هاوڵاتى ڕێکخراوى په‌یامنێرانی بێسنور ڕاپۆرتى ساڵانه‌ى خۆى له‌سه‌ر ئازادى کاری ڕاگه‌یاندن له‌سه‌رانسه‌رى جیهاندا بڵاوکردۆته‌وه‌و له‌باره‌ی ڕه‌وشی ڕۆژنامه‌وانی‌و ئازادی ڕاده‌بڕین له‌هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێت: "هیچ سنورێک بۆ سزادانى ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ نییه‌ که‌ ڕه‌خنه‌ له‌بنه‌ماڵه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ده‌گرن." ڕاپۆرته‌که‌ ئاماژه‌ به‌ ڕه‌وشى ئازادى ڕۆژنامه‌وانی له‌ 180 وڵاتانى جیهان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ %73ی وڵاتانى جیهان کێشه‌ى گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ ئازادى میدیادا هه‌یه‌. ڕاپۆر‌ته‌که‌ به‌مشێوه‌یه‌ باسی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات که‌ "له‌هه‌رێمى کوردستانى نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆى باکورى عێراقدا، وا دیاره‌ هیچ سنورێک بۆ سزادانى ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ نییه‌ که‌ ڕه‌خنه‌ له‌بنه‌ماڵه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ده‌گرن". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌" ڕۆژنامه‌نوسان زیندانیى ده‌کرێن به‌تۆمه‌ته‌کانى سیخوڕیکردن یان ئاسایشى وڵات خستنه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و دانپێدانانه‌ی له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ یان هه‌ڕه‌شه‌ وه‌رگیراون. هه‌ندێک له‌ڕۆژنامه‌نوسانى هه‌رێم له‌دۆخى ناڕوندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌و گومانه‌ى که‌ ده‌سه‌ڵات به‌رپرسیاربووه‌ له‌مردنیان، دوپات بۆته‌وه‌ به‌هۆى نه‌بونى هیچ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کى جدى له‌سه‌ر مردنیان." ماوه‌ى چه‌ند مانگێکه‌ چه‌ند رۆژنامه‌نوسێک له‌بادینان به‌"تۆمه‌تى سیخورى و تێکدانى ئاسایش" سزاى شه‌ش ساڵ زیندانى کردنیان بۆ ده‌رکراوه‌ن سه‌ره‌راى هه‌وڵه‌ ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ پێداچونه‌وه‌ به‌بڕیارى سزادانیاندا، به‌ڵام تائێستا دادگاى پێداچونه‌وه‌ بڕیارى له‌سه‌ر نه‌داوه‌. هاوکات سه‌باره‌ت به‌عێراق، ڕێکخراوى په‌یامنێرانی بێسنور ڕایگه‌یاندووه‌، ڕۆژنامه‌نوسانى عێراق ژیانى خۆیان ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ کاتێک ڕوماڵى خۆپیشاندانه‌کان ده‌که‌ن یان لێکۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌نده‌ڵى ده‌که‌ن. ئه‌و مه‌ترسییانه‌ له‌مانگى 10 ساڵى 2019 و له‌کاتی خۆپیشاندانه‌کانى دژه‌ حکومه‌ت زیاتر بووه‌. هاوکات ئه‌وه‌ش دووپاتده‌کاته‌وه‌ که‌" ئه‌و ڕۆژنامه‌وانانه‌ى ده‌وێرن ڕاپۆرت له‌سه‌ر داواکارى خۆپیشانده‌ران بکه‌ن ده‌بنه‌ ئامانجى هه‌راسانکردن، ڕفاندن، هێرشى جه‌سته‌ییو ته‌نانه‌ت کوشتنیش له‌لایه‌ن چه‌کداره‌ نه‌ناسراوه‌کانه‌وه‌." "هه‌ڕه‌شه‌کان له‌هه‌مولایه‌که‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ڕێگریى بکرێت له‌ڕۆژنامه‌نوسان تا لێکۆڵینه‌وه‌ بکه‌ن یان ڕاپۆرت له‌سه‌ر ئه‌نجامى لێکۆڵینه‌وه‌کانیان بڵاوبکه‌نه‌وه‌. ناوهێنانى که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌کان یان ئاینییه‌کان بابه‌تێکه‌ که‌ ده‌ستى بۆنابرێت‌و ده‌شێت ببێته‌ هۆى دادگاییکردن‌و داخستنى ده‌زگاى ڕاگه‌یاندن به‌بیانوی بێ ڕێزیکردن به‌(سیمبوله‌ نیشمانى یان ئاینییه‌کانه‌وه‌"، راپۆرته‌که‌ى رێکخراوى بێسنور وا ده‌ڵێت. ڕێکخراوى په‌یامنێرانی بێسنور وڵاتانی جیهانی به‌سه‌ر پێنج پله‌دا دابه‌شکردووه، تایبه‌ت ‌به‌ئازادی ڕاده‌ربڕین‌و کاری ڕۆژنامه‌وانی، به‌مشێوه‌یه‌: وڵاته‌ زۆر باشه‌کان، باشه‌کان، خراپه‌کان، زۆر خراپه‌کان‌و هه‌ره‌ خراپترینه‌کان. پێنج باشترین وڵاتى جیهان له‌ڕوى ئازادى ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ ئه‌م وڵاتانه‌ن: نه‌رویج که‌ به‌پله‌ى یه‌که‌م هاتووه‌و پاش ئه‌وه‌یش فینلاند، سوید، دانیمارک‌و کۆستاریکا. پێنج هه‌ره‌ خراپترین وڵاتیش بریتیه‌ له‌: ئه‌ریتیریا که‌ به‌پله‌ى 180هه‌مین هاتووه‌ پێش ئه‌وه‌شى کۆریاى باکور، تورکمانستان، چین‌و جیبۆتی. ئێران‌و سوریاو عێراقیش ده‌که‌ونه‌ خانه‌ى وڵاته‌ هه‌ره‌ خراپه‌کان بۆ ئازادى ڕاگه‌یاندن، ئێران له‌پله‌ى 174هه‌مین وڵاتدایه‌ سوریا 173و عێراقیش 163.  

هاوڵاتی كەمال كڵیچدار ئۆغلۆ، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری توركیا (جەهەپە) ئاشكرای كرد ئەگەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان پشتگیری بكەن ئەوا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی بەرانبەر ئەردۆغان خۆی كاندید دەكات، بەڵام هێشتا هەدەپە خۆی یەكلایینەكردووەتەوە هەرچەندە سەڵاحەدین دەمیرتاش لەزیندانەوە داوای كردووە پشتگیریی بكرێت. بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیاو پەرلەمان لەساڵی 2023دا بەڕێوە بچێت، بەڵام خراپیی دۆخی ئابووری و فشاری پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان وایكردووە، لەمانگی نیسانی 2022دا توركیا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدات. هەریەكە لەپارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی (جەهەبە، باش، هەدەپە) چەندین پارتی دیكەی وەك پارتی ئایندەی ئەحمەد داود ئۆغلۆو پارتەكەی عەلی باباجان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن، بەڵام ئاكپارتی بەسەرۆكایەتی ئەردۆغان و مەهەپە بەسەرۆكایەتی دەوڵەت باغچەلی كە هاوپەیمانن لەحكومەتدا نایانەوێت لەئێستادا هەڵبژاردن بكرێت. ‌دوای ئەوەی دادگای دەستووریی توركیا لەدووەم كۆبوونەوەیدا سكاڵانامەی داخستنی هەدەپەی تاووتوێكردەوە، بەڵام چەندین تێبینی دیكەی تۆماركرد و (14) بڕگەش دیاریكران كەكەموكورتییان تێدایەو رایگەیاند، ئەو بڕگانە پێویستیان بەبەڵگەی پێویستە. لەماوەی رابردوودا پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) فشاری زۆری لەسەر پارتەكەی ئەردۆغانی هاوپەیمانی كردووە بۆ داخستنی هەدەپە ، بەڵام ئەمە دووەمینجارە شكست دەهێنن. پارتی دیموكراتی گەلان - هەدەپە سێیەمین گەورە فراكسیۆنی پەرلەمانی توركیایەو لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا كەساڵی 2018 بەڕێوەچوو، 11.7%ی دەنگەكانی بردەوەو لەكۆی (600) كورسیی پەرلەمان، (67) كورسیی بەدەستهێنا. هەدەپە متمانە لە سێ پەرلەمانتاری وەرگیرایەوەو ژمارەیەك پەرلەمانتاریش لەفراكسیۆنەكە دەرچوون و لەئێستا خاوەن (57) كورسیی پەرلەمانین. مامەڵەكانی پارتی دادو گەشەپێدان بەسەرۆكایەتی ئەردۆغان بەرانبەر پەرلەمانتارانی (هەدەپە) و (جەهەپە) كە هەزارو (217) دۆسیەی لەسەر پەرلەمانتاران كراونەتەوەو لەو ژمارەیە (919) دۆسیەی لەسەر پەرلەمانتارانی هەدەپە بووە. هەدەپە فشارێكی زۆری لەلایەن ئەردۆغانەوە خراوەتەسەر كەزیاتر لە (20) هەزار ئەندام و لایەنگرو سەرۆك شارەوانی و پەرلەمانتاری كردووەتە زیندانەكانەوە، ئەوەش پەیوەندییەكانیانی بەتەواوی تێكداوە. بۆ یەكەمجارە كەمال كڵیچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (CHP) كەگەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە رایگەیاند:» ئەگەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان لەهەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا پێیان باش بێت خۆی كاندید دەكات و دەبێتە ركابەری ئەردۆغان». دوای قسەكانی كڵیچدار ئۆغلۆ، یەكەم سەركردەی ئۆپۆزسیۆن، مەراڵ ئاكشنەر سەرۆكی پارتی باش، رەزامەندیی نیشاندا كە ئەوان رازیین كڵیچدارئۆغلۆ ببێتە كاندیدی هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان. كڵیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی جەهەپە قسەكانی زیاتر روو لەدەنگی كوردو هەدەپە بوو بەو پێیەی زیاتر لە (20) ملیۆن دەنگدەری كورد لەو وڵاتەدان و زیاتر لە (11) ملیۆن دەنگدەری كوردی تێدایە. ئەگەر پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) و دەنگدەری كورد پشتگیری لەكاندیدی ئۆپۆزسیۆن نەكەن، ناتوانن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا لەسەر كورسیی سەرۆكایەتیی كۆمار لاببەن. زۆربەی پێشبینییەكان وای بۆ دەچن، ئەگەر هەدەپەو دەنگدەری كورد، پشتگیری لەهەر كاندیدێكی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا بكەن، ئەو كاندیدە سەركەوتنی مسۆگەرە. هاوپەیمانی بۆ سەرخستنی كڵیچدار ئۆغلۆ بەرانبەر بەئەردۆغان ئەگەرێكی زۆری هەیە، بەو پێیەی لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019دا هەدەپە كاندیدی بۆ سەرۆكی شارەوانیی (ئیستەنبۆڵ، ئەنقەرە، ئەدەنا، مێرسین و ئەنتاڵیا) نەبوو و پشتگیریی لەكاندیدی ئۆپۆزسیۆن كرد، بۆیە هەر پێنج شارەوانی كەوتە دەستی ئۆپۆزسیۆن و لەدەست پارتی دادو گەشەپێدان (ئەكەپە)دا نەمایەوە. لەئێستادا هەموو چاوەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار روو لەهەدەپەیە كەدەتوانێت هاوكێشەی سیاسییەكان بگۆڕێت. سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە هەدەپە هاوكێشەی سیاسی یەكلاییدەكاتەوە. دەمیرتاش وتیشی:» دەبێت هەدەپە قازانجی خۆی بزانێت و پشگتیری دیموكراسی بكات و لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا بێت». ئەردۆغان لە 2015وە تائێستا بەهۆی هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپە دەنگدەری كوردی زۆری لەدەستداوە لەباكوری كوردستان و لەئێستادا دەیەوێت لەڕێگەی جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەكەوە چاوەكانی بخاتەوە سەر دەنگی گەلی كورد. ئەوەی كە لەمیدیاكانی نزیك لە AKP ەوە باس دەكرێت، لەداهاتوویەكی نزیكدا ئەردۆغان سەردانی باكووری كوردستان دەكات و میتینگێكی گەورە ئەنجامدەدات، پاشان لەگەڵ هاووڵاتییاندا كۆدەبێتەوە و چەند بەڵێنێكیان پێ ەدات، كە گرنگترینیان ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژییەو لەوە زیاتر ناتوانێت لەسەر چارەسەركردنی كێشەی كورد بوەستێتەوە، چونكە ترسی هەیە MHP لەهاوپەیمانی لەگەڵ  AKP بكشێتەوە. لەهەموو هەڵبژاردنێكی توركیا دەنگدەری كورد ئەوەندە گرنگ بووە، ئەنجامی هەڵبژاردنی گۆڕیوەو كێی ویستبێت هێناویەتییە سەر كورسیی دەسەڵات، بەڵام هیچ كاتێك دەنگدەری كورد نەیتوانیوە ستراتیژییەتی سیاسیی خۆی و بەرژەوەندیی كورد بەسەر كەسی براوەدا بسەپێنێت. لەمیانی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمی كردنەوەی پردی حەسكێف دوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا وتارێكی پێشكەشكردو رایگەیاند:»ئەم پردە پەیوەندیی نێوان باتمان، ماردین و دەروازەی خابوور [لەنزیك ئیبراهیم خەلیل] دروستدەكات و كاریگەر دەبێت لەسەر بازرگانیی ناوچەكەمان.  هەروەها راشیگەیاند:»وەڵامی حكومەت بۆ ئەوانە پێشكەشكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی زیاترە،  چونكە لە ماوەی (19) ساڵی رابردوودا، هەر هەنگاوێكمان ناوە بۆ نەهێشتنی جیاوازیی پێشكەوتن لەنێوان شارەكانماندا».  ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەو پرۆژانە كردەوە كە لەباكووری كوردستان پێشكەش دەكرێن، ئاماژەی بەوە كرد «هەوڵدەدەین تەواوی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە رۆژئاوای توركیا هەن بگوازینەوە بۆ رۆژهەڵاتی وڵاتەكەمان، سەركەوتوو بووین لەوەی ئەم خزمەتگوزارییەیان بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.»  هاوكات سەرۆك كۆماری توركیا ئاماژەی بەوەكرد، لەماوەی (19) ساڵی رابردوودا بەئەندازەی مێژووی كۆماری توركیا، كاری وەبەرهێنانیان كردووە و لەخزمەتگوزارییەكانی كەرتی هاتووچۆو گەیاندندا ژمارەی پێوانەییان تۆماركردووە. سەرۆكی مەهەپە كاریگەرییەكانی لەسەر حكومەت زۆر فراوانترە لە رێژەی دەنگی پارتەكەی كە لەدوایین هەڵبژاردنە گشتییەكانی ساڵی 2018دا 11%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە دەڵێت: «مێژوومان دیارە، ئەویش ئیتیفاقی جمهورە، كاندیدمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆمار لە 2023دا دیارە، ئەو ناوە بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغانە».  لەوانەیە ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیاو سەرۆكی گشتیی ئاكپارتی، لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستی بەپاڵپشتیی مەهەپەكەی باخچەلی بێت بۆئەوەی بتوانێت لەهەڵبژاردنە گشتییەكانی داهاتوودا وادەی فەرمانڕەوایی خۆی جارێكی دیكە درێژبكاتەوە، بەڵام دڵیشی لەلای كوردانی باكورە تاپشتیوانی بكەن.  یاشار یڵدرم، یاریدەدەری سەرۆكی مەهەپە رایگەیاند:»ئێمە پرەنسیپێكی سەرەكیمان هەیە، سەرەتا وڵاتەكەم، دواتر پارتەكەم و دواتریش خۆم، لەئیتیفاقی جمهوریشدا بەهەمان شێوەیە، سەرەتا توركیا، دوای ئەوە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و دواتریش دەوڵەت باخچەلی»

هاوڵاتى وته‌بێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى ھه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق رایگه‌یاند، دواى په‌سه‌ندکردنى کاندیدکراوان بۆ ھه‌ڵبژاردنى داھاتوى په‌رله‌مانى عێراق بانگه‌شه‌ى ھه‌ڵبژاردن ئه‌نجامده‌ده‌رێت. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ى نیسانى 2021، جومانه‌ غه‌ڵاى وته‌بێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى ھه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق، له‌ لێدوانێکى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند:" دواى په‌سه‌ندکردنى کاندیدکراوان بۆ ھه‌ڵبژاردنى داھاتوى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بانگه‌شه‌ى ھه‌ڵبژاردن ئه‌نجامده‌ده‌رێت، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ى ھه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشوه‌ که‌ بانگه‌شه‌ى ھه‌ڵبژاردن به‌رله‌ مانگێک له‌ به‌ڕێوه‌چونى پڕۆسه‌که‌ ئه‌نجام ده‌درا". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ھه‌مانگى باشمان دروستکردوه‌ که‌ له‌ کاتى بانگه‌شه‌ى ھه‌ڵبژاردندا زیان به‌ دامه‌زراوه‌کانى گشتیى نه‌گه‌یه‌ندرێت".  هاوکات، وته‌بێژه‌که‌ى کۆمسیۆن ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران سیسته‌مێکى سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تى ئه‌نجامدانى بانگه‌شه‌ى ھه‌ڵبژاردن دیاریکردوه‌ که‌ له‌ داھاتودا بڕیار له‌سه‌ر میکانیزم و رێکخستنى پڕۆسه‌که‌ ده‌دات". بڕیاره‌ ھه‌ڵبژاردنى پێشوخته‌ى په‌رله‌مانى عێراق له‌ 10 ى  مانگى (تشرینى یه‌که‌م/10)ى ئه‌مساڵ ئه‌نجامبدرێت و تیایدا 25139375 ملیۆن و 139 هه‌زارو 375 ده‌نگده‌ر مافى به‌شدارییکردنیان له‌ پڕۆسه‌که‌دا ده‌بێت.  

هاوڵاتی زیاتر لە 400 دادوەر و داواكاری گشتی ھەرێمی كوردستان لە نوسراوێكدا بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێن، بڕینی 50%ی مووچەكانیان ھاوشێوەی پلە تایبەتەكان كاریگەری لەسەر بژێوی ژیانیان دروستكردووەو داوا دەكەن مووچەی تەواوەتیان پێبدرێت. ئەنجومەنی دادوەری ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 20 نیسانی 2021، لە نوسراوەكەیدا رایگەیاند" دادوەران و داواكارانی گشتی ئەركێكی قورس و ھەستیار لەسەر شانیانەو بەھۆی جێبەجێكردنی ئەركەكانیان مەترسییەكی زۆر لەسەر ژیانیان ھەیە، بڕینی 50%ی مووچەكانیشیان ھاوشێوەی پلە تایبەتەكان بووەتە مایەی نیگەرانی دادوەران و داواكارانی گشتی و رۆژانە لەسەر ئەو بابەتە داواكارییەكانیان بەرزدەكەنەوە، لەبەرئەوەی وەكو پلە تایبەت مامەڵەیان لەگەڵ كراوە. ئەنجومەنی دادوەری داوای لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كردووە چاو بە بڕیاری لێبڕینی مووچەی  408 دادوەر و داواكاری گشتی بخشێنرێتەوە بەو پێیەی ھیچ كارێكی تر ناكەن و بژێوی ژیانیان تەنھا لەسەر مووچەكانیانە.

هاوڵاتى وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری ٢٤ سەعاتی رابردووی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە هەرێم بڵاوکردەوەو بەپێی ئامارەکە ٦٤٥ کەس توشی ڤایرۆسەکە بون ١٢ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. راگەیاندراوی (٢٤) سەعاتی تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ   COVID19  ژمارە (٤١٦) ١. پشکنین: (٥٦٥٨ پشکنینی نوێ) • (١٩١١) هەولێر • (٦٤١) سلێمانی • (٢٧٢١) دهۆك • (٧٣) هەڵەبجە • (٣١٢) گەرمیان • (٠) ڕاپەڕین • ٢. تووشبوو: (٦٤٥ تووشبووی نوێ) • (٨٢) هەولێر • (٦٢) سلێمانی • (٤٨٧) دهۆك • (٣) هەڵەبجە • (١١) گەرمیان • (٠) ڕاپەڕین • ٣. چاکبوون: (٤٩٦ چاکبوون) • (٩٦) هەولێر • (١١٤) سلێمانی • (٢٥٧) دهۆك • (١) هەڵەبجە • (٢٢) گەرمیان • (٦) ڕاپەڕین • ٤. مردن: (١٢ مردن) • (٤) هەولێر • (٣) سلێمانی • (٥) دهۆك • (٠) هەڵەبجە • (٠) گەرمیان • (٠) ڕاپەڕین ئاماری گشتی: کەڕەنتین هاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو) پشکنین ١٥٣٦٧٢٠ (٥٤١٨٤٨ هەولێر، ٣٤٤٢٩٢ سلێمانی، ٦٤١٠٩٨ دهۆك، ٩٤٨٢ هەڵەبجە) تووشبوون ١٣٨٢٢٢ (٤٦٠٨٤ هەولێر، ٤٠٧١٩ سلێمانی، ٤٨١٤٠ دهۆك، ٣٢٧٩ هەڵەبجە) چاکبوون ١١٦٩١٦ (٣٩٧٣٦ هەولێر، ٣٢٦١٧ سلێمانی، ٤١٥٧٢ دهۆك، ٢٩٩١ هەڵەبجە) لەژێر چارەسەر ١٧٤٣٧ (٥٢٨٢ هەولێر، ٦٣٠١ سلێمانی، ٥٧١٠ دهۆك، ١٤٤ هەڵەبجە) مردن ٣٨٦٩ (١٠٦٦ هەولێر، ١٨٠١ سلێمانی، ٨٥٨ دهۆك، ١٤٤ هەڵەبجە)

هاوڵاتى وەزارەتی دارایی عێراق پێشنیازێکی خستوەتەر بەردەم ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی لەمانگی نیسانی ئەمساڵەوە باج لەسەر موچەی فەرمانبەران دابنرێت و ڕێنمایی دارایی ژمارە (1) ی ساڵی 2007 کارابکرێتەوە. وەزارەتی دارایی عێراق لەدواین نوسراویدا کەواژۆی عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی لەسەرە پێشنیاز کراوە بۆ ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ڕێنمایی دارایی ژمارە (1) ی ساڵی 2007 کارابکرێتەوە و لێبڕین لەسەر باجی بەدەستهاتوو لە كۆی داهاتی مانگانەی مووچە لەم مانگەوە بخرێتەبواری جێبەجێکردنەوە. باس لەوەشکراوە، پێشنیاز دەکەن دانانی باج لەسەر سەرجەم داهاتی موچە بێت لەوانەش (مووچەی بنەڕەتی، دەرماڵە، هاندان، دەستكەوتی مانگانە، ساڵانە، پاداشت، ئیفاد و هەر داهاتێكی دیکە)  و بڕیارەکەش لەم مانگەوە بچێتەبواری جێبەجێکردەوە. چاوەڕێ دەکرێت پێشنیازەکەی وەزارەتی دارایی کاردانەوەی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان ، شەقام و هێزە سیاسییەکانی لێبکەوێتەوە، بەتایبەت کە عێراق بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەخت هەنگاو دەنێت و زۆرێک لەهاوڵاتیان بەهۆی بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار لەکڕینی کاڵا و مامەڵەکانیان زیانمەند بوون و لایەنەکان نایانەوێت لەوەزیاتر رێکار بگیرێتەبەر کەزیان لە پێگەی جەماوەرییان بدات.

هاوڵاتى ئیداره‌ى جۆو بایدن به‌ به‌هاى 23 ملیار دۆلار، فڕۆکه‌ى ئێف 35 و فڕۆکه‌ى بێفڕۆکه‌وان و که‌لوپه‌لى سه‌ربازى به‌ ئیمارات ده‌فرۆشێت. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14ى نیسانى 2021، ئاژانسى هه‌واڵى رۆیته‌رز له‌ زارى راوێژکارانى باڵاى کۆشکى سپییه‌وه‌ بڵاویکرده‌وه‌ که‌ ئیداره‌ى جۆو بایدن کۆنگرێسى ئه‌مریکاى له‌ رێککه‌وتننامه‌یه‌کى فرۆشتنى چه‌ک و که‌لوپه‌لى سه‌ربازى به‌ ئیمارات ئاگادارکردووه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌مریکا له‌ پاکێجێکى سه‌ربازى فرۆشتنى چه‌کدا به‌پێى رێکه‌وتنه‌که‌یان به‌رهه‌مه‌کانى جه‌نه‌راڵ ئۆتۆمیکس، ته‌کنۆلۆژیاى رایتۆن و لۆکهید مارتن به‌ ئیمارات ده‌فرۆشێت. هاوکات، 50 فڕۆکه‌ى ئێف 35 و 18 فڕۆکه‌ى بێفڕۆکه‌وان له‌ جۆرى MQ-9B و فڕۆکه‌ى ئاسمان به‌ ئاسمان و ئاسمان به‌ زه‌ویش له‌خۆده‌گرێت. لاى خۆیه‌وه‌، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا ئه‌وه‌ى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ وڵاته‌که‌ى پێشبینى دیالۆگێکى جددى و گرنگ له‌ نێوان ئه‌مریکا و ئیماراتدا ده‌کات، تایبه‌ت به‌ کارى هاوبه‌شێتى و سه‌قامگیرییه‌تى ئه‌منی.  

هاوڵاتى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق بڵاویکرده‌وه‌، له‌ کۆتایى ساڵى 2022 وه‌به‌رهێنان به‌ بڕى 300 سه‌د ملیۆن پێ سێجا له‌ غاز ته‌واوده‌بێت، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ى به‌رهه‌مهێنانى غازه‌ له‌و وڵاته‌. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14ى 4ى 2021، وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق له‌ راگه‌یاندراوێکدا بڵاویکرده‌وه‌،" ئامانجى عێراق بۆ وه‌به‌رهێنانى 300 سێ سه‌د ملیۆن) پێى سێجا له‌ (غازى هاوه‌ڵى نه‌وت)، ئه‌و غازه‌ى که‌ له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت ده‌سوتێت له‌ کێڵگه‌ نه‌وتیه‌کانى میسان، له‌کۆتایى ساڵى 2022 ئه‌م ئامانجه‌ به‌جێده‌گه‌یه‌ندرێت". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ که‌ جێبه‌جێکردنى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ گرنگیه‌که‌ بۆ به‌هێزکردنى ئابورى عێراق و گه‌شه‌ به‌ تواناکانى ئه‌و وڵاته‌ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر سود له‌و غازه‌ ببینێت که‌ له‌گه‌ڵ ده‌رهێنانى نه‌وتدا ده‌سوتێت. هاوکات، وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق ئاشکراشیکرد، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیرى نه‌وت سه‌رپه‌رشتى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌کات، کۆبونه‌وه‌ى به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ کۆمپانیاى (CEPC )ى چینى که‌ به‌ڵێنده‌رى جێبه‌جێکارى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجامده‌دات. به‌پێى راپۆرتێکى رۆیته‌رز، عێراق ساڵانه‌ نزیکه‌ى 18 ملیار پێ سێجا غازى هاوه‌ڵى نه‌وتى ده‌سوتێنێـت و به‌هه‌ده‌رى ده‌دات، له‌و بڕه‌ غازه‌ى که‌ به‌هه‌ده‌ر ده‌ڕوات عێراق ساڵانه‌ ده‌توانێت کاره‌با بۆ سێ ملیۆن ماڵ دابین بکات.  

  هەڵۆ سەربەست   سوپای توركیا لەڕۆژئاڤای كوردستان چەند رۆژێكە هێرشەكانی چڕكردووەتەوەو بەردەوام لەڕێگەی تۆپ و فڕۆكەوە بۆردومانی گوندو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەكات و ئەوانیش بەتوندی وەڵامیان دەدەنەوە. بەپێی ئاژانسە هەواڵییەكانی رۆژئاڤا، تەنیا لەهەفتەی ڕابردوودا (11) هاووڵاتی كوژراون و (20)ی تریش برینداربوون. بەپێی هەواڵەكانی ئەو ئاژانسانە بەرەبەیانی رۆژی پێنجەشەممە لەكاتژمێر 2.30 خولەكدا سوپای توركیا هێرشی كردووەتە سەر گوندی سەیدا لەگرێ سپی و شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) وەڵامی هێرشەكەیان داوەتەوەو شەڕێكی توند لەنێوان هەردولادا روویداوەو دواتر هێرشەكە تێكشكێندراوە. دوای تێكشكانی هێرشەكەش سوپای توركیا بەهاوەن بۆردومانی ناوەندی گرێ سپی و رێگای (ئێم-4)ی كردووەو لەبەرەبەیانی رۆژی دواتریشدا تۆپبارانی ناوچەی شەهبایان كردووەو ئێوارەكەشی گوندەكانی ئاقدێ و بێنێ-ی ناوچەی شێراواو گوندی تەنانێ-ی شەهبای سەر بەكانتۆنی عەفرینیان تۆپباران كرد. ئەم هێرشانەی توركیا لەكاتێكدایە بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی هاوار لەمانگی 11ی 2020وە توركیا لەدەوروبەری گرێ سپی و بەتایبەتی لەسەر رێگای (ئێم-4)ی كانتۆنی كۆبانێ، لەگوندەكانی خالدیە، مەلیك، هۆشان، مەشرفە و سەیدێ، پێنج بارەگای سەربازییان دروست كردووەو زۆر كات وەك خاڵی دەستپێكی هێرشەكانیان بەكاریدەهێنن. لەئێستاشدا هێزەكانی توركیا بەدرێژایی شەش كیلۆمەترو بەرامبەر رێگای (ئێم- 4) دەستیانكردووە بەلێدانی كەندێ‌ (خەندەق) و دەیانەوێت رێگاكە ببڕن. شارەزایانی سەربازیی و چاودێرانی دۆخی ناوچەكە دەڵین، ئامانجی توركیا لەهەڵكەندنی ئەو كەندڕە گەمارۆدانی گرێ سپییە، تا لەداهاتوودا پەلاماری بدات، بەئاماژەی ئەوەی لەگەڵ دەستكردن بەهەڵكەندنی كەندڕەكەدا دەستیكردووە بەناردنی چەكی قورس بۆ ئەو ناوچانە. لەلایەكی تریشەوە توركیا بۆ پتەوكردنی پێگەكانی خۆی لە تەل تەمر، دەستیكردووە بەلێدانی خەندەق و بەرزكردنەوەی ساترە خۆڵینەكان. لەوبارەیەوە ماڵپەڕی (خەبەر 24) بڵاویكردەوە كەهێزەكانی توركیا دوو ساتری جیا لەیەكیان بەرزكردووەتەوە، یەكەمیان لەباكوری رۆژئاوای ناحیەی زركان كەدەكەوێتە ناوچەكانی ژێردەستی توركیاو گروپە هاوپەیمانەكانی و لەسنوری توركیاوە لەنزیك گوندی (باب الفرج)ەوە دەستپێدەكات و ماوەی نێوان ساترەكە و ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤا نزیكەی چوار كیلۆمەتر دەبێت، ساتری دووەمیش لەگوندی (السفح)ەوە بەرەو رۆژئاوا لێدەدرێت. هاوكات روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ راپۆرتێكی دەربارەی دۆخی عفرین و چالاكییەكانی توركیا لەو ناوچەیە بڵاوكردەوەو رایگەیاند، سوپای توركیا، هەموو رۆژێك لەعەفرین مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكات. بەپێی راپۆرتەكە، لەمانگی ئازاردا، سوپای توركیا زیاتر لە (21) هاووڵاتی مەدەنییان لەشاری عەفرین و ناوچەكانی مابەتا، جندرێس، شێراواو راجۆ رفاندووە كەحەوت كەسیان ژنن و تائێستا چارەنووسی (14) كەسیان نادیارە. روانگەی سوری لەڕاپۆرتەكەیدا ئەوەشی ئاشكرا كردووە، تاوانەكان لەعەفرین بەتەنیا لەلایەن سوپای نیشتیمانی ئەنجامنادرێن، بەڵكو ئەنجومەن و دەستەی مەدەنیش تاوان ئەنجامدەدەن. سەرچاوەیەكیش لەعەفرینەوە بەڕوانگەی سوری راگەیاندووە، ئەنجومەنی هەرێمیی سەر بەسوپاو حكومەتی توركیا، بەڵگەكانی ئاژانسی حكومەتی سوریای رەتكردوەتەوە، كە بەپێی ئەو بەڵگانە، ئەو كەسانەی لەدەرەوەی عەفرینن جا چ ئاوارەبوون یان كۆچیان كردووە یاخود بۆ كارێكی تر چوونەتە دەرەوەی شارەكە، دەتوانن موڵكەكانیان بدەن بەخزمەكانیان و ئەوان سودیان لێببینن تا خۆیان دەگەڕێنەوە، بەڵام روانگەكە ئاشكرایكردووە كە ئەنجومەنەكە هەندێك بڕیار بەسەر دانیشتواندا دەسەپێنێت تا ئەو بەڵگانە هەڵبوەشێننەوە بۆ ئەوەی قبوڵ نەكرێن. بەوەش خزمانی ئەو كەسانەی كۆچیان كردووە یان ئاوارەبوون ناتوانن موڵك و زەوی كۆچبەرەكان بەكاربهێنن، ئامانجی ئەنجومەنەكەش لەو كارە ئەوەیە كە لەو بارەدا زەوییەكان بێخاوەن دەمێننەوەو بەوشیوەیەش هەموویان دەكەونە خزمەتی ئەنجومەنەكەو لەلایەن ئەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و بەكاردەهێندریت. راپۆرتەكەی روانگەی سوری باس لەداگیركردن و وێرانكردنی زەوی كشتوكاڵیی و باخە زەیتونەكانی ناوچەكە دەكات لەلایەن سوپای توركیا و گروپە چەكدارییە هاوپەیمانەكانیەوەو ئاشكرایكردووە كەچەكدارانی گروپی (سقور الشام)ی سەر بەتوركیا لەگوندی قزلباشی سەر بەناوچەی بلبلی عەفرین، زیاتر لە (400) داری زەیتونی هاووڵاتییەكیان بڕیوەتەوەو لەلایەكی دیكەوە نووسینگەی ئابوریی سەر بەگروپی (سوڵتان موراد) دەستی بەسەر نزیكی (60) باخی دار زەیتونی هاووڵاتیانی هەرێمی مەیدانكێی سەر بەناوچەی شەرادا گرتووەو هاوكات لەناوچەی شیێ، چەكدارەكانی (فرقەی سولەیمان شام لە ئەلئەمشەت) دەستیان بەسەر زەوییەكی زۆری كشتوكاڵیدا گرتووەو داگیریان كردوون. روانگەی سوری لەكۆتایی راپۆرتەكەیدا نووسیویەتی:»پێشێلكارییەكان لە ناوچەكانی دیكەی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی توركەوە بەردەوامە، گروپە چەكدارییەكان هەموو یاسایەكی نێودەوڵەتی پێشێل دەكەن و هیچ هەوڵێكیش بۆ راوەستاندنی پێشێلكاریەكان لەبەرامبەر خەڵكی سوریا نادرێت.» رۆژی شەممەش چەكدارەكانی (بەرەی شام) كە یەكێكە لەهاوپەیمانە نزیكەكانی توركیا  دوو كەسی گوندی زیارای ناوچەی شێراوای عەفرینیان لەناوچەی عەزاز رفاند بەناوەكانی ماهیر خالید ئوسۆ تەمەن (20) ساڵ و موستەفا عەباس ئەحمەد تەمەن (22) ساڵ

  هاوڵاتی برسیەتی و هەژاریی تەنگی بەخەڵكی ئێران هەڵچنیوەو بەپێی نوێترین ئامارەكان ئاستی خۆراكی بەراورد بەدانیشتوانی وڵاتی ئەفغانستان و یەمەن و ئەفەریقا خراپترە، چونكە تەنها لەماوەی هەشت ساڵدا نرخی زۆربەی پێداویستی و خۆراكەكان لەو وڵاتە (10) هێندە بەرزبوونەتەوەو رۆژانە (570) ملیار تمەن چاپ دەكات. كۆماری ئیسلامی ئێران كەخۆی بەیەكێك لەزلهێزە ئابوریی و سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و (18)یەمین ئابوریی جیهان دەزانێت، رووبەڕووی گەورەترین هەڵاوسانی ئابوریی بووەتەوەو زۆرترین رێژەی هەژاریی لە (42) ساڵی تەمەنی دەسەڵاتەكەیدا تۆمار كردووە و سندوقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینی كردووە هەڵاوسانی ئابوریی ئێران لەساڵی (2021) بگاتە زیاتر لە (40%)و كورتهێنانی بودجەی ئەو وڵاتە لە (13) ملیار دۆلار نزیك ببێتەوە، چونكە بانكی ناوەندیی ئەو وڵاتە لەقۆناغێكدا بۆ رێگریی لەهەڵاوسانی ئابوریی، رۆژانە بڕی  (570) ملیار تمەن پارەی چاپ كردووە. سەرەڕای هەژاریی و گرانی، پیربوونی كۆمەڵگەی ئێران بووەتە مەترسییەكی گەورەو گەشەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە لە (سفر) نزیك بووەتەوە، كەئەمەش دەبێتە هۆكارێكی دیكەی هەڵاوسان، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت بەزیادكردنی بازرگانیی لەسنوری وڵاتانی دراوسێی بەتایبەت عێراق و هەرێمی كوردستان و رێككەوتنی (25) ساڵە لەگەڵ چین و پەرەپێدانی كشتوكاڵ ئاستی هەڵاوسانە گەورەكەی دابەزێنێت.  گەورەترین هەڵاوسانی ئابوریی ئێران بەپێی ئامارەكانی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو؛ ئاستی نێوەنجی هەڵاوسانی ئابوریی ئێران لەساڵی (2020) گەیشتووەتە (36.5%) كەپێشبینی دەكرێت ئەمساڵ بگاتە (39.5%)و تازیاتر لە (40%) بەرز ببێتەوە، چونكە بەپێی بەراوردە داراییەكان و چاپكردنی زۆری پارە لەئێران رەنگە كورتهێنانی بودجە بگاتە (12) ملیار دۆلارو پێشبینییەكەی ئەو ناوەندە لەگەڵ ئامارەكانی ئێران هاوشانەو ئەگەری روودانی ئەو هەڵاوسانە گەورەیە لەئێران بەهێزە. ئەم پێشبینییە لەكاتێكدایە كەهەڵاوسانی ئابوریی وڵاتی ئەفغانستان تەنها (4.1%)ە، بەڵام هەڵاوسانی ئێران (25%)ە، نێوەنجی هەڵاوسانی ئابوریی ئەفغانستان دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی كە بە (4.1%) مەزەندە دەكرێت و ئەمەش كەمترین ئاستی هەڵاوسانە لەحەوت مانگی رابردووداو نێوەنجی ئەو هەڵاوسانە لە (12) مانگی وڵاتەكەدا (7.7%) بەراورد كراوە، لەكاتێكدا جەنگ و ناسەقامگیریی ساڵانێكە بەرۆكی ئەو وڵاتە بەرنادات، بەڵام نێوەنجی هەڵاوسانی ئێران لەنێوان (25%) بۆ (50%) بەرزو نزم دەبێتەوەو هەڵاوسانەكەی چەند هێندەی ئەفغانستانە. حكومەتێكی قەرزدار بەپێی ئامارەكانی بانكی ناوەندیی ئێران بڕی پارەی چاپكراوی وڵاتەكە تامانگی رابردوو گەیشتووەتە سێ هەزارو (300) ملیار تمەن و بانكی ناوەندیی تەنها لەمانگی رابردوودا رۆژانە (570) ملیار تمەن پارەی قورسی تمەنی خستووەتە بازاڕەوە. رۆژنامەی ئیعتیماد كە سەر بە ریفۆرمخوازانی ئێرانە بەناونیشانی (قەرزی 13 ژمارەیی حكومەتی داهاتوو) نووسیویەتی: بەهۆی زۆری چاپكردنی پارە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بۆ چارەسەركردنی كورتهێنانی بودجە، حكومەتی ئێستا (177) هەزار ملیار تمەن كەدەكاتە زیاتر لەحەوت ملیار دۆلار كورتهێنانی بۆ حكومەتی داهاتوو جێدەهێڵێت. رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە كەحكومەت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی ئەمساڵ كۆمەڵێك بەڵگەنامەو سەرچاوەی بانكیی و دارایی خستووەتە مەزادەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لەسودی ئەو سەرچاوانە كورتهێنانی بودجە قەرەبوو بكاتەوە، بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی ئەوەی لەساڵەكانی (2018 و 2019) پارەی چاپكراوی زۆری خستووەتە بازاڕەكانەوە، بووەتە مایەی هەڵاوسانی ئابوریی. ئەگەرچی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران جەختیان لەوە كردەووەتەوە كەكورتهێنانی بودجە دەگاتە نزیكەی (13) ملیار دۆلار، بەڵام حكومەتی ئێستای وڵاتەكە زیاتر لە (177) هەزار ملیار تمەن كورتهێنان یان قەرزی هەیە، كە بێگومان بۆ حكومەتی داهاتووی جێدەهێڵێت. هەشت ساڵ هەژاریی بەپێی ئامارەكان زیاترین هەڵاوسان و قەرزو گرانی لەماوەی نزیكەی هەشت ساڵی حكومەتی حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لەو وڵاتە روویداوە، چونكە تەنها لەسەردەمی ئەودا نرخی زۆربەی كاڵاو پێدوایستییە سەرەكییەكانی ژیان (10) هێندە بەرزبوونەتەوە. ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم ) سەر بەتوندڕەوەكانی محافزكاران لەئێران بەناونیشانی (خراپترین حكومەت بەزمانی ئامار) نووسیویەتی: حكومەتی حەسەن رۆحانی بۆ یەكەمجار دوای (40) ساڵ لەمێژووی كۆماری ئیسلامی ئێراندا، لەماوەی سێ ساڵی بەدوای یەكتردا ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی بۆ (30%)و لەدوو ساڵی بەردەوامی دیكەدا ئاستی هەڵاوسانی بۆ (40%) بەرزكردووەتەوە، كە لەساڵی (1980) هیچ حكومەتێكی ئێران هێندەی ئەم حكومەتە ئاستی هەژاریی لەو شێوەیەی نەخوڵقاندووە. تەسنیم روونیكردووەتەوە؛ بەپێی ئامارەكانی بانكی ناوەندیی ئێران ئاستی هەڵاوسان لەساڵی (2018) گەیشتووەتە (31.2%)و ساڵی (2019) بۆ (41.2%) بەرز بووەتەوەو لەساڵی (2020) گەیشتوەتە زیاتر لە (44%)و بەپێی نرخی كاڵاكان دەردەكەوێت كە لەماوەی هەشت ساڵ لەحكومەتەكەی رۆحانیدا، نرخی كاڵاو پێداویستییە سەرەكییەكان بۆ (10) هێندە بەرز بووەتەوەو ئەم ژمارانە دەریدەخەن كە تاچ ئاستێك هەژاریی لەماوەی ئەو حكومەتەدا لەئێران قوڵتر بووەتەوە. بەدخۆراكی لەوڵاتێكی دەوڵەمەند گرانبوونی كاڵاو خۆراك و كەمبوونەوەی ئاستی داهاتی تاك دانیشتوانی ئێرانی تووشی بەدخۆراكی كردووە، بەجۆرێك كەبەكارهێنانی شیرەمەنی بۆ هەر كەسێكی ئێرانی (130) كیلۆ لەپێوەری جیهانی كەمترەو ئاستی بەكارهێنان و خواردنی گۆشت لەو وڵاتە بەراورد بەوڵاتانی هەژاری وەك ئەفەریقا، یەمەنو كۆریای باكور كەمترە . دامەزراوەی ئاسایشی خۆراكی ئێران ئاشكرای كردووە كەئاستی ساڵانەی بەكارهێنانی گۆشت بۆ هەركەسێك لەئێران دەگاتە شەش بۆ هەشت كیلۆ، لەكاتێكدا بەپێی راپۆرتی رێكخراوی خۆراكی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان (فاو) ئاستی بەكارهێنانی گۆشت بۆ هەركەسێك لەساڵێكدا لەغینا (9) كیلۆیە لەگینە (6.5) كیلۆو نیجیریا (8.5) كیلۆو تانزانیا (10) كیلۆو لەیەمەن (14.5) و لەكۆریای باكور (10.5) كیلۆیە. وەزارەتی بازرگانی ئێران بڕیاری داوە رێگە بەهاوردەی مریشكی دەرەوە تائاستی (50) هەزار تۆن بدرێت لەكاتێكدا پێشترو لەساڵی (2020) تەنها (112) تۆن مریشك هاوردەی ئێران كراوە، كە بەراورد بەساڵی (2019) هاوردەكە بەڕێژەی (90%) كەمی كردووە. لەلایەكی دیكەوە بەپێی ئامارەكان و پێوەرە جیهانییەكان، نێوەنجی خواردنی بەرهەمی شیرەمەنیی وەك ماست و پەنیرو..هتد بۆ هەر كەسێك لەجیهاندا دەگاتە (180) كیلۆگرام، بەڵام لەئێران دەگاتە (50) كیلۆگرام و جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان پێورە جیهانییەكان و ئاستی بەكارهێنانی شیرەمەنی لەئێران. ساڵانە تەنها (10) ملیۆن تۆن شیر لەئێران بەرهەمدەهێنرێت، كە شەش ملیۆن تۆنی لەبواری پیشەسازی بەكاردەهێنرێت و هاوكات بەهۆی دۆخی ئابوریی خراپی خەڵكەوە ئاسان نییە خەڵكی وڵاتەكە بتوانن خۆیان لەگەڵ پێوەرو ستانداردی جیهانی بەكارهێنانی شیرەمەنی بگونجێنن و ئەمەش بووەتە مایەی بەدخۆراكیی. (95%)ی خەڵكی ئێران هاوكاریی دارایی وەردەگرن ئێران (10) ساڵە سەرقاڵی جیاكردنەوەی ئەو هاووڵاتیانەیەتی كەداهاتیان زۆرەو پێویستیان بەهاوكاریی دارایی (یارانە) لەوڵاتەكە نییە، بەڵام تائێستا حكومەت و پەرلەمان نەیانتوانیوە چارەنووسی سێ ئاستی كۆمەڵایەتیی ئابوریی لەكۆی (10) ئاستی كۆمەڵایەتیی كەپێویستیان بەو هاوكارییە نییە، یەكلایی بكەنەوەو لەنوێترین هەنگاویشدا بڕیاری لابردنی هاوكاریی ئەو كەسانە لەبودجەدا لابراوە. ژمارەی دانیشتوانی ئێران نزیكەی (84) ملیۆن كەسەو (95%)ی ئەو ژمارەیە واتە (78) ملیۆن كەس مانگانە بڕی (45) هەزار تمەن كەدەكاتە نزیكەی دوو دۆلار دەخرێتە سەر ئەژمارە بانكییەكانیان و كۆی گشتی ئەو بڕە یارانەیە لەساڵێكدا دەكاتە زیاتر لەیەك ملیارو (600) ملیۆن دۆلار لەكاتێكدا بەپێی لێدوانی بەرپرسان نزیكەی یەك لەسەر سێی كۆی دانیشتوانی ئێران داهاتیان باشەو پێویستیان بەو هاوكارییە داراییەی حكومەت نییە كەپێی دەوترێت یارانە. گرانیی وەچەخستنەوەی لەئێران كەمكردووەتەوە.. بەپێی ئاماری (10) مانگی رابردووی ساڵی رابردوو لەئێران گەشەی ژمارەی دانیشتوان بۆ كەمتر لە(1%) دابەزیوە، لەكاتێكدا ئاستی گەشە لەساڵی (1986) گەیشتووەتە نزیكەی (4%)، بەڵام لەساڵی (2019) ئاستی گەشە بۆ كەمتر لە (0.6%) دابەزیوە، واتە لەسفر نزیك بووەتەوەو دابەزینەكەش بەردەوامە. بەپێی ئامارەكان لەساڵی رابردوودا نزیكەی (946) هەزار منداڵ لەئێران لەدایكبوون، بەڵام لەبەرامبەردا ژمارەی كەسانی بەتەمەن و بەساڵاچوو پێنچ هێندەی منداڵانی تازە لەدایكبووەو هاوكات ئاستی بەرزبوونەوەی رێژەی بەساڵاچووان بەراورد بە لەدایكبوونی منداڵان گەیشتوە (15%)، بۆیە ئەگەر ژمارەكان بەوشێویە بەردەوام بێت ئاستی گەشەی دانیشتوانی ئێران تا (10) ساڵی دیكە دەبێتە سفر. بەرپرسان و تووێژەرانی كۆمەڵایەتی گرانی و دۆخی بژێویی خەڵك بەهۆكاری سەرەكیی كەمبوونەوەی وەچەخستنەوەو گەشەی دانیشتوان لەئێران دەزانن. ئێران بەهیوای فرۆشی نەوت و رێككەوتنی چینە پێگەی ئەلیكترۆنیی ئۆیل پرایس (Oil Price) ئاشكرای كردووە كە چین كڕینی نەوتی لەسەرجەم وڵاتان و بەتایبەت عێراق كەمكردووەتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە دوای رێككەوتنە (25) ساڵەكەی لەگەڵ ئێران كڕینی نەوتی لەو وڵاتە بۆ نزیكەی یەك بەرمیل نەوت لەڕۆژێكدا بەرز كردووەتەوە. ئۆیل پریس ئاماژەی بەوەكردووە كە چین كڕینی نەوتی لەمانگی مارسی رابردوو بەڕێژەی (8.81%) بەراورد بەمانگەكانی پێشووتر كەم كردووەتەوەو لەو مانگەدا رۆژانە بڕی زیاتر لە (11) ملیۆن بەرمیل نەوتی كڕیوەو بەپێی ئامارەكان لەو ماوەیەدا رۆژانە لەنێوان (856) هەزار بۆ یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی لەئێران كڕیوە، كە بەراورد بەمانگی رابردووتر دوو هێندە بەرزبووەتەوە لەبەرامبەرداو لەو ماوەیەدا كڕینی نەوتی لەعێراق و سعودیە كەمكردووەتەوە كە رەنگە هۆكاری ئەمەش بۆ رێككەوتنی (25) ساڵەی نێوان تاران و پەكین بگەڕێتەوە. ئێران (90%)ی بودجەكەی پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت و سزاكانی ئەمەریكا بووە هۆی لەدەستدانی بەشێكی بەرچاوی ئەو داهاتە، چونكە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا رایگەیاندبوو كە واشنتۆن مەبەستیەتی هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفرو رێگریی لەفرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە بكات، لەبەرامبەردا ئێران دەیەوێت بە رێككەوتن لەگەڵ چین زۆربەی بەرهەمی نەوتەكەی كە لەدوو ملیۆن و (450) هەزار بەرمیلی رۆژانە نزیك دەبێتەوە رەوانەی چین بكات و قەرەبووی كورتهێنان و بودجەی وڵاتەكەی پێبكاتەوە. ئێران ئاسانكاریی بازرگانیی بۆ هەرێم دەكات عێراق دوای وڵاتی چین زیاترین كاڵای ئێرانی بۆ هاوردە دەكرێت و سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتە بۆ تاران، بۆیە لەو چوارچێوەیەشدا ئێران دەیەوێت سنورە بازرگانییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان زیاد بكات و لەنوێترین هەنگاودا سنوری سەیرانبەن بەشێویەكی فەرمی بۆ گەشتیاری و بازرگانیی بەتەواوەتی دەكاتەوەو هەوڵی زیادكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەسنورێكی دیكەش لەگەڵ هەولێر دەدات. ئاژانسی هەواڵی مێهر بەناونیشانی (ئامادەیی ئێران بۆ بەهێزكردنی ئاڵوگوڕی بازرگانیی لەگەڵ هەولێر) لێدوانی محەمەد عەلی شەهریاری، پارێزگاری ورمێ لەڕۆژهەڵاتی كوردستانی بڵاوكردووەتەوە، كە لەدیدارێكی هەفتەی رابردوو لەگەڵ سەركۆنسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر رایگەیاندووە كەئێران دەیەوێت ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانی لەگەڵ هەولێر زیاتر بكات و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەكاریی پێویست دەكات. شەهریاری وتوویەتی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بوارە كەلتوری و ئابورییانەی لەنێوان ئێمە و هەولێر هەیە، ئەو پارێزگایە یەكێكە لەو شوێنانەی كەئێران كاڵای بۆ رەوانە دەكات، ئامادەین هەوڵی نەمانی  ئەو ئاستەنگانە بدەین كە رێگرن لەبەردەم بەهێزكردنی بازرگانیی نێوانمان. بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسەی ئێران ساڵانە بەبەهای سێ ملیار دۆلار كەلوپەل و خۆراكی ئێرانی لەسنوری پارێزگای ورمێ بۆ وڵاتانی (عێراق و توركیا و ئازربایجان) هەناردە دەكرێت. خەڵكی هەژارو ئابوریی گەورە وەك لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی پێكراوە نزیكەی (78) ملیۆن دانیشتوی ئێران بۆ بژێویی رۆژانەیان پێویستییان بەهاوكاریی داراییەو ئەم ژمارەیە بەزمانێكی دیكە بەهەژار ئەژمار دەكرێن، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو دۆخە نالەبارو سزا ئابورییانەی بەسەر ئێراندا سەپاوە بەپێی راپۆرتی سندوقی نێودەوڵەتیی دراوو بانكی جیهانی؛ پلەی ئابوریی ئێران لەماوەی (10)ساڵدا سەرەڕای سزا توندەكان لەنێوان (16) بۆ (22) بووە لەئاستی وڵاتانی جیهاندا. ئێران لەماوەی (40) ساڵدا بە بەردەوامی لە رووی ئابوریی و هێزی كارەوە گەشەی بەخۆیەوە بینیوەو هاوكات ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی گەشەی كردووەو بەو پێوەرانە پلەی ئێستای ئابوریی ئێران لەجیهاند لە(18)یەو سندوقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینی كردووە كە ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ساڵی (2021) لەئێران بگاتە (651) ملیار دۆلار، لەكاتێكدا ئەو بڕە لەساڵی (2017) نزیكەی (430) ملیار دۆلار بووە.  

هاوڵاتى ئه‌حمه‌د ئه‌بو غیت ئه‌میندارى گشتى کۆمکارى عه‌ره‌بى به‌ سه‌ردانێکى فه‌رمى گه‌یشته‌ هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستان و له‌لایه‌ن رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێمه‌وه‌ پێشوازى لێکرا. هه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌میندارى گشتى کۆمکارى عه‌ره‌بى به‌ سه‌ردانێکى فه‌رمى گه‌یشته‌ عێراق و له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک له‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمار و مسته‌فا کازمى سه‌رۆکى حکومه‌تى عێراق کۆبووه‌وه‌. هاوکات ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ ئه‌حمه‌د ئه‌بو غیت ئه‌میندارى گشتى کۆمکارى عه‌ره‌بى له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌ به‌غدا کۆبووه‌وه‌ و دۆخى عێراق و هه‌رێمى کوردستانیان به‌گشتى تاوتوێ کرد. هاوکات، هه‌ردوولا کۆک بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا ئارامى و سه‌قامگیرى بۆ عێراق دابین ده‌کات و به‌مه‌ش عێراق ده‌بێته‌وه‌ به‌ وڵاتێکى به‌هێزى ناوچه‌که‌ و ڕۆڵى ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تیى خۆى ده‌گێڕێت.  

هاوڵاتى روانگه‌ى سورى بۆ مافه‌کانى مرۆڤ بڵاویکرده‌وه‌، شه‌وى رابردوو، فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانى ئیسرائیل هێرشێکیان بۆ سه‌ر گروپه‌ چه‌کداره‌کانى نزیک له‌ ئێران له‌ نزیک دیمه‌شق ئه‌نجامداوه‌. روانگه‌ى سورى بۆ مافه‌کانى مرۆڤ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌ ئه‌نجامى هێرشه‌که‌ کۆگایه‌کى چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى له‌ناوبراوه‌ که‌ پێده‌چێت له‌لایه‌ن چه‌کدارانى حزبوڵاوه‌ به‌کارهاتبێت و سێ چه‌کداریشیان کوژراوه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه‌ که‌ ناسنامه‌ى کوژراوه‌کان ئاشکرا نه‌کراوه‌ و تا ئێستا نازانرێت خه‌ڵکى سوریا بوون یاخود ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاته‌. هاوکات، ئاژانسى هه‌واڵى ساناى سه‌ر به‌ حکومه‌تى سوریا هه‌واڵه‌که‌ى پشتڕاستکرده‌وه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ى به‌ زیانه‌کانى ئه‌و هێرشه‌ نه‌کردووه‌. 

هاوڵاتى ‌شانه‌ى ئه‌منى عێراق رایگه‌یاند، له‌ ‌نزیک بنکه‌ى سه‌ربازى عه‌ین ئه‌سه‌دى ئاسمانى له‌ پارێزگاى ئه‌نبار، ده‌ستیان به‌سه‌ر 24 موشه‌ک و سه‌کۆیه‌کى موشه‌ک هاوێشتندا گرتووه‌. شانه‌ى ئه‌منى عێراق رایگه‌یاند، له‌ رێگه‌ى به‌دواداچوون و چڕکردنه‌وه‌ى هه‌وڵى هه‌واڵگری، له‌ رۆژئاواى بنکه‌ى سه‌ربازى عه‌ین ئه‌سه‌دى ئاسمانى ده‌ستیان به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێکى بارهه‌ڵگردا گرتووه‌، پاش پشکنین ده‌رکه‌وتووه‌ ئۆتۆمبێله‌که‌ سه‌کۆیه‌کى موشه‌ک هاوێشتن و 24 موشه‌ک و ژماره‌یه‌ک جلوبه‌رگى سه‌ربازى تێدا حه‌شاردراوه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌ ده‌ستبه‌جێ تیمى ئه‌ندازیارى گه‌یشتوونه‌ته‌‌ شوێنه‌که‌ و موشه‌که‌کان به‌ ‌پوچه‌ڵکراونه‌ته‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌کانیان به‌رده‌وامه‌. بنکه‌ى عه‌ین ئه‌سه‌دى سه‌ربازى له‌ دواى بنکه‌ى سه‌ربازى به‌له‌د، به‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین سه‌ربازگه‌ له‌ عێراق داده‌نرێت، که‌ ده‌که‌وێته‌ ناوچه‌ى به‌غدادى له‌ پارێزگاى ئه‌نبار و نزیک روبارى فورات.  

هاوڵاتى شه‌ڕڤانانى هێزه‌کانى ڕزگارى عه‌فرین ئاشکراى ده‌که‌ن که‌ "له‌ زنجیره‌ چالاکییه‌کى شه‌ڕڤانانیاندا له‌ ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانى عه‌فریندا نۆ سه‌ربازى داگیرکه‌رى تورکیا و پێنج چه‌ته‌ش کوژراون و 12سه‌رباز و میلیشیاى هاوپه‌یمانى تورک بریندار بوون". هێزه‌کانى ڕزگارى عه‌فرین ئه‌مڕۆ به‌ ڕاگه‌یاندراوێک ئامارى زنجیره‌ چالاکییه‌کى شه‌ڕڤانانیانى بڵاو کرده‌وه‌ که‌ له‌ نێوان ڕۆژانى 19ى ئازار تا 7ى نیسان له‌ دژى داگیرکران له‌ عه‌فرین پێکیان هێناوه‌. به‌پێى ئامارى چالاکییه‌کانى هێزه‌کانى ڕزگارى عه‌فرین، له‌ ئه‌نجامى چالاکییه‌کى شه‌ڕڤانانیاندا له‌ 12ى ئازار له‌ گه‌ڕه‌کى زه‌یدییه‌ى شارى عه‌فرین، دوو میلیشیا کوژران و بریندار کراوه‌. هه‌روه‌ها 20ى ئازار ئۆتۆمبێلیکى میلیشیاکان تێکشکێنراوه‌، 24ى ئازار له‌ گوندى کزلباش دوو میلیشیاى تورک کوژراون و بریندار کراوه‌ و ئۆتۆمبێلێکیشیان تێکشکێنراوه‌. هاوکات ڕۆژى 28ى ئازار له‌ دژى باره‌گایه‌کى سه‌ربازى تورکیا له‌ عه‌فرین چالاکییه‌ک ئه‌نجامداراوه‌ که‌ تێیدا چوار سه‌رباز کوژراون و دوو سه‌ربازیش بریندار کراون و دوو خاڵى سه‌ربازیش تێکشکێنراوه‌"هه‌ر له‌ 28ى ئازار له‌ گوندى جه‌له‌مێ میلیشیایه‌کى تورک کوژرا، ڕۆژى 7ى نیسان له‌ گوندى ماره‌ سه‌ربازێک کوژرا و سێ سه‌ربازیش بریندار کران و ئۆتۆمبیلێکیشیان تێکشکێنرا...هه‌ر له‌ هه‌مان ڕۆژدا له‌ ئه‌نجامى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى شه‌ڕڤاناندا له‌ گوندى گۆبه‌لێ چوار سه‌ربازى تورکیا کوژران و پێنج سه‌ربازیش بریندار کران". له‌ ئه‌نجامى ئه‌و زنجیره‌ چالاکییانه‌ى شه‌ڕڤانانى هێزه‌کانى ڕزگارى عه‌فریندا به‌ گشتى پێنج میلیشیاى تورک و نۆ سه‌رباز کوژراون و دوو میلیشیا و 10 سه‌ربازیش له‌ عه‌فرین بریندار کراون.  

هەڵۆ سەربەست رۆژی شەممە روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لەڕاپۆرتی مانگی ئازاری رابردوودا رایگەیاند:» میلیشیاكانی سەر بەئێران لەسوریا، لەزۆرینەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیاندایە، هەستاون بە بەسەربازیكردن (تجنید) و پتەوكردنی پێگەی سەربازییان و بارهەڵگری سەوزە بەكاردەهێنێت تا لەعێراقەوە هاوكاری بگەیەنێتە میلیشیاكانی سوریا. روانگەی سوری ئاماژەی  بەوەكردووە كە «میلیشیا لایەنگرەكانی ئێران لەدووی ئازارەوە، لەڕیگای چەند بارهەڵگرێكەوە كە لەعێراقەوە هاتوون، هاوكاریی سەربازییان پێگەیشتووەو چەندین ئەندامی گواستووەتەوە بۆ بارەگاكانی میلیشیای (سید الشهداء) لەگوندێكی دەشتی ئەلبوكەمال لەسەر سنوری عێراق و سوریا لەڕۆژهەڵاتی دەیرەزور.» میلیشیای سید الشهدا‌ء ساڵی ٢٠١٣ بەبیانوی (پاراستنی مەزارگە پیرۆزەكانی شیعە لەسەرانسەری دنیادا) لەعێراق دامەزراو وەك یەكێك لەفەسیڵەكانی حەشدی شەعبی بەشداریی شەڕی دژی داعشی كرد، دواتر بەشێك لەهێزەكانی ناردە سوریا بۆ پشتیوانیكردنی رژێمی ئەسەد و لەئێستادا ئەركی پاراستنی مەزاری سەیدە زەینەبی لەسوریا پێسپێردراوە. بەوتەی مایكڵ ناتس، تایبەتمەند لەكاروباری سوریاو عێراق لەپەیمانگای واشنتۆن، یەكێكە لەمیلیشیا نزیكەكانی حزبوڵاو لەهەناوی ئەوەوە هاتووەتە دەرەوە. ئەگەرچی بەشێكی سەرچاوەی داراییان هێشتا لەلایەن عێراقەوە دەدرێت بەبیانوی ئەوەی سەر بەحەشدی شەعبین، بەڵام سەرچاوەی سەرەكیی چەك و تەقەمەنی و داراییان لەئێرانەوەیەو روون نییە چەند چەكداری هەیە. روانگەی سوری هێمای بۆ ئەوە كردووە كەمیلیشیا ئێرانییەكان لەحەوتی هەمان مانگدا مەشقی سەربازییان كردووەو تیایدا چەكی قورسی وەك ئار بی جی و جۆرەكانی تری مووشەكیان بەكارهێناوەو بەرپرسەكانی سوپای پاسداران و لیوای فاتمییون سەرپەرشتیی مەشقەكانیان كردووە. هاوكات جەختیشی كردووەتەوە كە لەكۆتاییەكانی مانگی ئازاردا، بارێكی نوێی چەك لەخاكی عێراقەوە گەیشتووەتە ناوچەی مەیادین و دراوەتە میلیشیاكانی سەر بەئێران. لیوای فاتمییون لیوایەكی ئەفغانی شیعەییە و ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن عەلی رەزا توسلی كە لەساڵی ٢٠١٥ دا لەپارێزگاری دەرعا كوژرا ، بۆ شەڕكردن دژی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دامەزرا. ژمارەی چەكدارەكانی بەنزیكەی سێ هەزار چەكدار دەخەمڵێندرێت بەڵام سەرچاوە ئێرانییەكان بانگەشەی ئەوەدەكەن كە ژمارەیان دەگاتە (14) هەزار چەكدار، لەئێستادا چالاكییەكانیان لەناوچەكانی پارێزگای دەیرەزوردایە بەتایبەتی لەخاڵی سنوریی ئەلبوكەمالی سەر سنوری عێراق و ناوچەی مەیادینی سەر بەپارێزگاكە. لیوای فاتمییون لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی دەكرێت و هەندێك سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە هەر چەكدارێكی مانگانە (500) دۆلاری ئەمریكی لەحكومەتی ئێران وەردەگرێت، بەڵام بەرپرسەكانی دەڵێن ئێران هیچ هاوكارییەكیان ناكات. پارێزگای دەیرەزورو خاڵی سنوریی ئەلبو كەمال و ناوچەی مەیادین، هاوسنوری ئەو ناوچانەن كە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە بەڕێوەدەبرێن. روانگەی سوری لەڕاپۆرتەكەیدا ئاشكرایكردووە كە» سێ بارهەڵگر كە سەوزەو میوەیان پێبووەو لەعێراقەوە هاتوون، چونەتە بازاڕی (هال) لەناوچەی مەیادین و وەك چەواشەكاریی چەند سندوقێكی سەوزەو میوەیان داگرتووەو دواتر بەرەو ناوچەی (المزارع) بەڕێكەوتوون، كە شوێنی كۆبوونەوەی زۆرینەی میلیشیاكانە لەناوچەی مەیادین.» لەوێ بارهەڵگرەكان چەكەكانیان داگرتووەو بردویانەتە ئەو تونێلانەوە كە پێشتر رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بەداعش هەڵیكەندبوون و بەكاریدەهێنان، بەڵام بەوتەی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، لەئێستادا میلیشیاكانی سەر بەئێران بەكاریدەهێنن. پێشتریش كۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین جار ئەو شێوازەی بەكارهێناوە بۆ تێپەڕاندنی چەك و تەقەمەنی بەناو خاكی عێراقدا بۆ سوریا، بەتایبەتی لەدوای سەپاندنی سزاكانی ئەمریكاوە بەسەریدا. هاوكات چەندین شێوازی تریش بەكاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی چەك و چەكدارەكان، لەوانە بەناوی سەردانی مەزارگە پیرۆزەكانی شیعەوە، چەكدارەكان تێكەڵ بە ژن و منداڵ دەكات و بەخاكی عێراقدا دەیاننێرێتە سوریاو ئەو پاس و ئۆتۆمبێلانەشی دەیانگوێزنەوە، پڕ دەكرێن لەچەك و تەقەمەنی. بێجگە لەو رێگایانە چەند بارهەڵگرێكیش بەبیانوی ئەوەی قوربانییان بۆ مەزارگەكان هەڵگرتووە، چەندین باری چەك و تەقەمەنی و پارە دەگوێزنەوەو دەیبەنە سوریا. بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ دوایەمینیان لەكۆتایی مانگی شوباتی رابردوودا بووە كە بەبیانوی سەردانی مەزارەكانەوە، زیاتر لە (80) چەكدار و (10) بارهەڵگر براونەتە ناوچەی (المزارع). هەندێك سەرچاوەش باس لەئەوەدەكەن كە گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی بەچەواشەكاریی بارهەڵگری سەوزەو میوە، بەشێوەیەكی رۆژانە روودەدات. روانگەكە ئاماژەی بەئوەش كردووە، كە لەناوەڕاستی مانگی ئازاردا، ئەو میلیشیایانە هەستاون بەئەمباركردنی چەك و تەقەمەنییەكانیان لەقەڵای (الرحبە)ی مێژوییدا، كە دەكەوێتە لێواری شاری مەیادین لەدەشتی دەیرەزوری رۆژهەڵات. ئەوەش بەهەمان شێوە، یەكێكە لەو كارانەی داعش دەیكرد لەترسی بەئامانجگرتنی بەردەوامی پێگەو شوێنی ئەمباركردنی چەك و تەقەمەنییەكانی. قەڵای (الرحبة) دیارترین شوێنەواری مێژویی ناوچیی مەیادین و پارێزگای دێرەزوورە، كە بەر لەهەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریا، ساڵانە هەزارەها كەس بەمەبەستی گەشتیاریی سەردانیان دەكرد. هەر بەپێی راپۆرتەكەی روانگەی سوری، میلیشیاكانی سەر بەئێران، بەشیك لەچەك و تەقەمەنییەكانیان لەو ناوچانەدا ئەمبار دەكەن كە هاووڵاتیانی مەدەنی تێدا نیشتەجێن، بەتایبەتی لە ناوچەكانی رۆژئاوای رووباری فورات چ لەمەیادین و دەشتەكەی یان لە ئەلبوكەمال و دەشتەكەی، ئەوەش لەترسی بەئامانجگرتنی لەلایەن ئیسرائیل و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە. روانگەكە سەرنجی بۆ ئەوەش راكێشاوە كەمیلیشیاكان هەستاون بە: «بەسەربازگرتنی لاوەكان و بڵاوكردنەوەی (بەشیعە بوون) لەناو خەڵكدا، بەسودوەرگرتن لەهەژاری و دۆخی خراپی گوزەرانی خەڵك. هاوكات هەستاون بەدەستبەسەرداگرتن و بەموڵكی خۆكردن و كڕینی خانووی ئەو كەسانەی كۆچیانكردووە یاخود كۆچیان پێكراوە بۆ ناوچەكانی تری سوریاو ئەوانەشی ئاوارەی وڵاتانی تربوون.» روانگەی سووری ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە  سەنتەری (النور الساطع) كە سەر بەسەنتەری رۆشنبیریی ئێرانە، هەستاوە بەكردنەوەی خولی ناساندنی مەزهەبی (آ‌ل البیت) بۆ سەرجەم دانیشتوانی ناوچەكە بە هەموو تەمەنەكانەوەو تایبەت بووە بەباسكردنی مەزهەبی شیعەو كەسایەتییە مێژووییەكانی.