هاوڵاتی نرخی تابلویەکی هاکان یاشار نیگارکێشی کورد کە لە نەرویچ دەژی گەیشتە حەوت هەزار و ٥٠٠ دۆلار کە بۆ پشتگیریکردنی دارایی بۆ هەدەپە خستوویەتیە مەزادێکی کراوەوە. دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەدژی بڕینی بودجەکەی لەلایەن دادگای دەستووریەوە، کەمپەینێکی بەناوی ' گەلەکەمان گەنجینەی ئێمەیە' راگەیاند، هاکان یاشار نیگارکێشی کورد کە لە نەرویچ دەژی بۆ پشتگیریکردنی دارایی بۆ هەدەپە، تابلویەکی خۆی خستە مەزادێکی کراوەوە. نرخی تابلوکە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە حەوت هەزار و ٥٠٠ دۆلاری ئەمریکی. تابلۆکە کە لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان نمایشکراوە، بووەتە جێی سەرنجی هاوڵاتیان. چەند رۆژ لەمەوبەریش باش دەمیرتاش هاوسەرۆکی سەلاحەدین دمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، سەردانی پێشانگای هاکان یاشاری کردبوو و ئەم تابلویەی پەسەند کردبوو و بۆیەش هاکان یاشار تابلوکەی بۆ پشتگیریکردن لە هەدەپە خستە مەزادەوە.

ئەمریکا رێوشوێنی نوێ بۆ توندکردنەوەی سزاکانی سەر روسیا دەگرێتەبەر بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی سەردانی تورکیا و ژمارەیەک وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. بەپێی هەواڵی میدیا ئەمریکییەکان، لە هەفتەی داهاتودا بەرپرسی سزاکان لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەردانی چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و تورکیا یەکەم وێستگەی سەردانەکەی دەبێت. ئاماژە بەوەشکراوە؛ ئەمریکا دەیەوێت هۆشداریی بداتە ئەو وڵاتانەی کە بانگەشەی ئەوەیان کردوە مامەڵەی هاوسەنگ لەگەڵ روسیا دەکەن و بە پێی ئامارەکانیش هاوڵاتییان و بازرگانانی روسیە زیاترین خانوبەرەیان لە تورکیا کرێوە. واشنتتۆن  ئامانجی ئەوەیە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگادار بکاتەوە کە ئەگەر لەروی دارایی و بازرگانییەوە پشتیوانیی روسیا بکەن، ئەوا لە هەر مامەڵەیەکی بازرگانیی لەگەڵ ولاتانی  پیشەسازیی جیهان ناسراو (جی 7) قەدەغە دەکرێن. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە؛ تورکیا لە سێ مانگدا بڕی دو ملیارد دۆلار کاڵای بۆ روسیا هەناردە کردوە کە بەراورد بە رابردو 30٪ زیادی کردوە. بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لە کاتێکدایە تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاترین پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ روسیا هەیە و هاوکات ئەندامی ناتۆ و بە هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە لەقەڵەم دەدریت.

ئێران هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆسەر ناوەندێکی وەزارەتی بەرگیی پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت هێرشەکەی پوچەڵ کراوەتەوە. وەزارەتی بەرگریی ئێران، لە راگەیەنراوێکدا هێرشی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەواقنی بۆ سەر کارگەیەکی دروستکردنی چەک و تەقەمەنی لە شاری ئەسفەهان پشتراستکردەوە و رایگەیاند دوو لەو فڕۆکەوانەیان تێکشاندوە. شەوی شەمەی ڕابردو (28/1/2023) کارگەیەکی چەک و تەقەمەنی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران لە شاری ئەسفەهان کرایە ئامانجی سێ درۆن و دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لەو شارە بیسترا.  وەزارەتی بەرگریی ئێران ئاماژەی بەوەکردوە یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە کارگەکە تەقیوەتەوە و دوو فڕۆکەشیان لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی کراونەتە ئامانج و تێکشکێنراون. وەزارەتی بەرگریی ئێران هیچ گروپ یان وڵاتێکی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار نەکردوە بەڵام لە بەشێک لە میدیاکانی جیهاندا وابڵاو کراوەتەوە کە ئیسرائیل هێرشەکەی ئەنجام دابێت.    

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سه‌ڵاحه‌دین ڕایگه‌یاند، به‌هۆی شكاندنی كه‌للـه‌سه‌ری خوێندكارێك و لێدان به‌ ئه‌ڵقه‌كه‌ی ده‌ستی، له‌یه‌كێك له‌گونده‌كانی سنوری قه‌زای دوجه‌یل مامۆستایه‌ك له‌كاره‌كه‌ی دورخرایه‌وه‌.  ئه‌مه‌جد ته‌لمس به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سه‌ڵاحه‌دین له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی مامۆستایه‌ك به‌ئه‌ڵقه‌كه‌ی ده‌ستی له‌ سه‌ری خوێندكارێكیدا به‌ناوی زیاد حسێن یاسین له‌ پۆلی سێیه‌می بنه‌ڕه‌تی، بڕیارماندا ئه‌و مامۆستایه‌ دوربخه‌ینه‌وه‌ و رێگه‌ نه‌ده‌ین جارێكی دیكه‌ وانه‌ بڵێته‌وه‌.  وتیشی،لەماوەی سێ ڕۆژدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا دەکەین بۆڕای گشتی. هاوکات پێشتر ڤیدیۆیه‌ك له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان لەمبارەیەوە بڵاوکرایەوە مامۆستاکە، به‌ ئه‌ڵقه‌كه‌ی په‌نجه‌ی له‌سه‌ری خوێندكاره‌كه‌یداوه‌ و كونی كردوه‌، دواتریش به‌په‌له‌ گواستویانه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پێویست. وێنەکە هەستیارە ....    

هاوڵاتی پۆلیسی ئیسرائیل پەوەست بەو هێرشە چەکدارییەی لە ئۆرشەلیم-قودس کوژرانی حەوت کەسی لێکەوتبووەوە، ٤٢ فەڵەستینی ده‌ستگیرکرد. دوای ئەوەی رۆژی هەینی، 27ـی کانوونی دووەمی 2023، پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشێکی "تیرۆریستی کراوەتەسەر پەرستگەی جووەکان لە رۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم" و تیایدا حەوت کەس کوژران ، ئەمڕۆ شەممە،گوتەبێژی پۆلیسی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە هێرشە چەکدارییەکەی قودسی رۆژهەڵات هەبووە، ئەنجام داوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ٤٢ کەس دەستگیر کراون کە باوەڕدەکرێت تیوەگلاون لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە، هاوکات بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاریی له‌باره‌ی پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکان قەدەغە کراوە. هەروەها ناسنامەی ئەنجامدەری هێرشەکەش ئاشکرا کراوە کە ، ناوی خه‌یری عه‌لقه‌م تەمەن ٢١ ساڵبووە و دانیشتووی گەڕەکی تور بووە. جێگەیباسە ئەو گەڕەکەی کە هێرشەکەی تێدا کرا، ناوی نیڤی یاکۆڤە و لە ساڵی 1967 دوای شەڕی شەش رۆژەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، خراوەتە سەر خاکی ئیسرائیل.

کەسایەتی و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداریی دەدەن لە دۆخی وڵاتەکە و سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان. محەمەدڕەزا باهونەر، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ گەندەڵی و ناکارامەیی و گوێ نەگرتن بۆ خەڵک، راستییەکانی ناو سیستمی دەسەڵاتن و هەر ئەوانەش هۆکارێک دەبن بۆ سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان. باهونەر وتویەتی: پێچەوانەی بۆچونی بەرپرسان ناڕەزایەتییەکان کۆتاییان نەهاتوە و هاوشێوەی ئاگری بن خۆڵەمێشە بۆیە بیانویەک بەسە بۆ سەرهەڵدانەوەی ئەو ناڕەزایەتییانە. لە لایەکی دیکەوە سەیدحەسەن خومەینی، نەوەی روحەڵڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی لە ئێران رایگەیاند؛ دۆخی وڵاتەکە باش نییە و نابێت بە هەر نرخێک دەسەڵات بپارێزرێت و پشتیوانیی لێبکرێت. خومەینی وتویەتی: هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخەی ئیستای وڵاتەکە دەسەڵاتدارانن کە راوێژ و قسە لەوان وەرناگرن و کاریگەرییان لەسەر دەسەڵاتداران نەماوە. ئەو وتوشیەتی پێشتر کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانیی چینی هەژار و ناوەڕاست سەرکەوتنی بەدەست هێناوە بەڵام لە ئێستادا بەهۆی هەڵسوکەوتی خراپی دەسەڵاتداران چینی هەژار پشتیوانیی لە کۆماری ئیسلامی ناکەن. خومەینی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردوەتەوە؛ دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی کێشە و کەموکوڕیی زۆرە و نابێت خەڵک بێهیوا بکرێت.

هاوڵاتی لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەنووسیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت یاسای نەوت و غاز پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم رێکدەخاتەوەو دەربارەی ناردنی پارەش بۆ هەرێم ئاماژە بەوەدەکات یاسای بودجە ئەو بابەتە چارەسەر دەکات. محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فرانس ٢٤ رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ فەرەنسا دەبێتە گواستنەوەیەکی جۆری لە پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات و لە رێگەی ئیمزاکردنی رێککەوتنی ھاوبەشی ستراتیژی کە ٥٠ بوار لەخۆدەگرێت، مۆرکێکی ستراتیژی وەرگرتووە. سەبارەت بە ناکۆکییەکانی ھەرێم و بەغداد سوودانی ئاماژەی بەوەکرد، یاسای بودجە بەشێکی زۆری کێشەکانی ناردنی پارە بە پێی دەستور چارەسەر دەکات و  دواتریش کار بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز دەکەن کە پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی ھەرێم و پارێزگا بەرھەمھێنەرەکانی نەوت رێکدەخات. دەربارەی مانەوەی سوپای وڵاتانی دیکە لەعێراق سوودانی وتی، عێراق پێویستی بە ھێزی شەڕکەری بیانی نیە، بەڵکو پێویستی بەھەماھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری. سودانی دوپاتیشیکردەوە، لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە ھەوڵی نزیکبوونەوەی لەگەڵ ئێران و سعودیە داوەو بەمنزیکانەش گەڕەکێکی تری دانوستانەکانی ھەردوو وڵات لە بەغداد رێکدەخەن، رونیشیکردەوە، دەستدرێژیکردنە سەر خاکی عێراق کارێکی رەتکراوەو ئیدانەکراوەو دیالۆگ باشترین رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ تورکیاو ئێران.

نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداریی دەدات لە بەرزبونەوەی برسێتی و هەژاریی لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان و رایدەگەیەنێت مەترسیی کۆچی بەلێشاو هەیە. بەرنامەی جیهانیی خۆراک-ی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداریی داوە کە نرخی خۆراک لە سوریا 12 هێندە بەرز بوەتەوە و هاوکات رێژەی برسێتی گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار. دەیڤد بێزلی، بەڕێوبەری جێبەجێکاری بەرنامەی جیهانیی خۆراک رایگەیاندوە؛ ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هاوکاریی خەڵکی سوریا نەکات بۆ دەبازبون لە برسێتی ئەوا شەپۆلێکی دیکە لە کۆچی بەکۆمەڵ دەست پێدەکاتەوە. بە پێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان 90٪ لە 18 ملیۆن کەس لە دانیشتوانی سوریا هەژران و لەو ژمارەیەش برسێیتی هەڕەشە لە سێ ملیۆن کەس دەکات. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژئاوای کوردستان بڵاویان کردوەتەوە نرخی دەرمان بەشێویەکی بەرچاو زیادی کردوە و ئەوەش کێشەی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دروست کردوە. پێشتێر وەزارەتی تەندروستی سوریا نرخی دەرمانی بە رێژەی 20٪ بەرز کردەوە و لە ئێستاشدا نرخی زۆبەی دەرمانەکان لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێژەی 40٪ بەرز بوەتەوە.  

هاوڵاتی بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ھەواڵی بلومبێرگ لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە، دوای دابەزینی بەھای نەوتی ھەرێم و شکستی ھەوڵەکانی گروپی کۆمپانیاکانی ترافیگۆرا بۆ ئیمزاکردنی گرێبەستی نوێ لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکە کارکردنی لەگەڵ ھەرێم راگرتووە. هەر بەپێی هەواڵەکە ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکە لە دوای ئەوە دێت، لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس، نوێنەرانی کۆمپانیای ترافیگۆرا بەنیازبوون کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بکەن و دانوستان لەسەر ئەوە بابەتە بکەن، بەڵام کۆبوونەوەکە لە دوایین ساتەکاندا لەلایەن سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بەبێ ھیچ روونکردنەوەیەک ھەڵوەشاوەتەوە. گروپی کۆمپانیاکانی ترافیگۆرا یەکێکە لەو کۆمپانیا گەورانەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٥ چەندین ملیار دۆلاری لەپێناو کرینی نەوتی ھەرێم داوەتە حکومەتی ھەرێم، تا ھەفتەی رابردووش حکومەتی ھەرێم ٢٧٣ ملیۆن دۆلار قەرزاری کۆمپانیاکە بووە، دوای ھەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی داڤۆسیش، ترافیگۆرا ویستوویەتی ھۆشداری بداتە حکومەتی ھەرێم بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە.

سەلاحەدین دەمیرتاش دەسەڵاتی تورکیای بە برایانی داڵتۆن بەناوکرد کە لە فیلم کارتۆنی لوکی لوکدا سێ کارەکتەری تاوانبارن و وتی، " چەتەکانی داڵتۆن شکست دەهێنن." سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زینداندایە و ماوەی نزیکەی مانگێکە دەستی بە هەڵمەتێکی فراوان لە چوارچێوەی ئامادەکاریەکاندا بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیادا کردووە، توێتێکی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بڵاوکردەوە. دەمیرتاش لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، پێویستە هاوڵاتیانی تورکیا گوێ بە ئەو راپرسیانە نەگرن کە لەلایەن دەسەڵات خۆیەوە ئامادکراون و وتی، دەسەڵات وەک 'چەتەکانی داڵتۆن' شکست دەهێنێت. ' مەبەستی دەمیرتاش ئەو چوار برایەی نێو فیلم کارتۆنی لولی لوکدا کە چوار برای تاوانبارن و هەموو کاتێک بەهۆی تاوانەکانیانەوە لەلایەن لوکی لوکەوە دەستگیر دەکێن' دەمیرتاش دەشڵێت، " ورەتان هەبێت، بە جۆش و خڕۆش و متمانەوە تێکۆشانتان فراوان بکەن. لە کاتێکدا کە ئێوە هەن پێویستی بە ' لوکی لوک' نییە.

هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی ئیسرائیل تایم ڕایگەیاند، شەوی هەینی لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری لە گەڕەکی نیڤ یاکۆڤی ئۆرشەلیم پێنج کەس کوژران و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون. خزمەتگوزاری ئامبولانسی ماگن دەیڤد ئەدۆم بەو ئاژانسەی گوتووە تیمەکانمان چارەسەری ١٠ کەسیان کردووە و پێنجیان گیانیان لەدەستدا. پۆلیسیش ڕایگەیاندووە چەکدارە گومانلێکراوەکە تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەستداوە. هەروەها بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان هێرشەکە تیرۆرستییە و هاوکات لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر پۆلیس لە شوێنی ڕوداوەکە کۆبونەتەوە . هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان لە ئێستادا پۆلیس بەدوای کەسێکی تردا دەگەڕێن کە پێیان وایە یارمەتی تاوانبارەکەی داوە.

هاوڵاتی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی، راپۆرتی خۆی لەبارەی هێرشی کیمیایی ساڵی 2018ـی سووریا کە بووە هۆی کوژرانی 43 کەس، بڵاوکردەوە. رێکخراوەکە دەڵێت، "حکومەتی سووریا هێرشەکەی ئەنجامداوە".  رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی ڕایگەیاند،"هۆکاری سەلمێنەر هەن بۆ ئەوەی بڕوابکرێت" کە لانیکەم هەلیکۆپتەرێکی هێزی ئاسمانیی سووریا دوو بوتڵە گازی ژەهراویی بەسەر شارۆچکەی دۆمای ژێردەستی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری دیمەشقدا بەرداونەتە خوارەوە. دەشڵێت، لێکۆڵەرانی ڕێکخراوەکە  "ژمارەیەک سیناریۆی چاوەڕوانکراویان لەبەرچاوگرتووە" و گەییشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە "هێزە ئاسمانییەکانی سووریا ئەنجامدەری ئەم هێرشەن." رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی دەڵێت: لە 7ـی نیسانی 2018، "لانیکەم هێلیکۆپتەرێکی Mi-8/17 سەر بە هێزی ئاسمانیی سووریا،  لە بنکەی ئاسمانیی زەمیر هەستاوە و دوو بوتڵی زەردی بەرداوەتە خوارەوە، بوتڵەکان بەر دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوونی نێوەڕاستی دۆما کەوتوون". رێکخراوەکە دەشڵێت: "یەکەمیان تەقییەوە و دەستبەجێ گازی کوشندەی کلۆری چڕیی سەختی بڵاوکردەوە، کە بە خێرایی بە نێو باڵەخانەکاندا بڵاوبووەوە و بووە هۆی کوژرانی 43 کەسی ناو زانراو و کاری لە دەیان کەسی دیکەش کرد. بوتڵی دووەم؛ چووە نێو باڵەخانەیەک و بە هێواشی هەندێ گازی کلۆری لێ دەرچوو و کاریگەرییەکی مامناوەندی کردەسەر ئەو کەسانەی کە یەکەمجار گەییشتنە شوێنەکە." هاوکات کارمەندەکانی فریاگوزاریی ئەو کات باسیان لەوە کرد، چارەسەرییان پێشکێش بە ژمارەیەک کەس کردبوو کە تووشی تەنگەنەفەسی ببوون و کەفیان چەراندبوو.  دوای چەندین جار دواخستن، لێکۆڵەرانی رێکخراوەکە سەردانی شوێنەکەیان کرد و گەیشتنە ئەو بڕوایەی گازی کلۆر بەکارهێنراوو و هێرشەکە لە لایەن حکومەتی سوریاوە ئەنجامدراوە. جێگەیباسە،دوما- کە لە غوتەی ڕۆژهەڵاتە، کە قەراغی دیمەشقە،  بە قەڵای چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن دادەنرێت هەربۆیە  بەشێکی زۆری ناوچەکە لە ساڵی 2013ەوە لە ژێر گەمارۆی هێزەکانی حکومەت یان گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتدا بوون. هەروەها ئەم هێرشەی دوما بووە هۆی تووڕەیییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حکومەتی سوریا لەلایەن بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریکای لێکەوتەوە.  

هاوڵاتی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، دەستیان بەسەر 500 هەزار لیتر لە بەرهەمە نەوتییەکاندا گرتووە کە ئامادەکرابوون بۆ بەقاچاخبردن. ئەمڕۆ هەینی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، دەستیان بەسەر 500 هەزار لیتر لە بەرهەمە نەوتییەکاندا گرتووە لە حەوت پارێزگای عێراق کە ئامادەکرابوون بۆ بەقاچاخبردن و و بەهۆیەوە 29 کەس دەستگیرکراون. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە،کە ئەو 500 هەزار لیتر سووتەمەنییە  لە پارێزگاکانی بەغدا، نەجەف، کەرکووک، نەینەوا، قادسییە، دیالە و بابل دەستیان بەسەردا گیراوە. ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، لەو هەڵمەتەدا دەستبەسەر 20 ئۆتۆمبێل گیراوە و 29 تۆمەتبار دەستگیرکراون و رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

هاوڵاتی پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، سیاسه‌تێكی نوێ و میكانیزمێكی جددی بۆ چاککردنی به‌رزی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دیناری عێراقی ده‌گرنه‌به‌ر. كوتله‌ی ئیشراقه‌ی كانون له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە ، ئه‌مڕۆ هه‌ینی كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتار له‌گه‌ڵ عه‌لی عه‌لاق پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی به‌وه‌كاله‌ت كۆبونه‌ته‌وه‌بۆ تاوتوێكردنی هۆكاره‌كانی دابه‌زینی به‌رده‌وامی به‌های دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر به‌ دۆلاری ئه‌مریكی كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خراپی له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئابوری هاوڵاتیان هه‌یە.  له‌ میانی كۆبونه‌وه‌كه‌دا پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی جه‌ختی له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردن و جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تێكی نوێ له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندی و په‌ره‌پێدانی میكانیزمی جددی بۆ ده‌رچون له‌م دۆخه‌ چه‌قبه‌ستوه‌ی ئێستای وڵات كردۆته‌وه‌. به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك، پلانی نوێی عه‌لی عەلاق، پارێزگاری نوێی بانكی ناوه‌ندی عێراق بریتییە لە "کردنەوەی دەرگای دانوستان لەگەڵ بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا بۆ ئەوەی پێداچونه‌وه‌ به‌ سنورداركردنی دۆلار بۆ بازاڕه‌كاندا بكرێت"، هەر دوای ئەوەشی راسپێردرا بۆ بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندی، عه‌لی عه‌لاق به‌ڵێنیدا نرخی دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی پێشوی "لە ماوەیەکی کورتدا".

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ھێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئازەربایجانی ئیدانەكرد و رایگه‌یاند،  بەھەستیارییەكی زۆرەوە دەست بە لێكۆلینەوە دەكەین. ناسر كه‌نعانی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، هاوسۆزی و هاوخه‌می قوڵی خۆی بۆ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و كارمه‌نده‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئازه‌ربایجان ده‌ربڕی كه‌ هێرشێكی چه‌كداریدا كوژرا، هاوكات سه‌ره‌خۆشی خۆی بۆ حكومه‌ت و گه‌لی كۆماری ئازه‌ربایجان ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند، "پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ستبه‌جێ ده‌ستوه‌ردانیان كردوه‌ و تاوانباره‌كه‌یان ده‌ستگیركردوه‌، له‌ ئێستادا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت". وتیشی،"ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاماژه‌ن بۆ پاڵنه‌ره‌ كه‌سییه‌كانی پشت ئه‌م هێرشه‌، دامه‌زراوه‌ ئه‌منی و دادوه‌رییه‌كانیش ڕێوشوێنی گونجاو ده‌گرنه‌به‌ر و به‌و هۆیه‌وه‌ پێویسته‌ میدیاكان خۆیان له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ساخته‌ و بێ بنه‌ما به‌دور بگرن". وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دوای ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌، زانیاری وردتر له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان رایگه‌یاند، هەموو کارمەندانمان له باڵیۆزخانەکەمان له تاران دەکشێنینەوه. سەرۆکی ئازەربایجانیش له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ هێرشی سەر باڵیۆزخانەکەیان له تاران تیرۆریستی بووه و پێویسته لێکۆڵینەوه له هێرشه‌كه‌ بکرێت.