ماجید تەخت ڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی دووپاتی کردەوە کە تاران ئامادەیە "پەیوەندی دۆستانە" لەگەڵ ئیدارەی سوریا دابمەزرێنێت. لە بەیاننامەیەکدا کەمیدیاکانی ئێران ئەمڕۆ پێنج شەممە، بڵاویانکردوەتەوە ڕەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاندووە کە "هیچ ناکۆکییەک لەناو ئێراندا سەبارەت بە پرسی سوریا نییە"، ئاماژەی بەوەشکرد، تاران "لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی سوریا دەکات". ئەو بەرپرسە ئێرانییە هیوای خۆی دەربڕی کە "ئاسایش لە سووریا زاڵ بێت، و وڵاتانی دیکە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریا نەکەن"، جەختی لەوە کردەوە کە ئێران "گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی دەدات، و زۆر شتی هاوبەشی لەگەڵ ئەواندا هەیە". جێگری وەزیرى دەرەوەى ئێران، ئاماژەى بەوەشکردووە که "کاتێک حکوومەتی نوێی سووریا پێکدێت، ئێران ڕێز له بڕیاری گەلی سوریا دەگرێت و ئامادەیه پەیوەندی دۆستانه لەگه ڵ سووریا دروست بکات له سەر بنەمایەوه ". چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، محەمەد ڕەزا ڕەئوف شێبانی، نوێنەری تایبەتی ئێران بۆ کاروباری سوریا، ئاشکرای کرد کە تاران لە پەیوەندی ناڕاستەوخۆدایە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا و پەیامی سەبارەت بە دۆخی ئەو وڵاتە پێگەیشتووە. ئێران بە ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد لە مانگی 12 ی ساڵی ڕابردوو دڵخۆش نەبوو، زیانی گەورەشی بەركەوت. عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران چەند ڕۆژێك دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد ڕایگەیاند ئەمەریكا لەڕێگەی پلانەكانیەوە لە سوریا هەوڵدەدات ئاژاوە بنێتەوە. پێشبینیشی كرد "گروپێكی شەرەفمەند" لە سوریا دەربكەن و دۆخێكی نوێ بهێننەكایەوە. رۆژی 30ـی کانوونی دووەمی 2025، ژمارەیەک بەرپرس و سەرۆکی گروپە چەکدارەکانی سوریا لە دیمەشق لەژێر ناوی کۆنگرەی سەرکەوتن کۆبونەوە و بڕیاریاندا ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکی کاتی سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر دەستنیشان بکەن و پەرلەمان و سوپا هەڵبوەشێننەوە و کارکردن بە دەستوری سوریا راگرن تا ئەوکاتەی دەستوری نوێ بۆ وڵاتەکە دەنوسرێتەوە.
ئەو فەرمانبەرانەى لە 31ـى کانوونى یەکەمى 2024 خانەنشین بوون، هێشتا کارە کارگێڕییەکانیان تەواو نەبووە و لە مانگى شوبات مووچە وەرناگرن، بەڵکو مانگى داهاتوو سێ مووچەى ئەمساڵ پێکەوە وەردەگرن. سەرچاوەیەک لەوەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم، ڕایگەیاند: لیستی مووچەی مانگی دوو دوێنی چوارشەممە تەواوکراوە، بەهۆی ئەوەی فەرمانبەرانی سێ تەمەنەکە (60، 61 و 62) ساڵ، مامەڵەی گواستنەوەی مووچەکانیان تەواو نەبووە، بۆیە مووچەی مانگی دووش وەرناگرن لە مووچەی مانگی سێ ئەوانەی تەواو دەبن دەخرێنە نێو لیست و سێ مووچە بەیەکەوە وەردەگرن". لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 170 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 80 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن، ئەمە وێڕای ئەو 25 هەزارەی کە تازە خانەنشین دەبن. تاوەکو ئێستاش خانەنشینانی سەربازی مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرنەگرتووە. سەرچاوەکەی وەزارەتى دارایى دەشڵێت ئەو سێ تەمەنەی لەو ماوەیە خانەشین دەبن ژمارەیان زیاترە لە 25 هەزار کەس، ئەگەر سەرووی 25 ساڵ خزمەتیان هەبێت دەبێت 18 مووچەیان بۆ خەرج بکرێت کە شەشیان مووچەی بنەڕەتی و 12 ـیان مووچەی خانەنشین بوونیانە. هاوتاکردنى مووچەی خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لەساڵى 2024ەوە دەستىپێکردووە کە مانگانە زیاتر لە 50 ملیار دینار بۆ پارەى تەرخانکراوى مووچە زیاد دەکات. دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە 20ى کانوونى دووەمى 2025 لە نووسراوێکدا، کە ئاراستەى وەزارەتى دارایی فیدراڵى کردووە، روونکردنەوەى داوە لەبارەى جێبەجێکردنى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو بۆ هاونیشتمانییان لە هەرێمى کوردستان. وەزارەتەکە پرسیاری کردبوو، ئایا بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 23ى تشرینى دووەمى 2022 بۆ هەڵوەشاندنەوەى یاسای خانەنشینى هەرێمى کوردستان، وا دەکات شایستەى دارایی ئەو کەسانەى بەر لە رۆژى بڕیارەکەى دادگەکە خانەنشین بوون، جیاوازیی مووچەی هاوتاکراویان بۆ خەرج بکرێت؟ دادگەی باڵاى فیدراڵیی عێراق 23ى تشرینى دووەمى 2022 لەسەر سکاڵاى ژمارەیەک لە خانەنشینان، حکومەتی هەرێمی کوردستانى بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراوی عێراق پابەند کرد، یاسای خانەنشینى ژمارە 27ی ساڵی 2006ی هەرێمى کوردستانیشی هەڵوەشاندەوە.
جێگری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، دەڵێت: ژمارەی ئەو کۆمپانیا تورکیانەی لە هەولێر کاردەکەن بریتیین لە هەزار و ٦٤ کۆمپانیاو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ ساڵی ڕابردوو بڕی ١٧ ملیار دۆلار بووە. شاندێکی هاوبەشی ڕێکخراوی تیسیادی تورکی و کارگێڕی بەندەری نێودەوڵەتی مێرسین سەردانی ژووری بازرگانیی هەولێریان کرد. بە مەبەستی خستنەڕووی ئەو هاوکاری و ئاسانکارییانەی بۆ بازرگانانی هەرێم دەیکەن، شاندەکەی تورکیا سەردانی ژووری بازرگانییان کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانی، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ژمارەیەک بازرگان کۆبوونەوە. کامەران سەڵاح باجگر جێگری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستەسەر پەیوەندییە بازرگانییە و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێم و تورکیا و جەختی لەوەشکردەوە کە هەموو ئاسانکاری و هاوکارییەک بۆ بازرگانان دەکرێت. ئەو وتی: "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ ساڵی ڕابردوو بڕی ١٧ ملیار دۆلار بووە، لەم بڕەش ١٣ ملیار دۆلار هاوردەی کاڵاکانی تورکیا بووە، چوار ملیار دۆلاریش هەناردەی عێراق بووە بۆ تورکیا، سەدا ٢٥ی ئەم قەبارەیە لە هەرێمی کوردستان بووە، هەروەها ژمارەی ئەو کۆمپانیا تورکیانەی لە هەولێر کاردەکەن بریتیین لە هەزار و ٦٤ کۆمپانیا". کامەران سەڵاح باجگر گوتیشی: "داوا لە شاندی میوان دەکەین کە هەرچەندە لە تواناتاندا هەیە، ئاسانکاری و هاوکاری و داشکاندن بۆ کۆمپانیاکانی هەرێم بکەن بۆ ئەوانەی کاڵاکانی خۆیان لە ڕێگای بەندەری مێرسین هاوردەی عێراق و هەرێم دەکەن و بێگومان لە کۆتاییدا سوودی بۆ هەردوو وڵات هەیە و ئێمەش لێرەوە هەموو ئاسانکاری و هاوکارییەک بۆ بازرگانان دەکەین".
بەپێى پێشبینەیەکانى بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بەدرێژایی کاتەکاندا لەگەڵ بەفربارین لەناوچە شاخاوییەکان زیاتر لەناوچە سنوورییەکاندا. بۆ سبەینێ هەینى، بەپێى پێشبینیەکان ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ بەفربارین لەزۆربەی ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا وە نمەباران لەناوچە جیاجیاکاندا , پاشان لەکاتەکانی دوای نیوەرۆ کاریگەری دابارین لاواز دەبێت. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ پێنج شەممە 20- 02 - 2025 کەش/ ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بەدرێژایی کاتەکاندا لەگەڵ بەفربارین لەناوچە شاخاوییەکان زیاتر لەناوچە سنوورییەکاندا. پلەکانی گەرما / بەرێژەیەکی بەرچاو ( 4-6 ) نزم دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ . ئاراستەی با / گۆڕاو دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ- مام ناوەند (10- 20) کم/ک لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم ئەگەری کەمێک چالاک بوونی هەیە بۆ سەروی 30 کم/ک مەوداى بینین / لەنێوان (7 – 9 ) کم دەبێت .لەکات و شوێنی دابارین وەهەروەها ناوچە بەرزەکان کەم دەبێتەوە بۆ (4-6) کم سبەى هەینی 21- 02 - 2025 کەش/ ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ بەفربارین لەزۆربەی ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا وە نمەباران لەناوچە جیاجیاکاندا , پاشان لەکاتەکانی دوای نیوەرۆ کاریگەری دابارین لاواز دەبێت تەنها ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان نەبێ کاریگەری بەلاوازی بەردەوامی دەمینێتەوە بۆ بەیانی رۆژی شەممە . ئاراستەی با / باکووری رۆژئاوا دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ- مامناوەند (10 - 20) کم/ک مەوداى بینین / لەنێوان (8 – 10) کم دەبێت ، لەکاتى و شوێنی دابارین ( 5 – 7 ) کم دەبێت . پلەکانی گەرما / بەگشتی نزم دەبێتەوە بە (2-1 ( پلە وە لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان زیاتر بە ( 4-5 ) پلە دادەبەزێت بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 10 پلەى سیلیزى سلێمانی : 7 پلەى سیلیزى دهۆک : 7پلەى سیلیزى کەرکوک :12 پلەى سیلیزى زاخۆ : 8پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 6 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران : -4 پلەى سیلیزى سۆران : 5 پلەى سیلیزى گەرمیان : 12پلەى سیلیزى بەشى پێشبینى 20- 02 - 2025
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێکی پڕ لە ئازار دەبێت بۆ ئیسرائیل، چونکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە تەرمی چوار بارمتە وەردەگرنەوە. بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەڕی حەوتەم لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەڕێوەدەچێت، ئەم جارە تەرمی بارمتەکان ڕادەست دەکرێن. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەکەی ڕایگەیاندووە: پێنجشەممە ڕۆژێکی زۆر سەخت دەبێت بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، ڕۆژێکی پڕ لە ئازار دەبێت، ڕۆژێکی ماتەمینی دەبێت. چوار لە بارمتە خۆشەویستەکانمان کە کۆچی دواییان کردووە دەگەڕێنینەوە بۆ خاکەکەمان. لیواکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، ناوی چوارەم بارمتەی ڕاگەیاند کە ڕۆژی پێنجشەممە تەرمەکەی ڕادەست دەکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە. وتەبێژی لیواکان، ئەبو عوبێدە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سبەی تەرمی ٤ بارمتەی ئیسرائیلی کە ٣ کەسیان لە بنەماڵەی بیباس لە نێویاندا ڕادەست دەکرێن و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لە ژیاندا بوون تا ئەو کاتەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە ئەنقەست شوێنەکانی بۆردوومان کردن و بەهۆیەوە هەموویان کوژران. گرووپی حەماس کە لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپاوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناو دەبرێت، تا ئێستاش 73 بارمتەی ئیسرائیلی لە دەستدایە کە پێدەچێت هەندێکیان کوژرابن. سوپای ئیسرائیل پێشتر تەرمی ژمارەیەکی کەم لەو بارمتانەی کە لە لەماوەی شەڕی 16 مانگەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە غەززە کوژراون، دۆزیوەتەوەە و گەڕاندەویەتییەوە بۆ ئیسرائیل. ئەگەر ئاگربەستەکە بەردەوام بێت، بڕیارە هەفتەی دواتریش حەماس تەرمی چوار بارمتەی کوژراوی دیکە ڕادەست بکاتەوە.
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، دەڵێت کورد بەشێکی دانەبڕاوە لە پەیکەری سوریا و قوربانییەکی زۆری داوە، وەک خۆی باسی کردووە، پرسی بەشداریکردنی هەموو سوریاییەکان لە گفتوگۆی نیشتمانیدا “پرسێکی پێویستە کە دەبێت بکرێت” بۆ دروستکردنی بنکەیەکی هەمەلایەنە. لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) کە لەژمارەى ئەمرۆ پێنج شەمە بڵاوکراوەتەوە، ئیلهام ئەحمەد، ڕایگەیاند: پرسی بەشداریکردنی سەرجەم سورییەکان لە گفتوگۆی نیشتمانیدا پرسێکی پێویستە کە دەبێت بکرێت بۆ دروستکردنی بنکەیەکی گشتگیر و زەمینەسازی بۆ چارەسەرە سیاسییە بەردەوامەکان دوور لە ململانێ سەربازییەکان و دابەشکارییە جوگرافییەکان. ئیلهام ئەحمەد، كە سەرکردایەتی ئەو وەفدە دەكات كە بڕیارە دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق بکات، دەڵێت: گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە نێوان ئیدارەی سوریا و ئیدارەی خۆسەر، بە پابەندبونی هەموو لایەنەکان بە چارەسەری سیاسی و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و موڵک و ماڵی خۆی و ڕێزگرتن لە سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ بەدی دێت. بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد لەگەڵ تەواوی هاوبەشە ناوخۆییەکان و هێزە دیموکراسیەکان و هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەکانیان كاردەكەین بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، بە شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی سوریا بکات لە بونیادنانی داهاتویەکی سەلامەت و دادپەروەر، کە تیایدا هیچ منداڵێک بێ ماڵ و هیچ خێزانێکی بێ نیشتمان بوونی نەبێت. ئەو وتیشى: دەرئەنجامی کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە (هەسەدو مەسەدو ئیدارەی خۆسەر) دیدێکی ناوخۆیی بۆ ئەو لایەنانە پێکدەهێنێت، بنەمایەکیشە بۆ دەستپێکردنی دانوستانی راستەقینە لەگەڵ حکومەتی سوریا و کارکردن بۆ جێبەجێکردنیان، بەپێی ئەو میکانیزمانەی هەردوولا لەسەری رێکدەکەون. هاوکات سەبارەت بە سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ شاری عەفرین، ئیلهام ئەحمەد وتى: هەنگاوێکی بوو بۆ بەهێزکردنی متمانەی ئاوارە و کۆچبەران بۆ گەڕانەوەیان بە سەلامەتی و شێوازێكی ئارەزومەندانە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: گەلەکەمان لە عەفرین کە بە زۆر لە ناوچەکەیان ئاوارە بوون، شایەنی گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانە، ئەمە جگە لەو کاریگەریانەی کە سەردانەکە هەڵیگرت بۆ کردنەوەی ڕێگای کردەیی و داڕشتنی پلانێک بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان .
پارێزگاری سلێمانی، ڕاگەیاند ئەو بانکەی ئەمڕۆ دەکرێتەوە ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانییە. ئەم شوێنە یەکەم جارە بەم شێوازە و بەم ناوەرۆک و پسپۆڕییە لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە. ئەم وتانەى پارێزگارى سلێمانى، لە کاتێکدا چەند میدیایەکی هەرێمی کوردستان ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە گوایە ئەمڕۆ هەریەک لە بانکە مەرکەزییەکانی ڕافیدەین و ڕەشید بە مەبەستی "تەوتین" یان بەنیشتیمانیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی "سنوری سەوز" لقی فەرمیان لە شاری سلێمانی دەکەنەوە. دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: هەموو بانکەکان و بۆرسەکان وە هەموو بوارەکانی وەبەرهێنان و دارایی و بازرگانی دەتوانن بەش و لق لەم بانکە بکەنەوە، بەپێی ئەو ڕێکارانەی کە بۆ کردنەوەی لق بە پێی یاساکانی فیدڕاڵ و هەرێم دیاری کراون." بەشێک لە "مامۆستایانی ناڕازی" کە لە ڕابردوودا چەند جارێک سەردانی بەغدایان کردووە و داوایان کردووە مووچەکانیان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە بدرێت، ڕایانگەیاند، پێشوازی دەکەن لە کردنەوەی لقی ئەو دوو بانکە مەرکەزییەکە وەک هەنگاوێک بۆ "تەوتینی" مووچەکانیان لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە. پرسی "تەوتین" یان بەنیشتیمانیکردن کە داواکاری بەشێک لە مووچەخۆرانی سنوری یەکێتیە، بەهۆی بەردەوامی دواکەوتنی مووچەوە لە 10 ساڵی ڕابردوودا لە هەرێم سەری هەڵداوە. پرسەکە بۆتە بەشێک لە ململانێی سیاسی نێوان یەکێتی و پارتی، بەو پێیەی یەکێتی لە بانگەشەی ساڵی ڕابردووی هەڵبژاردنی هەرێـمدا وەک پشتگیر و پاڵپشتیکاری ئەم پرسە جەختی دەکردەوە. هەرچی پارتییە دژایەتی خۆی بۆ ئەم بابەتە ڕاگەیاندووە و هەوڵی سەرخستنی پرۆژەی "هەژماری من" دەدات کە لەلایەن کابینەی مەسرور بارزانییەوە پێشکەشکراوە. هەرچەندە هەتا ئێستا ڕوون نییە "هەژماری من" دەچێتە خانەی تەوتینەوە، بەڵام کڕۆکی ناکۆکییەکە لەسەر ئەوەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەکو ساڵانی ڕابردوو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دابەشبکرێت یان ڕاستەوخۆ بچێتە سەر بەغدا. نەیارانی ڕادەستکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەڵێن هەوڵەکە بۆ لاوازکردن و سڕکردنی حکومەتی هەرێم و قەوارەی هەرێمی کوردستانە. بەڵامی لایەنگرانی پرسەکە دەڵێن پرۆسەی دواکەوتنی مووچە چەندین ساڵە بەردەوامە و بووەتە هۆی ئازاردانی بێئەندازەی مووچەخۆرانی هەرێم. دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024 بڕیاری دا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان "تەوتین" بكرێت، بەڵام پرۆسەکە هەتا ئێستا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە. ڕۆژى 18ی مانگی دووی 2025 دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەکی سەرۆککۆمار بڕیاریدا تەوتینى مووچەى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان جێبەجێبکرێت بەو شێوەیەی کە فەرمانبەران دەیانەوێت و "بتوانن بانکەکانیان هەڵبژێرن." دادگاکە هەروەها داوای کرد حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەکە هەماهەنگی بکەن. بڕیارەکە دوای ئەوە هات ڕۆژی 9ی مانگی دووی 2025، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاشکرایکرد، سەرۆککۆمار لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی سکاڵایی یاسایی لەسەر محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی تۆمارکردووە و داوادەکات حکومەتی عێراق پابەند بکرێت بە ناردنی مووچەی مانگانە لە کاتی خۆیدا.
بەرێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، ڕایدەگەیەنێت لەدەوروبەری سلێمانیدا توانیویانە دوو ئەندامى داعـ.ـش دەستگیربکەن. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى ئاسایش، ئەو دووکەسە بەمەبەستی خۆڕێکخستنەوە ڕوویان لەدەوروبەری شاری سلێمانی کردبوو، لەڕابردوودا چەندین خولی شەرعی و سەربازیان بینیوە. دەقى ڕاگەیەندراوەکە. بەرێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش, لەدوو ئۆپراسیۆنی سەرکەوتوودا، لەدەوروبەری سلێمانی توانیان( ٢ )تیرۆریستی داعش دەستگیربکەن. لەماوەی ١٢ تا ١٦ی ٢٠٢٥/٢ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری وورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تیرۆریستان توانیان ٢ تیرۆریستی داعش لەدەوروبەری شاری سلێمانی دەستگیربکەن. تیرۆریستان بەمەبەستی خۆڕێکخستنەوە ڕوویان لەدەوروبەری شاری سلێمانی کردبوو، لەڕابردوودا چەندین خولی شەرعی و سەربازیان بینیوە. لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی (٢)ی تیرۆر راگیراون و ڕووبەڕوی یاساکرانەوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم، داوا دەکات هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە، هاوکات جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە دژی هەموو جۆرە ستەمکارییەکین بەرامبەر جووتیاران کە خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانیانن. ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی شوباتی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم بەئامادەبوونى مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ماڵپەرى حکومەت لە کۆبوونەوەکەدا، دەستدرێژیکردن و ڕێگریکردن لە جووتیارانی ڕەسەنی کورد ئیدانەکراوە، جەتکرایەوە ئەم ڕەفتارە، کارێکی نادەستووریی و نایاساییە و قبوڵکراو نییە، دژی هەموو جۆرە ستەمکارییەکین بەرامبەر جووتیاران کە خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانیانن و دەبێت ئازادانە مافی کێڵان و سوود وەرگرتنیان لە موڵکی خۆیان و باوباپیرانیان هەبێت. لە بڕگەی کۆتاییدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی دوێنێی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ خرایە ڕوو، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ڕاسپارد، کە هەرچی زووە لەسەر ڕێکار و میکانیزمەکانی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لە هاریکاریی و هاوئاهەنگیی بەردەوام بن. دەقى ڕاگەیەندراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی شوباتی 2025، بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران باسی لە ڕووداوی دەستدرێژیکردن و ڕێگریکردن لە جووتیارانی ڕەسەنی کورد لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگەی کەرکووک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم ڕەفتارە، کارێکی نادەستووریی و نایاساییە و قبوڵکراو نییە . ئێمە دژی هەموو جۆرە ستەمکارییەکین بەرامبەر جووتیاران کە خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانیانن و دەبێت ئازادانە مافی کێڵان و سوود وەرگرتنیان لە موڵکی خۆیان و باوباپیرانیان هەبێت. سەرۆک وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانیی بۆ مافە ڕەواکانی جووتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەویانە دووپات کردەوە و جەختیش کرایەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2025 کە ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی بەعس وگەڕانەوەی زەوی بۆ جووتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەوییانە پەسەندی کرد، ئیتر کۆتایی بە هەموو بەربەست و ئاستەنگێک بهێنرێت تا جووتیاران سوود لە زەویيەکانیان وەربگرن کە یاسا بۆی گەڕاندونەتەوە. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، سەرۆک وەزیران پوختەیەکی دەربارەی بەشداریی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆک وەزیران لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی لە ڕۆژانی 11-13ی ئەم مانگە و دیدار و کۆبوونەوەکان و نوێکردنەوەی یادداشتی لەیەکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیمارات بۆ هاریکاری و هاوئاهەنگیی لە نێوان هەردوو حکومەت لە کەرتە جیاوازەکان بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە پێشکەش کرد. ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەم یادداشتی لەیەکتێگەیشتنەکە بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەمەند و پێشکەوتووی دامەزراوەکانی ئیمارات لە سێکتەرە جیاجیاکانی حکومەتی هەرێم. لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتی لیژنەی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە ڕێکخستنی ڕێکارەکانی کوالیتی کۆنتڕۆڵ و پۆلینکردنی بەڵێندەران لەلایەن لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەرێم خرایەڕوو کە بۆ ئەم مەبەستە میوانداریی کرابوون و لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا، پێشڤەچوون و بەربەستەکانیان ڕوونکردەوە. ئەنجومەنی وەزیران لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، جەختی کردەوە لەسەر بایەخی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی، ئەویش لە چوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستووریەکانی هەردوولا، بە جۆرێک بەڵگەنامەکانی پشکنین و کۆنتڕۆڵی جۆریی کەرەستە و کەلوپەلەکان لای هەردوولا، وەک یەک بەرکاربن و پشتیان پێ ببەسترێت و برەو بە پەیوەندی بەردەوام وهاوئاهەنگیی لە نێوان دەستەی پێوانەسازیی وکۆنتڕۆڵی جۆریی هەرێم و فیدڕاڵ بدرێت لە پێناوی گۆڕینەوەی زانیاریی و پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاست ودروستی بەڵگەنامە و بڕوانامەکانی پشکنینی هەردوو لا بۆ بەرهەمەکانی هاوردە و بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم و عێراق، بە ئاراستەی نەهێشتنی ئاستەنگەکانی گەیاندنی بەرهەم و کاڵاکانی هەرێم بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەمەش دوای پشکنین و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی و دروستیان و هەروەها سوودمەندبوونی هەرێم لە بەرهەمی ناوخۆیی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە هەمان مامەڵە و ڕێکاری هاوشێوە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی هاوبەشی وەزارەتەکانی پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازیی و ناوخۆی ڕاسپارد، کە بەردەوام بن لە پەیوەندی و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لیژنەی هاوتایان لە حکومەتی فیدڕاڵ و بەگەڕخستنی گشت هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر و میکانیزمی هاوبەش. لە بڕگەی کۆتاییدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی دوێنێی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ خرایە ڕوو کە لە هەولێر سازکرا و تایبەت بوو بە ڕێکار و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 5 ی ساڵی 2025 تایبەت بە هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ دەربارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەم بڕگەیە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی خۆی بۆ پێشوازیی و پشتیوانی لە جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ، جەختی لەوەش کردەوە کە هەرێم داوا دەکات هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە و ئەمەش، لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکانە، چونکە بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتی عێراق گەیشتووە. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ڕاسپارد، کە هەرچی زووە لەسەر ڕێکار و میکانیزمەکانی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لە هاریکاریی و هاوئاهەنگیی بەردەوام بن، بە تایبەتیش کە ئێستا یاساکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و ڕێگریی یاسایی لەبەردەم پرۆسەکە نەماوە و یاساکە نەخشەڕێگەی بابەتەکەی بە ڕوونی دەستنیشان کردووە.
سەرۆکی دەستەی حەشدى شەعبى، فالح فەییاز، بەسەردانێکی ڕانەگەیەندراو چووەتەتارانی پایتەختی ئێران، ئەمە دووەمین سەفەری لەم جۆرەیە لە ماوەی چەند مانگێکدا. دەستەى حەشدى شەعبی هێشتا هیچ وردەکارییەکیان لەبارەی سەردانەکەی فالح فەییاز بۆ ئێران نەخستووەتەڕوو، بەڵام ئاژانسی هەواڵی “ئیرنا”ی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە کە “سەرکردەی حەشدى شەعبی، سەردانێکی ئەمنى بۆ تارانی پایتەختی ئێران ئەنجامداوە و لەو ماوەیەدا لەگەڵ ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان نوێنەری ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران کۆبووەتەوە .” ماڵپەرى ئیرناى ئێرانى، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو کۆبونەوانەدا فالح فەییاز باسی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەڕەشە هاوبەشەکانی بەردەم هەردوو وڵات کردووە. بەگوێرەی ئاژانسەکە، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاماژەی بە "پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات زۆر نزیک و برایانە" کردووە، جەختی لەسەر "پاڵپشتی هەمەلایەنەی ئێران بۆ عێراق" کردۆتەوە. لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان، ڕۆژى سێشەممە، وردەکارییەکانی سەردانەکەی سەرکردەکەى حەشدى شەعبیان بۆ تارانیان ئاشکرا کرد. ئەو سەرچاوانە بە ئەلعەلەم ئەلجەدیدیان ڕاگەیاندووە، “سەردانەکەی فالح فەییاز بۆ تاران بۆ تاوتوێکردنی فایلەکانی پەیوەست بە هێزەکانی حەشدى شەعبیە، بەو پێیەی ناکۆکی توند لەناو ڕێکخراوەکەدا هەیە سەبارەت بە گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان کە ئامادەدەکرێن، کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر خودی فەییاز هەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی مشتومڕەکان لە عێراق لەسەر یاسادانانی یاسای خانەنشینی هێزەکانی حەشدى شەعبى. لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە کە عەمبدولئەمیر یارەڵڵا دەچێتە جێی فالح فەییاز، لە پۆستى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبی. وەزارەتى بەرگرى ڕایگەیاند، هەر هەواڵێکى تایبەت بە سوپا، فەرماندە، ئەفسەر و کارمەندانى لە پێگە فەرمییەکانى وەزارەت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى سەر بەو وەزارەتە بڵاونەکرێنەوە، هەواڵى ناڕاستن و بناخەى راستییان تێدا نییە. فالح فەییاز، لە ساڵى 2020 بە فەرمى کرایە سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی، دواى ئەوەى لە ساڵى 2014ـەوە بە وەکالەت ئەو پۆستەى بەڕێوە دەبرد. ئەو دەستەیە سەرپەرشتى سەرجەم گرووپە چەکدارەکانى نێو حەشدی شەعبی دەکات کە بەستراون بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنى وەزیران و فەرمان لە فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان وەردەگرن.
ئاژانسى ڕۆیتەرز، بڵاویکردەوە ئاڵپ ئەرسڵان بەیرەقدار، وەزیری وزەی تورکیا ڕاگەیاند هەتا ئێستا تورکیا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکانی عێراق-تورکیاوە بەدەست نەگەیشتووە. وەزیری نەوتی عێراق ڕۆژی دووشەممەى پێشوو، ڕایگەیاندبوو هەفتەی داهاتوو هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و ئەمەش ناکۆکییەکی نزیک لە دوو ساڵەی عێراق یەکلایی دەکاتەوە کە بەهۆی گرژی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەناردەکردنی نەوتی خاوی پەکخستووە. پێشبینی دەکرێت دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت فشارەکانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە کە وەستانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و دواکەوتنی مووچەی کرێکاران و بڕینی خزمەتگوزارییە پێویستییەکانی لێکەوتوەتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، لە وەڵامی پرسیاری ئاژانسی ڕۆیتەرز لە پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بەوەی کە چ کاتێک ڕۆیشتنی نەوتی عێراق دەست پێدەکات و ئایا هیچ زانیارییەک لە عێراقەوە هەیە لەسەر ئەو بابەتە، بایراکتار لە وەڵامدا وتی "هێشتا هیچ شتێک نییە." ڕۆیشتنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لە 2023 لەلایەن تورکیاوە ڕاگیرا، دوای ئەوەی ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە ئەنکەرە کردبوو بە بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەغدا بکاتەوە، ئەمەش بە هۆی هەناردەکردنی بێ مۆڵەتی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. رۆژی دووشەممە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی حکومەتی ناوەندی عێراق بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، شاندێکی وەزارەت سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دانوستان لەسەر میکانیزمێک بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم و هەناردەکردنەوەی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە و ئاماژەی بەوەشکرد "پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لەماوەی هەفتەیەکدا دەستپێدەکاتەوە". عەبدولغەنی ڕاشیگەیاند بڕیارە بەغدا ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل لە هەرێم وەربگرێت.
هاوڵاتى لە ئەمڕۆوە کۆبوونەوەى شاندى وەزارەتى نەوتی عێراق و وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان دەستپیدەکات، بەمەبەستى چۆنیێتی دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بڕیارە سەرەتا لە 100 هەزار بەرمیلەوە دەستپێبکرێت تاوەکو دەگاتە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. شەوى ڕابردوو حهیان عەبدولغەنی سەواد، وەزیری نەوتى عێراق ڕایگەیاند، شاندێکی وەزارەتەکەى لە هەرێمى کوردستانن، بەمەبەستى ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمێک بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم و هەناردەکردنی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە. بەپێى زانیارییەکان شاندەکەى وەزارەتى نەوتى فیدراڵ کە سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە تەکنیکین و لەگەڵ هاوتاکانیان لە وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆیان بۆ تاوتوێکردنى رێکارە کردارییەکانە بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە. سەرەتا بڕى نەوتى هەناردەکراو زیاتر لە 100 هەزار بەرمیل دەبێت لە رۆژێکدا و دواتر بڕەکەى زیاد دەکرێت تاوەکو دەگاتە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. دیاریکردنى 300 هەزار بەرمیل لەبەرئەوەیە کە وەزارەتى نەوتی عێراق رایگەیاندووە، بەهۆى سنووردارکردنى هەناردەى نەوت لەلایەن ئۆپیک پڵەسەوە، ناتوانن لەو بڕە زیاتر نەوت لە هەرێمی کوردستان وەربگرن. بەگوێرەى رێککەوتنى وڵاتانى ئۆپیک پڵەس بۆ جێگیرکردنى نرخى نەوت، پشکى رێگەپێدراوى عێراق بۆ بەرهەمهێنانى نەوت لە رۆژێکدا، چوار ملیۆن بەرمیلە و نزیکەى 3.5 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات و بڕەکەى دیکە لە ناوخۆدا بەکاردەهێنێت. دوێنێ سێ شەممە، وەزیری نەوتى عێراق، وتى: بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و بەشی یاسایی و ئابووری و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) سەردانی هەولێر دەکەن بۆ دانوستان لەسەر میکانیزمی وەرگرتنی نەوتی هەرێم. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو پەیوەندییان بە وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم، کەمال محەمەد ساڵحەوە کردووە، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندەکە سەبارەت بە میکانیزمی وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە. ناوبراو دووپاتی کردەوە، لەسەرەتای ئەم مانگە، ئەو هەنگاوەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی یاسایی نەوت ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) کرد، جگە لەوەی ڕێوشوێن لەگەڵ حکومەتی تورکیا بۆ ئامادەکردنی هێڵی عێراقی- تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە. وەزیری نەوتی عێراق دووشەممەى ڕابردوو ڕایگەیاند هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش دوابەدوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکی دوو ساڵەییەکەی نێوان هەولێر و بەغداد.
هاوڵاتى سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتین لە تورکیا بۆکۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی، هەروەها دووپاتیکردەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەمبارەیەوە. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ماڵپەرى حکومەتى هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە 2/19 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بە سەرۆکایەتیی هەردوو پەرلەمانتار سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان کرد. شاندەکە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، گوڵجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (بەدەپە) و شاندێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى حکومەت، سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی سوود وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک کردەوە لە پێناو ئاشتی و سەقامگیری و بەهێزکردنی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتیی نێوان گەلانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی. سەرۆکی حکومەت هەروەها پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی دووپات کردەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەمبارەیەوە نیشان دا. لە دیدارەکەدا، شاندەکە خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردان و دیدار و کۆبوونەوەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا خستە ڕوو و ئاماژەیان بەوە دا، کە ئێستا قۆناخێکی نوێ لە تورکیا دەستی پێکردووە و پرسی ئاشتی و چارەسەری دۆزی کورد بووەتە بابەتێکی گرنگ و پێویستییەکی هەنووکەیی. شاندەکە هەروەها ڕۆڵ و پێگە و پشتیوانیی سەرۆک بارزانییان لە پرۆسەکە بەرز نرخاند. شاندی ئیمرالی رۆژی سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. شاندەکە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا لە هەرێمی کوردستانن. رۆژانی 16 و 17ـی ئەم مانگە لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
هاوڵاتى ئاژانسى فرانس پرێس بڵاویکردەوە لە ماوەی شەش هەفتەی ڕابردوودا لە ئەنکەرە و ئیستەنبوڵ لانیکەم 124 کەس دوای خواردنەوەی کحولی ساختەی نایاسایی گیانییان لە دەستداوە، دەیان کەسی دیکەش لە چاودێری ورددان. ئاژانسەکە، ئەوەشى خستوەتەڕوو نزیکەی 54 کەس لە ئەنکەرە گیانییان لە دەستداوە، 40 کەسی دیکەش لە نەخۆشخانەن و دۆخییان زۆر خراپە، هەر لەم مانگەدا 70 کەسی دیکە لە ئیستەنبوڵ گیانییان لە دەستداوە. ئەو جۆرە ژەهراویبوونانە لە تورکیا باوە، کە لەوێ دروستکردنی کحول بە نهێنی و بە شێوەیەکی نایاسایی و کحولی نایاسایی زۆر بەرفراوانە و ئەو جۆرە کحولانە زۆرجار بە میثانۆڵ پیسکراون، میثانۆڵ ماددەیەکی ژەهراوییە کە دەتوانێت ببێتە هۆی کوێری و زیانگەیاندن بە جگەر و مردن. ئۆفیسی داواکاری گشتی لە ئەنکەرە 28 کەسی دەستگیرکردووە کە پەیوەندییان بە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئەو کحولە ساختەیەوە هەبووە، ئەنادۆڵۆ وتی جگە لە سێ کەسییان ئەوانی دیکە بە مەرج ئازاد کراون. لە 7 ی مانگی دوودا فەرمانڕەوای ئەنکەرە وتی 33 کەس بەهۆی ئەو کحولەوە گیانییان لە دەستداوە و 20 کەسی دیکە لە نەخۆشخانە لە یەکەی چاودێری ورددان.، دواتر وتەبێژەکەی وتی ئەو ژمارەیە " لە سەرەتای ساڵەوە بووە." بەڵام لە دوای ئەوەوە هیچ هەواڵێک نەبووە لەسەر بارودۆخییان. مانگی ڕابردوو لە ماوەی چوار ڕۆژدا 38 کەس لە ئیستەنبوڵ گیانییان لە دەستدا دوای ئەوەی کحولی ساختەیان خواردبووەوە. لە ژێر سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا، باج لەسەر کحول لە تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بوتڵێکی بچووکی ڕاکی، کە خواردنەوەی خوازیاری تورکیاییەکانە، لە مارکێتەکاندا بە 37 دۆلار دەفرۆشرێت، ئەوەش نرخێکی زۆرە بۆ وڵاتێک کە تەنها لەمدواییانەدا کەمترین موچەی مانگانە تێیدا گەیشتە 600 دۆلار. ڕەخنەگران دەڵیت گرانی کحول وایکردووە بەرهەمهێنانی کحولی ساختە زیاد ببێت.
هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی: کامێراکانى تیژڕەوى کار دەکەن و پڕۆسەکە لە گەشەیەکی بەردەوامدایە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، ڕایدەگەیەنێت، بەهیچ جۆرێک کامێراکان لێ ناکرێنەوە وە کار دەکات و پڕۆسەکە لە گەشەیەکی بەردەوامدایە. لەڕونکردنەوەیەکیاندا سەبارەت بەو دەنگۆیانەى باس لە هەڵگرتن و لێکردنەوەى کامێراکانى تیژڕەوى دەکرێت بەتایبەتى لەسنورى ڕێگاى تاسڵوجە، بەڵام هاتووچۆ هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە. لەبەشێکى ئەو ڕونکردنەوەیەدا دەڵێن: ئەم هەواڵانە چەواشەکارییە و دوورە لە ڕاستی چونکە کامێراکان وەک هەر ئامێرێکی دیکە پێویستی بە صیانە و ئیدامە هەیە وە چاککردن یان گۆڕینە، بەڵام بە گشتی وەک بنەمایەک بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بەهیچ جۆرێک لە هیچ شەقامێک کە کامێرای داناوە هەڵنەوەشاوەتەوە و لای نابات. دەقى ڕونکردنەوەکەى هاتووچۆى سلێمانى چەند ڕۆژێکە دەنگۆیەک و پڕوپاگەندەیەک بڵاو بۆتەوە لە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پەیج و ماڵپەڕەکان بڵاو دەکرێتەوە کە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی کامێراکانی ڕێگای دوکان – تاسڵوجە یاخود باس لە هەندێک شوێنی وەک شەقامی نێوان تاسڵوجە و ڕاپەڕین دەکرێت کە کامێراکان لێکرابێتەوە. ئەم هەواڵانە چەواشەکارییە و دوورە لە ڕاستی چونکە کامێراکان وەک هەر ئامێرێکی دیکە پێویستی بە صیانە و ئیدامە هەیە وە چاککردن یان گۆڕینە، بەڵام بە گشتی وەک بنەمایەک بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بەهیچ جۆرێک لە هیچ شەقامێک کە کامێرای داناوە هەڵنەوەشاوەتەوە و لای نابات بەڵکو هەندێک شوێن هەیە کامێراکان بە سیستەمێکی نوێ وە جۆری کامێرای پێشکەوتووتر لە ڕووی کوالێتییەوە دادەنرێت. سیستەمی کامێراکان بەرنامەیەکە کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ وە لە هەر شوێنێکش دانرابێت بە تایبەتی سیستەمی پۆینت تو پۆینت ژمارەی گیان لەدەستدانەکانی ئێجگار کەمکردۆتەوە. شۆفێرانی بەڕێز ئاگادار دەکەین سەرچاوەی ڕاست و دروستی بابەتەکان هەمووی لەلای بەشی ڕاگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانییە وە ئەو پەیج و ماڵپەڕانە سەربەخۆ قسە دەکەن وە بۆ کۆکردنەوەی ڤیو و لایک و کۆمێنت ئەم کارە دەکەن وە جۆرێک لە چەواشەکاری بۆ خەڵکی دروست دەکەن، وە شۆفێر وا تێدەگات کە چیتر کامێرا نەماوە و وا دەکات خێرا شۆفێری بکەن کە ئەمەش وا دەکات هەم ئەگەر ڕووداو زیاد بکات هەم تووشی سزا ببێت، دڵنیاتان ئەکەین بەهیچ جۆرێک کامێراکان لێ ناکرێنەوە وە کار دەکات و پڕۆسەکە لە گەشەیەکی بەردەوامدایە. بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی
