هاوڵاتی پەرلەمانتارێکی شیعە: پەیامی ئەمریکا لە ڕێسا نوێیەکانی سەر دۆلا، ڕوخاندنی حوکمەتی عێراقە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری عەقیل ئەلفەتلاوی پەرلەمانتاری شیعە ڕایگەیاندووە،   پەیامی ئەمریکا لە یاسا توندەکانی سەر دۆلار ئەمەیە، "کارکردن دژی ئێمە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕوخانی حوکمەتەکەت". عەقیل ئەلفەتلاوی، واشنتنی تۆمەتبار کردوە بەوەی کە بە ئەنقەست ڕێسا نوێیەکان وەک چەکێکی سیاسی بەکار دەهێنێت دژی عێراق ، ئەوەش پەیامێکە بەوەی  کارکردن دژی ئێمە دەتوانێ ببێتە هۆی ڕوخانی حوکمەتەکەت". هەروەها  ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز باسی لەوەش کردووە کە ئەو پەرلەمانتارەی شیعە، ئاماژەی بەوەکردووە ئەمە هۆشداری واشنتنە بۆ محەمەد شیاع سودانی و هەڕەشەیە بۆ سەر حوکمەتەکەی، هاوکات لە هەواڵێکی هاوڵاتی دا بەهەڵە ئاماژە بەوەدرابوو کە ئەم پەیامە ڕاستەوخۆ لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکیەوە بە شیاع سودانی دراوە. ئەم لێدوانەی عەیل ئەلفەتلاوی لەکاتێکدایە کە  لەژێر فشارەکانی واشنتن، محەمەد شیاع سودانی هێزێکی دژە تیرۆری ڕەوانەی سنورەکان کردووە بۆ ڕێگریکردن لەبازرگانیکردن وبە قاچاخ بردنی دۆلار بۆ ئێران. هاوکات  بەرپرسێکی باڵای بانکی ناوەندیش ڕایگەیاندووە،  ئەمریکا پەیامێکی ڕوونی بۆ بەرپرسانی عێراق ناردووە: پابەندبن بە ڕێسا نوێیەکانەوە ئەگەرنا بانکی ناوەندی عێراق ڕووبەڕووی غەرامە دەبێتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، کە  یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک لە مانگی تشرینی دووەمدا کۆنترۆڵی توندتری لەسەر مامەڵەی دۆلاری نێودەوڵەتی لەلایەن بانکە بازرگانییەکانی عێراقەوە خستە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش لەپێناو ڕێگریکردن لە گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران لەکاتێکدا کە ئێران لەژێر سزاکانی ئەوروپا وئەمریکادایە دژی پەرەدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم وهەروەها شۆڕشی ژینا ئەمینی.        

هاوڵاتی سبەینێ دادگای دەستووری تورکیا لەبارەی داواکاری هەدەپە بۆ دواخستنی بڕیاری داخستن یاخود دانەخستنی پارتەکە کۆدەبێتەوە. چەند رۆژ لەمەوبەر میدحاد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) داوایەکی پێشکەش بە دادگای دەستووری تورکیا کردبوو، کە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی بڕیار لەسەر دۆسیەی داخستن یاخود دانەخستنی پارتەکەی بدرێت. ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەتوانێت، چارەنووسی هەدەپە بگۆڕێت، بەو پێیەی ئەگەر پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) شکست بهێنێت، ئەگەرێکی زۆر هەیە دۆسیەکە دابخرێت. بەهۆی ئەوەی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی جەهەپە چەندین جار رایگەیاندووە کە ئەوان لەدژی داخستنی هەدەپەن. دادگای دەستووری تورکیاش رایگەیاند، سبەینێ لەبارەی داواکاریەکەی هەدەپە کۆدەبێتەوە کە لیژنەی دادوەرانی دادگای دەستووری لە ١٥ کەس پێک دێت و لەو ١٥ کەسە پێویستە ١٠ کەس دەنگ بە بڕیاری کۆتایی لیژنەکە بدەن. دوێنێ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپ)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا وتیبووی، نابێت لەمە زیاتر بڕیاری دادگای دەستووری تورکیا دوابکەوێت و پێویستە کۆتایی بە هەدەپە بهێنێت، کە پشتگیری لە "تیرۆر" دەکات." میدحاد سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هەمان رۆژ وڵامی باخچەلی دایەوە و رایگەیاند، ئەگەر بە تۆن قفڵ بهێنن بۆ داخستنی پارتەکەیان، کلیلی کردنەوەیان پێیە و کاریگەری لەسەر خەباتیان نابێت. ٥ی ئەم مانگە، دادگای دەستووریی تورکیا بودجەی هەدەپەی بەشێوەیەکی کاتی بڕیبوو. بۆ یەکەمجار ١٧ی ئازاری ٢٠٢١، سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای دەستووری لەلایەن بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتی تورکیا، تۆمار کرا بۆ داخستنی هەدەپە. تۆمەتەکان لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢١ لەلایەن دادگای دەستوورییەوە بە هۆی کەموکورتی لە دۆسیەکەدا رەتکرایەوە. بەڵام بەکر شاهین لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ جارێکی دیکە سکاڵاکەی تۆمار کردەوە. دادگای دەستووریش، لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ سکاڵا نوێیەکەی پەسەند کرد. دواتر هەدەپە لە ١٩ی نیسانی ٢٠٢٢ بەرگریینامەی خۆی بە فەرمی  پێشکەش بە دادگای دەستووری کرد. 10ی ئەم مانگەش لیژنەی دادوەرانی دادگای دەستووری، لەبارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە کۆبووەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەمبارەیەوە نەداوە.

هاوڵاتی هێزە سنوریەکانی حکومەتی یونان بەڕێوەبەرێکی پێشووی هەدەپە و رۆژنامەنووسێکی کوردیان رادەستی تورکیا کردەوە کە سزایان زیندانیکردنیان لەسەرە. ڕۆژنامەنووس موراد ڤەریم، کە بە تۆمەتی "یارمەتیدانی پەکەکە" لە مێردین بە ٤ ساڵ زیندانیکردن سزا درابوو، رووی لە یۆنان کردبوو، بەڵام یونان رادەستی دەوڵەتی تورکیای کردەوە. لەلایەکی دیکەوە، محەمەد سەیید دەمیر بەڕێوەبەری پێشووی هەدەپە کە تورکیا سزای زیندانی بەسەردا سەپاندبوو، لەلایەن یونانەوە رادەستی تورکیا کرایەوە. محەمەد سەیید دەمیر بەڕێوەبەری پێشووی رێکخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی ئامەد، لە ساڵی ٢٠٢١دا لەلایەن دادگای سزا قورسەکانی ئامەد، بە بیانوی 'ئەندامێتی رێکخستنی تیرۆر' و ' پرۆپاگەندە بۆ تیرۆر' ٦ ساڵ و ٨ مانگ سزای بەسەردا سەپێندرابوو. دەمیر دوای بڕیاری دەستگیرکردن لە ٢٣ی کانونی دووەم لەگەڵ خانەوادەکەی رووی لە یونان کرد. بەڵام دەمیر و خانەوادەکەی لەلایەن یونانەوە رادەستی تورکیا کرانەوە. محەمەد سەیید دەمیر و دایکی بە ناوی فەریدە دەمیر دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی یونانەوە رادەستکرانەوە، لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە دەستگیرکران. دواتر فەریدە دەمیر ئازادکرا و سەیید دەمیر بە بیانوی ئەوەی قەدەغەی چوونە دەرەوەی پێشێل کردووە، رەوانەی زیندانی شاری ئەدرنە کرا.

هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگای سه‌لاحه‌ددین و له‌میانی ئۆپه‌راسیۆنێكی ئه‌منیدا شه‌ش چه‌كداری داعش ده‌ستگیركران. وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردووەتەوە، لە چەند ناوچەیەكی پارێزگای سەلاحەددین و لەمیانی ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنیدا دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی شەش چەكداری داعشی دەستگیركرد كە بەگوێرەی ماددەی چوار تیرۆر داواكراو بوون.  بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، لە دانپێدانانەكانیاندا یەكێك لەو چەكدارانە دانی بەوەداناوە لەوكاتەی لە ساڵی 2014 پەیوەندی بە داعشەوە دەكات، ئەركی ئەوە بووە ئایدۆلۆژییای داعش لەنێو قوتابخانەكانی پارێزگای نەینەوادا بڵاوبكاتەوە.

هاوڵاتی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ئلێنا رۆمانۆسكی لەسەر نرخی دۆلار لەعێراق ڕایگەیاند ئەمریكا نرخی دۆلارو دینار دیاری ناكات‌و سزای بەسەر بانكی نوێدا لە عێراق نەسەپاندووە، بەڵكو گەیشتووە بە میكانیزمێك بۆ بەهێزكردنی كەرتی بانكیی عێراق. وتیشی ،"ئەمە چەند ساڵێكی خایاندووە‌و بۆ ئەوەیە یارمەتی عێراق بدات لە پابەندبوون بە سیستمی بانكیی جیهانی‌و گەرەنتی رێگریكردن لە بەكارهێنانی سیستمی بانكیی بۆ شتنەوەی پارەی گەلی عێراق‌و ئاودیوكردنی بۆ دەرەوە." ئەوەشی ڕونکردەوەکە، ئەم رێوشوێنانە بەر لە دوو ساڵ دەستیپێكردووە‌و بەشێوەیەكی پلە بەپلە لەلایەن بانكەكانی عێراقەوە جێبەجێ كراوە، ئەمەش بەگوێرەی رێككەوتن لەنێوان بانكی فیدراڵی ئەمریكا‌و بانكی ناوەندیی عێراق، هاوکات  ئەوەی دەبێت بكرێت بەردەوامیدانە بە گفتوگۆ لەگەڵ بانكی ناوەندی‌و چاودێریكردنی لێكەوتەكانیەتی لەسەر هاوڵاتی ئاسایی كە دامەزراوە داراییە نافەرمییەكان بەكاردەهێنێت، ئەمەش بۆ چارەسەركردنی لێكەوتەكانی. ئلێنا رۆمانۆسكی باسی لە ڕێوشوێنەکانی ئەمریکا کرد سەبارەت بە دۆسیەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارەو گوتی، " ئەمریكا لەگەڵ لایەنی عێراقیدا هەوڵی رێگریكردن لە شتنەوەی ئەو پارانە دەدات كە بۆ گەلی عێراقی دەگەڕێنەوە، هەروەها رێگریكردن لە ئاودیوكردنی، سەرەنجمان خستوەتە سەر دۆسیەی گەندەڵی لە عێراق‌و ئەوەی رویدا رێكەوت بوو لەگەڵ دەستبەكاربوونی محەمەد شیاع سودانی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا." جێگای ئاماژەیە لەماوەکانی ڕابووردوودا نرخی دۆلار بەرزبوونەوەیەکی زۆری بەرامبەر دینار تۆمارکرد و بۆ هەریەک دۆلار گەیشتە 1660 دینار، لەئێستاشدا حکومەت رێوشوێنی نوێی گرتۆتەبەر بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار و بەرزکردنەوەی بەهای دینار

هاوڵاتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند کە دەستەی باڵای سەرژمێری گشتیی دانیشتوان پێکھێنراوەتەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان، محەمەد عەلی تەمیم سەرۆکایەتی دەکات. عەبدولزەھرە ھنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا کە جەخت لە گرنگی سەرژمێریی گشتی دانیشتووان دەکاتەوە، دەستەی باڵای سەرژمێریی دانیشتووانیان کارا کردووەتەوە و محەمەد تەمیم وەزیری پلادانان وەک سەرۆکی دەستەکە دیاریکراوە. وتیشی، دەستەی باڵای سەرژمێری، کار بۆ دیاریکردنی وادەیەکی گونجاو بەڕێوەچوونی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق دەکات. باسی لەوەشکرد کە بڕیاروابوو مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠، سەرژمێریی گشتی دانیشتووان لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوکات بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پڕۆسەکە دواخرا و تائێستا ئەنجامنەدراوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە پێکھێنانەوەی دەستەی باڵای سەرژمێری گشتیی بۆ دانیشتوان، رۆڵی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەم پرۆژە نیشتمانییە گەورەیەدا لەبەرچاو گیراوە، ئاماژە بەوەیشدراوە کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێکھێنانی دەستەکەدا، بەسیفەتی چاودێر نوێنەرایەتی لە پێکهێنانی دەستەکەدا هەبووە، ھەروەھا نوێنەرانی زۆرێک لە وەزارەتەکان دەستە سەربەخۆکان، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە پسپۆران، راوێژکاران و مامۆستایانی زانکۆ تیایدا ئەندامن.  

ئەمڕۆ  دووشەممە 23ی1، حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی وتوە: "بەدووری دەزانین حکومەتی عێراق بتوانێت ئەمساڵ ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و کەمپەکان دابخرێن؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە هێشتا خەڵک ئامادەیی بۆ گەڕانەوە زۆر کەمە."     حوسێن کەلاری وتوێتی: "هێشتا ژێرخانی ئابووریی ناوچە رزگارکراوەکانی دەستی داعش گونجاو نییە و کێشەی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانیان هەیە، جگە لە نەبوونی دەرفەتی کار و کێشەی دیکە."    بەپێی دوایین ئامار ، کە رۆژی 23ـ1ی2023 بڵاوکراوەتەوە، نزیكەی 665 هەزار و زیاتر لە 248 هەزار پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، واتە 913 هەزار ئاوارە و پەنابەر.   حوسێن کەلاری باسی لەوەش کردوه: کە داواکارییەکی زۆریان لەلایەن ئەو ئاوارانەوە پێگەیشتووە کە لەنێو شارەکانی هەرێمی کوردستانن دەیانەوێت بچنە نێو کەمپەکان و "ئەوان دەڵێن ژیان لە شارەکان سەختە، بەڵام لە کەمپەکان کرێی خانوو نادەن و کۆمەڵێک قورساییان لەسەر نامێنێت."    شایەنی باسه لەدوای هاتنی داعش و جەنگی ڕزگارکردنی ناوچەکانی لەو ڕێکخراوە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و بەبیانوی خراپی دۆخی ئەمنی ئامادەن نین بگەڕێنەوه شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان.

هاوڵاتی دوو هونەرمەندی کورد بەهۆی ئەوەی لە ئاهەنگێکی هەدەپەدا لە شاری کۆجائەلی تورکیا گۆرانی کوردیان وتووە، دەستگیرکران. دوێنێ شەو لە ناوەندی رێکخستنی گەنجانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە شاری کۆجائەلی تورکیا ئاهەنگێک رێکخرا. گروپی موزیکی هەڤرا کە کۆمەڵێک هونەرمەندی کورد، بانگهێشتکران و گۆرانیان بە زمانی کوردی وت. دواتر پۆلیسی تورکیا دوو ئەندامی ئەو گروپەی بە ناوەکانی یوسف کەلەش و گەنجای مۆرکۆچ بەهۆی وتنی گۆرانی کوردی دەستگیر کرد. گروپی هەڤرا تویتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و گرتنی هەردوو ئەندامی گروپەکەی پشتڕاست کردەوە و وتی، " دەسەڵات ناتوانێت خۆی لە بەرامبەر گۆرانیەکی کوردی رابگریت و لێرەوە دووبارەی دەکەینەوە کە فشارەکان ناتوانن رێگریمان لێبکەن." لەمبارەیەوە عومەر فاروق گەرگەریئۆغلۆ پەرلەمانتاری هەدەپە تویتێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، " دوای ئاهەنگی رێکخستنی گەنجانی هەدەپە لە ناوچەی دارجای کۆجائەلی دوو ئەندامی گروپی هەڤرا بە ناوەکانی گەنجای مۆرکۆچ و یوسف کەلەش بەهۆی ئەوەی بە کوردی گۆرانیان وتووە، دەستگیرکران. لە کاتێکدا کە لە سەدەی ٢١داین، تاوەکو ئێستاش بەهۆی زمانەوە هاوڵاتیان دەستگیر دەکرێن. پێویستە ئەو هونەرمەندانە ئازاد بکرێن!

بۆ یەکەمجار لە مێژوی ئێراندا تمەن نزمترین بەهای بەرامبەر دۆلار تۆمار کرد و بانکی ناوەندیش هەشت خاڵی بۆ کۆنتڕۆڵی بازاڕی دراو راگەیاند و پۆلیسی ئابوریی ژمارەیەک کاسبکاری دەستگیر کرد. لەگەڵ داخستنی بازاڕەکانی ئێران لە ئێوارەی یەکشەممە بەهای یەک دۆلار لەو وڵاتە گەیشتە 45 هەزار و 300 تمەن کە ئەوەش دەبێتە بەرزترین بەهای مێژویی دۆلار لە بەرامبەر تمەنەدا. بانکی ناوەندیی ئێران بۆ کۆنتڕۆڵی بازاڕەکان راگەیەنراوێکی هەشت خاڵی بڵاو کردەوە و فرۆشتنی و کڕینی زیاتر لە 20 هەزار دۆلاری قەدەغە کرد. هاوکات هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر بازاڕەکانی دراو لە تاران و میدیاکانی دەسەڵات رایانگەیاند پێنج کاسبکاری نێوەندگیر(دەڵاڵ)ی بازاڕی دراو دەستگیر کراون. بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندوە؛ بەرزبونەوەی بەهای دۆلار و دراوە بیانییەکان یاریکردنە بە بازاڕ و دەستی نەیارانی وڵاتەکەی لەپشتە. پۆلیسی ئابوریی ئێران ئاشکرای کرد ئێوارەی دوێنێ لە هەڵمەتەکانیاندا دەستیان بەسەر یەک ملیۆن121 هەزار دۆلاردا گرتوە و چەند کەسێکیش دەستگیر کراون کە دەستیان لە یاریکردن بە نرخی دراوەکان هەبوە و هۆکارێک بون بۆ دابەزینی بەهای تمەن. دوای پەسندکردنی گەڵالەی بە تیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بەهای یەک دۆلار لە 41 هەزارتمەنەوە بۆ 44 هەزار تمەن بەرز بوەوە و پێشبینی دەکرێت ئەگەر یەکێتی ئەوروپا وەک رێکخراوی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ سوپای پاسداران بکات ئەوا تمەن زیاترین دابەزین بەخۆیەوە ببینێت بە تایبەت کە 40٪ی ئابوریی ئێران بەدەست سوپای پاسدارانەوەیە.  

هاوڵاتی دوای ئەوەی عەبدولمەجید تێبۆنی سەرۆکی جەزائیر ڕایگەیاند کە دەسەڵاتداران بۆیان دەرکەوتووە کە خێزانێک زیاتر لە 36 ملیار دۆلاریان دزیوە، دیسانەوە مشتومڕی لەسەر ئەو بڕە پارەیە دروست کردەوە کە دزابوو لە سەردەمی سەرۆک کۆماری کۆچکردوو عەبدولعەزیز بوتەفلیقە، کە  20 ساڵ حوکمڕانی وڵاتەکەی کرد. لێدوانەکانی تێبۆن، ڕۆژی پێنجشەممە، دوای مانگێک هات کە ڕایگەیاندبوو کە دەوڵەت هاوشێوەی نزیکەی 20 ملیار دۆلار کە پێشتر لە ناوخۆدا دزرابوو، پارەکانی تر دەگەڕێنێتەوە. تێبۆن ڕایگەیاند "گەلی جەزائیر لەم دواییانەدا ژمارەیەکی زۆر پارەی تاڵانکراوی دۆزیوەتەوە و گەڕاندوێتیەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە تەنها خێزانێک  36 ملیار دۆلاری دزیبوو. ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر ئەم پارەیە بەردەوام بووایە، جەزائیر دەبووە هێزێکی کیشوەری و دەریای ناوەڕاست و ئابووری دیکە". هەندێک لایەن وتارەکەی تێبۆنیان بە "لێدانێک دژی لە گەندەڵکاران" لەقەڵەم دا، لە کاتێکدا هەندێک پێیان وایە " کە قەبارەی پارەی دزراو بەشێوەیەکە بەشی نەوەکانی داهاتوو دەکات". بەڵام هەندێکی تر گومانیان لە قسەکانی سەرۆک کۆمار هەیە و پێیان وایە ئەو ژمارەیە زیادەڕەویی تیاکراوە. تێبۆن ڕاشیگەیاند: زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دەستی هاوکارییان بۆ جەزائیر درێژ کردوە لەم ڕوەوە  ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هاوکاری لە پێناو گەڕانەوەی ئەو پارانە و گەڕاندنەوەی بۆ خەزێنەی دەوڵەتی جەزائیرکە لەماوەی10ساڵی ڕابردوو براوتە دەرەوەی وڵات لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، "پرۆسەکە بەردەوامە، هەروەها موڵک و ماڵ و هۆتێلی 5 ئەستێرە و ئەوانی تر لەناو شتە  دزراوکانن، کە باقاچاغ براون ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک پارە هەیە لە حسابی تایبەتین لە بانکەکانی لە سویسرا و لۆکسمبۆرگ و دوورگەکانی ڤێرجن".

هاوڵاتی ڕۆژی یەکشەممە بەهای " ڕیاڵی ئێرانی" لەبازاڕدا  بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بۆ یەکەم جار ٤٥٠ هەزار ڕیاڵی تێپەڕاند، بەمەش ڕیکۆردی پێوانەیی شکاند لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دا. محمەد ڕەزا فەردین، جێگیری بەڕێوبەری بانکی ناوەندی ئێران، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکی پشت هەڵاوسانی دراوەکان بانگەشەی میدیایی و گرژی وئاڵۆزیەکانی کۆمەڵگای ئێرانە.  ئەمە لەکاتێکدایە کە دوای دوورخستنەوەی بەڕێوبەری بانکی ناوەندی ئێران، محەممەد ڕەزا فەرزین، جێگری عەلی ساڵح ئابادی  سوێندی خواردبوو، ٢٨٥ هەزار ڕیاڵ بەرامبەر دۆلار بهێڵێتەوە  بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی سەرەکی  لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی نرخەکان لە ماوەی ڕێژەی هەڵاوسانی ٤٠٪ بە جێگیری بمێننەوە. لە  گەڵ ئەوەشدا لە کاتێکدا نرخی ڕیاڵ لە ڕۆژی شەممەدا بەوجۆرە دابەزیووە، بانکی ناوەندی بانگەشەی ئەوەی  کرد کە ٣٠٠ ملیۆن یۆرۆ (٣٢٦ ملیۆن دۆلار) لە پارەی ئێران لە عێراق وەرگیراوە، سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا و دەرزی لێدراوە بۆ بازاڕ.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی میدیای پارتی دیموکراتی کوردستان ، تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی هێرشه‌ چه‌كدارییه‌كه‌ی مێردین كه‌ تێیدا 5 هاووڵاتیی شاری دهۆك كوژران،  ناوی ( ف. أ )ـه‌، خه‌ڵكی نسێبینه‌   لەزانیاریەکاندا هاتوە بکوژ له بەشی میکانیک لە کۆمەڵگه‌ی ئەڤرۆستیی شاری دهۆک بۆ ماوەی چه‌ند ساڵێك کاریکردووە  بەپێی زانیارییەکان ، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی قوربیانیەکان هەبووه‌ و ئاگەداربووە کە ئەو رۆژە پێنج هاووڵاتییەکەی دهۆک سەردانی تورکیا دەکەن و پێش ئه‌وان سه‌ردانی مێردینی كردووه و‌ پلانی كوشتنیان داناوه‌.

كاوە ڕەش/ بەریتانیا   ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا ڕایگەیاندوە، گەورە  داواكراوێكی كورد، كەسەرۆكی باندێكی قاچاغچیەتی كردن بوە بەكۆچبەری نایاساییەوە، لەكاتی گەشتكردنی لەئیستەنبوڵەوە بۆ فڕۆكەخانەی مانچستەر لەبەریتانیا، دەسگیركراوە. ئەو قاچاغچییە کوردە پێشتر لێكوڵینەوەی لەگەڵ كراوە، بەڵام بەر لەوەی ڕۆژی دادگایی بێت، لەحوکمەکەی هەڵاتبوو، بۆیە دوای گەڕانەوەی لەفڕۆكەخانە دەستگیرکرا. (ت، ن)تەمەن ٤٥ساڵ و دانیشتوی شارۆچكەی ئۆڵدهامە لەنزیك مانچەستەری بەریتانیا. ئەو بەتاوانی هێنانی كۆچبەری نایاسای لەعێڕاق و ئێرانەوە بەپشتی لۆری بۆ بەریتانیا  لەدیسەمبەری ساڵی ڕابردوو، بەغیابی سزای هەشت ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە لەگەڵ چوارهاوكاری دیكەی لەباندەكەی.   دادگا پێشتر گوێبیستی كەیسی ئەو تاوانبارە بووە، کەچۆن لە ساڵی ٢٠١٧وە بۆتە بابەتی لێکۆڵینەوەی دەزگای تاوانی نیشتمانی، بەریتانیا. هەروەها ئەو سەرۆکایەتی گروپێکی ڕێكخراوی تاوانکاری  كردوەو کەدەستیان هەبووە، لەگواستنەوەی کۆچبەری نایاسایی لەعێراق و ئێرانەوە بۆ بەریتانیاو لەپشتی لۆریە بارهەڵگرەکاندا شاردویانەوە.  دوای ئەوەی لە٩ دیسەمبەری ساڵی ٢٠٢٢ ئامادەنەبووە لەڕۆژی دادگای كردنی، فەرمانی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە دەرچووە. دواجاریش ڕۆژی هەینی ٢٠ی كانونی دووەمی ٢٠٢٣ لەكاتی گەشتكردنی لەئیستەنبوڵەوە بۆ فڕۆكەخانەی مانچستەر  دەستگیركراوە.   بڕیاربوو ڕۆژی (21ی 1) بۆ ماوەیەکی کورت لەبەردەم دادگای مانچستەر ئامادەبێت، بەڵام وا پێدەچێت ڕۆژی دووشەممە 23ی 1 بگەڕێنەوە دادگای شاهانەو بەشێوەیەكی فەرمی سزاكەی بەسەردا بسەپێنرێت. ڕیچارد هاریسۆن، بەرپرس لەئاژانسی تاوانی نیشتیمانی  ئاماژەی بەوەكردووە، كە تۆمەتبارەكە، قاچاغچیەكی مەترسیدارو گەورە بووە، کەگروپی تاوانكاری کۆچبەرانی لەبەر دەست بووە، ئەو بۆ دەستكەوتی ماددی سودی لەكۆچبەرە لاوازەکان بینوەو هیچ دەربەستی مەترسییەكانی سەرژیانی كۆچبەران نەبووە، بەڵكو ئامانجی تەنها كۆكردنەوەی قازانجی ماددی بووە. ئەو بەرپرسە دەڵێ، خۆشحاڵم کەئێستا ڕووبەڕووی دادگایی كردن دەبێتەوە لەسەر ئەو تاوانانەی کەئەنجامی داون. هەروەها دەشڵێت، تاوانبارە هەڵاتووەکان هەرگیز لەژێر چاودێری ئێمە دەرناچن و لەهەر شوێنێك بێ شوێن پێیان هەڵدەگرین.  تیشی: دەمەوێ زۆرسوپاسی هاوکارەکانمان بکەم لەپۆلیسی فڕۆكەخانەی مانچستەر، بۆ هاوکاریکردنیان و دڵنیابوون لەوەی کەبەخێرایی ئەو تاوانبارەیان دەستگیركردوە لەكاتی گەڕانەوەی بۆ بەریتانیا.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەسەر بە تیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران هۆشداریی دەداتە سوپای وڵاتانی ئەوروپا و رۆژنامەیەکی کۆماری ئیسلامیش هەڕەشەی راگرتنی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکان دەکات. محەمەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ وڵاتەکەی کاردانەوەی دژی سوپای وڵاتانی ئەوروپا دەبێت ئەگەر سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا. قاڵیباف رایگەیاند؛ لە بەرامبەر هەنگاوەکانی ئەوروپا، ئێران رێوشوێنی تایبەت دژی سوپای وڵاتانی ئەندامی ئەکێتی ئەوروپا لە ناوچەکە دەگرێتەبەر و ئامادەکاریی دەکات بۆ کاردانەوەی گونجاو لەبەرامبەر هەنگاوەکانی ئەوروپا. پێشتر ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری ئێران رایانگەیاندبو؛ ئەگەر ئەوروپا هەنگاوەکەی بۆ بەتیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوا پەرمانی ئێران سوپای وڵاتانی ئەندانی یەکێتی ئەوروپا دەخاتە لیستی تیرۆری  کۆماری ئیسلامیەوە. لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی کەیهان کە زمانحاڵی باڵی توندڕەوی کۆماری ئیسلامی ئێرانە؛ نوسیویەتی ئەگەر سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا دەبێت سەرجەم پەیوەندییە سیاسییەکان و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و  ئەوروپا راگیرێت.    

وەزارەتی بازرگانی عێراق محمد حەنون رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانی کۆگاکانی ئامادەکردووە بۆ خستنە بازاڕی کەلوپەلە خۆراکییە سەرەکییەکان بە نرخی پاڵپشتیکرا و بۆ بریکارەکان، لە رۆژی یەک شەممەوە تەبەقێک ھێلکە بە 4 ھەزار و ٧75 دینار و فەردەیەک ئارد بە ٤٠ ھەزار دینار بۆ بریکارەکان دابین دەکات، نرخەکان بەو شێوەیە جێگیر دەبێت. ئەوت ئەوەشی ڕاگەیاند، بریکارەکان دەتوانن بەو نرخە دیاریکراوە ھێلکە و ئارد لە کۆگاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق بکڕن، ئەوەش بەمەبەستی دابینکردنی کەلوپەل و خۆراکە بە نرخێکی گونجاو بۆ ھاووڵاتیان. وتەبێژەکەی  ئەوەشی وت، بڕیارە لە داھاتوودا نرخی مریشک ھەرزان بکەن بە شێوەیەک نرخی کیلۆیەک مریشک بۆ نیوەی نرخی ئێستا دابەزێنرێت ھەوڵەکانیش بەردەوام دەبن بۆ جێگیرکردنی نرخی خۆراکەکانی تر. لەدێژەی قسەکانی ئاماژەی بەوەشدا، تیمەکانی چاودێری وەزارەتی بازرگانی و نوێنەرانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئابووری لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، چاودێری بازاڕ دەکەن و لێپێچینەوەی یاسایی دەکەن لەحاڵەتی دەستکاریکردنی نرخەکان.