هاوڵاتی بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، رەزامەندیی لەسەر کردنەوەی هەژماری بانکیی تایبەت بە دانانی پارەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی تایبەتی بانکی دەربڕی بەپێی نووسراوێکی فەرمیی فەرمانگەی وەبەرهێنان و حەواڵە دەرەکییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق کە لەلایەن یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتییەوە لە رۆژی 27-4-2023، بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ناسراو بە "سۆمۆ"کراوە، تێیدا بۆچوونی بانکەکەی لەبارەی رێککەوتننامەی نەوتیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان کردووە. بانکی ناوەندیی لە نوسراوەکەدا دەڵێت، لارییان نییە لە دانانی داھاتی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە (سیتی بانک) بەڵام پێویستە یەکێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە وردبینیکردن، وردبینی فرۆشتن و داھاتی نەوتی ھەرێم بکات. راشیگەیاندووە، بانکی ناوەندی لایەنی سومەند نییە لە فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بەڵکو لایەنی سودمەند حکومەتی ھەرێمی کوردستانە و، بەرپرسیاریشە لەوەی بە چ رێگەیەک داھاتی نەوت لەو ھەژمارە وەردەگرێتەوە. سیتی بانک بانکێکی ئەمریکییە، لە ساڵی 1812 دامەزراوە و بنکەی سەرەکیی لە شاری نیویۆرکە. بانکەکە دوو هەزار و 649 لقی لە 19 وڵات هەیە، 723یان لەنێو ئەمریکادان، زۆرترین لقەکانی لە مەکسیکە کە ژمارەیان هەزار و 494 لق دەبێت، زیاتر لە 220 هەزار کارمەندی هەیە.
هاوڵاتی ئەنجومەنی سەلامەتی و تەندروستیی کرێکاران (ئیسیگ) ڕایگەیاند، لە ٤ مانگدا ٥۸٥ کرێکار و لە ماوەی ۲۱ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی ئەردۆغان و ئاکەپەدا بە گشتی ۳۱ هەزار و ۱۳۱ کرێکار گیانیان لەدەستداوە. ئەنجومەنی سەلامەتی و تەندروستیی کرێکارانی تورکیا (ئیسیگ) رایگەیاند، بەلانیکەمەوە له چوار مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا ٥٨٥ کرێکار گیانیان له دەستداوە و لە ماوەی دەسەڵاتی ئاکەپەشدا بە گشتی ٣١ هەزار و ١٣١ کرێکار بەهۆی دۆخی قورس و ناتەندروستبوونی شوێن و ئامێرەکانی کارەوە گیانیان لە دەستداوە . ئیسیگ ئاماری گیان لە دەستدانی کرێکارانی لە کاتی کارکردن لە تورکیادا بڵاوکردەوە. ئامارەکان لە میدیاکانی تورکیا و کەسوکاری قوربانییەکان وەرگیراوە و بەپێی ئامارەکە لە مانگی کانوونی دووەم دا ١٢٠ کرێکار، لە مانگی شوبات دا ٢١٣ کرێکار، لە مانگی ئازاردا ١٣٠ کرێکار و لە مانگی نیسان دا ١٢٢ کرێکار و بە گشتی لەو چوار مانگەدا ٥٨٥ کرێکار گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئیسیگ، لە ماوەی ٢١ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی ئاکەپەدا بە لانیکەمەوە ٣١ هەزار و ١٣١ کرێکار لە کاتی کارکردن و بەهۆی دۆخی خراپی کارەوە گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی رەزامەندییان لەسەر گەڕاندنەوەی سووریا بۆ کۆمکارەکە دەربڕی. لەدوای 12 ساڵ لە هەڵپەساردنی ئەندامێتیی سووریا ئەمڕؤ یەکشەممە، 7ـی ئایاری 2023، ئەو وڵاتە گەڕایەوە بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی. ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوەکردوە، "لە کۆبونەوەیەکدا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی ڕێککەوتن لەسەر گەڕانەوەی سوریا بۆ شوێنی خۆی لە کۆمکاری عەرەبی". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو دیپلۆماسیەتی دیالۆگ و هەوڵەکانی یەکگرتنەوەی عەرەبی کە عێراقیش پەسەندیکرد، هەوڵێکی ڕاستەقینەی هەبو بۆ گەڕاندنەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی". ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی کۆبونەوەیەکی بەپەلەیان لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لە قاهیرە ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی مەلەفی سوریا، لەکاتێکدا کەمتر لە دو هەفتە ماوە بۆ بەڕێوەچونی کۆبونەوەی لوتکەی عەرەبی لە شاری جددەی پایتەختی سعودیە، کە لە 19ی ئایاردا بەڕێوەدەچێت و ئەندامبونی سوریا لەو کۆمکارە ڕاگەیەندرا . کۆمکاری عەرەبی لە کۆبونەوەیەکی بەپەلەدا کە لە مانگی تشرینی دوەمی 2011 لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە داوای کردبو، ئەندامێتی دیمەشقی لە کۆمارەکە هەڵپەساردبو، بە رەزامەندی 18 وڵات، لە کاتێکدا سێ وڵات، سوریا، لوبنان و یەمەن ناڕەزایەتیان دەربڕی و عێراقیش لەوکاتەدا خۆی لە بڕیاردان بەدورگرت.
سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت توانیویانە خۆیان لە گەمارۆ و سزا نێودەوڵەتییەکان دەرباز بکەن و ئاستی هەناردەی وڵاتەکە بەرز بکەنەوە. ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە لە پێشانگای "تواناکانی هەناردەی ئێران" (Iran expo 2023) رایگەیاند؛ گەشە و بەرهەمهێنان نابەستنەوە بە ئەنجامی دانوستانە ئەتۆمییەکان و توانیویانە سەرەڕای گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، هەناردەی وڵاتەکە بۆ بەرزترین ئاستی 40 ساڵی رابردو بەرز بوەتەوە. بە وتەی رەئیسی: هەناردەی کاڵای ئێران گەیشتوەتە زیاتر لە 50 ملیارد دۆلار لە ساڵێکدا کە ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی لە مێژوی 40 ساڵی رابردوی وڵاتەکە ئەژمار دەکرێت. رەئیسی بە ئاماژەی بۆ لێدوانێکی وتەبێژی کۆشکی سپی کە رایگەیاندبو ئاستی باڵای فشارەکان دژی کۆماری ئیسلامی شکستی هێناوە، وتی: پێشانگای تواناکانی هەناردەی ئێران دیمەنێکە لە خۆدەربازکردن و شکستی گەمارۆ و سزاکان دژی ئێران. لێدوانەکانی ئیبراهیم رەئیسی لە کاتێکدایە بە پێی ئامارەکان لە کاتی دەستبەکاربونی کابینەی حکومەتەکەی، دراوی تمەن زیاتر لە 75%ی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لە دەست داوە و هێڵێ هەژاریی لە 11 ملیۆن تمەن بۆ 21 ملیۆن تمەن بەرزبوەتەوە و هەڵاوسانی ئابوریی گەیشتوەتە زیاتر لە 50%.
کڕینی زێڕ لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و رێکخراوێکی جیهانی ئاشکرای دەکات لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زۆرترین زێر لەو وڵاتە فرۆشراوە. ئەنجومەنی جیهانی زێڕ بڵاوی کردوەتەوە؛ دانیشتوانی ئێران لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بڕی 12 هەزار 900 کیلۆ گرام لیرەی زێڕ و شمشی زێڕیان کرێوە و ئەوەش زیاترین رێژەیە لە ساڵی 2018 تا ئەمساڵ کە بۆ کڕینی زێڕ لە ئێران تۆمار کراوە. ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ کڕینی زێر لەو سێ مانگەدا بە رێژەی 38% لە ناوخۆی ئێران و لە لایەن هاوڵاتییانیەوە زیادی کردوە. دابەزینی بەهای تمەن لە ئاستی جیهان و ترسی دانیشتوانی ئێران بۆ لەدەستدانی داراییەکانیان بە سەرەکیترین هۆکاری کڕینی زێر لەو وڵاتە لەقەڵەم دەدرێت. لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە بەهای دراوی تمەن دابەزینی زۆری تۆمار کرد و رۆژی یەكشەممە (26/2/2023) بۆ یەكەمجار لە مێژودا بەهای یەك دۆلار گەیشتە 60 هەزار و 50 تمەن و تا سنوری 63 هەزار تمەنیش بەرز بوەوە و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی دۆلار لە مێژوی وڵاتەکە لەقەڵەم دەدرێت.
سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، سەردەمی جەنگ کۆتایی پێهاتووە و سەردەمی گۆڕانکارییە و داوای لە هاوڵاتیانی تورکیا کرد، بۆ گۆڕانکاری دەنگ بدەن. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە حەوت ساڵە لە زینداندایە و چەند رۆژ لەمەوبەر بە فەرمی پشتگیری خۆی بۆ کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسین بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا کرد، سێ تویتی بڵاوکردەوە. دەمیرتاش لە توێتێکیدا دەڵێت، " ئەگەر دیموکراسی، دادپەروەری، ئارامی، ئازادی و ئاشتی هەبێت، تورکیا گەورە و بەهێزە. ئەگەر تورک، کورد، عەلەوی و سونی دەست لەناو دەست بنێن، لە جۆلەمێرگ تاوەکو ئەدرنە لە ناخی دڵەوە باوەش بەیەکدیدا بکەن، تورکیا گەورە و بەهێزە. کاتی جەنگ نییە، کاتی برایەتییە. دەنگ بە گۆڕانکاری بدە، ئیدی کاتی گۆڕانکاری هاتووە." سەلاحەدین دەمیرتاش لە تویتی دووەمدا نووسیویەتی، " خوشک و برایانی ئاکەپە، مەهەپە و پارتەکانی دیکە، پێکەوە بە گۆڕانکاری قازانج دەکەین، زیاتر یەکدەگرین. کاتی ترس نییە، کاتی ئەوەیە متمانەمان بە یەکدی بێت. کاتی ئەوەیە تورکیایەکی گەورە و بەهێز بە دیموکراسی بنیات بنێین." دەمیرتاش لە تویتی سێیەمیشدا بانگەوازی لە ٨٥ ملیۆن هاوڵاتی تورکیا دەکات و دەڵێت، " پێویستە پێکەوە کار بکەین، دابەشکاریەکی دادپەروەرانی هەبێت، ئەو کاتە بە شێوەیەکی ئازادانە پێکەوە دەژین. کاتی ڕق و تووڕەیی نییە، بەڵکو کاتی لەباوەشگرتن و خۆشەویستییە. کاتی ئەوەیە تورکیایەکی بەهێز و گەورە بە دادپەروەری و یەکسانی بنیات بنێین."
بەرپرسێکی ئێران ئاشکرای دەکات عێراق بەشێوەیەکی فەرمی ناتوانێت قەرزەکانی رادەستی ئێران بکاتەوە و دەڵێت هاوردەکردنی کاڵاش لەو وڵاتەوە کەمی کردوە. جەهانبەخش سەنجابی، سەرۆکی گشتی ژوری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق رایگەیاند؛ تاران ناتوانێت بەشێوەی فەرمی قەرزەکانی لە عێراق وەرگرێتەوە، چونکە بانکی ناوەندیی وڵاتەکە رێگەپێدراو نییە دراوی دۆلار بۆ ئێران (حەواڵە) بکات. ئاماژەی بەوە کردوە؛ بەهۆی ئەوەی لە جیاتی بانکی ناوەندیی عێراق گواستنەوەی پارە لە عێراقەوە بە رێگەی نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو ئەنجام دەدرێت ئاستی هاوردەی کاڵای ئێرانی لەو وڵاتە کەمی کردوە. بە وتەی سەنجابی: بانکی ناوەندیی عێراق مۆڵەتی پێنەدراوە پارەکانی ئێران بە دۆلار رەوانە بکات و هەر ئەوەش ئەگەری دانەوەی قەرزەکان و زۆرکردنی ئالوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەو دوو وڵاتە کەم دەکاتەوە. پێشتر محەمەدکازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی لە بەغداد وتبوی: عێراق 11 ملیارد دۆلاری پارەی غاز و کارەبای ئێران قەرزارە.
هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆشداری لە کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات دەدات و دەڵێت، "پێویستە دەستوەردانێکی بەپەلەی نێودەوڵەتی هەبێت و پشکی تەواوی خۆمان لە ئاو وەربگرین". محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ شەممە لە وتارێکدا لە کۆنرانسی نێودەوڵەتی ئاو لە شاری بەغدا، رایگەیاند، پێویستە هەڵوەستە بکرێت لەسەر کرۆکی کێشەی ئاو لە وڵاتی سەرچاوە و دیاریکردنی هۆکارەکانی و وتیشی، "لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جوگرافی پێکەوە گرێدانی زۆرمان لەڕوی ئایینی و ئاکاریی و لەسەروی هەمویانەوە ئێمە مرۆڤین و مرۆڤایەتی هەمومان پێکەوە دەبەستێت و دەبێت دیالۆگی بەرهەمدار و بونیادنەرانە ئەنجامبدرێت". جەختیلەوەشکردەوە، "ئاو بووەتە دۆسیەیەکی هەستیار و گرنگی هەموو وڵاتانی جیهان. قەیرانی ئاو لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی شەڕەکانی رژێمی پێشووەوە لای هاووڵاتییان نەزانرا". سەرۆکوەزیرانی عێراق کە خۆی ئەندازیاری کشتوکاڵە لەبارەی پلانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشەیە قسەی کرد و گوتی، "حکومەت دۆسیەی ئاوی لە سەرووی کارەکانی داناوە؛ پێویستە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کە سەرچاوەکانی ئاومان لەوێن لەسەر ئەو کێشانە بووەستین". پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا، سودانی وتی، "گۆرانکاریەکانی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکین لەو داتەپینەی کە لە دۆسیەی ئاودا هەیە، حکومەتی ئێستا لەئەستۆی خۆی گرتوە کە پلانێکی گشتگیر و فراوان دابڕێژێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم لێکەوتە ژینگەی خراپانەی کە دروستبوە بۆیە ستراتیژیەتێکمان بونیادناوە لەسەر بنەمای ئەوەی کە عێراق چۆن بیر دەکاتەوە بۆ دیدگای ژینگەیی بۆ 2030". لە پەیامێکیشدا بۆ وڵاتان وتی، "پێویستمان بە هەوڵی هەمو دۆستان هەیە لە وڵاتان و رێکخراوەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق لەم چرکەساتە هەستیار و گرنگەدا، هەروەها پێویستە عێراق پشکی خۆی لە ئاو وەربگرێت". ئەمڕۆ شەممە بە چاودێریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاو لە بەغدا دەستی بە کارەکانی کرد و دوو رۆژ دەخایێنێت، تێیدا چەندین توێژینەوەی زانستی لەبارەی دۆخی ئاو، کەمئاوی، کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا پێشکێش دەکرێن.
هاوڵاتی فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا ئاماری چالاکییەکانی مانگی ڕابردوی لە سوریا وعێراق نڵاوکردەوە پشتگیری خۆی بۆ هێزەکانی هەسەدە لە سوریا دوپاتکردەوە. فەرماندەیی هێزەکانى ناوەندنى ئەمەریکا بڵاویکردوەتەوە، لە مانگى رابردودا هێزەکانیان 35 ئۆپەراسیۆنیان لە دژى داعش لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە و توانیویانە 13 ئەندامى ئەو رێکخراوە دەستگیر بکەن و 28ى دیکەیشیان بکوژن. وتیشی ،" بەردەوام دەبن لە کارى راوێژکاریی و بەهێزکردنى عێراق و لەناویشیاندا هێزەکانى پێشمەرگە . سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەسەدە ڕایگەیاند،" کە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە روبەڕوبونەوەى رێکخراوى داعش و بۆ ئەوە مەبەستەش لە سوریا پشتیوانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات-هەسەدە دەکەن."
هاوڵاتی لە دێرسم، هاتای و ئەستەنبوڵ ٩ رۆژنامەنووس و چالاکوان کە زۆربەیان کوردن لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران. لە کاتێکدا کە ٨ رۆژ ماوە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا ئەنجام بدرێت، پۆلیسی تورکیا دەستی بە ئۆپراسیۆنێکی نوێ کردووە لە بەرامبەر رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی دێرسم، هاتای و ئەستەنبوڵ پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی رۆژنامەنووس، چالاکوان و دەزگا میدیاییەکان. بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەنی یەنی دیموکراسی سەر بە ئۆپۆزسیۆن، لەو ٣ شارە ٩ کەس دەستگیرکراون. بەگوێرەی رۆژنامەکە دەستگیرکراوەکانی هاتای و دێرسمیش بۆ ئەستەنبوڵ دەگوازرێنەوە. هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا، دەسەڵات دەستی بە دەستگیکردن و سزادانی چالاکوانان و رۆژنامەنووسان کردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٥٠ رۆژنامەنووس و چالاکوان دەستگیرکراون کە زۆربەی زۆریان کوردن و لایەنگری پارتی چەپی سەوزن کە هەدەپە لە رێگەی ئەو پارتەوە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات.
بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی دەڵێت دەستکراوەکردنی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران زیانی بۆ ئەمریکا لێدەکەوێتەوە. عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا کە رایگەیاندبو لە ئەگەری دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیی ئیسرائیل ئازادە لە هێرشکردنە سەر ئێران پەیامێکی بڵاو کردەوە. شەمخانی لە پەیامەکەی لە تویتەر کە بە چوار زمانی (فارسی، عیبری، ئینگلیزی، عەرەبی) بڵاوی کردوەتەوە، نوسیویەتی: لێدوانی ئەو بەرپرسەی ئەمریکا دانپێدانانە کە هەر جۆرە هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە ئەستۆی ئەمریکا بوە و دەبێت، پێویستە ئەمریکا چاوەڕوانی دەرەنجامەکانی بێت. پێشتر یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردا لە دیدارێکیدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی یۆنان رایگەیاندبو؛ ئێران لە ئێستادا کەرەستەی پێویستی بۆ دروستکردنی پێنج بۆمبی ئەتۆمیی هەیە و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ ئەو مەبەستە بەرز کردوەتەوە. جەیک سۆلیڤان دوای ئەو لێدوانەی گاڵانت لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەت لە رۆژهەڵاتی نزیک رایگەیاند؛ بە رونی بە ئێران راگەیەنراوە کە ئەو وڵاتە رێگەی پێنادرێت ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمیی و لەو چوارچێوەیەشدا ئیسرائیل دەستکراوەیەوە بەشێوەی سەربەخۆ کاردانەوەی لە دژی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی لە لایەن ئێرانەوە هەبێت. لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لە راپۆرتێکی شیکاریدا بڵاوی کردوەتەوە؛ ئەگەرچی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە قۆناغێکی مەترسیداردایە بەڵام سەرقاڵبونی ئەمریکا بە جەنگی روسیا دژی ئۆکرانیا و ململانێی لەگەڵ وڵاتی چین وای کردوە کۆشکی سپی سەرنجی زۆر لەسەر تاران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەمێنێت.
ئێران لە سێدارەدانی هاوڵاتییەکی عەرەب-ی وڵاتەکەی راگەیاند کە هەڵگری رەگەزنامەی سوید بوە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداریی دەدەن لە زیادبونی سێدارە. ئەمڕۆ شەممە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە؛ حەبیب فەرەجوڵڵا چەعب ناسراو بە (حەبیب ئەسیود)، سەرکردەی بزوتنەوە هەستانەوە بۆ ئازادیی ئەهواز کە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتی سوید بوە لەسێدارە دراوە. دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندوە؛ ئەو کەسە بە تۆمەتی پلاندارێژەری "هێرشی تیرۆریستی" نمایشی سەربازیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە لە ساڵی 2018 کە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و هاوکات دامەزراندنی رێکخراوی نایاسایی کە دەستی لە کوژران و بریندارکردنی نزیکەی 450 هاوڵاتیی ئێران هەبوە لەسێدارە دراوە. لە سێدارەدانی حەبیب ئەسیود لە کاتێکدایە وڵاتی ئەڵمانیا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا و ئەمریکا داوایان کردبو سزای سێدارەی راگیرێت و هەڵوەشێنرێتەوە. هاوکات رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە؛ لە ماوەی 10 رۆژی رابردودا لانیکەم 43 کەس لەسێدارەدراون و ئەوەش بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی چاوترسێنکردنی نەیاران و سەرکوتی خەڵکی وڵاتەکەیە.
هاوڵاتی نهتهوه یهكگرتووهكان بڵاویكردهوه، نزیكهی 17 ههزار تۆن هاوكاری پێكهاتوو له خۆراك له سوودان دزراوەو کۆمیسیۆنی پەنابەرانیش دەڵێت وەڵامدانەوەی مرۆیی لە سوودان پێویستی بە ٤٤٥ ملیۆن دۆلار هەیە. مارتن گرێفیس نوێنهری سكرتێری گشتی نهتهوه یهكگرتووهكان بۆ كاروباری مرۆیی و رێككخهری هاوكاری و فریاگوزاری، 6 بارههڵگری تایبهت به پڕۆگرامی خۆراكی جیهانی له ههرێمی دارفۆر له رۆژئاوای سوودان دزراوه. لهمبارهیهوه فهرحان حهق جێگری گوتهبێژی نهتهوه یهكگرتووهكان رایگهیاند، تا ئێستا 17 ههزار تۆن هاوكارییهكانی هاتوو بۆ هاووڵاتییانی سوودان دزراوه. هەروەها کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ١٣٤ هاوبەش لەنێویاندا ئاژانسەکانی دیکەی سەربە نەیەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکوومیییە خۆجێی و نێودەوڵەتییەکان هەروەها گرووپەکانی کۆمەڵی مەدەنی، پلانێکیان بۆ وەەڵامدانەوەی مرۆیی لە سوودان داناوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە وەڵامدانەوەی مرۆیی بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی جەنگەوە لە سوودان هەڵاتوون پێویستی بە بڕی ٤٤٥ ملیۆن دۆلار پشتیوانی دارایی هەیە. وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتوووە کە پلانەکە پشتیوانی خێرا بۆ ئاوارەکان لە هەریەک لە وڵاتانی چاد، باشووری سوودان، میسر، ئەسیۆبیا و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست تاوەکو تشرینی یەکەمی داهاتوو، لەخۆدەگرێت. له 15ـی مانگی رابردوو، رووبهڕووبوونهوهی سهربازی لهنێوان سووپای سوودان به سهرۆكایهتی عهبدولفهتاح بورهان و هێزی پشتیوانی خێرا به سهركردایهتی محهممهد حهمدان دهقلۆ دهستیپێكرد، وڵاتان تهواوی نێرده دیپلۆماسییهكان و هاووڵاتیانیان لهو وڵاته كشانهدهوه. پێشتریش نهتهوه یهكگرتووهكان رایگهیاندبوو، سێ بهشی سوودانییهكان كه ژمارهی دانیشتوانی ئهو وڵاته 45 ملیۆن كهسه، پشت بههاوكارییه مرۆییهكان دهبهستن.
هاوڵاتی لەتوركیادا باس باسی شكستی ئەردۆغانە بەرامبەر ركابەرەكەی كەمال كلیچدار ئۆغلو، سەڵاحەدین دەمیرتاش لەزینداندا كۆڵ نادات و دەستی بەبانگەشەی هەڵبژاردن كردووە دژی دەسەڵاتی ئێستای توركیا. هاووڵاتیانی توركیا 10 رۆژی دیكە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ كەمال كلچدارئۆغلۆ یاخود هەڵبژاردنەوەی سەرۆكە كۆنەكەیان رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان لەپەرلەماندا دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان. گەرمترین بانگەشەی هەڵبژاردن لەمێژووی توركیادا دەستیپێكردووە، هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن و هاوپەیمانی كۆماری دەسەت ركابەری سەرسەختی یەكن و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیش كە لەكوردو چەپەكانی توركیا پێكدێت، لەم نێوەندەدا رۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێڕن كەبڕیاریانداوە دەنگەكانیان بۆ كلیچدار ئۆغلو بێت. دەنگێك بۆ پارتی چەپی سەوزو دەنگێك بۆ كلچدار ئۆغلۆ پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە لەڕێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا كردووە، لەدوو لاوە هاوپەیمانی پێكهێناوە، هاوپەیمانێتیەك لەگەڵ پارتە سۆسیالیست و چەپەكانی توركیا لەژێر ناوی هاوپەیمانی رەنج ئازادی و هاوپەیمانێتیەك لەگەڵ پارتە كوردیەكانی باكوری كوردستان بەناوی هاوپەیمانی پارتە كوردستانییەكان. هەرچەندە ئەم بەرەیە هیچ كاندیدێكی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی دیاری نەكردبوو، بەشێوەیەكی فەرمی پشتگیری خۆی بۆ كاندیدێكی دیكە ئاشكرا نەكردبوو، بەڵام لەم هەفتەیەدا هەم هاوپەیمانی پارتە كوردستانییەكان و هەم هاوپەیمانی رەنج و ئازادی ئاشكرایان كرد كە لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، دەنگ بە كەمال كلچدارئۆغلۆ سەرۆكی گشتی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) و كاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن دەدەن. پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە لەكۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا لەشاری وانی باكوری كوردستان رایگەیاند، ئەوان یەك ئامانجیان هەیە لەم هەڵبژاردنەدا، ئەویش كۆتاییهێنانە بەدەسەڵاتی هاوبەشی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)و هەروەها شكستی رەجەب تەیب ئەردۆغان. لەم چوارچێوەیەدا هاوپەیمانی رەنج و ئازادی داوای لەدەنگدەرانی كرد، لەهەڵبژاردنەكاندا دەنگێك بەپارتی چەپی سەوزو دەنگێكیش بە كلچدار ئۆغلۆ بدەن. دەنگدان لەدەرەوەی وڵات ٢٧ی نیسان دەنگدانی دەرەوەی وڵات لەكونسوڵخانە، باڵیۆزخانە، فڕۆكەخانەو دەروازە سنوریەكانی توركیا دەستیپێكرد كە نزیكەی سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار كەس لەدەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگدانی دەرەوەی وڵات بەپێی دابەشكاری لە وڵاتاندا تا ٩ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت كە ١٧٧ ناوەندی هەڵبژاردن لەزیاتر لە ٦٠ وڵات كراونەتەوەو لەهەرێمی كوردستان و عێراقیش سێ ناوەندی هەڵبژاردن كراونەتەوە كە ٧ی ئەم مانگە هاووڵاتیانی توركیا دەتوانن لەو ناوەندانە دەنگ بدەن. كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا رایگەیاند، لە ١٠ی مانگدا، بەسێ فڕۆكەی هێڵی ئاسمانی توركیا، دەنگەكانی دەرەوەی وڵات بۆ فڕۆكەخانەی ئەستەنبوڵ دەگەڕێندرێنەوە كەدەنگەكانی دەرەوەی وڵات رۆڵێكی گەورەیان لەیەكلاییكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردندا هەیە. چاودێرە بیانییەكان جگە لەچاودێرانی پارتە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی مەدەنی توركیا، چاودێرانی بیانیش خۆیان ئامادە دەكەن لەنزیكەوە چاودێری هەڵبژاردنەكەی ١٤ی ئایار بكەن و ئامادەكاریان كردووە سەردانی توركیا بكەن بۆ ئاشكراكردنی ساختەكاری هەر لایەنێك كەبیەوێت ئەنجامی بدات تا زانیارییەكان بیگەیەننەوە وڵاتەكەیان. بەپێی هەواڵێكی بەشی توركی ماڵپەڕی دۆیچە ویللەی ئەڵمانی، رێكخراوی دیموكراتی ئاسایشی ئەوروپاو ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤ، كۆنسەی ئەوروپا، گروپی سۆسیالیست، دیموكرات و پارتی سەوز، فراكسیۆنەكانی دیموكراتە كریستیانەكان، لیبڕال، چەپ و موحافزكارەكانی كۆنسەی ئەوروپاو بەگشتی وەفدی پەرلەمانەكانی ئوستورالیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، رۆمانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، پۆڵۆنیا كەژمارەیان زیاتر لە ٥٠٠ كەس دەبن دوای ٧ی ئایار سەردانی توركیا دەكەن و بەگشتی چاودێری، چۆنیەتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن، كارنامەی كاندیدەكان و میدیاكان دەكەن. ئۆپۆزسیۆن گومانی لەشكستی ئەردۆغان نییە پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن كە لەهاوپەیمانی گەل و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیدا كۆبوونەتەوە، دەستیان بەبانگەشەیەكی گەورە كردووەو گوند بەگوند، شار بەشارو پارێزگا بەپارێزگا كۆبوونەوەی جەماوەری ئەنجامدەدەن. دروشمی ئۆپۆزسیۆن بەگشتی لەم هەڵبژاردنەدا، باشكردنی بژێوی خەڵك، دادپەروەری، ئازادی، دیموكراسی، كۆتاییهێنان بەگەندەڵی و چارەسەری پرسی كوردە لەپەرلەماندا. هەرچی بەرەی دەسەڵاتیشە، بانگەشەی ئەوە دەكات كە هاوپەیمانی گەل خۆی رادەستی پەكەكەو هەدەپە كردووەو ئەردۆغانیش هەموو رۆژێك پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری و سەربازی رادەگەیەنێت. ئەردۆغان بە نهێنی وەفد دەنێرێتە لای پەکەکە و بە ئاشکرا خەڵک بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵیاندا تۆمەتبار دەکات ئەوەی جێگەی سەرنجە، مەتمانە بەخۆبوونی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنە زۆر باسی شكستی دەسەڵاتە ٢١ ساڵیەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و كۆتاییهێنان بەهاوپەیمانی مەهەپەو جەهەپە دەكەن. كەمال كلچدارئۆغلۆ لە وكۆبوونەوە جەماوەرییەكەی شاری ئیزمیردا كە بەقەڵای جەهەپە ناسراوە رایگەیاند كاتی گۆڕانكاری هاتووەو كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەردۆغان دەهێنێت. هەروەها چیدەم كلچگون ئوچار هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز لەكۆبوونەوە جەماوەریەكەی پارتەكەیدا لەشاری دێرسیمی باكوری كوردستان رایگەیاند، دەنگێك بەشكستی رژێمی فاشیست و دەنگێك بەنوێنەری رەنجدەرانی توركیا دەدرێت و پێكەوە دەسەڵات دەگۆڕن. یەكێكی دیكە لەو كەسانەی كە بەشێوەیەكی سەربەخۆ دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلانە كە حەوت ساڵە لەزینداندایە. دەمیرتاش كە لەزۆربەی كۆبوونەوە جەماوەرییەكانی ئاكەپەدا، ئەردۆغان قسەی لەسەر دەكات و دەڵێت ‹تاوەكو من مابم دەمیرتاش لەزینداندا دەبێت› لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی دێر شپیگڵی ئەڵمانی، رایگەیاند، گومانی لەوە نییە كە ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا شكست دەهێنێت. ئەردۆغان وەفدی بۆ ئیمڕالی و قەندیل ناردووە؟ رۆژنامەی یەنی یاشامی توركی لەزاری ئامەد دیجلە میدیاكارێكی پەكەكەوە رایگەیاند، ئەردۆغان لەچوارچێوەی پرسی هەڵبژاردندا، وەفدی بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكە لەئیمڕالی و بەرپرسانی ئەو پارتە لەقەندیل ناردووەو داوای لێكردووە كە هەدەپە و دەنگدەری كورد رازی بكەن دەنگی پێبدەن، بەڵام هەم لە ئیمڕالی و هەم لەقەندیل وەفدەكانی ئەردۆغان بێ هیچ دەستكەوتێك گەڕاونەتەوە. هەرچەندە ئیبراهیم كالن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا ئەو هەواڵەی رەتكردەوەو رایگەیاند، دوورە لەڕاستیەوە، بەڵام مەڕال ئاكشەنەر سەرۆكی ئیی پارتی (پارتی باش) هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند، ناوی ئەو كەسەش دەزانێت كە ئەردۆغان رەوانەی ئیمڕالی كردووە. لەو بارەیەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند كە هەواڵەكە راستەو ئەمەش دووڕوویی ئەردۆغان پیشاندەدات كە لەلایەك هەدەپە بەپشتگیریكردن لەپەكەكە تاوانبار دەكات و لەلایەكی دیكەوە چاوپێكەوتن لەگەڵ بەرپرسانی پەكەكە ئەنجامدەدات و داوای دەنگیان لێدەكات. كەجەكە: ١٤ی ئایار گرنگترین هەڵبژاردن لەمێژووی توركیادا بەڕێوەدەچێت پەكەكە لایەنێكی دیكەیە كە راستەوخۆ پەیوەندی بەپرۆسەی هەڵبژاردنەكانی توركیاوە هەیەو بەرپرسانی ئەو پارتە رۆژانە شیكردنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ هەڵبژاردنەكان دەكەن و دەڵێن، پێویستە بۆ كردنەوەی رێگەی دیموكراسی لەتوركیا كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنرێت و بەم هۆیەشەوە، بڕیاری بێ چالاكی و راگرتنی شەڕیان بۆ دوای هەڵبژاردنەكان درێژكردووتەوە كە بەهۆی بومەلەرزەكەی ٦ی شوباتەوە رایانگەیاندبوو. بەسی هۆزات هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەدوایین قسەكانیدا كە میدیاكانی حزبەكەی رایگەیاند:» هەڵبژاردنەكانی ١٤ی ئایار یەكێك لەگرنگترین و مێژووییترین هەڵبژاردنەكانی كۆمارە، هۆكاری سەرەكی گرنگی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە كە رژێمی فاشیستی قڕكەری ئاكەپەو مەهەپە دەیەوێت لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە هەبوونی خۆی هەمیشەیی بكات». هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو كە:» ئەم رژێمە فاشیستە لەسەر بناغەی تەواوكردنی قڕكردنی كورد، دەیەوێت ١٠٠مین ساڵیادی پەیمانی لۆزان و كۆمار بەڕژێمی دیكتاتۆری فاشیستی دەستوری بنەڕەتی پیرۆز بكات، ئەگەر دەسەڵاتی فاشیست لەهەڵبژاردنەكاندا سەربكەوێت، فاشیزم بەتەواوی سیستمی خۆی دادەكوتێت و سیاسەتی لەناوبردن و قڕكردنی كورد، پلانی شەڕی گشتی زیاتر قوڵ دەكاتەوە». بەسێ هۆزات داواشی لەخەڵكی توركیاو بەتایبەتی كوردانی باكوری كوردستان كرد، دەنگ بەپارتی چەپی سەوز بدەن و كۆتایی بەدەسەڵاتی ئاكەپە و مەهەپە بهێنن. راپرسییەكان لەبەرژەوەندی ئەردۆغاندا نین رۆژانە راپرسی و شیكردنەوەی جیاواز لەبارەی دەنگی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی و پارتە سیاسییەكانی توركیا بڵاودەكرێتەوە، تائێستا بەپێی زۆربەی راپرسیەكان، كلچدار ئۆغلۆ لەپێش ئەردۆغانەوەیە، بەڵام ژمارەیەكی بەرچاوی كۆمپانیاكانی بواری راپرسی دەڵێن، لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا پێشبڕكێكە یەكلایی نابێتەوە، بەڵام لەخولی دووەمدا كلچدار ئۆغلۆ سەردەكەوێت. دوایین راپرسی لەلایەن كۆمپانیای (پیئار) ئەنجامدراوە كەكۆمپانیایەكی سەربەخۆی توركیایە. كۆمپانیاكە لە ٤٠ پارێزگای توركیا رای پێنج هەزارو ٤٠٠ كەسی بەشێوەیەكی رووبەڕوو وەرگرتووەو رایگەیاندووە كە كلچدار ئۆغلۆ لەخولی یەكەمدا لەسەركەوتن زۆر نزیك دەبێت و ئەنجامەكەی بەم شێوەیەیە: كەمال كلچدارئۆغلۆ رێژەی لەسەدا 49.4% و رەجەب تەیب ئەردۆغان 47.1% و سینان ئوغان 2.3% و موحەڕەم ئینجە 1.2% بەدەستدەهێنن. سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زینداندا کۆڵ نادات و دەستی بەبانگەشەی هەڵبژاردن دژ بە ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی کردووە
بەرپرسێکی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت ئێران دەتوانێت ژمارەیک بۆمبی ئەتۆمیی دروست بکات و هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی خۆی لە سوریا دەدات. یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دیدارێکیدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی یۆنان رایگەیاند؛ ئێران لە ئێستادا کەرەستەی پێویستی بۆ دروستکردنی پێنج بۆمبی ئەتۆمیی هەیە و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ ئەو مەبەستە بەرز کردوەتەوە. گاڵانت لەو دیدارەدا وتویەتی: ئێران بە پشتیوانیی کردن لە چەکدارانی فەلەستین و بەهێزکردنی بنکە سەربازییەکانی لە سوریا و پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ زیاتر لە 90% ، دەبێتە مەترسییەکی گەورە لە ناوچەکە. بە وتەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: لە شەش مانگی رابردودا ئێران ژمارەی هێزەکان و بنکە سەربازییەکانی لە سوریا زیاتر کردوە و لەو ماوەیەدا لە رێگەی فڕۆکەوە چەک و کەرەستەی سەربازیی بۆ ئەو وڵاتە رەوانە کردوە. وەزیری بەرگریی هۆشداریی داوە کە وڵاتەکەی رێگە نادات پێگەی سەربازیی ئێران لە سوریا بەهێزتر بێت و هەر هێرشێک لە خاکی ئەو وڵاتەوە بە توندترین شێوە وەڵام دەداتەوە.