ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد پڕۆژە یاسای هەموارکراوی باری کەسیی ڕابگرێت، کە بەگوێرەی مەزهەبی جەعفەری داڕێژراوە ڕێکخراوەکە هۆشداریدا کە ئەم هەموارکردنە نوێیە یەکسانیی ژنان دەخاتە مەترسییەوە و وایان لێدەکات ببنە هاووڵاتی پلە دوو.  دوای ئەوەی لە مانگی یەکی ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەمواری یاسای باری کەسیێتی دا، لە 27ـی ئاب پەرلەمانی عێراق حکومە شەرعییەکانی دیوانی وەقفی شیعی (لەسەر بنەمای فیقهی جەعفەری) بۆ هەمواری یاساکە پەسەند کرد. بەپێی ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس وۆچ، یاساکە لە پرسی هاوسەرگیری، تەڵاق، میرات و مافی منداڵ لە دایک بۆ باوک، جیاوازی لە دژی ژنان دەکات و دەسەڵاتێکی فراوان بە پیاوان دەدات. سارا سەنبەر، توێژەر لە ڕهیومان ڕایتس وۆچ، ڕایگەیاند: "ئەم یاسایە جیاکاری دژی ژنان دەچەسپێنێت و پێگەی یاساییان دادەبەزێنێت، بۆیە دەبێت دەستبەجێ هەڵبوەشێنرێتەوە." بەگوێرەی هیومان ڕایتس وۆچ: ٠ یاساکە ڕێگە بە پیاوان دەدات بەبێ ڕەزامەندی یان ئاگاداریی ژنەکانیان، گرێبەستی هاوسەرگیری بگۆڕن بۆ ئەم یاسا نوێیە، هەروەها دەتوانن بەبێ ئاگادارکردنەوەی ژنەکانیان تەڵاقیان بدەن.  دوای تەمەنی حەوت ساڵی، مافی گواستنەوەی منداڵ بە شێوەیەکی خۆکارانە بۆ باوک دەبێت، بەبێ گوێدانە بەرژەوەندیی منداڵەکە. ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: بەگوتەی دادوەرێک، یاساکە پێشێلکردنی دەستوورییە و مافەکان لەسەر بنەمای ئایین دەدات، نەک هاووڵڵاتیبوون، ئەمەش جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ژنانی مەزهەبە جیاوازەکاندا دروست دەکات. نادیە مەحموود، هاوبەشی دامەزرێنەری هاوپەیمانی ئامانی ژنان، ڕایگەیاند، یاساکە ژن بە هاووڵاتییەکی یەکسان دانانێت، بەڵکو بە شوێنکەوتەی پیاو و بەرپرسیار لە جێبەجێکردنی هەموو خواستیەکانی دادەنێت.

هێزەکانی کۆماندۆی سەر بەهەسەدە، بەهاوکارى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى، لەدوو ئۆپەراسیۆنی وردی ئەمنیدا توانیویانە دووشانەى گروپى داعش دەستگیربکەن و ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیشیان دەستبەسەرداگرتووە. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) لە میانی ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا کە بە بەشداریی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە، شانەیەکی داعشیان لە گوندی ئەلبەریحە لە ناوچەی ئەلبوسەیرە لە لادێی دێرەزۆری ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر کردە ئامانج و تیرۆریستێکیان دەستگیرکردوەکە سەلمێندرا دەستی هەبووە لە ئەنجامدانی هێرشەکان دژی هێزەکانمان و خەڵکی مەدەنی ناوچەکە.  هەر لەو ئۆپرسیۆنەدا هێزەکانی بەشدار توانیویانە دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی لەو تیرۆریستە دەستگیرکراوەدا بگرن. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئۆپەراسیۆنی دووەمیش لە گوندی ئەلسەبا لە ناوچەی ئەلبوسەیرە لە لادێی دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر ئەنجامدرا، کە هێزەکانمان شانەیەکی تیرۆریستی داعشیان هەڵوەشاندەوە و دوو ئەندامیان دەستگیرکردووە. دەشڵێن: ئەو دوو ئەندامە دەستگیرکراوە چەندین هێرشی تیرۆریستییان ئەنجامدابوو کە هێزەکانمان و کارمەندانی ئەمنی و خەڵکی مەدەنی ناوچەکەیان کردبووە ئامانج. هێزەکانمان هەوڵە بەردەوامەکانیان و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دووپات دەکەنەوە بۆ بنبڕکردنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە و وشککردنەوەی سەرچاوەى دارایی و ماددی و ڕێگریکردن لە هەر چالاکیەکی تیرۆریستی کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری هاوڵاتیانى ناوچەکە بکات.

ئاژانسى ڕۆیتەرز لەزارى ڕاوێژکاری باڵای حکومەتى ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە، پارەی ئاوەدانکردنەوە ناچێتە ئەو ناوچانەی کە لەلایەن حەماسەوە کۆنترۆڵکراون و هیچ دەستێوەردانێک ناکات لەو پارەیەدا، هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو  بەرنامەیەکیان هەیە پاداشت بدەنە ئەو کەسانەى کە هاوکارن لە دۆزینەوەو ناسینەوەى تەرمى ئیسرائیلییەکان لەکەرتى غەززەدا. ڕاوێژکاری باڵاکەى ئەمریکا ئەوەشى باسکردووە، لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززەدا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا و ئێستا بەرەو قۆناغی دووەم دەڕۆن، وتیشى: ئێمە چووینە قۆناغی داهاتووی ڕێککەوتنی غەززەوە، گفتوگۆی زۆر ئەرێنی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە بۆ دەستەبەرکردنی گەیاندنی کاریگەرانەی هاوکاری بۆ خەڵکی غەززە. هەر لەو چاوپێکەوتنەى ئاژانسى رۆیتەرزدا، ئەو ڕاوێژکارە ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، پێکهێنانی هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی بۆ غەززە دەستیپێکردوەو دۆخەکە دوای دوو ساڵ لە شەڕی غەززە تا ئێستا لە ڕادەبەدەر هەستیار ماوەتەوە، وتیشى: هیچ کەسێک لە غەززە ناچار نابێت بچێتە دەرەوە، زۆرێک لە وڵاتان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هێزی سەقامگیری لە غەززە دەربڕیوە، لەنێویاندا ئەندەنوسیا.

چالاکوانێکی ئایینی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری ئیستەنبوڵ تیرۆرکرا، کەسوکارەکای گومان دەکەن ئێران دەستی لە تیرۆرکردنەکە هەبێت و بەرپرسانی تورکیاش تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. مەسعود نەزەری، چالاکوانێکی ئایینی خەڵکی شاری جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن چەند کەسێکەوە تەقەی لێکرا و بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. سەرچاوەیەک لە جوانڕۆوە بۆ ئاڤا پشتڕاستی کردووەتەوە کە مەسعود نەزەری نزیکەی دە ساڵ پێش ئێستا بەهۆی ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێهێشتووە، دواتر چووەتە سووریا و پەیوەندی بە گرووپە چەکدارەکانەوە کردووە، بەڵام دوای ماوەیەک وازی لەو گرووپانە هێناوە و ڕووی کردووەتە ئیستەنبوڵی تورکیا. کەس و کاری مەسعود نەزەری گومان دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی لە تیرۆرکردنی کوڕەکەیاندا هەبێت، بەپێی قسەکانیان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران چەندین جار هەڕەشەیان لێ کردووە و بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێرییان کردووە. تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی تورکیا هیچ ڕاگەیەندراوێکیان لەسەر ئەم ڕووداوە تیرۆرستییە بڵاو نەکردووەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لەبارەی دۆزینەوەی بکوژان بەردەوامن.

دانوستانەکانی ڕووسیا و سوریا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر کۆتایی هات، لە نێوان ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری سووریا و ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسیەکەی، ئەمە یەکەم سەردانی فەرمی سەرکردەیەکی سووریا بوو بۆ ڕووسیا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی لەکارخراو لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤، کۆبوونەوەکە لە هۆڵی سەوزی کۆشکی گەورەی کرێملین کاتژمێر ٢:١٥ی پاشنیوەڕۆ دەستیپێکرد بەکاتی مۆسکۆ.   لە میانەی دیدارەکەدا سەرۆکی سووریا دووپاتی کردەوە کە سووریا هەوڵدەدات "پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕوسیادا ڕێکبخاتەوە"، هاوکات سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ حەز دەکات لە قۆناغی دوای جەنگ و ئاوەدانکردنەوەی سووریادا پاڵپشتی سوریا بکات.   سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ئاشکرای کرد کە دانوستانەکان باس لە پڕۆژەی تایبەت لە کەرتەکانی وزە، گواستنەوە، گەشتوگوزار، و تەندروستی کراوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە مۆسکۆ پێشنیاری کردووە بەشداری بکات لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی سوریا کە لە سەردەمی سۆڤیەت دامەزراون و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی کەرتی وزە، هەروەها لیژنەیەکی هاوبەشمان پێک هێناوە بۆ پێشخستنی دەرهێنانی نەوت لە سووریا.   جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕووسیا هاوکاری لەگەڵ سووریا وەک هاوبەشێکی ستراتیژی درێژخایەن دەڕوانێت، هەروەها مۆسکۆ ئامادەیە بۆ بەشداری چالاکانە لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە و فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا.

سەرچاوەیەك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەمیدیاکانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانى ڕاگەیاندووە هێڵی ئاسمانیی 'توركش ئێرلاین' سیستمی فرۆشتنی بلیتی گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی چالاككرد و یەكەم گەشتی ئەو هێڵە بۆ سلێمانی، ڕۆژی 3ـی مانگی داهاتوو دیاریكراوە. ڕۆژى پێنج شەممەى ڕابردوو،  (9ـی تشرینی یەکەمی 2025)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری تورکیا کۆبووەوە، و لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی و لەسەر رەزامەندی و راسپاردەی ئەردۆغان ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا. دواتر لەڕاگەیەندراوێکیدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆککۆماری تورکیای کرد و رایگەیاند: "ئه‌م بڕياره‌ له‌ چوارچێوه‌ى په‌يوه‌ندييه‌ پته‌وه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى توركيادا دێت كه‌ دڵنياين يارمه‌تيده‌ر و هاوكار ده‌بێت بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ هاريكاريى هاوبه‌ش و له‌ به‌رژه‌وه‌نديى هه‌ردوولا و به‌تايبه‌تى له‌ به‌رژه‌وه‌نديى هاووڵاتيانماندا له‌ سنوورى سلێمانى ده‌بێت". بۆ یەکەم جار تورکیا لە 3ـی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە. رووداوەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، تورکیا راگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە.

بەپێى ڕاگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى: رۆژی چوارشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2025 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای (ئەنەکەسە) کرد کە پێکهاتبوو لە سکرتێری پارتە سیاسیەکانی ناو (ئەنەکەسە). لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە؛ لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکانی سوریا ئاڵوگۆڕ کرا. هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێرای ئاماژەدان بە دۆخی کورد لە سوریا جەختی لەسەر پێویستی یەکڕیزی لایەنە کوردەکانی سوریا کردەوە و هەروەها داواشی کرد لایەنە کوردییەکان بە ئاراستەی بەهێزترکردنی بنەماکانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و تەبایی بن لەگەڵ عەرەب و پێکهاتەکانی تری سوریا کار بکەن.

هەپەگە-نەڕەچە ناسنامەی شەش گەریلای شەهیدی ئاشکرا کرد کە ١٦ و ١٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورک لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهید بوون و گوتی: "هاوڕێیانمان ناوی خۆیان لە مێژووی ئازادیدا نووسییەوە و بوونە نەمر." ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە (هەپەگە-نەڕەچە) دەربارەی گەریلا شەهیدبووەکان ئەمەی گوت: "لە قۆناغێکدا کە تێکۆشانی ئازادیمان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گەیشتە لوتکە و داستانی تۆمارکرد، هاوڕێیانمان مەردان، جوودی، ئازاد و سەبری لە ١٦ و هاوڕێیانمان ماسیرۆ و ڕێزان لە ١٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا لە ئەنجامی هێرشی دووژمن بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبوون و بوونە نەمر. هاوڕێیانمان مەردان، جوودی، ئازاد ،سەبری، ماسیرۆ و ڕێزان بەو بەهایەیی لە تێکۆشانی ئازادیمان زیادیان کرد، ناوی خۆی لە تێکۆشانی ئازادی گەلانماندا نووسییەوە. بەڕیزداری و پێزانینەوە یادیان دەکەینەوە. میلیتانانی پێشەنگی گەلەکەمان مەردانی هاوڕێمان وڵاتپارێزی قوڵ و ڕەگداکوتاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی وەرگرت و هاتە چیا ئازادەکان. درووستی و سادەی و فیدایەتی لە کەسایەتی خۆییدا نواندەوە، لە سەخترین گۆڕەپانەکانی شەڕدا بە بوێری و هەڵوێستی خۆیەوە جەنگا. هەموو ئەرکەکانی بە شایستەییەوە جێبەجێ کرد و وەک ڕێچکەگری شەهید سمکۆ سەرهەڵدان، شەهید نووری یەکتا و شەهید ڕێزان جاویدلێر ئەندامی فەرماندەیی بوو و هیوای ئایندەی بەخشییەوە. هاوشێوەی تێکۆشانی بە شەهیدبوونیشی بۆ هەمیشە پێشەنگایەتی دەکردین. جوودی هاوڕێمان بە دڵسۆزی بتەوەوە ڕەنجی لە پێناوی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دا. بۆ پەرەدان بە بەهای شەهیدانمان هەوڵدانی مەزنی بەڕێوەبرد. بە فیداکاری و کەسایەتییە سادەکەیەوە جێگەی خۆی لە دڵی هەموو هاوڕێیانیدا گرت. لە هەموو بوارێکدا بە جوانترین شێوە میلیتانێتی ئاپۆیی نواندەوە و تا کۆتایی ژیانی بە تێکۆشانی، میراتییەکی مەزنی بۆ جێهێشتین. یادکردنەوەی هاوڕی جوودی وەک مەشخەڵێکی نەکوژاوە ڕێگەمان ڕووناک دەکاتەوە. ئازادی هاوڕێمان بە باوەڕی و فیداکارییی تەواوەتییەوە بەشداری تێکۆشانی ئازادیمان بوو، لە هەموو ژیانییدا پارێزگاری لەم هەڵوێستەی خۆی کرد؛ بە کەسایەتی بوێر و فیداکارییەوە هێزی بەخشییە تێکۆشانی ئازادیمان. بە خواستی ئازادییەوە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە خۆی گەیاند چیا و بە تێکۆشان و توڕییەوە لە دژی داگیرکاری ناوی خۆی لە تێکۆشانی ئازادیماندا نووسییەوە. سەبری هاوڕێمان بە ئایدیایەکی مەزنەوە ژیانی گەریلایەتی دەسپێکرد و بووە هەڵگری تێکۆشانێکی بێ پچڕان. بە فیداکاری و بەشداری درووستییەوە جێگەی خۆی لە دڵی هاوڕێیانیدا گرت. لە هەموو بورێکدا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کاری کرد و بووە میلتانێکی نموونی ئاپۆیی. هاڕێمان لە تێکۆشان و لێکۆڵینەوەیەکی ورددا بوو بۆئەوەی گورز لە سیاسەتەکانی لەناوبردن و نکۆڵی بدات کە لە دژی گەل و تەڤگەرمان سەپێنراوە. بە توانا سەربازی و پسۆرییەکەی کە لە بواری ئایدۆلۆژییدا بەدەستی هێنا، وەک میلیتانێکی پێشەنگ ڕۆڵی خۆی گێڕا. ڕۆڵەی گەلی عەرەبمان و شۆڕشگێڕی ئەنتەرناسیۆنالیستی، هاوڕی ماسیرۆ لە ساتی بەشداربوونییەوە تا شەهیدبوونی بووە خاوەنی بەشداربوونێکی بەهێز و ڕێپێوانێکی بێ پچڕان. ماسیۆری هاوڕێمان باوەڕبوونی بەسەرکەوتن لە هەموو ژیانیدا نواندەوە و بووە میلیتانێکی ئاپۆیی نموونەیی. بە تێکۆشانی ئازادییەوە کە لە ڕۆژئاواوە بەشداربوو، لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کە داستانی تێدا تۆمار دەکرێت، بەرفراوانتر کرد.  بە تێکۆشانییە بووە پردی نێوان گەلان و ئامانجی بوو حەقیقەتی ڕێبەرێتی ئاشنا بە هەموو گەلانی جیهان بکات. هاوڕێمان ماسیۆر ئەو ئامانج و هەڵوێستەی کە بە دڵنیاییەوە دەبێت زیندوو ڕاگیرێت، وەک ڕێنمانی بۆی جێهێشتین. بەڵێن دەدەین ببینە وەڵامی ئامانجەکانی هاوڕێمان. ڕێزانی هاوڕێمان کە بە چاندی دێرینی وڵاتپارێزی بۆتان پەروەردە بووە، بە فیداکارییەکی مەزنەوە بۆ بەرگریکردن لە بەهاکانی ئازادی گەلەکەمان بەشداری هەموو کارێک بوو. لە بۆتان و شەنگال و چیا ئازادەکانی کوردستان بوو خاوەن تێکۆشانێکی بێهاوتا. هاورێمان بە بەشدارییە سادەیەکەی و دڵسۆزی هاوڕێتی ئاپۆییەوە لە دڵی هاوڕێیانیدا جێگەی خۆی گرت. لە هەموو بوارەکاندا بە رەنج و بەشداری مۆراڵداییەوە بەبێ کەموکووری ئەرکی میلیتانی ئاپۆیی جێبەجێ کرد. هاوڕێمان زیندوو ڕاگرتنی خەونی شەهیدامانی کرد بە ئامانجی خۆی و بە بوێری و ئەزموونی گەریلایەتیی و رۆحی فیداییەوە وەک گەریلایەکی سەرکەوتووی ئازادی بووە نموونەیەک بۆمان. ڕۆڵە بوێرەکانی گەلی کورد و عەرەبمان هاوڕێیانمان مەردان، جوودی، ئازاد ،سەبری، ماسیرۆ و ڕێزان بە تێکۆشان و شەهیدبوونیانەوە گەلەکەمانیان گەیاندە ئایندەی ئازاد. سەرەخۆی لە بنەماڵەی هێژای هاوڕێیانمان و گەلانی کورد و عەرەبی وڵاتپارێزمان دەکەین.

بە فەرمان و چاودێریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق تیمێکی بەڵگەی تاوانی هاوبەش و لیژنەیەکی باڵا پێکهێنرا بۆ لێکۆلێنەوە لە ڕووداوی کوژرانی سەفا مەشهەدانی، کاندیدی پەرلەمانی عێراق. درەنگانێکی شەوی ڕابردوو سەفا حوسێن مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و کاندیدی  هاوپەیمانیی سیادە بۆ پەرلەمانی عێراق کوژرا، بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەڕێگەی بۆمبی چێنراوەوە ئۆتۆمبێلەکەی تەقێنراوەتەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە و چوار لە سەرنیشنانی ئۆتۆمبێلەکە برینداربوون. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیە چوار کەس لەگەڵ مەشهەدانی بوون لە ئۆتۆمبێلەکە برینداربوون، دەستبەجێ لەژێر ڕێنمایی و بەدواداچوونی سەرۆکی حکومەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، تیمێکی بەڵگەی تاوانی هاوبەشی دادوەری و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا پێکهێنران، بۆ بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ڕووداوەکە و دواتر وردەکارییەکان دەخرێنە ڕوو. هەر لەمبارەیەوە، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوە تیرۆریستییەکە".

مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کریسنت پێترۆلیۆم، ڕایگەیاند: "تەواوکردنی پرۆژەکە پێش وادەی خۆی، دەستکەوتێکی گەورەیە و پابەندبوونی ئێمە بە هەرێمی کوردستان و دابینکردنی وزەی پاکتر و متمانەپێکراوتر دووپات دەکاتەوە." لەلایەن خۆشیەوە، ڕیچارد هۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دانە غاز، وتی: "ئەم توانایە زیادکراوە داهاتێکی ساڵانەی بەرچاو بۆ کۆمپانیاکە دابین دەکات و پشتگیری لە ئاواتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گەیشتن بە کارەبای 24 کاتژمێری." جێی باسە، سەرمایەگوزاریی گشتی لەم پرۆژەیەدا دەگاتە 1.1 ملیار دۆلار و لەلایەن دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتیوانی کراوە. کێڵگەى غازى کۆرمۆر؛ بەرهەم و سەرمایەگوازی و تواناییەکانی لەلایەن کۆمپانیاکانی کریسنت پترۆليۆم و دانە غاز 1.1 ملیار دۆلار- سەرمایەگوزاریی گشتی  50% بەرهەمى غاز زیاد دەکات 750 ملیۆن پێ سێجا رۆژانە تەواوکردنی پرۆژەی KM250 6,000 تۆن ئاسن 602 ملیۆن کاتژمێر کارکردن  

دوران کاڵکان ئاماژەی بەوەدا دەسەڵاتداری هیچ لێگەڕینێکی چارەسەری نییە، دەستبەرداری عەقڵێتی نکۆڵی و لەناوبردنی کوردان نەبووە و گوتی: "جگە لە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ هیچ شتێک ناتوانێ شەڕڤانێک لە چیا بهێنێتە خوارەوە. پێویستە هەمووان بە درووستی قسەبکەن." ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، دوران کاڵکان لە بەرنامەیەکی مەدیا خەبەر تیڤییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ٩ـی تشرینی یەکەم و پێشهاتە سیاسییە هەنووکەییەکان کرد. "سەرەتا ڕێز و خۆشەویستی خۆم بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەربڕم، بەڕاستی بۆ هەمیشە سڵاوکردنی حەق دەکات، یانی بەرخۆدانی سەرومرۆڤایەتی نیشان دا. وا ماوەی ٢٧ ساڵە ڕێبەر ئاپۆ لەژێر سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریدا بە ئارامگری، بڕیارداری، بەجۆش و ڤینەوە درێژە بە تێکۆشان دەدات. بە واتایەکی دیکە بۆ هەموو ئەوانەی تێناگەن و دەرهێنانیان لەم دۆخی نەزانییە و گەرانەوەیان بۆسەر ڕێگەی تێگەیشتن، بەبێ ماندووبوون هەزاران جار هاوار دەکات. شتی سەرنج ڕاکێش ئەوەیە هێشتایش هەندێک لایەن ئەمە نابینین و لە ئاستییدا کوێر و کەڕن. نە باش تێگەن و نە دەبیستن. بە جەختکردنەوە نایانەوێ تێبگەن. نابێت کێشە وەک پرسی دەیانەوێ-نایانەوێ باس بکرێت. دژبەریی هەیە، دژبەریی ئاشتی، ئازادی و دیموکراسی هەیە. ئەوانە بوونیان هەیە کە لەسەر شەڕ و دیکتاتۆری و ڕانتخۆری... درێژە بە تەمەنی خۆیان دەدەن. هەرچی دەبێت گرنگ نییە مرۆڤ دەتوانێ ئەمانە بە ڕانتخۆری جەنگ ناوبنێت. خۆ گێلکردنیان خستووەتە لایەکەوە و بە هەموو شێوەیەک لە دژی ڕێبەر ئاپۆ دژایەتی دەکەن. هەڵبەتە بۆ ئەمەش ئەوەی نەشێ کردیان. خودی  ڕێبەرێتی خۆیشی باسی کرد، دەڵێت؛ "ڕێکخستنێک کە هەموو جیهان نەیدەتوانی پاشگەزی بکاتەوە، من بڕیاری کۆتایهێنان بە کاروچالاکییەکانیم دا." بەڕاستیش ساڵانێکە و جیهان یەکی گرت و لە ئاست پەکەکە شەڕی کرد، ناتۆ لە ساڵی ١٩٨٥ەوە لە دژی گەریلاکانی پەکەکە شەڕ دەکات. ڕێک ٤٠ ساڵە یەکەمین هێزی جیهانی بوو، بۆ مەگەر توانیان کۆتای بە گەریلا بهێنێ؟ مەگەر توانی پەکەکە تەسفییە بکات؟ بە دڵنیاییەوە نەیتوانی و واقع دیارە. ڕێبەر ئاپۆ کۆتای بە تێکۆشانی چەکداری و هەبوونی ڕێکخستنی دا. پەکەکەی گەیاندە ئەم خاڵە لە تێکۆشان. هەندێک لایەن لە بری ئەوەی ڕێزی ئەمە بگرێت کەچی لە هێرشکردندایە. بە جوانی ئەم دۆخە لێکنادەنەوە. باش لە بیرمە لە ئاگربەستی ١٩٩٣دا، ئەو کاتە ڕێبەر ئاپۆ بە جلوبەرگی مەدەنییەوە دووەم کۆبوونەوەی ئەنجامدا. هەندێک لایەن لێیان پرسیبوو بۆچی جلی سەربازیت لەبەرنەرکدووە؟ ڕێبەر ئاپۆیش لە وەڵامدا گوتبووی، "گەر دەتانەوێ ئەوا لە ژوورێکی دیکە لەبەری دەکەم. بەڵام پێمگوتن بۆ مەگەر ئەمەتان دەوێ." هەرخۆی ئەوەی ئەو دۆخەیان دەوێ بوونیان هەیە. جا بۆیە دەڵێم؛ من ئەمە دەڵێم؛ وتەیەک هەیە کە زۆرجار لە تورکیادا بەکاردەهێنرێت و دەڵێت "هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرەی ڕۆژئاوا نییە (تورک). بەرەی ڕۆژهەڵات (کورد) بەبێ هیچ کێشەیەک کاردەکات. بۆ ئاشتی و دیموکراتیزەکردن، لە یەک ساڵی ڕابردوودا شتگەلێک کە کەس ناتوانێت بیکات و خەیاڵی بۆ نەکات، بەدیهاتووە. لە چەند مانگی ڕابردوودا بەدەست هاتوون. بەڵام هیچ شتێکی نوێ نییە، هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرەی باکووردا نییە. مەبەستم ئەوەیە سەیرە، پارێزەران چوون بۆ دیداری ئیمراڵی. ڕۆژێک پێش ئەو بەرانامەیەیی پێشووم، پارێزەران دووبارە چوون بۆ دیدار، دوای ٦ ساڵ. دوای مانگێک جارێکی دیکە پارێزەرەکان دیداریان ئەنجام دا. لەو کاتەدا باسمان کرد. وەک ئەوەی ڕووداوێک بێت کە دەبێ ئاهەنگ بگێڕدرێت، هەواڵ لەسەری دروستکرا. بەڵام ئەمە دیدارێکی سروشتیی و ئاسایی پارێزەرانە. نەک یەکجار لە مانگێکدا دەبێتی زیاتر ڕووبدات. بە واتایەکی تر بە پێی یاساکانی تورکیا بەم شێوەیەیە. بەڵام سیستەمێک دامەزرا کە هەمیشە هەموو شتێک قەدەغە کرابوو و دواتر دوای ٦ ساڵ، دیداری پارێزەران ئەنجام دەدرێت، دەڵێن با هەمووان دڵخۆش بن. با ڕووداوێکی گەورە بێت و هەواڵ بێت. ئەم دۆخە دەهێننە ئەم ئاستە و لە کۆتاییدا دەڵێن هەموو ڕۆشتنێک بۆ ئیمراڵی ڕووداوێکی گەورەیە و کاریگەری لەسەر هەموو لایەک هەیە. ئێوە ئەمە دروست دەکەن. ئەم سیستەمەی کە ئێوە دامەزراندووە، ڕێگا بۆ ئەمە خۆش دەکات. ئایا هیچ لایەنێک هەیە کە تێنەگەیشتبێت؟ ئێمە باسی ئەمە دەکەین؛ هیچ گۆڕانکارییەک لە گۆشەگیری لەسەر ئیمراڵی ڕووی نەداوە و بەردەوامە. بەڵێ، گۆشەگیرییەکە تا ڕادەیەک لاواز بوو. بەم مانایە لە بارودۆخی ئێستادا یاساکان بەشێکی جێبەجێ دەکرێن.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەگەر حەماس پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، دەرگای دۆزەخی بەڕوودا دەکرێتەوە. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس نیوز، ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، "ڕازی بووم دەرفەتێک بە ئاشتی بدەم" بەپێی پلانی ئاشتی 20 خاڵی کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاوە پێشکەشکرا. ناتانیاهۆ پێیوابوو  "ئازادکردنی بارمتەکان و دڵنیابوون لە چەکداماڵینی حەماس و کۆتاییهێنان بە قاچاخچێتی چەک بۆ ناو غەززە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی زۆر گرنگن". هەروەها ناتانیاهۆ هۆشدارییەکەی ترەمپی دووپاتکردەوە کە ئەگەر حەماس پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنەکەوە، "دۆخەکە بە تەواوی دەتەقێتەوە". بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە. ئاژانسی هەواڵی فەرمیی فەڵەستین (وافا) ڕایگەیاندووە، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023وە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 67 هەزار و 252 کەس، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، هاوکات 169 هەزار و 961 کەسی دیکەش بریندار بوون. هێشتا ژمارەیەکی زۆر قوربانی لەژێر داروپەردووەکانیش دا ماونەتەوە. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شەرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتی غەززە بەڕێوەچوو، دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە لووتکەکەدا لە کاتی واژۆ کردنی ئاگربەستەکە گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکردەی چەندان وڵات لێرە ئامادەن بۆ ئەوەی باس لە پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین، هەروەها لە کۆتاییدا دوای زیاتر لە سێ هەزار ساڵ، شەڕی غەززە کۆتایی هات؛ ئاماژەشی دا، ئاگربەستی غەززە زۆر گشتگیرە و باس لە هەموو یاسایەک دەکات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدادو کاندیدی هاوپەیمانی سیادە، لە ناوچەی تارمیە لە باکوری بەغدادی پایتەخت، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقیيەوە و کوژرا. بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو پرۆسەی كوشتنە لەکاتی سەردانێكی مەیدانی مەشهەدانی بۆ تارمیە ڕوویداوەو بە یەكەم  پرۆسەی كوشتن دادەنرێت لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، کە بڕیارە 11ی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت. لاپەڕەكانی نزیك لە هێزە سونییەكان لەبارەی كوشتنی مەشهدانی نوسیویانە، چەند رۆژێک دوای ئەوەی داوای کشانەوەی حەشدی شەعبی كرد لە تارمییە، کاندیدی هاوپەیمانی سەروەری، سەفا مەشهەدانی،  بۆمبێکی لكێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقییەوەو، تیرۆرکرا.

سەرچاوە تایبەتەکان ڕۆژی سێشەممە بە تەلەفزیۆنی سوریایان ڕاگەیاندووە،  ئەحمەد شەرع سەرۆکى کاتى سوریا سبەی چوارشەممەبە سەردانێکی فەرمی گەشت دەکات بۆ ڕوسیاو لەفرۆکەخانەى مۆسکۆی پایتەخت پێشوازى لێدەکرێت. هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزارى سەرچاوەیەکى فەرمى حکومەتى سوریاوە ئاشکرایکردووە، یەکێک لەتەوەرەکانى گفتوگۆى سەردانەکەى مۆسکۆ  لەبارەى بەردەوامى و مانەوەى بنکەى دەریایی ڕوسیایە لەتەرتوس و  بنکه ئاسمانییەکەى روسیایە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، شەرع بەشێوەیەکی فەرمی داوای ئەوەش دەکات کە ڕوسیا بەشار ئەسەد، سەرۆکى لەسەر کارلادراوى پێشووى سوریا دەکاتەوە، کە ئێستا بووەتە هاوپەیمانی ڕوسیاو لەو وڵاتە دەژى، ئامانجى ئەوەیە دواى ڕادەستکردنەوەى ڕووبەڕووی دادگایی بکاتەوە لەسەر ئەوەی کە بە تاوانی دژ بە سورییەکان کارى کردووەو تۆمەتبارى دەیان تاوانە. سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پەیوەندی دۆستانەى لەگەڵ دیمەشق دەپارێزێت. وەزیری دەرەوەى ڕوسیا ئاماژەی بەوەشکرد، دیمەشق داواکاریی خستوەتە ڕوو بۆ ڕاگرتنی دەستوەردانەکانی دەرەکی، لە کاتێکدا هێزە بیانییەکان لەسەر خاکی سوریا ئامادەن بەبێ بانگهێشتی فەرمی لەلایەن حکومەتەوە.  لاڤرۆڤ ئاماژەی بە ئەگەری تەواوکردنی پڕۆژە ئابوورییە هاوبەشەکان کرد کە پێشتر ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، لە هەمان کاتدا بەپێی بارودۆخی نوێ ڕێکدەخرێن. ئەم سەردانە چاوەڕوانکراوە دوای چەند کاتژمێرێک لە لێدوانەکانی شەرع دێت لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی سی بی ئێسی ئەمریکی، کە تیایدا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی ڕێگەی یاسایی بەردەست بەکاردەهێنێت بۆ داوای لێپرسینەوە لە بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوو، بەبێ ئەوەی بچێتە ناو ململانێوە لەگەڵ ڕوسیا کە میوانداری دەکات. لە کۆتایی مانگی ئەیلولی ڕابردوودا، دادوەری لێکۆڵینەوەی دیمەشق تۆفیق ئەلعەلی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی بە غیابی دژی ئەسەد ڕاگەیاند، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ لێپێچینەوەی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی ڕێکخراوی پۆلیسی تاوانکاری نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)ەوە.

تورهان چۆمەن لە پشکی ئیی پارتی، لە پەرلەمان قسەی کرد و بێڕێزیی بەرانبەر عەبدوڵا ئۆجەلان کرد، پەروین بوڵدان بەتوندیی دژی وەستایەوە و گوتی: "هیچ کەسێک ئەو مافەی نییە، بە هیچ جۆرێک بێڕێزییکردنی لەم جۆرە قبووڵ ناکەم". جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پەروین بوڵدان بەتوندی وەڵامی سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی تورهان چۆمەزی دایەوە کە بێڕێزیی بەرانبەر ڕێبەر ئاپۆ کردبوو. پەروین بوڵدان گوتی: "ئەو وتانە ڕەتدەکەمەوە و کەس ئەو مافەی نییە بێڕێزیی لەو جۆرە بکات". سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی تورهان چۆمەز لە پەرلەمان قسەی کرد، تیشکی خستەسەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕاگەیاندنەکان سەبارەت بە "پشتگیرییکردنی ئەرێنی لە پرۆسەکە" و لەم ڕێگەیەوە پەروین بوڵدانی کردە ئامانج. تورهان چۆمەز ئاماژەی کرد بە هاتن و چوونی پەروین بوڵدان بۆ ئیمراڵی، لەمەشەوە پەروین بوڵدانی وەک گەیەنەری پەیامی ڕێبەر ئاپۆ وەسفکرد. تورهان چۆمەز بێڕێزیی بەرانبەر ڕێبەر ئاپۆ کرد، پەروین بوڵدان دەستبەجێ ڕایگرت، پەروین بوڵدان جەختی کردەوە کە ئەم وتانە قبووڵ ناکات و ڕەتی دەکاتەوە، گوتی: "کەس مافی ئەوەی نییە بێڕێزیی لەو جۆرە بکات. هەرگیز ئەم بێڕێزییە قبووڵ ناکەم. ئێوە ناتوانن شتی وەها بڵێن. من گەر کارێ بکەم لەپێناو تورکیا دەیکەم". پاش ئەم مشتومڕە، پەروین بوڵدان ١٥ خولەک ناوبڕی دا بە دانیشتنەکە.