ئاژانسى ڕۆیتەرز، بڵاویکردەوە ئاڵپ ئەرسڵان بەیرەقدار، وەزیری وزەی تورکیا ڕاگەیاند هەتا ئێستا تورکیا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکانی عێراق-تورکیاوە بەدەست نەگەیشتووە. وەزیری نەوتی عێراق ڕۆژی دووشەممەى پێشوو، ڕایگەیاندبوو هەفتەی داهاتوو هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و ئەمەش ناکۆکییەکی نزیک لە دوو ساڵەی عێراق یەکلایی دەکاتەوە کە بەهۆی گرژی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەناردەکردنی نەوتی خاوی پەکخستووە. پێشبینی دەکرێت دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت فشارەکانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە کە وەستانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و دواکەوتنی مووچەی کرێکاران و بڕینی خزمەتگوزارییە پێویستییەکانی لێکەوتوەتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، لە وەڵامی پرسیاری ئاژانسی ڕۆیتەرز لە پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بەوەی کە چ کاتێک ڕۆیشتنی نەوتی عێراق دەست پێدەکات و ئایا هیچ زانیارییەک لە عێراقەوە هەیە لەسەر ئەو بابەتە، بایراکتار لە وەڵامدا وتی "هێشتا هیچ شتێک نییە." ڕۆیشتنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لە 2023 لەلایەن تورکیاوە ڕاگیرا، دوای ئەوەی ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە ئەنکەرە کردبوو بە بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەغدا بکاتەوە، ئەمەش بە هۆی هەناردەکردنی بێ مۆڵەتی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. رۆژی دووشەممە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی حکومەتی ناوەندی عێراق بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، شاندێکی وەزارەت سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دانوستان لەسەر میکانیزمێک بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم و هەناردەکردنەوەی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە و ئاماژەی بەوەشکرد "پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لەماوەی هەفتەیەکدا دەستپێدەکاتەوە". عەبدولغەنی ڕاشیگەیاند بڕیارە بەغدا ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل لە هەرێم وەربگرێت.
هاوڵاتى لە ئەمڕۆوە کۆبوونەوەى شاندى وەزارەتى نەوتی عێراق و وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان دەستپیدەکات، بەمەبەستى چۆنیێتی دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بڕیارە سەرەتا لە 100 هەزار بەرمیلەوە دەستپێبکرێت تاوەکو دەگاتە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. شەوى ڕابردوو حهیان عەبدولغەنی سەواد، وەزیری نەوتى عێراق ڕایگەیاند، شاندێکی وەزارەتەکەى لە هەرێمى کوردستانن، بەمەبەستى ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمێک بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم و هەناردەکردنی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە. بەپێى زانیارییەکان شاندەکەى وەزارەتى نەوتى فیدراڵ کە سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە تەکنیکین و لەگەڵ هاوتاکانیان لە وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆیان بۆ تاوتوێکردنى رێکارە کردارییەکانە بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە. سەرەتا بڕى نەوتى هەناردەکراو زیاتر لە 100 هەزار بەرمیل دەبێت لە رۆژێکدا و دواتر بڕەکەى زیاد دەکرێت تاوەکو دەگاتە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. دیاریکردنى 300 هەزار بەرمیل لەبەرئەوەیە کە وەزارەتى نەوتی عێراق رایگەیاندووە، بەهۆى سنووردارکردنى هەناردەى نەوت لەلایەن ئۆپیک پڵەسەوە، ناتوانن لەو بڕە زیاتر نەوت لە هەرێمی کوردستان وەربگرن. بەگوێرەى رێککەوتنى وڵاتانى ئۆپیک پڵەس بۆ جێگیرکردنى نرخى نەوت، پشکى رێگەپێدراوى عێراق بۆ بەرهەمهێنانى نەوت لە رۆژێکدا، چوار ملیۆن بەرمیلە و نزیکەى 3.5 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات و بڕەکەى دیکە لە ناوخۆدا بەکاردەهێنێت. دوێنێ سێ شەممە، وەزیری نەوتى عێراق، وتى: بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و بەشی یاسایی و ئابووری و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) سەردانی هەولێر دەکەن بۆ دانوستان لەسەر میکانیزمی وەرگرتنی نەوتی هەرێم. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو پەیوەندییان بە وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم، کەمال محەمەد ساڵحەوە کردووە، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندەکە سەبارەت بە میکانیزمی وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە. ناوبراو دووپاتی کردەوە، لەسەرەتای ئەم مانگە، ئەو هەنگاوەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی یاسایی نەوت ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) کرد، جگە لەوەی ڕێوشوێن لەگەڵ حکومەتی تورکیا بۆ ئامادەکردنی هێڵی عێراقی- تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە. وەزیری نەوتی عێراق دووشەممەى ڕابردوو ڕایگەیاند هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش دوابەدوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکی دوو ساڵەییەکەی نێوان هەولێر و بەغداد.
هاوڵاتى سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتین لە تورکیا بۆکۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی، هەروەها دووپاتیکردەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەمبارەیەوە. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ماڵپەرى حکومەتى هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە 2/19 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بە سەرۆکایەتیی هەردوو پەرلەمانتار سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان کرد. شاندەکە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، گوڵجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (بەدەپە) و شاندێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى حکومەت، سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی سوود وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک کردەوە لە پێناو ئاشتی و سەقامگیری و بەهێزکردنی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتیی نێوان گەلانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی. سەرۆکی حکومەت هەروەها پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی دووپات کردەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەمبارەیەوە نیشان دا. لە دیدارەکەدا، شاندەکە خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردان و دیدار و کۆبوونەوەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا خستە ڕوو و ئاماژەیان بەوە دا، کە ئێستا قۆناخێکی نوێ لە تورکیا دەستی پێکردووە و پرسی ئاشتی و چارەسەری دۆزی کورد بووەتە بابەتێکی گرنگ و پێویستییەکی هەنووکەیی. شاندەکە هەروەها ڕۆڵ و پێگە و پشتیوانیی سەرۆک بارزانییان لە پرۆسەکە بەرز نرخاند. شاندی ئیمرالی رۆژی سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. شاندەکە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا لە هەرێمی کوردستانن. رۆژانی 16 و 17ـی ئەم مانگە لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
هاوڵاتى ئاژانسى فرانس پرێس بڵاویکردەوە لە ماوەی شەش هەفتەی ڕابردوودا لە ئەنکەرە و ئیستەنبوڵ لانیکەم 124 کەس دوای خواردنەوەی کحولی ساختەی نایاسایی گیانییان لە دەستداوە، دەیان کەسی دیکەش لە چاودێری ورددان. ئاژانسەکە، ئەوەشى خستوەتەڕوو نزیکەی 54 کەس لە ئەنکەرە گیانییان لە دەستداوە، 40 کەسی دیکەش لە نەخۆشخانەن و دۆخییان زۆر خراپە، هەر لەم مانگەدا 70 کەسی دیکە لە ئیستەنبوڵ گیانییان لە دەستداوە. ئەو جۆرە ژەهراویبوونانە لە تورکیا باوە، کە لەوێ دروستکردنی کحول بە نهێنی و بە شێوەیەکی نایاسایی و کحولی نایاسایی زۆر بەرفراوانە و ئەو جۆرە کحولانە زۆرجار بە میثانۆڵ پیسکراون، میثانۆڵ ماددەیەکی ژەهراوییە کە دەتوانێت ببێتە هۆی کوێری و زیانگەیاندن بە جگەر و مردن. ئۆفیسی داواکاری گشتی لە ئەنکەرە 28 کەسی دەستگیرکردووە کە پەیوەندییان بە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئەو کحولە ساختەیەوە هەبووە، ئەنادۆڵۆ وتی جگە لە سێ کەسییان ئەوانی دیکە بە مەرج ئازاد کراون. لە 7 ی مانگی دوودا فەرمانڕەوای ئەنکەرە وتی 33 کەس بەهۆی ئەو کحولەوە گیانییان لە دەستداوە و 20 کەسی دیکە لە نەخۆشخانە لە یەکەی چاودێری ورددان.، دواتر وتەبێژەکەی وتی ئەو ژمارەیە " لە سەرەتای ساڵەوە بووە." بەڵام لە دوای ئەوەوە هیچ هەواڵێک نەبووە لەسەر بارودۆخییان. مانگی ڕابردوو لە ماوەی چوار ڕۆژدا 38 کەس لە ئیستەنبوڵ گیانییان لە دەستدا دوای ئەوەی کحولی ساختەیان خواردبووەوە. لە ژێر سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا، باج لەسەر کحول لە تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بوتڵێکی بچووکی ڕاکی، کە خواردنەوەی خوازیاری تورکیاییەکانە، لە مارکێتەکاندا بە 37 دۆلار دەفرۆشرێت، ئەوەش نرخێکی زۆرە بۆ وڵاتێک کە تەنها لەمدواییانەدا کەمترین موچەی مانگانە تێیدا گەیشتە 600 دۆلار. ڕەخنەگران دەڵیت گرانی کحول وایکردووە بەرهەمهێنانی کحولی ساختە زیاد ببێت.
هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی: کامێراکانى تیژڕەوى کار دەکەن و پڕۆسەکە لە گەشەیەکی بەردەوامدایە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، ڕایدەگەیەنێت، بەهیچ جۆرێک کامێراکان لێ ناکرێنەوە وە کار دەکات و پڕۆسەکە لە گەشەیەکی بەردەوامدایە. لەڕونکردنەوەیەکیاندا سەبارەت بەو دەنگۆیانەى باس لە هەڵگرتن و لێکردنەوەى کامێراکانى تیژڕەوى دەکرێت بەتایبەتى لەسنورى ڕێگاى تاسڵوجە، بەڵام هاتووچۆ هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە. لەبەشێکى ئەو ڕونکردنەوەیەدا دەڵێن: ئەم هەواڵانە چەواشەکارییە و دوورە لە ڕاستی چونکە کامێراکان وەک هەر ئامێرێکی دیکە پێویستی بە صیانە و ئیدامە هەیە وە چاککردن یان گۆڕینە، بەڵام بە گشتی وەک بنەمایەک بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بەهیچ جۆرێک لە هیچ شەقامێک کە کامێرای داناوە هەڵنەوەشاوەتەوە و لای نابات. دەقى ڕونکردنەوەکەى هاتووچۆى سلێمانى چەند ڕۆژێکە دەنگۆیەک و پڕوپاگەندەیەک بڵاو بۆتەوە لە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پەیج و ماڵپەڕەکان بڵاو دەکرێتەوە کە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی کامێراکانی ڕێگای دوکان – تاسڵوجە یاخود باس لە هەندێک شوێنی وەک شەقامی نێوان تاسڵوجە و ڕاپەڕین دەکرێت کە کامێراکان لێکرابێتەوە. ئەم هەواڵانە چەواشەکارییە و دوورە لە ڕاستی چونکە کامێراکان وەک هەر ئامێرێکی دیکە پێویستی بە صیانە و ئیدامە هەیە وە چاککردن یان گۆڕینە، بەڵام بە گشتی وەک بنەمایەک بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بەهیچ جۆرێک لە هیچ شەقامێک کە کامێرای داناوە هەڵنەوەشاوەتەوە و لای نابات بەڵکو هەندێک شوێن هەیە کامێراکان بە سیستەمێکی نوێ وە جۆری کامێرای پێشکەوتووتر لە ڕووی کوالێتییەوە دادەنرێت. سیستەمی کامێراکان بەرنامەیەکە کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ وە لە هەر شوێنێکش دانرابێت بە تایبەتی سیستەمی پۆینت تو پۆینت ژمارەی گیان لەدەستدانەکانی ئێجگار کەمکردۆتەوە. شۆفێرانی بەڕێز ئاگادار دەکەین سەرچاوەی ڕاست و دروستی بابەتەکان هەمووی لەلای بەشی ڕاگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانییە وە ئەو پەیج و ماڵپەڕانە سەربەخۆ قسە دەکەن وە بۆ کۆکردنەوەی ڤیو و لایک و کۆمێنت ئەم کارە دەکەن وە جۆرێک لە چەواشەکاری بۆ خەڵکی دروست دەکەن، وە شۆفێر وا تێدەگات کە چیتر کامێرا نەماوە و وا دەکات خێرا شۆفێری بکەن کە ئەمەش وا دەکات هەم ئەگەر ڕووداو زیاد بکات هەم تووشی سزا ببێت، دڵنیاتان ئەکەین بەهیچ جۆرێک کامێراکان لێ ناکرێنەوە وە کار دەکات و پڕۆسەکە لە گەشەیەکی بەردەوامدایە. بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی
لە نێو ئاستەنگەکانی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی وێرانکراوی غەززە کە بە تێچووی زیاتر لە ٥٣ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە میانی کۆبوونەوەی کابینەی ناوخۆی ئیسرائیل، دەستپێکردنی دانوستانەکانی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس ڕاگەیاند. هەروەها باسى لەوەکرد کە ئیسرائیل "دەستبەرداری مەرجە ئەمنییەکانی خۆی نابێت"، جەختی لەوە کردەوە کە هەر ڕێککەوتنێکی داهاتوو دەبێت هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی سەربازیی حەماس مسۆگەر بکات و کۆنترۆڵی کەرتی غەززە ناگوازرێتەوە بۆ دەسەڵاتی فەلەستین. بنیامین ناتانیاهۆ وتیشى: سوپای ئیسرائیل "هەرکاتێک پێویست بێت" بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانی. بەپێی ڕێککەوتنەکەی ئاگربەستى نێوان حەماس و ئیسرائیل کە لە ١٩ی مانگى ڕابردووەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ٣٣ دەستگیرکراوی ئیسرائیلی لە غەززە لە بەرامبەر هەزار و ٩٠٠ زیندانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن. هەروەها بڕیارە قۆناغی دووەم کە بڕیارە لە 2ی مانگى داهاتوو دەستپێبکات، ئازادکردنی سەرجەم دیلەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕیش بەخۆیەوە ببینێت. قۆناغی سێیەم و کۆتایی تەرخان دەکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە، کە پڕۆژەیەکی گەورەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تێچووی زیاتر لە ٥٣ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. لە سەرەتای دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەوە کە بڕیارە لە ١ی ئازار کۆتایی پێبێت، ١٩ زیندانی ئیسرائیلی و هەزار و ١٣٤ فەلەستینی ئازاد کراون. دوێنێ حەماس ڕایگەیاند، شەممەی داهاتوو بە یەکجار 6 ئیسرائیلی ئازاد دەکەن و تەرمی 4 ڕادەستدەکەن.
لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنی وەزیراندا، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و دوو تەوەری دیکە تاوتوێ دەکرێت. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ئەمڕۆ چوارشەممە، 19-02-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران؛ بۆ تاوتوێکردنی سێ تەوەر کۆدەبێتەوە. ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، گفتوگۆ لەبارەی بەشداریی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی؛ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ڕێکارەکانی یەکخستنی کوالێتیی کۆنترۆڵ لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات. دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە، 05-02-2025، کرا و تێیدا ژمارەیەک بڕیاری گرنگی دەرکرد. هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم لەکاتێکدایە، وەزیری نەوتی عێراق دووشەممەى ڕابردوو ڕایگەیاند هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش دوابەدوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکی دوو ساڵەییەکەی نێوان هەولێر و بەغداد. لە مانگی 3 ی ساڵی 2023 دا تورکیا هەناردەکردنی نەوتەکەی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت، ئەوەش دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە تورکیا کرد بڕی 1.5 ملیار دۆلار وەکو قەرەبوو بدات بە بەغداد لەسەر هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێی تورکیاوە بەبێ مۆڵەت لە ساڵانی نێوان 2014 و 2018 دا.
بەر لە گەڕانەوەیان بۆ توركیا بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کۆببێتەوە. بڕیاربوو کارەکانی شاندەکە رۆژی سێشەممە کۆتایی بێت، بەڵام گۆڕانکارییەک لە بەرنامەکەدا کراوە. شەوی سێشەممە شاندەکە گەڕایەوە هەولێر، بڕیارە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و هەر ئەمڕۆ بگەڕێنەوە. ماوەى سێ ڕۆژە شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کە بە "شاندی ئیمراڵی" ناسراون، گەیشتوونەتە هەرێمى کوردستان و لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى کۆبونەوە. شاندەکە پێکهاتوون لە ئەندامانی دەم پارتی، پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر، هەروەها هاوسەرۆکی دەبەپە ئۆزگور ئەرۆڵ و پەرلەمانتاران گوڵجان کاچماڵس و مەهمەت کاماچ. سێ شەممە شاندی ئیمراڵی لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بەشێک لەئەندامانى مەکتەبى سیاسى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان کۆبوونەوە، دواتر شاندەکە ڕایانگەیاند هەمووان پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکەن و "پێویستە گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، دڵخۆش بن." شاندی ئیمراڵی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا لە هەرێمی کوردستانن. رۆژانی 16 و 17ـی ئەم مانگە لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ، دەڵێت ئەمەریکا بەرەو چارەسەرێکی " دادپەروەرانە و بەردەوام " کاردەکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، بەڵام مۆسکۆ و کیێڤ دەبێت لە پێناو خستنەوەی ئاشتیدا سازش بۆ یەکتر بکەن. لێدوانەکەی ڕوبیۆ دوای ئەوە هات ئەمڕۆ سێ شەممە خۆی و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکایی لە سعودیە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و یاریدەدەرەکانیدا کۆبوونەوە، ئەمەش لە یەکەم هەوڵی دوو وڵاتەکەدا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە و باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا. ڕوبیۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئامانجەکە کۆتایی هێنانە بەم ململانێیە بە شێوەیەک کە دادپەرەوەرانە و بەردەوام و قبووڵکراو بێت بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان." بەڵام هیچ بەرپرسێکی ئۆکرانیایی و ئەوروپایی لە کۆبوونەوەکەدا نەبوون. ڕوبیۆ باوەڕی وایە کە مۆسکۆ ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە " پڕۆسەیەکی جددیدا " بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە، کە ڕووسیا سێ ساڵ لەمەوبەر دژی ئۆکرانیا دەستیپێکرد. دەیان هەزاران سەربازی ڕووسیایی و ئۆکرانیایی و هاووڵاتیانی سڤیلی ئۆکرانیایی لە جەنگەکەدا کوژراون، جەنگەکە خراپترین جەنگ بووە لە ئەوروپادا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تامی بروس وتی ئەمەریکا و ڕووسیا ڕێککەوتوون لەسەر " دەستنیشانکردنی تیمی ئاست بەرز بۆ دەستپێکردن بە کارەکان لەسەر ڕێگەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بە زووترین کات." وتیشی کۆبوونەوەکە " هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ پێشەوە " بەرەو ئاشتی. ڕوبیۆ وتی ئۆکرانیا و وڵاتانی ئەوروپاش دەبێت بەشداری لە گفتوگۆکاندا بکەن سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە جەنگەکە. وتی ئەگەر جەنگەکە ڕابگیرێت، ئەوا ئەمەریکا " دەرفەتی زۆر سەرسوڕهێنەری لەبەردەستدا دەبێت بۆ هاوبەشیکردن " لەگەڵ ڕووسیادا لەسەر بازرگانی و پرسە جیهانییەکانی دیکە. وتی " کلیلەکە بۆ کردنەوە کۆتایی هێنانە بەم ململانێیە." ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا مایک واڵتز و نوێنەری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆفیش بەشداری گفتوگۆکانییان کرد. واڵتز وتی گفتوگۆکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە سەنگ دەخەنە سەر خاک و گرەنتیە ئاسایشییەکان بۆ ئۆکرانیا و بۆ ڕووسیاش. وتی " ئەمە پێویستە کۆتاییەکی هەمیشەیی بێت بۆ جەنگەکە نەک کۆتاییەکی کاتی بێت، وەکو چۆن لە ڕابردوودا بینیومانە." بروس وتی ڕوبیۆ و لاڤرۆڤ چوارچێوەیەکی کارییان داناوە بۆ گفتوگۆی زیاتریش، نەک تەنها گفتوگۆکانی کۆتایی هێنان بە جەنگەکە. وتی دوو لایەنەکە " میکانیزمێکی ڕاوێژکردن پێکدەهێنن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسانەدا کە کێشەیان بۆ پەیوەندییە دوو لایەنییەکە دروست کردووە، بە ئامانجی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئاساییکردنەوەی کارەکانی نێردە دیبلۆماتییەکانمان." گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا نیگەرانییان لە نێو سەرکردەکانی ئەوروپادا دروست کردووە کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا جەختییان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ئۆکرانیا بەشدار بێت لە گفتوگۆکاندا سەبارەت بە داهاتووی خۆی، هەروەها دەبێت وڵاتانی ئەوروپاش بەشداربن و ڕۆڵێکیان هەبێت لە پێشهاتەکاندا لە پێناو ئاسایشی خۆیاندا. سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ڕۆژی دووشەممە میوانداری کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی ئەوروپای کرد لە پاریس و تاوتوێی زیادکردنی خەرجی بەرگریی و ئەگەری پێدانی گرەنتی ئاسایشییان کرد بە ئۆکرانیا. بەڵام لەسەر بیرۆکەی ڕەوانەکردنی هێزی ئاشتی پارێز بۆ ئۆکرانیا لە چوارچێوەی ئەگەری کۆتایی هاتنی جەنگەکەدا دابەشبوون هەبووە، وڵاتانی وەکو بەڕیتانیا و سوید کراوە بوون بە ڕووی ئەو بیرۆکەیەدا، بەڵام ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز وتی گفتوگۆکردن لەو بارەیەوە جارێ زووە.
بەمەبەستى زوو ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان، وەزیری دارایی چەند بڕیارێک دەردەکات کە بریتین لە چالاککرن و بەرەوپێشبردنی سیستەمی ئەلکترۆنی کاروباری خانەنشینان، دابەزاندنی دەسەڵاتی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشین لە سەر ئاستی پارێزگا و قەزا و شار و شارۆچکەکان. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ئەمڕۆ سێشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری بەیاوەری شاندێکی وەزارەت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی کرد و لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیش و کارەکانی کۆڵیەوە. لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیەکە بەڕێز وەزیری دارایی جەختی لەسەر زوو ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان کردەوە و چەند بڕیارێکی پێویستی لەوبارەیەوە دەرکرد کە بریتی بوون لە. ١- چالاککرن و بەرەوپێشبردنی سیستەمی ئەلکترۆنی کاروباری خانەنشینان و دابینکردنی پێداویستیەکانی لەماوەیەکی کورتدا. ٢- دابەزاندنی دەسەڵاتی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشین لە سەر ئاستی پارێزگا و قەزا و شار و شارۆچکەکان. ٣- ڕەوانەکردنی فەرمانبەران لەبەڕێوەبەرایەتیەکانی وەزارەتی داراییەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشین بەپێی پێویست تا کاتی تەواو بوونی مامەڵەی ئەو خانەنشینانەی سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری خانەنشین بوونیان بۆ دەرچووە. لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی گوێبیستی کێشە و داواکاریەکانی بەرپرسانی خانەنشین بوو، بڕیاریدا سەرجەم پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکات و لەکۆتایشدا داوای لە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی خانەنشین کرد لەگەڵ هەموو وەزارەت و فەرمانگەکان هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات مامەڵەی خانەنشینان تەواو بکرێت و ماف و شایستەکانیان پێ بدرێت.
حهیان عەبدولغەنی سەواد، وەزیری نەوتى عێراق ڕایگەیاند، شاندێکی وەزارەتەکەى لە هەرێمى کوردستانن، بەمەبەستى ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمێک بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم و هەناردەکردنی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە. ئەمڕۆ سێ شەممە، وەزیری نەوت، وتى: بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و بەشی یاسایی و ئابووری و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) سەردانی هەولێر دەکەن بۆ دانوستان لەسەر میکانیزمی وەرگرتنی نەوتی هەرێم. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو پەیوەندییان بە وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم، کەمال محەمەد ساڵحەوە کردووە، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندەکە سەبارەت بە میکانیزمی وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە. ناوبراو دووپاتی کردەوە، لەسەرەتای ئەم مانگە، ئەو هەنگاوەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی یاسایی نەوت ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) کرد، جگە لەوەی ڕێوشوێن لەگەڵ حکومەتی تورکیا بۆ ئامادەکردنی هێڵی عێراقی- تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە. وەزیری نەوتی عێراق دووشەممەى ڕابردوو ڕایگەیاند هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش دوابەدوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکی دوو ساڵەییەکەی نێوان هەولێر و بەغداد. لە مانگی 3 ی ساڵی 2023 دا تورکیا هەناردەکردنی نەوتەکەی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت، ئەوەش دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە تورکیا کرد بڕی 1.5 ملیار دۆلار وەکو قەرەبوو بدات بە بەغداد لەسەر هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێی تورکیاوە بەبێ مۆڵەت لە ساڵانی نێوان 2014 و 2018 دا.
میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند گرووپی حەماس بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، 20ی مانگی دوو، تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی کە لە غەززە کوژراون ڕادەستی ئەو وڵاتە بکەن. ئەمە یەکەمجارە تەرمی بارمتەکان ڕادەستی ئیسرائیل بکرێت. ئەم ڕادەستکردنەوەیە بەشێکە لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە شەڕی غەززە کە لە مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە. گرووپی حەماس کە لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپاوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناو دەبرێت، تا ئێستاش 73 بارمتەی ئیسرائیلی لە دەستدایە کە پێدەچێت هەندێکیان کوژرابن. سوپای ئیسرائیل پێشتر تەرمی ژمارەیەکی کەم لەو بارمتانەی کە لە لەماوەی شەڕی 16 مانگەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە غەززە کوژراون، دۆزیوەتەوەە و گەڕاندەویەتییەوە بۆ ئیسرائیل. ئەگەر ئاگربەستەکە بەردەوام بێت، بڕیارە هەفتەی دواتریش حەماس تەرمی چوار بارمتەی کوژراوی دیکە ڕادەست بکاتەوە. لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکەدا بڕیار بوو 25 بارمتەی زیندوو و هەشت تەرم بگەڕێنرێنەوە بۆ ئیسرائیل؛ تا ئێستا ئەو گرووپە توندڕەوە لە شەش ئاڵوگۆڕدا 19 بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر ئازادکردنی زیاتر لە 900 زیندانیی ئەمنیی فەلەستینی ئازاد کردووە. بەپێی هەواڵی میدیا ئیسرائیلییەکان، ناوبژیوانان هەوڵدەدەن بزووتنەوەی حەماس هەر شەش بارمتە زیندووەکە تا ڕۆژی شەممە ڕادەست بکات کە بڕیار بوو لەم قۆناغەدا بە یەکجاری ئازاد بکرێن. بنەماڵەی بارمتەکان و خەڵکی ئیسرائیل فشارێکی زۆریان خستۆتە سەر حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ گەڕاندنەوەی ئەو 73 بارمتەی کە ماونەتەوە. ڕاپرسییەک کە لە تەلەفزیۆنی کەناڵی 12ی ئیسرائیل لە 500مین ڕۆژی شەڕەکەدا بڵاوکرایەوە کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە 68%ی ئیسرائیلییەکان ئازادکردنی بارمتەکان بە گرنگترین ئامانجی شەڕەکە دەزانن و 61% جەخت لەوە دەکەنەوە کە پشتگیری قۆناغی دووەمی دانوستانەکانی ئاگربەست دەکەن بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتە ماوانە و پشتگیری لەبەردەوامی شەڕەکە ناکەن. خۆپیشاندەران لە ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە بە بۆنەی 500هەمین ڕۆژی هێرشی حەماس گردبوونەوە و ڕێپێوانی بەرفراوانیان ئەنجامدا.
هاوڵاتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان نێچيرڤان بارزانى، ڕایگەیاند ههناردهكردنهوهى نهوتى ههرێمى كوردستان له بهرژهوهنديى تهواوى عێراقدايه و به سوودى بودجهى گشتيى وڵات دهگهڕێتهوه. بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم ئەمڕۆ سێشهممه 2025/2/18 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازیى له بهريس ئهكينجى، جێگرى وهزيرى دهرهوهى توركيا کردووە. هەر بەپێى ڕاگەیەندراوەکە لەبەشێکى کۆبونەوەکەدا، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دووپاتى كردهوه كه ههناردهكردنهوهى نهوتى ههرێمى كوردستان له بهرژهوهنديى تهواوى عێراقدايه و به سوودى بودجهى گشتيى وڵات دهگهڕێتهوه. ههروهها ئامادهييى ههرێمى كوردستانى بۆ برهودان به هاريكاريى هاوبهش لهگهڵ توركيا له بوارى وزهدا دووپات كردهوه. ههردولا ههمواركردنهوهى ياساى بودجهى گشتيى عێراقييان به ئهرێنى ههڵسهنگاند كه ڕێگه بۆ دهسپێكردنهوهى ههناردهكردنى نهوتى ههرێمى كوردستان خۆش دهكات. لهمبارهيهوه باسيان له ڕێكارهكانى ئامادهكارى بۆ ههناردهكردنهوهى نهوت و سوود و لێكهوته ئهرێنييهكانى بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان كرد. لاى خۆيهوه خاتوو ئهكينجى وێڕاى دهربڕينى خۆشحاڵيى به لێكگهيشتنى ههولێر ـ بهغدا دهربارهى پرۆسهى دهسپێكردنهوهى ههناردهكردنى نهوتى ههرێمى كوردستان، ههموو پشتگيرييهكى توركياى بۆ پرۆسهكه دووپات كردهوه، ههروهها دهربارهى دۆسييهى ئاويش، خواستى وڵاتهكهى بۆ هاريكاريى هاوبهش له بوارى بهڕێوهبردنى ئاو و بهرهنگاربوونهوهى لێكهوتهكانى گۆڕانى ئاووههوا لهگهڵ عێراقدا نيشان دا. وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش دوابەدوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکی دوو ساڵەییەکەی نێوان هەولێر و بەغداد. لە مانگی 3 ی ساڵی 2023 دا تورکیا هەناردەکردنی نەوتەکەی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت، ئەوەش دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە تورکیا کرد بڕی 1.5 ملیار دۆلار وەکو قەرەبوو بدات بە بەغداد لەسەر هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێی تورکیاوە بەبێ مۆڵەت لە ساڵانی نێوان 2014 و 2018 دا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک- قەسەدە بە ڕاگەیاندراوێک ئاماری ٢٤ کاتژمێری بەرخۆدانی شەڕڤانان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بڵاو کردوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەسنیشانکراوە شەڕڤانانی قەسەدە لە بەرەی دێر حافر چالاکی کاریگەری ئەنجام داوە و دەڵێت: "هێزەکانمان گورزی لە خاڵێکی کۆبوونەوەی سەربازی چەتەکانی دەوڵەتی تورک وەشاند، لە ئەنجامدا ٢ چەتە کوژوان و چەتەیەکی دیکەش بریندار بووە. هەروەها ئۆتۆمبیلێکی سەربازی چەتەکانیش تێکشکێندراوە. هێزەکانمان لە دژی خاڵێکی کۆبوونەوەی چەتەکان لە گوندی ئیمامە چالاکیان ئەنجامدا و چەتەیەک بریندار بوو. بەرەی تشرین؛ یەکینەکانی شەهید هارون لە کۆبوونەوەیەکی چەتەکانیان لە دەوربەری گردی سیراتەل دا. لە گوندی حاجی حوسێن لە کۆبوونەوەیەکیاندا چەتەیەک کوژرا. لە هەردوو چالاکییەکەدا کوشتن و برینداری بوونی لێکەوتەوە، بەڵام ژمارەکەی نەزانرا. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە درێژای شەوی شەممە\یەک شەممە دەوربەری بەنداوەی تشرینی بە سەختی تۆپبارانکرد. هەروەها فرۆکەی جەنگییەکانی داگیرکەران شوێنی نیشتەجێبوونی کرێکارانی نزیک بەنداوەکەی بۆردوومان کرد. لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێکەوتەوە. فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەوربەری شارۆچکەی شیوخی ڕۆژئاوای کۆبانێی بۆمبارانکرد، بە سەختی تۆپبارانی ناوچەکەی کرد. لە ئەنجامدا زیانی ماددی لە ماڵ و موڵکی دانیشتووان کەوتەوە. هەروەها فرۆکەی بێفرۆکەوان لە ئاسمانی هەرێمەکە دەگەڕان. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی دەوربەری شارۆچکەی عەین عیسا و گوندەوارانی بە چەکی قورس تۆپباران کرد و مەدەنییەک بریندار بوو. لە تەواوی ڕۆژەکەدا جوڵەی فرۆکەی جەنگی لە هەرێمەکە هەبوو. شەڕڤانمان لە گوندەواری باکووری تەل تەمر چالاکییان لە دژی کۆبوونەوەی چەتەکان ئەنجام دا. لە ئەنجامدا چەتەیەک کوژرا."
ئەمڕۆ رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی یاساكانی گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان، لێبووردنی گشتی، یاسای باری كەسێتی و هەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراقی بڵاوکردەوە. لەوبارەیەوە هەیفا مەحمود، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەقایعی سەر بە وەزارەتی داد ڕایگەیاند:"ژمارە (4814) ی ڕۆژنامەی وەقایع یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2025 ی سەبارەت بە یاسای باری كەسی هەمواركراوی ژمارە (188) ی ساڵی 1959 لەخۆدەگرێت، هەروەها هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە (27) ی ساڵی 2016 لەخۆدەگرێت، لەگەڵ یاسای ژمارە (3) ی ساڵی 2025 تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش (هەڵوەشاوە) و دووبارە گێڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان". یاساكان ئەمانەن: - یاسای لێبوردنی گشتیی: ئەمە خواستی پێكهاتەی سوننەی لەسەر بوو، بەوپێیەی هەزاران كەس لە خەڵكی ئەم پێكهاتەیەك لەساڵانی رابردوودا لەلایەن دادگاكانی عێراقەوە بەتاوانی تیرۆر حوكمدرابوون، بەشێك لەمانە تەنیا راپۆرتی هەواڵدەری نهێنیان لەسەر بووەو سەركردەكانی سوننە دەڵێن بەزۆر دانپێدانانیان لێوەرگیراوە، بۆیە سوننە بە دەرچوونی ئەم یاسایە دەستكەوتێكی سیاسی گەورەی دەستكەوت. - یاسای گەڕاندنەوەی موڵكەكان بۆ خاوەنەكانیان: ئەم یاسایە خواستی كوردی لەسەر بوو، بۆ گەڕاندنەوەی هەموو ئەو موڵكانەی كوردو پێكهاتەكانی تری وەكو توركمانە لە ناوچە جێناكۆكەكان بەهۆی هەندێك لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی هەڵوەشاوە (بەعس)، بەشێك لە شیعەكان لەم یاسایە ناڕازین و دەڵێن بەهۆی ئەم یاسایەوە بەشێكی زۆر لە "تیرۆرستان" ئازاد دەكرێن كە بەوتەی ئەوان خەڵكیان كوشتووە، ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەوەیە چەند رۆژی رابردوو پەرلەمانتارێكی شیعە ئەوەی ئاشكراكرد بەهۆی ئەم یاسایەوە ئەو فەرمانی دەستگیركردنەش هەڵدەوەشێتەوە كە دادگای عێراق لەسەر كەیسی كوشتنی هەریەكە لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بۆ (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆكی ئەمریكا دەریكردووە. - یاسای هەمواری باری كەسێتیی: ئەم یاسایە لەسەر داوای شیعەكان داواكرا، یاساكە رێگە بە جێبەجێكردنی فیقهی جەعفەری دەدات و بەپێی ئەوەش دەرگا دەكاتەوە لەبەردەم بەشوودانی كچانی خوار تەمەن، ئەمە بەلای شیعەكانەوە گرنگ بوو لەو ڕوانگەی مەزهەبی شیعە بەسەر ناسنامەی عێراقدا زاڵ ببێت، بەڵام یاساكە رووبەڕووی ناڕەزایەتیی زۆری هێزو گروپە مەدەنییەكان بووەوە.
