رۆژنامەی "الشرق الاوسط": سیپان حەمۆ، فەرماندە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، پێشنیازی پێکهێنانی ئەنجومەنێکی سەربازی هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی راگوزەر سوریا دەكات وەك هەنگاوی یەکەم بۆ بونیادنانەوەی سوپایەکی نیشتمانی نوێ، کە هەموو سورییەکان لە باوەش بگرێت و لەسەر بنەمای پڕۆژەیەکی گشتگیری دیموکراسی. حەمۆ رایگەیاندووە: تێكەڵاوبون لە سوپای سوریادا ناكرێت بە شێوەیەکی نەریتی یان ناوەندگەرایی ئەنجام بدرێت، بەڵکو دەبێت لە رێگەی پرۆسەیەکەوە بێت کە لەسەر بنەمای دیموکراسی و نا ناوەندی و ئازادی ژنان بێت. ئاماژەی بەوەشداوە، هێزەکانی سوریای دیموكرات چوونە ناو سەپای سوریا رەتناكاتەوە، بەڵكو دەیەوێت لەسەر بنەمایەكی سیاسی و روون بێت و زامنی مافی تەواوی سورییەكان بكات. ئەو سەرکردە سەربازییە باسی لەوەشكردووە: هەسەدە خاوەنی ئەزمونێكی گەورەی سەربازی و سیاسیە كە لە ماوەی ساڵانی شەڕی داعشدا بەدەستهێناوە، ئەوەش وایکردووە ببێتە یاریزانێکی سەرەکی کە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت لە بونیادنانەوەی سوپای نیشتمانی، وتوشەیەتی: ئەو هێزانە توانای خۆیان لە بەڕێوەبردنی شەڕە ستراتیژییەکان و پاراستنی ناوچەیەكی بەرفراوانی سوریا سەلماندووە.
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە گردبوونەوەی ١ـی ئەیلول، ڕۆژی جیهانیی ئاشتی، وتی: ئاشتی لە تورکیا، دەرفەتێکی مێژووییە. بوێر و جددیی بن و هەنگاوبنێن. هەر لەو وتارەیدا ئەوەشدەخاتەڕوو ئەم پرۆسەیە بۆ ئێمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئاشتی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویست ناکات بترسن، دوودڵ بن، یان تەنها دوای بەرژەوەندییەکانی لایەنەکانتان بکەون، بۆیە جارێکی تر دەڵێین، بوێر بن، ڕاستگۆ بن و هەنگاو بنێن. گردبوونەوەی ١ـی ئەیلول لە ئیستەنبوڵ بە بەشداریی هەزاران کەس بەڕێوەچوو. گردبوونەوەکە بە پێشەنگایەتی هێزەکانی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسیی ئیستەنبوڵ لە گۆڕەپانی ڕیتم لە کادکۆی ئیستەنبوڵ بە درووشمی "دیموکراسی و ئاشتی لە بەرانبەر شەڕ و داگیرکارییدا، سەردەکەون"، ئەنجامدرا. چەندین نوێنەری پارتی سیاسی و ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنان و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی گەنجان و سەندیکاکان و کەسانی تر بەشداربوون. درووشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە گۆڕەپانەکەدا دەنگی دایەوە گۆڕەپانەکە بە جۆشێکی مەزنەوە پڕبوو لە جەماوەر، درووشمی "نا بۆ شەڕ، ئاشتی لە ئێستەدا" بەرزکرایەوە و پێداگریی لەسەر ئاشتی نیشاندرا. پۆستەری گەورەی ڕێبەر ئاپۆ هەڵگیرا و وێنەی ساکینە جانسز و جیهان بیلگین و چەندین ژن کە لە تێکۆشانی ئازادیدا شەهیدبوون، بەرزکرایەوە. ژنان بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە بەشداریی گردبوونەوەکەیان کرد، درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە سەرانسەری کادکۆ دەنگی دایەوە. جۆشوخرۆش و هەڵپەڕکێی ژنان و گەنجان تەواوی گۆڕەپانەکەی گرتەوە. گردبوونەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێ کرد، ڕاگەیاندراوی هاوبەشی هێزەکانی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسی بە زمانی کوردی لەلایەن زەینەب یەڵدرم و بە زمانی تورکی لەلایەن نەبیل ساریکایا خوێنرایەوە. 'تاکە ڕێگە تێکۆشانە' زەینەب یڵدرم ئاماژەی بەوەدا کە ناکۆکی و شەڕ دەبنە هۆی هەژاری، چەوسانەوە و کۆچبەری، وتیشی ئەوان دژی هەموو ئەمانە دەجەنگن بۆ ئەوەی هەمووان بە شێوەیەکی یەکسان و دیموکراسی بژین. زەینەب یڵدرم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "نوێترین نموونەی وێرانییەک کە بەهۆی شەڕەوە دروست دەبێت لە فەلەستین ڕوودەدات، جینۆساید لەبەرچاوی جیهان بە ئاشکرا ئەنجام دەدرێت، دامەزراوە نێونەتەوەییەکان هەڵوێستێکی کاریگەر بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی نیشان نادەن، هەروەها لە دراوسێی ئێمە کە سووریایە، حکومەتی کاتی لە هێرش و هەوڵەکانی کۆمەڵکوژی دژی درووز و عەلەوییەکان خۆی دەدزێتەوە، تاکە ڕێگە بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵکوژییەکان لە ناوچەکەمان، تێکۆشانی گەلانە بۆ جیهانێکی یەکسان، دادپەروەر و ئاشتییانە." بوێر و ڕاستگۆ بن، هەنگاو بنێن هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند: "یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان کە دەبێت کۆمیسیۆن چارەسەری بکات، کۆبوونەوەی دەستبەجێیە لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، پێویستە بەپەلە ژینگەیەک دروست بکرێت کە بەڕێز ئۆجالان بتوانێت بە ئازادی خەبات بکات و بژی، وە بتوانێت لەگەڵ کۆمەڵگە کۆبێتەوە، ئێمە هەموو هەوڵ و خەباتی خۆمان لەم بارەیەوە درێژە پێدەدەین، نەک تەنها کۆمیسیۆن، بەڵکو حکومەت، دەوڵەت و ئۆپۆزیسیۆنیش دەبێت زۆر باش لەمە تێبگەن و جێبەجێی بکەن. ئەم پرۆسەیە بۆ ئێمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئاشتی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویست ناکات بترسن، دوودڵ بن، یان تەنها دوای بەرژەوەندییەکانی لایەنەکانتان بکەون، بۆیە جارێکی تر دەڵێین، بوێر بن، ڕاستگۆ بن و هەنگاو بنێن. "دانانی قەیوم قبوڵ ناکەین" شاندی ئێمە پێنجشەممەی ڕابردوو لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان کۆبووەوە، سڵاو و خۆشەویستی بەڕێز ئۆجالان لێرەوە بە ئێوە ڕادەگەیەنم. ئێمە دانانی قەیوم قبوڵ ناکەین، گەورەترین ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە دیموکراسی لەم وڵاتەدا بنیاد بنێین، دەزانین کە ئاشتی بێ دیموکراسی نابێت، و دیموکراسی بێ ئاشتی نابێت، وەرن جارێکی تر بەڵێن بدەین بە هەموو ئەو کەسانەی کە قوربانییان داوە و بە هەموو دایکان، کە ئێمە ئاشتی پێکەوە، شان بە شانی یەکتر دروست بکەین." 'دەمانەوێت هەموو قەدەغەکردن و ئازارێک کۆتایی بێت' دوای ئەم قسانە، ئەندامی دەستپێشخەری دایکانی ئاشتی بەدیعە گۆکیوز ئاماژەی بەوەدا، دایکان شەڕیان ناوێت و وتی: "ساڵانێکە شەڕ هەیە، بەڵام هیچ لایەنێک لەم شەڕەدا سەرنەکەوتووە، ئەمڕۆ ڕۆژی ئاشتییە. نامانەوێت منداڵەکانمان بمرن، ئاشتییەکی شکۆمەندمان دەوێت، وەک دایکانی ئاشتی تا کۆتا دڵۆپی خوێنمان چاوەڕێی ئاشتی دەبین، دەمەوێت ئەمە دووپات بکەمەوە: زمانی ئێمە قەدەغەیە، زمانی خۆمان دەوێت".
بەبۆنەى ڕۆژی جیهانی ئاشتی (یەکى ئەیلول) عەبدوڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند بانگەوازی ئێمە بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراسی، هەنگاوێکی سیاسی ئاسایی نییە؛ هەنگاوێکی ستراتیژی و وەرچەرخانێکی مێژووییە. ئەوەش دەخاتەڕوو بەم بانگەوازە دەرگاکانی سەردەمێکی نوێ، سەردەمێک کە تێیدا شەڕ و کاولکاری بە ژیانێکی ئارام و دیموکراسی دەگۆڕدرێن، چ لە تورکیە و چ لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کراوەن. لە پەیامێکدا کە لە زیندانی ئیمراڵیەوە بڵاویکردووەتەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەواز بۆ چارەسەری ئاشتی و دیموکراتیانە دەکات و بە "هەنگاوێکی ستراتیژی و خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی" ناودەبات. ئۆجەلان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم بانگەوازە تەنیا هیوا نییە، بەڵکو دەبێت بە هەنگاوی جددی و پراکتیکی بونیاد بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان. عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە کە تێیدا داوای چارەسەری ئاشتی و دیموکراسی بۆ کێشەکان دەکات. لە پەیامەکەیدا کە ناونیشانی "بۆ ئەوانەی بۆ ئاشتی و دیموکراسی تێدەکۆشن..."، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە کە بانگەوازی چارەسەری ئاشتی و دیموکراتیانە، "هەنگاوێکی ستراتیژی و خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییە نەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بە گشتی، کە دەرگای قۆناغێکی نوێی ژیانی دیموکراتیانەی لەسەر بنەمای ئاشتی بەدوای شەڕ و کاولکارییەکاندا دەکاتەوە." ئۆجەلان ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمە تەنیا "خواستێک نییە"، بەڵکو "حەقیقەتێکە کە دەبێت بە توانای بەهێز و هەنگاوی کردەیی جدی بونیاد بنرێت." ئەو ڕوونیکردەوە کە ئاشتی ڕاستەقینە تەنیا بە بێدەنگبوونی چەکەکان کۆتایی نایەت، بەڵکو "ئاشتی ڕاستەقینە تەنیا کاتێک مومکینە کە ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەرجەستە ببن." بە بڕوای ئۆجەلان، "ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە تەنیا مافێک نییە بۆ گەلەکەمان، بەڵکو ئەرکێکی سەرەکیشە لە قۆناغی نوێی ئێستاماندا." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان جەختی لەوە کردەوە کە "بە تێکۆشانی گەلەکەمان، بەهاکانی ئاشتی، دیموکراسی و ئازادی بە دڵنیاییەوە ڕەگ دادەکوتن و لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا جێگەی خۆیان دەدۆزنەوە." وتیشی، "ئیتر ئەم وڵاتە دەبێتە نیشتمانی ئەوانەی کە ماف و ئەرکی خۆیان دەبینن لە برەودان بە ژیانی ئاشتیانە و دیموکراتیانە." لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بە بۆنەی یەکی ئەیلوولەوە (ڕۆژی جیهانیی ئاشتی)، ئۆجەلان بانگەوازی گەلانی کرد بۆ ئەوەی "ئەم ئەرکە مێژووییە لە ئەستۆ بگرن و زیاتر لە جاران هەڵمەتی ئاشتی و ئازادی گەشە پێبدەن." ئەو پەیامەکەی بەم وشانە کۆتایی پێهێنا: "بەو بڕوایەوە کە هەمووان جددیەتی ئەم قۆناغە تێدەگەن و بە ڕۆحی ئاشتی و یەکسانی کار دەکەن، سڵاو و خۆشەویستی بێ پایانم ئاراستەی هەمووتان دەکەم." پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیەیە: ئاماژەی بەوەشکردووە، “بۆ ئەوانەی خەبات بۆ ئاشتی و دیموکراسی دەکەن... بانگەوازی ئێمە بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراسی، هەنگاوێکی سیاسی ئاسایی نییە؛ هەنگاوێکی ستراتیژی و وەرچەرخانێکی مێژووییە. بەم بانگەوازە دەرگاکانی سەردەمێکی نوێ، سەردەمێک کە تێیدا شەڕ و کاولکاری بە ژیانێکی ئارام و دیموکراسی دەگۆڕدرێن، چ لە تورکیە و چ لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کراوەن. ئەمە تەنیا ئاواتێک نییە؛ واقیعێکی کۆنکرێتییە کە دەبێت بە ئەگەری بەهێز و هەنگاوی پراکتیکی جددی بنیات بنرێت. چونکە ئاشتی ڕاستەقینە تەنها بێدەنگکردنی چەک یان وەستاندنی ململانێ نییە. ئاشتی ڕاستەقینە تەنها لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا مومکین دەبێت. ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە تەنیا مافێک نییە بۆ گەلەکەمان؛ هەروەها ئەرکێکی بنەڕەتی سەردەمی نوێی پێشەوەیە. بێ گومان لە ڕێگەی خەباتی گەلەکەمانەوە بەهاکانی ئاشتی و دیموکراسی و ئازادی ڕەگ داکوتێت و ڕەنگدانەوەی خۆیان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەدۆزنەوە. لەمەودوا ئەم وڵاتە دەبێتە ماڵی ئەو کەسانەی کە ئاشتی و ژیانێکی دیموکراسی هەم وەک مافی خۆیان و هەم بە ئەرکی خۆیان دەزانن. بەبۆنەی یەکی ئەیلوولەوە داوا لە گەلەکەمان دەکەم ئەم ئەرکە مێژووییە لە باوەش بگرێت و ڕێپێوانی ئاشتی و ئازادی زیاتر فراوانتر بکات. بە خۆشەویستی و ڕێزی بێکۆتایی خۆم سڵاو لە هەمووتان دەکەم، باوەڕم وایە هەمووان لە جددیەتی ئەم قۆناغە تێدەگەن و خۆیان دەپشکنن و بەپێی ڕۆحی ئاشتی مامەڵە دەکەن. عەبدوڵڵا ئۆجەلان "دوورگەی ئیمرالی."
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنى هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بڵاویکردەوە، چالاکییە هێرشبەرییەکانی سوپای تورکیا کە ناوچەکانی پاراستنی میدیا دەکاتە ئامانج و ڕۆژانە بەردەوامە. هەپەگە لە بەیاننامەکەیدا ئەم زانیاریانەی لە بارەی چالاکییەکانی هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیا دژی هێزەکانی گەریلا لە ناوچەکانی پاراستنی مێدیا لە نێوان ٨ بۆ ٣١ی ئابدا بڵاوکردەوە: لە ٨ی ئابدا ناوچەی بەرخۆدانی سێرێ مێتینەی ناوچەی مێتین ٤ جار بە چەکی قورس بۆردومان کرا. — لە ٩ی ئابدا دەستێوەردانێکی تەکنیکی لە دژی داگیرکەران ئەنجامدرا کە دەیانویست شوێنێکی نوێ لە ناوچەی بەرخۆدانی سێرێ مێتینەی ناوچەی مێتینە داگیربکەن و بە چەکی قورس تونێلەکانیان بۆردومان کرد. — ڕۆژی ١١ی ئاب، ناوچەی دێشتە کافیا لە ناوچەی گارێ پێنج جار بە چەکی قورس بۆردومان کرا. — ڕۆژانی 18 و 19ی ئاب، ناوچەی بەرخۆدانی گیرێ بەهار لە ناوچەی شەحید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ سێ جار بە چەکی قورس بۆردومان کرا. — لە نێوان 8 بۆ 31ی ئابدا، لە زاپ، مێتینە، خاکورکێ، گارێ و قەندیل بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدار چالاکی سیخوڕیی چڕ ئەنجامدرا”.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوێنێ هێزەکانی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئەبو عوبێدە وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، بەوتەی ئەو، "چاوەڕوانی ئەنجامەکان دەکەین. تێبینی دەکەم کە ڕاگەیاندنی حەماس کەمێک دواکەوتووە - وادیارە کەسیان نییە باسی بکات، چونکە وتەبێژەکەیان مرد". دوای چوار جار هەوڵی تیرۆرکردنی شکستخواردوو، سەرچاوەیەکی فەلەستینی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەبوعوبەیدە وتەبێژی سەربازی كەتیبەكانی قەسام باڵى سهربازیى حهماس لەهێرشەکەى دوینێ شەودا گیانى لەدەستداوە، ئیسرائیلیش ئاماژەی هەیە کە کوژراوە، بەڵام لەم قۆناغەدا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی کۆتایی نییە، ناتانیاهۆش وەک گاڵتەپێکردنێک دەڵێت: "بۆچی ڕاگەیاندنەکە دواکەوتووە؟ ڕەنگە کەسیان نەمابێت. هاوکات کەناڵی ١٤ى ئیسرائیل لەهەواڵێکى بەپەلەدا دەڵێت لەسەرچاوە دەزگا ئەمنییەکانەوە دوا پشتڕاستکردنەوە ئەوەیە کە ئەبو عوبێدە کوژراوە. شەوى ڕابردوو هێزەکانی سوپاى ئیسرائیل لەڕێگەى چەند فرۆکەو هێرشى ئاسمانیەوە هەوڵیداوە ئەبو عوبەیدە وتەبێژی حەماس لەناوببات. وتەبێژی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە هێرشەکە وتی: ماوەیەکی کەم پێش ئێستا هێزەکانمانبە ڕێبەرایەتی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی هێزی ئاسمانی هێرشیان کردە سەر بینایەک کە پێدەچێت شوێنى مانەوەى بەرپرسێکى باڵاى حەماس بوبێت لە باکوری کەرتی غەززە. کەناڵی حەوتى ئیسرائیل لەزارى چەند بەرپرسێکەوە ئەوەى ئاشکراکردوە ئەگەرێکى زۆرهەیە لەو هێرشەدا ئەبوعوبەیدە، وتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام (باڵى سەربازى حەماس) کوژرابێت یاخود بەسەختى برینداربوبێت. بەگوێرەی زانیارییەکان لە غەززە، لە هێرشەکەدا کە بۆ سەر باڵەخانەی ئەلبەسو ئەنجامدراوە، 8 کەس کوژراون. بەگوێرەی ئەو سەرچاوە فەلەستینییەی کە بۆ تۆڕی قەتەری قسەی کردووە، لە شوقەیەک لە غەززە هێرش کراوەتە سەر ئەبو عوبەیدە و بنەماڵەکەی و سەرکردەکانی باڵی سەربازی حەماس پشتڕاستیان کردووەتەوە کەئەو کوژراوە. لەلایەکى دیکەوە، بنیامین نەتانیاهۆ لەسەر داگیرکردنی شاری غەززە دەڵێت ئێمە بڕیارەکەمان دەرکرد و سوپا جێبەجێی دەکات.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە کابینەی ئەمنی دانیشتنێک ئەنجام بدات بۆ پەسەندکردنی پلانە سەربازییەکان بۆ داگیرکردنی شاری غەززە. ئەو بەرپرسە لە لێدوانەکانیدا بۆ ڕۆژنامەی مەعاریف ڕوونی کردەوە کە کارنامەکە باس لە ڕێککەوتنی گۆڕینەوەی زیندانییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو تەنها پلانی سەربازی لەخۆدەگرێت. هەروەها مەعاریف لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە ڕایگەیاندووە، "هیچ ئاماژەیەک نییە کە حەماس ئامادەبێت تاوتوێی مەرجەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بکات". لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەی کابینەکەدا باس لە سەپاندنی سەروەری بەسەر کەرتی ڕۆژئاوادا دەکرێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ شەپۆلی دانپێدانان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی کە چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو. سەرچاوە پزیشکییەکان باسیان لەوە کردووە کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززە لە بەرەبەیانی دوێنێوە زیاتر لە ٨٥ فەلەستینی کوژراون. هێرشەکانی ڕژێمی ئیسرائیل لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا چڕ بووەتەوە سەر گەڕەکی ئەلریمال و کەمپی پەنابەرانی ئەلشاتی لە ڕۆژئاوای شاری غەززە و جەبەلیە لە باکووری کەرتی غەززە. لەلایەکى دیکەوە ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژە دەمامکدارەکەی کەتیبەکانی عیزەددین قەسام - باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، بەگوێرەی بەشێک لە میدیای ئیسرائیل و ناوچەکە، کراوەتە ئامانج و ئەگەری هەیە کوژرابێت. رۆژی شەممە 30-08-2025، سوپای ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "لە ئەنجامی هێرشێكی ئاسمانی بۆسەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری غەززە لە باکووری کەرتەکە، بەرپرسێكی باڵای چالاکی حەماس بەئامانجگیرا." لە راگەیێندراوەکەیدا، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بە ئەبو عوبەیدە نەکردووە، بەڵام میدیای ئیسرائیلی لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری، دەڵێن، "ئەوەی کوژراوە ئەبو عوبەیدەیە"، کە ناوی راستەقینەی "حوزەیفە سەمیر عەبدوڵڵا کەحلووت"ه.
بڕیارە ئەمڕۆ لە دادگای دووبز، پرۆسەی دادبینی بۆ سێ سکاڵا بکرێت کە لەسەر سێ جووتیاری کورد تۆمار کراون. یەکێک لە سکاڵاکان دژی ئەو جووتیارە کوردەیە کە مانگی شوباتی ئەمساڵ لەلایەن سەربازێکی عێراقی هێرشی کرایە سەر و ویستی بە ملپپێچەکەی ملی لە تراکتۆرەکە بیهێنێتە خوارەوە. محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سنووری سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ وتى، "سکاڵای دژی من لەلایەن فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانەوە تۆمار کراوە، ئەویش لەسەر رووداوەکانی 17ی شوباتی ئەم ساڵ." لە 17ی شوباتی ئەم ساڵ، لەسەر زەوییەکەی خۆی لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، محەممەد ئەمین، جووتیاری کورد لەسەر تراکتۆرەکەی سەربازێکی سوپای عێراق بە ملپێچەکەی رایکێشا، بەڵام نەیتوانی جووتیارەکە بهێنێتە خوارەوە. بڵاوبوونەوەی دیمەنەکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و هاوسۆزی بۆ جووتیارە کوردەکە دروستبوو. محەممەد ئەمین دەڵێت، "سەربازەکان بە پەلاماردان ویستیان لەسەر تراکتۆرەکەم رامکێشنە خوارەوە، ئێستاش دەیانەوێت لە رێگەی دادگەوە سزام بدەن." سکاڵای دووەم کە هەر ئەمڕۆ لە دادگەی دوبز دادبینیی بۆ دەکرێت لەلایەن عەرەبێکی هاوردەوە بە ناوی ساڵح مشوت، دژی جووتیاری کورد دەشتی خەلیل تۆمارکراوە لە گوندی پەلکانە. لە ساڵی 2017ـەوە دووبارە کێشە لەنێوان جووتیارە کوردەکانی گوندەکانی (شەناغە و سەرگەڕان و پەڵکانە و چەند گوندێکی دیکە) و عەرەبی هاوردە سەریهەڵداوە. چەندین جار ڕووبەڕووبونەوە دروست بووە و ئێستاش لە ڕێگای دادگاوە کێشە بۆ جووتیارانی کوردی ئەم گوندانە دروست دەکەن. مانگی یەکی ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق دەنگی دا لەسەر پڕۆژە یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، ئەم پڕۆژە یاسایە لە 13ـی شوبات لەلایەن سەرۆککۆماری عێراق واژۆی لەسەر کراوە و ڕۆژی 18ـی شوبات لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنێکی ئەمنییان لە حەسەکە راگەیاند و 51 داواکراوی سەر بە داعشیان دەستگیرکردووە. لە راگەیەندراوێکدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، زیاتر لە سێ هەزار شەڕڤانی ژن و پیاو بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنەکەدا کردووە، کە لەژێر ناوی "ئاسایشی هەمیشەیی گەلاندا" بەڕێوەچوو و نزیکەی 14 کاتژمێری خایاند. ئەوەشیان خستووەتەڕوو، هێزەکانیان سەرکەوتوو بوون لە گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی ئۆپراسیۆنەکە، بە دەستگیرکردنی 51 داواکراوی سەر بە داعش، کە بەشداربوون لە هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی سڤیل و ناوەندە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان. دەشڵێت، توانیویانە چەند تۆڕێکی مەترسیدار هەڵوەشێننەوە، کە پلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر زیندانی سناعە و کامپی هۆل و توانیویانە دەست بەسەر کۆگای چەک و تەقەمەنی و پاڵپشتیی لۆجستی شانەکانی سەر بە داعشدا بگرن. ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئۆپراسیۆنەکە بە مەبەستی رێگریکردن بووە لە هێرشی پێشوەختەی داعش، هاوکات بۆ رێگریکردن بووە لە خۆڕێکخستنەوەی ئەو رێکخراوە، کە هاوکات بووە لەگەڵ جموجۆڵە چڕەکانی داعش لە سەرانسەری سووریا و هەوڵە ئاژاوەگێڕییەکانیان بۆ قۆستنەوەی بۆشایی ئەمنی لە بیابانەکان و ناوخۆی سووریا.
بەشێکى زۆرى میدیا ئیسرائیلیەکان باس لەوەدەکەن سوپاى ئیسرائیل بینایەکى بۆردومانکردوە شوێنى مانەوەى ئەبوعوبەیدە وتەبێژی سەربازی كەتیبەكانی قەسام باڵى سهربازیى حهماس بووە. ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە)، هێزەکانی سوپاى ئیسرائیل لەڕێگەى چەند فرۆکەو هێرشى ئاسمانیەوە هەوڵیداوە ئەبو عوبەیدە وتەبێژی حەماس لەناوببات. وتەبێژی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە هێرشەکە وتی: ماوەیەکی کەم پێش ئێستا هێزەکانمانبە ڕێبەرایەتی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی هێزی ئاسمانی هێرشیان کردە سەر بینایەک کە پێدەچێت شوێنى مانەوەى بەرپرسێکى باڵاى حەماس بوبێت لە باکوری کەرتی غەززە. کەناڵی حەوتى ئیسرائیل لەزارى چەند بەرپرسێکەوە ئەوەى ئاشکراکردوە ئەگەرێکى زۆرهەیە لەو هێرشەدا ئەبوعوبەیدە، وتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام (باڵى سەربازى حەماس) کوژرابێت یاخود بەسەختى برینداربوبێت. بەڵام بزوتنەوەى حەماس هێشتا هیچ زانیاریەکى فەرمى لەسەر ئەو بابەتە نەخستوەتەڕوو. هەرچەندە هێشتا سوپاى ئیسرائیل بەفەرمى ڕاینەگەیاندووە ئایا هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسەکەى حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە سەرکەوتوو بووە یان نا هێشتا ڕوون نییە، بەڵام وتەبێژی IDF ڕوونی کردەوە: "پێش هێرشەکە، هەنگاوی زۆر نراوە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی مەدەنی، لەوانە بەکارهێنانی چەکی ورد و چاودێری ئاسمانی و زانیاریی هەواڵگریی زیادە". بەگوێرەی هەواڵەکان لە غەززە، لە هێرشەکەدا ٨ کەس کوژراون، لە بینای ئەلبەسوو لە شاری غەززە.
فەرماندەی گشتی هێزەکانى سوریا جەختى کردەوە، ئەوان بەهەموو جۆرێک دژی شەڕن، بەڵام ئەوەشی لەدەستیان بێت بۆ پاراستنی ئەزموونەکەیان دەیکەن، بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەن بەڵام هەوڵی خۆبەدوورگرتن لە شەڕ دەدەن. مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت: ڕۆژئاوای کوردستان بۆ هەموو ئەگەرێکی ئاشتی و بەرگریکردن ئامادەیە، بەڵام ئێستا هەموو هەوڵێک دەدەن کێشەکان بەڕێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکەن و خۆیان لە بژاردەی شەڕ بەدووردەگرن. لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەوروپا کرد، ئەوەشی خستەڕوو، "دەبێت هەموومان کە خەبات بۆ دۆزە ڕەواکەمان دەکەین، بۆ هەموو شتێک ئامادە بین بەڵام دەبێت لە هەمان کاتیشدا هەوڵ بدەین بە گفتوگۆ ڕێگریی لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەڕ بکەین". گفتوگۆکانی نێوان ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان و دیمەشق نزیکەی شەش مانگە بەردەوامە و سەرەڕای نێوەندگیری ئەمریکا و فەڕەنسا، بەڵام تائێستا لەسەر چۆنییەتی تێکەڵبوونەوەی هەسەدە و دامەزراوە مەدەنییەکان لەگەڵ سوپا و دامەزراوەکانی حکومەتی سووریا ناکۆکی لە وردەکارییەکان هەیە، بەهۆی گفتوگۆکان نەگەیشتوونەتە ئەنجام. ئاماژەی بەوەشکرد، 14 ساڵ شەڕ بەسە لە سووریا و ئێستا کاتی بونیادنانەوەی سووریایەکی دیموکراسی، لامەرکەزی و هەمەڕەنگە بەجۆرێک تیایدا هەموو پێکهاتەکان پێگەی شایستەی خۆیان هەبێت، ڕێککەوتنی 10ی ئازاریش چوارچێوەیەکی باشە بۆ هەموو گەلان و لەڕێگەیەوە قۆناغ بە قۆناغ هەوڵی چارەسەری سیاسی دەدەن. مەزڵووم عەبدی وتیشی، هیچ گەنجێکی کورد کە چووەتە ئەوروپا لەبەر چێژی تایبەتی خۆی نەڕۆیشتووە بەڵکو بەهۆی ستەم، چەوسانەوە و شەڕ ناچار بووە وڵاتەکەی جێبهێڵێت، بۆیەش داوا لە گەنجانی کورد دەکەن هەمیشە نیشتیمانییانە مامەڵە بکەن و بەهۆکارە گونجاوەکانی بەردەستیان ئەرکی نیشتیمانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
بڕیارە لەچەند هەفتەى داهاتوودا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانێکی فەرمی بۆ عێراق ئەنجام بدات سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەلێت سەردانەکەی ماکرۆن بۆ بەغدا گرنگ دەبێت. بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنساوەو پێگەیشتوەو تێیدا تاوتوێی چەند پرسێكیان كردوە، لەوانە پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵات و بەهێزكردنی هاوبەشی و هەماهەنگی لە تەواوی بوارەكانداو هرەوەها گفتوگۆشیان لەبارەی ئەو پرسانەی ناوچەكەو جیهانەوە كردوە كە جێی بایەخی هەردولان. سودانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا باسی لە هەوڵەكانی حكومەتەكەی كردوە لەبارەی بانگهێشتكردن بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی هەرێم لە بەغدا بۆ تاوتوێكردنی پرسەكانی ناوچەكەو جەختیشی لە گرنگی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی ماكرۆن بۆ بەغدا كردۆتەوە و پێزانینی عێراقی بۆ هەڵویستی فەرەنسا لەبارەی دۆزی فەلەستین دەربڕیوە. سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیشی كردۆتەوە كە عێراق سەرنجی لە پەرەپێدانی ئابورییە بە گێڕانی رۆڵێكی بونیادنەر لە ناوچەكەو هۆشداریشی داوە لە مەترسییەكانی هەڵایسانی شەڕێكی نوێ لە ناوچەكە و جەختی كردۆتەوە كە بەغدا ئامادەیە بۆ كاركردن لەگەڵ فەرەنساو تەواوی هاوبەشەكانی لەنێویاندا ئێران ئەمریكا بۆ خۆبەدورگرتن لە شەڕێكی نوێ و عێراقیش هەر هەنگاوێكی پێویست دەگرێتە بەر بۆ بەرژوەندی خۆی و بە ئامانجی رێگری لە شەڕ لەڕێگەی گفتوگۆی بونیادنەرانە لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەكان. لای خۆیشییەوە ماكرۆن جەختی لەوە كردۆتەوە كە فەرەنسا شانازی بە قوڵی پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان هەردو وڵاتەوە دەكات و خواستی خۆیشی بۆ بەردەوامی پشتیوانیكردنی عێراق دەربڕیوەو هیواشی خواستوە سەردانە چاوەڕوانكردنەوەكەی بۆ بەغدا ئامانجەكانی بەدیبهێنێت.
سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ بژاردەی شەڕدا نین بەڵام ترسیشیان لە شەڕ نییە. دەشڵێت، ئەمریكاو ئیسرائیل دەیانەوێت ئێران دابەش بكەن و لەناوی ببەن. لە گفتوگۆیەكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ سێ میدیاكاری وڵاتەكەی مەسعود پزیشكییان، سەرۆك كۆماری ئێران، رایگەیاند: ئێمە جەنگمان ناوێت، بەڵام ئەگەر بیانەوێت هێرش و دەستدرێژی بكەن، بەوپەڕی هێزە لەبەرامبەریان دەوەستین. وتیشی، ئێمە جەنگمان ناوێت، ئەمەشمان لە یەكەم رۆژەوە وتوە، بەڵام ترسیشمان لە جەنگ نییە. ئێمە هەوڵی ئەوە ئەدەین كە جەنگ رو نەدات، بەڵام ئەمریكاو ئیسرائیل دەیانەوێت ئێران دابەش بكەن و لەناوی ببەن، بەڵام هیچ ئێرانییەك نایەوێت وڵاتەكەی دابەش بكرێت و یاخود بە سەرشۆڕی تەسلیم ببێت. لەبارەی بڕیاری ئەڵمانیا و بەریتانیاو فەرەنسا بۆ كاراكردنی سناپ باك و سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئێراندا پزیشكیان وتی، ترسی من لە سناپ باك یاخود هەڕەشە دەرەكییەكان نییە، بەڵكو لە ناكۆكییەكانی ناوخۆ دەترسم، ترسم لەو كەلێنە نێوخۆیی و ئەو كێشمەكێشانەیە كە هەندێك جار لەسەر بابەتی لاوەكی لەناوخۆ دروست دەبن، دوژمنانیش چاویان لەسەر ئەم ناكۆكییانەیە.
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) زنجیرەیەک چالاکی و گردبوونەوەی جەماوەری لە دوو رۆژی داهاتوودا لە 20 شاری باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجام دەدات. (دەم پارتی)، جەخت لە پاراستنی پرۆسەی ئاشتی لە هەر هەوڵێکی قۆستنەوەی سیاسی ناوخۆیی یان لادان لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی دەكاتەوە. دەم پارتی، لە بەیاننامەکەدا رایگەیاندووە:هەنگاوەکان بەرەو چارەسەری دیموکراسی نابێت تەنها لە کاری لیژنە پەرلەمانییەكەدا كورت بكرێتەوە، بەڵکو پێویستی بە بەشداریی فراوانی دامەزراوە جیاوازەکان هەیە، لە پێشیانەوە، رێکخراوەکانی پارێزەران، لە ڕێگەی پێشنیازەکانی پەیوەست بە دادپەروەری راگوزەرو بەهێزکردنی ئازادی رادەربڕین و، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و، پێداچوونەوە بە چەمکی هاوڵاتیبون لەسەر بنەمای یەکسانی و گشتگیری. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: ئەم نزیكبونەوانە نمایندەی بەهایەکی مێژوویی دەکەن کە دیدگای ئەمنی بۆ پرسی کورد تێدەپەڕێنێت و هەوڵدەدات رەگ و ریشەی کێشەکە چارەسەر بکات و، ژینگەیەکی لەبار بۆ چارەسەرێکی هەمەلایەنەی دیموکراسی دروست بکات. راشیدەگەیەنێت: دانیشتنەکانی ئەم دواییەی لیژنەكەی پەرلەمان بەشدارییان کردووە لە چەسپاندنی گوتارێک کە لەسەر بنەمای دیالۆگ و گەڕان بەدوای چارەسەرەکاندا بێت، جەختیش دەكاتەوە، جیاوازییەكانی کۆمەڵگا سەرچاوەی دەوڵەمەندی و بەهێزین و، زمانی خەڵک دەبێ پردی ئاشتی بن نەک ئامرازی دابەشبوون.
سوپاى ئیسرائیل لەشەوى ڕابردوەوە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە چڕتر کردوەتەوە، میدیاکانی ئیسرائیلیش هەندێک وردەکاری لەبارەی "ڕووداوێکی سەختی ئەمنی" ئاشکرا دەکەن. میدیاکانی ئیسرائیل هەواڵی کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی ١١ی دیکەیان بە سەختی بڵاوکردەوە. هەروەها باس لەوەدەکەن لەو هێرشانەدا بۆسەر گەرەکى زەیتون لە غەززە چوار سەربازی دیکە بێسەروشوێنن و سوپای ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە کە ڕەنگە لەلایەن حەماسەوە بەدیل گیرابن، ئەم ڕووداوەش بە یەکێک لە سەختترین ڕووداوەکان دوای هیرشەکانى ٧ى ئۆکتۆبەر دادەنرێت. میدیاکان دەڵێن یەکێک لە ڕووداوە ئەمنییەکان لە غەززە تەقاندنەوەی بۆمبێکی چێندراو بووە کە ئۆتۆمبێلێکی " نەمر "ی کردە ئامانج و بەهۆیەوە حەوت سەرباز برینداربوون، کە باری تەندروستی سێ سەربازییان ناجێگیرە. لەلایەکى دیکەوە، کەناڵی 12 بڵاویکردەوە، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی، دەکرا هەر لە هەفتەی ڕابردوودا بارمتە زیندووەکان لەناو ماڵەکەدا بوونایە و لەبری ئەوە حکومەت و کابینەکە بڕیاریانداوە کە بەرەو داگیرکردنی غەززە هەنگاو بنێن. ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە و بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەش هەموو بەرپرسانی دامەزراوەی بەرگری پلانیان هەیە بەرەیەکی یەکگرتوو بخەنەڕوو کە بەپێی ئەو بەرەیە دەبێت ئێستا ڕێککەوتنی بارمتەکردن بەرەوپێش ببرێت پێش ئەوەی بچنە داگیرکردنی غەززە. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئیسرائیل هیچ گفتوگۆیەکی لەسەر پێشنیاری ئاگربەست ئەنجام نەداوە کە حەماس زیاتر لە هەفتەیەک لەمەوبەر لەسەری ڕازی بووە. وتەبێژی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، ئەبو عوبێدە، هەڕەشەی کرد کە "پلانی تاوانکاریی دوژمن بۆ داگیرکردنی غەززە دەبێتە کارەسات بۆ سەرکردایەتی سیاسی و سەربازییەکەی. سوپاى ئیسرائیل بە خوێنی سەربازەکانی باجەکەی دەدات، هەروەها ئەگەری ڕفاندنی سەربازی زیادە زیاتر دەبێت". ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕڤانانمان لە ئامادەباشیدان و ئامادەن و ورەیان بەرزە، نموونەی ناوازەی قارەمانێتی و بوێری دەخەنەڕوو، وانەی سەختیش فێری داگیرکەران دەکەن. گوتیشی: "ناتانیاهۆ تاوانباری جەنگ و وەزیرەکانی بە ئەنقەست بڕیاریاندا نیوەی ژمارەی بارمتە زیندووەکانی دوژمن کەمبکەنەوە، هەروەها زۆربەی تەرمی کەوتووەکان بۆ هەمیشە دیارنەماون"، دەشڵێت: سوپای دوژمن و حکومەتە تیرۆریستییەکەی بەرپرسیارێتی تەواویان لە ئەستۆ دەگرن. ئەبو عوبەیدە بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە حەماس هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پاراستنی بارمتەکان و هۆشداریشیدا لەوەی "لە ناوچەکانی شەڕ و ململانێدا لەگەڵ شەڕڤانانمان پێکەوە دەبن، لە هەمان هەلومەرجی مەترسیدار و هەمان بارودۆخی ژیانی هاوشێوەدا". گەڕەکی زەیتون و سابرا شاهیدی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆن بوون لەلایەن چەکدارانى حەماسەوە کە بە بۆسەیەکیان دانابوو بەوهۆیەوە سەربازێکى ئیسرائیل کوژر، بەگوێرەی میدیا ئیسرائیلییەکان، کە پشتڕاستیان کردەوە کە سوپای ئیسرائیل بەناو "پرۆتۆکۆلی هانیباڵ" چالاک کردووە بۆ کوشتنی هەر سەربازێک پێش ئەوەی بگیرێت. هێلیکۆپتەرەکانی چۆڵکردن کەوتوونەتە بەر هێرشى سەخت و تەقەی قورس و پێدەچێت هێزەکانی فیرقەی ١٦٢ و لیوای ٤٠١ لە گەڕەکی زەیتون لە ڕۆژهەڵاتی غەززە بۆسەیان بۆ دابنرێت. سوپا دەستیکردووە بە کشانەوەی سەربازەکانی لە گەڕەکی زەیتون و گەڕاندنەوەیان بۆ سەربازگەکانیان، هاوکات سانسۆری سەربازی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوە لەسەر ئەوەی بەسەر ئەو چوار سەربازەدا هاتووە لە گەڕەکی زەیتون، سەپاندووە. وتەبێژی سەربازی لیواکانی قەسام، ئەبو عوبێدە ، ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەوەی بە وەزیرە نازییەکانی وەسفی کردووە، بە ئیرادە بڕیاریانداوە ژمارەی زیندانییە زیندووەکانیان بۆ نیوە کەمبکەنەوە. هەروەها بڕیاریان داوە کە زۆربەی تەرمی زیندانییە مردووەکانیان بۆ هەمیشە ون بێت.
نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە سوریا دەڵێت، هەسەدە بەشێك نییە لە پەكەكە و هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەمریكایە و پاڵپشتی گفتوگۆی مەزڵوم كۆبانێ و هاكان فیدانیش دەكەن. تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا رایگەیاند، گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا و لێپرسراوانی تری ئەو وڵاتە هەیە و وەك ئەمریكاش پاڵپشتی ئەو گفتوگۆیانە دەكەن. وتیشی، توركیا هاوپەیمانێكی سوریایە، بەڵام روبەڕوی پەكەكە و هەسەدە دەبێتەوە، هەسەدەش لە شەڕی دژی داعشەوە هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەمریكایە و ئەو ئاڵۆزییەش سەرئێشە بۆ ئەمریكا دروست دەكات. باراك ئاماژەی بەوەشكرد، پەیوەندی و ململانێی توركیا و هێزە كوردییەكانی سوریا سەرەڕای ململانێ و ناكۆكی قوڵی نێوانیان، بەڵام دەرخەری ئەو راستییەیە كە هەموو ئەگەرێكی گفتوگۆ كراوەیە بۆئەوەی خوێنی زیاتر نەڕژێت. دەشڵێت، ئەحمەد شەرع كێشەی ناوخۆیی گەورەی هەیە و دروزەكان و كورد و عەلەویەكانیش خاكیان دەوێت، لە كاتێكدا ئەو سورە لەسەر حكومەتێكی ناوەندیی لە سوریا.
