هاوڵاتی بۆ جاری سێیەم سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایانگەیاند، ئاگربەستی مرۆیییان بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە درێژکردووەتەوە. هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە داوە، بە مەبەستی کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان و دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانن بگەنە شوێنە سەلامەتەکان، لەمڕۆ بە دواوە ئاگربەستی مرۆیی بۆ سێ رۆژی دیکە درێژکرایەوە. هەروەها سوپای ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، بە هەوڵی سعوودیە و ئەمریکا، بڕیاریانداوە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە درێژ بکەنەوە. سەرەڕای ئاگربەست کە شەوی ٢٨ی نیسان دەستی پێ کرد، لە خاڵە ناوچە جیاوازەکانی خەرتومی پایتەخت، پێکدادانەکان لە نێوان سوپای وڵات و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوام بوو وهەردوولا یەکتریان بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد.  عەمید نەبیل عەبدوڵڵا گوتی: "ئەگەری زۆرە بە نێوەندگیری ئەمەریکا و سعوودیە و ژمارەیەک لە وڵاتان ئاگربەستە راگەیەندراوەکە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ ماوەیەکی زیاتر درێژ بکرێتەوە و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، نەک بە هێز". ئەو بەرپرسەی سوپای سوودان لەبارەی داخرانی باڵیۆزخانەی ژمارەیەک وڵاتان لە خەرتوومی پایتەخت، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی هاتووەتە ئاراوە، ژمارەیەک وڵات باڵیۆزخانەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی داخستووە و لە ئێستادا سەرقاڵی بردنەوە دەرەوەی هاووڵاتییانیان، بەڵام دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە باڵیۆزخانەکانیان دەکەنەوە و دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

شارەوانیی پایتەختی ئێران رایگەیاند پابەندنەبون بە بڕیارەکانی حکومەت بۆ سەرپۆش و باڵاپۆش سزای لێدەکەوێتەوە و سەرۆکی شارەوانی تاران دەڵێت 12 ساڵە دوژمنان دژی باڵاپۆشیی هەنگاو دەنێن. عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی ئێران رایگەیاند؛ پێنج مانگە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی خانمان دەدرێت بۆ پابەندبون بە سەرپۆش و باڵاپۆشەوە و هەوڵەکانیش 70 وێستگەی میترۆی لە تاران گرتوەتەوە. بە وتەی زاکانی رێوشوێنی کاریگەریان لە دژی خانمانی بێسەرپۆش گرتوەتەوەبەر و لە قۆناغی یەکەمدا هۆشیاریی و لە قۆناغی دەوەمەدا ئەو خانمانە ئاگادار دەکرێنەوە و لە قۆناغی سێیەمدا هاتوچۆیان بۆ میترۆ و بەکارهێنانی هێڵەکانی شەمەندەفەر لەو خانمانە قەدەغە دەکرێت. سەرۆکی شارەوانیی تاران وتویەتی: پابەندنەبونی کچان و ژنان بە یاساکانی باڵاپۆشبون لە کۆماری ئیسلامی 12 ساڵە لە لایەن دوژمنانەوە کاری بۆ دەکرێت بۆیە بەرەنگاری ئەو دیاردەیە دەبنەوە. ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە رێوشوێنەکانی سەپاندنی سەرپۆش و باڵاپۆش لە شوێنە گشتییەکانی تاران توندبوەتەوە و دەیان ناوەندی بازرگانیی و خواردنگە و مارکێت و بازاڕ بە بیانوی بونی خانمانی بێسەرپۆش داخراون.

سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، دوای هەڵبژاردن دەردەکەوێت کە ژمارەیەک کاندیدی لایەنەکان و رۆژنامەنووسان لەلایەن دەسەڵاتەوە کڕدراون. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە تویتێکدا، هەندێک زانیاری بڵاوکردەوە کە لە میدیاکانی تورکیادا دەنگی دایەوە. دەمیرتاش رایگەیاند، ژمارەیەک کاندیدی لایەنەکان و رۆژنامەنووسان کە خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن لەقەڵەم دەدەن، کار بۆ دەسەڵات دەکەن و کڕدراون و وتی، " دوای هەڵبژاردن راستی ئەو کەسانە ئاشکرا دەبێت." هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە حەوت ساڵە لە زینداندایە بانگەوازێکی ئاڕاستەی گەنجان کرد و رایگەیاند، "بڕیاری خۆیان بدەن، دەنگتان بۆ کاندیدە بێبنەماکان مەسووتێنن. کلیلەکە لای ئێوەیە و بێهیوا مەبن و دەست بە گۆڕانکاری بکەن." هەروەها دەشڵێت، داهاتووی کۆمەڵگا گەنجەکان و هاوپەیمانی کۆماری وەک هاوپەیمانی 'تالیبان' لەقەڵمدا و راشیگەیاند، بۆ ئەوەی هاوپەیمانی تالیبان رابگرن، هەلێکی گەورە هەیە و گۆڕانکاری بکەن.

هاوڵاتی لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە پارێزگای شڕنەخی باکوری کوردستان ٤٧ سەربازی تورکیا گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون. لە سەر رێگەی شاروچکەی سێگرکیی سەر بە ناوچەی قلەبانی شڕنەخی ئۆتۆبۆسێکی سەربازانی تورکیا وەرگەڕا. بەگویرەی زانیاریەکانی میدیاکانی تورکیا لە رووداوەکەدا، دوو سەربازی تورکیا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها باسی ئەوەش دەکرێت کە ٤٤ سەربازی تورکیا و شۆفێری ئۆتۆبۆسەکە بریندار بوون کە برینی ژمارەیەکیان سەختە. بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە شڕنەخ گواستراونەتەوە و تیمەکانی سەر بە سوپای تورکیا لە ناوچەکە دەستیان بە لێکۆلینەوە کردووە.

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و تورکیا دادەبەزێت و هاوردەکردنی غازی ئێرانیش دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت. تورکیا بڵاوی کردەوە؛ لە سێ مانگی ئەمساڵدا ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتی ئێران یەک ملیارد و 370 ملیۆن دۆلار بوە و بڕی زیاتر لە یەک ملیارد و 500 ملیون مەتر سێجا غازی لەو وڵاتەوە هاوردە کردوە. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران بەراورد بە سێ مانگی ساڵی رابردو 14% کەمی کردوە و لەو ماوەیەدا تورکیا بە بڕێ 702 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردە ئێران کردوە کە 2% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام کڕینی کاڵا و هاوردەکردنی لەو وڵاتەوە 677 ملیۆن دۆلار بوە کە بەراورد بە رابردو 27% کەمی کردوە. تورکیا ئاماژەی بەوە کردوە لە سێ مانگی ئەمساڵدا بڕی یەک ملیارد و 567 ملیۆن مەترسێجا غازی لە ئێران کڕیوە کە ئەوەش بەراورد بە سێ مانگی ساڵی رابردو 17% کەمی کردوە. ئێران لە سێ مانگی ساڵی رابردودا یەک ملیارد و 891 ملیۆن مەتر سێجا غازی بە تورکیا فرۆشتوە و ئەو بڕە لە ئەمساڵدا کەمی کردوە. بڵاوبونەوەی ئەو ئامارانە لە کاتێکدایە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.  

کەمال کلچدارئۆغلۆ رایدەگەیەنێت کە دوو حەفتە بۆ هەڵبژاردن ماوە و داوای کرد، کۆتایی بە زمانی قێزەون بهێندرێت کە دەسەڵات بەکاری دەهێنێت. کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل (ئۆپۆزسیۆن) بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر دۆخی بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا پیشاندا و وتی، " دەبێت دەسەڵات دەست لە زمانی قێزەون بهێنێت. خەڵکەکەمان دەزانێت کە دەسەڵات بە یاری پیس و تاوانبارکردن دەیەوێت چی بکات. دەزانم لە ١٠ رۆژی بەر لەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت دەست بە کاری قێزەون دەکەن و پێیان دەڵێم کە عەقڵێکی باش بەکار بهێنن. کلچدارئۆغلۆ باسی ئەوەشی کرد، پێویستە دۆخێک بڕەخسێنرێت کە هاوڵاتیەکانمان بە زەردەخەنەوە بچنە سەر سندوقەکان و بە دڵێکی ئارام بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان و دەڵێت، " ئیدی لە جەمسەرگیری بێزار بووین. دەمانەوێت بە راستی ئەم ماوەیە لە دۆخ و کەشوهەوای هەڵبژاردندا تێپەڕ بکەین. ئیدی پێویستە دەست لە نائارامکردنی وڵاتەکانمان هەڵبگرن." کەمال کلچدارئۆغلۆ ئاماژەی بە قسەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەسەڵات کرد کە هەڵبژاردنەکانیان وەک کودەتا لەقەڵەمدابوو و وتی، " دەڵێن هەڵبژاردن کودەتایە. لەدژی گەلەکەتان شەڕێکی وەک شەڕی ئۆهۆدیان دەست پێکردووە. گەلەکەمانتان وەک داگیرکەر بەناو کردووە و نازانم ئەمە چ هەڵوێستێکە! ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆربەی راپرسیەکان باس لە شکستی ئەردۆغان و پارتەکەی لە هەڵبژاردندا دەکەن و میدیاکانی جیهانیش گۆمانیان لەوە هەیە کە ئەردۆغان بە ئاسانی دەسەڵات جێناهێڵێت.

کۆمپانیای کۆندا کە تایبەتە بە راپرسی و لێکۆلینەوەکان، راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامدا کە بڕیارە هەڵبژاردنەکە ١٤ی ئایار بەڕێوە بچێت. بەگوێرەی راپرسیەکە دەنگی پارتە سیاسییە سەرەکییەکان بەم شێوەیە دەبێت: پارتی داد و گەشەپێدان ٣٦.٢٪ پارتی گەلی کۆماری ٢٤٪ پارتی باش ١٣.٧٪ پارتی چەپی سەوز ١٠.٣٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست ٧.٤٪ ئەوانەی دیکە ٨.٥٪ هەروەها بەگوێرەی راپرسیەکە هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ناتوانن، دەنگی پێویست بۆ سەرکەوتن بەدەست بهێنن و بۆیەش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەکەوێتە خولی دووەم و ئەنجامیش بەم شێوەیە دەبێت. کەمال کلچدارئۆغلۆ (ئۆپۆزسیۆن) ٥١٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان (دەسەڵات) ٤٩٪  

رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای کرد بۆ بەرەنگاربونەوەی ئێران و چەکدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق و سوریا بۆمبی نوێ بەکار دەهێنرێت و فڕۆکەی جەنگیی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت. رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) لە زاری سەرچاوەکانی و بەرپرسان و فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە؛ ژمارەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو سوپایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رێژەی 50% زیاد دەکرێن و بۆمبی تایبەت بە سەنگەرشکێن بەکاردەهێنرێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەمریکا بۆمبی 113 کیلۆیی لە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (وارتاگ) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت کە بە ئامانجی تێکشکاندانی سەنگەر و وێرانکاریی حەشارگەکان و بڕینی ئەو شوێنانەیە کە لە ژێر زەویی بە مەبەستی سەربازیی دروست کراون. ژەنەڕاڵ ئەلێکسوس گرینکویچ، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا رایگەیاندوە ئەو بۆمبانە بە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازیی لە فڕۆکە جەنگییەکانی وارتاگ لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست بەکاردەهێنرێن و لەچوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەشدا فڕۆکەی جەنگیی زیاتر رەوانەی ناوچەکە دەکرێت. رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ جەختی لەوە کردوەتەوە کە ناکۆکییەکان و گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توندتر بوەتەوە و یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆماری ئیسلامی و هێرشکردنە سەر چەکدارانیەتی لە عێراق و سوریا.    

بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە بینی و پێشبینی دەکرێت لەگەڵ قوڵبونەوەی زیاتری ناکۆکییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن بەردەوام بێت لە بەرزبونەوە. ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی دراو لە ئێران بەهای یەک دۆلار لەو وڵاتە گەیشتە زیاتر لە 54 هەزار و 500 تمەن و حکومەتی وڵاتەکەش بەهای یەک دۆلاری بە نزیکەی 42 هەزار تمەن راگەیاندوە. سایتی (ئێقتیساد نیوز) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لە کاتێکدایە 20 رۆژە ئەو جۆرە بەرزبونەوەیە روی نەداوە و پێدەچێت بە بڵاوبونەوەی هەواڵی ناکۆکیی و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزێت. لە چەند رۆژی رابردودا سوپای ئێران دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی لە دەریای عوممان راگەیاند کە هەڵگری نەوتی ئەمریکا بوە و دواتر ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کرد ئەمریکا پێنج رۆژ پێش ئەوەی سوپای ئێران دەست بەسەر ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرەدا بگرێت، ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێراندا گرتوە کە لە وڵاتی کوەیتەوە رێکەوتوە. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا رەتی کردوەتەوە بڕیاری دابێت لە ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە کۆریای باشور و لێدوانی حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک هاوڵاتیی (ئەمریکی-ئێران) لە لایەن کۆشکی سپییەوە رەت کراوەتەوە. بڵاوبونەوەی هەواڵی ناکۆکی و گرژیی نێوان واشنتۆن و تاران زیاترین کاریگەریی لە دابەزینی بەهای دراوی تمەن هەیە و بڕیارە دوای دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە لە لایەن سوپاوە، سزاکانی ئەمریکا دژی ئێران توندتر بکرێنەوە.

ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەوروپا دادەبەزێت و فەڕەنسا هەناردەی بۆ ئەو وڵاتە بەرز دەکاتەوە. ناوەندی ئاماری ئەوروپا (یۆرۆستات) بڵاوی کردەوە؛ ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە دوو مانگی ئازار و نیسان بە رێژەی 9% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و بەهای ئاڵوگۆڕی ئەو دوو مانگە 761 ملیۆن یۆرۆ بوە. لە ئامارەکاندا ئاماژە بەوە کراوە؛ ئاستی هاوردەی وڵاتانی ئەوروپا لە ئێرانەوە 139 ملیۆن یۆرۆ بوە کە بەراورد بە دوو مانگی ئازار و نیسانی ساڵی رابردو 17% کەمی کردوە. ئێران لە ماوەی ئەو دوو مانگەی ئەمساڵدا بە بەهای 622 ملیۆن یۆرۆ کاڵای لە وڵاتانی ئەوروپا کڕێوە و هاوردەی کردوە کە ئەویش بەراورد بە ئازار و نیسانی ساڵی رابردو 7% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا کە زیاترین ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئێران هەیە لەو دوو مانگەدا رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردوە. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە هەناردەی فەڕەنسا بۆ ئێران لەو دوو مانگەدا پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بە رێژەی 34% بەرز بوەتەوە و بە بەهای 43 ملیۆن یۆرۆ کاڵای هەناردەی ئێران کردوە.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا باڵیۆزخانەکەیان لە وڵاتی سعودیە دەکەنەوە و ئەو وڵاتەش دەست بە کارەکانی دەکاتەوە لە ئێران. لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە لوبنان حسین ئەمیر عەبدوڵا هیان وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، رێککەوتننی نێوان سعودییە و ئێران بریتییە لەکردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا. هاوکات باسی لەوە کرد، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتان بەگشتی و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بەتایبەتی لەپێشینەی ئەرک و کارەکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەتی. وەزیری دەرەوەی ئێران سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە عێراق و عوممان رۆڵی گرینگ و ئەرێنییان هەبووە لە بەیەکگەیشتنی ئێران و سعوودییە و گەڕانەوەی پەیوەندییەکانیان. ئەوەشی خستەڕوو، تاران بە فەرمی بانهێشتی وەزیری دەرەوەی سعودیەی کردووە سەردانی وڵاتەکەی بکات. دەشڵێت، "پێشوازی لە بانگهێشتەکەی سعودیە دەکەم بۆ سەردانیکردنی ریاز." ئەمەش لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و موسەید بن محەمەد ئەلعەیبان وەزیری دەرەوەی سعودییە و فانگ یی ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چین لە پەکینەوە راگەیاندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی رێککەوتنی سعودیە و ئێران بڵاوکردەوە. دوو رۆژ لەمەوبەر رەزا فاتمی ئەمین، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی و کانزاکانی ئێران،  ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتەکەی و سعوودییەی راگەیاند.

هاوڵاتی سەندیکای پزیشکانی سوودان ئاشکرای کرد کە بەهۆی دووبارە دەستپێکردنەوەی توندوتیژییەکانی شاری جونەینا سەر بە ویلایەتی دارفوری رۆژئاوای سوودان، دەیان کەس کوژراون. لەوبارەیەشەوە سەندیکاکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا هاتووە: "لە شاری جونەینا دووبارە پێکدادان دەستیپێکردووەتەوە. نەخۆشخانەی فێرکاری شارەکە تاڵان کراوە، بەهەمان شێوە بنکە تەندروستییەکان، دامەزراوە خێرخوازییەکان، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و بانکەکان رووبەڕووی تاڵان و سووتاندن بوونەتەوە". هەر لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە بەردەوامی "رووداوە خوێناوییەکان"دا دەیان هاووڵاتیی لە شاری جونەینا کوژراون و برینداربوون بەڵام بەهۆی ئاڵۆزی رەوشی ئەمنی و بەردەوامی پەلامارەکان بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی، نەتواندراوە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان دیاری بکرێت. - "جگە لە ویلایەتی دارفوری رۆژئاوا رەوشەکە لە هەموو ویلایەتەکان جێگیرە" سوپای سوودان رایگەیاند، جگە لە پێکدادانی خێڵەکانی ویلایەتی دارفوری رۆژئاوا، رەوشی هەموو ویلایەتەکانی دیکە جێگیرە و بەرپرسانی ناوچەکەش لە هەوڵدان بۆ وەستاندنی پێکدادانی نێوان خێڵەکانی ئەو ویلایەتە. راگەیاندنەکانی ناوخۆی سوودان، هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە بەهۆی پێکدادانی سێ رۆژەی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە شاری جونەینا لانیکەم ٩٠ کەس کوژراون. دواتریش ئەم پێکدادانە گۆڕاوە بۆ شەڕی نێوان هۆزی ماسالیت و هۆزە عەرەبەکانی دیکە و چەکی قورسیش لە پێکدادانەکاندا بەکارهێندراوە.

ئێران رێوشوێنەکانی سەپاندنی سەرپۆش توند دەکاتەوە و رێکخراوێکی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکات ژمارەیەک ناوەندی بازرگانیی و دوکان و بازاڕ و رێستۆرانت لە چەند پارێزگاکەیەک داخراون. رێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە تاران و پارێزگاکانی (لوڕستان، کۆهگیلۆیە و بۆیرئەحمەد، ئازەربایجان، مازەندەران، هەمەدان) لانیکەم 53 شوێنی بازگانیی داخراون و 3270 کورتەنامەی ئاگادارکردنەوە بە بیانوی رەچاونەکردنی سەرپۆش بۆ شۆفێران نێردراوە. زۆربەی ئەو شوێنانە مۆڵ و رێستۆرانت و دەرمانخانە و مارکێت بون کە بە بیانونی پابەندنەبون بە یاساکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرپۆشی بە ناچاریی خانمان لە شوێنە گشتییەکان، داخراون. ئەو رێکخراوەیە ئاماژەی بەوە کردوە؛ ناوەندێکی بازرگانی (ئۆپال) لە شاری تاران کە زیاتر لە هەزار کارمەندی هەبوە بە بیانوی رێگەدان بە کەسانی بێسەرپۆش داخراوە. شارەزایانی یاسایی لە ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە بە پێی یاساکانی ئەو وڵاتە سەرجەم داخستن و کلۆملکردنی ئەو شوێنە بازرگانیانە بە بیانوی نەبونی سەرپۆشی خانمان نایاساییەوە و کاسبکاران دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن و داوای قەرەبو بکەنەوە.

واشنتۆن بە مەرج پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە کۆریای باشور ئازاد دەکات و تاران رایدەگەیەنێت ئەو پارانە دەگوازرێنەوە. دەنگی ئەمریکا (VOA)  بڵاوی کردەوە واشنتۆن بڕیاری داوە ئێران بۆ دابینکردنی ئەو پێداویستییانەی پەیوەندیی بە بوارە مرۆییەکانەوە هەیە سود لە حەوت ملیارد دۆلارەکەی لە کۆریای باشور وەرگرێت. مەرجەکانی ئەمریکا بریتین لەوەی کە ئەو پارانە نابێت راستەوخۆ رەوانەی ئەژمارەکانی کۆماری ئیسلامی بکرێن و دەبێت بۆ مەبەستی کڕینی خۆراک و دەرمان و پێداویستییە سەرەکی و مرۆییەکانی دانیشتوانیی ئێران بەکاربهێنرێن. لە لایەکی دیکەوە پێگەی (نورنیوز) سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە ژمارەیەک بانکی کۆریای باشور ئازاد دەکرێن و دەگوازرێنەوە بۆ چەند ئەژمارێکی دیکەی بانکی لە دەرەوەی کۆریای باشور. بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدا دوو مانگ پێش ئێستا سایتی (ئەلعەربیە)ی سعودیە لە زاری سەرچاوەکانیەوە بڵاوی کردەوە کە ئەمریکا دەیەوێت لە بەرامبەر ئازادکردنی (سیامەک نەمازی، عیماد شەرقی، موراد تەهباز) بڕی 10 ملیارد دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە وڵاتانی عێراق،ژاپۆن و کۆریای باشور بە مەرج ئازاد بکات. پیشتر جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاندبو لێدوانی بەرپرسانی ئێران لەسەر رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن بۆ ئازادکردنی سێ هاوڵاتیی ئەمریکی-ئێرانی راست نییە . وتەکانی کێربی دوای لێدوانی حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران هات کە رایگەیاندبو؛ پێشکەوتنی باش بۆ ئازادکردنی زیندانییەکانی ئەمریکا لە ئێران هەیە و تاران و واشنتۆن گەیشتونەتە رێککەوتنێکی ناڕاستەوخۆ. بەهۆی سزاکانی ئەمریکا زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لە داراییەکانی ئێران لە جیهاندا بلۆک کراوە کە زیاتر لە 30 ملیارد دۆلاری لە عێراق و کۆریای باشور و چین بلۆک کراوە.

هاوڵاتی لەڕیفۆرمەوە تاڕیفراندۆم پرسی ریفراندۆم لەئێران ململانێی باڵەکانی کۆماری ئیسلامی توندتر کردوەتەوەو خامنەیی لەگەڵ رەتکردنەوەی ریفراندۆم، پرسکردن بەدانیشتوانی وڵاتەکە بۆ چارەسەری کێشەکان رەتدەکاتەوە. لەماوەی 44 ساڵی رابردودا تەنها دوو ریفراندۆم لەئێران کراوە کەیەکەمیان لەساڵی 1979 لەسەر داوای روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و دووەم ریفراندۆمی وڵاتەکەش ساڵی 1989 بووە کەئامانجی ئەو دوو ریفراندۆمە لەبەرژەوەندیی دەسەڵاتەکانی خومەینی و خامنەیی شکاوەتەوە. ئەگەرچی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەوتارەکانی ساڵانی رابردودیدا زیاتر لەشەش جار داوای کردوە بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل ریفراوندۆم لەفەلەستین بەڕێوەبچێت و لەساڵی 2009 تا 2020 بە بەردەوامی لەوتارەکانیدا ئاماژەی بەگرنگیی ریفراندۆم کردووە بەڵام ریفراندۆمی لەئێران رەتکردووەتەوە. لەچوار یاسای دەستوری ئێراندا ئاماژەی روون بەبەڕێوەچوونی راپرسی و ریفراندۆم لەسەر پرس و کێشەکانی وڵاتەکە کراوە بەڵام سەرەڕای داواکاریی سەرۆک کۆمارەکانی پێشوو بەرپرسانی باڵای دەسەڵات لە 33 ساڵی رابردودا هیچ ریفراندۆم لەئێران ئەنجامنەدراوە. خامنەیی کە 34 ساڵە بەپێی یاسای ژمارە 110 لەدەستوری ئێران یەکلاکەرەوەی پرسی دەسەڵاتی سیاسییە لەو وڵاتە، بەتوندنی ریفراندۆمی رەتکردووەتەوەو رایگەیاندووە ناکرێت بۆ هەر کێشەیەک پرس بەهەموو خەڵک بکرێت و لەبەرامبەریشدا رەخنەگران دەڵێن ناکرێت چارەنووسی هەموو 84 ملیۆن دانیشتوی وڵاتەکە بەدەست پیاوێکی 84 ساڵ تەمەنەوە بێت. بەوتەی خامنەیی: ئەنجامدانی ریفراندۆم لەئێران پێویستی بەشەش مانگ کات هەیە کەدەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لەهەموو جومگەکانی دەسەڵات و حوکمڕانیی لەوڵاتەکە. تەنها لەساڵی  2022 لەوڵاتی سویسرا لانیکەم 10 جار ریفراندۆم لەسەر پرسە فیدڕاڵییەکانی ئەو وڵاتەی تێدا ئەنجامدراوەو لەساڵی 1848 تائەو ساڵە 321 جار راپرسی و ریفراندۆم لەو وڵاتە بەڕێوەچووە. ئەنیستیتوتی نێودەوڵەتیی بۆ هەڵبژاردن و دیموکراسی ئاشکرای کردووە لە کۆی 205 وڵاتی جیهان لە 80%ی ئەو وڵاتانەدا بۆ یەکلایی کردنەوە پرسە سەرەکییەکانیان دیموکراسی راستەوخۆ یان ریفراندۆم بەڕێوەدەچێت و لە 100 ساڵی رابردودا ئەنجامدانی ریفراندۆم بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.   خامنەی ریفراندۆمی بۆ خۆی دەوێت دوای راپەڕینی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەئێران لە رێککەوتی 30 و 31ی ئازاری 1979 ریفراندۆم بە دوو دەنگی بەڵێ و نەخێر بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کراو دواتر راگەیەنرا 92% دانیشتوانی ئێران بەدەنگی بەڵێ دەنگیان بەسیستمی کۆماری ئیسلامی داوە لەوڵاتەکەیان. دوای ریفراندۆم بۆ حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی، رەشنوسی نوێی دەستوری ئێران بەفەرمانی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەرو یەکەم رێبەری کۆماری ئیسلامی ئامادە کراو بەسەرپەرشتی عەلی خامنەیی لیژنەیەک بۆ پێداچونەوەو نووسینەوەی دەستنیشانکران و دوای سێ مانگ لەپێداچونەوە لەساڵی 1989 خرایە راپرسییەوەو راگەیەنرا کەدەستوری نوێ دەنگی زۆرینەی خەڵکی ئێرانی بەدەستهێناوەو پەسندکراوە. بەپێی بڕگەی 177 ئەو دەستورەی ئێستای ئێران کە خامنەیی یەکێک لەئەندامانی سەرەکیی لیژنەی پێداچونەوەی بووەو لەڕاپرسیدا دەنگی هێنایەوە، بەهیچ جۆرێک گۆڕانکاریی لەسیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران و (ویلایەتی فەقیهـ) و ئیمام یان پێشەوای گشتی کە خامنەییە راپرسیی لەسەر ناکرێت. رێبەری کۆماری ئیسلامی لەدوایین وتاری سێشەممەی هەفتەی رابردوو لە 18ی ئەم مانگەدا، ئەنجامدانی ریفراندۆم لەئێرانی رەتکردەوەو وتی: لەهیچ شوێنێکی جیهان پرس بەهەموو خەڵکێک ناکرێت و هەموو پرسێکیش ناخرێتە راپرسی و ریفراندۆمەوەو ئەگەر کێشەکانی وڵاتەکە 100 هێندەی دیکەش گەورەبن پێویست بەڕیفراندۆم ناکات و توانای چارەسەری کێشەکانیان هەیە بەڵام نابێت بێهیوا بن. خامنەیی وتیشی: هەندێک کەس لەسەر بنەمای سۆشیال میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شیکردنەوەی بەلێشاو بۆ بارودۆخەکان دەکەن ئەوەش هەڵەیە. وتەکانی خامنەیی وەڵامێک بووە بۆ داواکاریی پێشتری میرحسێن موسەوی، سەرکردەی بزوتنەوەی سەوزو حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران کەهەردووکیان بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان و چارەسەری کێشەکانی ئێران داوایانکردبوو ریفراندۆم لەوڵاتەکە بەڕێوەبچێت. جگە لەو دوو سەرکردەیەی کۆماری ئیسلامی ژمارەیەکی بەرچاو لەبەرپرسانی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی داوای راپرسی سەرتاسەریی و ریفراندۆمیان کردبوو. چوار یاسای (6،59،99،110)ی دەستوری ئێراندا ئاماژەی راستەوخۆ بەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لەئێران کراوەو تائێستا هیچ لەو چوار یاسایە بۆ ریفراندۆم وەک خۆی جێبەجێ نەکراون و تەنانەت ماددەی 59 لەدەستوردا رێگەی بەوەداوە کە راپرسی و ریفراندۆم لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسی (سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی) بکرێت لەکاتێکدا لەساڵی (1989) تائێستا دەیان داواکاریی بۆ راپرسی خراوەتە بەردەمی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەڵام رەتکراوەتەوە.   کێ داوای ریفراندۆم دەکات سێ مانگ دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، میرحسێن موسەوی، یەکێک لەسەرکردەکانی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلام داوای نووسینەوەی دەستورو گۆڕانکاریی ریشەیی لەدەسەڵات و حوکمڕانیی ئێران کرد، وتی «خەڵک بڕوای بەچاکسازیی لەسیستمی ئێستای حوکمڕانیدا نەماوەو وڵاتەکە بەرەو گۆڕانکاریی گەورە هەنگاو دەنێت کەپێویستی بەڕیفراندۆمە». موسەوی لەو بەیاننامەیەدا داوای کرد رەشنووسێکی نوێ بەڕەچاوکردنی سەرجەم مافەکانی خەڵک لەلایەن نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و سیاسیی و بیروباوەڕە جیاوازەکان لەئێران ئامادەبکرێت و بخرێتە دەنگدانەوە، بەبڕوای ئەو گەورترین کێشەی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بەیەکبوون لەبەڕێوەبردنی دەسەڵات و ئامانجەکانیدا بۆیە ئەو سیستم و حوکمڕانییە ناتوانێت بەردەوام بێت. موسەوی جەختی لەوە کردووەتەوە کەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی رووبەڕووی قەیرانی قووڵی بێمتانەیی بووەتەوە و شەرعیەتی لەدەستداوەو خەڵکی وڵاتەکەش متمانەو بڕوایان بەچاکسازیی نەماوە، بۆیە پێویستە پڕۆسەی ریفراندۆم لەوڵاتەکەدا بەڕێوەبچێت بەمەبەستی دامەزراندنی سیستمێکی نوێی حوکمڕانیی. پاش موسەوی و دوای شەش مانگ لەناڕەزایەتییەکان، حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران داوایکرد بۆ چارەسەری کێشەکان و رەچاوکردنی ناڕەزایەتییەکان ریفراندۆم بکرێت بەڵام داواکارییەکەی کاردانەوەی توندی دەسەڵاتداران و باڵای محافزکاری کۆماری ئیسلامی لێکەوتەوەو تۆمەتبار کرا بەناپاکی و بێڕەوشتیی سیاسیی. حەسەن رۆحانی کەخاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لەیاسای بنەڕەتی (دەستور)ە چەند جارێک رەخنەی لەدەستوری وڵاتەکەی گرتوەو رایگەیاندووە زۆر ئاساییە چەند ساڵ جارێک راپرسیی و ریفراندۆم لەسەر پرسە گرنگەکانی وڵاتەکە بەڕێوەبچێت چونکە دەبێتەهۆی بەهێزبوونی دەستورو ئاسانکاریی لەشێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەڵام لەساڵی 1989 تائێستا هیچ ریفراندۆمێک نەکراوە. رۆحانی لەساڵی 2015 تائێستا چەند جارێک داوای ریفراندۆم و راپرسیی لەسەر هەندێک پرس کردبوو کەسەرجەمیان رەتکراونەتەوەو هێرشی توند کراوەتەسەری، بۆیە بەبڕوای شارەزایان ریفراندۆم لەئێران تابۆیەو قفڵی لێدراوە و دەستبردن بۆی مەترسیدارە. سەرۆک کۆماری پێشوو لەدوایین هەنگاویدا بۆ ریفراندۆم لەدیدارێکیدا لەگەڵ بەرپرسانی کابینەی پێشووی حکومەت رایگەیاند؛ دۆخی ناڕەزایەتیی وڵاتەکە لەئاستێکدایە کەپێویستە باڵاترین قۆناغی یاسای دەستور جێبەجێبکرێت چونکە وڵاتەکە پێویستی بەگۆڕانکاریی هەیەو وتی: دەبێت بەپێی یاسای 59ی دەستور، راپرسی و ریفراندوم سەبارەت بەسێ پرسی سیاسەتی ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوەو ئابوریی لەوڵاتەکە بکرێت. بەوتەی رۆحانی هەندێک لەماددەو بڕگەکانی دەستور کەمترین سەرنجیان لەسەر بووەو جێبەجێنەکراون بەتایبەت وەرزی سێیەمی دەستور کەئاماژەی روون بەمافەکانی دانیشتوانی ئێران دەکات، ناڕەزایەتییەکانی رابردو رووداوێکی ناخۆش بوون بۆیە بۆ گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵکی ناڕازی و دانیشتوانی وڵاتەکە پێویستە هەنگاوی گەورە بنرێت. رۆژنامەی (جەوان) لەئێران لەسەروتارەکەیدا هێرشی توندی کردووەتەوەسەر رۆحانی و ئەوی بەکەسێکی بێڕەوشتی سیاسی ناوهێناوە کەتەنها بەسەرزارەکی باسی ریفراندۆمی کردووەو ئامادە نییە راستەوخۆ بەشداریی لەو پرسەدا بکات بەڵام بەئامانجی دژایەتیی حکومەتی ئێستاو جەنگی دەرونیی پرسی ریفراندۆمی وروژاندووە. ئەو رۆژنامەیە کە سەر بەباڵی توندڕەوی محافزکارانی کۆماری ئیسلامییە جەختی لەوە کردووەتەوە تێچوو خەرجییەکانی ریفراندۆم بۆ چارەسەری کێشەکان تەرخان بکرێت باشترە تا ریفراندۆم لەسەر ئەوەبکرێت کەسیستمی حوکمڕانی سەرۆکایەتی بێت یان پەرلەمانی.   ناوبژیوانی ریفراندۆم محەمەد خاتەمی، یەکێک لەسەرکردەکانی باڵی ریفۆرمخوازو سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران سەرەڕای ئەوەی رەخنەی لەدەسەڵاتی ئێستای وڵاتەکە گرتووەو وتوویەتی ناڕەزایەتیی بەرفراوان لەوڵاتەکەدا روون و ئاشکرایەو دەسەڵات بۆ رازیکردنی کەمینە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی زۆرینەی خەڵک. محەمەد خاتەمی کە بەهاوڕێی ریفۆرم و چاکسازیی موسەوی ناودەهێنرێت تەنها دوای رۆژێک لەبەیاننامەکەی موسەوی بۆ ریفراندۆم، لەبەیاننامەیەکدا سەرەڕای ئەوەی حاشای لەپێویستیی گۆڕانکاریی لەئێران نەکردووە بەڵام ئەنجامدانی ریفراندۆمی بەشێوەی خۆی رەتکردووەتەوەو هاوهەڵویست نەبوو لەگەڵ هاوڕێ ریفۆرمخوازەکەی. خاتەمی لەبەیاننامەکەیدا: روحانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی رەتکردووەتەوەو رایگەیاندووە؛ بەپێی ئەو تواناو هێزو ئامرازانەی کە دەسەڵات هەیەتی، رووخان و نەمانی لەڕووی میکانیکییەوە ئاستەمەو ناکرێت، بەبڕوای ئەو» چاکسازیی لەکۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندیی بەگۆڕانکاریی لەدەستورو چاککردنی یاساکاندا نییە بەڵکو پەیوەندیی بەگەڕانەوە بۆ جەوهەرو هەوێنی دەستورەی ئێستای وڵاتەکەوە هەیە». ئەگەرچی جەختی لەوە کردووەتەوە کەهیچ ئاماژەیەک لەدەسەڵاتدا بەدیناکرێت بەئامانجی چاکسازیی و دوورکەوتنەوە لەدووبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو ئێستای بەڵام بەهیچ جۆرێک باسی ریفراندۆمی نەکردووەو رەنگە ئامانجی ئەویش نێوەندگیریی باڵ و سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی بووبێت لەپێناو سەرەگرتن یان نەگرتنی ریفراندۆم.   لە ریفۆرمەوە بۆ ریفراندۆم سەرەڕای ئەوەی پێشتر مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری سەر بەباڵی محافزکاری کۆماری ئیسلامی لەساڵی 2010 وەک چەکێک لەدژی پەرلەمانی ئەوکات کەزۆرینەی بەدەستی ریفۆرمخوازنەوە بوو داوای ریفراندۆمی کرد، کەمترین جار لەلایەن باڵی محافزکاری کۆماری ئیسلام ئاماژە بەڕیفراندۆم لەناوخۆی ئێراندا کراوەو بەپێچەوانەوە باڵی ریفۆرمخواز لەگەڵ روودانی هەر کێشەو ناکۆکییەک لەدەسەڵاتی سیاسیدا داوای ئەنجامدانی ریفراندۆمیان کردووە. ئێستا کەڕەنگە ژمارەی کورسییەکانی باڵی ریفۆرمخواز لەکۆی 290 کورسی لەپەرلەمانی ئێران نەگاتە 20 کورسی و کەمترین و لاوازترین پێگەیان لەناو حکومەت و دەسەڵاتدا ماوە وەک دوایین کارت بۆ بەهێزکردنەوەی خۆیان لەناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا پرسی ریفراندۆم دەوروژێننەوە چونکە ئەو باڵە پێچەوانەی بانگەشەکانی رابردوویان پشتگیریان لەناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان نەکرد. ریفراندۆم لە 44 ساڵی رابردودا تاپۆکەی بەناوی باڵی محافزکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بووەو بۆ باڵی ریفۆرم تابۆیە، بۆیە باسکردنی هەر جۆرە لەڕیفراندۆمێک کاردانەوەی توندی دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی لێدەکەوێتەوەو دوور نییە ریفراندۆم دوایین کارتی بەختی ریفۆرمخوازان نەسوتێنێت بەتایبەت کە رۆڵی گرنگیان لەناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نەبینیوە.