لە دیدارەکەى شاندی ئیمراڵی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا گفتوگۆ لەسەر قۆناغی چەکدانانی پەکەکە کراوە لەبەرامبەردا شاندەکە 13 خاڵی وەک مەرج بە بەرپرسانی تورکیا داوە کە لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالان سەرۆکی پەکەکەوە پێشنیازکراوە. بەگوێرەى هەواڵێکی رۆژنامەى سۆزجو، چاودێرانی سیاسیی دەڵێن کرانەوەى حکومەت بە رووی دەم پارتی و پەکەکە خەریکە سنوور دەبەزێنێت بەوەى لەو خاڵانەدا داوای بەرجەستەکردنی پەیوەندیی بەشێوەیەکی ئازاد بۆ ئۆجالان دەکەن. رۆژنامەکە نوسیوێتی، لایەنی کورد چەند داواکارییەکیان پێشکەش بە ئەردۆغان کردووە لەوانەش، یاسای تایبەت بۆ لێبوردەیی پەکەکە، پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی هاوبەش لە پەرلەمان بۆ چارەسەری پرسی کورد، کۆتاییهێنان بە سیاسەتی قەیوم و ئازادکردنی سەرۆک شارەوانییە دەستگیرکراوەکان و چەند ریفۆڕمێکی یاسایی بۆ پرسەکە و لەنێویشیاندا ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان. لەچوارچێوەى دیدارەکانی پرۆسەی چارەسەریی، لە ١٠ى نیسان شاندی ئیمراڵی دیداریان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆمار ئەنجامدا.
هەفتەیەکى چارەنوسساز چاوەڕوانى دۆسیەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکات، لەکاتێکدا ناکۆکییەکانى هەرێم و بەغداد لەو بارەیەوە بەردەوامن بەتایبەت لەسەر 69 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکاربردنى ناوخۆیی هەرێم، سەربارى ناکۆکی بەغداد و کۆمپانیاکان لەسەر گرێبەست و شایستە داراییەکان. بەپێی رێککەوتنى هەرێم و بەغداد کە لە هەموارى یاساى بودجەدا جێگیرکرا بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت و لە 17 ى شوبات چووە بوارى جێبەجێکردنەوە، پێویستە هەردوو وەزارەتى نەوت و سامانە سروشتییەکان لەماوەى 60 رۆژدا لایەنێکى نێودەوڵەتى دەستنیشان بکەن بۆ دیاریکردنى تێچووى راستەقینەى نەوتى هەرێم بەپێی کێڵگەکان، ئەگەریش لەو ماوەیەدا رێکنەکەون پرسەکە دەدرێتە دەست محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران بۆ یەکلاکردنەوەى. ئەو وادەیە لە 17ى نیسان کۆتایی دێت و هێشتا هەردوولا نەگەیشتوون بە رێککەوتن لەو بارەیەوە، سەرەڕاى چەند گەڕێکى دانوستان لەنێوانیاندا. لە هەموارى بودجەدا 16 دۆلار بۆ تێچووى بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک نەوتى هەرێم دیاریکراوە، تا ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى سەربەخۆ تێچووى راستەقینە دیارى دەکات. جگە لە دیاریکردنى تێچووى راستەقینەى بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێم، چەندین کێشەى دیکە بەرۆکى دۆسیەى نەوتى هەرێمیان گرتووە، کە خۆیان دەبیننەوە لە داواى هەرێم بۆ بڕە نەوتى تایبەت بە بەکاربردنى ناوخۆیی، گرێبەست و شایستەى کەڵەکەبووى کۆمپانیاکان. عەدنان جابرى جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و غاز لە پەرلەمانى عێراق لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجە رەزامەندى دەربڕیوە لەسەر رادەستکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوت، بەڵام ئێستا دەڵێت تواناى بەرهەمهێنانى 300 هەزار بەرمیل نەوتى هەیە. وتیشى هەروەها هەرێم داوادەکات بەغداد تێچووى بەرهەمهێنانى 300 هەزار بەرمیل نەوت بداتە کۆمپانیاکان، لەبەرانبەردا 185 هەزار بەرمیل رادەست بکات، چونکە لەو 300 هەزار بەرمیلە هەرێم داوادەکات 115 هەزار بەرمیلى پێبدرێت بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی بۆ مەبەستى کارەبا و بەرهەمە نەوتییەکان، لەکاتێکدا کارەبا و بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێم بێبەرانبەر نییە. لەدانوستانەکانى تایبەت بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم، بەغداد 46 هەزار بەرمیلى رۆژانەى دیاریکردووە بۆ پێداویستی ناوخۆیی هەرێمى کوردستان، بەڵام هەرێم داواى 115 هەزار بەرمیل دەکات، کە دەکاتە 14%ى کۆى بەرهەمەکانى نەوت لە پارێزگاکانى عێراق. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، پێشتر دیاریکردنى ئەو بڕەى بە یەکێک لە کێشەکانى بەردەم دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت دانا و رایگەیاندبوو، پێشتر بڕێک دیاریکرابوو، ئێستا داواى زیادکردنى دەکرێت. سەرەڕاى هەوڵە ناوخۆییەکان، فشارەکانى ئەمەریکاش بەردەوامە بۆ دەستپێکردنەوەى پڕۆسەکە کە هێشتا چارەنوسى بە نادیارى ماوەتەوە. رۆژى هەینى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و مارکۆ رۆبیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا جەختیان لەسەر پێویستى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت کردەوە. پێشتر تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داواى لە حکومەتی عێراق کردبوو لەگەڵ کۆمپانیاکانى نەوت بگاتە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم و رێز لە گرێبەستە نەوتییەکان بگرێت، کە بە بەشێک لە کێشەکە ناویبرد. هەروەها مایڵز ماکینگز وتەبێژى کۆمەڵەى پیشەسازى نەوتى کوردستان (ئەپیکۆر) مانگى رابردوو جەختیکردبووەوە، تا ئێستا هیچ رێککەوتنێکى نوێ نەکراوە بۆ دەستپێکردنەوەى پڕۆسەکە کە گرەنتى شایستە داراییەکانیان بکات. "ئەپیکۆر" کە نوێنەری هەشت کۆمپانیای نەوتییە لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسن لە 60% بەرهەمهێنانی نەوت، لەچەند هەفتەى رابردوودا جەختیکردەوە "وەزارەتی نەوت هیچ ئۆفەرێکی پێشکەش نەکردوون کە گەرەنتیی پێدانی خەرجییەکانی رابردوو و داهاتوومان بکات". رۆژی 23 ـی شوباتی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بەپێی بڕی بەردەست رایگەیاند.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری سووریا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئەنتاڵیا کۆبوونەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا ئەحمەد شەرع "جهختى له خواستى وڵاتهكهى بۆ ههبوونى پهيوهنديى بههێز لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستاندا كردهوه." رۆژی ههينى 11-04-2025 له چوارچێوهى بهشداريكردنى له كۆڕبهندى دیپلۆماسيی ئەنتاڵیادا لە تورکیا؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونهوهكهدا هەردوولا داهاتووى پەیوەندییهكانى سووريا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستانيان لهسهر بنهماى دراوسێيهتيى باش و بهرژهوهنديى هاوبهش تاوتوێ كرد، ههروهها جهختيان لهسهر بهرهنگاربوونهوهى مهترسييهكانى داعش كردهوه. سهرۆككۆمارى سووريا ديد و روانينى خۆى بۆ سووريا خستهڕوو، كه ههموو پێكهاتهكانى بگرێته خۆى، وڵاتى ههموو هاووڵاتييان و پێكهاتهكانى بێت و دهستوور مافهكانيان بپارێزێت؛ ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە. هاوکات سهرۆكى ههرێمى كوردستان، وێڕاى ستايشى روانينى سهرۆككۆمارى سووريا، "جەختی لەسەر گرنگيی ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاتهكه و چارهسهرى سياسييانهى كێشهكان کردەوە، بە شێوەیەك کە مافی هەموو پێکهاتەکانی، بهتايبهتى گهلى كورد له سووريا مسۆگەر بکات و ببێته هۆى پاراستنى ئارامى و سهقامگيرى له ناوچهكهدا." ههر لهم بارهيهوه و بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سهرۆككۆمارى سووريا "جهختى له خواستى وڵاتهكهى بۆ ههبوونى پهيوهنديى بههێز لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستاندا كردهوه، کە خزمەت بە بەرژەوەنديی هەردوولا بکات و یارمەتیدەر بێت لە بەدیهێنانی ئارامى و پاراستنى سەقامگیری لە ناوچەکەدا." ئاڵۆزييهكانى ناوچهكه و كاريگهرييان بهسهر عێراق و سوورياوه، تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكه بوو.
ئاژانسی هەواڵی ئێرنای ئێرانی بڵاوی کردەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران تارانی بەجێ هێشتووە و ئێستا گەیشتووەتە مەسقەتی پایتەتی عوممان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆف، لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمیی ئێران. ئاژانسەکانی هەواڵیش ئاشکرایان کردووە، شاندی ئەمەریکاش گەیشتوونەتە مەسقەت. ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت: لەگەڵ چەند هاوڕێییەکی شارەزامان، یاوەری وەزیری دەرەوەمان کرد بۆ مەسقەت، دەشڵێت: پێداگرین لەسەر بەکارهێنانی تەواوی تواناکانمان بۆ پارێزگاری لە توانا و بەرژەوەندییەکانی ئێران. سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئێران و ئەمەریکا لەنێوان عراقچی و ویتکۆف ڕاستەخۆ دەبێت. هەر سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرایان کردووە، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆف، گەیشتووەتە مەسقەت بۆ ئەوەی لەگەڵ عراقچی و شاندەکەی لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمی کۆ ببێتەوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا، لە کۆبونەوەی لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکانی وڵاتەکەی، رایگەیاندوە؛ لە ئێستادا زانیاریمان هەیە کە لانیکەم بە سەدان هاوڵاتی چینی شانبەشانی هێزەکانی ڕوسیا دژ بەئێمە شەڕ دەکەن و روسیا راگرتنی جەنگی ناوێت و دەیەوێت بەرەی جەنگ فراوان بکات. دوای ئەوەی چەند رۆژ پێش ئێستا سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤیدیۆ دو سەربازی چینی بڵاوکردەوە کە لەلایەن هیزەکانی ئۆکرانیاوە دەستگیرکراوبن و مۆسکۆی تۆمەتبارکرد بەوەی دەیەوێت پەکین پەلکێشی جەنگەکە بکات، ئەمڕۆ هەینی زینلیسکی رایگەیاندوە؛ زانیاریمان هەیە سەدان هاوڵاتی چینی لە ئۆکرانیا شەڕ بۆ روسیا دەکەن. ناوبرا جەختی کردوەتەوە، ئەمە پێمان دەڵێت؛ ڕوسیا بە ڕونی هەوڵی درێژکردنەوەی شەڕەکە دەدات، تەنانەت بە قۆستنەوەی بەکارهێنانی هاولاتی وڵاتانی بینایش. پێشتریش زینلیسکی رایگەیاندبو دەسەڵاتدارانی ڕوسیا چین پەلکێشی شەڕەکە دەکەن دژ بە وڵاتەکەمان، وتبوشی؛ پەکین دەزانێت کە دەیان هاووڵاتیی وڵاتەکەی لەلایەن مۆسکۆوە وەرگیراون بۆ شەڕکردن لە ئۆکرانیا. هەر دوای لێدوانەکەی زینلیسکی، دەسەڵاتداران وڵاتی چین، زانیارییەکانیان بە ناڕاست لەقەڵەمدا و ئیدانەی لێدوانەکەی سەرۆکی ئۆکرانیایان کرد و بە نابەرپرسانە وەسفیان کرد. دوای چین، مۆسکۆش ئەو لێدوانانەی زینلیسکیان بە ناراست زانی و وتەبێژی کۆشکی کرملین رایگەیاند؛ زینلینسکی هەڵەیە و مۆسکۆ شتی واناکات. دەستگیریکردنی سەربازی چینی لەلایەن سەربازەکانی ئۆکرانیاوە لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردودا، بە هەمان شێوە سەربازی کۆریای باکوریش لە بەرەکانی جەنگدا دەستگیرکرابون و ئۆکرانیا لای خۆیەوە رایگەیاند بو، زیاتر لە 10 هەزار سەربازی کۆریای باکور شانبەشانی هێزەکانی روسیا دژ بە کێڤ شەڕ دەکەن.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری کاربەدەستانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، مەسعود پزشکیان سەرۆکی كۆمارو، سەرۆکی دەسەڵاتەكانی دادوەری و پەرلەمان، عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانیان ئاگادار کردۆتەوە، رەتکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا یان شكستهێنانی، بە دڵنیایی هەردوو پێگەی سەرەكی ئەتۆميی نەتەنز و فۆردۆ روبەڕوی هێرشی سەربازی دەكاتەوە. بەرپرسانی ئێران بە خامنەیی_یان ڕاگەیاندووە، وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی سەربازیش، ناوچەکە روبەڕوی مەترسی شەڕێکی فراوانتر دەكاتەوە، ئەوەش سیناریۆیەکە رەنگە زیانی زیاتر بە ئابوریی ئێران بگەیەنێت و نائارامییەکانی ناوخۆ بوروژێنێت. رۆژنامە ئەمریكییەكە باسی لەوەشكردووە، پەیامی ئەو بەرپرسانە روون و ئاشکرابووە، داوای رێگەدانیان بە دانوستان كردووە لەگەڵ واشنتۆن، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات راستەوخۆشبێت، چونکە جێگرەوەكەی رەنگە روخاندنی رژێم بێت لە تاران. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا کە مانگی ڕابردوو ئاڕاستەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێرانی کردووە، وادەی دیاریکردنی بۆ ئێران بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا دەیەوێت دانوستان لەگەڵ وڵاتەکەی بکات لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، هەڕەشەی گەمارۆو و وەڵامدانەوەی سەربازیی کرد ئەگەر ڕەتی بکاتەوە. ئێران بیر لە وەڵامدانەوەی ئەو نامەیە دەکردەوە و بە وتەی بەرپرسانی باڵای ئێرانی ئاگادار لەو دیدارە، لە مانگی ڕابردوودا سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە و سەرۆکانی دەسەڵاتی دادوەری و مەجلیس لەگەڵ ڕێبەری مەزنی ئێران کۆبوونەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، رایگەیاند کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان هەبوو. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمرۆ هەینی لە پەڕاوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا کۆبوونەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەڵێت، نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى ستايشى رۆڵى ئهردۆغان لهبارەی پرۆسەی ئاشتی، "پرۆسهكهى به مێژوويى له قهڵهم دا و جهختى لهوه كردهوه كه ههرێمى كوردستان بۆ ههر هاوكارييهك لهپێناو سهرخستنى پرۆسهكهدا ئامادهيه." نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاندووە: "لە ئەنتاڵیا، کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان هەبوو. جەختم لە گرنگیی کاراکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، وەک رێگەیەکی سەقامگیری و ئاشتیی بەردەوام، کردەوە. هەروەها ئەوەش دەڵێت دووپاتمکردەوە کە پێویستە سوود لەم دەرفەتە وەربگیرێت و پەکەکەش بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلان بداتەوە. هەروەها باسی کۆبوونەوەی ئەم دواییانەی سەرۆک ئەردۆغان و شاندی دەم پارتی و گرنگییەکەی بۆ گفتوگۆ و ئاشتی کرد. کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ هەینی، نێچیرڤان بارزانی، بە بانگهێشتێکی فهرمی بۆ بهشداریکردن لە چوارەمین کۆڕبەندی ئەنتاڵیا، به سهردانێک گهیشته تورکیا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان له پهراوێزی کۆڕبهندهکهدا، لەگەڵ ژمارهیهک له بهرپرسانی باڵای وڵاتان، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت.
جەنگیز چاندار پەرلەمانتاری دەم پارتی سەبارەت بە دیداری شاندی ئیمراڵی و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: دیدارێکی تێروتەسەل بووە، پێشبینی دەکەین لە ماوەى 10 رۆژى داهاتوودا حکومەتى تورکیا هەنگاوێ نوێ بۆ پڕۆسەی چارەسەریی بنێت. چاندار لە میانەى چاوپێکەوتنێکیدا لە ئاڕتی تیڤی رایگەیاند: لە ساڵانی رابردوودا وەک رۆژنامەنوسێک لە کۆشکی سپی ئەمریکا ئامادەبووم لە دیدارکانی سەرۆکەکانی تورکیا و سەرۆکی ئەمریکا کەمتر لە کاتژمێرێک بووە، بەڵام لە دیدارەکەى نێوان شاندەکە و ئەردۆغان کاتژمێرێک و 25 خولەک بووە ئەمەش لە پڕۆتۆکۆڵی سەرۆککۆماردا بە کۆبوونەوەیەکی درێژخایەن دادەنرێت و بێگومان هۆکارەکەی بەهۆی گرنگی بابەتی ئاشتییەوەیە. پێشتر ئەردۆغان خۆی بەدوورگرتبوو بەوەى قسە لەسەر پڕۆسەکە بکات، بەڵام ئێستا راستەوخۆ لەنێو پڕۆسەکەدایە بە ناوی سەرۆکی دەوڵەت بەشداری لەو کۆبونەوەیە کردووە.
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان وادەى تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانى و پارت و لیستە تاکەکەسییەکانى بۆ هەڵبژاردنى کۆتایی ئەمساڵى پەرلەمانى عێراق دیاریکرد. بەپێی نوسراوێکى کۆمسیۆن، تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانى و پارت و لیستە تاکەکەسییەکان لە ناوەڕاستى ئەم مانگەوە دەستپێدەکات تا چوارى مانگى داهاتوو. رۆژى چوارشەممە (9ى نیسانى 2025) ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق 11 ى تشرینى دووەمى بۆ وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دیاریکرد، بەو پێیەش کەمتر لە حەوت مانگى دیکە هەڵبژاردن بەرێوەدەچێت، کۆمسیۆنیش ئامادەیی خۆى لەو بارەیەوە راگەیاند. رۆژێک دواتر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەستیكرد بە ڕێكارە تەكنیكییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، جەخت دەكاتەوە پشت بە ئامرازی "وێنەی چاو" دەبەستێت بۆ نوێكردنەوەی كارتی بایۆمەتری دەنگدان بۆ ئەو كەسانەی پەنجەمۆری دەستیان نایخوێنێتەوە. لەوبارەیەوە، جومانە غەلای، وتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:"كۆمسیۆن لەڕووی تەكنییكیەوە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و دەستی بەكارەكانی كردووە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی هەمواركراوی ژمارە 12 ی ساڵی 2018".
چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاشکرایان کردووە، تەل ئەبیب و قاهیرە رەشنووسی پێشنیازەکەی میسڕیان سەبارەت بە ئاگربەستی غەزە و ئازادکردنی دەستگیرکراوان ئاڵوگۆڕکردووە. بەرپرسە ئیسرائیلییەکان بە دەستەی پەخشی ئیسرائیلییان گوتووە، ئەگەری هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرەوپێشچوون لە دانوستانەکانی غەزە بێتەئاراوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ تیمی دانوستانکار هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی دەستگیرکراوان کردووە. دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە وڵاتەکەی لەبارەی دانوستانەکانی غەزە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی نێوەندگیر لە پەیوەندیدا دەبێت. لە لایەکی دیکەوە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرایکرد، گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ حەماس، چەند رۆژێکی کەم دەخایەنێت.
بڕیارە سبەینێ شەممە، دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە عوممان دەست پێبکات، لە کاتێکدا نادڵنیایی هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا راستەوخۆ دەبێت یان ناراستەوخۆ، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دووپاتیکردوەتەوە، کە وڵاتەکەی دەرفەت بە دیپلۆماسییەت دەدات. ئیسماعیل باقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوەتەوە، وڵاتەکەی "دەرفەتێکی راستەقینە" دەداتە ئەم دانوستانانە و گرنگی بە دیپلۆماسییەت دەدات. راشیگەیاند، "تاران هیچ شتێکی پێشوەختە ناکات، بەڵکو نییەتی لایەنی بەرانبەر هەڵدەسەنگێنێت و دواتریش وەڵام دەداتەوە. ئیسماعیل باقائی ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات، پێمانوایە ئەمەریکا ئەم بڕیارەی دەسەڵاتدارانی ئێران بەرز نرخێنێت. پێشتریش، تامی بروس بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەی داهاتوی وەفدەکانی ئەمریکا و ئێران دەتوانێت سەرەتایەکی باش بێت بۆ تاقیکردنەوەی جددی لەسەر هەڵوێستی تاران.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی پەخشی گشتی ئیسرائیل (کان) لە خولی دانوستانەکان کە ڕۆژی پێنجشەممە لە ئازەربایجان بەڕێوەچوو، ئیسرائیل و تورکیا نەگەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوانیان لە سوریا. بەگوتەی کان، دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا کە لەو ماوەیەدا هەوڵی دانانی میکانیزمێک دەدەن بۆ ڕێگریکردن لە ململانێی نێوانیان لە سوریا، پێشبینی دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی جەژنی پەسح کە ئەمساڵ دەکەوێتە ١٢ی نیسانەوە تا ١٩ی نیسان بەردەوام بێت. دەسەڵاتی پەخشی پەخش هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە ئەنقەرە ڕێگەی نەدات فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل کە شاندێکی ئیسرائیلی هەڵگرتبوو بۆ ئازەربایجان بە ئاسمانی تورکیادا تێپەڕێنێت، ئەمەش ناچار بوو بە ئاسمانی دەریای ڕەشدا بفڕێت. ڕۆژی 10ی نیسان، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە کۆبوونەوەی دانوستاندن لەنێوان بەرپرسانی ئیسرائیل و تورکیا لە ئازەربایجان بەڕێوەچووە و سوپاس و پێزانینی ئیسرائیلی بۆ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان دەربڕی بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەکە. لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی نەتانیاهۆدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "هەردوولا بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا دیاریکردووە و ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆ بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە". رۆژی سێشەممە (8ـی نیسانی 2025) رۆژنامەی یەدیحوت ئەحرەنوتی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە؛ لە پشتی پەردەوە تورکیا و ئیسرائیل گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیەک دەکەن، بۆ دابەشکردنی سوریا بەجۆرێک باکوری سوریا بۆ تورکیا بەجێدەهێڵرێت، رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) بۆ ئەمەریکا، باشور و رۆژهەڵاتیش لەژێر هەژمونی ئیسرائیلدا دەبێت، کەناراوەکانی سوریا لە تەرتوس لەژێر هەژمونی روسیادا دەمێنێتەوە، سەبارەت بە حکومەتی دیمەشقیش ئیسرائیل پێی وایە ئەوە ئیدارەیەکی کاتییە و ناوچەیەکی کەمی بەدەستەوەبێت تا ئەوکاتەی حکومەتێکی سەقامگیر و سەربەخۆ و هەڵبژێردراو دەستبەکاردەبێت، ئەوەش چەند ساڵێکی پێویستە. دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد و گرتنەدەستی دەسەڵاتی دیمەشق لەلایەن بەرەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، ئیسرائیل گومانی هەبوو لەوەی تورکیا ئەو دۆخەی سوریا بقۆزێتەوە بۆ سەپاندنی هەژموونی زیاتری خۆی بەسەر ئەو وڵاتەدا و ئەوەشی بە مەترسی راستەوخۆ لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دادەنێت. هێرشەکانی هەفتەی رابردووی ئیسرائیل پەیامێکی توندی گەیاندە تورکیا، هەرزوو هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: نایانەوێت روبەڕوی ئیسرائیل ببنەوە و پێکدادان لەنێوانیاندا روبدات لە سوریا، سوریەکان بە تەنها خۆیان بڕیار لە چارەنوسی وڵاتەکەیان دەدەن.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، 27 ئەندامی یەکێتییەکە لە پلانی وەڵامدانەوەی پێناسی سەپێنراوی گومرگیی ئەمریکا بۆ ماوەی 90 رۆژ دەوەستن، "ئەمەش بۆ ئەوەی دەرفەت بە گفتوگۆ و دانوستاندن بدرێت." ئورسولا ڤۆن دێرلاین رایگەیاند: "لەکاتێکدا خەریکین رێوشوێنی وەڵامدانەوە تەواو دەکەین و لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە پشتگیرییەکی زۆری کرا، بڕیارماندا بۆ ماوەی 90 رۆژ هەڵیپەسێرین." رۆژێک پێشتر، یەکێتیی ئەورووپا بڕیاری دا، لە دژی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا وەڵامیان هەبێت. ئەمریکا پێناسی گومرگی بەسەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی ئەورووپادا سەپاند. هەر چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باجی گومرگییەکانی سەر زۆربەی وڵاتانی بۆ ماوەی 90 رۆژ هەڵگرت، ئەمەش 13 کاژێر دوای ئەوەی سەپاندنی. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەو بڕیارە چین ناگرێتەوە. ڤۆن دێرلاین گوتیشی: "ئەگەر دانوستاندنەکان جێی رەزامەندی نەبوون، وەڵامی پێناسە گومرگییەکان دەدەینەوە." ئەمریکا 20٪ـی پێناسی گومرگی بەسەر کاڵاکانی ئەورووپا سەپاندووە. مارۆس سێفکۆڤیچ، بەرپرسی یەکێتیی ئەورووپا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوارد لوتنیک، وەزیری بارزگانیی ئەمریکا و جەیمسن گریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا کردووە. سێفکۆڤیچ لە ئێکس نووسی: "تەلەفۆنێکی دیکە، ئەمە لە کاتێکدا وەڵامەکانی یەکێتیی ئەورووپا هەڵدەپەسێرین و دەچینە نێو دانوستاندنە بەماناکانەوە. پەیوەندیی بەردەوام و ئاگاداربوونی رۆژانە وامان لێدەکات بەرەوپێش بچین." ئەو وەڵامەی یەکێتیی ئەورووپا بەنیاز بوو بیداتەوە، کاڵای ئەمریکی بایی 20 ملیار یۆرۆ بە ئامانج دەگرت لەوانەش فاسۆلیای سۆیا، ماتۆڕسکیل و بەرهەمەکانی جوانکاریی خانمان. یەکێتییە 27 ئەندامییەکە هێشتا کار لەسەر وەڵامێک بۆ پێناسە جیهانییەکانی ئەمریکا دەکات، ڤۆن دێرلاین گوتی: "کاری ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوە بەردەوامە. هەموو بژاردەکانمان لەبەردەستن."
دوای ئەوەی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمساڵ بەهەمان یاسای ئێستا دەبێت، نوێنەری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گومانی خستە سەر ئەو بابەتە و گوتی، لە کۆبوونەوەکەی ئیدارەی دەوڵەت باسی یاسای هەڵبژاردن نەکراوە. دوێنێ لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاریاندا بەبێ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و هەمان کۆمسیۆنی ئێستا سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنکە بکات. حەسەن سنید، نوێنەری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە کۆبوونەوەکە بە کەناڵی ئافاقی سەر بە دەوڵەتی یاسای گوت، لە کۆبوونەوەکەدا یاسای هەڵبژاردن و هەموارەکەی تاوتوێ نەکراوە، بۆچوونی کوتلە سیاسییەکان لەو بارەیەوە وەرنەگیراوە. هەروەها کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی هێڵی دووەمی سەرکردەکان بەڕێوەچووە، بۆیە توانای بڕیاردانی نییە. دەرکەوتنی ئەم ناکۆکییە پەیوەندیی بە راجیایی لایەنە شیعەکانەوە هەیە، نوری مالیکی دەیەوێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و گۆڕانکاری لە بازنەکان بکرێت. چوارشەممەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دیاریكرد، هەر ئەوکاتیش کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی بۆ بەڕێوەبردنی دەربڕی.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکردەیەکی باڵای ئێران، شەممەی داهاتوو لە عومان بەڕێوەدەچێت. ڕوبیۆ لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا زیادی کرد: هیوادارین ئەمە ببێتە هۆی ئاشتی. وتیشى: ئێمە زۆر ڕوونین کە ئێران هەرگیز خاوەنی چەکی ئەتۆمی نابێت و پێموایە ئەوە بووە هۆی ئەم کۆبوونەوەیە. تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕاگەیاندووە، کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممە لە عومان لەگەڵ ئێرانییەکان، هەڵسەنگاندن بۆ جددیەتی تاران دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کۆبوونەوەیە گەڕانێکی سەرەتاییە لە نیازی ئێران بۆ دانوستان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دەبێتە "کێشەیەکى گەورەو حیساباتێکى هەڵەیە". تامی بروس وتی: هەڕەشەی ئەم جۆرە کارە بە ڕوونی لەگەڵ جەختکردنەوەکانی ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی ناتەبایە. عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵاى ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ئەگەر وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی یان بەردەوامی هەڕەشەی دەرەکی ببێت، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕێکخراوی نەتەوەکان دەربکات.
