شاندی ئیمراڵیی "دەم پارتی" بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێككەوتن. بەپێی هەواڵی میدیاكانی باكوری كوردستان، شاندەكە پێكهاتوون لە پەروین بوڵدان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا ، پەرلەمانتار میدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ پارێزەری نووسینگەی یاسایی سەدە. ئەمە یەكەمین سەردانی شاندەكەیە دوای كۆبوونەوەی كۆمیسیۆنی "دیموكراسی، خوشك-برایەتی و یەكگرتنی نەتەوەیی" بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی. شاندی كۆمسیۆن لە 24ـی تشرینی دووەمی 2025دا لە زیندانی ئاسایشی توندی جۆری ئێفی ئیمراڵی چاوی بە ئۆجەلان كەوت. شاندەكە پێكهاتبوو لە گوڵستان كلچ كۆچیگیت، جێگری هاوسەرۆكانی دەم پارتی، فەتی یەڵدز، جێگری سەرۆكی گشتیی مەهەپە و لە ئاكەپەش حسێن یامان، بە هێلیكۆپتەر چوونە دوورگەی ئیمراڵی و چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كەوت. لە هەژدەیەمین كۆبونەوەی خۆیدا كە رۆژی هەینی (21ـی تشرینی دووەمی 2025) بەڕێوەچوو، كۆمیسیۆنی هاوپشتی برایەتی و دیموكراسی نیشتمانی لە پەرلەمانی توركیا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا شاندێكی كۆمسیۆنەكە بچنە دوورگەی ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان كۆببنەوە. رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2025)، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا (مەهەپە) لە كۆبونەوەی هەفتانەی فراكسیۆنی حیزبەكەی لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند: ئێستا كارەكانی كۆمسیۆنی پەرلەمانی گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی، كارەكانیان هیچ سوودێكی نییە ئەگەر نەچن بۆ ئیمرالی. وتیشی: "ئەگەر كۆمسیۆنەكە كەسی دیاری نەكرد بۆ سەردانی ئیمرالی، دەتوانم سێ هاوڕێ لەگەڵ خۆم ببەم و بچم بۆ ئیمرالی بۆ كۆبونەوەی لەگەڵ ئۆجەلان". دوای بڕیاری كشانەوەی پەكەكە لە چەند ناوچەیەكی باكوری كوردستان لە (26ـی تشرینی یەكەمی 2025) دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە پەیامێكی بڵاوكردەوە و پێشوازی لە كشانەوەی پەكەكە لە خاكی توركیا و باكوری كوردستان كرد، وتیشی "مەهەپە ئامادەیە بچێتە ئیمراڵی". باخچەلی رایگەیاند: ئۆجەلان بەڵێنەكانی بردۆتەسەر و مەهەپەش ئامادەی چوونە ئیمراڵییە و دەبێت پەرلەمانتارانیش گوێی لێبگرن.
بەرپرسێکی باڵای کورد لە عێراق کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی (ئەلمۆنیتەر)ی ڕاگەیاندووە: "تووشی شۆک بووین لە بێباکیی سوودانی، کە داوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر کرد، بێنە بەرچاوەکانت دۆخمان چۆن دەبوو، ئەگەر ئەو بە ئامانجەکەی خۆی بگەیشتایە." مشتومڕەکانی نێوان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تووندتر بوونەوە، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بەغدا لیژنەیەکی وەزاریی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە مووشەکییەی 26ی تشرینی دووەم کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەهۆیەوە کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بڕا. سوودانی فەرمانی بە کۆمپانیای دانەگاز کردووە، کە لە کۆرمۆر کار دەکات، تاوەکو لیژنەی لێکۆڵینەوە کارەکانی تەواو دەکات بەرهەمهێنانی گازی سروشتی ڕابگرێت. بە گوتەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ئەلمۆنیتەر کردووە، ئەم هەنگاوە کوردستان لە تاریکیدا دەهێڵێتەوە، ژێرخان پەکدەخات و دەبێتە هۆی سەختی و ناڕەحەتی بۆ هاووڵاتییان. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە سوودانی هیچ پاساوێکی بۆ ئەمە نەخستووەتە ڕوو. سوودانی 72 کاتژمێری بۆ لیژنەکە دانابوو بۆ ئەوەی ئەنجامەکانیان بڵاو بکەنەوە، بەڵام وادەکە بەسەرچووە بەبێ ئەوەی هیچ هەواڵێک دەربارەی ئەنجامەکان هەبێت. سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەیەکی درێژە لەگەڵ بەغدا لە ململانێدایە لەسەر پشکی داهاتی نەوت و بودجەی فیدراڵی، لەگەڵ ئەمەشدا بە تووندی ڕەتیکردەوە کە بەرهەمهێنانی گاز بۆ نزیکەی شەش ملیۆن دانیشتووی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردبێتەوە. هەروەها ئێستا بەراورد بە پێشوو، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لە هەموو کاتێک ئاڵۆزترە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی خستووەتە سەر ئەو گفتوگۆ سیاسییە گەرمانەی ئێستا لە بەغدا هەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. ئەلمۆنیتەر ئاماژەی بە سەرکەوتنە گەورەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق داوە، کە وەک بەهێزترین پارتی سیاسیی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی مسۆگەر کردووە، بەمەش لە ئاستی هەموو حزبەکانی عێراق، هێزێکی گەورەی دانووستاندنی پێدەبەخشێت لە دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق. هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و پێکهاتووە لە پارتە تاکەکەسییەکان و بە (چوارچێوەی هەماهەنگی) ناسراوە، زۆرترین ژمارەی کورسییەکانی بەدەستهێنا کە 46 کورسییە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەنیا 27 کورسی بەدەستهێناوە. سەرەڕای خواستی سوودانی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی حکوومەت بۆ خولی دووەم، کەم کەس باوەڕیان وایە بتوانێت پارێزگاری لەم پێگەیەی بکات، بەتایبەتی بەبێ پشتیوانیی کورد. کۆرمۆر، کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان، سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم دابین دەکات. ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی 2025، دانە گازی ئیماراتی، کە شانبەشانی نەوتی هیلال (Crescent Petroleum) کێڵگەکە بەڕێوەدەبەن، ڕایگەیاند، مووشەکێک بەر کۆگای گازی کێڵگەکە کەوتووە، کە بووەتە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی و پچڕانێکی فراوانی کارەبای نیشتمانی هەرێمی کوردستان. هیچ گرووپێک دەستبەجێ بەرپرسیارییەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرت، هەرچەندە کۆدەنگییەکی بەرفراوان هەیە کە هێرشەکە لەلایەن یەکێک لە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدرابێت، کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت پلانی هێرشی هاوشێوەیان بۆ سەر دامەزراوە وزەییەکانی هەرێم داڕشتبێت و لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە پارەدار بکرێن. هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بە گەورەترین دەستدرێژی دادەنرێت لە دوای زنجیرەیەک هێرشی درۆنی لە مانگی تەممووزدا بۆ سەر پێنج کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان بە بڕی 220 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و دابەزینی بەرهەمهێنانی گشتی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 70%. بەرپرسە باڵاکەی کورد بە ئەلمۆنیتەری گوتووە: "تووشی شۆک بووین لە بێباکیی سوودانی، بێنە بەرچاوەکانت و بیر لەوە بکەرەوە ئاخۆ دۆخمان چۆن دەبوو ئەگەر ئەو ئامانجەی بهاتایەتەدی." پێگە هەواڵییەکە ئاماژەشی دا کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوودانی وەڵامی داواکاریی ئەلمۆنیتەری بۆ لێدوان نەداوەتەوە. ئیدارەی ئەمەریکا لە ڕێگەی (مارک ساڤایا)، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق، ڕوونیکردووەتەوە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتێکی نوێ ناکات کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی بریکارەکانی ئێراندا بێت. ساڤایا، کە نزیکە لە دۆناڵد ترەمپ و بە ڕەچەڵەک عێراقییە، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس هێرشی کردە سەر ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر و گوتی: "پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسانی ئەم پەلامارە دەستنیشان بکات و ڕووبەڕووی دادگایان بکاتەوە. با ئەوە ڕوون بێت: لە عێراقێکی خاوەن سەروەریی تەواودا هیچ شوێنێک بۆ گرووپی چەکداریی لەو شێوەیە نییە."
كەناڵی (الحدث) لەزاری سەرچاوەكانییەوە بڵاویكردووەتەوە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق، پەیامی ویلایەتە یەكگرتووەكانی گەیاندووەتە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و هۆشداریداوە لەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵای لوبنان نزیكەو پێویستە گروپە چەكدارەكانی خۆیان بەدوور بگرن و دەستوەردان نەكەن، بەپێچەوانەوە روبەڕوی گورزی توندی ئیسرائیل دەبنەوە. بەوتەی سەرچاوەكە، باراک لە پەیامەکەیدا بە سودانی وتووە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل لە لوبنان بەردەوام دەبێت تا بەتەواوی چەكی حزبوڵا دادەماڵڕێت. دوو ڕۆژ لەمەوبەر نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو کە: محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە سوریا كردووە. بەگوێرەی سەرچاوەكە، لە دیدارەکەیاندا باسیان لە رێگاكانی ئەو پرۆسەیە کردووە کە عێراق لە ڕێگەیەوە بتوانێت بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری سوریاو ئاسایش و خۆشگوزەرانی و بوژانەوەی ئابوری، کە لە هەمان کاتدا سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق بەهێزتر بکات. هاوكات بیروڕاش ئاڵوگۆڕكراوە سەبارەت بە رێگریکردن لە هەر پەرەسەندنێکی زیاتر لە ناوچەکە لەگەڵ پاڵپشتیکردنی رێڕەوی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و دانانی ناوچەکە لەسەر ڕێگای هاوکاری و گەشەی ئابوری و سەقامگیری درێژخایەن، باراک جەختی لەو رۆڵە بونیادنەر و گرنگە کردووە کە عێراق دەتوانێت بیگێڕێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان.
ئاسیاسێڵ سیستەمی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتای کۆمپانیای Enea جێگیر دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی ئەزموونی بەشداربووان و باشترکردنی ئاستی کارایی تۆڕەکەی دەوحە، قەتەر، 26ـی تشرینی دووەمی 2025 سیستەمی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتای کۆمپانیای Enea، ئاستی خێرایی پەیوەندی بەرز دەکاتەوە و ئەزموونی بەشداربووان زیاد دەکات لە ڕێی بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیاوە بۆ ناردنی ناوەڕۆکی ڤیدیۆ بە شێوەیەکی کاراتر، لە هەمانکاتدا شیکاریی ڕاستەوخۆ بە مەبەستی یارمەتیدانی شێوازی پلاندانان بۆ توانای تۆڕ و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان دابین دەکات کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، پێشەنگ لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکان لە عێراق، بە سەرکەوتوویی سیستەمی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتای کۆمپانیای Eneaـی جێگیر کرد، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی کواڵێتیی ئەزموونی بەشداربووان (QoE) و باشترکردنی ئەدای ناوەڕۆکی ڤیدیۆیی. لەگەڵ گەشەسەندنی خێرای گواستنەوەی داتای ئامێری پەیوەندییەکان، ئاسیاسێڵ، کۆمپانیای Eneaـی هەڵبژارد بۆ ئەوەی کاراییەکی بەرز پێشکەش بە بەشداربووانی بکات و لە هەمانکاتیشدا توانایی پێشکەوتوو لە پۆلێنکردنی گواستنەوەی داتا و زیادکردنی خێراییدا دابین بکات، ئەمەش وا لە ئاسیاسێڵ دەدات کە گواستنەوەی ناوەڕۆکی ڤیدیۆیی زیاتر بە شێوەیەکی کاراتر بخاتە بەردەست بەشداربووانی. حەسەن الشامی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تەکنەلۆژیی ئاسیاسێڵ ڕایگەیاند: "ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتاکانی تۆڕی کۆمپانیای Enea، بە ڕەگەزێکی سەرەکیی دادەنرێن لە بەرەوپێشبردنی ئاستی دەستڕاگەیشتن بە داتاکان بە شێوەیەکی خێرا و متمانەپێکراو. ئەم کارامەییە بێ هاوتایە لە بوارەکەدا توانایەکی زیاترمان پێدەبەخشێت بۆ پێشکەشکردنی کۆمەڵێک پلانی داتایی داهێنەرانە بە بەشداربووانمان لە تاکە کەس و کۆمپانیاکان، لە هەمانکاتیشدا بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتا ڤیدیۆییەکان بە شێوەیەکی زیرەکانە بۆ باشترکردنی ئەزموونی بەشداربووان." ئۆسڤاڵدۆ ئالداو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تەکنەلۆژیی کۆمپانیای Enea ڕایگەیاند: "بنچینەی چارەسەرەکانی کۆمپانیای Enea سەرنج دەخاتە سەر سێ بنەمای سەرەکی: ئاسایش و بەرەوپێشبردن و بەدەستهێنانی داهات. لە ڕێگای سیستەمی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتای کۆمپانیای Eneaـەوە، ئاسیاسێڵ دەتوانێت ئەزموونێکی دیجیتاڵی ئاست بەرز پێشکەش بە بەشداربووانی بکات و لە هەمانکاتیشدا دڵنیایی دەدات لە دابینکردنی خێرایی زیاتر و ئاسانکردنی شێوازی ناردنی ڤیدیۆ بە بەرزترین کواڵێتی." ئەم سیستەمە ئامرازی بەهێزی بەدواداچوون و شیکاری پەیوەست بە گواستنەوەی داتاکان بۆ ئاسیاسێڵ دابین دەکات، ئەمەش وادەکات کە بتوانێت پلان بۆ توانای تۆڕەکە دابڕێژێت و پاڵپشتی لە گەشەی گواستنەوەی داتاکان لە داهاتوودا بکات. بۆ زانیاریی زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن: https://www.enea.com/solutions/traffic-management/ (کۆتایی) دەربارەی Enea: Enea کۆمپانیایەکی جیهانیی تایبەتمەندە لە بواری سۆفتوێری پەیوەندییە پێشکەوتووەکان و ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا. دیدگای کۆمپانیاکە لە بوونی پەیوەندییەکی سەلامەتتر و کاراترەوە لە سەرانسەری جیهاندا سەرچاوە دەگرێت. لە ڕێگای سەرنج خستنە سەر داهێنان و ئاسایشی، چارەسەرەکانی کۆمپانیاکە بۆ پێکەوە بەستنەوەی پەیوەندییەکان و لە هەمانکاتیشدا بەرەوپێشبردنیان و پاراستنیان لەنێوان تاکەکان و کۆمپانیاکان و ئامێری پەیوەندییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەردەستن. کۆمپانیای Enea خزمەتی زیاتر لە 170 دابینکاری خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکان لە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهاندا دەکات و ڕۆژانە زیاتر لە 3 ملیار کەس پشت بە تەکنەلۆژیاکانی دەبەستن. بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکە لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سویدە و لە بۆرسەی ناسداکی ستۆکهۆڵمدا ڕیزبەندی کراوە. بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن:enea.com پەیوەندی– Enea کلێر مێرفی: [email protected] دەربارەی ئاسیاسێڵ: ئاسیاسێڵ "کۆماندەکاتەوە"، دابینکاری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق و ژمارهى بهشدرابووانی نزیکەی 20 مليۆنە. ئاسياسێڵ وەکو یەکەمین کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لە عێراق و یەکەمین کۆمپانیاشە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێت. ئاسیاسێڵ خزمەتگوزارییەکانی +4G بە کواڵیتییەکی بەرز لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابیندەکات و تۆڕەکەشى زیاتر 06.99٪ ـى دانيشتوانى عێراق دهگرێتهوه، ئهمهش وا دهكات كه تۆڕهكهى ببێته بەربڵاوترین تۆڕى مۆبايل بە فراوانترین ڕووماڵەوە لە نێو کۆمپانیاکانی تری پەیوەندی لە عێراق. ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوە دەکات کە لە کانونی دووەمی 2015 ــەوە باشترین دابینکاری خزمەتگوزاری ئینتەرنێتە کە باشترین تۆڕی پەیوەندی بە بەرزترین کواڵیتی لە عێراق دابیندەکات. پەیوەندییەکانی ئاسیاسێڵ، بەشی پەیوەندییە گشتییەکان: [email protected] بۆ زانیای زیاتر: www.asiacell.com
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، تەواكردنی سەرجەم رێكارەكانی پەیوەست بە تانەكانی سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند، دەشڵێت سەرجەمیان نێردراون بۆ دەستەی دادوەری و پاشانیش دەنێردرێت بۆ دادگای فیدراڵی بەمەبەستی پەسەند كردنیان. رۆژی دووشەممە، 1-12-2025عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند: ناردنی تەواوی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ دادگای فیدراڵی بۆ پەسەندكردنی، دوای ئەوە دەبێت كە دەستەی دادوەری پێداچوونەوە بە تەواوی تانەكاندا دەكات". وتیشی:كۆمسیۆن تەواوی تانەكانی تەواو كردووە و پێشنیازەكانی خۆی لەبارەیانەوە پێشكەش كردووە، ئێستا كارەكە لای دەستەی دادوەرییە. بەوتەی ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن "دەستەی دادوەری پابەند دەبێت بە ماوەی یاسایی كە 10رۆژە، دوای وەرگرتنی كۆتا تانە لە كۆمسیۆن و تەواوكردنی رێكارەكانی تایبەت بەو تانەیە". "دەستەی دادوەری بەردەوامە لە ئەنجامدانی كارەكانی، كۆمەڵێك لەو تانانەی گەیشتوونەتە كۆمسیۆن و پێشنیازەكانی ئەنجومەنی كۆمسیارانیش سەبارەت بە رەتكردنەوەیان پەسەند كراون". عیماد جەمیل وای وت. رۆژی 30-11-2025 ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، یەكلاكردنەوەی 428 تانەی لە كۆی 853 تانە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان راگەیاند. پێنج شەممەی رابردوو كۆمسیۆن دوایین قۆناغی تانەكانی رەوانەی دەستەی دادوەری كرد بۆ بڕیاردان لەسەریان. كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئێوارەی رۆژی دووشەممە (17ـی تشرینی دووەمی 2025) ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند، كە رۆژی سێشەممە (11ـی تشرینی دووەمی 2025) بەرێوەچوو. كۆمسیۆن دواتر سێ رۆژ دەرفەتیدا بە قەوارە و كاندید و لایەنەكان بۆ پێشكەشكردنی تانەكانیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. بەپێی رێكارەكان، كۆمسیۆن دوای وەرگرتنیان راسپاردەی هونەری و یاسایی لەبارەی تانەكانەوە بۆ دەستەی دادوەری بەرزدەكاتەوە بەمەبەستی سەیركردنیان. دواتر دەستەی دادوەری كۆمسیۆن لە ئەنجامی تانەكان یەكلایی دەكاتەوە، پاشان ناوی كاندیدە دەرچووەكان رەوانەی دادگای فیدراڵی دەكرێن بۆ پەسەندكردنیان.
عەبدولڕەحیم سەماوی، سەرۆکی سەنتەری "تەمل" بۆ توێژینەوە ئاشکرای دەکات، چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریا دیموكرات و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆسەر سەردانی تورکیا بکەن، سەردانەکە کۆبونەوەیەك لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان و واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ لەخۆدەگرێت، کە تەواوکەری رێککەوتنی مانگی ئازاری نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع و بڕگەکانی دەبێت. عەبدولڕەحیم سەماوی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "وڵات تیڤی" رایگەیاند: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە مانگی تەمموزی رابردودا رایگەیاند، رێککەوتنێکی هەمەلایەنە لە نێوان کورد و عەرەب و تورکدا دەکرێت و مافی ئەو گەلانە لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بە گشتی پەسەند دەكرێت و دانیان پێدا بنرێت. سەماوی ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو رێککەوتنەی لەنێوان ئۆجەلان و حکومەتی تورکیا کراوە لەم راگەیاندنەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەنكەرە هەنگاوی ئەرێنی ناوە، لەوانە گۆڕینی گوتاری سیاسی بەرامبەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان. باسی لەوەشكرد: ئامادەکارییەکان لە تورکیا بەردەوامن بۆ ئەوەی بەم نزیکانە یاسایەکی نوێ دەربکەن، زامنی ئازادکردنی ئۆجەلان بكات لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیکردنی حکومەتی تورکیا، جگە لە گەڕانەوەی گەریلاكانی پەکەکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و چارەسەركردنی بارودۆخیان. جەختیشكرد: یاسا نوێیەکان مافە کولتوری و نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە تورکیا دەستەبەر دەکات، گرتنەبەری ئەو هەنگاوە بنەڕەتی و مێژووییانەش پێویستی بە کات و دان بەخۆگرتن هەیە، حکومەتی تورکیا بە خێرایی هەنگاو دەنێت بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی.
سەرچاوە ئاگادارە عێراقییەکان دەڵێن: لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت کە ئەرکی دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەیان پێسپێردراوە تێوەگلاون لە بۆردومانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی، تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئەوەی کێ لەپشت هێرشەکەوە بووە، تەنها گەیشتووەتە ئەوەی بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشەكە ئەنجامدراوە. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، کە قسەیان بۆ رۆژنامەی (العربی الجدید) كردووەو داوایان كردووە ناویان نەهێنرێت، رایانگەیاندووە: راپۆرتی کۆتایی لیژنەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا رادەستی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بکرێت، بۆ بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەو ئەو رێوشوێنانەی دواتر دەگیرێنەبەر. سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، لیژنەكە زانیاری ئەوەشی دەستكەوتووە، هێرشەكە لە دووزخورماتوو لەسەر سنوری هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدراوە، کە چەند گروپێكی چەکدار تیایدا چالاکن، بەڵام تیمە تەکنیکیەکان نەیانتوانیوە رێڕەوی هەڵدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان یان لایەنی بەرپرسیار لە هەڵدانی دیاری بکەن. لای خۆیەوە یاسر وتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق راگەیاندووە: حكومەت پێداگرە لەسەر ئەوەی بە زووترین کات راستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات، رەنگە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەنجامە بەراییەکان سەبارەت بە سروشتی هێرشەکە رابگەیەندرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە: دیاركردنی ئەو لایەنەی ئەو كارەی كردووە لەم کاتەدا کارێکی قورسە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.
لە دوای سەردانەکەی بۆ باکووری کوردستان دەنگۆی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و رێبەر ئۆجەلان لە میدیاکاندا بڵاوبوویەوە. کۆبوونەوە روویداوە؟ بەگوێرەی زانیاری و گەڕانەکانی هاوڵاتی، هیچ کام لە میدیاکانی پارتی دیموکراتی کورستان و پارتی کرێکارانی کوردستان هەواڵیان لەبارەی کۆبوونەوە یان دیداری سەرۆک بارزانی و رێبەر ئۆجەلان بڵاونەکردووەتەوە. بەشێک لە دەنگۆکان، تائێستا بەردەوامن، بەڵام، هیچ راگەیەنەدراوێکی فەرمی نییە لەوبارەیەوە. دوێنی سەرۆک بارزانی، سەردانی باکووری کوردستانی کرد و بەشداریی کرد لە سیمپۆزسمی مەلای جزیری لە شرناخ و دواتر گۆڕی هەریەک لە [ شەڕەفەدین ئەڵچی، مەم و زین، بەسەرکردەوە.
یاریدەدەری وەزیری تەندروستی ئێران دوای بڵاوبوونەوەی تۆمەتی داواکاری بەرتیل دەستی لەکارکێشاوە رادیۆی نێودەڵەتی فەرەنسا/فارسی ئەمڕۆ، دەستلەکارکێشانەوەی جەلیل حوسێنیانی راگەیاند. ناوبراو دوای بڵاوبوونەوەی نامەیەک لەلایەن دایکی نەخۆشێکەوە دەستی لەکارکێشاوەتەوە کە تێیدا نووسیبووی: جەلیل حوسەینی، بۆ نەشتەرگەری کوڕەکەم، داوای پێنج لیرەی زێڕی لێکردووم. دوابەدوای دەستلەکارکێشانەوەی جەلیل حوسێنی، یاریدەدەری وەزیری تەندروستی، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، محەمەد ڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ئێران، فەرمانێکی دەرکردووە و عەلی جەعفەریان، راوێژکاری باڵا و جێگری ئەو وەزارەتەی وەک یاریدەدەری وەزیری تەندرووستی بە وەکالەت دیاری کردووە. ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو بووەوە کە فەرهاد تیمورزادە، بەڕێوەبەری چاپی "تیمورزادە" و گۆڤاری "تەبیب"، وێنەیەکی دەستنووسی دایکێکی لە ئینستاگرامی خۆی بڵاوکردەوە و نووسیبووی: کاتێک بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی منداڵەکەی بۆ دیتنی جەلیل حوسێنی، یاریدەری وەزیری تەندروستی لە شاری تاران رۆیشتووە، داوای پێنج لیرەی ئاڵتوونی لێ کردووە. بە گوتەی دایکی نەخۆشەکە، جەلیل حوسێنی ئەم داوایەی لە نەخۆشخانەی ئێرانمێهر لە تاران کردووە و گوتویەتی: ئەگەر پارەت نەبێت، دەبێت سێ بۆ چوار ساڵ چاوەڕێی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی حکومی تەجریش بکەیت.
مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە عێراق دەڵێت: ئەمڕۆ جیهان عێراق وەک وڵاتێک دەبینێت رۆلێكی گەورەترو کاریگەتر لە ناوچەکەدا بگێڕێت، بەمەرجێك پرسی چەك له دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت به تەواوی چارەسەربکات و شکۆی دامودەزگا فەرمییەکان بپارێزێت. ساڤا لە سەكۆی "ئێكس" نوسویەتی: هیچ ئابورییەک ناتوانێت گەشە بکات و هیچ هاوبەشییەکی نێودەوڵەتیش ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، لە ژینگەیەکدا کە سیاسەت لەگەڵ دەسەڵاتی نافەرمیدا تێکەڵ بووە، عێراق دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمدایە بۆ هەڵدانەوە ئەم دۆسییەو بەهێزكردنی وێنەی خۆی وەک دەوڵەتێک کە لەسەر سەروەری یاسا بونیاد نراوە نەک دەسەڵاتی چەک. راشیگەیاندووە: بە هەمان شێوە گرنگە، دامەزراندنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و رێزگرتن لە چوارچێوە دەستورییەکان و رێگریکردن لەو دەستوەردانانەی کە دەكرێت دروستكردنی بڕیاری سیاسی پەكبخات یان سەربەخۆیی دەوڵەت لاواز بکات. ساڤایا لە بەشێكی تری نوسینەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە: عێراق لە بەردەم دوڕیانێكی یەكلاكەرەوەدا وەستاوە، یان بەرەو دامەزراوەی سەربەخۆ هەنگاو دەنێت کە توانای جێبەجێکردنی یاسا و راکێشانی وەبەرهێنانیان هەبێت، یان دەگەڕێتەوە ناو ئەو سوڕە ئاڵۆزییەی کە بارگرانی لەسەر هەموو لایەک دروستکردووە. ئەوەی ئەمڕۆ پێویستمانە پشتیوانیكردن لە كاروانی وڵات و رێزگرتن لە دەستورو بەهێزکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و پابەندبونێکی پتەو كە وابەستەی دوورخستنەوەی چەک بێت لە سیاسەت، ئەمە رێگای بونیادنانی عێراقێکی بەهێزە کە رێزی جیهان بەدەست بهێنێت.
ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ئاشکرایکرد، بەهۆی ئەو هێرشە مووشەکیەی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، تەنیا لە بەرهەمهێنانی غازدا ڕۆژانە زیانی زیاتر لە 7.41 ملیۆن دۆلار هەبووە. ئەمڕۆ شەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕوانگەی ئیکۆ عێراق لەبارەی زیانەکانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، "زیانەکانی داخستنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ڕۆژانە دەگاتە زیاتر لە 7.41 ملیۆن دۆلار." ڕوانگە ئاماژەی بەوەشداوە، "ئەو کێڵگەیە پێش هێرشەکە ڕۆژانە 530 ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی بەرهەمدەهێنا، کە نرخی یەک ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی نزیکەی 10 هەزار دۆلارە." ڕوونیشیکردەوە، "غازی سروشتی شل (LNG) کە بەزۆری بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت، هاوردەکردن و گواستنەوەی بۆ عێراق یان هەرێم زۆر گرانە." لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "کێڵگەکە ڕۆژانە 1580 تۆن LPG (کە بە غازی ماڵان ناسراوە) بەرهەمدەهێنێت"، ئاماژەی بەوەشکرد "نرخی هەر تۆنێک 500 دۆلارە." ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ڕاشیگەیاند، "هەروەها کێڵگەی کۆرمۆر، ڕۆژانە نزیکەی 22 هەزار بەرمیل غازی کۆندێنسێت بەرهەم دەهێنێت، کە نرخی هەر بەرمیلێک 60 دۆلارە." باسی لەوەشکرد، "خەملاندنی زیانەکان، زیانەکانی کرێی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و تێچووی هێڵەکانی گواستنەوە و کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا ناگرێتەوە." کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممەی ڕابردوو، هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر کۆگای غازی شلی کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەتەواوی وێرانی کرد، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی بڕی کارەبای هەرێمی کوردستان بۆ 1500 مێگاوات.
سەرۆک بارزانی پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا دووپات دەکاتەوە و سوپاسی ئەردۆغان و ئۆجەلانیش دەکات. ئەمڕۆ شەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆک بارزانی لە شارۆچکەی جزیرێی سەر بە پارێزگای شرنەخ؛ بەشداری لە چوارەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی "مەلای جزیری" کرد و گوتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد. پشتگیریی تەواو بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تەوەرێکی گوتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەربڕی و ڕایگەیاند: "ئێمە زۆر دڵخۆشین کە ئەم پرۆسەیە دەستیپێکردووە. ئەمجارە پرۆسەکە بە ڕێکوپێکی دەستیپێکردووە، چونکە میللهت و پهرلهمان و ههموو حزبهكان پشتیوانیی دهوڵهتن." سەرۆک بارزانی گوتیشی "لێرهدا به پێویستی دهزانم سوپاسی سهرۆك كۆمار بهڕێز ئهردۆغان، پهرلهمانی توركیا و میللهتی توركیا بكهم كه دهرگای ئاشتییان كردهوه، كه باشترین دهرگا و باشترین بژاردهیه. ههروهها دهستخۆشی له بهڕێز ئۆجهلان دهكهم كه ئهویش ههنگاوی ئهرێنی هاویشتووه." لە کۆتاییدا، سەرۆک بارزانی جەختی لە پشتیوانیی بێ سنووری هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی ئاشتی کردەوە و گوتی: "لێرەدا دەمەوێت بڵێم، ئێمەش بە هەموو هێزی خۆمانەوە پشتیوانیی ئەم پرۆسەی ئاشتییەین و هەرچیمان لەدەست بێت، ئامادەین. ئینشائەڵا پرۆسەکە دەگاتە ئەنجامێکی زۆر باش و خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەک دەبێت."
کونسوڵی ئێران لە هەولێر سەربارەت بە هێرش بۆسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە ئاڤا میدیای وت، ئەم هێرشە لەلایەن هەرکەسێکەوە ئەنجامدرابێت مایەی قبوڵکردن نییە. شەوی 26ـی مانگ، کاتژمێر 11:30 هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و خەزانی هەڵگرتنی نەفتای کێڵگەکە بە تەواوی زیانی بەرکەوت. بەو هۆیەوە 525 ملیۆن پێ سێجا غازی ڕۆژانە وەستا و بەرهەمهێنانی سێ هەزار مێگاوات کارەبا ڕاگیرا. فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بە ئاڤای وت، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکەم، ئەم کارە لەلایەن هەر کەسێکەوە ئەنجامدرابێت جێگای قبوڵکردن نییە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانی سەرکونسوڵی ئێران دەڵێت: لەڕوانگەی ئێمەوە ئەم کارە هێرش کردنە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستانی عێراق و خۆشگوزەرانی گەلە ئازیزەکەیەتی.
وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق رایگەیاند، لەماوەى 72 کاتژمێردا ئەنجامى لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەى سەر کۆرمۆر دەردەکەوێت. سەباح نوعمان وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند، لیژنەى تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە پێکهێنراوە دەستى بەکارەکانى کردووە لە کێڵگەکە. وتیشى ئەنجامى لێکۆڵینەوەکە لەماوەى 72 کاتژمێردا دەردەکەوێت لەگەڵ دیاریکردنى ئەنجامدەرانى هێرشەکە. هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، وەزیرانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان و سەرۆكی دەزگای هەواڵگیریی عێراق، لەگەڵ نوێنەری لایەنە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان لە كێڵگەی كۆرمۆر کۆدەبنەوە و بڕیار لەبارەى هێرشەکەى سەر کێڵگەکە دەدەن. ئێوارەی دوێنێ شاندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بەرپرسانی دانەغاز، سەردانی کێڵگەی کۆرمۆریان کردووە و لەوێ کۆبوونەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسانی کۆمپانیای دانەغاز ڕایانگەیاندووە، ئامادەن لە ماوەی یەک کاتژمێردا دەست بە بەرهەمهێنانەوەی گازی سرووشتی بکەن و لە ڕێگەی تانکەر و کۆگای جێگرەوە، گازەکە هەڵبگرن و بیگوازنەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام بەو مەرجەی گرەنتی ئەوەیان پێبدرێت، دووبارە هێرش ناکرێتەوە سەریان. هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە دوو هێرش ئەنجام دراون، بەڵام تەنیا یەک هێرشیان ئاشکرایە و ئەوەی دیکە نازانرێت بەر کوێ کەوتووە، هەروەها هێشتا نازانرێت هێرشەکە درۆنیی بووە یان بە کاتیۆشا بووە. هاوکات کەناڵ8 ئەوەشى زانیوە، شەوى ڕابردوو شاندێکی تەکنیکیی حکومەتی عێراق سەردانی کێڵگەی کۆرمۆرى کردووە و لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکە دەستپێکردووە. ڕۆژی پێنجشەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنیی تایبەت بە هێرشەکەی سەر کۆرمۆری کرد و بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە. بەگوتەى وەزیرى کارەباى هەرێمى کوردستانیش، لە 24 بۆ 48 کاتژمێرى داهاتوودا کێشەى هەناردەى گازى کێڵگەى کۆرمۆر و بڕانى کارەبا چارەسەر دەبێت.
بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە: هێرشەكەی كۆرمۆر وەک پەیامێکی روونی گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی تاران لێکدەدرێتەوە، ئێرانییەکان رێگە نادەن غازی کوردستان ببێتە جێگرەوەی ئەو غازە ئێرانییەی کە عێراق هاوردەی دەکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گەمارۆیەی کە فشارێكی گەورەی لەسەر ئابوری ئێران دروستكردووە. بەرپرسەكەی حكومەتی هەرێم بە رۆژنامەی "العربی الجدید"ی وتووە: هەر هەوڵێک بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غازی هەرێم یان بەستنەوەی بە تۆڕی نیشتمانیی عێراق، روبەڕوی وەڵامدانەوەی ئەمنی دەبێتەوە، بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە بازاڕی وزەی عێراق. ئاماژەی بەوەشكردووە: هێرشەکە تاقیکردنەوەیەکیشە بۆ توانای بەغداد لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی پێشووی سەبارەت بە پاراستنی ژێرخانی وزە و رێگریکردن لە دووبارەبونەوەی هێرشەکان بۆ سەر کێڵگەکانی غازی کۆر مۆر، کە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی کاتیۆشا رووبەڕوی هێرش دەبێتەوە. ئامانجی هێرشەکە لایەنی سەربازی تێدەپەڕێنێت؛ هەوڵێکە بۆ پەکخستنی پڕۆژەی هەرێم، کە تەنها چەند هەفتەیەک لەمەوبەر راگەیەندرا، بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ شارەکانی، لەگەڵ ئەگەری گواستنەوەی ئەزمونی پڕۆژەکە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
