مەسعود بارزانی دەربارەی نوێترین بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە
دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیارێکی نوێی دەرکرد ، لەبارەی هەرێمی کوردستان، مهسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە. له پهیامهكهدا هاوتوە، : "جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە و بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان". دهقی پهیامهكه بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان جێگەی داخە جارێكی تر دادگەی فیدڕاڵیی عێراق هەڵوێستێكی تری دوژمنكارانەی بەرانبەر هەرێمی كوردستان نیشان دا و، ڕێگری لەوە كرد ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بێت كە بڕیار بوو لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت. لێرەدا مەبەست بڕە پارە نیە بەڵكو، كێشە سەرەكییەكە پێشێلكردنی ماف و پڕەنسیبە. هەموو لایەك ئاگادارن كە بەشداریی ئێمە لە هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی ڕوون و تێروتەسەل بووە كە هەموو لایەنەكان ڕێككەوتنیان لەسەر كردووە. دابینكردنی بەشێك لە شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستانیش كە مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە، بەشێك بووە لەو بەرنامەیە و ڕێككەوتنی لەسەر كراوە. بۆیە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگەی فیدڕاڵ، بەر لەوەی دژی هەرێمی كوردستان بێت، دژی پڕۆسەی سیاسی و دژی حكوومەتی عێراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەتیشە. جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە و بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان. دیارە ئەجیندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محكمة الثورة)ـی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە. لێرەدا داوا لە حكوومەتی عێراقی و لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت دەكەم هەڵوێستی خۆیان لەمەڕ ئەو پێشێلكاری و دژایەتیكردنە نیشان بدەن كە لەلایەن دادگەی فیدڕاڵی لە دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت. مسعود بارزانی
هاوڵاتی تادێت كات لەبەردەم كابینەكەی محەممەد شیاع سودانی كەمتر دەبێتەوەو هێشتا پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ كە بەگەورەترین پرۆژە بودجە لەمێژووی وڵاتدا وەسفدەكرێت كەبڕەكەی زیاترە لە 150 ترلیۆن دینار نەچووەتە پەرلەمان، هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش جەخت لەوەدەكاتەوە پێویستە پرۆژەیاسای بودجە تێبپەڕێت، راوێژكاری دارایی و ئابووریی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دەڵێت، ئەگەری زۆرە هەفتەی داهاتوو رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكرێت، جێگری سەرۆك وەزیرانیش دەڵێت لەئەنجومەنی وەزیران خوێندنەوەمان بۆ كردووەو بەمنزیكانە بودجە دەنێرین بۆ پەرلەمان، ئەندامێكی لیژنەی داراییش لەپەرلەمانی عێراق پێشبینیدەكات لەپەرلەمان گفتوگۆی زۆر لەسەر پرۆژەیاساكە بكرێت. پرۆژەیاسای بودجە كەساڵانە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەنددەكرێت، لەساڵی رابووردوودا بەهۆی دۆخی سیاسی عێراقەوە نەچووە پەرلەمان و حكومەتی عێراقی ساڵێكی بەبێ بودجە بەڕێكرد، بۆ ئەمساڵیش یەكێك لەبەڵێنەكانی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەبوو لەكاتی خۆیدا بودجە بباتە پەرلەمان و دەنگی لەسەربدرێت، بەڵام بەهۆی چەندین گرفتەوە پێناچێت بەمزووییە ئەو بەڵێنە بەدیبێت بەتایبەت یەكێك لەو بڕگانەی كە كێشەی گەورەی لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانە كەتاوەكو ئێستاو دوای چەندین سەردانی وەفدی هەرێم هێشتا بەغداو هەرێم نەگەیشتوونەتە رێككەوتن. لەكۆبوونەوەیەكدا كە لەنووسینگەی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا بەڕێوەچوو، لایەنەكانی هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت كەپێكهێنەری سەرەكی حكومەتی عێراق و پەرلەمانیان بەدەستەوەیە رایانگەیاندووە پێویستە پەلەبكرێت لەتێپەڕاندنی بودجەو ئەو پرۆژەیاسایانەی كەپەیوەستن بەژیانی خەڵكەوە، كە ئەمەش بەهۆی ئەوەی زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستە ئاماژەیەكی گرنگە بەوەی كە ئەو لایەنانە سوورن لەسەر تێپەڕاندنی بودجە لەماوەیەكی نزیكدا. لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقیش ئاشكرایكردووە لەسەدا 95ی پرۆژە بودجەی عێراق تەواوبووەو لەئێستادا حكومەت خەریكی هەندێك چاكسازییە تیایدا. لەڕاگەیەندراوێكدا لیژنەكە رایگەیاندووە بەهۆی ئەو ئاڵۆزی و پشێوییەی كە لەبازاڕو نرخی دۆلاردا هەیە وایكردووە حكومەت بەپرۆژەیاسای بودجەدا بڕواتەوەو لەگەڵ واقیعدا بیگونجێنێت، لیژنەكە جەختیش لەوەدەكاتەوە كە زیاتر لەسەدا 95ی بودجە تەواوبووەو پێش كۆتایی ئەم مانگە دەگاتە پەرلەمان، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات دۆسیە گرنگەكانی وەك پیشەسازی و كارەباو تەندروستی و پشتگیری كەرتی تایبەت بەتایبەت لەبابەتی دامەزراندن لەبودجەدا ئامادەیی هەیەو گفتوگۆكانیش لەپەرلەمان مانگێك زیاتر ناخایەنێت. بەپێی زانیارییەكانیش پرۆژەیاساكە بەر لەدوو هەفتە زیاتر لەلایەن وەزارەتی دارایی و پلاندانانەوە ئامادەكرابوو، بەڵام لەكاتی پێداچوونەوەدا لەئەنجومەنی وەزیران دەركەوت لەچەند بەندێكدا هەڵئاوسان هەیەو نێردرایەوە تا چاكبكرێت. رێبوار ئەوڕەحمان ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بە (هاوڵاتی) راگەیاند: بودجە هێشتا لەئەنجومەنی وەزیرانەو لەوێ لیژنەیەك پێكهێنراوە كەبودجە لەگەڵ بەرنامەی حكومەت بگونجێنن، ئاماژە بەوەشدەكات نرخی یەك بەرمیل نەوت تیایدا بە ٧٥ دۆلار خەمڵێنراوەو یەک دۆلاریش بە هەزارو 450 دینارو بڕی بودجەكەش دەگاتە ١٣٠ تا ١٤٠ ترلیۆن دینار. دەربارەی پشكی هەرێمی كوردستانیش لەبودجەدا ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی تائێستا هەیە پشكی هەرێم بەڕێژەی لەسەدا ١٤ دەستنیشانكراوە، هاوكات جەختیش لەوەدەكاتەوە رای كوتلە سیاسییەكان لەسەر بەشە بودجەی هەرێم وەستاوەتە سەر رێككەوتنی هەرێم و بەغداو پێی وایە رای پەرلەمانتاران رای حزبەكانی خۆیانە ئەگەر رێكبكەون لەگەڵ هەرێم دەنگی پێدەدەن و رێشنەكەوتن دەنگی پێنادەن، دەشڵێت ئەگەر حكومەت خزمەتگوزاری پێشكەش نەكات و گەندەڵی بەردەوام بێت چارەنووسی وەك ئەوانەی پێشووتر دەبێت، هاوكات پێشبینیش دەكات لەپەرلەمان گفتوگۆی زیاتر لەسەر پرۆژەیاساكە زیاتر بكرێت چونكە ساڵی رابردوو بودجە نەبووەو كێشەیەكی زۆر كەڵەكە بووەو ئەم حكومەتەش دەیەوێ بەپێشكەشكردنی هەندێ خزمەتگوزاری خەڵك رازی بكات. پشكی هەرێمی كوردستان لەساڵانی پێشووتردا لەسەدا 17بووە، بەڵام لەم چەندساڵەی دواییدا كەمكرایەوە بۆ لەسەدا 12و لەسەدا 14، لەئێستاشدا هەموو هەوڵەكانی وەفدی حكومەتی هەرێم لەبەغدا گەڕانەوەیە بۆ لەسەدا 17، بەڵام پێناچێت دەسەڵاتدارانی بەغدا بەوە رازیبن و بەپێی ئەو زانیارییە میدیایانەی كە بڵاوكراونەتەوە لەڕووی مەبدەئییەوە هەردوو وەفدی حكومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر لەسەدا 14 بۆ هەرێمی كوردستان رێككەوتن، بەڵام ئەوە لەپەرلەمان یەكلایی دەبێتەوە، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هەرێمیش لەدانوستانەكانیان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبن. فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خوێندنەوەی بۆ پرۆژەیاسای بودجە كردووەو بەمنزیكانە بودجە دەنێرن بۆ پەرلەمانی عێراق. راوێژكاری دارایی و ئابووریی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەگەری زۆرە هەفتەی داهاتوو رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكرێت و دەڵێت، لەهەموو دۆخێكدا لە 200 ترلیۆن دینار تێناپەڕێنێت. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژكاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە: «ئەگەری زۆرە كۆتایی هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران رەسنووشی بودجەی 2023 پەسندبكات و بینێرێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ئەوەی لەنزیكترین ماوەدا پەسندبكرێت.» سەبارەت بەقەبارەی بودجەكە، مەزهەر محەممەد ساڵح دەڵێت: «ئەو ژمارانەی لەبارەی رەشنووسەكەوە باس دەكرێن تایبەت بەبودجەی ئەمساڵ هەمووی سیناریۆو پێشبینییە، بەڵام لەكۆتاییدا بودجەی 2023ـی عێراق 200 ترلیۆن تێناپەڕێنێت وەكو هەندێك كەس باسیانكردووەو لە 90٪ـی داهاتی عێراق پشت بەفرۆشتنی نەوت دەبەستێت. ئەو راوێژكارە باسی لەوەش كرد، بەتێكڕا وەزارەتی نەوتی عێراق لەساڵی 2023 دا بڕی سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات وەكو ئەوەی پێشبینی وەزارەتی نەوتی عێراقە. لەڕاگەیەندراوێكیشدا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی ئەلفەتحیش كە لایەنی سەرەكییە لەپێكهێنانی حكومەت جەختیان لەگرنگی خێراكردنی پەسەندكردنی بودجەی گشتی كردەوەو رایانگەیاندووە هەر دوولا جەخت لەگرنگی خێراكردنی پەسەندكردنی بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023دەكەنەوە بۆ بەشداریكردنی كاریگەرانە لەگەیشتن بەگەشەپێدان و تەواوكردنی پڕۆژە گرنگەكان و پاڵپشتیكردنی ئابووری.
هاوڵاتی شەنای فاتح هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت: دوو كامێرای خاڵ بۆ خاڵ دانراوە كەتێستن و وەك قۆناغی یەكەم و لەقۆناغەكانی داهاتوودا سەرجەم شەقامەكانی خێرا دەگرێتەوە، هاوكات هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت: تائێستا سیستمی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسلێمانی نەوكەوتووەتە كار. رۆژی 18ی ئەم مانگە هاتووچۆی هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد: كە لەهەفتەی داهاتووەوە كامێرای چاودێری بەسیستەمی پۆینت توو پۆینت لەنێوانی شەقامی كەركوك و بنەسڵاوە بۆ هەردوو سایدەكە دەكەوێتە كار. هەر لەڕاگەیەندراوەكەی هاتووچۆی هەولێردا هاتووە، كە ئۆتۆمبێلی بچووك نابێت لەكاتژمێرێكدا ١١٠ كیلۆمەتر خێراتر بڕوات و هەر خێراییەكی زیادە تۆماربكرێت شۆفێران سزای دارایی دەدرێن، جا كامێراكە دیار بێت یان دیارنەبێت، هەروەها ئۆتۆمبێلی گەورە (بارهەڵگر) لەكاتژمێرێكدا نابێت لە ٨٠ كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا خێراتر بڕوات و هەر خێراییەكی زیاتر تۆماربكرێت سزای دارایی دەدرێن جا كامێراكە دیار بێت یان دیار نەبێت. بەڵام فازڵ حاجی وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: سیستەمی كامێرای پۆینت توو پۆینت هێشتا لەهەولێر كاری پێنەكراوەو لەكاتی كارپێكردنەكەی بڵاودەكرێتەوەو ئەوەی ئەم بەیانییەش كەوتووەتەكار كامێرای چاودێری ئاسایی بووەو تائێستا كامێرای پۆینت تو پۆینت كاری پێنەكراوە. وتیشی: لەشەقامی خێرای ١٢٠م لەڕێگای كەركوك كەدێیتە ناو هەولێر تا سەر رێی بنەسڵاوە لەو نێوەندەدا دوو كامێرای پۆینت توو پۆینت دانراوە كەتێستن وەك قۆناغی یەكەم و لەقۆناغەكانی داهاتوودا سەرجەم شەقامەكانی خێرا دەگرێتەوەو كاركردنەكەشی بەپێی سیستەمە ئەلیكترۆنییەكەیە، كەی رێكارەكان تەواوبوو كاری پێدەكرێت و تائێستا دیار نییە كە كەی تەواو دەبێت. فازڵ حاجی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كەئەو كامێرایە لەگەڵ كامێراكانی چاودێری پێشتر هیچ جیاوازییەكی نییەو بۆ سزادانی شۆفێرانیش هەمان سیستەمەو تاكە جیاوازی ئەم سیستەمە ئەوەیە كە « شۆفێر لەسیستەمەكانی پێشوودا لەكامێرای چاودێریان دەدا دواتر لەچاودێری دەردەچوون، بەڵام لەم سیستەمەدا تەنها لەبەردەم یەك كامێردا نابینرێت و دەزانرێت شۆفێر لەنێوان دوو كامێرادا چۆن شۆفێری دەكات». هاوكات سەعدوڵا عەزیز، بەڕێوەبەری كارگێڕی لەهاتووچۆی پارێزگای سلێمانی و هاوكات سەرۆكی لیژنەی سەرپەرشتیاری دانانی ئەو كامێرایانە لەشاری سلێمانی و دەورووبەری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «ئەو قۆناغانەی بۆ ئەم پڕۆژەیە دیاریكراوە پێنج قۆناغەو تائێستا هیچ قۆناغێك تەواو نەبووەو تەنانەت بینای داتا سەنتەر تەواو نەبووەو سێرڤەرەكانی نەبەستراوەتەوە بەسێرڤەری هاتووچۆی سلێمانی، بۆیە تائێستا هیچ قۆناغێك وەرنەگیراوەو هیچ كامێرایەكیش نەكەوتووەتە كارو وادەش دیار نیە كەكەی كامێراكان دەكەونە كار». وتیشی: هەر قۆناغێك لەقۆناغەكان تەواوببێت ئێمە وەكو لیژنەی سەرپەرشتیار ئاگاداری وەزارەتی ناوخۆ دەكەینەوە، وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەكی تایبەت پێكدەهێنێت بەمەبەستی وەرگرتنی ئەو پێگەیە یان ئەو قۆناغەو تائێستاش هیچ پێگەیەك وەرنەگیراوەو هەمووی لەسەر ئەستۆی كۆمپانیاكەدایە، ئەگەر بێت و ئەو كامێرایانە بكەونە كار بەدڵنیاییەوە ژیانی شۆفێرو هاووڵاتیان سەلامەت دەبێت لەڕێگاوبانەكانداو دەبێتەهۆی كەمبوونەوەی رووداوی هاتووچۆ. ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی رابردوو وەزارەتی ناوخۆ پڕۆژەی سیستەمی كامێرای چاودێری پۆینت توو پۆینتی راگەیاندو هاوكات بەشێكی زۆری هاووڵاتیان ناڕازیین لەشێوازەكەو بەبارگرانی بۆ سەر گیرفانیان وەسفی دەكەن و تەنانەت لەهەندێك شوێندا كامێراكانیان شكاند یان سوتاندیانن.
هاوڵاتی هەسەدە دەستی بە ئۆپراسیۆنی هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوە شەهیدانی رەققە کرد هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش تەبقە، رەققە و گوندەکانی دەوروبەریان راگەیاند. هەسەدە لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کرد کە ئۆپراسۆنەکەیان لەژێر ناوی “هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوە شەهیدانی رەققە” ئەنجام داوە. هەسەدە سەرلەبەیانی ئەمڕ چوارشەممە، دەستپێکردنی هەڵمەتەکەی راگەیاند و هەڵیکوتایە سەر دەیان گوند و ماڵ لە رەقە و گوندەکانی، تەبقە و گوندەکان، کەرەما، سیرین و گوندەکانی. ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاماژەی بەوەکرد، ئۆپەراسیۆنەکان "بەپێی ئەو پلانەی بۆیان دارێژراوە و لە کاتی دیاریکراو ئەنجامدراون و ئەنجامێکی باشیان بەدەستهێناوە کە لە راگەیەندراوێکی دیکەدا بڵاوی دەکەنەوە. بەیانی رۆژی دووشەممە، ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، لە گەڕەکی دەرعیەی شاری رەققە هێرشکرایە سەر بارەگای ئاسایشی رەققە و لە ئەنجامدا چوار کارمەندى ئاسایش و دوو شەرڤانی هێزەکانى سوریاى دیموکراتى (هەسەدە) شەهید بوون. دوابەدوای هێرشەکە، رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی لەئەستۆگرت و وتی، دوو چەکداری رێکخراوەکەیان هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای هەسەدە لە رۆژئاوای رەققە. ئۆپراسۆنەکەی ئەمڕۆی هەسەدەش لەژێر ناوی “هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوە شەهیدانی رەققە” ئەنجام دراوە.
دەمیرتاش لەدژی خۆکاندید کردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لەکۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن سکاڵا تۆماردەکات و دەڵێت کاندید بونی ئەردۆغان بۆجاری سێیەم نایاساییە. سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە رێگای تۆڕی کۆمەڵایتەی تویتەر رایگەیاند؛ بۆجاری سێێەم خۆکاندید کردنی ئەردۆغان نایاساییە. ئەو نوسیویەتی: لەدژی خۆکاندیدکردنی ئەردۆغان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا سکاڵا تۆماردەکات و وتی: ئەردۆغان پاشا نییە تا هیچ یاسایەک نەیگرێتەوە. بەپێی یاساکانی تورکیا هەر کەسێک تەنها دوو خول دەتوانێت سەرۆک کۆماری تورکیا بێت و ئەردۆغان دوو خولە سەرۆک کۆماری تورکیایە، لەبەر ئەوەی لەسیستمی بەرێوەبەری تورکیا لەیەکەم خولی سەرۆکایەتی ئەردۆغاندا سیستمەکە بۆ کۆماری گۆراوە ئاکەپە یەکەم خولی سەرۆکایەتی هەژمار ناکات و خۆهەڵبژاردنی ئەردۆغان بە خولی دوەم هەژماردەکات .
هاوڵاتی پەرلەمانتارێکی شیعە: پەیامی ئەمریکا لە ڕێسا نوێیەکانی سەر دۆلا، ڕوخاندنی حوکمەتی عێراقە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری عەقیل ئەلفەتلاوی پەرلەمانتاری شیعە ڕایگەیاندووە، پەیامی ئەمریکا لە یاسا توندەکانی سەر دۆلار ئەمەیە، "کارکردن دژی ئێمە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕوخانی حوکمەتەکەت". عەقیل ئەلفەتلاوی، واشنتنی تۆمەتبار کردوە بەوەی کە بە ئەنقەست ڕێسا نوێیەکان وەک چەکێکی سیاسی بەکار دەهێنێت دژی عێراق ، ئەوەش پەیامێکە بەوەی کارکردن دژی ئێمە دەتوانێ ببێتە هۆی ڕوخانی حوکمەتەکەت". هەروەها ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز باسی لەوەش کردووە کە ئەو پەرلەمانتارەی شیعە، ئاماژەی بەوەکردووە ئەمە هۆشداری واشنتنە بۆ محەمەد شیاع سودانی و هەڕەشەیە بۆ سەر حوکمەتەکەی، هاوکات لە هەواڵێکی هاوڵاتی دا بەهەڵە ئاماژە بەوەدرابوو کە ئەم پەیامە ڕاستەوخۆ لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکیەوە بە شیاع سودانی دراوە. ئەم لێدوانەی عەیل ئەلفەتلاوی لەکاتێکدایە کە لەژێر فشارەکانی واشنتن، محەمەد شیاع سودانی هێزێکی دژە تیرۆری ڕەوانەی سنورەکان کردووە بۆ ڕێگریکردن لەبازرگانیکردن وبە قاچاخ بردنی دۆلار بۆ ئێران. هاوکات بەرپرسێکی باڵای بانکی ناوەندیش ڕایگەیاندووە، ئەمریکا پەیامێکی ڕوونی بۆ بەرپرسانی عێراق ناردووە: پابەندبن بە ڕێسا نوێیەکانەوە ئەگەرنا بانکی ناوەندی عێراق ڕووبەڕووی غەرامە دەبێتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، کە یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک لە مانگی تشرینی دووەمدا کۆنترۆڵی توندتری لەسەر مامەڵەی دۆلاری نێودەوڵەتی لەلایەن بانکە بازرگانییەکانی عێراقەوە خستە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش لەپێناو ڕێگریکردن لە گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران لەکاتێکدا کە ئێران لەژێر سزاکانی ئەوروپا وئەمریکادایە دژی پەرەدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم وهەروەها شۆڕشی ژینا ئەمینی.
هاوڵاتی سبەینێ دادگای دەستووری تورکیا لەبارەی داواکاری هەدەپە بۆ دواخستنی بڕیاری داخستن یاخود دانەخستنی پارتەکە کۆدەبێتەوە. چەند رۆژ لەمەوبەر میدحاد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) داوایەکی پێشکەش بە دادگای دەستووری تورکیا کردبوو، کە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی بڕیار لەسەر دۆسیەی داخستن یاخود دانەخستنی پارتەکەی بدرێت. ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەتوانێت، چارەنووسی هەدەپە بگۆڕێت، بەو پێیەی ئەگەر پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) شکست بهێنێت، ئەگەرێکی زۆر هەیە دۆسیەکە دابخرێت. بەهۆی ئەوەی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی جەهەپە چەندین جار رایگەیاندووە کە ئەوان لەدژی داخستنی هەدەپەن. دادگای دەستووری تورکیاش رایگەیاند، سبەینێ لەبارەی داواکاریەکەی هەدەپە کۆدەبێتەوە کە لیژنەی دادوەرانی دادگای دەستووری لە ١٥ کەس پێک دێت و لەو ١٥ کەسە پێویستە ١٠ کەس دەنگ بە بڕیاری کۆتایی لیژنەکە بدەن. دوێنێ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپ)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا وتیبووی، نابێت لەمە زیاتر بڕیاری دادگای دەستووری تورکیا دوابکەوێت و پێویستە کۆتایی بە هەدەپە بهێنێت، کە پشتگیری لە "تیرۆر" دەکات." میدحاد سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هەمان رۆژ وڵامی باخچەلی دایەوە و رایگەیاند، ئەگەر بە تۆن قفڵ بهێنن بۆ داخستنی پارتەکەیان، کلیلی کردنەوەیان پێیە و کاریگەری لەسەر خەباتیان نابێت. ٥ی ئەم مانگە، دادگای دەستووریی تورکیا بودجەی هەدەپەی بەشێوەیەکی کاتی بڕیبوو. بۆ یەکەمجار ١٧ی ئازاری ٢٠٢١، سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای دەستووری لەلایەن بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتی تورکیا، تۆمار کرا بۆ داخستنی هەدەپە. تۆمەتەکان لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢١ لەلایەن دادگای دەستوورییەوە بە هۆی کەموکورتی لە دۆسیەکەدا رەتکرایەوە. بەڵام بەکر شاهین لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ جارێکی دیکە سکاڵاکەی تۆمار کردەوە. دادگای دەستووریش، لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ سکاڵا نوێیەکەی پەسەند کرد. دواتر هەدەپە لە ١٩ی نیسانی ٢٠٢٢ بەرگریینامەی خۆی بە فەرمی پێشکەش بە دادگای دەستووری کرد. 10ی ئەم مانگەش لیژنەی دادوەرانی دادگای دەستووری، لەبارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە کۆبووەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەمبارەیەوە نەداوە.
هاوڵاتی هێزە سنوریەکانی حکومەتی یونان بەڕێوەبەرێکی پێشووی هەدەپە و رۆژنامەنووسێکی کوردیان رادەستی تورکیا کردەوە کە سزایان زیندانیکردنیان لەسەرە. ڕۆژنامەنووس موراد ڤەریم، کە بە تۆمەتی "یارمەتیدانی پەکەکە" لە مێردین بە ٤ ساڵ زیندانیکردن سزا درابوو، رووی لە یۆنان کردبوو، بەڵام یونان رادەستی دەوڵەتی تورکیای کردەوە. لەلایەکی دیکەوە، محەمەد سەیید دەمیر بەڕێوەبەری پێشووی هەدەپە کە تورکیا سزای زیندانی بەسەردا سەپاندبوو، لەلایەن یونانەوە رادەستی تورکیا کرایەوە. محەمەد سەیید دەمیر بەڕێوەبەری پێشووی رێکخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی ئامەد، لە ساڵی ٢٠٢١دا لەلایەن دادگای سزا قورسەکانی ئامەد، بە بیانوی 'ئەندامێتی رێکخستنی تیرۆر' و ' پرۆپاگەندە بۆ تیرۆر' ٦ ساڵ و ٨ مانگ سزای بەسەردا سەپێندرابوو. دەمیر دوای بڕیاری دەستگیرکردن لە ٢٣ی کانونی دووەم لەگەڵ خانەوادەکەی رووی لە یونان کرد. بەڵام دەمیر و خانەوادەکەی لەلایەن یونانەوە رادەستی تورکیا کرانەوە. محەمەد سەیید دەمیر و دایکی بە ناوی فەریدە دەمیر دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی یونانەوە رادەستکرانەوە، لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە دەستگیرکران. دواتر فەریدە دەمیر ئازادکرا و سەیید دەمیر بە بیانوی ئەوەی قەدەغەی چوونە دەرەوەی پێشێل کردووە، رەوانەی زیندانی شاری ئەدرنە کرا.
هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند له چهند ناوچهیهكی پارێزگای سهلاحهددین و لهمیانی ئۆپهراسیۆنێكی ئهمنیدا شهش چهكداری داعش دهستگیركران. وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردووەتەوە، لە چەند ناوچەیەكی پارێزگای سەلاحەددین و لەمیانی ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنیدا دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی شەش چەكداری داعشی دەستگیركرد كە بەگوێرەی ماددەی چوار تیرۆر داواكراو بوون. بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وهزارهتی ناوخۆی عێراق، لە دانپێدانانەكانیاندا یەكێك لەو چەكدارانە دانی بەوەداناوە لەوكاتەی لە ساڵی 2014 پەیوەندی بە داعشەوە دەكات، ئەركی ئەوە بووە ئایدۆلۆژییای داعش لەنێو قوتابخانەكانی پارێزگای نەینەوادا بڵاوبكاتەوە.
هاوڵاتی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ئلێنا رۆمانۆسكی لەسەر نرخی دۆلار لەعێراق ڕایگەیاند ئەمریكا نرخی دۆلارو دینار دیاری ناكاتو سزای بەسەر بانكی نوێدا لە عێراق نەسەپاندووە، بەڵكو گەیشتووە بە میكانیزمێك بۆ بەهێزكردنی كەرتی بانكیی عێراق. وتیشی ،"ئەمە چەند ساڵێكی خایاندووەو بۆ ئەوەیە یارمەتی عێراق بدات لە پابەندبوون بە سیستمی بانكیی جیهانیو گەرەنتی رێگریكردن لە بەكارهێنانی سیستمی بانكیی بۆ شتنەوەی پارەی گەلی عێراقو ئاودیوكردنی بۆ دەرەوە." ئەوەشی ڕونکردەوەکە، ئەم رێوشوێنانە بەر لە دوو ساڵ دەستیپێكردووەو بەشێوەیەكی پلە بەپلە لەلایەن بانكەكانی عێراقەوە جێبەجێ كراوە، ئەمەش بەگوێرەی رێككەوتن لەنێوان بانكی فیدراڵی ئەمریكاو بانكی ناوەندیی عێراق، هاوکات ئەوەی دەبێت بكرێت بەردەوامیدانە بە گفتوگۆ لەگەڵ بانكی ناوەندیو چاودێریكردنی لێكەوتەكانیەتی لەسەر هاوڵاتی ئاسایی كە دامەزراوە داراییە نافەرمییەكان بەكاردەهێنێت، ئەمەش بۆ چارەسەركردنی لێكەوتەكانی. ئلێنا رۆمانۆسكی باسی لە ڕێوشوێنەکانی ئەمریکا کرد سەبارەت بە دۆسیەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارەو گوتی، " ئەمریكا لەگەڵ لایەنی عێراقیدا هەوڵی رێگریكردن لە شتنەوەی ئەو پارانە دەدات كە بۆ گەلی عێراقی دەگەڕێنەوە، هەروەها رێگریكردن لە ئاودیوكردنی، سەرەنجمان خستوەتە سەر دۆسیەی گەندەڵی لە عێراقو ئەوەی رویدا رێكەوت بوو لەگەڵ دەستبەكاربوونی محەمەد شیاع سودانی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا." جێگای ئاماژەیە لەماوەکانی ڕابووردوودا نرخی دۆلار بەرزبوونەوەیەکی زۆری بەرامبەر دینار تۆمارکرد و بۆ هەریەک دۆلار گەیشتە 1660 دینار، لەئێستاشدا حکومەت رێوشوێنی نوێی گرتۆتەبەر بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار و بەرزکردنەوەی بەهای دینار
هاوڵاتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند کە دەستەی باڵای سەرژمێری گشتیی دانیشتوان پێکھێنراوەتەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان، محەمەد عەلی تەمیم سەرۆکایەتی دەکات. عەبدولزەھرە ھنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا کە جەخت لە گرنگی سەرژمێریی گشتی دانیشتووان دەکاتەوە، دەستەی باڵای سەرژمێریی دانیشتووانیان کارا کردووەتەوە و محەمەد تەمیم وەزیری پلادانان وەک سەرۆکی دەستەکە دیاریکراوە. وتیشی، دەستەی باڵای سەرژمێری، کار بۆ دیاریکردنی وادەیەکی گونجاو بەڕێوەچوونی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق دەکات. باسی لەوەشکرد کە بڕیاروابوو مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠، سەرژمێریی گشتی دانیشتووان لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوکات بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پڕۆسەکە دواخرا و تائێستا ئەنجامنەدراوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە پێکھێنانەوەی دەستەی باڵای سەرژمێری گشتیی بۆ دانیشتوان، رۆڵی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەم پرۆژە نیشتمانییە گەورەیەدا لەبەرچاو گیراوە، ئاماژە بەوەیشدراوە کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێکھێنانی دەستەکەدا، بەسیفەتی چاودێر نوێنەرایەتی لە پێکهێنانی دەستەکەدا هەبووە، ھەروەھا نوێنەرانی زۆرێک لە وەزارەتەکان دەستە سەربەخۆکان، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە پسپۆران، راوێژکاران و مامۆستایانی زانکۆ تیایدا ئەندامن.
ئەمڕۆ دووشەممە 23ی1، حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی وتوە: "بەدووری دەزانین حکومەتی عێراق بتوانێت ئەمساڵ ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و کەمپەکان دابخرێن؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە هێشتا خەڵک ئامادەیی بۆ گەڕانەوە زۆر کەمە." حوسێن کەلاری وتوێتی: "هێشتا ژێرخانی ئابووریی ناوچە رزگارکراوەکانی دەستی داعش گونجاو نییە و کێشەی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانیان هەیە، جگە لە نەبوونی دەرفەتی کار و کێشەی دیکە." بەپێی دوایین ئامار ، کە رۆژی 23ـ1ی2023 بڵاوکراوەتەوە، نزیكەی 665 هەزار و زیاتر لە 248 هەزار پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، واتە 913 هەزار ئاوارە و پەنابەر. حوسێن کەلاری باسی لەوەش کردوه: کە داواکارییەکی زۆریان لەلایەن ئەو ئاوارانەوە پێگەیشتووە کە لەنێو شارەکانی هەرێمی کوردستانن دەیانەوێت بچنە نێو کەمپەکان و "ئەوان دەڵێن ژیان لە شارەکان سەختە، بەڵام لە کەمپەکان کرێی خانوو نادەن و کۆمەڵێک قورساییان لەسەر نامێنێت." شایەنی باسه لەدوای هاتنی داعش و جەنگی ڕزگارکردنی ناوچەکانی لەو ڕێکخراوە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و بەبیانوی خراپی دۆخی ئەمنی ئامادەن نین بگەڕێنەوه شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان.
هاوڵاتی دوو هونەرمەندی کورد بەهۆی ئەوەی لە ئاهەنگێکی هەدەپەدا لە شاری کۆجائەلی تورکیا گۆرانی کوردیان وتووە، دەستگیرکران. دوێنێ شەو لە ناوەندی رێکخستنی گەنجانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە شاری کۆجائەلی تورکیا ئاهەنگێک رێکخرا. گروپی موزیکی هەڤرا کە کۆمەڵێک هونەرمەندی کورد، بانگهێشتکران و گۆرانیان بە زمانی کوردی وت. دواتر پۆلیسی تورکیا دوو ئەندامی ئەو گروپەی بە ناوەکانی یوسف کەلەش و گەنجای مۆرکۆچ بەهۆی وتنی گۆرانی کوردی دەستگیر کرد. گروپی هەڤرا تویتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و گرتنی هەردوو ئەندامی گروپەکەی پشتڕاست کردەوە و وتی، " دەسەڵات ناتوانێت خۆی لە بەرامبەر گۆرانیەکی کوردی رابگریت و لێرەوە دووبارەی دەکەینەوە کە فشارەکان ناتوانن رێگریمان لێبکەن." لەمبارەیەوە عومەر فاروق گەرگەریئۆغلۆ پەرلەمانتاری هەدەپە تویتێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، " دوای ئاهەنگی رێکخستنی گەنجانی هەدەپە لە ناوچەی دارجای کۆجائەلی دوو ئەندامی گروپی هەڤرا بە ناوەکانی گەنجای مۆرکۆچ و یوسف کەلەش بەهۆی ئەوەی بە کوردی گۆرانیان وتووە، دەستگیرکران. لە کاتێکدا کە لە سەدەی ٢١داین، تاوەکو ئێستاش بەهۆی زمانەوە هاوڵاتیان دەستگیر دەکرێن. پێویستە ئەو هونەرمەندانە ئازاد بکرێن!
بۆ یەکەمجار لە مێژوی ئێراندا تمەن نزمترین بەهای بەرامبەر دۆلار تۆمار کرد و بانکی ناوەندیش هەشت خاڵی بۆ کۆنتڕۆڵی بازاڕی دراو راگەیاند و پۆلیسی ئابوریی ژمارەیەک کاسبکاری دەستگیر کرد. لەگەڵ داخستنی بازاڕەکانی ئێران لە ئێوارەی یەکشەممە بەهای یەک دۆلار لەو وڵاتە گەیشتە 45 هەزار و 300 تمەن کە ئەوەش دەبێتە بەرزترین بەهای مێژویی دۆلار لە بەرامبەر تمەنەدا. بانکی ناوەندیی ئێران بۆ کۆنتڕۆڵی بازاڕەکان راگەیەنراوێکی هەشت خاڵی بڵاو کردەوە و فرۆشتنی و کڕینی زیاتر لە 20 هەزار دۆلاری قەدەغە کرد. هاوکات هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر بازاڕەکانی دراو لە تاران و میدیاکانی دەسەڵات رایانگەیاند پێنج کاسبکاری نێوەندگیر(دەڵاڵ)ی بازاڕی دراو دەستگیر کراون. بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندوە؛ بەرزبونەوەی بەهای دۆلار و دراوە بیانییەکان یاریکردنە بە بازاڕ و دەستی نەیارانی وڵاتەکەی لەپشتە. پۆلیسی ئابوریی ئێران ئاشکرای کرد ئێوارەی دوێنێ لە هەڵمەتەکانیاندا دەستیان بەسەر یەک ملیۆن121 هەزار دۆلاردا گرتوە و چەند کەسێکیش دەستگیر کراون کە دەستیان لە یاریکردن بە نرخی دراوەکان هەبوە و هۆکارێک بون بۆ دابەزینی بەهای تمەن. دوای پەسندکردنی گەڵالەی بە تیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بەهای یەک دۆلار لە 41 هەزارتمەنەوە بۆ 44 هەزار تمەن بەرز بوەوە و پێشبینی دەکرێت ئەگەر یەکێتی ئەوروپا وەک رێکخراوی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ سوپای پاسداران بکات ئەوا تمەن زیاترین دابەزین بەخۆیەوە ببینێت بە تایبەت کە 40٪ی ئابوریی ئێران بەدەست سوپای پاسدارانەوەیە.
هاوڵاتی دوای ئەوەی عەبدولمەجید تێبۆنی سەرۆکی جەزائیر ڕایگەیاند کە دەسەڵاتداران بۆیان دەرکەوتووە کە خێزانێک زیاتر لە 36 ملیار دۆلاریان دزیوە، دیسانەوە مشتومڕی لەسەر ئەو بڕە پارەیە دروست کردەوە کە دزابوو لە سەردەمی سەرۆک کۆماری کۆچکردوو عەبدولعەزیز بوتەفلیقە، کە 20 ساڵ حوکمڕانی وڵاتەکەی کرد. لێدوانەکانی تێبۆن، ڕۆژی پێنجشەممە، دوای مانگێک هات کە ڕایگەیاندبوو کە دەوڵەت هاوشێوەی نزیکەی 20 ملیار دۆلار کە پێشتر لە ناوخۆدا دزرابوو، پارەکانی تر دەگەڕێنێتەوە. تێبۆن ڕایگەیاند "گەلی جەزائیر لەم دواییانەدا ژمارەیەکی زۆر پارەی تاڵانکراوی دۆزیوەتەوە و گەڕاندوێتیەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە تەنها خێزانێک 36 ملیار دۆلاری دزیبوو. ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر ئەم پارەیە بەردەوام بووایە، جەزائیر دەبووە هێزێکی کیشوەری و دەریای ناوەڕاست و ئابووری دیکە". هەندێک لایەن وتارەکەی تێبۆنیان بە "لێدانێک دژی لە گەندەڵکاران" لەقەڵەم دا، لە کاتێکدا هەندێک پێیان وایە " کە قەبارەی پارەی دزراو بەشێوەیەکە بەشی نەوەکانی داهاتوو دەکات". بەڵام هەندێکی تر گومانیان لە قسەکانی سەرۆک کۆمار هەیە و پێیان وایە ئەو ژمارەیە زیادەڕەویی تیاکراوە. تێبۆن ڕاشیگەیاند: زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دەستی هاوکارییان بۆ جەزائیر درێژ کردوە لەم ڕوەوە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هاوکاری لە پێناو گەڕانەوەی ئەو پارانە و گەڕاندنەوەی بۆ خەزێنەی دەوڵەتی جەزائیرکە لەماوەی10ساڵی ڕابردوو براوتە دەرەوەی وڵات لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، "پرۆسەکە بەردەوامە، هەروەها موڵک و ماڵ و هۆتێلی 5 ئەستێرە و ئەوانی تر لەناو شتە دزراوکانن، کە باقاچاغ براون ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک پارە هەیە لە حسابی تایبەتین لە بانکەکانی لە سویسرا و لۆکسمبۆرگ و دوورگەکانی ڤێرجن".