کیەر ستامەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی غەززە "ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت" وتیشى دەبێت لەوە دڵنیابین لەوەی کە ناوچەی فەلەستین یارمەتی مرۆیی بەپەلەتر وەردەگرێت ئەمە زۆر گرنگە. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕۆژی دووشەممە ستامەر لە سکۆتلەندا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، "دۆخی غەززە بەرگەی لەوەزیاتر ناگیرێت و ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت". سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئەوەشى زیادی کرد، "هەر بۆیە ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانان کاردەکەین بۆ ئەوەی بە تەواوی ڕوون بین سەبارەت بە پێویستی یارمەتی مرۆیی بۆ ئەوەی بە خێرایی و بەپەلە هاوکارى مرۆیی ئێستادا ناچێتە ژوورەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی وێرانکارییەکی گەورە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل زووتر ئەمڕۆ تەقەی لە خەڵکی مەدەنی فەلەستینی نوێکردەوە کە بەرەو ناوەندێکی دامەزراوەی مرۆیی غەززە لە شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە بە مەبەستی وەرگرتنی یارمەتییەکان بەرەو پێشەوە دەچوون، بەپێی هەواڵنێری ئەلعەرەبییە. ئەو ئاژانسە زیادی کرد: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا سێ فەلەستینی لە باشووری غەززە کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون کە زۆربەیان لە ڕۆژئاوای ڕەفەح یارمەتیان وەرگرتووە. هاوکات کەشتییە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە کەناراوەکانی شاری غەززە تەقەیان لە ماسیگرەکان کردووە و ژمارەیەکیان برینداربوون. لە ماوەی 24 کاتژمێردا 35 هاووڵاتی لە غەزە لەکاتی دابەشکردنی هاوکارییەکان بە تەقەی سوپای ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 210 کەسی دیکەش بریندار بوون. میدیای فەڵەستینی بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رەفەحی باشووری غەزە، لەکاتی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لانیکەم سێ کەس کوژران و 35 کەسی دیکەش برینداربوون. لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی دەڵێت، ئیسرائیل بۆردومانی ناوچەی خان یونسی کردووە کە بەهۆیەوە چوار کەس کوژراون، لەنێویاندا منداڵ هەیە، دەیان کەسی دیکەش برینداربوون. دوێنێ بەرگریی شارستانیی غەزە رایگەیاند، لەکاتی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە رەفەحی باشووری غەزە، بەهۆی تەقەی سەربازانی ئیسرائیلەوە لانیکەم 32 کەس کوژران و زیاتر لە 176 کەسی دیکەش برینداربوون. لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل رەتیکردەوە تەقەی بەنێو هاووڵاتییانی مەدەنیدا کردبێت و تەواوی راپۆرتەکەی بە ناڕاست لەقەڵەمدا و گوتی، ئەو هەواڵانە دوورن لەڕاستییەوە.
بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، یەدەگی دراو 100 ملیار دۆلارە و پارەی نەختینە بە دینار و دۆلار بە تەواوی لە بەردەستدایە. ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد یونس، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەبەرهێنان لە بانکی ناوەندی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاندوە، یەدەگی بانکی ناوەندی (100)ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە، هاوکات یەدەگی زێڕ (163) تۆنی تێپەڕاندوە. راشیگەیاندوە، پارەی نەختینە بەتەواوی بەردەستە، بە بە دیناری عێراقی و دۆلاری ئەمریکی، هیچ کەموکورتییەک لە ئارادا نییە. دەشڵێت: بانکی ناوەندی قەوارەیەکی وەبەرهێنان نییە، بەڵکو بایەخ بە بەڕێوەبردنی یەدەگی دراوی بیانی دەدات لە عێراق و، ئامانجی ئەم یەدەگانە قازانجکردن نییە، بەڵکو زامنكردنی بەدیهێنانی داهاتی گونجاوە. بەرێوەبەرەکەی وەبەرهێنان لە بانکی ناوەندی عێراق، گوتیشى، "یەدەگی بیانی عێراق و بەشێوەیەکی دروست و زانستی و پێوەرە جیهانییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ئامانجیش لێی بە دەستهێنانی قازانج نییە و تەنیا بۆ بە دەستهێنانی سوودێکی گونجاوە و عێراق ئێستا لەسەر رێڕەوێکی دروستی ئابوورییە".
بڕیارە سبەی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆببێتەوە و، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت، چاوەڕوانن ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێک لەبارەى مووچەوە بدات. هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕاگەیاند، هەموو لایەنەکان لە هەوڵدان بۆ ئەوەى بەغداد بەر لە جەژنى قوربان مووچەیەک بۆ فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بنێرێت. گوتیشى، سبەى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و یەکێک لە ئەگەرەکان ناردنى یەک مووچەیە بە قەرز، تاوەکو رێگەچارەى یاسایی بۆ کێشەى مووچە دەدۆزرێتەوە. سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى ئاماژەى بۆئەوەشکرد، تاوەکو ئێستا وادەى کۆبوونەوەى سەرۆکى فراکسیۆنەکان و سەرۆکوەزیرانى عێراق لەسەر مووچە دیاریینەکراوە، کە فراکسیۆنەکان لە 29ـی ئایار داواى کۆبوونەوەیان لە سەرۆکوەزیرانى عێراق کردووە. رۆژى 28ـی ئایار، تەیف سامى وەزیرى دارایی فیدراڵ، بەنووسراوێک حکومەتى هەرێمى کوردستانى ئاگادارکردەوە بەگوێرەى بودجەى سێ ساڵەى عێراق، هەرێمى کوردستان لە سەدا 12.67ـی پشکی خۆی لە بودجە وەرگرتووە و هیچ تەرخانێکی دارایی بۆ مووچە نەماوە.
رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی، لە راپۆرتێكدا ئاشکرایکردووە: ئێران هەوڵ دەدات بەرگری ئاسمانی خۆی بەهێزتر بکات، لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانی بۆ ئەگەری شكستهێنانی دانوستانە ئەتۆمییەكان و، هێرشی ئیسرائیل یان ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی ئەتۆمی. زۆرێک لە پێشکەوتوترین موشەکەکانی زەوی بۆ ئاسمانی ئێران و سیستەمی رادارەكانی، لەوانە، سیستەمی ئێس ٣٠٠ی روسی، لە مانگی ئۆکتۆبەر و نیسانی ساڵی رابردوودا، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بە تەواوی لەناوچوون یان بەشێکی زیانیان پێگەیشت. لەگەڵ ئەوەشدا، شارەزایان بە رۆژنامەكەیان راگەیاندووە: چەندان لە پێکهاتەکانی بەرگری ئاسمانی ئێران وەک خۆیان ماونەتەوە، یان رەنگە لە چەند مانگی رابردوودا چاککرابێتنەوە. هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی رۆژئاواو وێنە مانگە دەستکردەکان کە لەلایەن شرۆڤەکارانی سەربازییەوە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە، ئاماژە بەوە دەکەن: ئێران لەم دواییانەدا چەندین سەكۆی موشەکیی زەوی بۆ ئاسمانی لە نێویاندا سیستەمی ئێس-٣٠٠ لە نزیک شوێنە سەرەکییە ئەتۆمییەکان، وەک ناتەنز و فۆردۆ جێگیر کردووەتەوە. بەشێک لەو کەرەستانەش، مانگی رابردوو لە تاران، لە ميانى ئاهەنگە سەربازییەکاندا بە ئاشکرا نمایشکرا، لە مانگی شوباتیشدا یەکەیەکی ئێس ٣٠٠ لە کاتی مەشقە سەربازییەکان نیشاندرا، کە موشەکێکی زەوی بۆ ئاسمانی تەقاند، بە بەکارهێنانی رادارێکی نوێی دیزاینکراوی ئێرانى، كە پێدەچێت رادارەكەی خۆی پەكی كەوتبێت.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا 163 زیندانی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون، ئەوەش بەراورد بە مانگی ئایاری 2024 کە 67 کەس لەسێدارە درابوون، بەڕێژەی 143% زیادیکردووە. هەنگاو ئاماژەی بەوەداوە، لەنێو لەسێدارەدراواندا، پێنج ژن و یەک منداڵی تەمەن 16 ساڵی هەبوون، تەنها شەش حاڵەتی لەسێدارەدانیش لەسەرچاوە فەرمییەکان راگەیاندراون و چوار حاڵەتیش بەنهێنی و بەبێ ئاگاداری خێزانەکانیان جێبەجێکراون. هەروەها لەنێو لەسێدارەدراواندا، 26 زیندانی کورد، 21 زیندانی لوڕ، 20 زیندانی بەلوچ و 18 زیندانی تورک هەبوون و فارسەکانیش زۆرترین ژمارەیان پێکهێناوە بە 48 حاڵەت، بەگشتی لە 27 پارێزگای ئێران سزای لەسێدارەدان جێبەجێکراوە. پێشتریش رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو لە ساڵی 2024 سزای لەسێدارەدان لە 15 وڵات جێبەجێ کراوە و وڵاتانی دیکە سزاکەیان هەڵوەشاندووەتەوە یان بە کردەوە رایانگرتووە، 64٪ـی کۆی ئەو کەسانەی لەسێدارەدراون، جگە لە چین، کۆریای باکوور و ڤیەتنام، لە ئێران بووە. بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2025ـدا لانیکەم 230 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی پار، زیاتر لە دووهێندە زیادیکردووە. بەپێی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، لە دوای چین، ئێران ساڵانە زۆرترین کەسی تێدا لەسێدارە دەدرێت.
ئەحمەد تورک، ئەندامی شاندی ئیمراڵی، رەخنەی توندی لە هەمواری یاسای سزاکانی حکومەتی تورکیا گرت و رایگەیاند، لە ئاست چاوەڕوانییەکانیاندا نەبوە و بێهیوای کردون. ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری باکوری کوردستان و ئەندامی شاندی ئیمرالی لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێلێکدا لە ماردین وتی: پرۆسەی ئاشتی تاکو ئێستا وەک پێویست بەرەوپێش نەچوە، بەتایبەت هەمواری یاسای سزاکان کە پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کراوە لە ئاست چاوەڕوانییەکانیاندا نەبوە. وتیشی: ئەگەر تورکیا لەپرۆسەی ئاشتیەدا لە ئاستی چاوەروانکراو بەشداری نەکات دۆڕاو دەبێت، چونکە هەموان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانیان بەوە ناوە کە ئەو هەنگاوانەی کە کورد گرتویەتیەبەر مێژویی بوە. ئەحمەد تورک لە بارەی چەکدانانی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش وتی، ئەو هێزە چەکدارەی کە ئەمڕۆ کورد پێکیانهێناوە تەنها ئامانجی بەرگریکردنە لە خۆیان و ئەمڕۆش هەڕەشەی داعش هەر هەیە، وتیشی، ئەگەر ئەمڕۆ ئەو هێزانە چەکەکانیان، ئەوە بەو مانایە دێت کە دەیان هەزار چەکداری داعش کە لە کەمپێکی وەک هۆڵ دەستبەسەرن دوبارە دەست بە چالاکی دەکەنەوە.
شاندی رۆژئاوای کوردستان و دیمەشق لەسەر چوار خاڵی سەرەکی رێککەوتن، پەیوەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی خوێندن لە پێشینەی کارەکانیانن. ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە دیمەشق لەگەڵ شاندێکی حکومەتی کاتی سوریا کۆبونەوە، بۆ هەماهەنگی و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی کراوە تەوەری سەرەکیی کۆبونەوەکان بوون. دەقی بەیاننامە؛ بەیاننامەی هاوبەشی کۆبونەوەی نێوان شاندی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی دیمەشق: لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا کۆمەڵێک بابەتی جێی بایەخی هاوبەشیان تاوتوێ کرد، و لەسەر ئەمانەی خوارەوە رێککەوتن: 1- پێکهێنانی لیژنە لاوەکی تایبەتمەندە، بۆ بەدواداچونی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار، کە لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی راگوزەر واژۆ کراوە. 2- هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە دۆسیەی تاقیکردنەوە و ناوەندەکانی تاقیکردنەوە، بەجۆرێك مافی قوتابیان و سەلامەتی پرۆسەی خوێندن دەستەبەربكات. 3- گفتوگۆکردن لەبارەی میکانیزمەکانی ئاسانکاری گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و، کارکردن بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگانەی دەبنە بەربەست لە بەردەم ئەم گەڕانەوەیە. 4- کاراکردنەوەی دۆسیەی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودو، هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری و ئاشتی مەدەنی بکات. هەردوولا جەختدەكەن لە پابەندبونیان بە گفتوگۆی بونیادنەر و هاوکاری بەردەوام، بەوشێوەی خزمەت بە یەکڕیزی و سەروەری سوریا دەكات، لەگەڵ بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی سوریا بۆ ئاسایش و سەقامگیری. هەروەها رێککەوتن کرا لە ئایندەیەکی نزیکدا، دانیشتنێکی دیکە دیاری بکرێت بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی رێککەوتنى لەسەر کراوە.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانی بە هێزەکانیان لە غەززە کردووە، بێ گوێدانە بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی ئاشتی، پێشڕەوی بکەن بەرەو بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئۆپراسیۆنە فراوانەکەیان. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل راشیگەیاند، فەرمانی بەهێزەکانی وڵاتەکەی کردووە، هەموو تواناکانیان بەکاربهێنن بۆ پاراستنی سەربازەکانیان و لەباوبردنی حەماس. ئەمە لە کاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ چاوی لە رێککەوتنە بۆ راگرتنی جەنگی غەززە و گەڕاندنەوەى بارمتەکان، کە لەڕێگەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشنیازێکى بۆ ئاگربەستی غەززە پێشکەشکردوە و ئیسرائیل و حەماس داوای گۆڕانکاریی بەشێک لە خاڵەکانی پێشنیازەکەیان کردوە، لەدواین داواکاریشدا حەماس پێداگیری لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی دەکات و رەزامەندیشی پیشانداوە بۆ ئازادکردنی 10 بارمتە و 18 تەرمی ئیسرائیلی. هاوکات، گوتەبێژى دامەزراوەی مرۆیی غەززە کە ئەمریکا پشتیوانیی دەکات، رایگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانەی باس لە کوژران و برینداربوونی دەیان کەس دەکەن لە نزیک دوو ناوەندی دابەشکردنی هاوکاریی مرۆیی، راست نین. گوتەبێژی دامەزراوەی مرۆیی غەززە راشیگەیاند، هاوکارییەکان بەباشی دابەشکراون و ئەو دەنگۆیانەی باس لە کوژرانی هاوڵاتییان دەکەن لەلایەن حەماسەوە، بۆ شێواندنی راستییەکان بڵاودەکرێنەوە.
وەفدی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حكومەتی دیمەشق كۆبوونەوە، ئەمەش یەکەمین دیداری نێوانیانە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کۆتایی پێهات. وەفدی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا "رۆژئاوای كوردستان" لە دیمەشق لەگەڵ وەفدێكی دەسەڵاتدارانی حكومەتی نوێی سوریا كۆبوونەوە، ئەوەش لەچوارچێوەی هەوڵەكانە بۆ جێبەجێكردنی زیاتری خاڵەكانی ئەو رێككەوتنەی 10 ی ئاداری ئەمساڵ لەنێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا واژۆكرا. سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسانی دیمەشق پێشوازییان لە شاندێکی ئیدارەی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی فەوزە یوسف، سیاسەتمەداری کورد، و هەروەها عەبدولحەمید ئەلمەهباش، ئەحمەد یوسف، سەنحەریب بەرسووم، سۆزدار حاجی، مریەم ئیبراهیم، و یاسر سلێمان لە نێویاندا کردووە. کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی لەم جۆرە بوو لە دوای ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکە لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات. ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوولادا بەرپرسێکی ئەمریکی دانیشتووی دیمەشق و لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کاردەکات. لایەنی حکومی بە نوێنەرایەتی یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی سوریا کە بەرپرسە لە ڕێککەوتنی حەلەب لە نێوان کورد و سەرۆکایەتی سوریا، هەروەها بەرپرسی ئەمنی شاری عەفرینی کوردنشینی سوریا، کە دانیشتووانی ئاوارەکانی لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە داوای گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان دەکرێت، لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەی تەل ئەبیاد و ڕاس ئەلعەین، کە بە زمانی کوردی بە "سەرێ کانی" ناسراوە. هەروەها بەرپرسانی دیکە لەگەڵ شاندی ئیدارەی خۆسەر پرسی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کۆتایی بۆ خوێندکارانی قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە ناوچەکانی کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا ئامادەن وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا تاوتوێ کرد. ئەوە ڕوون بووەتەوە کە بڕیارە لە دوای جەژنی قوربان لیژنەکان پێکبهێنرێن و دەست بە کارەکانیان بکەن، بەگوێرەی ئەوەی سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندی ئیدارەی خۆسەر بە ماڵپەڕی ئەلعەرەبیەى ڕاگەیاندووە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەندامانی شاندەکە ئەمڕۆ یان سبەی دەگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەم كۆبوونەوەیە لە دیمەشق، تەواوكاریییە بۆ سێ كۆبوونەوەی پێشتر كە بۆ هەماهەنگی بووە لەنێوانیان و لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچووە، یەكەم دیدار لە 19 ی ئادار دەستیپێكرد واتە نۆ رۆژ دوای رێككەوتنی ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە، دیداری دووەمیش لە 12 ی نیسان بەڕێوەچوو، سێیەم كۆبوونەوەش هەفتەی رابردوو لە كەمپی هۆل بەڕێوەچوو. كۆبوونەوەكان بۆ ئەوەن خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع جێبەجێ بكرێت.
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دژی پێنەدانی مووچە لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایان تۆمارکرد. دادگەکە دەڵێت، لە نزیکترین کات بڕیار دەدەن. بەگوێرەی راگەیێندراوی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکی حوزەیرانی 2025، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دادگەکە سکاڵایان تۆمارکردووە. داوای بەردەوامبوونی خەرجکردنی مووچە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکەن. فەرمانبەران بۆ ئەو داوایەیان پشتیان بەستووە بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی بە ژمارە 224 و یەکخراو بە ژمارە 269ـی فیدراڵی 2023 لە 21-2-2024. فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە سکاڵاکەیاندا، داوا دەکەن دادگە فەرمان سالارییەک دەربکات و وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەند بکات بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی کە تێیدا هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان پابەند دەکات مووچەی سەرجەم کارمەندان بەجێ (تەوتین) بکەن. سکاڵاکە لە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بە ژمارە (104/ فیدراڵی/2025) تۆمارکراوە و دادگەی باڵای فیدراڵی دەڵێت، "لە نزیکترین کات بڕیار لەبارەی داواکارییەکە دەدات بۆ دەرکردنی فەرمان سالارییەکە." ئەگەر دادگە بڕیاری سالاریی بدات، ئەوا وەکو هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، نووسراوەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کاریان پێناکرێت و دەبێت راستەوخۆ دەست بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت. چوارشەممەی هەفتەی رابردوو 28-5-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە وەزارەت ناتوانێ لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێ، بەهۆی "تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە." رۆژی 29-5-2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بە زمانی عەرەبی وەک وەڵامێک بۆ تەیف سامی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: "ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتییەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجیی کردەیی".
عادل رکابی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادیقون، لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: كێشەكانی نێوان بەغداد و هەرێم سیاسیە، چونكە یەكێك بیەوێت بگات بە چارەسەر. ئایا كێشە بە كێشیەكی تر كەڵەكە دەكات، یان هەوڵی چارەسەركردنی خودی كێشەكە دەدات؟، دەشڵێت: گرێبەستە نەوتییەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ واشنتۆن واژۆیكرد، كێشەكانی لەگەڵ بەغداد قوڵتر كردەوە. رکابی وتیشی: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پابەندکەرن بۆ بەغداد و هەولێر، بەڵام تا ئێستا هەرێم بڕیارەكەی دادگاكە رەتدەكاتەوە سەبارەت بە تەوتیكردنی مووچە. ئەو پەرلەمانتارە، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی " العهد" ئاماژەی بەوەشکرد: هەرێم پابەند نەبووە بە یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بەهۆی پابەندنەبوونەوە گەیشتن بەم ئەنجامە، تەنانەت پابەندبوون نییە بە رێككەوتنە سیاسیەكانیشەوە، ئەگەر هەرێم تەنها داهاتە نەوتییەكانی رادەست بكردایە زۆرینەی كێشەكانی چارەسەر دەبوون. رۆژنامەى شەرقلئەوسەت بڵاویکردەوە، سەرۆکوزیرانى عێراق بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغداد پەنا بۆ ئەو کەسایەتییە کاریگەرانە دەبات کە لە کوردەوە نزیکن. بەگوێرەى رۆژنامەى شەرقلئەوسەت، سودانى نایەوێت گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بەرەو ئاڵۆزیی بڕوات، بە تایبەت لەم ساتەوەختەى پێش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى عێراق، بۆیە دەیەوێت ئەو کەسانە بنێرێتە هەولێر کە نزیکن لە بەرپرسانی کورد، بەتایبەت بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ئەم دواییە کە وەزیری دارایی بۆ فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى دروستکردووە. میدیا عێراقییەکانیش باس لەوەدەکەن، هادی عامری بۆ هەمان مەبەست ئەمڕۆ سەردانی هەولێر دەکات و دەیەوێت لەو رێگەیەوە بە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان بڵێ مووچەى مانگی ئایار دەنێردرێت، بەڵام بەشێوەی قەرز کە دواتر لە بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت. رۆژنامەکە ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، هەندێک کەس و لایەنی سیاسی لە بەغداد پێداگریی دەکەن لەسەر سزادان و بڕینى مووچەى هەرێمى کوردستان لە بەرامبەر رادەستنەکردنى داهاتى ناوخۆ وەک پێویست.
دەیەمین پاکێجی دادوەری کە لەلایەن ئاک پارتییەوە پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا کرا، سەرەڕای ناڕەزایەتی و رەخنەکانی ئۆپۆزسیۆن، لە لیژنەی دادوەری پەسەندکرا. پاكێجی هەمواری یاسای سزادان كه لهلایهن فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی)ـیهوه پێشكهشی سەرۆکایەتیی پهرلهمانی توركیا كرابوو، لهلایهن لیژنهی داد و یاساییهوه پهسهند كرا. دوای پەسەندکردنی پاکێجەکە، چــــاوەڕێ دەکرێت له چهند ڕۆژی داهاتوودا لهلایهن ئهنجوومهنی گشتیی پهرلهمانهوه گفتوگۆی لهبارهوه بکرێت. ئاکپارتی، کە پارتی دەسەڵاتداری تورکیایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، 10ـەمین پاکێجی هەمواری یاسای سزادانی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کرد کە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) وەک هەنگاوێکی کردەیی بۆ پرۆسەی ئاشتی داوای کردبوو، بەڵام بەرپرسانی پارتەکە جەخت دەکەنەوە، پاکێجەکە چاوەڕوانییەکانیانی لە خۆ نەگرتووە. عەبدوڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا لەو بارەوە گوتوویەتی: "پاکێجەکە هەموارکردنەوەی یاسای سزادان و هەشت یاسای دیکە لەخۆ دەگرێت، لە 30 ماددە پێک هاتووە و ڕۆژی 31 ئەم مانگە لە لیژنەی دادی پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. ئامانجمان لە هەموارەکە، هێنانەدی دادپەروەرییە لە جێبەجێکردنی یاسای سزادان و هاوکات ڕێگریکردنە لە تاوان و بەدیهێنانی ئاسایش کۆمەڵایەتی." بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی داد، زیاتر لە 403 هەزار سزادراو لە زیندانەکانی تورکیادا هەن. سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی باسی لەوەش کرد "لە هەموارەکەدا 19 هەزار و 800 زیندانیکراو سوودمەند دەبن، کە بۆ دووەم جار تاوانیان کردووە و پاش بەسەربردنی سێ لەسەر چواری سزاکەیان لە زیندان، بە مەرج ئازاد دەکرێن. ژنان و منداڵان سوود لە هەموارەکە وەردەگرن. هەروەها پێشبینی دەکرێت 1500 بۆ 2000 زیندانی نەخۆش سوود لە هەموارکردنەکە وەربگرن." عەبدوڵا گولەر ئەوەشی خستە ڕوو "لە چوارچێوەی بەدیهێنانی ئامانجەکانی پرۆسەی تورکیای بێتیرۆر، هەوڵ و کاری زۆر بە پەرۆش و دڵسۆزانەمان هەیە. لە ڕۆژانی داهاتوودا لەم چوارچێوەیەدا، لە ڕووی ئاسایش و ئارامیی کۆمەڵگاکەمانەوە، بەردەوام دەبین لە کار و ئامادەکارییە جدییەکانمان. ئەگەر پێویست بکات هەمواری دیکەی تایبەت بە پرۆسەکە ئامادە دەکەین." لە لایەکی دیکەوە سێزای تەمەلی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ڕایگەیاندووە، لە پاکێجەکەدا کەموکووڕی زۆر جددی هەیە و چاوەڕوانییەکانییانی لەخۆ نەگرتووە. گوتیشی: گرنگترین بابەت ئەوەیە پاکێجەکە هەموارکردنەوە لە یاسای زیندانییانی سیایسی لەخۆ بگرێت، بەڵام لە پاکێجەکەدا نەهاتووە، بۆیە هەوڵی نەهێشتنی کەموکوڕییەکانی پاکێجەکە دەدەین. ئەمە لە کاتێکدایە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات، چاکسازیی یاسایی بکەن، تا عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و بەشێکی زۆری زیندانیانی سیاسیی کورد کە چەندان ساڵە بە تۆمەتی جیاواز لە زینداندان، ئازاد بکرێن. هەفتەی ڕابردوو، دوران کاڵکان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی پەکەکە لە نوێترین لێدواندا، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، بە میدیای ڕێکخراوکەی ڕاگەیاند "حکوومەتی تورکیا تەنانەت بچووکترین چاکسازیی یاسایی پێویستیشی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نەکردووە. ناکرێت پرۆسەکە بە هەنگاوی تاکلایەنە یان تەنها گوتاری نیازپاکی بەردەوام بێت. دەبێت دەسەڵات هەنگاوی جددی بۆ بنێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە لە هەر جۆرە وەڵامدانەوەیەک، ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا راپۆرتی ئاژانسی نیودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربهێنن. ئاژانسی هەواڵی مهر بڵاویکردوەتەوە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ رافایل گرۆسی بەرپرسی گشتی ئاژانسی وزەی ئەتۆم ئەنجامداوە، عراقچی هۆشداری داوەتە گرۆسی لە کۆبونەوەی هەفتەی داهاتودا هۆشداری بداتە وڵاتانی ئەوروپی سەبارەت بە هەر جۆرە هەوڵێکی سیاسی دژی ئێران. هەروەها، داواشی لە بەرپرسی گشتی ئاژانسی وژەی ئەتۆم کردوە راستییەکان بخاتەرو تا ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئامانجی سیاسی خۆیان لە دژی گەلی ئێران هیچ هەنگاوێک نەنێن. وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاندوە، کاردانەوەیان دەبێت دژی هەر جۆرە هەوڵێکی نەگونجاو لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە، هەروەها دەبێت بەرپرسیارییەتی هەر دۆخێک هەڵبگرن.
رۆژنامەى شەرقلئەوسەت بڵاویکردەوە، سەرۆکوزیرانى عێراق بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغداد پەنا بۆ ئەو کەسایەتییە کاریگەرانە دەبات کە لە کوردەوە نزیکن. بەگوێرەى رۆژنامەى شەرقلئەوسەت، سودانى نایەوێت گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بەرەو ئاڵۆزیی بڕوات، بە تایبەت لەم ساتەوەختەى پێش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى عێراق، بۆیە دەیەوێت ئەو کەسانە بنێرێتە هەولێر کە نزیکن لە بەرپرسانی کورد، بەتایبەت بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ئەم دواییە کە وەزیری دارایی بۆ فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى دروستکردووە. میدیا عێراقییەکانیش باس لەوەدەکەن، هادی عامری بۆ هەمان مەبەست ئەمڕۆ سەردانی هەولێر دەکات و دەیەوێت لەو رێگەیەوە بە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان بڵێ مووچەى مانگی ئایار دەنێردرێت، بەڵام بەشێوەی قەرز کە دواتر لە بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت. رۆژنامەکە ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، هەندێک کەس و لایەنی سیاسی لە بەغداد پێداگریی دەکەن لەسەر سزادان و بڕینى مووچەى هەرێمى کوردستان لە بەرامبەر رادەستنەکردنى داهاتى ناوخۆ وەک پێویست.
ئاژانسی ئەتۆمی ئێران ڕایدەگەیەنێت بەپێی فتوای رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، چەكی ئەتۆمی بەهیچ جۆرێك لەناو باوەڕی بەرگریی ئێراندا بوونی نییە. وەڵامی وەزارەتی دەرەوەو ئاژانسی ئەتۆمی ئێران سەبارەت بە راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم كە باسلەوە دەكات ئێران چالاكی شاراوەی ئەتۆمیی هەیەو زیاد لەبڕی پێویست بۆ دروستكردنی بۆمب، یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە: بەپێی فتوای رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، چەكی ئەتۆمی بەهیچ جۆرێك لەناو باوەڕی بەرگریی ئێراندا بوونی نییە. هەروەها دەڵێن بەگوێرەی بنەما سەرەكییەكانی یاسای نێودەوڵەتیی، هیچ بەربەست یاخود سنورداركردنێك نییە بۆ بەهرەمەندبوون لە وزەی ئەتۆم بۆ مەبەستی ئاشتیانە. سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاشكرایدەكات؛ لەدانوستانە ناڕاستەوخۆكانی نێوان وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمەریكا پێشكەوتن بەدیهاتوە هەروەها ئامادەكارییان بۆ دامەزراندنی دو وێستگەی نوێ كردوە كە توانای بەرهەمهێنانی (20) هەزار مێگاوات كارەبایان هەیە. وتیشی: ئێران بەرنامە ئەتۆمییەكەی لەبواری ئاشتیدا بەكاردەهێنێت، یەكێك لەو وێستگانەش لە بوشێهرە كە توانای بەرهەمێهانی هەزار مێگاوات كارەبای هەیە و لە ساڵی رابردودا (7.3) ملیار کیلۆ وات کارەبای بەرهەمهێناوە. رونیكردوەتەوە، زەویان بۆ دامەزراندنی دو وێستگەی دیكەی ئەتۆمی تەرخان كردوە كە لەسەر بنەمای رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی ئامادەكاری بۆ بەرهەمهێنانی (20) هەزار مێگاوات كارەبا دەكەن، بۆیە تاران ناتوانێت گوێ لە ئەو پێشنازانە بگرێت كە لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم دەخرێنەرو. سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، رێکخراوەکەیان لە پەرەپێدانی پلازما، لەیزەر و چارەسەری کوانتەمدا، پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە هەروەها توانیوانە دەرمانی تیشکی كە بەرهەمهێنراوی ناوخۆیە لە چارەسەرکردن و دەستنیشانکردنی زۆربەی نەخۆشیەکاندا بەکاربهێنن.
