سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت دواکەوتن، بەڵام دەڵێت: "گفتوگۆی جیددی لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت." نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە بە سەردانێک لە ئیماراتە، رۆژی سێشەممە 08-04-2025 لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "گفتۆیەکی جدیی لەنێوان ئێمە و یەکێتی هەیە. ئێمە لەسەر رێچکەیەکی دروست بۆ پێکهێنانی حکومەت دەڕۆین." سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە پێکهێنانی حکومەت بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوابخرێت و گوتی، "گفتوگۆی ئێمە بۆ ئەوەیە بەزووترین کات حکومەت پێکبهێندرێت، هیچ نییەتێک نە لەلایەن ئێمە نە لەلایەن یەکێتییەوە بۆ دواخستنی پێکهێنانی حکومەت نییە." دوایین جار لە 18-3-2025، شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە، ئەوکات راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتبوو کۆبوونەوەکەیان "ئەرێنی" بووە. بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی داهاتوویان باسی دابەشکردنی پۆستەکان بکەن. سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیمارات هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی لووتکەی وەبەرهێنان لەو وڵاتە، کە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی کردن. نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "ئەو پێشکەوتنانەی هەرێمی کوردستان بەدەست نەدەهاتن، ئەگەر کەرتی تایبەت لەگەڵ حکومەت نەبووایە. دەمانەوێ شایەتی ئەوە بین، کە وەربەهێنەری ناوخۆ زیاتر وەبەرهێنان بکەن، لە دەرەرەش وا بکەین وەبەرهێنەری زیاتر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن." سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی وەبەرهێنانی ئیماراتی کرد لە هەرێمی کوردستان و، گوتی "ئیمارات زۆر بە جیددی هەوڵدەدات رێگەی وەبەرهێنانی لە هەرێمی کوردستان هەبێت، هەوڵدەدەن نێردەی تایبەتی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کو ردستان بنێرن. ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان." نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا قەبارەی بازرگانیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان 30 ملیار دۆلارە، کە بەشێکی لەگەڵ هەرێمی کوردستانە. گوتیشی، ئامانجی ئێمە ئەوەیە وەبەرهێنەری زیاتری ئیماراتی روو لە هەرێمی کوردستان بکەن. بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان لە 1-8-2006ـەوە تاوەکو 7 تشرینی دووەمی پار، 1,304 پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان پێدراوە، کە سەرمایەکەیان 70 ملیار و 870 ملیۆن و 942 هەزار و 995 دۆلار بووە. سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، بەغدا بە تایبەتی سەرۆکوەزیران هەموو ئیشێکی کردووە کە نەیانهێشتووە عێراق بکەوێتە نێو ئەو گێژاوە. گوتیشی: "عێراق خۆی کێشەی زۆرە، بە هیچ شێوەیەک نابێت پەلکێش بکرێت بۆ ناو کێشە. سیاسەتی عێراق ئەوەیە کە نەهێڵن ئەو ئاگرە بگاتە عێراق." هەروەها لەبارەی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆری بۆ تورکیا، نێچیرڤان بارزانی گوتی، هۆکاری دەستپێنەکردنەوەکە "تەکنیکییە". لە ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەبەرژەوەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق.
پەکین داوا لە واشنتۆن دەکات، رێز نیشانبدات ئەگەر بیەوێت گفتوگۆی بازرگانی لەگەڵدا ئەنجامبدات. ئەمڕۆ سێشەممە، لین جیان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: دەبێت "ڕێز" نیشان بدات ئەگەر بیەوێت دانوستانی بازرگانی ئەنجام بدات، ئەمەش دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەپاندنی باجی هەمەلایەنە بەسەر بەرهەمە چینییەکان. راشیگەیاند، ئەگەر ئەمریکا بەڕاستی بیەوێت دانوستان ئەنجام بدات، دەبێت هەڵوێستی یەکسانی و ڕێزگرتن بگرێتەبەر. وتیشی: ئەگەر ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی دوو وڵات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگوێ بخات و پێداگری لەسەر شەڕی گومرگی و شەڕی بازرگانی بکات، بە دڵنیاییەوە چین تا کۆتایی شەڕ دەکات. دوێنێ دوشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس، هەڕەشەی سەپاندنی باجی گومرگی زیاتری لە چین كرد و وتی: ئەگەر چین لە بەیانییەوە باجە گومرگییەکەی بۆ سەر ئەمەریکا هەڵنەوەشێنێتەوه، لە 9ـی مانگەوە بە ڕێژەی 50% باجی گومرگی زیاتر بەسەر ئەو وڵاتە دەسەپێنن.
گەڕانی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران، بەدوای تەرمی ئاڤێستا یوسف ئەو کچە تەمەن 27 ساڵە بەردەوامە کە چوار رۆژە کەوتووەتە ناو رووباری تەنگاتوری قەزای مێرگەسۆر. کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی سۆران، ڕایدەگەیەنێت ماوەی چوار رۆژە ئاڤێستا یوسف کەوتووەتە ئاوی رووباری تەنگاتوری قەزای مێرگەسوور و خنکاوە و بە درێژای رووبارەکە چاودێری ئاوەکە دەکەن، بەڵام تائێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و هیچ سەرەداوێکیان لەبارەیەوە دەستنەکەوتووە. دەشڵێت، لەسەرەتای رووداوەکەوە شەش تیمیان ناردووە و لەگەڵ خێزانەکەی بەردەوامن لە گەڕان و پشکنین، بەڵام بەربەستەکانی بەردەم تیمەکانیان زۆری ئاستی ئاوەکە و لێڵیەکەی، بۆیە ژمارەی تیمەکانیان بە بەکارهێنانی بەلەم زیاد کردووە. رۆژی شەمەی رابردوو ئاڤێستا یوسفی تەمەن 27 ساڵ کە پیشەی مامۆستایە لەگەڵ خێزانەکەی لە هەولێرەوە بەمەبەستی گەشت و سەیران چونەتە ئیدارەی سۆران، بە گوتەی کەسوکارەکەی کاتێک براکەی کەوتووەتە ناو ئاوی رووبارەکە هەوڵی رزگارکردنی داوە و دواتر خۆشی کەوتووەتە ناو رووبارەکەوە و خنکاوە
بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە رایگەیاند، شەوی رابردوو 19 کەس لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون و دەیانی دیکە برینداربوون. مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند: "لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی خوێناویی ئیسرائیل لە شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بۆ سەر کەرتی غەززە، 19 هاووڵاتی لە نێویاندا ژمارەیەک منداڵ شەهیدبوون." لەلایەکى دیکەوە لەدواى کۆبونەوەى لەگەڵ ترەمپ شەوى ڕابردوو، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ستایشی خۆی بۆ پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ چۆڵکردنی دانیشتوانی غەززە لە کاتی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززەدا دووپاتکردەوە. ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتوانی غەززە "قەتیس"ن لە کەرتی غەززە و ڕێگەیان پێنادرێت بچنە دەرەوە، هەرچەندە ناوچەیەکی ململانێیە. "ئێمە زیندانیمان نەکردوون". ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لەناوەوە نایانهێڵینەوە. ئەو دۆخەی بەراورد کرد بە ململانێکانی دیکە، وەک ئۆکرانیا و سوریا، کە خەڵک ڕێگەیان پێدەدرا لە شەڕ هەڵبێن. ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆی ئەرێنی لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەیە کە ئامادەن دانیشتوانی غەززە قبوڵ بکەن، بەڵام ڕەتیکردەوە ناسنامەی ئەو وڵاتانە ئاشکرا بکات. تەنها لە ماوەی سێ هەفتەی دەستپێکردنەوەی شەڕ لە غەزە نزیکەی 400 هەزار کەس لەنێوخۆی کەرتەکە ئاوارەبوون، کە یەکسانە بە پێنجیەکی فەڵەستینییەکانی غەزە. ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو 400 هەزار کەسەی ئاوارەبوون، هیچ گرەنتییەکی سەلامەتی و مانەوەیان لە ژیان بۆ نەکراوە، ئەمەش بەرپرسیارییەتی ئیسرائیلە بەوپێیەی هێزی داگیرکارە. لە 18ـی مانگی رابردووەوە ئیسرائیل دەستی بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژی حەماس کردووەتەوە، لەو کاتەوە تا ئێستا توانیوییەتی دەست بەسەر ناوچەیەکی فراوانی غەزەدا بگرێت و زیاتر لە سەدا 50ـی خاکەکەی کۆنترۆڵبکات.
ئەنجومەنی وزاری ئابوری عێراق بڕیاریدا بۆ لەمەودوا رێگە بە هاوردەکردنی هێلکە نەدرێت و چەند بەرهەمێکی دیکەش رێگە بە هاوردەکردنیان دەدرێت. لە راگەیەنراوێکی ئەنجومەنەکەدا هاتوە، بڕیاردراوە بۆ لەمەودوا رێگە نەدرێت بە هاوردەکردنی هێلکە لە وڵاتانی دەرەوە بۆ ناو بازاڕەکانی عێراق. ئەوەش هاتوە، رێگە دەدرێت بە هاوردەکردنی تەماتە، پەتاتە، قەیسی، کەلەرم، کاهو و چەوەندەر، بەو پێیەی وەرزی کشتوکاڵی بۆ ئەو بەرهەمانە کۆتایی هاتوە، هەروەها بەهۆی بونی بەرهەمی ناوخۆیی رێگە بە هاوردەکردنی پیازیش نادرێت. هاوکات، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بڕیاریدا بە هەڵگرتنی قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتە لە نوسراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵدا هاتوە، رۆژی 1.4.2025 وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاریداوە بە هەڵگرتنی باج و قەدەغە لەسەر بەرهەمی تەماتەی هاوردە لە دەرەوەی وڵات. دەشڵێت: دوای بەدواداچون بۆ بەرهەمی تەماتە لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، دەرکەوت ئەو بەرهەمە لە بازاڕەکان زۆر کەمبوەتەوە و نرخی بەرزبوەتەوە.
کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز و ئەو دەنگۆیانەش ڕەت دەکاتەوە کە باس لە چەکدانانی بەشێک لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق دەکەن. ڕاگەیەندراوەکەی حزبوڵڵای عێراقی لە وەڵامی ئەو هەواڵەی ئاژانسی ڕۆیتەرزە کە دوێنێ دووشەممە لەسەر زاری ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و بەرپرسانی حکوومەتی عێراق بڵاوی کردەوە، گوایە بەشێک لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ خۆ بەدوورگرتن لە ئالۆزیی لەگەڵ ئەمەریکا و توڕەیی ئیدارەی ترەمپ، بڕیاریان داوە خۆیان لە چەک دابماڵن. هەروەها زانیارییەکانی ڕۆیتەرز ڕەت دەکاتەوە و ڕایگەیاندووە، هەر لێدوانێک بە ناوی ئەندام و فەرماندەکانیانەوە درا بێت، لێدوانی فەرمی نین و تەنیا گوزارشتە لە ڕا و بۆچوونی خۆیان، نەک کەتیبەکانی حزبوڵڵا. جەختیشی کردووەتەوە، کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی تەنیا لە ڕێگەی محەممەد موحی، گوتەبێژی فەرمی و جەعفەر حوسێنی، گوتەبێژی باڵی سەربازیان هەڵوێستی فەرمیی خۆی بڵاو دەکاتەوە، هەربۆیە جگە لەم دووانە هەر کەسێک هەر چییەک بڵێت "دوورە لە ڕاستی". ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی داوە، کە گفتوگۆی لەگەڵ شەش سەرکردەی گرووپە میلیشیاکانی کەتیبەکانی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتیبەکانی سەیدو شوهەدا، بزووتنەوە ئەنسارو ئەوفیا کردووە، بەڵام نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت و زانیارییان پێی داوە، کە بەشێک لە گرووپە میلیشیاکان ئامادەن بۆ ئەوەی خۆیان لە شەڕی ئەمەریکا بەدوور بگرن چەکەکانیان دابنێن.
سەدات ئاڤشار چالاکوانی کورد لە باکورى کوردستان، دوای بەسەربردنی 30 ساڵی تەمەنی لە زیندانی دیلۆک (عەنتاب) ئازاد کرا و دەگەڕێتەوە زێدی خۆی. ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە سەدات ئاڤشار کە 30 ساڵ لەمەوبەر تۆمەتی " تێکدانی یەکڕیزی و یەکپارچەیی تورکیا" بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی حوکم درا، ئەمڕۆ 7ی نیسان ئازاد کرا. لە دوای ئازادبوونی لە بەردەم زیندانەکە لە لایەن کەسوکاری و بەرپرسانی دەم پارتی و دەبەپە و چالاکوانانی تەڤگەرا ژنانێن ئازادەوە پێشوازی لێ کرا. دواتر ئاڤشار لەگەڵ کەسوکاری بەرەو شارۆچکەی مەزرێ (بیسمیل) لە پارێزگای ئامەد بەڕێکەوت. سەدات ئاڤشار لە 1995 لە شارۆچکەی کوشئاداسی لە پارێزگای ئادین کە دەکەوێتە خۆرئاوای تورکیا دەستگیر کرا. دواتر ڕەوانەی ئامەد کرایەوە و لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت دادگایی کرا. لەوێش بە تۆمەتی " تێکدانی یەکڕیزی و یەکپارچەیی تورکیا" بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی حوکم درا. ماوەی 30 ساڵی زیندانیکردنی لە زیندانەکانی ئامەد، چانکری، یۆزگات، سێرت و دیلۆک بەسەر برد. ئازادکردنی سەدات ئاڤشار لە کاتێکدایە پێنج ڕۆژ لەمەوبەر (2ی نیسان) تارق تاش کە دوای بەسەربردنی 30 ساڵی تەمەنی لە زیندان 24ی ئابی 2024 ئازاد کرا، بە هۆی نۆرەی دڵەوە لە ئادانا گیانی لەدەستدا. پێنج ڕۆژ لەمەوبەر نامەت ئەریپەک و حەوت ڕۆژ لەمەوبەر عەبدوڵڵا ڕوزگار'یش ئازاد کران کە ماوەی 30 ساڵ بوو زیندانی کرابوون. مانگی ڕابردوویش دوای بەسەربردنی 30 ساڵ و شەش مانگ لە زیندان، ئەحمەد ئادڵ ئازاد کرا.
ئەمڕۆ میدیای فەرمی ئێران لە تێلێگرام بڵاویکردەوە، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران لە (12)ی نیسان لە سەڵتەنەی عومان بەڕێوە دەچێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەلایەن عەباس عراقچی وەزیری، دەرەوەی ئێران و، ستیڤ ویتكۆف، نێردەی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت. تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات دانوستانەکان ناڕاستەوخۆ دەبن، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا باسی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەردوولا دەکات. عراقچی لە سەكۆی (ئێکس) نوسویەتی: ئێران و ئەمریکا رۆژی شەممە لە عومان بۆ ئەنجامدانی دانوستانێكی ناڕاستەوخۆی ئاست بەرز کۆدەبنەوە. راشیگەیاندووە: ئەوە چەندە دەرفەتە، ئەوەندەش تاقیکردنەوەیە، تۆپەکە لە یاریگای ئەمریکادایە. لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، ترەمپ ئاشكرایكرد، شەممەی داهاتوو ئەمریکا وتووێژی راستەوخۆ و ئاست بەرز لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدات. وتیشی، ئێمە وتووێژی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدەین، ئەگەر ئەم دانوستانە راستەوخۆیانە لە ڕۆژی شەممەوە دەست پێبکەن، دەبینین شتەکان چۆن بەڕێوە دەچن، پێموایە گەیشتن بە رێککەوتن باشترین چارەسەرە، نەک پەنا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە بەرین كە ئاشكرایە. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان لە چانسی سەرکەوتنی دانوستانەکانیان لەگەڵ تاران کەم کردۆتەوە، ئەو سەرچاوانە بە "سکای نیوز عەرەبی"یان وتووە، دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا هیچ ئاسۆیەکی جددی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر نییە. جەختیان لە بوونی کەناڵێکی دانوستانکاری راستەوخۆی ئێران-ئەمریکاش كردووەتەوە جگە لە کەناڵی سەڵتەنەی عومان .
دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو بە رۆژنامەنوسانى وت: رۆژی شەممە، گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەکەین و ئەمەش سوود بە ئێران دەگەیێنێت. ترەمپ باسی لەوە نەکرد شوێنی گفتوگۆکەیان کەی دەبێت، بەگوێرەی قسەکانی رۆژی 12ـی نیسان گفتوگۆی ئەو دوو وڵاتە دەکرێت. دۆناڵد ترەمپیش رایگەیاند، نابێت ئێران ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى و گفتوگۆى راستەوخۆیان لەگەڵ دەکەین. لاى خۆیەوە، ناتەنیاهۆ رایگەیاند، لەگەڵ ترەمپ رێککەوتوون کە تاران نەبێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى. ترەمپ رۆژى دوشەممە لەمیانەى کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل لە کۆشکى سپى جەختیکردەوە، گفتوگۆى راستەوخۆیان لەگەڵ ئێران لەبارەى بەرنامەى ئەتۆمى ئەو وڵاتە لەسەر ئاستى باڵا دەبێت، لەکاتێکدا پێشتر ئێران داواى گفتوگۆى ناڕاستەوخۆى دەکرد و گفتوگۆى راستەوخۆى رەتدەکردەوە. ماوەى چەند هەفتەیەکە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمەریکا هەڕەشەکانى بۆ سەر ئێران چڕکردووەتەوە و دوو مانگ مۆڵەتى بۆ ئەو وڵاتە دیاریکردووە تا گفتوگۆ یان روبەڕووبوونەوەى بژاردەى سەربازى هەڵبژێرێت. عەلی خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتارى جەژندا هەڕەشەى لە ئەمەریکا و ئیسرائیل کرد کە ئەگەر پلانی لێدان و هێرشکردنە سەر ئێرانیان هەبێت وەڵامیان دەدەنەوە و بە توندی هێرش دەکەنە سەریان هەروەها عەلی لاریجانی ڕاوێژکاری باڵای رێبەری ئێران هەڕەشەى بەرهەمهێنانى چەکى ئەتۆمى کرد لەلایەن ئێرانەوە ئەگەر ئەمەریکا یان ئیسرائیل بە بیانووی پرسی ئەتۆمی هێرش بکەنە سەر ئێران.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، دەستیان بەسەر 400 هەزار حەبی ماددەی هۆشبەری جۆری کەپتاگۆندا گرتووە. وەزارەتەکە لە پەڕەی فەرمیی خۆی بڵاویکردووەتەوە، هەوڵێکی بە قاچاخبردنی ماددەی هۆشبەریان پوچەڵکردووەتەوەو توانیویانە دەست بەسەر 400 هەزار حەبی ماددەی هۆشبەری کەپتاگۆن بگرن، کە ئامادەکرابوون لە رێگەی رووباری فوراتەوە بە قاچاخ بهێندرێتە ناو خاکی عێراق. وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، حەبەکان لەڕێگەی کامێرای گەرمییەوە ئاشکراکراون، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ رێگری لە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر لەسەر سنوورەکان. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، حەبەکان لەدەبەدا شاردرابوونەوە و ئامادەکرابوون لەناوچەی باغۆزى سووریاوە و بە رێگەى رووبارى فورات بهێندرێنە ناو خاکى عێراق. وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختیکردووەتەوە، رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر و ئەو ماددانەی دەستیان بەسەرداگیراوە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون. لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە عێراق، دەستبەسەر زیاتر لە 12 تۆن ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە دەروونییەکاندا گیراوە. کاپتاگۆن یان فینیتۆین پێکهاتەیەکی کیمیایی و دەرمانییە کە لە ساڵی 1961 دروست بووە و ئەم مادەیە وەک دەرمان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک حاڵەت وەک چالاکی زۆر(فرە جووڵە) و خەمۆکی بەکارهێنراوە، بەڵام دواتر بەهۆی دۆزینەوەی دەرمانی باشتر و زیاتر بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییەکانیەوە، بە مادەی هۆشبەر دادەنرا و بەکارهێنانی قەدەغەکرا. کاریگەری سەرەتایی خواردنی کاپتاگۆن جۆرێکە لە خۆشحاڵی(سەرخۆش بوون)، بەڵام وەک مادە هۆشبەرەکانی دیکە دواتر زیانێکی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنێت. لەبەر ئەوەی بە شێوەی حەب دەخورێت بە کارهێنانی ئاسانترە و هاوکات بە نرخێکی هەرزانتر و ئاسانتر دەگات دەست بەکارهێنەران.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جارێکى دیکە هەڕەشەى توند لە چین دەکات و دەڵێت چین باجی 34% هەڵنەوەشێنێتەوە لە 9ی ئەم مانگەوە باجی 50%ی بەسەردا دەسەپێنین. لەپەیامێکیدا لەسەر تۆڕى کۆمەڵایەتى تروس، بڵاویکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ نوسیویەتى هەموو گفتوگۆكان لەگەڵ چین سەبارەت بە داواكارییەكەیان بۆ سازدانی كۆبوونەوە لەگەڵمان كۆتایی پێ دێت. هەروەها دەشڵیت هەر وڵاتێك بۆ تۆڵەسەندنەوە باجی گومرگیمان بەسەردا بسەپێنێت، دەستبەجێ روبەڕووی باجی نوێ و زۆر زیاتر دەبێتەوە. لەبەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا، سەرۆکى ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەوە دەخاتەڕوو لە رۆژی 9ی ئەم مانگەوە، بەبەهای 50% باجی زیاتر بەسەر چیندا دەسەپێنین، ئەگەر بێتو ئەو باجە 34%ە هەڵنەوەشێنێتەوە كە سەپاندویەتی. ترەمپ سەرەتا 20٪ و دواتر 34٪ـی باجی خستەسەر کاڵا هەناردەکراوەکانی چین بۆ ئەمریکا، ئەگەر ئەم 50ـیەش بسەپێنێت، پێناسی گومرگیی چین دەبێتە 104٪. سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: "هەموو گفتوگۆیەکی تایبەت بە پێناسی گومرگی لەگەڵ چین رادەگیرێن. جگە لە چین، لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان گفتوگۆ دەکەین." پێش ئەم پۆستە، ترەمپ لە پۆستێکی دیکەدا نووسی: "هەموو وڵاتانی جیهان لەسەر پێناسە گومرگییەکان گفتوگۆمان لەگەڵدا دەکەن. پێناسە گومرگییەکان قورسن بەڵام دادپەروەرانەن." سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ قسەی لەگەڵ شیگێرو ئیشیبا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کردووە. ئەو بە ترەمپی راگەیاندووە، تۆکیۆ تیمێک بۆ دانوستاندن دەنێرێتە واشنتن. ترەمپ لەبارەی ژاپۆن گوتی: "ژاپۆن لە رووی بازرگانییەوە مامەڵەیەکی زۆر خراپی لەگەڵدا کردووین. ئەوان ئۆتۆمبێلی ئێمە ناکڕن کەچی ئێمە ملیۆنان ئۆتۆمبێلی ئەوان دەکڕین." ترەمپ بەکورتی باسی چینیشی کرد و گوتی: "دەبێت هەموو شتێک لەگەڵ چین بگۆڕێن."
نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا هۆشداریى هەڵوەشاندنەوەى عێراق و روودانى شەڕ دەدات، ئەگەر هەڵبژاردنى پەرلەمان دوابخرێت کە بڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت. مالیکى رۆژى دووشەممە ئاماژەى بەوەکرد، دەبێت ئاڵوگۆڕى دەسەڵات لە رێگەى هەڵبژاردنەوە بێت و هەر هەوڵێک بۆ پێکهێنانى حکومەت لەدەرەوەى هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە. قسەکانى مالیکى لەو بارەیەوە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کە بەپێی یاسا، دەبێت وادەی دەنگدان لانى کەم 45 ڕۆژ پێش کۆتاییهاتنی خولی ئێستای پەرلەمان دیارى بکرێت، بەو پێیەش دەبێت پێش 25ی تشرینی دووەمی 2025 وادەى هەڵبژاردن دیارى بکرێت. بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق زیاتر لە 29 ملیۆن دەنگدەر مافى دەنگدانیان هەیە کە زیاتر لە ملیۆنێک کەسیان یەکەمجارە مافى دەنگدانیان هەیە. لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى هەڵبژاردن، پێشنیازى هەموارى چوارەمى یاساى هەڵبژاردنەکان لە عێراق پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمان کرا کە تێیدا داواکراوە کاندیدى لایەنەکان سنوردار بکرێت و 30%ى کورسییەکانى هەر بازنەیەک بۆ کاندیدانى سەربەخۆ و لیستى کراوە تەرخان بکرێت.
ڕۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، بۆ خۆبەدورگرتن و بەكارهێنانی ئاسمانی ئەو وڵاتانەی كە مەترسی جێبەجێكردنی فەرمانەكەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی لاهای كە بڕیاری دەستگیركردنی بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەكانی جەنگ لەغەززە هەیە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ناچار بو گەشتێکی درێژخایەن لە بوداپێستی هەنگاریا بۆ واشنتۆن كە نزیكەی (400) كیلۆمەتر درێژترە لە رێگەیەكی گونجاو ئەنجام بدات. ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەیەکی بەپەلە و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، نەتانیاهۆ لە بوداپێستەوە راستەوخۆ گەشتی واشنتۆنی کردوە، ئەوەش بۆ خۆبەدورگرتن لە نیشتنەوەی فریاگوزاری ناچاریدا ئەو رێگە دورەی هەڵبژاردوە. ڕۆژنامە رونیكردوەتەوە، دوای هەڵسەنگاندن بۆ گەشتەكە كتوپڕەكەی نەتانیاهۆ، مەترسی هەبو كە هەریەك لە ئیرلەندا و ئایسلەندا و هۆڵەندا فەرمانەکەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لاهای دژی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جێبەجێ بکەن، بۆیە بەناچاری فڕۆکەکە سەرۆك بەسەر ئاسمانی کرواتیا و ئیتاڵیا و فەرەنسادا فڕیوە. رۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیلی رایگەیاندوە: لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە سەرجەم گەشتەکانی نەتانیاهۆ بۆ ئەمەریکا بە ئاسمانی یۆنان و ئیتاڵیا و فەرەنسادا گەشتیان کردوە و لەوێشەوە زەریای ئەتڵەسییان بەرەو ئەمەریکا بڕیوە.
سەرەڕای ئەوەی ئێران سەبارەت بە دانوستانی ناڕاستەوخۆ هیچ وەڵامێکی لەلایەن ئەمریکاوە وەرنەگرت، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن بە نێوەندگیری سوڵتانی عومان دووپاتکردەوە. عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هەموو ئەو هەواڵانەی لەبارەی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا ڕەتکردەوە. بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئێڕان دەڵێت: ئێمە پێشنیاری دانوستانی ڕاستەوخۆ بە هۆکارێک کە چەندین جار باس کراون قبوڵ ناکەین، بەڵام ئامادەین بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی دەوڵەتی عومانەوە. ناوبراو زیادی کرد: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکایە بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیارەکەی ئێران، هەرچەندە ئێمە هیچ پەلەیەکمان نییە. سەبارەت بە بەشێک لەو ناوانەی کە وەک دانوستانکار ئاماژەیان پێکراوە، ئاراغچی ڕوونیکردەوە "هەموو ئەو گریمانانەی کە خراونەتەڕوو نادروستن، بەڵام دڵنیایە بەرپرسیارێتی دانوستانی ئەگەری لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و بەڕێوەبردنەکەی دەکەوێتە سەر شانی وەزیری دەرەوە". ساڵی 2015، رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لەنێوان ئێران و پێنج دەوڵەتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بریتین لە ئەمریکا، رووسیا، چین، فەرەنسا و بەریتانیا، لەگەڵ ئەڵمانیا واژۆکرا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی. بە گوێرەی رێککەوتنەکە، دەبوو بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران سنووردار بکرێت و لە بەرامبەر ئەوەدا، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران لاببرێن. لە ساڵی 2018ـدا، لە ماوەی یەکەم خوولی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، ئەمریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی سەر ئێرانی چالاککردنەوە. لە کاردانەوەی ئەوەدا، ئێران پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکە راگرت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی خێراتر بەرەو پێش برد. رۆژی دووشەممە، عەلی لاریجانی، راوێژکاری نزیکی رێبەری ئێران، هۆشداری دا کە تاران سەرەڕای ئەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات، "ئەگەر هێرشی بکرێتەسەر، هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نامێنێت جگە لە بەدەستهێنانی".
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، تاوەکو ڕۆژى پێنج شەممە لیستی مووچە ئامادە دەبێت و هەفتەی داهاتوو ڕەوانەی بەغداد دەکرێت. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، دەبێت تاوەکو رۆژی پێنجشەممە هەموو گەنجینەکان لیستی مووچەی مانگی چواریان لە فەرمانگە و وەزارەتەکان وەرگرتبێت و بە ئامادەکراوی رادەستی وەزارەتی دارایی بکەن، چونکە دەیانەوێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی چوار بێ کەموکورتی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن. دەشڵێت، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو، تیمی تەکنیکی وەزارەت لیستەکە دەبەنە بەغداد و رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی دەکەن، دڵنیاشن لەوەی کە هیچ کێشەیەک لەبەردەم ناردن و دابەشکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا نابێت. هاوکات سەرچاوەیەک لە گەنجینەی دووی سلێمانی دەڵێت، لە سەرجەم فەرمانگەکان تاوەکو درەنگی شەو فەرمانبەرانی بەشی کارگێڕی و ژمێریاری و ئای تی، سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانیانن بۆ ئەوەی بە زوویی تەواوبکرێت. وتیشى: بەڵام بۆ ئەم مانگە لیستەکە لە سلێمانی بە سیستمی پایرۆڵ ئامادە دەکرێت و پێویستی بە شارەزایی و وردەکاری زیاترە و بەشێک لە فەرمانبەرەکان شارەزای سیستەمەکە نین، بەڵام هەوڵدەدرێت بە زووی لەگەڵ سیستەمە رابێن، چونکە ئامادەکردنی لیستی مووچەی خێراتر کردووە.
