ڕۆژنامەنوس هونەر ئەحمەد، ڕایدەگەیەنێت، ماوەی دوو رۆژە تورکیا ھێرشەکانی چڕ کردوەتەوە پلانی داگیرکردنی کۆبانی ھەیە، چاوەڕوانی ئۆکەی ترەمپە. لەپەیامێکى ڤیدیۆییدا، هونەر ئەحمەد ڕۆژنامەنوس کە ئێستا لەڕۆژئاوى کوردستانە لەپەرەى تایبەتى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسوک دەڵێت: ماوەى دووڕۆژە تورکیا لەڕیگەى گروپە نزیکەکانى خۆیەوە، هێرشى بەرفراوانى دەستپێکردوە بۆ سەر بەنداوى تشرین و عەین عیساو تەلتەمرم و ناوچەکانى دەوروبەرى. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا دەشڵێت: ئەم هێرشانە هاوکاتە لەگەڵ هێنانى هێزى زیاتر بۆ ناوچە سنوریەکانى سەرێکانى و گرێ سپى، تورکیا ئامادەکاریدەکات، لە ئەگەرى هاتنە سەر دەسەڵاتى ترەمپ، باوەڕى پێبهێنتێت تورکیا ئۆپراسیۆنێک بکات و هەمووشتێک ئامادەبێت، بۆ ئەوەى لەماوەیەکى کەمدا ئەوەى تورکیا بیرى لێدەکاتەوە، هێرش بۆ سەر کۆبانێ دەستپێبکات. ئەو ڕۆژنامەنوسە جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە بەبڕواى ئەو لەیەکەم رۆژى هێرشى ئەو گروپانە لە رۆژئاواى کوردستان، بەهەرجۆرو نرخێک بووە کۆبانێ داگیربکات، ئەوەى لەساڵى ٢٠١٤وە لە ڕێگەى داعشەوە پێى نەکرا ئێستا لەڕێگەى ئەو گروپانەوە بیکات. هونەر ئەحمەد لەدرێژەى قسەکانیدا دەڵێت: تورکیا لەهەموو لایەکەوە ئەو گروپانەى بڵاوکردوەتەوە ئەوەى کە تەنها ماوەتەوە ڕەققەیە، بەکەوتنى ئەویش کۆبانێ بەتەواوەتى گەمارۆ دەدرێت، کە ئەمەش ئەوەیە تورکیاو خودى ئەردۆغان هەوڵى بۆ دەدەن. هاوکات ئەو ڕۆژنامەنوسە، باس لەگرنگى ناوچەى بەنداوى تشرین دەکات، دەڵێت: گرنگى زۆرى هەیە، چونکە ئاوى حەلەب و ناوچەکانى دیکەى دابین دەکات، بەدەر لەوەش کارەباى لێ بەرهەم دەهێنرێت. هونەر ئەحمەد ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لەساڵى ٢٠١٧ گروپەکانى نزیک لەتورکیا بەپاڵپشتى فرۆکە جەنگیەکانى تورکیا، هێرشیان سەر گرێ سپى و سەرێکانى، دەستیان بەسەر پرۆژەى ئاوى عەلوبدا گرت، ئەو پرۆژەیە ئاوى حەسەکەو دەوروبەرى دابیندەکات، ئێستا لەحەسەکە هەرماڵیک مانگانە ٤٥٠ تا ٥٠٠ هەزار لیرەى سوریى ئاو دەکڕێت، کە ئەوئاوەش تەنها بۆ پاککردنەوەى ناوماڵ و کەلوپەل بەکاردەهێنرێت و جگە لەوەش دەبێت ئاو بکڕن و سەدان بیریش لەحەسەکە لێدراون، سەرەتاکانى وشکە ساڵى دەستیپێکردوەو کەمترین دەغڵ دان دەچێنرێت. هونەر ئەحمەد دەشڵێت: کوردیش بەھەمان شێوە چاوەڕوانی ترەمپە بۆ کۆتایی ھێنانی جەنگ و راگرتنی تورکیا، دیار نییە ترەمپ کورد ھەڵدەبژێرێت یان تورکیا، ئەو بڕیارە چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان دیاری دەکات.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت بڕیارمانداوە بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم شاندە پەرلەمانییەکان گەشتى سەرجەم ئەندامان، هەروەها گەڕانەوەیان بۆ کارکردن بە دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەسەر پڕۆژە یاساکان و چالاککردنی داواکارییەکانی لێپرسینەوە لە وەزیرەکان. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمان، ئەمڕۆ یەکشەممە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەى خستەڕوو مەحمود مەشهدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتی سەرجەم ئەندامان و وەفدی پەرلەمانی دەرکردووە. راگەیەندراوەکەى ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمان، ئاماژەى بەوەشکردووە، مەحمود مەشهدانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانی لە هۆڵی دەستووری لە هۆڵی پەناگیری پەرلەمان کرد، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخی نەبوونی ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکانی پەرلەمان. بەپێى راگەیەندراوە مەشهەدانی جەختی لە پێویستی بەردەوامبوونی پەرلەمان لە گرێدان بە دانیشتنەکان کردەوە، کە ڕۆڵی یاسادانان و چاودێری دەبینێت و گەلی عێراق چاوەڕێی دەکەن بەو یاسایانەی پەیوەندییان بە پێداویستی و بژێوی ژیانیانەوە هەیە وەک پەسەندکردنی یاسای بودجە و یاساکانی تر کە تایبەتن بە هەندێک دەزگای ئەمنی و یاسایی لێبوردنی گشتی و باری کەسێتی. هەروەها دەشڵێت: سەرۆکی پەرلەمان لە ڕۆژانی داهاتوو لەبەردەم پەسەندکردن و گفتوگۆ کردنی چەند یاساێکی پەرلەمانیە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، سەپاندنی سزای دارایی بە بڕی یەک ملیۆن دینار لەسەر ئەو پەرلەمانتارەی کە ئامادەی یەک دانیشتن نابێت، و بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی کە ئامادە نابن لە ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمان. لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بڕیار درا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم شاندە پەرلەمانییەکان، هەروەها گەڕانەوە بۆ کارکردن بە دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەسەر پڕۆژە یاساکان، چالاککردنی داواکارییەکانی لێپرسینەوە لە وەزیرەکان. ڕاگەیەندراوەکە "مەشهەدانی" داوای لە لایەنە سیاسییەکان کردەوە بە پێویستی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییان لە پابەندبوونی پەرلەمانتارانیان بە ئامادەبوون لە دانیشتنەکان و تەواو کردنی ڕێژەی یاسایی و بەشداری چالاکانەیان لە پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی کە لە بەرژەوەندی وڵاتدان.
بزوتنەوەى حەماسی فەلەستینی ڕایدەگەیەنێت لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا لەگەڵ ئیسڕائیل ئەمرۆ یەکشەمە سێ بارمتەی ژنی ئیسڕائیلی ئازاد دەکات. ئیسڕائیل ناوەکانی سێ ژنەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوەو ڕەنگە تاوەکو ڕادەست نەکرێن دوای کاتژمێر ٦ ی دوانیوەڕۆ ناوەکانییان پشتڕاست نەکاتەوە، بەڵام کۆڕبەندی بارمتە و خێزانە بێسەروشوێنەکان ناوی ئەو سێ ژنەیان ئاشکرا کردووە. ڕۆمی گۆنین گۆنینی سەماکار، تەمەنی 23 ساڵ بوو کاتێک چەکدارەکانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا لە ڤیستیڤاڵی نۆڤا ڕفاندییان. گۆنین چەندین کاتژمێر لەگەڵ هاوڕێکانیدا خۆی لە چەکدارەکان شاردبووەوە، پێش ئەوەی تەقە لەسەریی بکرێت. لەو کاتەدا لە ڕێی تەلەفونەوە قسەی لەگەڵ خێزانەکەیدا دەکرد و خێزانەکەی گوێیان لێبووە وتوویەتی " ئەمڕۆ من دەمرم." دوایین شت کە خێزانەکەی گوێیان لێبووە ئەوە بووە کە چەکدارەکان بە عەرەبی وتوویانە " لە ژیاندا ماوە با بیبەین." دواتر تەلەفونەکەی شوێنێکی داوە لە کەرتی غەززەدا. دۆرۆن شتاینبرێچەر شتاینبرێچەر پەرستارێکی ڤێتێرنەری تەمەن 30 ساڵ بوو کە لە ماڵەکەی خۆیەوە لە کیبوتس کفار ئازا ڕفێندرا بۆ غەززە، کفار ئازا یەکێکە لەو کۆمەڵگایانەی کە لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسدا بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. چەند کاتژمێرێک دوای دەستپێکردنی هێرشەکە پەیوەندی بە دایک و باوکییەوە کردووە و پێی وتوون کە ترساوە و چەکدارەکان گەیشتوونەتە باڵەخانەکەی. دواتر نامەیەکی دەنگی بۆ هاوڕێکانی ناردوو و وتوویەتی " ئەوان گەیشتوون، دەمگرن." ئێمیلی داماری داماری تەمەن 28 ساڵی ئیسڕائیلی - بەڕیتانیایی، لە ماڵەکەی خۆی لە کیبوتس کفار ئازا ڕفێندراوە. داماری لە لەندەن گەورە بووە و هاندەری تیپی تۆپی پێی تۆتنهام هۆتسپێرە. دایکی دەڵێت فیشەک لە دەستی دراوە و بریندار بووە و چاوی بەستراوە و لە دواوەی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بەستراوەتەوە و بەرەو غەززە ڕفێندراوە.ت
وەزیری نوێی بەرگری سوریا، ڕایدەگەیەنێت گونجاو نابێت بۆ هێزە کوردییەکان کە ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە پشتیوانییان لێدەکات هێزە سەربازییەکەی خۆیان لە نێو هێزە چەکدارەکانی سوریادا بهێڵنەوە. مورهاف ئەبو قەسڕە لە وەزارەتی بەرگری سوریا بە ڕۆژنامەنووسانی وت: سەرکردایەتی هێزە کوردییەکان، کە بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ناسراون، مامەڵەکردنییان لەگەڵ پرسە ئاڵۆزەکەدا دواخستووە. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە گفتوگۆدان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریادا کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە تورکیاوە سەرکردایەتی دەکرێت و لە 8 ی مانگی دوانزەدا ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدییان ڕووخاند. سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک مەزڵوم عەبدی وتوویەتی کە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانییان بەڕێوبەرایەتییەکی لامەرکەزییە، هەفتەی ڕابردوو لە چاوپێککەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی سعودیەدا وتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کراوەن بە ڕووی ئەوەدا بخرێنەسەر وەزارەتی بەرگری سوریا وەکو " کوتلەیەکی سەربازیی " و بەبێ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکە. ئەبو قەسڕە ڕۆژی یەکشەممە ئەو داواکارییەی ڕەت کردەوە و وتی " ئێمە دەڵێن ئەوان بێنە ناو وەزارەتی بەرگرییەوە لە نێو هەڕەمی وەزارەتی بەرگریدا و بە شێوازێکی سەربازیی دابەش بکرێن، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەوەدا نیە." وتی " بەڵام ئەوەی کە ئەوان وەکو کوتلەیەکی سەربازیی بمێننەوە لە نێو وەزارەتی بەرگریدا، گونجاو نیە." یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەبو قەسڕە لە دوای ئەوەی پۆستەکەی وەرگرت ئەوە بووە کە سەرجەم ئەو گروپانەی کە دژی بەشار ئەسەد بوون یەکبخرێن و ببنە پێکهاتەیەکی فەرماندەیی یەکگرتوو. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و ڕۆڵێکی گرنگییان هەبووە لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعشدا.
وەزارەتی دارایی حکومەتى عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند دەستکراوە بە ڕێکارەکانی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەتەکان و هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی یەکى ئەمساڵ. بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتى دارایی، بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی، دەستی کردووە بە ڕێکارەکانی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی یەک (کانوونی دووەم)ی ئەمساڵ. لەبەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى دارایی ئاماژە بەوەدراوە: بەڕێوەبەرایەتییەکە داوای لە یەکە ژمێریارییەکان لە وەزارەت و پارێزگاکان و دامەزراوە سەربەخۆکان کردووە کە نوێنەرەکانیان بنێرن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندانیان، لەگەڵ ڕەچاوکردنی پابەندبوون بە خشتەی مانگانەی پەسەندکراو و جێبەجێکردنی هەموو پێداویستییە داواکراوەکانی مووچە. دابەشکردنى مووچەى مانگى یەک لە وەزارەتەکانى حکومەتى عێراق، لەکاتێکدایە هێشتا مووچەخۆرانى حکومەتى هەرێم و هێزە ئەمنیەکان مووچەى مانگى ١٢ى ساڵى ڕابردوویان وەرنەگرتووە ناشزانرێت دابەشدەکرێت یاخود نا. بڕیاریشە ئەمڕۆ شاندێک بۆ پرسی مووچە، رێککەوتنی نوێ و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و لەگەڵ تایف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە. شاندەکە پێکدێت لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
لەڕاگەیەندراوێکیدا دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایدەگەیەنێت لەشاری هەولێر ژنێک لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی لەلایەن براکەیەوە دەکوژرێت و هەڵدێت، لە شاری کۆیە خۆی حەشاردابوو بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا لە ٢٠٢٥/١/١٥ تۆمەتبار دەستگیرکراو ئەو چەکی تاوانەکەی پێ ئەنجامدرابوو دەستیبەسەرداگیرا. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایش ڕۆژی ٢٠٢٥/١/١١ لەشاری هەولێر بەهۆی کێشەی خێزانییەوە ژنێک بەناوی(ژ، ی، ت) لەلایەن براکەیەوە دەکوژرێت و پاش ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبار هەڵدێت. دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەپێناو دەستگیرکردن و دۆزینەوەی تۆمەتبار دەستبەجێ بەدواداچوونی ورد لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی تەکنەلۆجیای زانیاری ئەنجام دەدات و دوای بەدەستهاتنی زانیارییەکان دەردەکەوێت تۆمەتباری رووداوەکە لە شاری کۆیە خۆی حەشارداوە و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا لە ٢٠٢٥/١/١٥ تۆمەتباری بکوژ بەناوی(ت، ی، ت) دەستگیربکەن و ئەو چەکی تاوانەکەی پێ ئەنجامدرابوو دەستیبەسەرداگیرا. لەئێستادا تۆمەتبار بەماددەی (٤٠٦) لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی بەردەوامە.
ــ ٢٣٠ کارمەندن ماوەى هەشت ساڵە بەخۆبەخشانە کاردەکەن ــ ئەو ساڵانەی وەک خۆبەخش کارمان کردووە، بە خزمەت بۆمان ئەژمار بکرێت ــ نەخۆشخانەی هیوا 2007 کراوەتەوە تایبەتە بە چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە ماوەى هەشت ساڵە ٢٣٠ کارمەندى خۆبەخش لەنەخۆشخانەى هیوا لەشارى سلێمانى دەوام دەکەن، ئەمرۆ یەکشەمە بەشێک لەو کارمەندانە لەبەردەم نەخۆشخانەکە گردبوونەوە داوایانکرد دابمەزرێت و بکرێن بە هەمیشەیی. ئەو خۆبەخشانە لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەکیان خوێندەوەو تیایدا چەند داواکارییەکیان ئاراستەی سەرۆکایەتى پەرلەمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کرد. رێبین عومەر، وەک نوێنەری خۆبەخشانی نەخۆشخانەی هیوا، وتى: ئەم ٢٣٠ کارمەندە زیاتر لە هەشت ساڵە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی حکومەتەکەمان، خۆبەخشانە و خۆنەویستانە بەوپەڕی توانامانەوە کارمان کردووە، ئێستاش بە پێویستی دەزانین بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر و خزمەتکردنی باشترمان، لەگەڵ گۆڕانکارییە داراییەکان هەوڵێکی جیدیتر بۆ ئێمەش بدرێت. نەخۆشخانەی هیوا ساڵی 2007 لە سلێمانی کراوەتەوە و تایبەتە بە چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە. ئەوان لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیاندا زۆر جەختیان لەسەر دامەزراندن بە شێوەی هەمیشەیی کردەوە، لەبەشێکى دیکەى کۆنگرەکە ڕایانگەیاند: پێویستە ئەو ساڵانەی وەک خۆبەخش کارمان کردووە، بە خزمەت بۆمان هەژمار بکرێت، چونکە وەک خۆبەخشێک ئەوە سەرەتاییترین مافی خۆمانەو لەو ماوەیەدا بەبێ جیاوازی، هاوشێوەی هاوڕێ دامەزراوەکانمان دەواممان کردووە.
ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ڕایدەگەیەنن، لەوەڵامى بۆردومانەکانى تورکیاى داگیرکار، لە باشووری مەنبەج ژمارەیەک چەکدار کوژران و ئۆتۆمبێلەکانیان تێکشکێنراون. بەپێى راگەیەندراوەکەى هەسەدە کە ئەمرۆ یەکشەمە، بڵاویکردەوە دەڵێت تورکیا بەردەوامە لە دەستدرێژییە ئاشکرا و ئاشکراکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، و هەموو ڕۆژێک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات، بە بۆردومانکردنی گوندەکانز هەسەدە دەڵێت: بەرەبەیانی شەممە و تائێوارە، داگیرکاریی تورکیا بە بۆردومانێکی سەرەتایی بە تۆپخانەی قورس لەسەر گردەکەی بەردەم گوندی "خربەت ئەلزەمالە" لە بەنداوی تیشرین دەستی پێکرد، پاشان بەکرێگیراوەکان دەستیان بە هێرش کروە، شەڕڤانان ڕووبەڕوویان بوونەوەو ژمارەیەک کوژران و برینداریان هەبوەو ئەوانی دیکە هەڵهاتن، پشتڕاستکرایەوە ٣ بەکرێگیراو کوژراون. ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، کاتێک بەکرێگیراوەکان هەوڵیانداوە تەرمی مردووەکانیان ببەن، بە درۆن سێ گردبوونەوەی بەکرێگیراوان و ئۆتۆمبێلەکانیان کراوەتە ئامانج، ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی سەربازو پیکابێکێک بووە بەهۆیەوە ژمارەیەک بەکرێگیراو کوژران و برینداربوون. هەروەها دەشڵێن لە دەوروبەری گردی "سیریاتێل" تانکێک و ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری چەکی دوشکەی دوژمن، کرایە ئامانج و شەڕڤانان دوو بەکرێگیراویان کردە ئامانج و بەدڵنیاییەوە هەردووکیان لێیاندراوە. لە بەرەی دێر حەفەر؛ بەکرێگیراوان بە گولـلە هاوەن خاڵێکی پشکنینی ناوچەکەیان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە هاووڵاتییەکی مەدەنی بریندار بوو.
ئاژانسى رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بڕیاربوو سەرلەبەیانى ئەمرۆ یەکشەمە، ئاگربەست لە غەززە دەستپێبکات، بەڵام حەماس ناوی ئەو بارمتانەی کە بڕیارە ئازاد بکرێن، هێشتا بڵاونەکردوەتەوە، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، ئاگربەستەکە دەستپێناکات تاوەکو حەماس لیستی بارمتەکان پێشکێش نەکات. ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بڕیاربوو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ماوەی 470 ڕۆژە شەڕو پێکدادان بەردەوامە، بزوتنەوەى حەماس لە ڕاگەیەندراوێکیاندا دەڵێن دواکەوتنی ناوی ئەو بارمتانەی کە بڕیارە ئازاد بکرێن، بەهۆی "هۆکاری تەکنیکى" بووە. سووپای ئیسرائیلیش دەڵێن: بە مەرجێک حەماس ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکات، ڕێککەوتنی ئاگربەست ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی کردبوو، ئەگەر حەماس لیستی ئەو بارمتانە دەستگیرکراوانە ڕادەست نەکات کە پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ ئازادبکرێن. لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، لە قۆناغی یەکەمدا کە بۆ ماوەی ٦ هەفتە درێژدەبێتەوە، ئازادکردنی ٣٣ دەستگیرکراوی ئیسرائیلی لە غەززە. لەبەرامبەردا ئیسرائیل ٧٣٧ زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات و ئازادکردنی پێش کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ئەنجام نادرێت. ئێوارەی ئەمڕۆ سێ زیندانی ژنی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن و بۆ هەر دەستگیرکراوێکی ئیسرائیلیش ٣٠ زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکرێن. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بزووتنەوەى حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە: حەماس پابەندبوونی خۆی بە مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست دووپات دەکاتەوە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات دواکەوتنی ڕادەستکردنی ئەو ناوانەی کە لە وەجبەی یەکەمدا بڵاودەکرێنەوە، دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری تەکنیکی. بەڵام پێش دەستپێکردنی ئاگربەستەکە، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا رایگەیاند، ئاگربەست لەکاتی خۆیدا دەستپێناکات، هەتاوەکو حەماس ناوی سێ بارمەتە ئازادکراوەکەی ئەمڕۆیان پێشکێش نەکات. پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل دەستیکردووە بە کشانەوەی ئۆتۆمبێلەکانی لە ناوەندی شاری ڕەفەحەوە بۆ میحوەری فیلادیفیا لەسەر سنووری میسر. ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند کە فەوجی ٩٣٢ی لیوای نەهال لە کەرتی غەززە کشاونەتەوە.
مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دووپاتی کردەوە کە هێزەکەیان بڕیاری ڕادەستکردنی چەکەکانیان یان هەڵوەشاندنەوەی خۆیان نەداوە، بەڵکو دەیانەوێت بچنە ناو سوپای داهاتووی سوریاوە. هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی هەر ڕێگایەکی تر جگە لە دانوستان لەسەر پرسی یەکگرتنەوە هێزەکان بۆ ناو وەزارەتی بەرگری کێشەی گەورەیان لێدەکەوێتەوە، بەپێی دەربڕینەکانى ئەو. لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە، مەزڵوم عەبدى ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بانگهێشت نەکراون بۆ کۆبوونەوەى یەکخستنی گروپەکان لە وەزارەتی بەرگری، هەروەها ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ گروپەکان پەیوەندییان بەوانەوە نییە چونکە ئەوان بەشێک نین لەو گروپانە. ههروهها ئهوهشى خستهڕوو پێشنیازی پێکهێنانی لیژنهیهكى سهربازى هاوبهشیان كردووه بۆ لێكۆڵینهوه له پرسى یهكگرتنهوهى هێزهكان، ئهویش دژى ئهو بیرۆكهیه كه سوریا خاوهنى دووسوپاى جیاوازبێت. فهرماندهى ههسهده، ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکی نوێی ئیدارە، ئەحمەد شەرع، بە کردار دیاری دەکرێت نەک بە قسە، سەبارەت بە بوونى هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا ڕوونی کردەوە کە بوونیان گرنگە بۆ لێک نزیککردنەوەی دیدگاکان. مەزلوم عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ دابین نەکردوون، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویست بە چەک لە ئێرانەوە ناکات. ناوچە بەرفراوانەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر کۆنترۆڵی ئەو ئیدارە خۆسەرەدایە کە لەدوای سەرهەڵدانی ململانێکان لە سوریا لە ساڵی 2011 لەلایەن کوردەکانەوە دامەزرا، هەروەها کشانەوەی هێزەکانی حکومەت لێیان بەبێ ڕووبەڕووبوونەوە. ئەو کوردانەی ڕووبەڕووی داعش بوونەتەوە، دامەزراوەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و سەربازییان بنیات ناوە، بە درێژایی ساڵانی ململانێ، هەوڵی پاراستنی دەستکەوتەکانیان دەدا، لە کاتێکدا حکومەتی پێشوو تۆمەتباریان دەکرد بەوەی مەیلی "جیاخوازی"یان هەیە. شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بڕبڕەی پشتیان شەڕڤانانی کوردە و واشنتۆن پشتیوانی دەکات، لە 30ی کانونی یەکەمدا لەگەڵ سەرۆکی ئیدارەی نوێی دیمەشق، ئەحمەد شەرع، لە یەکەم دانوستانی نێوان هەردوولا لە دوای دەرکردنی بەشار ئەسەد لە سەرەتای ئەو مانگەدا.
ئاژانسى فرانس پرێس شیکەرەوەیەکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا (سی ئای ئەی) دانی بە تاوانەکەیدا نا و ڕایگەیاند زانیاری ئاشکرا کردووە لەسەر هێرشە پلان بۆ داندراوەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران. لە مانگی یانزەدا چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی بەڵگەنامەی نهێنی لە ئەپی نامەناردنی تێلیگرامدا بڵاوبوونەوە، ئاسیف ڕەحمانی تەمەن 34 ساڵ لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکاوە دەستگیرکرا. ئاسیف ڕەحمان لە دادگای فیدڕاڵی لە ڤێرجینیا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە بە دوو تۆمەت، تۆمەتەکانیش بریتین لە هێشتنەوە و گواستنەوەی زانیاری نهێنی پەیوەست بە بەرگری نیشتمانییەوە کە هەریەکێک لەو تاوانە سزاکەی 10 ساڵ زیندانیکردنە. داواکاران دەڵێن ڕەحمان کە لە ساڵی 2016 ەوە کارمەندی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکایە، سوودی لە دەستڕاگەیشتنی بە زانیارییە نهێنییەکان وەرگرتووە، ئەوەش لە ڕێی دەستڕاگەیشتن و لابردن و کۆپی کردنی دوو بەڵگەنامەی پەیوەست بە هێرشە پلان بۆ داندراوەکەی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر ئێران. دواتر بەڵگەنامەکانی لەگەڵ کەسانێکدا هاوبەش کردووە کە مۆڵەتییان نەبووە ئەو زانیارییانە وەربگرن. دوو بەڵگەنامەکە کە لە مانگی 10 دا دزەیان پێکرا، ئاماژەیان بەوەداوە کە ئیسڕائیل هێشتا کەلوپەلە سەربازییەکانی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە موشەکی و درۆنییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل لە 1 ی مانگی 10 دا. لە کۆتایی مانگی 10 دا ئیسڕائیل هێرشێکی ئاسمانی تۆڵەسەندنەوەی کردە سەر بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران و کارگەکانی دروستکردنی موشەک لە ئێراندا. لە نوسراوەکانی دادگادا ئاماژە بەوە دراوە کە بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئیسڕائیل پلانەکانی بۆ هێرشکردن دوابخات.
بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی دادى پارێزگاى کوردستان (سنە) ڕایگەیاند: لە ناوەڕاستى مانگى سێ وە تا ناوەڕاستى مانگی یەکى ئەمساڵ واتە (١٠) مانگ، ٣٩٩ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لەسنورى ئەو پارێزگایە تۆمار کراوە، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵى ڕابردوو بە ڕێژەی ١٠% زیادی کردووە. بێهزاد غەزانفەر پوور، بە ئاژانسى ئیرناى ئێرانى ڕایگەیاندوە: لە کۆی ئەو ٣٩٩ کەسەی کە بە ڕووداوەکانى هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، ٨٩ کەسیان ژن و ٣١٠ کەسیان پیاو بوون. بەڕێوەبەرى پزیشکى دادى سنە، ئاماژەی بەوەشکرد لە ماوەى ١٠ مانگى ڕابردوودا، 28 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی سوتانەوە لە سنورى سنە ڕوویداوە، کە 13 یان ژن و 15یان پیاو بوون، لەکاتێکدا ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 16% زیاترە. بێهزاد غەزانفەر پوور، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی دادی لە کوردستان، ژمارەی ڕووداوى خنکانى لە ١٠ مانگدا بەمجۆرە خستەڕوو دەڵێت: ١٣ ڕوداوى خنکا هەبووە، ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 40% کەمیکردووە. ئەو بەر پرسە حکومیە ئەوەشى ئاشکراکرد، حەوت کەس بەهۆى لێدانی کارەباوە، 12 کەسیش بەهۆی ژەهراویبوون بەغاز گیانیان لەدەستداوە، هەروەها وتیشى: لە ١٠ مانگى رابردوو لەکۆی 963 رووداو کە رەوانەى پزشکى دادى کراون، 143 یان بە هۆکاری سروشتی گیانیان لەدەستداووە.
عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، لە وەڵامی کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەی شاسوار عەبدولواحید لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆی دەڵێت: دەستبەرداری فێڵ و فریودان نابێت، بە فێڵێکی ساختەی عاتفی دەیەوێت ئەوەی تورکیا داپۆشێت، لە کۆتاییشدا دەڵێت ئەنجام دەبینین. لەنوسینێکیدا لە پەرەى تایبەتى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک عەلى حەمە ساڵح، سەرۆکى ڕەوتى هەڵوێست وەڵامى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوێى داوەتەوە. ئەو دەڵێت: بەفێڵێکى ساختەى عاتیفى دەیەوێت ئەوەى تورکیا دابپۆشێت ئەنجام دەبینین، وتیان: ڕۆشتین لەگەڵ جێگری هاکان فیدان کۆبوینەوە بۆ تەشکیلی حکومەت! دەڵێ: لەگەڵ پارتی دانوستانمان کردوەو تائێستا شەش کورسیان پێداوین!، سەرباری هەڕەشەو فشاری یەکێتی، ناڵێت: لە دانوستان کشاوینەتەوە!، دەزانن ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاری بکرێت، لیستی یەکەم سەرەتا ڕادەسپێرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت (پارتیە). عەلى حەمەساڵح لەکۆتاییدا دەڵێت: ئێمەو یەکگرتووش ژمارەمان لەگەڵ یەکێتی کۆبکرێتەوە هەر لە پارتی زیاتر نابێ! ئیتر چۆن تەکلیف دەکرێت!. ئێوارەی ئەمرۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندبوو لەم دۆخەدا بەشداری حکومەت ناکەین و وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە، ئەوەشى خستەڕوو با لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆک وەزیران رێکبکەون ئێمە دەنگیان پێدەدەین و پۆستیشمان ناوێت.
فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق دەڵێت، کاتێک سەردانى تارانمان کرد لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق، بە ئێرانیەکانمان وت پرسەکانمان بە تەنیا خەمی عێراقییەکانە، هەندێک هەڵوێستی ئێران کە لە میدیاکانەوە لەسەر هەندێک بابەت بڵاودەکرێنەوە، پێچەوانەی دیدگای ئێمەن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت بڕیاری کۆتایی عێراقی بێت. لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەى شەرق ئەوسەت، فواد حسێن وەزیری دەرەوەى عێراق، رایدەگەیەنێت عێراق لە شەڕ ڕزگاری بووە، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی مەترسیی شەڕ بووەتەوە، هەروەها وتیشى: ئێستا جیهان بەشێوەیەکی تر دەڕوانێتە ئێمە، بەڵام عێراقییەکان کێشەکانیان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان هەیە، هیچ کەسێک جگە لەوان چارەسەری ناکات، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش لەگەڵیان ناکۆک بێت، یان سەرۆکی ئەمریکا کە هیچ سۆزێکى بۆ بەغدا و تاران نییە. فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق دەڵێت، کاتێک هەشتى ئەم مانگە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق، چوینە تاران، لەسەر پرسەکا ناوخۆییەکانى عێراق بەوانمان وت پرسەکانمان بە تەنیا خەمی عێراقییەکانەو دەبێت دوابڕیار عێراق بیدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە دەستمان بەم کەیسە کردووەو پێویستمان بە ماوەی دیاریکراو هەیە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام. ڕوونە کە ئێمە بە هەندێک میکانیزمەوە پابەندین و پێشنیاری جیاواز هەیە. ئەو وتیشى: بۆ نموونە گروپەکان بەشێک بن لە هێزەکانى بەرگرى و یاسایی بن، هەروەها تێزێکی تر هەیە کە داوا دەکات چەکەکانیان ڕادەست بکەن تەنها ببنە قەوارەی سیاسی، بیرۆکە زۆرن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت بگەینە تێگەیشتنە ناوخۆییەکان و خۆمان لە دروستکردنی دۆخێک بەدوور بگرین کە ڕەنگە خوا نەکات شەڕی ناوخۆیی لێبکەوێتەوە ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە. فوئاد حسێن ئاماژە بەوەدەکات، 2024 بۆ ئەوان زۆر قورس بوو، وتى: چونکە ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵات و ئەو وڵاتانەدا دەکرد کە پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵدا نییە ئێستا عێراق لە ناوچەیەکدایە کە ئاگرەکە هێشتا دەسووتێت. پرسیارەکە هەر ماوەتەوە: چۆن خۆت لەم ئاگرە دەپارێزیت؟ ئەو هەوڵانەی ساڵی ڕابردوو دامان لە ماوەی داهاتوودا دوو هێندە دەبێت، لە پێناو پاراستنی عێراق لە دۆخێکی سەقامگیریدا، دوور لە شەڕ و ململانێکان.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لەم دۆخەدا بەشداری حکومەت ناکەین و وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە، ئەوەشى خستەڕوو با لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆک وەزیران رێکبکەون ئێمە دەنگیان پێدەدەین و پۆستیشمان ناوێت. ئەمڕۆ شەممە ١٨ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەربارەی بەشداریکردن لەحکومەت کۆبوونەوەو لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییەدا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەگەر تا چوارشەممەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان کۆنەبێتەوە، ئەوا محەمەد سلێمان، سەرۆکی کاتی ئێستای پەرلەمانی کوردستان. دەست لەکار دەکێشێتەوە. شاسوار عەبدولواحید، وتیشى: بۆ پێکهێنانی حکومەت، یەکێتی جارێک و پارتی دوو جار سەردانی کردوون، بەڵام ئەوان بڕیاری خۆیان داوە و وەکو ئۆپۆزیسیۆن دەمێننەوە. سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، شاندی پارتی پێیان گوتوون جگە لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئامادەن گفتوگۆ لەسەر هەموو پۆستەکانی دیکە بکەن، "بەڵام ئێمە بڕوامان بەو قسانە نییە و ناچینە حکومەتێکەوە ئەگەر دەسەڵاتمان نەبێت". بەوتەی شاسوار عەبدولواحید، بەڵێنیان پێدراوە وەزارەتەکان بە هەموو پۆستەکانی دیکەوە بە نەوەی نوێ بدەن، 30 بەڕێوەبەری گشتی، 20 وەکیل وەزیر و چەندین پۆستی دیکە، بەڵام "متمانەمان نییە" و بەشداری لە حکومەت ناکەن. سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوە کرد، پارتی رازی بووە 6 وەزارەتیان پێبدات بە تەواوی پۆستەکانەوە، بەڵام قبووڵیان نەکردووە. وتیشی، جگە لە وەزارەتەکان، پێشنیازی 50 پۆستیان بۆ کراوە. شاسوار عەبدولواحید لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وتیشى: دەمانەوێت حکومەتى داهاتوو کێشەکان چارەسەر بکات بەتایبەتى کێشەى مووچە لەگەڵ بەغدا.
