هاوڵاتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند رێژەی بێکاری گەیشتووەتە 16.5 % بەتایبەت دوای، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەچەند ساڵی رابردوو،کە بە ھۆکارێکی سەرەکی زیادبوونی بێکاری دادەنرێت. عەبدولزەھرە ھنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، رێژەی بێکاری بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠٢١، گەیشتووەتە ١٦.٥%، ئەوەش بەھۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١. هاوکات سەبارەت بە پرسی سەرژمێریی دانیشتووان رایگەیاند، بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کۆتاییەکانی ئەمساڵ، ھۆکارە بۆ بەڕێوەنەچوونی سەرژمێریی دانیشتووان، بەڵام ١٠٠% ساڵی داھاتوو ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەدەچێت. ھەروەھا بەپێی ئامارەکان، ژمارەی دانیشتووانی عێراق ٤٢ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و رەنگە تاکو کۆتایی ئەمساڵ بگاتە ٤٣ ملیۆن کەس.
ئەمریکا رایگەیاند بڕێک لە پارەی قەرزەکانی غاز و کارەبای عێراق بە مەرج ئازاد کراوە و ئەو پارانە دەبێت تەنها بۆ بوارە مرۆییەکان و ئەو بوارانەی سزا نەیگرتونەتەوە بەکار دەهێنرێت. میتو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ نزیکەی سێ ملیارد دۆلاری بلۆککراوی ئێران لە عێراق ئازاد کراوە و سیاسەتی واشنتۆن لە ئاست بەغداد و تاران گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتوە. میلەر وتی: ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی سزاکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەو چوارچێوەیەشدا ئەو پارانەی لە عێراق ئازاد کراون تەنها دەبێت بۆ بوارە مرۆییەکان بەکاربهێنرێت. بە وتەی میلەر: لە ساڵی 2018 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ژمارەیەک لێخۆشبون لە سزاکانی بە راوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە (کۆنگرێس) بۆ عێراق دەرکردوە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بتوانێت تێچوی کڕین یان دابینکردنی کارەبا لە ئێران بخاتە سەر ئەژمارێکی بانکیی. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رونی کردوەتەوە؛ بەهۆی سزاکانی واشنتۆن دژی دژی کۆماری ئیسلامی ئەو پارانە تەنها لە چوارچێوەی بوارە مرۆییەکانی وەک دابینکردنی خۆراک و دەرمان و ئەو بوارنە بەکار دەهێنرێت کە سزاکانی ئەمریکا نەیگرتبنەوە. لە ماوەی رابردودا بەرپرسانی عێراق و کۆماری ئیسلامی رایانگەیاند؛ بە رەزامەندیی ئەمریکا بڕی زیاتر لە دوو ملیارد و 700 ملیۆن دۆلار لە کڕینی قەرزەکانی غاز و کارەبای ئێران ئازاد کراوە بەڵام بەهۆی سزاکانەوە ناتوانرێت ئەو پارەیە بخرێتە سەر ئەژمارە بانکییەکانی ئێران.
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند بەهۆی سزاکانی ئەمریکا ناتوانرێت پارەی قەرزی غاز و کارەبا رادەستی ئێران بکرێت. ئەحمەد موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند؛ وەزارەتەکەیان سەرجەم قەرزەکانی کڕینی غاز لە ئێرانی رادەستی بانکی بازگانیی عێران (TBI) کردوە بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا ناتوانرێت ئەو بڕە پارەیە بچێتە سەر ئەژمارە بانکییەکانی ئێران. بەرپرسانی ئێران لە ماوەی رابردودا رایانگەیاندبوە؛ دوو ملیارد و 700 ملیۆن دۆلاری فرۆشتنی غاز بە عێراق ئازاد کراوە. پێشتر بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندبو عێراق زیاتر لە 11 ملیارد دۆلار قەرزاری کارەبا و غازی ئێرانە و ئەگەر ئەو قەرزە رادەست نەکرێت ئەوا گرێبەستی فرۆشتنی رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سیجا غاز بە عێراق نوێ ناکرێتەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران پەیوەندیی بە سەرۆکی روسیا دەکات سەبارەت بە گرژییەکانی ئەو وڵاتە و وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئاشکرای دەکات ئۆکرانیا دانوستانی لەگەڵ تاران رەت کردوەتەوە. ئەمڕۆ دوشەممە دوو رۆژی دوای هەوڵەکانی گروپی ڤاگنەر، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی بۆ مۆسکۆ راگەیاند و وتی: کۆماری ئیسلامی پشتیوانیی لە دەسەڵاتی نیشتیمانیی روسیا دەکات. لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد داوا لە ئۆکرانیا کراوە بەڵگەکانی بۆ بونی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران لە جەنگی وڵاتەکەی ئاشکرا بکات و لەسەر ئەو پرسە دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکات بەڵام رەت کراوەتەوە. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند؛ خولێکی دانوستان سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا لە نێوان بەرپرسانی ئەو وڵاتە و کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی عوممان بەڕێوەچوە بەڵام هیچ بەڵگەیەک نەخراوەتەڕو کە بیسەلمێنت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران هێرش کرابێتە سەر ئۆکرانیا. کەنعانی وتویەتی بڕیاربوە خولی دووەمی دانوستانەکان بەڕێوبچێت بۆ خستنەڕوی بەڵگەکانی ئۆکرانیا بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە دانوستانیان رەت کردوەتەوە. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیاوە تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران رادەستی سوپای روسیا کراوە بۆ بەکارهێنانیان دژی سوپای ئۆکرانیا.
ئەوروپا رایگەیاند بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی قۆناغێکی دیکەی سزای دژی کۆماری ئیسلامی لە ئێران دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ دوشەممە نۆیەم پاکەیجی سزاکانی دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، راگەیاند کە حەوت بەرپرسی دەزگای داد و فەرماندە سەربازییەکانی سوپای پاسدارن و پۆلیسی کۆماری ئیسلامیی گرتوەتەوە. لە لیستی نوێ سزاکانی ئەوروپا ناوی داواکاری گشتیی شاری ئەسفەهان و راوێژکاری دادگای تاوانی ئەو شارە هاتوە کە بەرپرس بون لە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر سێ گەنجی ئەو پارێزگایەدا. هاوکات هەر لەو لیستەدا ئاماژە بە ناوەکانی فەرماندەی ناوەندی( ساحیب زەمان)ی سەر بە سوپای پاسداران لە پارێزگای ئەسفەهان کراوە کە بەر بەرپرسی سەرەکیی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەسفەهان لەقەڵەم دراوە. ناوی قئیمقامی شاری گیلان و فەرماندەی هێزەکانی پۆلیسی ئەو شارە کە تۆمەتبار کراون بە کوشتنی خۆپیشاندەران لە لیستە نوێیەکەی سزاکانی یەکێتی ئەوروپادا هاتوە. قائیمقامی شاری ئامول لە پارێزگای مازەندەران و فەرماندەی ناوەندی سوپای پاسداران لە کەرەج لە ناو لیستی قۆناغی نۆیەمی سزاکانی یەکێتی ئەوروپادان. یەکێتی ئەوروپا بەم سزا نوێیانەوە لە دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران لە نۆ قۆناغ و پاکەیجدا سزای دژی بەرپرسانی ئەمنیی و سەربازیی و دادوەریی کۆماری ئیسلامی سەپاندوە. سەرجەم ئەو کەسانەی ناویان لە لیستی سزاکانی یەکێتی ئەوروپادا هەیە گەشت بۆ وڵاتانی ئەوروپایان لێ قەدەغە دەکرێت و دەست بەسەر سامەنەکان یان ئەژمارە بانکییەکانیان لەو وڵاتانەدا دەگیرێت.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی ناجێگیریی بەھای دۆلار و دینار بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە. موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر ئاستی ناوخۆ ناسەقامگیری بەھای دراو بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە ژمارەیەکی زۆر لە کەس فێڵ لە بانکی ناوەندی و بانکەکانی تر دەکەن و بڕێکی زۆر دۆلار بە ١٣٠ ھەزار دینار وەردەگرن و لە بازاڕیشدا بە زیاتر لە ١٤٥ ھەزار دەیفرۆشنەوە. ئاماژەى بەوەشکرد، تا ئەو کاتەی بردنەدەرەوەی دۆلار بە قاچاخ و رێگەی نایاسایی بەردەوام بێت بەھای دراویش جێگیر لە عێراق نابێت. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەى خستەڕوو، لەسەر ئاستی دەرەکیش ھۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری بەھای دراو لە عێراق، بانکی فیدراڵی ئەمریکایە، چونکە بە بیانووی ڕێگرتن لە بردنەدەرەوەی دۆلار، ڕێگە نادات بازرگانان حەواڵەکان ڕاستەوخۆ لە بانکی ناوەندی وەربگرن، بۆیە ناچار دەبن لە بازاڕدا دۆلار دابین بکەن و ئەوەش ھۆکارێکی سەرەکی جێگر نەبوونی بەھای دینارە بەو نرخەی بانکی ناوەندی و یاسای بودجە دیارییانکردووە
هاوڵاتی رۆژ بە رۆژ لیرەی تورکی زیاتر بەهاکەی لەدەست دەدات و ئەمڕۆ بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 26 لیرەی تورکی. دوای بەرزکردنەی رێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندی تورکیاوە، بەهای لیرەی تورکی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکای زیاتر دابەزی و ریکوردێکی مێژوویی شکاند و یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە. بانکی ناوەندی تورکیا 22ی حوزەیرانی ئەمساڵ، بڕیاریدا رێژەی سوودی بانکی زیاد بکات، ئەمەش کاریگەریەکی زۆر خراپی لەسەر بەهای لیرەی تورکی دروست کرد. ئەمڕۆ دوای کاتژمێر 12، بەهای دۆلارێک گەیشتە 26 لیرە و بەهای یۆرۆیەکیش گەیشتە 28 لیرە و 29 قوروش. لیژنەی گشتی بانکی ناوەندی تورکیا، دوای زیاتر لە دوو ساڵ، رێژەی سوودی بانکی لە 8.5٪ەوە بۆ 15٪ زیادی کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا 18ی ئەم مانگە لە کۆنگرەی ئەنجومەنی هەناردەکارانی تورکیادا رایگەیاندبوو کە رێژەی هەڵاوسان بۆ یەک ژمارەیی دادەبەزێنن، کە بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا نزیکە لە 45٪. بەڵام لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەڵێن، رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە لە دوو ئەوەندەی ئەو ئامارە زیاترە کە حکومەت رایدەگەینێت.
هاوڵاتی سەرۆکی لیژنەی کوشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت یەکێک لە گەورەترین ئاڵانگارییەکانی بەردەام عێراق دۆسیەی ئاوەوتورکیاش هاوکار نییە ،دەشڵێت، پارەیەکی زۆر وەکو پاڵپشتی بۆ دابینکردنی تەکنینی نوێی ئاودێری تەرخانکراوە. فالح خەزعەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند،" ئاڵەنگاری گەورەی عێراق لە دوای دۆسیەی ئاسایش ئاوە و تورکیاش هاوکار نییە لە زیادکردنی بەشەئاوی وڵاتدا. " سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی کوشتوکاڵ و ئاو ئاماژەی بەوەکرد، " لە بودجەی ئەمساڵدا 300 ملیۆن دۆلار وەکو پاڵپشتی بۆ دابینکردنی تەکنینی نوێی ئاودێری تەرخانکراوە و ئەو هەنگاوەش بۆ ڕاستکردنەوەی دۆسیەی ئاودێری و پشتیوانی کشتوکاڵە لە وڵاتدا. " دەشڵێت، ئەوان کاریان کردوە بۆ هەموارکردنەوەی ڕێنماییەکان بۆ هاوردەکردنی دارخورمای دەگمەن، کە بوەتەهۆی زیادبوونی پاڵپشتی جوتیاران و زیادکردنی ژمارەی دار خورما بۆ زیاتر لە 20 ملیۆن دار خورما.
دەزگای دادی ئێران ئاشکرای دەکات بەهۆی لێبوردنەکانەوە ژمارەیەک زۆر لە بەندکراوانی ئەو وڵاتە ئازاد کراون و زیاتر لە 500 کەسیش لە سزای سێدارە رزگاریان بوە. غوڵامحسێن موحسین ئێژەی، سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند؛ بەهۆی لێبوردنەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی لانیکەم 98 هەزار بەندکراوی زیندانەکانی ئێران ئازاد کرابون کە بە وتەی ئەو دوژمنانی دەسەڵات پلانیان بۆ داڕشتبون. بە پێی وتەکانی ئێژەیی پێدەچێت سەرجەم ئەو کەسانەی کە ئازاد کراون بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی زیندانیی کرابن بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەواڵی ئازادکردنی زۆربەی زیندانیانی ناڕەزایەتییەکانیان پشتڕاست نەکردوەتەوە. ئێژەی وتیشی: دۆسیەکانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی 120% زیادی کردوە و لێکۆڵینەوە لە 20 هەزار دۆسیەی تایبەت بە بەندکراوانی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکە کراوە. تا ئێستا هیچ دەزگایەکی کۆماری ئیسلامی ژمارەی راستەقینەی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی ئاشکرا نەکردوە و تەنها بە پێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لانیکەم 10 هەزار کەس لە رۆژهەڵات و 60 هەزار کەس لە شارەکانی ئێران دەستگیرکراون. سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بەوەش کردوە: 551 بەندکراو کە بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانەکاندا بون بە هەوڵی چالاکوانان و کەسانی خێرخواز بە رەزامەندیی سکاڵاکارەکانیان سزای سێدارەیان هەڵوەشێنراوەتەوە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ئاشکرای کردوە؛ لە نزیکەی شەش مانگی ئەمساڵدا 352 بەندکراو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون. لە ئێران 268 زیندانی ئاشکرا هەیە کە لەو ژمارەیە تەنها 108زیندان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چاودێریی و بەڕێوەدەبرێن چونکە 51 زیندان سەر بە دەزگای هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئیتلاعات) و 29زیندان لە ژێر دەسەڵات و چاودێریی سوپای پاسداران-دایە.
هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی حەفتەیەکدا لە هەموو تورکیا و باکوری کوردستان سێ هەزار و 192 پەنابەر دەستگیرکراون و لەو ژمارەیە هەزار و 831 پەنابەر دیپۆرت کراونەتەوە. عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە ئەکاونتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا رایگەیاند، رێگرییەکانیان بۆ کۆچی نایاسایی بەردەوامە. یەرلیکایا رایگەیاند کە لە 16 تاوەکو 22ی ئەم مانگە، لە هەموو تورکیا کە باکوری کوردستانیش دەگرێتەوە، سێ هەزار و 192 پەنابەر دەستگیرکراون کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتونەتە نێو تورکیا و لەو ژمارەیە هەزار و 831 پەنابەر دیپۆرت کراونەتەوە. دوای هەڵبژاردنەکان، سیاسەتی تورکیا لەبەرامبەر پەنابەران گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ژمارەی دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنی پەنابەران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بەگوێرەی ئامارێک کە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا بڵاوی کردووتەوە، لە ئێستادا 17 هەزار پەنابەر لە تورکیا دەستگیرکراون و کاروبارەکانیان بۆ دیپۆرتکردنەوە بەردەوامە.
هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبونەوەی خولیی خۆی لە نوسینگەی هادی عامری ئەنجامدا" بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکانی وڵات." هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتیی خۆیان بۆ "ئەو بڕیار و ڕێوشوێنانەی حکومەت لەخزمەتی هاوڵاتیدا گرتویەتیەبەر دەربڕی، هەروەها پێشوازیان لە بەردەوامی جێبەجێکردنی پڕۆژە گرنگەکان و تەواوکردنی سەرجەم ئەو پلانانەی لە پرۆگرامی وەزاری حکومەتدا هاتوە بۆ پەرەپێدانی کەرتە جیاوازەکان و بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام کرد."
هاوڵاتی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا لە ئیدلب هێرشیان کردە سەر گروپە چەکدارەکان دژی حکومەتی سوریا و لانیکەم 7 کەس کوژران. رامی عەبدولرەحمان سەرۆکی مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، هێرشە ئاسمانیەکە لە ناوچەی جسر شوگوری ئیدلب ئەنجامدراوە و بەو هۆیەوە سێ چەکداری نزیک لە تورکیا و چوار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. سەرۆکی مەرسەدی سوریا دەشڵێت، ئەمڕۆ بە گشتی لە هێرشەکاندا 25 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. روسیا لە ساڵی 2015ەوە بە شێوەیەکی بەهێز و لە رێگەی سەربازیەوە پشتگیری لە حکومەتی سوریا دەکات. هەرێمی ئیدلیب بە گشتی لەژێر کۆنتڕۆڵی گروپی هەیئە تەحریر شامدایە کە پەیوەندی لەگەڵ ئەلقاعیدەوە هەیە. لە باکوری ئیدلبیش ژمارەیەک گروپ هەن کە راستەوخۆ پشتگیری لە تورکیا بە دەست دەهێنن. هەر ئەمڕۆ بەگوێرەی میدیاکانی سوریا، لە گوندێکی رۆژئاوای پارێزگای دەرعای سوریا، مینێک بە کاروانێکی پۆلیسی سوریاوە تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە چوار پۆلیس گیانیان لەدەستداوە و پۆلیسێکیش بریندار بووە. بەگوێرەی ئامارێکی مەرسەدی سوری، لە سەری ساڵەوە، تەنیا لە پارێزگای دەرعا 254 هێرشی جیاواز روویانداوە و بەو هۆیەوە 197 کەس کوژراون کە زۆربەیان ئەندامی هێزەکانی حکومەتی سوریا و خەڵکی مەدەنین.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل کۆماری ئیسلامی بە شێرپەنجە ناودەبات و دەڵێت بونی لە هەر شوێنێک زیانی لێدەکەوێتەوە. ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە وتارێکیدا بۆ بڵاوکراوەی (تەلەگراف) چاپی لەندەن، کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێرپەنجە ناودەهێنێت و دەڵێت: ئەو دەسەڵاتە جیهانی کردوەتە شوێنێکی مەترسیدار. لە وتارەکەی کۆهیندا هاتوە: ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمیی بگات ئەوا دەبێتە ئامرازێک بۆ ئەنجامدانی تاوانی گەورە و هۆڤانە چونکە ئەو دەسەڵاتە لە ئاستی ناوخۆی وڵاتەکەشیدا بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، تاوانکاریی دژی خەڵک دەکات. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای کردوە: بە فشاری زیاتری ئابوریی و سیاسیی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردن و گۆڕینی هەڵسوکەوتەکانی لە ئاستی ناوخۆی ئێران و دەرەوەی ئەو وڵاتەدا بدرێت. بە وتەی کۆهین دەبێت جیهان کۆتایی بەو بێدەنگییە بهێنێت کە ئێستا لە ئاستی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە چونکە دەسەڵاتی تاران هاوشێوەی شێرپەنجە لە هەر شوێنێک بونی هەبوبێت زیانی لێکەوتوەتەوە. وتارەکەی ئێلی کۆهین لە کاتێکدا بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل رایانگەیاندوە؛ لە ئەگەری رێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران ئەوان پابەندی ئەو رێککەوتنە نابن و بە بێ رەچاوکردنی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی دەوەستنەوە.
هاوڵاتی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ژنێک و دوو منداڵی تیرۆریستانی داعشی رادەستی حکومەتی دانیمارک کردەوە. بەگوێرەی سایتی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، شاندێکی حکومەتی دانیمارک سەردانی بەرێوەبەرێتیەکە کردووە لە شاری قامشلۆ. شاندی حکومەتی دانیمارک بە سەرۆکایەتی نیکۆلاس هاریس نوێنەری حکومەتی دانیمارک بۆ کاروباری سوریا، لەگەڵ خەلیل ئیبراهیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەرایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کۆبووەتەوە. بەگوێرەی هەواڵەکە، هەردوولایەن قسەیان لەسەر دۆخی سوریا و هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) کردووە و ئاماژەیان بە بەیاننامەی چارەسەری ئاڵۆزی سوریا داوە کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە ئامادە کرابوو. هەروەها دۆخی ئابوری و مرۆیی لە سوریا و دۆخی تیرۆریستانی داعش و خانەوادەکانیان لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ بەشێکی دیکەی پرسی کۆبونەوەکە بوون. خالید ئیبراهیم لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاندووە، بەیاننامەکەیان لەسەربناگەیەکی نیشتیمانی ئامادە کراوە و بەگوێرەی پرۆژەکە پێویستە هەموو گەلانی سوریا بەشداری لە دیالۆگی چارەسەرکردنی ئاڵۆزیەکانی سوریا بکەن کە بەیاننامەکە لە نۆ خاڵ پێک دێت. خالید ئیبراهیم ئاماژەی بە گرنگی بەردەوامی شەڕی دژی داعش کردووە و رایگەیاندووە کە پێویستە وڵاتانی جیهان هاوڵاتیەکانیان کە لەنێو داعشدا بوون بگەڕێننەوە و ئەم هەنگاوەش بەشێکی بچووکی چارەسەری کێشەی داعشە. نیکۆلاس هاریس نوێنەری حکومەتی دانیمارک بۆ کاروباری سوریاش لە کۆبونەوەکەدا باسی ڕۆڵی رۆژئاوای کوردستان و بە تایبەتی هەسەدە کردووە کە هاوپەیمانی نێدەوڵەتی دژی داعشدا و وتوویەتی، دانیمارک بە وردی چاودێری دۆخی، سیاسی، ئابوری، مرۆیی و ئەمنی هەرێمەکە دەکات و لەگەڵ نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ئەوروپا لە پەیوەندیدایە. لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەگوێرەی پرۆتۆکۆلێک ژنێک و دوو منداڵی تیرۆریستانی داعشی رادەستی شاندی دانیمارک کردەوە.
هاوڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، پشتگیری خۆی بۆ ڤیلادیمیری پوتین سەرۆکی روسیا پیشاندا. دوای ئەوەی روپی ڤاگنەر یاخی بوو و لە سوپای روسیا هەڵگەڕایەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندیەکەی تەلەفونی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین ئەنجامدا. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، پوتین باسی لە پێشهاتە تازەکانی وڵات و دۆخی روسیای بۆ ئەردۆغان کردووە. هاوکات کریملین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پشتگیری تەواوی بۆ پوتین دەربڕیوە.