مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ڕایدەگەیەنێت کۆبونەوەکەیان لەگەڵ  فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی (سنتكۆم)، كۆبونەوەیەکى  گرنگ بووە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای سوریاو ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دژی داعش. لەچەند رۆژى رابردوودا، جەنەڕاڵ مایكل كۆریلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سنتكۆم)، سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبویەوە. لەتۆڕى کۆمەڵایەتى  (ئێكس) مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات نوسینێکى بڵاوکردوەتەوە دەڵێت: بەم دواییانە چاومان كەوت بە جەنەڕاڵ مایكل كۆریلا، جەنەڕاڵ لایهی كیڤن، فەرماندەی هێزی هاوبەشی پێداگری پۆڵاین، جەنەڕاڵ مایكل برۆكس، فەرماندەی هێزی ئەركی هاوبەشی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكان لە وڵاتی شام. فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاماژە بەوەدەکات:  لەو کۆبونەوەیە جەختیان لە هەوڵە نێودەوڵەتیان كردەوە بۆ سەرلەنوێ‌ ئامادەكردنەوەی خێزانەكان لەناوی كەمپی هۆل و كۆنتڕۆڵكردنی زیندانەكان. هەروەها دەڵیت جەختمان لە گرنگی بەهێزکردنی هاوبەشییەکە و ڕۆڵی ئەمریکا لە بەدیهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا کردەوە. پێشتریش فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندبوو، مایکل کۆرێلا سەردانی سووریای کردووە و لەگەڵ فەرماندەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبووەتەوە، هەڵسەنگاندنێکی گشتی بۆ شەڕی داعش و ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە سوودوەرگرتن لە دۆخی ئێستای سووریا کردووە.

ئەحمەد شەرع ناسراو بە جۆلانی سەرۆکی حکومەتی کاتى سوریا، ڕایگەیاند پێشڕەوی ئیسرائیل لەسەر خاکی سوریا، بەهۆی بوونی هێزەکانی ئێران و حزبوڵای لوبنان بووە،  ئەوان دوای ئازادکردنی دیمەشق، بە هیچ شێوەیەک لە سوریا بوونیان نەماوە. ڕۆژی پێنجشەممە، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر گەیشتنە دیمەشق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شانبەشانی ئەحمەد شەرع ڕەخنەی لە پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی پارێزراو گرت، داوای کشانەوەی خێرای هێزەکانی کرد. مانگی ڕابردوو ئیسرائیل یەکە سەربازییەکانی ڕەوانەی ناوچەی پارێزراوکرد بەدرێژایی بەرزاییەکانی جۆلان دەڕوات و سوریا و ئیسرائیل لەیەکتر جیادەکاتەوە. ئەم ناوچەیە بە فەرمی وەک ناوچەیەکی ناسەربازی وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاگربەست بە ناوبژیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1974 دەستنیشان کراوە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتر جەختی لەوە کردبووەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی ئەمنی سنووری سووریا، بەتایبەتی لە لوتکەی چیای هرمون، "تا ئەو کاتەی ئاسایشی ئیسرائیل مسۆگەر دەکرێت، دەمێننەوە". کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانێکە لایەنگرێکی سەرەکی ڕژێمی بەشار ئەسەد بووە و سووریا وەک ڕێڕەوێکی وشکانیی گرنگ بۆ گواستنەوەی چەک بۆ گرووپی حیزبوڵا کەڵک وەردەگرێت و چالاکیی بەرفراوانی لە ناوچەکەدا هەبووە. ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی بەریتانی هەفتەی ڕابردوو بڵاویکردەوە زۆربەی هێزەکانی ئێران لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە سووریا کشاونەتەوەو گرووپە چەکدارە جۆراوجۆرەکانیش کە لە لایەن ڕژێمی تاران پشتیوانی دەکران لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد هەڵوەشاونەتەوە. کشانەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سوریا لە لایەن زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسییەوە بە کۆتایی هەوڵە دەیان ساڵەکەی ڕێژیمی تاران دادەنرێت بۆ ئیستغلالکردنی سوریا وەک ناوەندێکی ستراتیژی ناوچەیی بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی و هەڵگیرسانی شەڕی بە وەکالەت لە دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل.

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند حکومەتی عێراق لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپە میلیشیاکان، لە گفتوگۆدایە بۆ داماڵینیان لە چەک و تێکەڵکردنیان بە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە. بەگوێرەی ئاژانسەکە ئەم هەنگاوەی حکوومەتی عێراق لە دوای گۆڕانکارییە بەربڵاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت، لەوانە لاوازبوونی حزبوڵای لوبنان و حەماس کە دوو گرووپی گەورەن کە ئێران پشتیوانیان لێدەکات و هەروەها وەک ڕووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا. بەشێک لە کەسایەتییە دیارەکانی بەڕێوبەڕایەتی داهاتووی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بەڵێنیان داوە کە گوشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران بە گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی توندتر دەبنەوە. بە سەرنجدان بە پەیوەندییە نزیکەکانی میلیشیا شیعەکانی عێراق لەگەڵ حکومەتی ئێران و گۆڕانکارییە بەربڵاوەکانی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا، بەشێک لە بەرپرسانی عێراق نیگەرانن لە سەقامگیری سیاسی لەو وڵاتە. بەڵام فوئاد حسێن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز لەکاتی گەشتەکەیدا بۆ لەندەن ڕایگەیاند باوەڕی بەوە نییە کە زریانی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ڕوو لە عێراق بکات. وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە دوو سێ ساڵ لەمەوبەر باسکردنی چەکداماڵینی گروپە میلیشیاکان لەو وڵاتە "مەحاڵ" بوو، بەڵام لە ئێستادا بوونی گروپە چەکدارەکان لەدەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی ئەو وڵاتە "قبووڵ ناکرێت". فوئاد حسێن، بە ئاماژەدان بەوەی کە زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکان و گرووپەکان دەستیان بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپە میلیشیاکان کردووە لەسەر ئەم پرسە، هیوای خواست ئەو گرووپانە چەکەکانیان دابنێن و بچنە ناو هێزە چەکدارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندییەوە. ئەم لێدوانە وەڵامێکە لە بەغداوە بۆ قسەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی کە لە دیدارێکی لەگەڵ محەممەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند ڕۆژ پێش ئێستا داوای بەهێزکردنی گرووپی میلیشیای شیعەی حەشدی شەعبی کرد. خامنەیی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی وتبوو "حەشدی شەعبی یەکێکە لەو پێکهاتە گرنگانەی دەسەڵات لە عێراقدا کە دەبێت لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێزتر بکرێت". حەشدی شەعبی یەکێک لەو گروپانەیە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت. وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە پەیوەندی بەغدا لەگەڵ واشنتن لە ماوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپدا وتی "هیوادارام پەیوەندییە باشەکانی ئێستا بەردەوام بن"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد هێشتا زووە پێشبینی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ بەرامبەر عێراق یان حکومەتی ئێران بکرێت. ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئەو وڵاتە وەک ناوبژیوانێک لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ئێران و عەرەبستان، وتی "وڵاتەکەی ئامادەیە ڕۆڵێکی هاوشێوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و واشنتن بگێڕێت."

ئەمرۆ مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و مەسعود بارزانی کۆبونەوە، لەکۆبونەوەکە بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا کراوە، هەروەها جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. بەپێى راگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى، ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی و مەزلووم عەبدی  فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبونەتەوە. بەپێى راگەیەندراوەکە لەو دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها  چوارچێوەی  گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا. هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی نێوان مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانی لە هەولێر، پشتڕاستکردەوەو ڕایگەیاند دیدارەکە بۆ "ڕێکخستنی نێو ماڵی کوردی و یەک هەڵویستی کوردە لەم قۆناغەی سوریادا." فەتحوڵا حوسەینی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان کە نووسینگەکەی لە شاری سلێمانیە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، "کۆمەڵێک مەلەفات هەیە کە دەبێت قسەی جدییان لەبارەوە بکرێت، بە نموونە پارتی کە نزیکایەتی زۆری لەگەڵ تورکیا هەیە پێداچوونەوە بە پەیوەندیەکانی بکات و لەو هێڵە دووربیت کە بەرژەوەندی کورد دەخاتە مەترسیەوە. وتیشى: لەلایەکی تریش پارتی لەڕێگەی مسعود بارزانیەوە کار بۆ ئەوە بکات پەیوەندیەکانی تورکیا باشتربیت لەگەڵ کورد دا و هێرشەکانی لەسەر کورد ڕابگرێت." بەوتەى نوێنەرەکەى خۆسەر، کۆبوونەوەکە بۆ هەنگاونان بووە لەسەر "چۆنیەتی بەهێزکردنی گوتاری کوردی لە ڕۆژئاوا،" و جەختیکردەوە "گۆڕانکاری خێرا و بەپەلە هەن لە ناوجەرگەی سوریا، دەبێت کوردیش یەک هەڵوێست بیت لەم دۆخەدا." وتەکانی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کاتێکدان هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو سەرکردەی کوردی لە هەولێر پشتڕاستکردەوە. ناوبراو لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەولێر لە نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و فەرماندەی هەسەدە بۆ باکوری ڕۆژئاوای سوریا دەستکەوتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد و پێگەی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە دیمەشق بۆ راگواستنێکی سیاسی ئارام. سوپاس بۆ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان."

کۆنگرەی گەلانی دیموکرات، (هەدەکە) هەڵمەتێکی دەست پێکردووە بۆ کۆکردنەوەی یەک ملیۆن واژۆ بۆ هێنانەدی ئاشتی، لە ڕاگەیاندنی هەڵمەتەکەدا داوا لە هەموو لایەک کراوە کە بە بەرپرسیاریێتەوە لە پێناو ئاشتیدا بکەونە هەوڵدان. مەراڵ دانش بەشتاش، وتەبێژی هەدەکە ڕایگەیاند: بچووک و گەورە سەبارەت بە ئاشتی گفتوگۆ دەکات، دەرگایەک کراوەتەوە. دەست بە هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوە دەکەین ئەگەر ئاشتی ئاسان بوایە دوو شەڕی گەورەی جیهانی بەدوای خۆیدا نەدە‌هێنا و ئێستا لە سەروبەری جەنگی جیهانی سێیەمین. وتەبێژەکەى هەدەکە، لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەوەى خستەڕوو، ئێمە ئاشتییەکی بەهێز و بەردەواممان دەوێت وەک هەدەکە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەمان لە پێشی هەموو شتێک داناوە. لە ٨-٩ی شوبات دا لە ئەستەنبوڵ کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی ساز دەکەین. ناوبراو وتیشى: بە هۆی سیاسەتی ئەمنی سەبارەت بە پرسی کورد بەسەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیان و ئازارێکی زۆریان بەرکەوتووە. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وتەبێژەکەى کۆنگرەی گەلانی دیموکرات هێماى بۆ ئەوەکرد، پرسی کورد چاوەڕێ چارەسەرێکی دیموکراتیک، ئاشتیانە و کۆمەڵایەتییە، بۆیە ناتوانین لە پێداگرییمان بۆ ئاشتی و پاراستنی داهاتووی ژیانی هاوبەشمان بکشینەوە. ئەو وتیشى: ئەو هێرشانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا کە لە ئاستی کۆمەڵکوژییدا ئەنجام دەدرێن، نیشاندەری ئەوەن کە ئاشتی بۆ گەلان و بیروباوەڕەکانی ناوچەکە زۆر گرنگە. هەدەکە، بانگهێشتى سەرجەم پارتەکانى پەرلەمانی تورکیا دەکات، ئەو لایەنانەشی کە ئارەزووی ژیانێکی یەکسان و ئازاد دەکەن، بۆ ئاشتیەکی بەردەوام بە بەرپرسیارێتیەوە نزیکی دۆخەکە ببنەوە و بەشداری هەڵمەتی ئیمزا کۆکردنەوە ببن. مەراڵ دانش بەشتاش، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، ئەمە تەنها هەڵمەتێکی واژۆکردن نییە، وتى: بەڵکوو ئەم هەڵمەتە لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجام دەدەین، لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی ئاشتییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین. دواتر کۆبوونەوە و دیدار لە هەموو شارەکان و ناوچەکان ئەنجام دەدەین.

سەرۆکی دەستەی گومرگەکانى حکومەتى عێراق، رایدەگەیەنێت داهاتی دەسته‌کەمان بۆ ساڵی 2024 دوو ترلیۆن و 131 ملیار دینار بووە، بەڵام بەداخەوە ئاگامان لە داهاتى کوردستان نییەو هیچ داتاو ئامارێکمان لەبەردەست نییە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی گومركه‌كان پلانی خۆی بۆ ساڵی نوێ ڕاگەیاند، هاوکات دەستکەوتەکانی ساڵی ڕابردوودا خسته‌ڕوو. سەرۆکی دەستەی گومرگی، حەسەن عەکیلی، ڕایگەیاند:  دەسته‌کەمان لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەماندا دەستکەوتەکانی خۆی بۆ ساڵی 2024 و پلانەکانی داهاتووی بۆ ساڵی 2025، خسته‌ڕوو، جەختمانكرده‌وه‌ لەسەر گرنگی بوونی پشتگیری لە لایەنی یاسادانان و ڕێکارەکانەوە بۆ جێبه‌جێكردنی بەم پلانانە. ناوبراو ڕوونیشیکردەوە كه‌دەسته‌ی گشتی گومرگ کاردەکات بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی و فراوانکردنی بۆ ئەوەی سەرجەم ناوەندەکانی گومرگی لەماوەی سێیەکی یەکەمی ئەمساڵدا بگرێتەوە. حەسەن عەکیلی، ئاماژە بەوەشکرد كه‌ئامانج ئەوەیە سەرجەم دەروازە گومرگییەکان بخرێتە ناو ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییەوە، دەستکردن بە جێبەجێکردنی نوێترین شێوازەکانی گومرگی کە پشت بە تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکرد و پەیوەندی مۆدێرن و ئەلیکترۆنی ده‌به‌ستن. سەبارەت بە ئامارى داهاتەکانیان، سەرۆکى دەستەکە، وتی: داهاتی دەسته‌ بۆ ساڵی 2024 دوو ترلیۆن و 131 ملیار دینار بووە، پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی ساڵی 2025دا ئەم ژمارەیە زیاد ببێت، بەڵام بەداخەوە بۆ نەبوونی داتای ورد لەسەر داهاته‌كانی هەرێم کوردستان،  داهاتەکانی ساڵی ٢٠٢٤ هەرێم ناگرێتەوە.

دانیشتووانى ناحیەى خەلەکان و دەوروبەرى، ماوەى دە ڕۆژ بەردەوامبوون لەخۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لە دژی تەواونەکردنی جووتسایدی خەلەکان – رانیەو چوار ئەمرۆ پێنج شەممە دوای 10 رۆژ لە داخستنی رێگاکەیان کردەوەو  بڕیاریشە ئەمڕۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوە سەردانی ناحیەکە بکات. سیروان سەرحەد قایمقامی دووکان، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: دواى کۆبونەوەو راوێژکردن لەگەڵ خۆپیشاندەران، داواکاریەکانى ئەو خەڵکە جێبەجێ دەکرێت، لە ئەمرۆشەوە رێگەی سلێمانی - راپەڕین دەکرێتەوە و هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە. خۆپیشاندەران، داواکار ئەوەیان هەبوو بەزوویی دەستبکرێتەوە بەکارکردن لە پڕۆژەی رێگای سەرەکی سلێمانی – رانیەیە، ئەو داواکارییەیان کردبوەیە مەرجی کردنەوەی رێگاکە. هاوکات بەپێى زانیاریەکان، بڕیارە ئەمڕۆ دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی خۆپیشاندەرانی خەلەکان بکات، بۆ چارەسەری کێشەکەیان و کردنەوەی رێگاکە بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل. بەهۆی وەستانی کارکردن لە دووسایدی رێگەی نێوان جووتسایدی خەلەکان – رانیە، هاوڵاتیانى ئەو ناوچەیە رێگەی نێوان سلێمانی و هەولێر و ئیدارەی راپەڕینیان لە گوندی باداوان لە کانی وەتمان بەڕووی ئۆتۆمبێلی بار و تانکەردا داخستبوو، بۆ ماوەى دە ڕۆژ ئاستەنگى هاتوچۆیان دروستکرد. ئەو هاوڵاتیانەى بەشداری خۆپیشاندان و گردبوونەکانیان کردوە، باسیان لەوەکردوە کارکردن لە رێگاکە وەستاوەو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنەکانی بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە جێبەجێ نەکردووە، هیچ وەڵامیشیان ناداتەوە، بۆیە ناچاربوون رێگاکە دابخەن. لە ساڵی 2013 وە بڕیاری دووسایدکردنی رێگای دووکان – رانیە دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆژەکە تەواونەکراوە، لەکاتێکدا ساڵانە چەندین رووداوی هاتوچۆ لەو رێگایە روودەدەن و دەیان هاووڵاتییش دەبنە قوربانی.

ماركۆ رۆبیۆ، كاندید بۆ پۆستى وەزیرى دەرەوە لە کابینەکەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، ڕایگەیاند، پێویستە ئەمریکا بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەوان هاوبەشێکى بەهێزى شەڕبوون دژی داعـ.ـش لە سوریا. لە چوارچێوەی پرۆسەی پشتڕاستکردنەوەی کاندیدکردنی ئەنجومەنی پیران بەشداری دانیشتنی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی سیناتۆرەکانی دایەوە. لەوەڵامى پرسیارى كریس ڤان هۆلن، سیناتۆری كۆمارییەكانەوە، سەبارەت ئایا ئەمریکا پشتگیری بەردەوام و پشتیوانی دەبێت بۆ هێزەکانی هەسەدە لەسوریا، لەکاتێکدا توركیا لەڕێی سوپای نیشتمانی سوریاوە هێرشیان دەكاتە سەر، ماركۆ رۆبیۆ وتى: بەڵێ‌ بەدڵنیایی، نەك هەر ئەوەش بەڵكو ئێمە پێویستە ئەوە بزانین دەستبەرداربونمان لە هاوبەشەكانمان كە قوربانییەكی گەورەیان داوەو روبەڕوی هەڕەشەی گەورە بوونەتەوە، لێكەوتەی زۆر مەترسیداری دەبێت. ئەو وتیشى: ئەوانە بەكرداری چەكدارانی داعشیان بەندكردووە، یەكێك لەو هۆكارانەی وایكرد بتوانین داعش لەبەریەك هەڵبوەشێنین، ئامادەیی ئەوانبوو بیانگرنە خۆیان لە زیندانەكان لەبەرامبەر باجێكی گەورە، كە دروستبونی مەترسییە لە سەر ژیانیان، روونیشە كە هەڵوێستێكی لەوشێوەیە زۆر جێگەی سەرسامییە. كاندید بۆ پۆستى وەزیرى دەرەوە، دەڵێت: پێویستە وەڵاممان هەبێت بۆ ئەو دەرفەتە لەسوریا، چونكە ئەو خەڵكانەی كە ئێستا بەرپرسیارێتیان لەدەستدایە لە سوریا تائێستا تاقیكردەوەیان تێنپەڕاندووە، ئەوانە كەسانێكن بە باشی نایانناسین، مێژوویان دڵنییمان پێنادات، وەك ئاماژەت پێدات راگرتنی ئاگربەست هەیە بەرامبەر بە كورد پێویستە پارێزگاری لێبكرێت. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئەوەشى وت: پێویستە بەزوویی ئەو ئاماژەیە بۆ ئەردۆغان بنێردرێت بەم دانیشتنەی ئێستاشەوە، كە نابێت پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ویلایەتە یەكگرتووەكان بقۆزێتنەوە بۆ پێشێلكردنی رێككەوتنەكان، ئەوەی ئێستا دەمانەوێت لە سوریا بیبینین سەقامگیرییە، چونكە كاریگەری لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، كشانەوە دەرفەتێكە رەنگە دوبارە نەبێتەوە، روسەكان و ئێرانیەكان لەسوریا كرانە دەرەوە، بەڵام ئەوان زۆر براگماتین، ئەگەر ئەو دەرفەتە نەقۆزینەوە رێگای خۆیان دەدۆزنەوە بۆ گەڕانەوە بۆ سوریا.

تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس کە پێشبینی دەکرێت یەکشەممەی داهاتوو دەست پێبکات، ئیسرائیل شەپۆلێکی بۆردومانەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و لە ئێوارەی چوارشەممەوە لانیکەم ٢٨ فەلەستینی کوژران و دەیان کەسیش لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بریندار بوون. مەحمود باسال، وتەبێژی بەرگری شارستانی لە غەززە ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی ئیسرائیل شەپۆلێکی هێرشی چڕیان دەستپێکردووە، ماڵە مەدەنییەکانی ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەیان کردە ئامانج. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی تۆپبارانەکان کە ناوچەیەکی نزیک سەندیکای ئەندازیارانیان کردە ئامانج لە گەڕەکی شێخ ڕەدوان لە ڕۆژئاوای شاری غەززە، 16 کەس گیانیان لەدەستدا و 20 کەسی دیکەش برینداربوون. ئاماژەی بەوەشکرد، لە بۆردومانێکدا کە ماڵێکی لە باکوری کەرتی غەززە کردە ئامانج، ٧ کەسی دیکە کوژران، هاوکات هێرشێک بۆ سەر ناوچەی ئەلدەراج لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە بەهۆیەوە ٣ کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها بەرگری شارستانی لە بەیاننامەیەکدا، بەیانی پێنجشەممە، پشتڕاستی کردەوە کە ئیسرائیل تیمەکانی کردووەتە ئامانج لەکاتێکدا کە خەریکی وەرگرتنەوەی تەرمەکانیان بوون لە ژێر داروپەردووی ماڵی بنەماڵەی عەلوش لە ناوچەی شێخ ڕەدوان لە باکووری شاری غەززە. لە خان یونس، لە باشووری کەرتی غەززە، بەرپرسێکی پزیشکی لە کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر کوژرانی دوو کەسی لە هێرشێکی فڕۆکەوانیدا پشتڕاستکردەوە کە ماڵێکیان لە ناوچەی قزان ڕەشوان کردە ئامانج. ئەم هەڵمەتانە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە قەتەر کە نێوەندگیری ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ میسر و ئەمریکا کردبوو، لێکتێگەیشتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیل و دەستبەسەرکراوان ڕاگەیاند، لە هەنگاوێکدا کە وەک پێشکەوتنێک لە دوای ١٥ مانگ لە شەڕدا سەیر دەکرێت کەهەزارانی کوشت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى بەغداو هەولێر كارمان كردووە بۆ ئەوەى بگەن بەرێككەوتنێكی هەمیشەیی لەبارەی بودجە، بەجۆرێك ئاسانكاری بكات بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم. ماسیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: ئێمە هەوڵمان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەردەوام لەسەر بودجە کە درێژە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بدات. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریکا، داوا لە پەرلەمانی عێراق دەكات پەلەبكات لە تێپەڕاندنی یاسای بودجەی فیدراڵی. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، راشیگەیاند: ئەم هەفتەیە پێداچونەوەی هەمواری بودجەمان بینی و هانیان دەدەین بەزوویی تێیپەڕێنن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق و ئێران، لە چوارچێوەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بۆ سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەردانی هەولێری کردووە. رۆژی چوارشەممە، 15-01-2025، ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق و ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. بەرپرسەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە ئەوان هانی لایەنە سیاسییەکان دەدەن پشتیوانی لە پێکهێنانی حکومەتێکی فرەلایەن و بەپەلە بکەن. وتیشى: دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ رێگە بە حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەدات پێشکەوتن لە مافەکانی مرۆڤ، گەشەی ئابووری و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان بکەن وەک بەشێک لە عێراقێکی سەقامگیر و سەروەر.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ڕایدەگەیەنێت، ئەو سێ کەسە (قاچاغچیە)ی لەسەر دۆسیەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکراون، خەڵکی ئیدارەی ڕاپەڕینن و تەمەنیان لە نێوان سی بۆ چل ساڵیدایە، دەشڵێت، تەنها لە ساڵی 2024 دا بیست و حەوت بارزگانمان دەستگیرکردووە کە بازرگانیان بە مرۆڤەوە کردووە. عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە،"ئەو سێ کەسەی دەستگیرکراون خەڵکی ئیدارەی ڕاپەڕینن، بەشێک بوون لە گرووپی تاوانکارانی قاچاخچی جیهانی و لەگەڵ گروپی (ئامانج حسن زادە) کە بازرگانێکی کورد بوو لە بەریتانیا دەستگیرکرا پەیوەندیان هەبووە، لە ڕێگەی بەلەمی بچووکەوە کۆچبەرانیان گواستووەتەوە بە تایبەت بۆ بەریتانیا." دەشڵێت،" ئەو سێ کەسە یەکێکیان تەمەنی 38 ساڵ، ئەوەی تر نزیکی 40 ساڵ و سێیەمیشیان 32 ساڵە، بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پێدەچێت لە ساڵانی 2021 بەدواوە خەریکی ئەم کارەبووبێتن." شەوی ڕابردوو 14ی مانگی 1 دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی سێ قاچاخچی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە ڕاگەیاند، لە ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایشدا هاتووە،" لە ئۆپراسیۆنێکدا لەرۆژانی 8بۆ12ی 1ی 2025 بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش/سلێمانی بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش/هەولێر و ئاژانسی تاوانی نیشتمانی بەریتانیا،لەشاری سلێمانی و دەوروبەری بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای پڕۆسەیەکی فراوانی کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی وورد تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە پێکهاتبوون لە ( ٣ ) ئەندام خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون دەستگیرکرد، بە ڕێگەی نایاسایی کۆچبەریان گواستووەتەوە بۆ بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا." هەروەها دەڵێت،" لەئێستادا تەواوی ئەندامانی تۆڕەکە بە تۆمەتی بازرگانی بە مرۆڤ دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە." بە پێی وتەی دەزگای ئاسایش، ئەو سێ کەسە ئەرکی جیاوازیان گرتووەتە ئەستۆ، کە یەکێکیان مامەڵەی دارایی بۆ تۆڕەکە کردووە، یەکێکی تریشیان ڕۆڵی نیوەندگیری (دەڵاڵ) بینیوە لە نێوان هاوڵاتیان و تۆڕەکە دا و دوای ئەوەی بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون لە دادگاکانی هەرێم لە ماوەکانی داهاتوودا دادگایی دەکرێن. پرسی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە یەکێکە لەو تاوانەی سزای یاسایی لەسەرە لە جیهاندا، لە هەرێمی کوردستانیشدا بە پێی یاسای ژمارە 6 ی ساڵی 2018 ئەو کەسانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە بکەن سزا دەدرێن، کە سزاکانیان لە نێوان زیندانی هەتا هەتایی تا سزادان بە پارە دەگرێتەوە. عەقید سەلام دەڵێت،" پرسێکی تر هەیە کە هەر بازرگانیە بە مرۆڤەوە و هێنانی هاووڵاتیانی دەرەکیە بە ڕێگەی قاچاخ بۆ هەرێمی کوردستان، بەم هۆیەشەوە تەنها لە ساڵی 2024دا 27 قاچاخچیمان دەستگیرکردووە و ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە کە یەکێک لەوانە دوو پشک بووە." (دوو پشک یەکێک بوو لە قاچاخچیە گەورەکان و ساڵی ڕابردوو لە لایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە دەستگیرکرا).

ئیسڕائیل و حەماس گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەززەو ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان و دیلەکانی فەلەستینی، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەگەری کۆتاییهێنان بە شەڕێکی ١٥ مانگە. بەرپرسێک بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە قۆناغێکی سەرەتایی ئاگربەست دیاری دەکات کە شەش هەفتە دەخایەنێت، بریتییە لە کشانەوەی وردە وردەی هێزەکانی ئیسرائیل و ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو دیلانەی فەلەستینیانەى لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکراون. ئەو بەرپرسە هێمای بۆ ئەوەش کرد کە قەتەرو میسرو ئەمریکا گەرەنتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکەن، ئاماژەی بەوەشدا کە سەرەتا هەموو بارمتە زیندووەکان ئازاد دەکرێن، دواتر تەرمى بارمتە کوژراوەکان. ئاماژەی بەوەشکرد: حەماس بۆ ماوەی شەش هەفتە بارمتەکان ئازاد دەکات، هەفتانە سێ بارمتەو ئەوانی تریش بەر لە کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیە. ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ڕۆیتەرز، وتی: دانوستانەکان لەسەر قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە لە ڕۆژی ١٦ی قۆناغی یەکەمەوە دەستپێدەکات، بڕیارە ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ماوەکان لەخۆ بگرێت، لەوانەش سەربازە پیاوە ئیسرائیلییەکان و ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی تەواوەتی سەربازانی ئیسرائیل . ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕێککەوتنەکەدا ڕێگەدان بە 600 بارهەڵگری بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی لە هەموو ڕۆژێکدا لە ئاگربەستەکەدا بۆ چوونە ناو غەززە، 50 لەو بارهەڵگرانە سووتەمەنی هەڵدەگرن، لەگەڵ 300 بارهەڵگر بۆ باکووری کەرتی غەززە تەرخانکراون. سەرچاوەیەکی ئاگاداری میسری ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بۆ کەناڵی هەواڵی ئەلقاهیرە پشتڕاستی کردەوە کە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە لە ڕێگەی هەوڵی ناوبژیوانانەوە دوای چەندین کاتژمێر کاری قورس ئەنجام دراوە. ئەو سەرچاوە ئاگادارە میسرییە بڵاوی کردەوە کە بەیاننامەیەکی هاوبەش سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە دەرچووە. دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەو ڕێککەوتنە، لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە ئاهەنگ و ئاهەنگ ساز کران، کە کۆتایی هاتنی ١٥ مانگی شەڕ و وێرانکاری بوو. لە ماوەی چەند مانگێک لە دانوستانەکانی وەستانەوە بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست لە شەڕە وێرانکەرەکەی ١٥ مانگەدا، هەردوولا (ئیسرائیل و حەماس) پێشتر دووپاتیان کردووەتەوە کە لە ئاگربەست نزیکبوونەتەوە تەنها بۆ ئەوەی لە کۆتا خولەکدا ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببنەوە. هێڵکارییە بەرفراوانەکانی ڕێککەوتنی ئێستا لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٤ەوە لە شوێنی خۆیانن.

ماڵپەرى ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەمە بڵاویکردەوە، بڕیارە مەزڵوم عەبدى فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان کۆببنەوە. ماڵپەرى ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، ئاماژەى بەوەکردووە کۆبوونەوەکەى مەزڵوم عەبدى و بارزانى، بەشێکە لە هەوڵە بەرفراوانەکانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەى گرژى و ئاڵۆزیەکان و لێک نزیکخستنەوەى تورکیا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات. هەروەها دەڵێت :ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورە دەبێت لە هەوڵەکانی ئیدارەی بایدن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزەکانى سوریاى دیموکرات بەسەرکردایەتى مەزڵوم عەبدى. ئەو سەرچاوانە ئامادەنەبوون کاتى کۆبوونەوەکە بۆ ماڵپەرە ئەمریکیەکە ئاشکرابکەن، بەڵام رایانگەیاندووە کە "زۆر بە زوویی" دەبێت. رۆژی دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەم، د. حەمید دەربەندی، بەنوێنەرایەتى  مەسعود بارزانی سەردانی رۆژئاوای کوردستانى کرد، لە حەسەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، کۆبووەوە.

ژمارەیەک لە رۆژنامەنوسان و سەرنوسەرو خاوەنى ئیمتیازى دەزگا میدیاییەکان، لەبانگەوازێکدا داواکارن رۆژنامەنوسان و میدیاکان زۆر وریای ئەوەبن کە بە رووماڵەکانیان نەبنە ئامێری پروپاگەندەی دوژمنان و سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری سیاسیی بەرەی دژ بە خەڵکی کوردستان و هێزە تاریکپەرستەکان. هاوکات لەبەشێکى دیکەى بانگەوازەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەمە بڵاویانکردوەتەوە، دەڵێن: ئەرکی سەرجەم میدیاکانی باشوورە بە حزبی و نیمچە حزبی وسەربەخۆوە، بابەتیانە کاربکەن و پابەندبن بە ئێتێکی رۆژنامەوانییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆزی گەلەکەیان و پاراستنی دەستکەوتەکانی لە رۆژئاواو ئەو مەترسییە نوێیانەی رووبەرووی دەبێتەوە.  ئەو ڕۆژنامەنوس و میدیاکارانە، پێیان وایە لەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارەدا میدیا پرسی هاوڵاتی کوردستان و دۆزەکەی بخاتە پێشەوەی پرسەکانی ترەوە. لەکۆتایی بانگەوازەکەشدا هاتووە: بانگهێشتی هاوڕێ و هاوپیشەکانمان لە باشووری کوردستان دەکەین، چ وەک تاکەکەس و چ وەک دەزگای میدیایی و هەر هاوڵاتییەکیش کە لە سۆسیال میدیا ئاکتیڤە، لەگەڵمان بن و پابەندی ناوەرۆکی ئەم نامەیە بن کە ئاراستەی ئەوان و رای گشتی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانی دەکرێت. دەقى بانگەوازەکە. بانگەوازێک بۆ هاوڕێ و هاوپیشەکانمان لە باشووری کوردستان وەک هەموان ئاگادارن لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە، دۆخێکی هەستیارو ئاڵۆز لە ناوچەکەماندا هاتۆتە پێشەوە. ئەم دۆخە سیاسییە نوێیە و هەموو ئەو پێشهاتانەی دیکە کە دەشێت لە ئایندەدا رووبدەن، بۆ کورد بەگشتی و رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی بەروویەکدا مەترسین و، بە رووەکەی دیشدا دەرفەت، تاکە رێگەیش بۆ مسۆگەرکردنی قۆزتنەوەی دەرفەتەکان و پووچەڵکردنەوەی مەترسییەکان ئەوەیە بەرەی ناوخۆی کوردستان تەبا و سازو ئامادەبن بۆ مامەڵەکردنێکی دروست لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەدا. گومانی تێدا نییە لەم هەلومەرجەدا ئەرکی سەرشانی دامودەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانە رۆڵێکی پۆزەتیڤانەی گرنگ ببینن و ستراتیژێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆڤ دۆستانەیان هەبێت. بە پێچەوانەشەوە گەر بەم ئاراستەیە کارنەکەن لەبری ئەوەی ببنە هۆکاری بەرەوپێشبردنی دۆزی نەتەوەکەمان، دەبنە هۆکاری دابەشبوون و زیادکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان و نێو خودی کۆمەڵگای کوردیش.  دیارە نکۆڵی ناکرێت لەوەی کۆمەڵگەی کوردستانیش وەک هەموو کۆمەڵگەیەکی دیکەی مرۆڤایەتی، پڕە لە بەرژەوەندی و سیاسەتی جیاواز و ململانێی ناوخۆیی. لەگەڵ ئەوەیشدا، هیچ گومانێکمان نییە لەوەی چوارچێوەی فراوانی کوردبوون و کوردستانی بوون، دەشێت و دەبێت سەرباری جیاوازییەکانمان لە ژێر چەتری نیشتماندا کۆمان بکاتەوە. لەمەیشدا میدیاو میدیاکارن دەتوانن رۆڵی سەرەکی ببینن.  ئەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارە ئەوە لە میدیا دەخوازێت کە پرسی هاوڵاتی کوردستان و دۆزەکەی بخاتە پێشەوەی پرسەکانی ترەوە. دەکرێت لەم هەلومەرجەدا ناکۆکییەکانی نێوان پارچەکانی کوردستان و ناکۆکی لەسەر ئاستی یەک پارچە و بگرە جیاوازی و بەتابییەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی باشور و کۆمەڵگاش بەرپرسانەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە بچێتە سیاقی ئەو رووداوانەوە کە ئەگەری پێشخستنی دۆزی کوردی بەهێز دەکات.  حزبەکان و کۆمەڵگا و میدیای کوردی لەهەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت ئەزموونی شەڕی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا لەبەرچاو بگرن کە میدیا پاڵپشتی پێشمەرگەی باشور و رۆژهەڵات و گەریلای لە بەرەکانی شەڕی دژی داعش دەکرد و بەرپرسانە لەگەڵ ئەو رووداوانەدا رووماڵی دەکرد. هاوکاتیش پشتگیریی شەڕی شەرڤانانی دەکرد لە کۆبانێ و ناوچەکانی تری رۆژئاوای کوردستان. هەر لەم بوارەیشدا دەبێ زۆر وریای ئەوەبن کە بە رووماڵەکانیان نەبنە ئامێری پروپاگەندەی دوژمنان و سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری سیاسیی بەرەی دژ بە خەڵکی کوردستان و هێزە تاریکپەرستەکان.  لەم دۆخە هەستیارە نوێیەدا نابێت میدیا و میدیاکاران جەخت لەسەر فراوانکردنی کەلێن و بۆشاییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکان بکەنەوە، بەڵکو کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیان بکەن، تا ئەم قۆناغە هەستیارەی دۆزی نەتەوەکەمان بگوێزینەوە بۆ دۆخێکی ئارام و سەقامگیرتر. پێمان وایە ئەرکی سەرجەم میدیاکانی باشوورە بە حزبی و نیمچە حزبی وسەربەخۆوە، بابەتیانە کاربکەن و پابەندبن بە ئێتێکی رۆژنامەوانییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆزی گەلەکەیان و پاراستنی دەستکەوتەکانی لە رۆژئاواو ئەو مەترسییە نوێیانەی رووبەرووی دەبێتەوە. لێرەوە بانگهێشتی هاوڕێ و هاوپیشەکانمان لە باشووری کوردستان دەکەین، چ وەک تاکەکەس و چ وەک دەزگای میدیایی و هەر هاوڵاتییەکیش کە لە سۆسیال میدیا ئاکتیڤە، لەگەڵمان بن و پابەندی ناوەرۆکی ئەم نامەیە بن کە ئاراستەی ئەوان و رای گشتی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانی دەکرێت. ناوی دەزگا و ناوی رۆژنامەنووس: ١- شوان محمەد . سەرنوسەری ماڵپەڕی سپی میدیا. ٢- د. کامل عمر بەرپرسی پەیوەندیەکان و ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا. ٣- کەمال ڕەئوف ـ سەرنووسەری دەزگای میدیایی شارپرێس. ٤- هاوکار عزەت ـ سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕۆۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ. ٥- د. جەعفەر عەلی ـ بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی شار. ٦- سلێمان عەبدوڵا یونس ـ سەرۆکی دەزگای میدیایی خەندان ٧- هەڤاڵ محەمەد ـ بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی خەندان. ٨- تارق فاتیح ـ سەرنووسەری دەزگای میدیایی هاوڵاتی. ٩ـ محەمەد مەحمود حمەسالح ـ بەرپرسی دەزگای میدیایی ئیرادە. ١٠ـ  هەردی عبدالله نجم ـ سەرنووسەری دەزگای میدیایی ئیرادە. ١١ - رەحمان غەریب ـ رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامونووسان.  ١٢- دیاری محمد ـ بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ. ١٣- ئەحمەد میرە ـ سەرنووسەری گۆڤاری لڤین ١٤-ئاسۆس هەردی ـ بەڕێوەبەری گشتی ڕۆژنامەی ئاوێنە. ١٥ - سالار رەزا سەعید.. ڕۆژنامەنووس ١٦- ئاکۆ محەمەد مەحمود ـ ئەندامی بۆردی گشتی دەزگای میدیایی ستاندار، لێپرسراوی ئۆفیسی سلێمانی. ١٧- هێمن مەحمود رەشید-بەڕێوەبەری کەناڵی زووم  ١٨-عەبدولکەریم ئەحمەد ـ ڕۆژنامەنووس ١٩- ئاراس ئیبراهیم عبداللە ـ ڕۆژنامەنووس ٢٠- سنور کەریم ـ دەنگی ئەمریکا VOA ٢١-  رۆشن قاسم ـ ڕۆژنامەنووس ٢٢- ئەرکان محەمەد ـ سەرنووسەری ڕۆژنیوز ٢٣- داهێن هاشم ـ ڕۆژنامەنووس KNN ٢٤- شنە پیرۆت ڕۆژنامەنووس ـ  KNN ٢٥-  ئاوات عبداللە حسن ـ ڕۆژنامەنووس ٢٦-  ئازاد عوسمان، ڕادیۆی دەنگ