگە-نەڕەچە یادی شەش گەریلایی کردەوە کە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبوون و گوتی: "بەڵێن دەدەین ببینە ڕێچکەگریان و بە دڵنیاییەوە خەون و ئاواتەکانیان دەگەیەنین بە ئامانجی سەرکەووتن." ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە-نەڕەچە)، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی شەش گەریلای ئازادیی کوردستانی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە کات و شوێنی جیاوازدا شەهیدبوون. ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە: "بەڕێز و پێزانینەوە یادی هاورێیانمان ڤەژین زەریان، فلیز دێرسیم، ئارمانج نسێبین، باهۆز ماوا، سمکۆ سەرهەڵدان و تێکۆشەر دۆرشین دەکەینەوە، کە لە تێکۆشانی ساڵی ٢٠١٩دا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبوون. هاوڕێیانمان لە دژی هێرشە قڕکارییەکان، بۆ بەرگریکردن و پاراستنی هەبوونی گەلی کورد و بەدیهێنانی ئازادی گەلەکەمان بەشداری نێو ڕێزەکانی گەریلا بوون. لە چیاکانی کوردستان بە پێشکەوتن، بەهێزبوون و پسپۆربوون لە تەکیکی گەریلایادا بوونە میلتینانی عەگید. بۆ ئازادی گەلەمان ڕەنجیان دا و هەوڵیاندا بەوپەڕی شایستییەوە ئەرکی سەرشانیان جێبەجێ بکەن. هاورێیانمان ڤەژین زەریان، فلیز دێرسیم، ئارمانج نسێبین، باهۆز ماوا، سمکۆ سەرهەڵدان و تێکۆشەر دۆرشین پەیوەیست بە بنەماکانیانەوە هیچ فیداکارییەکیان پشتگوێ نەخست و گیانی خۆیان فیدای دۆزی ئازادی گەلەکەمان کرد و بە بوێرییەوە تێکۆشان. هاوڕێییانمان بوونە میلتانانی بژارە، بە هەڵوێست، پراکتیک و ژیانیانەوە تێکۆشانێکیان بەڕێوەبرد کە دەبێت گەنجانی کورد بە نموونەی وەرگرتن. میلیتانانی فیدای ئاپۆیی و ڕۆڵەی عەگیدی گەلی کوردستانمان ڤەژین، فلیز، ئارمانج، باهۆز، سمکۆ و تێکۆشەر، بە نووسینەوەی مێراتێک لە تێکۆشانی مەزن گەیشتن بە شەهادەت. لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێزدارییەوە یادی هاوڕێیانمان دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین ببینە ڕێچکەگری ئامانجەکانیان و خەون و بە دڵنیاییەوە خەون و ئاواتەکانیان دەگەیەنین بە ئامانجی سەرکەووتن. زانیارییەکان دەربارەی ناسنامەی هاوڕێیانی شەهیدمان بەم جۆرەیە: ناسناو: ڤەژین زەریان ناو و پاشناو: ڕۆژبین چاکماک شوێنی لە دایکبوون: جۆلەمێرگ ناوی دایک و باوک: فەتحیە - موقداد کات و شوێنی شەهیدبوون:١١ـی ئابی ٢٠١٩ / ئاڤاشین *** ناسناو: فلیز دێرسیم ناو و پاشناو: جەلیلە تورک شوێنی لە دایکبوون: ئامەد ناوی دایک و باوک: زەکیە - داود کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٨ـی ئابی ٢٠١٩ / زاپ *** ناسناو: ئارمانج نسێبین ناو و پاشناو: ئەسرا شاهین شوێنی لە دایکبوون: مەلەتی ناوی دایک و باوک: نوریە - ئیبراهیم کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٨ـی ئابی ٢٠١٩ / زاپ *** ناسناو: باهۆز ماوا ناو و پاشناو: عەزیز تونچ شوێنی لە دایکبوون: مانیسا ناوی دایک و باوک: هاجەرە - سەعید کات و شوێنی شەهیدبوون: ١ـی ئایاری ٢٠١٩ / قەندیل *** ناسناو: سمکۆ سەرهەڵدان ناو و پاشناو: فەرهاد تورسون شوێنی لە دایکبوون: جۆلەمێرگ ناوی دایک و باوک: حەلیمە – ئیسماعیل کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٦ـی ئابی ٢٠١٩ / ئاڤاشین *** ناسناو: تێکۆشەر دۆرشین ناو و پاشناو: ڕزوان چەلەنک شوێنی لە دایکبوون: ئامەد ناوی دایک و باوک: دڵناز - موحەمەد کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٢ـی تەممووزی ٢٠١٩ / زاپ.
فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق ڕایدەگەیەنێت کارەکانی تایبەت بە دانانی دیواری کۆنکرێتی لەلایەن فەرماندەییەکەی ئەوانەوە سەرپەرشتی دەکرێ. دەشڵێت، پلانەکە سەرجەم رووبەری سنووری عێراق – تورکیا – سووریا دەگرێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دیواری کۆنکرێتی لە سنووری باشوور و رۆژئاوای کوردستان دروست دەکات. ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، عەمید حەیدەر کەرخی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق راگەیاند، دانانی دیوارە کۆنکرێتییەکان لە سنوورەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا "لەلایەن فەرماندەیی پاسەوانی سنوورەوە سەرپەرشتی دەکرێ." بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق گوتی: "پلانەکە بەو جۆرەیە کە لە سنووری رەبیعەوە بۆ پێشابوور و سەرجەم سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق – تورکیا – سووریا بە دیواری کۆنکرێتی تووند و تۆڵ بکرێ." عەمید حەیدەر کەرخی ئاماژە بەوە دەکات "بۆ دانانی دیوار و پرۆسەکانی چاودێریکردنی سنوورەکانی تورکیا و بەشێکی سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا، هاوئاهەنگی تەواومان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە." ئەمە لە کاتێکدایە، میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دوێنێ یەکشەممە بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی دانانی دیوارێکە بە بەرزیی 3 مەتر و پانی 75 سانتیمەتر لە سنووری باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان. عێراق لەگەڵ تورکیا 335 کیلۆمەتر، لەگەڵ سووریا 618 کیلۆمەتر و لەگەڵ ئێران بە رووبەری هەزار و 420 کیلۆمەتر سنووری هەیە.
لیژنەى باڵاى هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى گەلى سوریا (پەرلەمان) ڕایدەگەیەنێت ژمارەی کاندیدەکان گەیشتووەتە هەزار و ٥٧٨ کاندید، کە ژنان لەسەدا ١٤یان پێکهێناوە، ئەم ڕێژەیە لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاوازە. سەرۆکی لێژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەلی سوریا، محمد تەها ئەلئەحمەد، ئێوارەی دوێنێ، داخستنی کاندیدەکانی ئەندامبوون لە ئەنجومەنی گەل لە هەر پەنجا قەزاکەی سەرتاسەری سوریای ڕاگەیاند. ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی کاندیدەکان گەیشتووەتە هەزار و ٥٧٨ کاندید، کە ژنان لەسەدا ١٤یان پێکهێناوە، ئەم ڕێژەیە لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاوازە. بە گوتەی ئەلئەحمەد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات و ئێوارەی هەینی داهاتوو کۆتایی دێت، ئەو بۆ سانا ڕوونیکردەوە. ڕۆژی شەممە وەک ڕۆژی بێدەنگی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت. سیستمە نوێیەکە جەخت لە پێکهێنانى لیژنەى باڵاى هەڵبژاردن دەکاتەوە کە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە ئەندامەکانى دیارى دەکرێن و سەرپەرشتى پڕۆسەى هەڵبژاردن دەکەن، بە جۆرێک سێیەکى ئەندامەکانى پەرلەمان کە لە 210 ئەندام پێکدێت، لە رێگەى هەڵبژاردنى ناوخۆییەوە هەڵدەبژێردرێن، ئەوەى دیکەشى کە دەمێنێتەوە بەمەرسومى کۆمارى و لەلایەن سەرۆکەوە دیاریدەکرێن. کورسییەکانیش بەپێی ژمارەى دانیشتووانى هەر پارێزگایەک دیاریدەکرێت. بەپێی مەرسومەکە، ئەو کەسانەى خۆیان کاندید دەکەن دەبێت پێش ساڵى 2011 بیسەلمێنن کە هاووڵاتى سورین، هەروەها پشتیوانى رژێمى پێشوو، سەر بە گروپەتیرۆریستییەکان نەبووبن. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو دەنگدان بەیانی یەکشەممە ٥ی تشرینی یەکەم لە کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی تا داخستنی دەنگدان ئەنجام دەدرێت، دوای ئەوە ژماردنەوەی دەنگەکان کاتژمێر ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆ دەست پێدەکات. دەرکردنی هەندێک ناو لە لیستی کۆتایی ئۆرگانەکانی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی گەل مشتومڕی لە سۆشیال میدیادا دروستکردووە، بەتایبەتی کە کەسانی دەرکراو مەرج و زەمینەی تانەدانیان تێدا نییە. لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەل دووپاتی کردەوە کە "خستنە ناو ناوەکان لە لیستە بەراییەکان و دەرکردنیان لە لیستە کۆتاییەکان، بە هۆی هۆکاری کەسی و پێگە و ناوبانگەوە نییە ئەو ڕوونیکردەوە کە لابردنی هەندێک ناو بەهۆی "بابەتی تەکنیکی پەیوەست بە دابەشبوونی دانیشتووان، هەمەجۆریی کولتووری و پسپۆڕی ئەکادیمی" بووە. پێشتر لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا رایگەیاند، بەهۆی "ئاڵنگاریی ئەمنی"، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەیان لە پارێزگەکانی حەسەکە، رەقە و سوەیدا دواخستووە. پەرلەمانى داهاتووى سوریا سێ ئەرکى سەرەکى دەبێت کە بریتین لە، دانانى یاسا، نوێنەرایەتیکردنى گەلى سوریا، لێپرسینەوە و چاودێریکردنى کارەکانى حکومەت.
حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دەزانێت ئێران نزیکەی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو تا ئاستی نزیک لە پلەی چەک لە کوێدا هەڵدەگرێت. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە، "بە دڵنیاییەوە دەزانین لە کوێیە، زانیارییەکەی زۆر باشمان هەیە کە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە کوێیە". گوتی: "پێویستە گوشارە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان لەسەر ئێران بپارێزین، بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کە بەرگەی دەستپێکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی ناگرین." بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئێران لە سەرەتای هاویندا خاوەنی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆم بووە کە تا 60% پیتێنراوە، پێش دەستپێکردنی ئەو شەڕەی ئیسرائیل لە دژی دەستیپێکردووە. بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی پێویستی بە پیتاندنی زیاتر هەیە لە 90%. ئێران ڕەتیدەکاتەوە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێت. هێشتا ڕوون نییە ئێران ئەم کۆگایەی 60%ی یۆرانیۆمی پیتێنراو تا چەند دەهێڵێتەوە و ئایا تواناکانی پیتاندنی ئەو وڵاتە لە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیران وەک خۆی دەمێنێتەوە. کاتێک پرسیار لە ناتانیاهۆ کرا کە ئایا ئیسرائیل، بە شێوەیەکی بەرفراوان پێیان وایە خاوەنی جبەخانەی ئەتۆمی نهێنی بێت، پلانی دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی هەیە، ئەو وەڵامێکی ڕاستەوخۆی نەدایەوە. لە دوای 10 ساڵ لە ڕێککەوتن دوێنێ یەکشەممە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر تاران سەپێندرانەوە. دوا وادەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان تاران و هاوبەشە دانوستانکارەکانی (ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا) تێپەڕیبوو. سێ وڵاتی ئەورووپا دەستپێشخەری سەپاندنەوەی سزاکانیان کرد و ئێرانیان تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، بەتایبەتی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستێکی زۆر زیاتر لەوەی کە بۆ مەبەستی مەدەنی پێویستە.
جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس نیوزی ئەمریکی ڕوونیکردەوە، دۆناڵد ترامپ "بە ڕوونی دیدگای خۆی دەربڕیوە و جەختی لەسەر خواستی خۆی کردووەتەوە کە غەززە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو کەسانەدا بێت کە لەوێ دەژین، هەروەها کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو نالکێنرێت بەئیسرائیلىەوە". ڤانس لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ترەمپ هەوڵدەدات تۆڕە تیرۆریستییەکانی دەوروبەری ئیسرائیلییەکان هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە لە هەموو کاتێک گەشبینترم بە ڕێککەوتنی غەززە. لەلایەکى دیکەوە، رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە: شڵەژاوییەكی بەرچاو لەناو بازنەی نزیك بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەیە، پێش دیدارەکەی سبەینێی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی. رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە: ئەمە چوارەم کۆبونەوەی ناتانیاهۆ دەبێت لە دوای دەستبەكاربونی ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی ئەمساڵ ، بێ گومان گرنگترین و چارەنووسسازترینە لە هەموویان، چونکە ئەمجارە بەڕاستی رەنگە ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە و گەڕانەوەی دیلەکان، مەرجیش نییە بە خواستى ئیسرائیل بێت. رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان لە وردەکارییەکان، رایانگەیاندووە: ناتانیاهۆ لە حاڵەتێكی دەرونی خراپدایە " هیستریا" پێش کۆبونەوەکە، پەشۆكاویی دەوروبەرەكەشی لە ترسی ئەوەیە دووچاری ملكەچپێكردن بكرێن لەلایەن ترەمپەوە سەبارەت بە دەستپێشخەرییە (٢١)خاڵییەكەی، لەکاتێکدا گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکییەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی هەندێك دەستكاری بكرێت. رۆژنامە عیبرییەكە ئاماژەی بەوەشکردووە: ترەمپ زۆر پێداگرە لەوەی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و پێیوایە ئێستا كاتی یەكلاكردنەوەیەو رێگە نادات نەتانیاهۆ پلانەکەی لەناوببات. ترەمپ بە تەواوی ئەو پلانەی پەسەند کردووە کە لەلایەن جارێد کوشنەری زاوای و ستیڤ ویتکۆفی نوێنەرییەوە داڕێژراوە. لە ئیسرائیل نیگەرانی ئەوە هەیە، دەوڵەتانی عەرەبی لەسەرویانەوە قەتەر، سەرکەوتوو بوبێتن لە هەموارکردنەوە پلانەكە، كە داواكاری داماڵینی چەکی لە حەماس سوكتر كردبێت، لە ئێستادا تەنها باسی چەکی هێرشكردن دەكرێت نەک هەموو چەکەكان.
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، نوێنەرانی نووسینگەی پارێزەرانی هەرێمی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئامەد کۆبوونەوە. تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی دەم پارتی لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا قسەی کرد. دەبێت پرۆسەکە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و دانوستانەکاندا جێبەجێ بکرێت چەند خاڵی سەرەکی لە وتارەکەی باقرخان بەمشێوەیە: "بۆ ئەوەی پرۆسەکە لە گۆڕەپانی ئەمنیەوە بگوازینەوە بۆ سەر گۆڕەپانی دیالۆگ و دانوستان، هەرچی لەدەستمان هات جێبەجێمان کرد. هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیە لە گۆڕەپانی ئەمنیەوە دوور خرایەوە. "هەروەها دروستکردنی زەمینێکی گفتوگۆ و درێژەدان بەم پرۆسەیە بۆ ماوەی نزیک لە ساڵێک زۆر بەنرخە. بۆ ئێمە زۆر بەنرخە کە بۆ یەکەمجار بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی کورد، کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان دامەزرا. ئەو هەڵوێستەی بەڕێز ئۆجالان و بزووتنەوەکەش کە لە ماوەی ساڵێکدا نیشانیان داوە جێگای سپاس و پیزانینە. ئەوان هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئەم هەموو قۆناغە تێپەڕێنرێت. جگە لەوەش دامەزراندنی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بە گرنگ دەزانین. بەڵام کاتێک ئاوڕێک لە ساڵی ڕابردوو دەدەینەوە، دەبینین دەکرا لە پێگەیەکی زۆر گرنگتردا بین. دەمانتوانی پێکەوە هەنگاو بنێن کە تورکیا و ناوچەکە بەرەو ئاشتی و ئارامی ببەین. لە بوارەکانی ماف و یاسا، دادپەروەری و دیموکراسی ناوخۆیی، ئەوانەی کە وڵات بەڕێوەدەبەن، بەتایبەتی دەسەڵاتداران، دەیانتوانی بوێرانەتر لەم بارەوە مامەڵە بکەن. بەڵام کەمێک بەلاوازی مامەڵەیان کرد." نەخشەڕێی نوێ "ئێستا کۆبوونەوە وەک ئەوەی ئامەد لە سەرانسەری تورکیا ئەنجام دەدەین. دۆخێکی نوێ سەریهەڵداوە، بوو بە ساڵێک. تەنها گفتوگۆمان کردووە، کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە. کۆمیسیۆن لە پەرلەمان گوێی لە داینامیکەکانی کۆمەڵگا گرت. دەمەوێت بڵێم دەبێت نەخشەڕێیەک ئامادە بکەین، نەخشەڕێیەکی گشتگیرتر درووست بکەین، بەمەش لاپەڕەیەکی نوێ دەکەیەوە." 'ئەوشتانەی لە کۆمیسیۆن باسکران دەبێت جێبەجێ بکرێن' "ئەگەر بۆچوون، داواکاری، پێشنیاری ئەکادیمییەکان، نوسینگە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پەرلەمان باسیانکرد جێبەجێ بکەین، دڵنیابین پرسی کورد لە ئاستێکی باڵادا چارەسەر دەکەین. هەربۆیە پەرلەمان داتای زۆر لەبەردەستدایە." 'دەبێت یاساکانی ئاشتی جێبەجێ بکرێن' "دەبێت لە پەرلەمان یاساکانی ئاشتی بخرێنە بەرنامەی کارەوە. یاسایەکی وەها دەربکەن کە یاساکانی ئاشتی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمە ئەو قۆناغەیە کە دەربازی بووینە. بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بە سەرکەوتن بگەیەنێت، دەبێت یاسا دەربکات و ژێرخانی بۆ بنیات بنرێت." ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک "بەڵێ، کاتێک باس لە ئەنتێگراسیۆن دەکەین، هەندێک بازنە دەڵێن ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک پرۆسەیەکی توانەوەیە. هەندێک ڕادەپەڕن ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک وەک پرۆسەیەکی تەسلیمبوون هەڵدەسەنگێنن. هیچ کامیانیش نییە. ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک فۆرمولەی پێکەوە ژیانە. پەیمانێکی پێکەوە ژیانە کە خۆی بە یاسا دەسپێرێت." 'دەبێت هەلومەرجی پەیوەندی ئازاد و کاری ئازاد بۆ بەڕێز ئۆجالان درووست بکرێت' "دەبێت هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالان ئیدی هەمواربکرێتەوە. ئەوەی گوترا، گوترا. دینامیک و ئەکتەری سەرەکی ئەم پرسە لە ئێستادا لە زیندانی ئیمراڵیدایە. لە ژوورێکی ١٢ مەتر چوارگۆشە دیپلۆماسییەکی زۆرگرنگی ئاشتی بەڕێوەدەبات. ماوەی ٢٦ ساڵە زیندانی کراوە، ٢٦ ساڵە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگادا پچڕاوە. بەڕێز ئۆجالان لە پرسی دیپلۆماسی ئاشتییدا بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە دەکات و ئەمەش زۆر بەهادارە. دەبێت ئیدی هەلومەرجی پەیوەندی ئازاد و کاری ئازاد بۆ بەڕێز ئۆجالان درووست بکرێت. هەروەها لێرەدا دەبێت بۆ 'مافی هیوا' هەنگاوی پێویست بنرێت کە بەڕێز باخچەلی پێش ساڵێک لە ٢٢ی تشرینی یەکەم باسیکرد." ئاشتی و دیموکراسی "ئەم پڕۆسەیە لەسەر دوو پێکهاتەی بنەڕەتی دانراوە. یەکەمیان دیموکراسییە، دووەمیان ئاشتییە. لە نێوانیاندا هەڵبژاردن ناکەین. ئەو دووانە بەشێکن لە یەک و بەبێ یەکێکیان ئەویتریان ناتوانێت بوونی هەبێت. جیاواز نیین لە یەکتر، دیموکراسی بەبێ ئاشتی نابێت. ئاشتی بەبێ دیموکراسی دەبێتە خەونێکی کاتی. بە هەنگاوی دیموکراتیک و دادپەروەرانە دەتوانین ئاشتی بنیات بنێین."
ئەمڕۆ، 28ی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند کە پابەندی نابن. وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا، هەنگاوی وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئەمەریکای بە کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، بە نایاسایی و ناڕەوا ناساندووە. لە بەیاننامەکەدا هاتوووە "بڕیارنامەی 2231 و سنووردارکردنەکانی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی ئێران، دەبێت لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا (18ـی ئۆکتۆبەری 2025) بە کۆتاییهاتوو لەقەڵەم بدرێت. ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە، لە کاتێکدا بە هاندانی ئەمەریکا میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانیان کارا کردۆتەوە کە خۆیان بەهۆی جێبەجێنەکردنی بەردەوامی پابەندییەکانیانەوە، پێشێلکارییەکی زەقی ڕێککەوتنەکەیان کردووە و میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بۆ مەبەستی تر بەکارهێناوە." هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی بڕیارنامە کۆتاییپێهاتووەکان، نەک تەنها لە ڕووی یاساییەوە بێبنەما و ناڕەوایە، بەڵکو لە ڕووی ئەخلاقی و لۆجیکیشەوە بە تەواوی ڕەت دەکرێتەوە. بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی ئێران، پێشتر لە بڕیارنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایش و پاشکۆکەیدا، واتە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بە شێوەیەکی گشتگیر چارەسەر کراوە و ماوەی 10 ساڵەی دیاریکراویشی دەبێت لە 18ی ئۆکتۆبەری 2025دا کۆتایی بێت. لەلایەکى دیکەوە محەممەد قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە وتاری پێش دەستپێکی کۆبوونەوەی پەرلەمان، لە کاردانەوەیدا بەرانبەر کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، گوتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان بە نایاسایی دەزانێت، چونکە ڕووسیا و چین وەک دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە ئاشکرا دژایەتیی خۆیان بەرانبەر بەم هەنگاوە ڕاگەیاند. هیچ وڵاتێک ناچار نییە پابەندی جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوە بێت. قالیباف، گوتیشی: لەم ڕوانگەیەوە ئێران پابەندی ئەم بڕیارنامە نایاساییە نابێت و دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت و وەک هەمیشە لە مافی خۆمان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە یاسایی و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوام دەبین. سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە درێژەی وتارەکەیدا گوتی: وەک پێشتر ڕامانگەیاندووە، ئەم سزایانە بەراورد بە سزاکانی ئەمەریکا، زۆر کەمترن و کاریگەریی ئەوتۆیان نابێت. هەروا لەبەر نایاسایی بوونی بڕیارەکەو دژایەتییکردنی لەلایەن ڕووسیا و چینەوە، بە ئاسانی جێەجێ ناکرێت.
بەرپرسانى بزوتنەوەى حەماس ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە هیچ پێشنیارێکی نوێیان لە لایەن نێوەندگرانەوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بە دانوستانەکانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و جەختی لەوە کردەوە کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر کردە ئامانج و گفتوگۆکان وەستاون. بزووتنەوەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامادەیی دووپاتدەکاتەوە بۆ ئەوەی هەر پێشنیارێک کە لە برا نێوەندگیرییەکانمانەوە وەریبگرێت بە شێوەیەکی ئەرێنی و بەرپرسیارانە، بە شێوەیەک کە مافە نەتەوەییەکانی گەلەکەمان بپارێزێت، لەبەرچاو بگرێت". ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردبوو کە حەماس بە شێوەیەکی مەبدەئی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لە غەززە بەدەستیەوەیە لە بەرامبەر ئازادکردنی سەدان زیندانی فەلەستینی و کشانەوەی وردە وردەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە، ئەمەش بەپێی پلانێک کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاری کردووە. بڕیارە سبەی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە واشنتۆن کۆببێتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، رەشنووسی پلانی نوێی ئیدارەی ترەمپ لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگە 23 مانگییەکەی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان و دروستکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین ئاشکرا دەکرێت. پلانەکە 21 خاڵی لە خۆگرتووە و لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک، باسکراوە. بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی کە نێوەڕۆکی پلانەکەی بڵاوکردووەتەوە، پلانەکە بە "پێشنیازی ویتکۆف" ناسراوە و لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، داڕێژراوە، دیدگەیەکی گشتگیری ئیدارەی ترەمپە بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا باسکردووە. پلانەکە، خاڵی سەرەکیی پێشنیازی دیکەش لەخۆدەگرێت کە لە چەند مانگی رابردوودا لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە خراونەتەڕوو، لەوانە ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و دوورخستنەوەی حەماس لە دەسەڵاتی کەرتی غەززە. خاڵێکی دیار و گرنگی ئەم پلانە ئەوەیە بە ئاشکرا هانی فەلەستینییەکانی غەززە دەدات لە کەرتی غەززە بمێننەوە. ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ، بەتایبەتی دوای ئەوەی ترەمپ لە شوباتی رابردوودا، رایگەیاند پلانی هەیە غەززە بگرێتەدەست و هەوڵی گواستنەوەی هەمیشەی دانیشتووانەکەی بۆ وڵاتانی ناوچەکە دەدات و ئەمەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تووشی شۆک کرد. هەروەها، پلانەکە باس لە دروستکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لە داهاتوودا دەکات، ئەمەش لە دوای دەستپێکردنی قۆناخی ئاوەدانکردنەوەی غەززە و تەواوکردنی چاکسازییەکانی دەسەڵاتی فەلەستین. ئەمەش وەک گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ دەردەکەوێت، چونکە پێشتر لە دەربڕینی پاڵپشتی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی خۆی بەدوورگرتبوو.
بەرپرسێکى ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) ڕایدەگەیەنێت: هەرچەندە ئامادەکاریی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کراوە، بەڵام ئامادەکارییەکان تائێستا تەواونەبوون، جەختیش دەکاتەوە لەوەی لە کۆبوونەوەکەدا داوا دەکەن شەرع شاندی یەکگرتووی کورد ببینێت و مافە نەتەوەییەکانی کوردیش لە سووریادا گەرەنتی بکات. نیعمەت داود، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە بە میدیای ڕۆژئاوای کوردستانی ڕاگەیاندووە، هەرچەندە ئامادەکاری کراوە بەڵام بەهۆی ئەوەی ئامادەکارییەکان تەواونەبوون بۆیە تائێستا ئەنەکەسە بەشێوەیەکی فەرمی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع بانگهێشتنەکراوە، "ئەگەر کۆبوونەوەکەش بکرێت ئێمە داوا لە سەرۆککۆمار دەکەین چاوی بە شاندی هاوبەشی کورد بکەوێت چونکە وەک لایەنی سەرپشککراو بۆ پرسی کوردی دەزانین، دواتریش ڕوانگەی خۆمان لەسەر پرسی کورد و سووریا بەگشتی دەخەینەڕوو". ئەوەشی خستووەتەڕوو، سووریا وڵاتێکی فرە نەتەوە و پێکهاتەیە و پرسی کورد و داواکارییەکانیشی پێویستە بەشێوەیەکی دەستووری چارەسەر بکرێن،بۆ کۆی سووریاش ئەنەکەسە داوای وڵاتێکی هەمەڕەنگ و دیموکراسی دەکات بەجۆرێک لە دەستووردا تایبەتمەندی هەموو پێکهاتەکان ڕەچاوبکرێت و دانیش بە مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریادا بنرێت. سەرەتای ئەم مانگە ئەنەکەسە ئاشکرای کرد کە بانگهێشتنامەی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا ئاڕاستەکراوە، ئەویش بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەسەر ماف و داواکارییەکانی کورد لە سووریا، بۆچوونێکیش هەبوو کە ئەم هەوڵەی دیمەشق ئامانج لێی دابەشكردنی شەقامی کوردییە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتیش کە ئێستا کورد یەک شاندی یەکگرتووی بۆ دانوستان لەسەر مافە نەتەوەییەکانی پێکهێناوە بەڵام دیمەشق بانگهێشتی لایەنێکی کوردی کردووە و لایەنێکی دیکەی پەراوێزخستووە.
ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا (ترۆیکای ئەورووپی) سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، ڕایانگەیاند، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کارا کرایەوە. ئەم بڕیارە دوای تەواوبوونی میکانیزمی سناپباک، واتا "گەڕانەوەی سزاکان" دێت و وەک کاردانەوەیەک بۆ جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی تاران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی لێکدرایەوە. وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵات لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، داوایان لە ئێران کرد خۆی لە هەر هەنگاوێکی هەڵکشان بپارێزێت و بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە ئەرکەکانی لە ژێر پارێزبەندییە یاساییە پابەندکەرەکاندا. ئەوان ئاماژەیان بەوەش کرد، دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی دیپلۆماسی نییە. سێ زلهێزەکە ڕایانگەیاند، بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی نوێ، بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت. جەختیشیان لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی خێرای ئەو سنووردارکردنانەی کە دووبارە سەپێنراونەتەوە، کردەوە و داوایان لە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد ئەو سزایانە جێبەجێ بکەن. لای خۆیەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، داوای لە ئێران کرد دوای سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕازی بێت لەسەر دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا. ڕوبیۆ ڕایگەیاند، بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا پشتڕاستی دەکاتەوە، جیهان ملکەچی هەڕەشەکانی نابێت و تاران لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. ئاماژەی بەوەشدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بە ڕوونی باسی لەوە کردبوو، دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی ماوەتەوە و گەیشتن بە ڕێککەوتن بە باشترین بژاردە بۆ گەلی ئێران و جیهان دەمێنێتەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە وڵاتانی دیکە کرد "بەپەلە سزاکان جێبەجێ بکەن" گەمارۆکانی بۆ سەر تاران دەستپێبکەن.
