نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پیرۆزبایی لە خەڵکی هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "كه‌مترين پاداشتى قوربانى و ئێش و ئازارى هه‌ڵه‌بجه‌ و خه‌ڵكه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌يه‌تى."   سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت: "به‌ بۆنه‌ى ده‌نگدان و په‌سندكردنى ئه‌مڕۆى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ و ته‌واوى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م. سوپاس و پێزانين و ده‌ستخۆشى پێشكه‌ش به‌‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و هه‌موو لايه‌ک له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌كه‌م كه‌ له‌م پرۆسه‌ درێژه‌دا هاوكار و يارمه‌تيده‌رمان بوون. ئه‌مه‌ مايه‌ى ئه‌وپه‌ڕى خۆشحاڵيى ئێمه‌ و ته‌واوى گه‌لى كوردستانه‌."    نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "بۆ خزمه‌تكردنى باشترى خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه، ئێمه‌ هه‌ر زوو له‌ هه‌رێمى كوردستان پرۆسه‌ى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌مان ده‌ست پێكرد، ته‌واوبوونى ئه‌مڕۆى رێكاره‌كانى له‌ عێراق و به‌ فه‌رمى ناساندنى وه‌ک پارێزگا‌، كه‌مترين پاداشتى قوربانى و ئێش و ئازارى هه‌ڵه‌بجه‌ و خه‌ڵكه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌يه‌تى. هيوادارين ببێته‌ هۆى باشتربوونى ژيان و گوزه‌ران و بووژانه‌وه‌ و گه‌شانه‌وه‌ و پێشكه‌وتنى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا. ئه‌ركى هه‌موو لايه‌كمانه‌ بێ درێغيكردن، ئه‌وپه‌ڕى خزمه‌تى هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ين.   دەشڵێت: "هه‌ر له‌م بۆنه‌يه‌دا به‌ رێز و پێزانينه‌وه‌ شه‌هيدانى هه‌ڵه‌بجه‌ و ته‌واوى كوردستان به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌ و دروود و سڵاو بۆ گيانى پاكيان ده‌نێرين."   دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق هەڵەبجەی وەک 19ـیەمین پارێزگەی عێراق ناساند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لە پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، کرد.   ئەمڕۆ دووشەممە 14-04-2025  پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکە دەنگ بە پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە درا و هەڵەبجە بووە 19ەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان.   نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس بوو، بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لە نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت کرد.   نوخشە ناسیح بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: "بە ناوی خۆم و سەرجەم کەسوکاری شەهیدان و پارێزگەی هەڵەبجە، زۆر سوپاسی هەڵوێستی جوانی جەنابت دەکەین؛ دەزانین لە دەرەوەی وڵاتی، بەڵام دڵت هەر لەگەڵ هەڵەبجەدایە."

  مەسعود بارزانى لە پڕۆسەی چارەسەریی توركیا هاتۆتە ئاراوە، جەختی لەوە كردەوە مادام دەرفەتی ئاشتی هەیە و دەرگەی چارەسەریی ئاشتیانە كراوەیە، نابێ هیچ لایەك پەنا بۆ ڕێكاری شەڕكردن ببات. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ڕۆژی دووشەممە 14ی نیسانی 2025 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی پارلەمانی بریتانیا و پارلەمانی یەكێتیی ئەوروپا كرد. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا لە دیدارەكەدا شاندی میوان ستایشی ئارامی و سەقامگیری و پێشڤەچوونانەیان كرد كە لە هەرێمی كوردستان لە سی ساڵی ڕابردوودا هاتووەتە ئاراوە و سەرسامیی خۆشیان بە هەبوونی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان دەربڕی. هەروەها لەو دیدارەدا پەیامی دۆستایەتی و هاوسۆزی و پاڵپشتیی خۆیان بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بۆ بارزانی دووپات كردەوە. لای خۆیەوە بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و كورتەیەكی لە مێژووی نەهامەتی و ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە بۆ شاندی میوان خستەڕوو و وێڕای ئاماژەدان بە دەستپێشخەری و پێشڤەچوونانەی لە پڕۆسەی چارەسەریی توركیا هاتۆتە ئاراوە، جەختی لەوە كردەوە مادام دەرفەتی ئاشتی هەیە و دەرگەی چارەسەریی ئاشتیانە كراوەیە، نابێ هیچ لایەك پەنا بۆ ڕێكاری شەڕكردن ببات. بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان و ئەوەی خستەڕوو كە پێكەوەژیان هەڵقوڵاوی ناخی كۆمەڵگەی كوردستانیە و فەرهەنگێكی ڕەگداكوتاو و دێرینی گەلەكەمانە. سەرۆك بارزانی سوپاسی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمەریكاشی كرد كە لە كاتی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی كوردستان و هاوكار و پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بوونە. داواشی كرد وڵاتانی ئەوروپایی لە بواری چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە و كشتوكاڵ و پەروەردە و تەكنۆلۆژیا و زانستدا یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن. لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا لەسەر بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دۆزی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژووی خەباتی گەلی كوردستان و ئایندەی كورد لە ناوچەكەدا كۆمەڵێك پرسیاریان ئاراستەی بارزانی كرد و بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیاری ئەندامانی شاندی میوانی دایەوە

  موحسین پاک نەژاد، وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تاوتوێی پەرەپێدانی هاوکاریی وزەی نێوان ئێران و عێراق، گەیشتە بەغدا. ئاژانسی ئیرنا، بڵاوی کردووەتەوە، موحسین پاک نەژاد لەسەر بانگهێشتی هاوتا عێراقییەکەی چووەتە بەغدا و دوو ڕۆژ لە عێراق دەمێنێتەوە، بڕیاریشە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکانی کەرتی وزە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیرانی نەوت و کارەبا کۆ ببێتەوە. هەروەها ئاماژەی داوە، وەزیری نەوتی ئێران لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبای عێراق ڕێککەوتنێکی لێکگەیشتن بکەن. سەردانەکەی وەزیری نەوتی ئێران بۆ بەغدا، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی وزەی نێوان هەردوو وڵاتە، بەوپێیەی لە مانگی ئاداری 2024دا، وەزیری کارەبای عێراق لە تاران لەگەڵ وەزیری نەوتی ئێران کۆ بوونەوە و جەختیان لە پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارەکانی نەوت، غاز، پترۆکیمیایی و کارەبای نێوان دوو وڵات کردبووەوە.

  سبەیینێ وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان كۆدەبنەوە، دوای چوار مانگ لە گفتوگۆو چەندین كۆبوونەوە ئینجا رەشنوسی پرۆژەی حوكمڕانی ئامادەكرا، گفتوۆكردن و رێككەوتن لەسەر شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان چەندین كۆبوونەوەو دانیشتنی دەوێت ئەگەر سەرەتای مانگی داهاتوو سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێت رێوشوێنەكانی هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و راسپاردن و متمانەدان بەكابینەی دەیەم دوو مانگی پێویستە و دەكەوێتە مانگی تەمووز واتا چاوەڕوان دەكرێت رۆژی 20/10/2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، دوای 176 رۆژ واتا نزیكەی شەش مانگ هێشتا پەرلەمان و حكومەت پێكنەهاتووە، سەرەڕای ئەوەی چەندین لایەنی سیاسی كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا بەڵام  گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت تەنیا لە نێوان یەكێتی و پارتی دەكرێت. كۆبوونەوەو دانوستانی پارتی و یەكێتی بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی پرۆژەی حوكمڕانی چوار مانگی پێویستی بوو لە (30/11/2024 یەكەم كۆبوونەوەكراو دوا كۆبوونەوەش 18/3/2025) بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بۆ  پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستەكانیش زیاتر لە دوو مانگ پێوست بێت لەبەر ئەوەی ئەگەری ئەوە هەیە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ لەدوای مانگی شەش و حەوتەوە بێت. بەپێی بەدواداچوونەكان تا ئێستا بەشێوەی فەرمی لەسەرمێزی گفتوگۆ وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی پاسی پۆستەكانیان نەكردووە، بەڵام گفتوگۆی یەكێتی و پارتی لەناو خۆیان و لەگەڵ یەكدی هەبووە لەسەر پۆستەكان. لای یەكێتی چەند بژاردەیەك لەبەردەستدایە بۆ شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان لەوانە: -    دابەشكردنی پۆستەكان بەشێوەی خاڵ واتا پۆستی سەرۆك وەزیران چەند خاڵێك و جێگری سەرۆك وەزیران چەند خاڵێك و وەزیرەكانیش هەریەكەو خاڵ بەخاڵ دیاری دەگرێت -    دابەشكردنی پۆستەكان بە پێی ستونی دیاریكراوە واتا سەرۆك وەزیران و چەند وەزیرێك لە ستونێك و جێگری سەرۆك وەزیران و چەند وەزیرێك و پۆستەكانی دیكە لە ستونێكی تر . -    پۆلێنكردنی پۆستەكان بەپێی لیستی (A,B,C) لای پارتی دیموكراتی كوردستان: -    پۆلێنكردنی پۆستەكان بەپێی (A,B,C) واتا گروپێك لە وەزارەتەكان لە (A) دەبن: وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی سامانەسروشتیەكان، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی داد،،، گروپێك لە وەزارەتەكان لە (B) دەبن بەو شێوەیە ئەوەی پارتی دەیەوێت لە دابەشكردنی پۆستەكان بەهەمان شێوازی كابینەی پێشوو واتا پۆستە باڵاكان بەم شێوەیە یەكلابكرێنەوە: -    پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی   -    پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پارتی   -    جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ یەكێتی   -    جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی   -    سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی   -    جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی   -    سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهاتەی مەسیحی -    توركمان لە حكومەت وەزارەتی پێدەدرێت سەرچاوەیەك لە یەكێتی راگەیاند تا ئێستاش یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم بەدەستبهێنێت و تەركیزی لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نیە، چونكە یەكێتی پێی وایە سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتی نیەو لەپەرلەمان سەرۆكایەتیە واتا بەهەرسێكیان بڕیارەكان دەردەكەن بەڵام بەپێچەوانەوە لە حكومەت سەرۆكی حكومەت خۆی بڕیار دەردەكات. بەپێی بەدواداچوونەكان  لە دابەشكردنی پۆستە حكومییەكاندا پارتی هێڵی سوری تەنیا لەسەر وەزارەتی ناوخۆ هەیەو بەلایەوە ئاساییە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان یان دارایی بداتە یەكێتی، یەكێتی و پارتی وا رێككەوتوون كە پۆستەكان لەنێوان خۆیان دابەشبكەن و هەریەكەیان لە پشكی خۆی ئەگەر ویستی پۆست بدات بەلایەن و پێكهاتەیەكی دیكە. رەنگە ووردەكاری دابەشكردنی پۆستەكان و یەكلاكردنەوەیان كاتێكی زۆری بوێت، بۆیە یەكلاكردنەوەی پۆستەكان و رێككەوتن كاتێكی زۆری دەوێت، هەرچەندە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لەسەرەتای مانگی داهاتوو پەرلەمان پێكبێت و سەرۆك و جێرو سكرتێر هەڵبژێردرێت و پەرلەمان كۆببێتەوە، دواتر سەرۆكی هەرێم و حكومەت پێكبهێندرێت. خۆ ئەگەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە سەرەتای مانگی ئایار (5)ەوە هەڵبژیێردرێت ئەوا پێكهێنانی حكومەت دەكەوێتە مانگی تەموز چونكە هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نزیكەی مانگێكی پێویستەو پێكهێنانی كابینەو سوێندخواردنی مانگێكی پێویستە. بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2019یاسا كاراكردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواری شێوازی سەرۆكی هەرێم، بەپێی مادەی (4) لە خاڵی یەكەمی بڕگەی یەكەمی دا هاتووە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەماوەی (30)رۆژدا رێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەستپێدەكات. واتا هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ماوەی (30) رۆژ دەخایەنێت، بەپێی بڕگەی (3) و (4) لەمادەی (56)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەمواركراوی 1992 دەستنیشانكردنی سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و متمانەپێدانی سەرۆكی ئەنجومەن و كابینەكەی لەدەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستانە وبەڵام بەپێی برگەی (١٢) لەماددەی (١٠)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١) ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو، (پاش  ناونانی لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری لە ماوەیەکدا کە لە (٣٠) رۆژ تێپەر نەکات. واتا ناونان و راسپاردن و سوێندخوادرنی كابینەی نوێ ئەویش (30) رۆژی پێدەچێت بۆیە، واتا دوای رێككەوتنی یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ، هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و رێكارەكانی كابینەی نوێ و سوێندخواردنی بەهەردووكیان (60) رۆژی پێویستە، لەبەر ئەوە ئەگەر سەرەتای مانگی ئایار سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان پێكبهێندرێت ئەوا لە ناوەڕاستی مانگی تەمووز كابینەی نوێ پێكدەهێندرێت، كە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.  

  لە پێشهاتێکی بێ وێنەدا، ئەمریکا بەخێرایی پەرەپێدانی بۆمبێکی ئەتۆمی نوێی B13-61 بەرەوپێش دەبات، کە پێشبینی دەکرێت هێزی وێرانکەری 24 هێندەی بۆمبی هیرۆشیما زیاتر بێت، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمنی و ماڵپەڕی یۆرۆنیوز بڵاویکردووەتەوە. ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە پلانێکی فراوانتری ئەمریکا بۆ مۆدێرنکردنی جبەخانەی ئەتۆمی، نیشانەکانی پێشکەوتنی بەرچاو نیشان دەدات کە دەتوانێت ببێتە هۆی تەواوکردنی یەکەم یەکەی بەرهەمهێنان پێش وادەی خۆی. وتەبێژی دەستەی سەلامەتی گواستنەوەی نیشتمانی ئەمریکا (NTSB) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕوونی کردەوە کە یەکەم یەکەی بۆمبە نوێیەکە پێش کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت، واتە حەوت مانگ پێش وادەی دیاریکراو. بۆمبەکە وەشانێکی پێشکەوتووی بۆمبی ئەتۆمی B61 یە، هەروەها بەشێکە لە حەوت بەرنامەی مۆدێرنکردنی چەکی ئەتۆمی ئەمریکا. ئەم بۆمبە نوێیە بە یەکێک لە گرنگترین و بەربڵاوترین چەکی ئەتۆمی لە جبەخانەی ئەمریکا دادەنرێت لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە، بەو پێیەی دیزاین کراوە بۆ ئەوەی بە فڕۆکەی خێرا هەڵبدرێت بۆ لێدانی ئامانجە سەربازییە ستراتیژییەکان. وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بۆمبی B13-61 توانای پێشکەوتوو بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە سەربازییە بەهێزکراوەکان و ئامانجە دوورەکان دابین دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، خێراکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانی لەسەر بنەمای ئەزموونی بەدەستهێنانی لە پەرەپێدانی بۆمبی B12-61ی پێشوو و وەرگرتنی تەکنەلۆژیای مۆدێرن بووە.

بەشێک لە بژمێرەکانی پڕۆسەى سەرژمێریى دانیشتووان لە سلێمانی و هەولێر لە دژی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانی مانگی دووەمی کارکردنیان گردبوونەوەو دەڵێن جیاوازیی کراوە لەنێوان بژمێرەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق. نوێنەرى بژمێرەکان لە گردبوونەوەکەى سلێمانى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا گوتى "بژمێرەکانى عێراق سەرجەم شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە، بەڵام بژمێرەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆی کاری دوو مانگ تەنیا پارەی یەک مانگییان بۆ خەرجکراوە کە بڕەکەی 250 هەزار دینارە، لەگەڵ پارەی هەشت رۆژی خولی راهێنان کە بۆ هەر رۆژێک 10 هەزار دینارە". بەگوتەی نوێنەرى بژمێرەکان، لە رۆژانی سەرژمێریدا کە لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، لە رۆژێکدا نزیکەی 16 کاتژمێر کاریان کردووە. بەکۆی گشتیی 19 هەزار کەس وەک بژمێر لە سەرژمێریی دانیشتوواندا لە هەرێمی کوردستان کاریان کرد، کە سەرجەمییان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان بوون و بەگوێرەی کارەکانیان بڕیاربوو هەر بژمێرێک 580 هەزار دینار وەربگرێت. دوای 37 ساڵ و لە 20 بۆ 22ـی تشرینی دووەمی 2024، لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی گشتیی کرا. تێیدا ناوی خێزانەکان تۆمار کران و تاوەکو 10ـی کانوونی دووەمی 2024 فۆڕمی تۆماری خێزان پڕکرایەوە، کە تێیدا زیاتر لە 70 پرسیار لە هاونیشتمانی و هاووڵاتیان کرا.  

لە 37ـەمین ساڵیادی ئەنفالدا، بەرەى گەل پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: لە ئێستادا ئەوەی برینى ئەنفال زیاتر بەسوێ دەکات، ئەوەیە رۆژانە بەبەرچاوی کەسوکاری ئەنفالکراوان سەدان تانکەری نەوتی قاچاغ ئاودیوی سنورەکان دەکرێت و ناوچەکانی ئەنفال بوونەتە ناسنامەی گەندەڵی و ناعەدالەتی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم. هەر بەو ڕاگەیەندراوەى بەرەى گەلدا هاتووە: ناوچەکانی ناسنامەی ئەنفال لە سایەی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە بووەتە شوێنی بەخشینەوەی زەوی گرانبەها بەکوڕی بەرپرسەکان و داگیرکردنی بیرە نەوت و کاری مافیایی و سەرانە سەندن. ڕاگەیانراوێک لەبەرەی گەل ەوە... ٣٧ ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعسی رەفتار فاشی ، لە هەشت قۆناغی یەک لەدوای یەکدا پرۆسەی ئەنفالی کوردی ئەنجامداو بەهۆیەوە ٥٠٠٠ گوند خاپوور کراو ، ٢٩٠٠ مزگەوت و ١٨٠٠ خوێندنگە لەگەڵ زەوی تەختکرا، سەرەنجام دەیان هەزار هاوڵاتی بێتاوان لە منداڵ و ژن ، لە پیر و گەنج لەبیابانەکانی باشووردا بەشێوەیەکی دڕندانەو دوور لەهەر بەهایەکی مرۆڤانە و نامۆ بە هەر داب و نەریت و کلتووری گەلان و ناکۆک بەهەر مۆراڵێکی مرۆڤبوون زیندەبەچاڵ کران.  بەمەش بەعسیەکان مەڵۆیەکی گەورەی تریان خستە سەر خەرمانی کار و کردەوە رەگەزپەرستەکانیان و قەتماغەی برینی کیمیابارانی هەڵەبجە ، پرۆسەی تەفسیری کوردانی فەیلی ، تەبعیس و تەعریبی کۆی گەلی کوردیان لەویژدانمان هەڵدایەوە.  لەئێستادا ئەوەی کەئەم برینانە بەسوێ تر دەکات ، ئەوەیە کەرۆژانە بەبەرچاوی کەسوکاری ئەنفالکراوان سەدان تانکەری نەوتی قاچاغ ئاودیوی سنورەکان دەکرێت. ناوچەکانی ئەنفال بونەتە ناسنامەی گەندەڵی و ناعەدالەتی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم. ناوچەکانی ناسنامەی ئەنفال لە سایەی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە بووەتە شوێنی بەخشینەوەی زەوی گرانبەها بەکوری بەرپرسەکان و داگیرکردنی بیرە نەوت و کاری مافیایی و سەرانە سەندن، لەولایشەو سەدان گەنجی پاشماوەی ئەنفال بەبێ کار دەسورێنەوە و بەبروانامەی بەرزیشەوە دانامەزرێن.  ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و قەزای چەمچەماڵ کەقوڵایی ئەنفالستانن، بەهۆی دەوڵەمەندی سامانی سروشتی لەنەوت و گاز ، دەبوایە خۆشگوزەرانترین ناوچەی هەرێم بان، بەڵام بەهۆی دزی و چاوچنۆکی دەسەڵاتدارانی حزبی و حکومی بونەتە رەمزی پشتگوێخستن و نەبوونی پێداویستیە سەرەتاکانی ژیان وەک ئاوی خواردنەوە، هەربۆیە ساڵانە لەیادی ئەنفالدا بەرپرسان جورئەتی ئەوە ناکەن بەشداربن و بێنە ناو خەڵک. کەدڵنیاین ئەمانە رۆژێک دێت بەتەواوی لەلایەن گەلەوە رسواو شار بەدەر دەکرێن. ١٤ ی ٤ ی هەموو ساڵێک کەیادی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی پرۆسەی بەدناوی ئەنفالەکانە. لەقوڵایدا دەرفەتێکیشە بۆئەوەی کەجارێکی تر تیشک بخەینە سەر کۆمەڵێک داواکاری بنەرەتی و کێشەی جەوهەری کەبەدرێژایی ساڵانی رابردوو فەرامۆشکراون و بەهەڵپەسێرراوی ماونە: ١-جێبەجێکردنی تەواوەتی پرۆسەی ناساندنی تاوانی ئەنفال وەک جینۆساید لەلایەن دەوڵەتی عیراقی بەهەر سێ دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادگەری و یاسادانانەوە. ٢-حکومەتی عیراق پەلە بکات لە جێبەجێکردنی پێداویستەیەکانی تایبەت بەهێنانەوەی روفاتی ئەنفالکراوەکانمان کە ژمارەیان زیاتر لە ١٧٠ هەزار هاوڵاتی دەبێت و بەهۆی کێشەی پشکنینی DNA و پاساوی ئەمنی و سستی لەهەنگاوەکانی پرۆسەکە هەتا ئێستا کەسوکاریان لەچاوەروانی ئێسک و پروسکی ئازیزانیان دەستەوسان راوەستاون. ٣- هەردوو حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێم هەوڵی جدیان نەداوە بۆ ناساندنی کەیسی ئەنفال وەک جینۆساید لەئاستی نێودەوڵەتی، کەئەمەش ناهەقیەکی ترە بەرامبەر کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتیەکانیان. ٤- دابینکردنی زەوی و شوێنی نیشتەجێکردن بۆ پاشماوەی کەسوکاری ئەو ئەنفالکراوانەی کە بەهەر هۆیەک بێت بێ بەشکراون لەو مافە رەوایەی خۆیان. پەیمان بۆ کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان دووپات دەکەینەوە کە بەردەوام هاوکار و پشتیوانیان دەبین ، لەبەدیهاتنی داواکاری و مافەکانیان. بەرەی گەل ٢٠٢٥/٤/١٤  

هێرش و بۆردومانەکانى ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامە و تەندروستى کەرتەکەش دەڵێت، لە 24 کانژمێری رابردوودا 38 فەڵەستینى کوژراون. بەگوێرەى کەناڵی جەزیرەى قەتەری، شەش برا لەکاتی گەشتکردنیان لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لە دێربەلحی ناوەڕاستى غەزە، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە. ئەو برایانە لە رێکخراوێکی خێرخوازیدا بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکانى کەرتەکە لە دێربەلحەوە دەیانویست بچنە باشووری غەزە. هاوکات سوپای ئیسرائیل فەرمانێکی نوی بۆ چۆڵکردنى خان یونس دەردەکات و رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 90 هێرشی بۆ سەر چەند ئامانجێک لە غەزە ئەنجامداوە و هێرشە ئاسمانى و زەمینییەکانیشی بەردەوام دەبێت. لە بیست و هەشتەمین ڕۆژی دەستپێکردنەوەی شەڕ بۆ سەر کەرتی غەززە، دەیان فەلەستینی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژران. نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی لە غەززە، کوژرانی ٣٨ فەلەستینی لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووەوە لە کەرتی غەززە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ڕاگەیاند. ئاماژەی بەوەشکردووە، داگیرکردنەکە زیاتر لە ٤ هەزار ماڵ و دامەزراوەی کردۆتە ئامانج کە بە سیستەمی وزەی خۆر تەیارکراون وەک بەشێک لە سیاسەتێکی سیستماتیکی بۆ لەناوبردنی سەرچاوە بەدیلەکانی کارەبا لە غەززە. هاوکات لیواکانی ئەلقەسام ڕایگەیاند، چەکدارەکانیان بە ئامادەبوونی هێزێکی ئیسرائیلی کە دزەیان کردبووە ناو ناوچەی ئەبو ئەلروس لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، خانوویەکی گیراوی بووبییان تەقاندەوە و ژمارەیەکیان کوژران و برینداربوون.

کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکان تاوەباران و بروسکە دەبێت و سبەینێش لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند،لەکاتەکانی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ نمەباران لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت، لەکاتەکانی ئێوارەش لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تاوەباران و بروسکە دەبێت تا بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە. سەبارەت بە کەشی سبەینێ سێشەممە، کەشناسی هەرێم دەڵێت: ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت لەتەواوی ناوچەکان، لەگەڵ کەمێک بەفربارین لە زۆربەی ناوچە شاخاوییە بەرزەکان، هەروەها رێژەی دابارین لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت و لە درەنگانی شەودا کاریگەری شەپۆلەکە لاواز دەبێت. هاوکات، پلەکانی گەرما چوار تا حەوت پلە نزم دەبێتەوە، بەراورد بە ئەمڕۆ و لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکان پلەکانی گەرما دەگەنە سفر. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 13  پلەی سیلیزی سلێمانی :  12 پلەی سیلیزی دهۆک : 11  پلەی سیلیزی  کەرکوک : 14 پلەی سیلیزی   زاخۆ  : 12 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 16 پلەی سیلیزی سۆران : 7 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : سفر پلەی سیلیزی گەرمیان :21 پلەی سیلیزی

  بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو، كۆنگرەی بە فەرمی راگەیاندنی "دیدگای سیاسی هاوبەشی کوردی" لە شاری حەسەكە لە رژۆئاوای كوردستان بەڕێوەبچێت. ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی سوریا، لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، و پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)و ئەنجومەنی نیشتمانیی کور (ENKS)، بە ئامادەبوونی سەرجەم لایەنە کوردییەکانی سوریا رێككەوتون لەسەر وادەی كۆنگرەكە، كە زیاتر لە (250) كەس بە نوێنەری حزبە کوردییەکانی سوریا و کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکاکان و رێکخراوەکانی ژنان بەشداری تیادا دەكەن. پێدەچێت لە کۆنگرەكەدا کەسایەتی دیار بەشداریبكات، لەوانە، بەرپرسانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان. ئەو سەرچاوەیە جەختیشكردووە، رێککەوتن لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) كراوە، لەسەر وادەی راگەیاندنی دیدگای سیاسی لە رۆژی هەینی داهاتوو.  ئاماژەی بەوەشداوە، رەنگە شوێنەکه بگۆڕێت، لە ئەگەری رودانی بارێكی نائاسایی یان بابەتی دیکەی پەیوەست به ئامادەكارییە لۆجستییەکان و میوانەکان، وەك ئاماژەیەك بۆ  "نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەرێمی کوردستان". ئامانجی سەرەکیی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، یەکخستنی دیدو تێڕوانی سیاسی کوردە لە سوریا و پێشبینی دەکرێت لایەنە سیاسییەکان بگەنە رێککەوتن لەوبارەیەوە و بەیەک وەرەقەی سیاسی دانوستان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا بکەن. مانگی ئازاری رابردوو، بە چاودێریی راستەوخۆی ئەمەریکا و فەرەنسا و بەسەرپەرشتی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و دوای زنجیرەیەک کۆبونەوە، لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی و داڕشتنەوەی کۆتایی رێککەوتنەکە ئامادەکراوە و گەیشتونەتە دیدێکی هاوبەش بۆ ئایندەی سوریا و رۆژئاوای کوردستان و بڕیاربوو دوای پشووی نەورۆز ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە رابگەیەندرێت.

  سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یادی ئەنفال پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەو تاوانە دڕندانەیە رووخساری ناشیرین و رەگەزپەرستیانەی رژێمی لە دژی گەلەکەمان و هێزە نیشتیمانییەکان ئاشکرا کرد".   محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، "عێراقییەکان بە ئازارەوە تاوانی رژێمی لە ناوچوو لە (شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال) و ئەو کۆمەڵکوژییە دڕندانەیەی کە 37 ساڵ لەمەوبەر دژ بە رۆڵەکانی گەلی کوردمان ئەنجامدرا بەبیر دێننەوە".   سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت دەڵێت، "ئەمڕۆ برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بەسەر هەموو پاڵنەرەکانی رق و کینەدا سەردەکەون، کە بەعسی سەدامی هەوڵی چاندنی دەدا لەنێو چین و توێژە جیاوازەکانی گەلەکەمان بە پێکهاتە هەمەچەشنەکەیەوە".   جەخت لەوەش دەکاتەوە "ستەمکاری لە تاریکی مێژوودا کۆتایی پێهات و عێراقییەکان پێکەوە بەردەوام بوون لە پرۆسەی بنیاتنان و گەشەپێدان و بەرزڕاگرتنی پێگەی عێراقێکی یەکگرتوو و ئارام و سەقامگیر".   محەممەد شیاع سوودانی "دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی عێراق" دەنێرێت.

مەسعود بارزانی بەبۆنەی یادی 37 ساڵەی ئەنفال پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، تاوانباران کەوتنە زبڵدانی مێژوو، بەڵام برین و ئاسەواری ئەو جینۆساید و زووڵمە هێشتا ماون و ساڕێژ نەکراون.   لە پەیامەکەیدا بارزانی داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، کەسوکاری ئەنفالکراوان قەرەبوو بکاتەوە و دەشڵێت، "پێویستە رێگە لە هەموو جۆرە تێڕوانین و سیاسەت و كردەوەیەكی شۆڤێنی لە دژی خەڵكی كوردستان بگیرێت."   دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی:   بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان   پڕۆسەی ئەنفال بەشێكی ئەو ستەم و تاوانانە بوو كە لە سەدەی ڕابردوو لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق گەلەكەمان ئەنجام درا. لە ئەنجامی ئەو پڕۆسە نامرۆڤانەیەدا كە بە چەند قۆناغ هەموو ناوچەكانی كوردستانی گرتەوە، سەدوهەشتا هەزار هاووڵاتیی بێتاوانی كوردستان بێسەروشوێن و شەهید كران.  هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا كیمیابارانكردن و  سیاسەتی بەعەرەبكردن و ڕاگواستن و تێكدانی ژێرخانی ئابووریی كوردستان و وێرانكردنی هەزاران گوند بەشێكی تری ئەو تاوانانە بوون كە لە سەدەی ڕابردوودا لەلایەن ڕژێمی عێراق لەبەرانبەرگەلەكەمان ئەنجام درا.   تاوانباران كەوتنە زبڵدانی مێژوو بەڵام برین و ئاسەواری ئەو جینۆساید و زوڵمە هێشتا ماون و سارێژ نەكراون. دەبێ دەوڵەتی عێراق قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە.  هەروەها پێویستیشە ڕێگە لە هەموو جۆرە تێروانین و سیاسەت و كردەوەیەكی شۆڤینی لەدژی خەڵكی كوردستان بگیرێت. لە سی و حەفت ساڵەی یادی خەمناكی ئەنفالدا باشترین وەفا بۆ شەهیدانی ئەنفال ئەوەیە هەموومان لە خزمەتكردن و پاراستنی وڵاتمان یەكدەنگ بین و پێكەوە داهاتوویەكی گەش بۆ گەلەكەمان بنیات بنێین.   سەربەرزی بۆ خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفال، هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان   مسعود بارزانی 14ی نیسانی 2025

  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا رایگەیاند، کۆبونەوەیەکی لەگەڵ راوێژکارەکانی كردووە بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئێران، پێشبینیشی كرد بەمزوانە بڕیارێکی خێرا بدات، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات. لێدوانەكەی ئەمڕۆی ترەمپ، دوای دانوستانی واشنتۆن و تاران دێت لە سەڵتەنەی عومان، كە بە ئەرێنی وبونیادنەر وەسف کراو، رێککەوتن بۆ ئەنجامدانی خولێکی نوێی دانوستان لە رۆژی شەممەی داهاتوو. ترەمپ، لە فرۆكەكەیدا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، پێشهاتەکانی دۆسیەی ئێرانی لەگەڵ راوێژکارەکانی تاوتوێ کردووەو زۆر بە خێرایی بڕیار لەسەر ئێران دەدەن. هەر لەو چوارچێوەدا، ماڵپەری "ئەکسیۆس"ی ئەمریكی،  لەزاری  دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، رۆژی شەممەی داهاتوو لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، خولی دووەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بەڕێوەدەچێت. سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، ستیڤ ویتکۆف، عەباس عراقچی، رۆژی شەممە بۆ ماوەی نزیکەی (٤٥) خولەک قسەیان کردووە. رۆژی شەممە، بەرپرسانی هەردوو وڵات لە عومان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی بکەن. ترەمپ پێشتر هەڕەشەی لە تاران کردبوو، ئەگەر بە ئاشتی، بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا ئێران بۆردوومان دەکات.    هەردوو وڵات رایانگەیاند، گفتوگۆکەیان "ئەرێنی و بونیاتنەرانە" بووە و رێککەوتوون شەممەی داهاتوو 19ـی نیسان، جارێکی دیکە کۆببنەوە.    ئەوە یەکەمین گەڕی گفتوگۆی نێوان واشنتن و تاران بوو لەو کاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی. 

  بەبۆنەى یادى ئەنفالەوە، سەرۆکی حکوومەت پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: جێنۆسایدی ئەنفال، تاوانکارییەکی گەورە بوو لە دژی خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجام درا. هەروەها لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات بە ئەرک و لێپرسراویەتیی یاسایی و دەستووری هەستێت و کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال، لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە. پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفال: لە (37)مین ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، بە ڕێزەوە یادی شەهیدان و قوربانییانی جێنۆسایدی(ئەنفال) دەکەینەوە، کە ڕژێمی پێشووی عێراق، بە دەیان هەزار خەڵكی بێتاوانی كوردستانی ڕاپێچی بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کرد و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێنی كردن. جێنۆسایدی ئەنفال، تاوانکارییەکی گەورە بوو لە دژی خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجام درا و تا ئێستاش، دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە هەر ماون و پێویستە حکومەتی فیدراڵ، بە هەستکردن بە ئەرک و لێپرسراویەتیی یاسایی و دەستووری و ئەخلاقیی خۆیەوە، کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و هەموو ستەملێکراوانی دیکەی دەستی ڕژێمی بەعس، لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە. لە ساڵڤەگەڕی ئەم شاڵاوە تاوانکارییە شۆڤێنیەدا، حکومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستان دووپات دەکاتەوە. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، یادی شەهیدان و ئەنفالکراوان هەمیشە بەرز و شکۆدار بێت. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ڕۆژی 14-4-2025، 37 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێپەڕ بوو کە یەکێک بوو لە هەوڵەکانی بەعس لە عێراق بۆ قڕکردنی گەلی کورد.    ئەو هەڵمەتە بەھەشت قۆناخی یەک لە دوای یەک ئەنجامدرا و لە 22ـی شوباتی 1988ـەوە دەستیپێکرد و تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو؛ قۆناخی سێی ئەنفال کە رۆژی 14-4ـی 1988بوو، بەهۆی ئەوەی زۆرترین قوربانیی هەبوو گەورەترین کۆمەڵکوژییە بە بەراورد بە قۆناخەکانی دیکە، بۆیە بە رۆژی ئەنفال دیاریکراوە. لە شاڵاوی ئەنفالدا نزیکەی 182 هەزار هاونیشتمانی شەهیدبوون. قۆناخی گەرمیانی شاڵاوەکە لە 14ی نیسانی ساڵی 1988 دەستیپێکرد و ئەو رۆژەش وەکو ساڵیادی ئەو شاڵاوە لە باشووری کوردستان دەستنیشانکراوە و یادی دەکرێتەوە. شاڵاوی ئەنفال لەلایەن هەریەکە لە عێراق، بەریتانیا، سوێد، نەرویج و کۆریای باشوورەوە بە جینۆساید ناسراوە. توێژەران و سیاسەتمەداران پێیانوایە، دەکرێت هەندێک کاری زیاتر بکرێت بۆئەوەی ژمارەیەکی زیاتر وڵات وەکو جینۆساید دان بە تاوانەکەدا بنێن.   پەرلەمانی عێراق لە 14ی نیسانی ساڵی 2008دا ئەنفالی وەکو جینۆساید ناساند. ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی سەدامیش لەسێدارەدراون، لەوانەش عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە عەلی کیمیایی لە ساڵی 2010دا.  لە هەڵمەتی ئەنفالدا جگە لەوەی سەتان هەزار هاونیشتمانی شەهیدکران، نزیکەی 4500 گوندیش رووخێندران. حکومەتی عێراق لە کۆتاییەکانی مانگی 12ـی ساڵی 2021 کۆتایی بە بژاردنی زیانە داراییەکانی داگیرکردنی کوەیت هێنا، بڕی 52 ملیار دۆلاری دایەوە بەو وڵاتە کە لە 5%ـی داهاتی فرۆشتنی نەوتی بۆی تەرخانکردبوو. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە ساڵی 2011 بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو عێراق و کوەیت رازی بکرێن بەوەی مانگانە رێژەی %2.5 داهاتی نەوت لە عێراق وەربگیرێت بۆ ئەوەی بەغدا بیانووی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی هەرێمی کوردستانی نەمێنێت، بەڵام بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتبوویان، پێویستە بەرپرسانی عێراق ئەو داوایە بکەن.  هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌نفال له ‌ڕێگه‌ی هه‌ردوو فه‌یله‌قی یه‌ك و پێنجی كه‌ركووك و هه‌ولێر، هێزێكی تایبه‌ت له‌ گاردی كۆماری و جه‌یشی شه‌عبی و به‌شێك له‌ فه‌وجه‌كانی به‌ناو به‌رگریی نیشتمانییه‌وه‌ کران. دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق له‌ 24ـی حوزه‌یرانی ساڵی 2007 سزای له‌سێداره‌دان و زیندانی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ر 5 له‌ تاوانبارانی پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا سه‌پاند، ئه‌وانیش،  هه‌ریه‌ك له‌ تاوانباران عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید، سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی ئه‌نفال و سوڵتان هاشم تائی، وه‌زیری به‌رگری و حوسێن ڕه‌شید تكریتی، جێگری سوپاسالاری ئه‌وكاتی عێراق بوون. سزای زیندانیكردنی تاهه‌تایی بۆ هه‌ریه‌ك له‌ تاوانباران سابر عه‌بدولعه‌زیز ئه‌لدوری به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگریی سه‌ربازی و فه‌رحان موتڵه‌گ جبووری به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفال سەپێندرا. لەگەڵ ئەوەی چەندینجار بە فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی عێراق کردووە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفال بکاتەوە، بەڵام بە بیانووی جیاواز تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق ئەو داوایە رەتدەکاتەوە و هیچ قەرەبوویەکی کەسوکاری ئەنفالی نەکردووەتەوە. بەشێک لەو گوندانەی کە بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن لەلایەن خەڵکی ئەو گوندانەوە خۆیان نۆژەنکراونەتەوە.