ژمارهیهك له پهرلهمانتارە کوردەکانى بەغدا، داوا له دهستهی سهرۆكایهتی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق دهكهن، دانیشتنێکى تایبهت به ڕوداوهكانی كهركوك ڕێکبخات. ئەمڕۆ دووشەممە، ١٧ى مانگى ٢ لە سنووری شەناغە و سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک جووتیارانی کورد لەکاتێکدا دەیانویست زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام لەیەن سوپای عێراقەوە ڕێگریان لێکرا. لە دیمەنێکدا دەردەکەوێت، جووتیارێکی کورد بەسەر تراکتۆرەکەیەوەیە و دوو سەربازی سوپای عێراق بە ملپێچەکەی رایدەكێشن و دەیانەوێت بیهێننە خوارەوە، بەڵام ئەو جووتیارە کوردەکە کۆڵنادات و ملیان بۆ کەچ ناکات، ئەمەش کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە. لەوبارەیەوە كاروا یاروهیس ئهندامی پهرلهمانی عێراق، لەسەر لیستى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، لهپهیامێكدا دەڵێت: پهرلهمانتارانی كورد داوا لهسهرۆكایهتی پهرلهمان دهكهن، كه دانیشتنێكی تایبهت بهو ڕوداوانه بكرێت كه لهسهرگهران ڕویاندا، بهتایبهتی رهفتاری شۆڤێنیانهی ژمارهیهك سهربازی سوپای عێراق بهرامبهر به جوتیارانی كورد. ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگهیاندوه، سبهینێ پهیامی نیگهرانی و ناڕهزایی كورد دهگهیهنرێته محهمهد شیاع سودانی سهرۆك وهزیران كه وهك فهرماندهی هێزه چهكدارهكانی عێراق، پێویسته لێپرسینهوه بكات له سوپا و چارهسهری ریشهیی كێشهكه و دورخستنهوه سوپا لهو ناوچانه. هاوکات مەسعود بارزانی لەبارەی رێگریکردن و ئازاردانی جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک لە لایەن سوپای عێراقەوە ڕایگەیاند، "رەفتارێكی شۆڤینیانە و بێویژدانانە و تاوانە لە دژی جووتیارە بێتاوانەكانی كورد لە پارێزگای كەركووک". هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا بارزانى دەڵێت: دیمەنی ئازاردانی جووتیارێكی كورد و رەفتاری نابەجێی رێگریكردن لە جووتیارانی كورد كە بچنەوە سەر زەوییەكانیان، دیمەنی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی رۆڵەكانی گەلەكەمان لە سەدەی پێشوو بەبیر دەهێنێتەوە.
هاوڵاتى نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێگریکردن لە جوتیارانی کورد بۆ کێڵانی زەوییەکانیان دەڵێت، "پێویستە هەرچی زووترە، ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێبهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە." ئێوارەى ئەمرۆ دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ سوپای عێراق بۆ جارێکی دیکە لە دەوروبەری کەرکووک و بە تایبەتی گوندی شەناغە و چوار گوندی دیکەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، رێگری لە جووتیارانی کورد کرد بچنە سەر زەوییەکانیان. لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەوپێشچوون هەبووە لە نەهێشتنی شوێنەواری بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی خەلکی ڕەسەنی ناوچەکە. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش، مانگی ڕابردوو ، پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان پەسەند کرد. نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق، پێچەوانەی دەستوور و ئەو بنەمایانەیە کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە، چونکە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەم مەبەستانە، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و پێویستە هەرچی زووتر، ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە. ئەمڕۆ لە سنووری سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک جووتیارانی کورد ویستیان زەوییەکانیان بکێڵن بەڵام سوپای عێراق و ژمارەیەک لە هێزی چالاکییە مەدەنییەکان رێگرییان لێ کردن. رۆژی 21-01-2025 پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەر درا و بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێکارەکانی ماون و نەچووەتە جێبەجێکردنەوە. یاساکە پەیوەندیی بە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە هەیە. یاساکە تایبەت بوو بە گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵى ئەو کەسانەى کە بەگوێرەى هەشت بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى دەسەڵاتى پێشوو (بەعس) لێیان داگیرکرابوو. پێش یاساکە و لە 08-11-2024ـەوە رێگە نەدەدرا جووتیارانی کورد لە گوندەکانی پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ و گابەرەکە لە ناحیەی سەرگەڕان لە کەرکووک زەوییەکانیان بکێڵن. نوێنەری جووتیارانی سنوورەکە دەڵێت، دوای یاسەکەش دەرکراوە، بەڵام رێگری بەردەوامە.
وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش دوابەدوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکی دوو ساڵەییەکەی نێوان هەولێر و بەغداد. لە مانگی 3 ی ساڵی 2023 دا تورکیا هەناردەکردنی نەوتەکەی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت، ئەوەش دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە تورکیا کرد بڕی 1.5 ملیار دۆلار وەکو قەرەبوو بدات بە بەغداد لەسەر هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێی تورکیاوە بەبێ مۆڵەت لە ساڵانی نێوان 2014 و 2018 دا. ئەمڕۆ دووشەممە، هەیان عەبدلغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە ڕۆژنامەنووسانی وت: سبەینێ شاندێکی وەزارەتی نەوت سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمێک بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێمەکە و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە. پڕۆسەی هەناردەکردنەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا دەستپێدەکاتەوە." وەزیرى نەوتى عێراق، ئەوەشى وت: بەغداد ڕۆژانە 300,000 بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە وەردەگرێت. پێشبینی دەکرێت دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت فشارە ئابوورییەکەی سەر هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە، کە لەوێ موچەی کارمەندانی کەرتی گشتی دوادەکەوێت و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش کەم دەکرێنەوە.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ڕایگەیاند، چوارشەممەی داهاتوو دوا مۆڵەتە بۆ کۆمپانیای کۆڕەک تاوەکو قەرزەکانی بداتەوە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر کۆمپانیای کۆرەک دەگرێتەبەر. ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن دانیشتنی ئاسایی خۆی بە سەرۆکایەتی حمود الروبەیعی و بە ئامادەبوونی ئەندامانی دەستەی کۆمیساران ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک دۆسیە، دیارترینیان ڕێکارە یاساییەکانی پەیوەست بە کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم بوو. لەڕاگەیاندراوێکیدا دەستەی راگەیاندنەکەى عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات ڕێکارە یاساییەکان بەردەوامن بۆ ئەوەى دڵنیابن لەوەی کۆمپانیاى کۆرەک قەرزەکانی عێراق دەداتەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە ڕێکخەرییە پەیوەندیدارەکان، ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو وەک دوا وادەی چارەسەرکردنی ئەم پرسە دیاریکراوە. هەروەها دەشڵێن: ئەم وادەیە دوا وادەیە و درێژ ناکرێتەوە، چونکە کۆمپانیای کۆڕەک هیچ چارەسەرێکی بەرچاوی بۆ دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی نەکردووە. حکومەتی عێراق پێشتر رایگەیاندووە، باجی سەر کۆمپانیاکە گەیشتووەتە ملیارێک دۆلار، بەڵام کۆڕەک رێکارەکانی حکومەتی عێراق بە فشاری سیاسی دەزانێت. چەند رۆژێک لەمەوبەر سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕایگەیاند بەغداد بەنیازە ئینتەرنێتی کۆڕەک ببرێت و کۆمپانیاکەش تیمێکی نارد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
هاوڵاتى سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت ههميشه كارمان كردووه بۆ ئهوهى پرۆسهى ئاشتى بێته ئاراوه و كێشهكان ئاشتيانه چارهسهر بكرێن، چونكه ئهزموون سهلماندوويهتى شهڕ و چهك هيچ كێشهيهك چارهسهر ناكهن، هيواش دەخوازین پەکەکە، ستراتيژييانه له پرۆسهكه بڕوانێت و پێويسته ئهم دهرفهته لهدهست نهدرێت. پێشنوهڕۆى ئهمڕۆ دووشهممه 17-02-2025 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان پێشوازیى له شاندى ئيمراڵی كرد، كه بۆ راگۆڕينهوه و گفتوگۆ دهربارهى ههوڵهكانى پرۆسهى ئاشتى له توركيا، له ههرێمى كوردستانن. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە شاندەکەی گوتووە، هیوادارن "پەکەکە ستراتیژیانە لە پرۆسەکە بڕوانن و پێویستە ئەم دەرفەتە لەدەست نەدرێت." دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: پێشنوهڕۆى ئهمڕۆ دووشهممه 2025/2/17 بهڕێز نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازیى له شاندى ئيمرالى كرد كه بۆ ڕاگۆڕينهوه و گفتوگۆ دهربارهى ههوڵهكانى پرۆسهى ئاشتى له توركيا، له ههرێمى كوردستانن. له كۆبوونهوهكهدا، سهرۆك نێچيرڤان بارزانى ههموو هاوكارى و پشتگيرييهكى بۆ سهركهوتنى پرۆسهى ئاشتى له توركيا دووپات كردهوه، ههروهها پرۆسهكهى به دهرفهتێكى گرنگ و مێژوويى له قهڵهم دا كه پێويسته ههمووان كار بۆ سهرخستنى پرۆسهكه و برايهتيى كورد و تورك بكهن، چونكه ئاشتى بۆ ههمووان له توركيا و ناوچهكه پێويسته. سهرۆك نێچيرڤان بارزانى ههروهها ڕايگهياند: ئێمه ههر له سهرهتاوه ههميشه كارمان كردووه بۆ ئهوهى پرۆسهى ئاشتى بێته ئاراوه و كێشهكان ئاشتيانه چارهسهر بكرێن، چونكه ئهزموون سهلماندوويهتى شهڕ و چهك هيچ كێشهيهك چارهسهر ناكهن. ههروهها هيواى خواست كه PKK ستراتيژييانه له پرۆسهكه بڕوانێت و پێويسته ئهم دهرفهته لهدهست نهدرێت. لاى خۆيهوه شاندى ئيمرالى سڵاو و ڕێزى تايبهتى بهڕێز ئۆجالانى به سهرۆك نێچيرڤان بارزانى گهياند و تێشكيان خسته سەر ههنگاوهكانى پرۆسهكه. شاندهكه ههروهها ستايش و پێزانينى بۆ ههوڵهكانى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى له پرۆسهى پێشتر و ئێستاى ئاشتيدا دهربڕى و داواى كرد بهڕێزيان لهسهر هاوكارى و پشتگيريى خۆى بۆ سهرخستنى پرۆسهكه بهردهوام بێت.
بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى و بومەلەرزەزانى، ڕایدەگەیەنێت لە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆوە کەش بەگشتی سەقامگیر دەبێت، سبەینێش ئاسمان ساماڵ دەبێت و بارانبارین کۆتایی دێت. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دووشەممە 17- 02 - 2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور وە لەناوچە شاخاوویەکانی سنووری رۆژهەلات هەوری تەواو دەبێت, لەگەل کەمێک نمە باران و بەفر لەم ناوچانە پاشان بۆ کاتەکانی دوایی نیوەرۆ کەش بەگشتی سەقامگیر دەبێتەوە.. پلەکانی گەرما / کەمێک نزم دەبێتەوە (1-3 ) پلە بەتایبەتی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ . ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ (5 - 15) کم/ک مەوداى بینین / لەنێوان (8 – 10 ) کم دەبێت . سبەى سێ شەممە 18- 02 - 2025 کەش/ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەکاتەکانی شەو بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت. ئاراستەی با / گؤڕاو دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ (10 - 20) کم/ک مەوداى بینین / لەنێوان (8 – 10) کم دەبێت ، لەکاتى باران ( 5 – 7 ) کم دەبێت . پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرؤ . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 18 پلەى سیلیزى سلێمانی : 14پلەى سیلیزى دهۆک : 16 پلەى سیلیزى کەرکوک : 19 پلەى سیلیزى زاخۆ : 17پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 15 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران : 1 پلەى سیلیزى سۆران : 13 پلەى سیلیزى گەرمیان : 18پلەى سیلیزى
هاوڵاتى بۆ یەکەمجار لە دوای ڕووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لە 8ـی کانوونی دووەمى رابردوو، ئەسما ئەسەد، هاوسەری سەرۆکی پێشووی سوریا، لە زنجیرە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس قسەی کرد. ئەکاونتە نوێیەکەی ئەسما ئەسەد لەلایەن کوڕەکەیەوە بەناوی حافز ئەسەد لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی تێلێگرام ئاشکراکراوە، کە پێشتریش گرتەیەکی ڤیدیۆیی خۆی لەسەر شەقامێکی مۆسکۆ بڵاوکردەوە. ئەسەد جونیۆر نووسیویەتی: ئەکاونتی خاتوو ئەسما ئەسەد لە پلاتفۆرمی ئێکس پێتانڕادەگەیەنم ئەکاونتەکە دوور دەبێت لە سیاسەت و ئامانجی ئەوەیە ناوەڕۆکێک پێشکەش بکات، کە رەنگدانەوەی لایەنە جیاوازەکانی ژیان و چالاکییە مرۆییەکانی خۆیەتى. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو رووداوێک چیرۆکێکى هەیە، هەر قۆناغێکیش نهێنی خۆی هەیە، ئامانج لێی وروژاندنی مشتومڕ نییە، بەڵکو ئەوەیە چیرۆکەکە وەک خۆی بگێڕێتەوە دوور لە گرژی و تۆمەت. ئەوەی لە تاریکیدا بوو، کاتی ئەوە هاتووە وەک خۆی بگێڕدرێتەوە”. لاى خۆیشییەوە ئەسما ئەسەد نووسیویەتی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەمیشە بێدەنگ بووە سەبارەت بە پرسە سیاسییەکان و لە داهاتووشدا هیچ دەستوەردانێکی نابێت. ئەو روونیکردووەتەوە، دوای ماوەیەک بێدەنگی، کاتی ئەوە هاتووە سەرلەنوێ دەستپێبکەینەوە، هیوا و گۆڕانکارییەکان ناوەستن، بۆیە با پێکەوە دەست پێبکەین، جەختیشیکردەوە “سوریا بە هەموو جوانی و مێژووی دێرینەکەیەوە لە دڵماندا دەمێنێتەوە، هیوای سەلامەتی و سەرفرازی بۆ گەلەکەی دەخوازین و هیوادارین رۆژانی خۆش بگەڕێنەوە بۆ پڕکردنەوەی هەموو ناخۆشییەکانى”. ئەسما ئەسەد جەختی لەوەش کردووەتەوە، “نیشتمان تەنها شوێنێک نییە، بەڵکو هەستێکە، کە لە دڵدا دەژی هەرچەندە دوور بین سوریا وەک جوانترین چیرۆک دەمێنێتەوە، فێرمان دەکات، دەمانگۆڕێت، دەرگایەکمان بۆ دەکاتەوە، کە هەرگیز بە خەیاڵماندا نەهاتووە. باسى لەوەش کردووە، هەر مرۆڤێک رێگای خۆی هەیە، هەندێک رێگاش هەرگیز هەڵبژاردەی خۆت نییە، قۆناغگەلێک لە ژیاندا هەن، کە ناسرێنەوە.
شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان کە بە "شاندی ئیمراڵی" ناسراون، ڕایدەگەیەنن لەکۆبونەوەکەیان پەیامى عەبدوڵا ئۆجەلانیان گەیاندوەتە سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی. ئەمڕۆ دووشەممە، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کە بە "شاندی ئیمراڵی" ناسراون، گەیشتنە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی پێشوازیان لێ کرا. شاندەکە پێکهاتوون لە ئەندامانی دەم پارتی، پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر، هەروەها هاوسەرۆکی دەبەپە ئۆزگور ئەرۆڵ و پەرلەمانتاران گوڵجان کاچماڵس و مەهمەت کاماچ. کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەدوای کۆبوونەوەی شاندی ئیمرالی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ میدیاکان خستەڕوو. بایندر وتی "شاندەکەی ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ نێچریڤان بارزانی، سەرۆکی هەریمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی زۆر بە دڵخۆشی و برایانەمان کرد. سڵاو و خۆشەویستیی بەڕێز ئۆجەلانمان بە رێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیاند و پەیامی ئەو بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریمان گەیاندە رێزدار نێچیرڤان بارزانی." بڕیارە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی، شاندەکە سەردانی باڵەخانەی پارێزگای هەولێر بکەن و دواتریش بەرەو سلێمانی بەڕێبکەون بۆ کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی. ڕۆژی شەممە شاندەکە گەیشتە هەولێر و دوێنێ یەکشەممەش لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی کۆبوونەوە.
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە سعودیە پێش دانوستانە چاوەڕوانکراوەکان لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە شەڕی نزیکەی سێ ساڵەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا. دانوستانەکان دوای ئەوە دێت کە هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا کرد و فەرمانی بە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کرد کە دانوستانەکان لەسەر شەڕەکە دەستپێبکەن، کە چەندین جار سوێندی خواردبوو لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کۆتایی پێبهێنێت. ئاژانسى ڕۆیتەرز دەڵێت بەپێی زانیارییەکان بڕیارە ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەی بەرپرسانی ترەمپ لەگەڵ ڕووسەکان ئەنجام بدرێت، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکاش دەڵێت هەفتە و ڕۆژەکانی داهاتوو دیاری دەکەن کە ئایا پوتین جدییە لە ئاشتی یان نا. حکومەتى ڕیاز کە هاوکات بەشدارە لە گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بە داهاتووی کەرتی غەززە، ڕۆڵی هەبووە لە پەیوەندییە پێشوەختەکانی نێوان ئیدارەی ترەمپ کە لە ٢٠ی مانگى یەکى ڕابردوو،دەستبەکاربووە و مۆسکۆ، هاوکار بووە بۆ دەستەبەرکردنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە هەفتەی ڕابردوودا. ڕوبیۆ، دیپلۆماتکاری باڵای ئەمریکا، کە ڕۆژی شەممە بە تەلەفۆن لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی هاوتا ڕووسیەکەی قسەی کردووە، شانبەشانی مایک والتز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری کۆشکی سپی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەرلەمانتاری ئەمریکا و سەرچاوەیەک بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، لە سعودیە چاوی بە بەرپرسانی ڕووسیا دەکەوێت. یەکسەر دیار نەبوو لە ڕووسیاوە چاویان بە کێ دەکەوێت. ڕۆژنامەی کۆمێرسانتی ڕووسی بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەک کە ناوی نەهێنراوە، بڵاوی کردووەتەوە کە دانوستانەکان ڕۆژی سێشەممە لە ڕیازی پایتەختی سعودیە بەڕێوە دەچن. دانوستانەکان لە یەکەم گفتوگۆی ڕاستەوخۆی ئاستی باڵا دەبێت لە ساڵانی ڕابردوودا لە نێوان بەرپرسانی ڕووسیا و ئەمریکا و مەبەست لێی پێش کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکەکانی ئەمریکا و ڕووسیایە. ڕوبیۆ ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، هەفتە و ڕۆژەکانی داهاتوو دیاری دەکەن کە ئایا پوتین جدییە لە ئاشتی. هەروەها ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە ناوچەکەدایە. زێلێنسکی کە ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕایگەیاند کە بەنیازی سەردانی سعودیە و تورکیاش بکات، بەڵام هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ پلانێکی نییە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا و ئەمریکا و پێناچێت ئۆکرانیا بانگهێشتی ئەو دانوستانانەی کە سعودیە میوانداری دەکات.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ساڵی ڕابردوودا، پارتی دیموکراتی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) توانی سەرۆکایەتیی 85 شارەوانی بەدەست بهێنێت، بەڵام بە هۆی دانانی قەییوم، سەنگەرگواستنەوە و دوورخستنەوەیان 13 شارەوانى لەدەستداوە. پارتی دیموکراتی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە لە 31ی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، توانی سەرۆکایەتیی 85 شارەوانی بەدەست بهێنێت، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاوی ئەو شارەوانییانەی بە دەستەوە نەماوە. تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بە پاساوی ئەوەی کە گوایە "پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە" هەشت سەرۆک شارەوانی کە لەسەر لیستی دەم پارتی توانییان بگەن بەو پۆستانە، لە کارەکانیان دور خستووەتەوە و قەییومی لە شوێنی داناون. هەرچەند دەم پارتی تاکە پارتێکە وێڕای تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا، بە پێچەوانەی پارتەکانی دیکە هیچ یەک لە پەرلەمانتارەکانی دەستیان لەکارنەکێشاوەتەوە لە دەم پارتی و سەنگەریان نەگواستۆتەوە ناو پارتەکانی دیکە، بەڵام لە سەرۆکایەتیکردنی شارەوانییەکان دۆخەکە بۆ دەم پارتی بەم جۆرە نییە. چوار لەو سەرۆک شارەوانییەی بە دەنگی دەنگدەرانی دەم پارتی بوونەتە سەرۆک شارەوانی، دەستیان لە دەم پارتی کێشاوەتەوە و وەک کەسایەتی سەربەخۆ یان لە ڕیزی ئاک پارتی بەردەوامی بە کارەکانیان دەدەن. دەم پارتییش یەکێک لە سەرۆک شارەوانییەکانی لە ڕیزەکانی دوور خستووەتەوە. لە 29ی نیسانی 2024 کە هێشتا مانگێک بەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا تێنەپەڕیبوو؛ محەمەد بەگیت، سەرۆکی شارەوانیی قەزای پیرسوس (بیرەجیک) لە پارێزگای ڕها (ئورفا) دەستی لە دەم پارتی کێشایەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو، دەم پارتی توانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سێ گەورەشار، حەوت پارێزگا، 65 شارۆچکە و 10 شارەدێی بەدەستبهێنێت. تاکوو ئێستا قەییوم بۆ سەرۆکایەتی شارەوانیی گەورەشارەکانی مێردین و وان، پارێزگاکانی جۆڵەمێرگ، ئێله، دێرسیم و قەزاکانی خەلفەتی لە پارێزگای ڕها و مکس (باخچەسەرای) لە پارێزگای وان لە باکوری کوردستان و هەروەها قەزای ئاکدەنیز لە پارێزگای مێرسین لە تورکیا داندراوە.
١٤ ساڵ بەسەر دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی تێدەپەڕێت، دانیشتوانی زۆربەى شارو شارۆچکەکانى کوردستان هاتنە سەر شەقام و داواى گۆڕانکاریان لەسیستمى سیاسى و ئابورى و بەرێوەبردنى ههرێمدا دەکرد. ١٧ی شوباتی ساڵى ٢٠١١ ئەو ڕۆژەیە خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵك لە بەر دەركی سەرای سلێمانی دەستیپێكرد و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بەردەوام بوو. ئەمرۆ دووشەممە، ١٤ ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێپەڕی كە لە فەرهەنگی سیاسی باشووری كوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانیدا بووە بە مێژوویەكی لە یادنەكراو. دواى ١٤ ساڵ بەسەر دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی و ناوچەکانى دیکە، هێشتا بەشێك لە هاوڵاتیان پێیانوایە تاوەكو ئێستاش داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێ نەكراوە، هەروەها هێشتا تۆمەتبەرانى شەهیدانى ١٧ى شوبات و رۆژانى دوایى نەدراونەتە دادگا. لە خۆپیشاندانەكانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دواییدا كە بەشێك لە خەڵك بۆ ماوەی دوو مانگ لەسەر شەقامەكان مانەوە، داواكارییەكان بۆ چاكسازی و دادپەروەریی بوون. داواکارییە سەرەکییەکانى خۆپیشاندانەکانى ١٧ـی شوباتى ساڵى ٢٠١١، باشكردن و گۆڕینى سیستمى حکومڕانی، دادپەروەری و شەفافیەت لە داهات و خەرجی، باشکردنی مووچە. لەخۆپیشاندانەكانی ٢٠١١ـدا، دە كەس شەهیدبوون و زیاتر لە ٣٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون، هەندێكیان بە گولەی هێزە ئەمنییەكان بوون و هەندێكی دیكەشیان هێشتا دۆسییەكانیان یەكلایی نەكراوەتەوە، بەڵام یەكەم شەهیدی ئەو ڕۆژانە داوای یاساییەكەی لەسەر لقی 4ی پارتی لەسلێمانی تۆمار كراوە. خۆپیشاندانی رۆژی (17)ی شوباتی ساڵی (2011) داو بۆ ماوەی (63) رۆژ، چەندین هەزار كەس بەشێوەی خۆڕسك لە دژی دەسەڵات خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
هاوڵاتى سەرۆکی ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، ڕایدەگەیەنێت لە کۆنفرانسەکەی پاریس لەسەر داهاتووی سوریا، نوێنەری کوردی ڕۆژئاڤا و باشور بەشدارنەبوون، بەڵام سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، وەک ئەوەی سەرۆککۆماری کوردستان مامەڵەیکرد و بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد کرد. عادل باخەوان لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک، نوسینێکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لە کۆنفرانسەکەی پاریس لەسەر داهاتووی سوریا، نوێنەری کوردی ڕۆژئاڤا و باشور بەشدارنەبوون، بەڵام کورد شانسی ئەوەی هەبوو کە کەسی یەکەمی کۆنفرانس، سەرۆک ماکرۆن، وەک ئەوەی سەرۆککۆماری کوردستانبێت مامەڵەیکرد و بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد کرد و کردی بەمەرج بۆئەوەی یەکێتی ئەوروپا یەکەم سزاکان لەسەر سوریا هەڵبگرێت و دووەم مامەڵە لەگەڵ سوریا وەک پارتەنەری نوێ بکات. سەرۆکی ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، ئەوەش دەڵێت پاشان، لە پشت کامێراکانەوە دەستی وەزیری دەرەوەی سوریا دەگرێت و پێیی دەڵێت : ئێمە ئامادەین هەموو هاوکاریەکتان بکەین، بەڵام بەمەرجێک کە کورد ئەکتەری سەرەکی بیناکردنەوەی سوریابن. هەروەها دەڵێت: ئێمە هەرگیز ناتوانین هاوپەیمانەکانمان بەتەنها بەجێبێڵین، چونکە ئەوەی کورد بۆ ئێمەی کردوە، کەس بۆی نەکردوین. ڕۆژى پێنجشەممەى ڕابردوو 13ـی شوباتی 2025، لە پاریس کۆنفرانسێکی نێودەڵەتی لە بارەی داهاتووی سووریا و قۆناغی دوای رووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بەڕێوەچوو. لە کۆنفرانسەکەدا هەریەک لە نوێنەرانی وڵاتانی (G7) کە پێکهاتوون لە ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، کەنەدا، بەریتانیا، ژاپۆن و ئەمەریکا لەگەڵ نوێنەرانی تورکیا، سووریا، سعوودیە، عێراق و لوبنان بەشدار بوون.
هاوڵاتى بەوتەى دووسەرچاوە کەقسەیان بۆ ئاژانسى ڕۆیتەرز کردووە، بانکی ناوەندی عێراق مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمەریکایی لەسەر پێنج بانکی ناوخۆیی قەدەغەدە دەکات، ئەمەش دوای کۆبوونەوەکان دێت لەگەڵ بەرپرسانی خەزێنەی ئەمەریکادا لە هەوڵێکدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پارە سپیکردنەوە و قاچاخچێتیکردن بە دۆلار و پێشێلکارییەکانی دیکەوە. یەکێک لە سەرچاوەکان وتی: ئەم بڕیارە دوای کۆبوونەوەکەی هەفتەی ڕابردووی نێوان بەرپرسانی بانکی ناوەندی عێراق و بەرپرسانی خەزێنەی ئەمەریکا و بەرپرسانی یەدەگی فیدڕاڵ دێت لە دوبەی. عێراقی هاوپەیمانی دەگمەنی ئەمەریکا و ئێران، زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتەکەی لە ئەمەریکا داندراوە و بە تەواوەتی پشتی بە نیازپاکی ئەمەریکا بەستووە لە دڵنیابوونەوە لە دەستڕاگەیشتنی بە داهاتەکەی و ئەوەی کە پارەکانی بلۆک نەکرێن. بەڵام عێراق کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە ئۆپیکدا خۆی لە دۆخێکدا بینیوەتەوە کە تێیدا سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لەم مانگەدا وتی: سیاسەتی زۆرترین فشار دژی ئێران دەگەڕێنێتەوە. ئێران عێراقی دراوسێی و هاوپەیمانی وەکو "سییەکانی" ئابوورییەکەی خۆی سەیر دەکات و کاریگەرییەکی سەربازیی و سیاسیی و ئابووری گەورەی لە عێراقدا هەیە، ئەوەش لە ڕێی گروپە چەکداریی و پارتە سیاسییە شیعەکانەوە کە پشتیوانییان لێدەکات. هەروەها لە ڕێی عێراقەوە دراوی قورسی دەست دەکەوێت لە ڕێی هەناردەکانییەوە و بە بەکارهێنانی سیستمی بانکییەکەی خۆی لە سزاکانی ئەمەریکا دەدزێتەوە. ڕۆیتەرز لە مانگی دوانزەدا ئاشکرای کرد کە لە دوای ئەوەی محەمەد شیاع سودانی لە ساڵی 2022 دا وەکو سەرۆک وەزیر دەستبەکار بووە، تۆڕێکی ئاڵۆزی قاچاخچێتی بە نەوت کە ساڵانە لانیکەم 1 ملیار دۆلار بۆ ئێران و بریکارەکانی دابین دەکات، لە عێراقدا گەشەی کردووە. بانکی ناوەند وتی ئەو بانکانەی کە ڕێگەیان پێنادرێت مامەڵە بە دۆلار بکەن ڕێگەیان پێدراوە بەردەوام بن لە کارکردن و مامەڵەکردن بە دراوەکانی دیکەوە. بەڵام بانکەکان ناتوانن مامەڵە بە دۆلاری ئەمەریکاییەوە بکەن، ئەوەش وادەکات زۆربەی کارەکانییان لە دەرەوەی عێراق کێشەی تێبکەوێت. پێنج بانکەکە بریتین لە بانکی ئیسلامی ئەلمەشریق ئەلعەرەبی، یونایتد بانک بۆ وەبەرهێنان، بانکی ئیسلامی ئەلسەنەم، بانکی ئیسلامی میسک و ئەمین عێراق بۆ وەبەرهێنانی ئیسلامی و دارایی. بڕیارەکە سێ خزمەتگوزاری پارەدانیشی گرتەوە: ئەموال، ئەلساقی پەیمێنت و ئەقسا پەیمێنت.
هاوڵاتى هەردوو وەزارەتی دارایی کوردستان و عێراق ڕێککەوتوون ناونیشان و پلەی وەزیفی فەرمانبەران هاوتا بکەن و چیتر بۆ دانانی مووچەی بنەڕەتی کار بە یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2008 ناکرێت. بەپێى زانیاریەکان، لەچەند رۆژى ئایندە لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ ئەوەی هاوشێوەی عێراق کار بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارە 400ـی ساڵی 2015 بکات، بۆ خشتەی میلاکات و بۆ مووچەی بنەڕەتی و سەرمووچە و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران. ئەو فەرمانبەرانەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرایان هەیە، کێشەیان بۆ دروست نابێت و بەپێی خزمەت پلەیان بەرزدەبێتەوە تاوەکو دەگەنە پلە یەک. بە مەرجێک پلەکانیان بە شایستەیی وەرگرتبێت واتا بە حەقی خۆیان. دیبلۆم: لە هەرێمی کوردستان فەرمانبەرێک ئەگەر بڕوانامەی دیبلۆمی هەبێت، ناونیشانی وەزیفی دەگەیشتە پلە یەک، مووچە بنەڕەتییەکەشی ملیۆنێک و 480 هەزار دینارە بۆ پلە یەک. بەڵام بەپێی بڕیاری 400ـی حکومەتی عێراق کە لە ساڵی 2015 دەرچووە، نابێت فەرمانبەرێک کە تەنیا بڕوانامەی دیبلۆمی هەیە بگاتە پلە یەک و دەبێت لە پلە دوو بووەستێت، بەمەش مووچەکەی 370 هەزار دینار کەم دەبێتەوە و بۆ ملیۆنێک و 110 هەزار دینار، لەوە زیاتر مووچەی بەرزنابێتەوە، هەرچەند خزمەتی زیاتریشی هەبێت یان لە داهاتوودا ساڵانی خزمەتی زیاد بێت. شەشی ئامادەیی (12ـی بنەڕەتی ئێستا): ئەگەر فەرمانبەرێک تەنیا بڕوانامەی ئامادەیی هەبێت، لە هەرێمی کوردستان ناونشانی وەزیفی دەگاتە پلە دوو، بە مووچەی ملیۆنێک و 148 هەزار دینار، بەڵام بەغدا دەڵێت دەبێت تاوەکو پلە سێ بێت و لەوێ بووەستێت، بەمەش مووچەکەی دەبێتە 700 هەزار دینار، بەمەش 448 هەزار دینار مووچەکەی کەم دەبێتەوە. سێی ناوەندی (نۆی بنەڕەتی): ئەگەر فەرمانبەرێک تەنیا بڕوانامەی ناوەندی هەبێت، لە هەرێمی کوردستان ناونشیانەکەی تاوەکو پلە سێ دەهات و مووچەکەی 928 هەزار دینارە، بەپێی داواکاری بەغدا نابێت لە پلە چوار زیاتر سەربکەوێت، بەمەش مووچەکەی دەبێتە 589 هەزار دینار. شەشی سەرەتایی: ئەو فەرمانبەرەی بڕوانامەی شەشی سەرەتایی هەبێت تاوەکو پلە چوار دێت بە مووچەی 741 هەزار دینار ئەمە بەپێی ڕێنماییە دەرکراوەکان لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەپێی داوکاری بەغدا نابێت پلەکەی لە پێنج زیاتر بێت، مووچەکەشی 589 هەزار دینار دەبێت، بەمەش مووچەکەی 152 هەزار دینار کەم دەکات. بێ بڕوانامە: فەرمانبەری بێ بڕوانامە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو پلە پێنج دەهات بە مووچەی 609 هەزار دینار، بەڵام بەغدا داوا دەکات ناونیشانەکەی لە پلە شەش زیاتر نەبێت، مووچەکەشی وەکو پلە پێنج دەبێت و دەبێتە 589 هەزار دینار، بەمەش مووچەکەیان 20 هەزار دینار کەم دەکات. جگە لە بڕوانامە، سەرجەم دەرماڵەکانی خێزان و منداڵ و مەترسی و هاندان و هاتووچۆی بۆ زیاد دەکرێت کە دەرماڵەکان چەندین جۆری جیاوازن. پێویستە وەزارەتی دارایی کوردستان پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران بکات، بەپێی بڕیاری ژمارە 400ـی ساڵی 2015 بیگونجێنێت، ئینجا ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان دەکرێت و پێویستە پەسەند بکرێت، ئەوکات بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت.
هاوڵاتى سەرۆک وەزیرانی حکومەتى ئیسڕائیل، دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئیسڕائیل و ئەمەریکا سوورن لەسەر بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ ئەتۆم و دوژمنکارییەکانی لە ناوچەکەدا. لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەکەی لە ئۆرشەلیم لەگەڵ مارکۆ، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل، وتی: گفتوگۆیەکی زۆر بە بەرهەممان کردووە لەسەر چەندین پرس، گرنگترینییان پرسی ئێران بوو. ئەو وتیشی: ئیسڕائیل و ئەمەریکا پێکەوە شان بە شانی یەکتر دژی مەترسی ئێران وەستاون، ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی کە ئایەتوڵاکان نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت و ڕێککەوتین لەسەرئەوەی دوژمنکارییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەبێت ڕابگیرێن." هاوکات مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، وتی: لە پشت هەر گروپێکی تیرۆریستییەوە، لە پشت هەر کارێکی توندوتیژییەوە، لە پشت هەر چالاکییەکی ناسەقامگیرکەرەوە، لە پشت هەر شتێکەوە کە مەترسی لەسەر ئاشتی و سەقامگیری ملیۆنان کەس دروست بکات لەم ناوچەیەدا ئێرانە. نەتانیاهۆ ئەوەشى وت ئیسڕائیل "بە توندی لە ئێرانی داوە" لە ماوەی 16 مانگی جەنگەکەی ناو غەززەدا دژی حەماس، وتیشی بە پشتیوانی ترامپ "هیچ گومانێکم نیە لەسەر ئەوەی دەتوانین و کارەکە تەواو دەکەین." وتی ئیسڕائیل حزبوڵای لە باشووری لوبنان لاواز کرد و سەدان ئامانجی لە سوریا پێکاوە لە هەوڵیدا بۆ ڕێگریکردن لە کردنەوەی بەرەیەک لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە دژی ئیسڕائیل. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، سەرۆک وەزیرانى حکومەتى ئیسرائیل، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، ئێستا، ئەگەر هەر هێزێکی دیکە باوەڕی وابێت کە ئیسڕائیل ڕێگە بە هێزی دوژمنکاری دیکە دەدات سوریا وەکو بنکەیەک بۆ ئۆپەراسیۆن دژمان بەکاربهێنێت ئەوا زۆر هەڵەن.
