باوکی ژینا ئەمینی ڕایگەیاند لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگ کراوە و بە تاوانەکانی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" و " بڵاوکردنەوەی درۆ" تۆمەتبار کراوە. ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ،24ی مانگی یەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە ئینستاگرام بڵاویکردەوە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، لەلایەن دادگاوە بانگ کراوە و دوای تۆمەتبارکردنی بە تاوانەکانی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" و "بڵاوکردنەوەی درۆ" لە دوو دادگای تاوانەکان ودادگای ئێران دوو دۆسیەی جیاوازیان لە دژی تۆمار کردووە. ئەمینی نووسیوێتی کە تۆمارکردنی دۆسیەکان لەدژی ناوبراو دوای ئەوە بووە کە لە ئینستاگرامەکەیەوە پۆستێکی دژی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی بڵاو کردووەتەوە. دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی، دوو ژنە کوردی چالاکوان، مانگگرتن و ناڕەزایەتییەکی بەرفەراوانی لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەش دروستکردووە و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی کوردیش بە تۆمەتی بەشداری لە مانگرتنی دژی سزای لەسێدارەدان لە شارەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون. پەخشان عەزیزی چالاکوانی کورد مانگی حەوتی ساڵی رابردوو لە لایەن لقی 26ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە سەرۆکایەتی ئیمان ئەفشار بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پەژاکدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها وەریشە مورادی ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) بووە کە لە یەکی مانگی هەشتی ساڵی 2023 لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ لە شاری سنە دەستبەسەر کرا و دواجاریش لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەلواتی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە. ئەمجەد ئەمینی لە بەشێکی نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای گیانلەدەستدانی ژینای کچەکەیان، ژیانی خۆی و خێزانەکەی بووە بە مردنێکی بەکاوەخۆ و دەشڵێت تاکو ئیستا دۆسیەی کچەکەی لەگەڵ پێشکەشکردنی دەیان داواکاری، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە. ژینا ئەمینی کچێکی تەمەن 22 ساڵ خەڵکی سەقز بوو لە مانگی نۆی ساڵی 2022 لە تاران بە بیانووی ڕچاونەکردنی "حیجابی نەشیاو" دەستبەسەر کرا و لەکاتی دەستبەسەربوونیدا گیانی لەدەستدا. گیانلەدەستدانی ژینا ناڕەزایەتییەکی بەفراوانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرانسەری ئێران لێکەوتەوە کە بوو بە هۆی لەسێدارەدانی دەیان کەس و دەستبەسەرکردنی هەزران کەس.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، فەرمانی راگرتنی سەرجەم هاوکارییە دەرەکییەکانی دەرکردووە، جگە لەو هاوکارییانەی لە بودجەی وڵاتەکەدا بۆ ئیسرائیل و میسر تەرخانکراون. رۆژنامەی "بولیتیکو" بڵاویایکردەوە بە گوێرەی یاداشتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نابێت هیچ بودجەیەکی هاوکاریی نوێ، بۆ هیچ لایەنێک دیاریبکرێت یان درێژبکرێتەوە، ئەوەش خراوەتەڕوو، کە نابێت هیچ جۆرە بودجەیەکی هاوکاری پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و پەسەند بکرێت، ئەمەش بەگوێرەی کارنامەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. ئەوەش خراوەتەڕوو، کە فەرمانەکە یارمەتییە خۆراکییە فریاگوزارییەکان و هاوکارییەکانی ئیسرائیل و میسر ناگرێتەوە، کە زۆرترین هاوکاریی سەربازییان لەلایەن ئەمریکاوە پێدەگات. ئەم یاداشتەش درێژکراوەی فەرمانێکی جێبەجێکردنە، کە لە رۆژی دەستبەکاربوونیدا، دۆناڵد ترەمپ دەریکردووە، تێیدا فەرمانی کردووە بە راگرتنی هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی 90 رۆژ. ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات. هاوکارییەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دابەشکراون: 257 ملیۆن و 57 هەزار و 349 دۆلار بۆ کەلوپەلی سەربازی و مەشقپێکردن؛ نۆ ملیۆن و 700 هەزار دۆلار بۆ خزمەتگوزاری و پشتیوانیی لۆجستیی هێزەکان؛ 60 ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، کە بە شێوەی مانگانە پێیان دەدرێت، هەروەها چوار ملیۆن و 795 هەزار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ژێرخان و بنکەکان و 49 ملیۆن و 205 هەزار دۆلار بۆ رێگری لە لەکارکەوتنی ئامێرەکان و هێشتنەوەیان بە کاریگەری.
ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە داوا دەکەن بێ رادەستکردنی نەوت، هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان خەرج نەکرێت. ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژە دەشڵێن لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لێپرسینەوە لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکەن. ئەو پەرلەمانتارانە لە راگەیێندراوێکدا، رەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرن و داوا لە حکومەتی عێراقیش دەکەن، بەبێ رادەستکردنی نەوت لەلایەن هەولێرەوە، هیچ بڕە پارەیەکی بۆ نەنێرێت. ئەو پەرلەمانتارانە هەڕەشەی لێپرسینەوە لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکەن لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان. پەرلەمانتارەکان لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە دەکەن، دوای پەسندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵیی سێ ساڵە، چەند مادەیەک هەبوون کە پەیوەندییان بە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، بەڵام پابەند نەبووە و تەنیا نزیکەی 399 ملیاری لە داهاتی نانەوتی رادەست کردووە، کە خۆی زیاتر بووە لە چوار تریلیۆن، لەگەڵ رادەستکردنی 90 هەزار بەرمیل نەوت بۆ 6 مانگ، کە دواتر ئەویش راگیرا. پەرلەمانتارەکان دەڵێن، سەرباری پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی هەوڵی داوە چارەسەری کێشەکان بکات، لەوانەش لە رێگەی تەرخانکردنی سێ قەرزی ساڵی رابردوو بە بڕی زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار، کە ئەوە بە کارێکی نایاسایی دەزانن.
مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕأیدەگەیەنێت، لەکاتى چاوپێكهوتنهکەیدا بەمەزڵوم عەبدى وتوە کاتی ئەوە هاتووە پەکەکە واز لە کوردی سووریا بهێنێت، بوونی پهكهكه له سووریا كێشهیهكی گهورهیه و پاساوێكه بۆ دهستوهردانی توركیا. ئەمرۆ ههینی، 24ـی كانوونی دووهمی 2025، مەسعود بارزانی له میانی چاوپێكهوتنێكیدا لهگهڵ كهناڵی "شهمس"، ڕایگهیاند، لەکاتى چاوپێكهوتنهکەیدا لەگەڵ مەزڵوم عەبدى فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ههرگیز ههستی بهوه نهكردووه عهبدی مهیل و نهزعهیهكی جووداخوازیی ههبێت، بهڵكوو بۆی ڕوون بووهتهوه كورد دهیهوێت بهشێك بێت له سووریا و به مافهكانی بگات. هاوکات دهشڵێت، به عهبدی گوتووه پهیوهندییان لهگهڵ پهكهكه نهپچڕێنن و با بەریەککەوتنتان نەبێت، بهڵكوو لهم بارودۆخهدا خۆیان بڕیار له چارهنووسی خۆیان بدهن و ڕێگه نهدهن هیچ كهس دهستوهردان له داواكاری و مافهكانیان بكات. بارزانى ئاماژە بۆ ئەوەدەکات بارودۆخه نهتهوهییهكه پێویستی به دیدار و چاوپێكهوتنێكی لهم شێوهیه ههبوو و بهوپهڕی گهرمییهوه پێشوازیم لێ كرد و له بهرانبهریشدا عهبدی وردهكاری دیدارهكهی لهگهڵ ئهحمهد شهرعی بۆ باس كردووم، كه له یهك كاتدا خاڵی هاوبهش و ناكۆك له نێوان عهبدی و شهرعدا ههبووه. لەبەشێکى دیکەى دیدارەکەیدا بارزانی دهڵێت: ئامۆژگاری عهبدی كردووه كه ههرگیز بێ ئومێد نهبێت، بهڵكوو پهنا بباته بهر گفتوگۆ و دهستبهرداری ههر جۆره كاریگهری و ههژموونێكی دهرهكی ببێت و ههنگاو بنێت به ئاراستهی یهكخستنی گوتاری كوردی له سووریا. تیشكی خسته سهر ئهوهش كورد له سووریا، سهرباری ئهوهی له ئاییندهی خۆیان گهشبینن، بهڵام ترس و ههستیاریشیان ههیه، به تایبهتی كه ئاییندهی سووریا به گشتی ڕوون نییه. وتیشى: ڕێگه نهدهن هیچ كهس دهستوهردان له داواكاری و مافهكانیان بكات. جەختی لەوەش کردەوە، کاتی ئەوە هاتووە پەکەکە واز لە کوردی سووریا بهێنێت. بارزانی دووپاتی كردهوه، بوونی پهكهكه له سووریا كێشهیهكی گهورهیه و پاساوێكه بۆ دهستوهردانی توركیا، دهشڵێت: ههرێمی كوردستان توانای ههیه ڕۆڵی گرنگ له پرسی كورد له سووریا بگێڕێت بهتایبهت له یهكخستنی گوتار و ههڵوێستی كورد و هاندانیان بۆ گفتوگۆ لهگهڵ دهسهڵاتدارانی نوێی سووریا و هاوكاریكردنیان له سوودوهرگرتن له ئهزموونی ههرێمی كوردستان، بهڵام لهگهڵ ئهمهشدا مهرجە ههمان ئهم ئهزموونه وهكوو خۆی دووباره بكهنهوه، بهو پێیهی ههر پارچهیهكی كوردستان تایبهتمهندیی خۆی ههیه. گوتیشی، ههرێمی كوردستان دهتوانێت هاوكارییان بكات له ڕووی ئابووری. لەدیدارەکەیدا بارزانی سهرنجی بۆ ئهوه ڕاكێشا، نهك ههر كورد له سووریا ڕووبهڕووی مهترسی و ستهم و چهوسانهوه ببێتهوه ئامادهیه بهرگریی لێ بكات، بهڵكوو ههر مرۆڤ ههمان چارهنووسی ڕووبهڕوو كرایهوه، ئامادهیه بهبێ هیچ دوودڵییهك هاوكاری بكات. ڕوونیشی كردهوه، ترسێك ههیه له سووریا سهبارهت به كورد، بهڵام ئومێدهوارن ئهم ترسه نهبێته واقیع و هیواخوازن به كردهیی نهكرێت.
نووسەر و کەسایەتى سیاسى، محەمەد ئەمین پێنجوێنی ڕایدەگەیەنێت، پەروین بوڵدان بە تەلەفۆن پێی راگەیاندم کە تەندروستی ئۆجەلان زۆر باشە و مۆراڵی بەرزە. لە پەڕەى تایبەتى خۆى لەتؤڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک، محەمەد ئەمین پێنجوێنی نوسینێکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا دەڵێت: بەتەلەفۆن لەگەڵ پەروین بۆڵدان قسەم کردووە، هەڤاڵ پەروین سڵاو تەندروستی سەرۆك چۆنەو کارەکان چۆن ئەڕوات، پەروین پێى وتم تەندروستی سەرۆك زۆر باشەو مۆراڵی بەرزە. هەروەها دەڵێت پرسیارمکردوە، بۆچی قەندیل دەڵێن تا ئێستا ئاگادارنین؟ پەروین پێى وتم بەم زووانە سەرۆك بەنامەی تایبەتی قەندیل لەهەموشتێك ئاگادار دەکاتەوە. لەبەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا محەمەد ئەمین دەڵێت: پەروین پێى وتووم، سەرۆك سڵاوی تایبەتی بۆ ئێوە هەبوو وتی کە چونە باشور سەردانی پێنجۆێنی بکەن و سڵاوی منی پێبگەیەنن. شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتبوون لە پەرلەمانتار پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر یەکەمجار لە ٢٨ ی کانوونی یەکەم دیداریان لەگەڵ ئاپۆ ئەنجامدا. شاندەکە بۆ دووەم جار لە ٢٢ ی ئەم مانگەو چوونە دوورگەی ئیمراڵی و دیداریان ئەنجامدا.
بەرێوەبەری کەمپى هۆل ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی کورد لە رۆژئاواى کوردستان، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەى یەکەم گروپ لەو کەمپەوە بگەڕێننەوە بۆ سوریا، ئەمەش یەکەم هەنگاوە لە دواى کەوتنى ڕژێمی ئەسەد. جیهان حەنان بەڕێوەبەری کەمپی هۆل بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان لە کۆتاییدایە بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ٦٦ خێزان لەو کەمپە گەورەیەوە کە لەژێر چادردان و زۆرینەی زیندانییەکان ژن و منداڵن، بگەڕینرێنەوە بۆ ناوچەکانی ناو سوریا. ناوبراو هیچ زانیاریەکى نەدا سەبارەت بەوەی کە ئایا گەڕانەوەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی حوکمڕانی سوریا یە یان نا. حکومەتى ئێستاى سوریا لەلایەن گروپى تەحریر شامەوە دامەزراووە، دوای ئەوەی لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریایان لە پۆستەکەی دوورخستەوە. دانوستانەکان بە ئاسانکاری ئەمریکا و فەرەنسا بەردەوامن بۆ دیاریکردنی داهاتووی ئەو هێزە بە سەرۆکایەتی کورد کە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریای کۆنترۆڵکردووە.، دەسەڵاتی نوێی حوکمڕانی سوریا ڕایگەیاندووە، هەوڵدەدەن کۆنترۆڵی تەواوی وڵاتەکە بگرنەوە دەست. کەمپى هۆل کەوتووەتە باشوورى رۆژهەڵاتى شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان، لەژێر کۆنتڕۆڵى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)دایە. کەمپەکە پڕە لە خێزانەکان کە پەیوەندییان بە دەوڵەتی ئیسلامییەوە (داعش) هەیە دوای شکستی گروپە توندڕەوەکەی موسڵمانە سوننەکان لە سوریا لە ساڵی ٢٠١٩، کەمپی هۆل ئێستا نزیکەی ٤٠ هەزار کەسی تێدایە. ئەو کەمپە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک زەمینەیەکی زاوزێی توندڕەوی و نیگەرانییەکی گەورەی ئەمنی بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە سەیر دەکرێت، کە بە شێوەیەکی سەرەکی عێراقی دراوسێیە، کە دەوڵەتی ئیسلامی لە خاڵێکدا نزیکەی یەک لەسەر سێی وڵاتەکەی کۆنترۆڵکردبوو. دەسەڵاتدارانی کەمپەکە بە سەرۆکایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەمریکا پشتگیریان دەکات، لە مێژە داوای لە وڵاتان کردووە هاوڵاتیانی ناو کەمپەکە بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان، کە هەزاران کەسی بیانی تێدایە. بەپێی وتەی بەرپرسانی عێراق، زیاتر لە 10 هەزار کەس گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەکە، بەڵام کەم دەوڵەتی ڕۆژئاوا ئارەزووی پەیڕەوکردنی ئەو کارەیان نیشانداوە. وەزارەتى كۆچ و کۆچبەرانى عێراق لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتوون تاوەکو ساڵى 2027 نابێت هیچ خێزانێکى عێراقى لەو کامپە بمێنێت و سەرجەمیان بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق. سەرەتاى ئەم مانگە 715 کەس لە کەسوکارى چەکدارانى داعش لە کەمپى هۆلی رۆژئاواى کوردستانەوە گەڕێندرانەوە عێراق؛ ئەوە یەکەم کاروانى گەڕانەوەیە لەو کەمپەوە لە ساڵى 2025ـدا. جیهان حەنان بەڕێوەبەری کەمپی هۆل، ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کەسانەی ئێستا لە کەمپەکەدان، نزیکەی ١٦ هەزار کەسیان خەڵکی سوریان. گەڕانەوەی دەستگیرکراوەکان بۆ سوریا لە سەردەمی ئەسەددا وەک تاوان سەیر دەکرا، بە لەبەرچاوگرتنی دژایەتی ئەمریکا بۆ دەسەڵاتەکەی و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئەشکەنجەدان و کوشتن لە سیستەمی زیندانە بەناوبانگەکەی حکومەتی سوریادا. هاوکات هێزەکانى هەسەدە، زیندانێک لە حەسەکە باکووری سوریا بەڕێوەدەبەن، نزیکەى چوار هەزارو ٥٠٠ چەکدارى داعشى تێدایە و بەشێکى زۆریان چەکدارى بیانین.
كارمەندانی دەستەی دەستپاكی حکومەتى عێراق، توانیویانە تۆڕێك هەڵبوەشێننەوەو كاریان كردبوو بۆ چوونە ناو سیستەمی خەرجكردنی جیاوازی خانەنشینی لە كەركوك، هاوکات دەستیانگرتووە بەسەر (720) ملیۆن دینار دیناردا کەبە شێوەیەكی نایاسایی و بە زیادە خەرج کرابوون. ئەمڕۆ هەینی دەستەی دەستپاكی لەبەیاننامەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ئەوەیان خستووتە ڕوو، كارمەندانی دەستەی دەستپاكی توانیان تۆڕێك پوچەڵبكەنەوە كە كاریان كردبوو بۆ چوونە ناو سیستەمی خەرجكردنی جیاوازی خانەنشینی و خەرجكردنی بڕە پارە بۆ ژمارەیەكی زۆر لە خانەنشینان، و دەستیان بەسەردا بگرن لە كەركوك. لەبەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکە هاتووە ئەو ئۆپەراسیۆنەی لەژێر یاداشتێكی دادوەریدا ئەنجامدراوە بە هەماهەنگی و سەرپەرشتی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك. هەروەها دەڵێن: تیمێك لە نووسینگەی لێكۆڵینەوەی كۆمسیۆن پارێزگا پێكهاتبوو و توانیان سێ بەرپرس لە ناو دەستەی خانەنشینی نیشتمانی لقی كەركوك دەستگیربکەن، توانیبویان هەژماری خانەنشینان هاکبکەن، زیاتر لە( 720,000,000) دینار بۆ ژمارەیەكی زۆر لە خانەنشینان بە شێوەیەكی نایاسایی خەرجبکەن. هاوکات ئەوەش ڕوونکراوەتەوە: ئەو تۆڕە سێ کەسیە، بەهاوکارى لایەنە دەرەكییەكان، دەستكاری نزیكەی (80) تۆماری خانەنشینییان كردووە. دەستەکە ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو سێ تۆمەتبارە گواستراونەتەوە بۆ دادگاى كەركووك كە بەرپرسە لە پشكنینی دۆسیەكانی دەستپاكی، كە بڕیاری ڕاگرتنی داوە تاوەكو لێكۆڵینەوە، بە پشتبەستن بە بڕگەكانی ماددەی (315) لە یاسای سزادانی هەمواركراوی ژمارە (111ی ساڵی 1969).
ئەمڕۆ هەینی بازاڕەکانی نەوت دابەزینی بەخۆوە بینی، ئەمەش دوای ڕۆژێک لەداواکەى دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی وتارێکی ئۆنلاین بۆ ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە بازرگانییەکان کە بەشدارییان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس کردبوو، داوای دابەزاندنی نرخی نەوت کرد. دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم وتاری گەورەیدا بۆ سەرکردەکانی جیهان لە دوای دەستبەکاربوونییەوە وتی: لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت، من داوای دابەزینی نرخی سوود دەکەم دەستبەجێ و پێویستە لە هەموو جیهاندا بە هەمان شێوە دابەزێت. لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا کاریگەری لەسەر نرخی بەرمیلێک نەوت هەبوو، دوای ئەوەی لە سەرەتای ڕۆژدا بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، دابەزینی بەخۆیەوە بینی. نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 50 سەنت دابەزی و گەیشتە 77 دۆلار و 95 سەنت کاتژمێر بە کاتژمێر نەوتی خاوی ئەمریکای ڕۆژئاوای تەکساس 31 سەنت دابەزی و گەیشتە 74 دۆلار و 31 سەنت. هەردوو پێوەرەکە لەسەر ڕێڕەوی دۆڕانی هەفتانەن کە زیاتر لە سەدا ٣یە، ئەمەش ڕیزبەندی بردنەوەکانی چوار هەفتەیی لەسەریەک دەبڕێت. شیکاران دەڵێن نادڵنیایی لە دەوری سیاسەتەکانی گومرگی ترەمپ و ئەگەری ئەوەی سەرۆکی نوێ پاڵ بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکاوە بنێت، هەروەها قورسایی لەسەر داهاتووی نەوتی خاو هەیە. بەڵام بۆ ڕێگریکردن لە دابەزینی زیاتر، داتاکانی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا دەریانخستووە کە کۆگای نەوتی خاوی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو دابەزیوە بۆ نزمترین ئاست لە مانگی ئازاری ٢٠٢٢ەوە. هاوکات ئۆپێک+ هێشتا کاردانەوەی نەبووە بەرامبەر بە بانگەوازی دۆناڵد ترەمپ بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت، نوێنەرانی گروپەکە ئاماژەیان بە پلانێک کردووە کە پێشتر لە ئارادایە بۆ دەستپێکردنی بەرزکردنەوەی بەرهەمی نەوت لە مانگی نیسانەوە. فەیسەڵ ئیبراهیم وەزیری ئابوری سعودیە ڕۆژی هەینی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی ترەمپ، وتی: سعودیە و ئۆپێک بەدوای سەقامگیری درێژخایەنی بازاڕی نەوتدا دەگەڕێن. وتیشی: هەڵوێستی شانشینی، هەڵوێستی ئۆپێک، هەمووی پەیوەستە بە سەقامگیری درێژخایەنی بازاڕەوە بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی کە دابینکردنی پێویست بۆ پەرەسەندنی خواست هەیە. گروپی بەرهەمهێنەرانی ئۆپێک+ کە پێکهاتووە لە ئۆپێک و ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی دیکە دەڵێن نرخی نەوت بە ئامانج ناگرن و لە ئێستاوە پلانی هەیە بۆ دەستپێکردنی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە مانگی نیسانی ٢٠٢٥ەوە، چونکە چەند جارێک بەرزبوونەوەی بەرهەمەکەیان دواخستووە بەهۆی لاوازی خواست. نوێنەری ئەو گرووپە بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا وتی: پێموایە ئەمە لە ئێستاوە لەگەڵ سیاسەتی سووککردنی ئۆپێک لە مانگی نیساندا دەگونجێت.
دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادان لە نێوان گەریلاکانی ئازادیی و سوپای داگیرکەری تورکیا لە سنووری شارەدێی باتیفا لە سنورى پارێزگاى دهۆک ڕوویدا، تورکیا بۆردوومانی خاڵێکی پاسەوانی سنووری عێراقی کردوە، بە هۆیەوە دوو پاسەوان گیانیان لەدەستداوەو دانەیەکی دیکەش برینداربوو. ئەمڕۆ هەینى، سوپای داگیرکاری تورک لە چوارچێوەی پیلانگێڕییەک بۆ ڕەشکردنی ناوی گەریلا بۆردوومانی خالێکی پاسەوانی سنووری عێراق لە گوندی شیلانی سەربە شارەدێی باتیفای شارۆچکەی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک کرد. بەپێی سەرچاوەکان، ئەمڕۆ شەڕ و پێکدادان لە نێوان گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و سوپای داگیرکەری تورک کە چەندین بنکە و بارەگای سەربازییان لەو سنوورە هەیە ڕوویداوە، لەو کاتەدا سوپای داگیرکەری تورک بە هاوەن بۆردوومانی خاڵێکی هێزی پاسەوانی سنووری عێراق کە بنکەکە نزیکی شوێنی پێکدادانەکە بووە کردووە. بەپێی زانیارییەکان بەهۆی بۆردوومانەکەوە دوو پاسەوان کوژراون و دانەیەکی دیکەش برینداربووە. پێشتریش چەندین جار سوپای داگیرکەری تورک ڕاستەوخۆ بۆردوومانی هێزەکانی زێرەڤانی لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووە و ئامانجی ئەوە بووە کە بیخەنە ئەستۆی پەکەکە و گەریلاکانی ئازادی، بەمشێوەیەش ناوی پەکەکە لە ناو گەل و خەڵکی سنوورەکە و عێراقدا ڕەش بکەن.
سەلوە مەفەرجی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ڕایدەگەیەنێت ماوەی دوو مانگە ئەنجوومەنی پارێزگاکە کارەکانى ڕاگیراوەو هیچ کۆبونەوەیەکى نەکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی سیاسی لە پارێزگاکەدا بەدەست دەوڵەتێکی "لەرزۆک"ەوە دەناڵێنێت بەهۆی بەشدارینەکردنی تەواوی لایەنەکان . ئەلموفەرجی، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئەنجوومەنی پارێزگاکە ماوەی دوو مانگە دانیشتنەکانی ئەنجام نەداوە، ئەگەر کۆبونەوەی خۆیشی ئەنجامبدات، ئەوە تەنها کۆبوونەوەیەکی مشتومڕاوی دەبێت کە سنووردارە بە دەست بەرزکردنەوە و دەنگدان لەسەر بڕیارە بێسوودەکان. ئەو ئەندامە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم ئەنجومەنە ئیفلیج بووە و تەواوکەری پرۆسەی سیاسی لاوازە کە بەهۆی بەشدارینەکردنی باقی لایەنەکانەوە تەواو نەبووە". بەگوێرەی یاساکە، ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجوومەن پێویستی بە ئامادەبوونی 50+1 هەیە، واتە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی کەرکوک پێویستی بە ئامادەبوونی نۆ ئەندام هەیە بەڵام لە دوای دانیشتنی 5ی تشرینی دووەمی 2024ەوە کە بە نیسابی یاسایی ئەنجومەن بەڕێوەچوو نەیتوانیوە ڕێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنە ئاساییەکانی دەستەبەر بکات. ناکۆکییەکە لە ٩ی ئابی ٢٠٢٤ دەستیپێکرد، کاتێک ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە ئامادەبوونی ٩ ئەندام لە کۆی ١٦ ئەندام، حکومەتی نوێی کەرکووکی هەڵبژارد کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕێبوار تەها، بە پارێزگاری شارەکە هەڵبژێردرا، محەمەد حافز، لە پێکهاتەی عەرەبی، بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا ئەمەش دوای کۆبوونەوەیەک هات لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدای پایتەخت، کە لەو ماوەیەدا ڕێککەوتنێک کرا کە چەند بڕگەیەکی لەخۆگرتبوو کە مافەکانی هەر پێکهاتەیەکیان گەرەنتی کردبوو،. بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتێکی ناوخۆیی. دانیشتنەکە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و سێ ئەندامی پێکهاتەی عەرەبی بایکۆت کرا، لەلایەن ڕاکان جبوری پارێزگاری پێشوو و سەرۆکی بەرەی تورکمانی سکاڵا لە دادگای فیدراڵی لە دژی شەرعیەتی دانیشتنەکە تۆمارکرا. بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کە لە ساڵی 2023 بەڕێوەچوو، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی و پارتی دیموکرات دوو کورسی و پێکهاتەی عەرەبی 6 کورسی و بەرەی تورکمانی دوو کورسی و پێکهاتەی مەسیحی یەک کورسی بەدەستهێنا کورسی.
لە شەشەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، کەناڵی 14ی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ هەینى بزووتنەوەی حەماس لیستی ئەو زیندانیانە ڕادەست بکات کە ڕەنگە سبەی ئازاد بکرێن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانیان پەرەپێداوە لە کەناری ڕۆژئاوا. بڕیارە سبەی شەممە، ئیسرائیل ١٨٠ فەلەستینی ئازاد بکات کە ٣٠ کەسیان سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی دەستبەسەرکراوان و زیندانییەکان بەپێی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی جنین لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراوی باکووری بۆ چوارەم ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامە. سەرچاوەکان بە کەناڵی جەزیرەیان ڕاگەیاندووە هێزەکانی ئیسرائیل قەدەغەی هاتوچۆیان لە کەمپی جەنین ڕاگەیاندووە. سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە فڕۆکەو کۆپتەرەکانی ئیسرائیل هەڕەشەیان لە فەلەستینییەکان کردووە کە تەقە لە هەر کەسێک بکەن کە لە ناو کەمپی جنین بجوڵێت. لە ڕووی مرۆییەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ، پێنجشەممە، هاتنە ناوەوەی زیاتر لە سێ هەزار و 250 بارهەڵگری یارمەتییەکانی ڕاگەیاند، هاوکات ڕۆژنامەی هارێتز ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل پلانی بۆ دروستکردنی زنجیرەیەک بنکەی نیشتەجێبوون لە قودسی ڕۆژهەڵات داڕشتووە.
ماڵپەرى بى بى سى، بڵاویکردەوە دەسەڵاتداران فەرمانگەی کەشناسی بەریتانیا ڕایدەگەیەنن لەچەند کاتژمێرى داهاتوودا زریانێکى بەهێز ڕوو لەو وڵاتە دەکات و ئاستى مەترسییەکان و ئامادەکارى بۆ زریانی ئایۆوین بۆ رەنگى سوور بەرزکراوەتەوەو داواش کراوە هاوڵاتیان لەماڵەکانیان بمێننەوە. بەپێى پێشبینیەکانى ئێرلەندا بەیانی ئەمڕۆ لە شاری مەیس هێد لە ویلایەتی کۆ گالوای بە خێرایی 183 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زریانەکە تۆمارکراوە، بەو هۆیەشەوە هۆشداری ڕەنگى سور بۆ ئێرلەندای باکوورو سکۆتلەندا راگەیاندووە، زریانی ئیوین ژمارەی پێوانەیی لە ئیرلەندا شکاندوە، ئەمەش خێراترینە لەو کاتەوەی ڕیکۆردەکان دەستیپێکردووە پێشبینیکەری ئێرلەندی ڕایگەیاندووە. داوا لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە کراوە لە ماڵەوە بمێننەوە لە کاتێکدا قوتابخانەکان داخراون و خەڵکیش هۆشداریان داوە کە ڕۆژی هەینی گەشت نەکەن، چونکە بڕیارە کەشوهەوای سەخت مەترسی بۆ سەر ژیانی بەشێک لە بەریتانیا دروست بکات. هۆشدارییە دەگمەنەکانی کەشوهەوای ڕەنگى سوور لەبەرەبەیانى ئەمڕۆوە چالاکراوە، لەگەڵ هۆشداریی فەرمانگەی کەشناسی لە زیانگەیاندن بە بیناکان و هەڵکەندنى دارەکان و پچڕانی کارەبا. بای هێزی زریانەکە ئەمرۆ هەینی گەیشتوەتە ئێرلەندا و بەریتانیا و کارەبای هەزاران ماڵ و شوێنی بازرگانی بڕییەوە و گواستنەوەی لە سەرانسەری ناوچەکەدا پەکخستوە، نزیکەى 560 هەزار ماڵ و کێڵگە و شوێنە بازرگانییەکان بێ کارەبا بوون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئامارى شەڕو پێکدادانەکانى دوێنێ پێنج شەممەى بڵاوکردەوەو بەپێى ئامارەکە نۆ ئەندامی بەکرێگیراوانی داگیرکەری تورکیا کوژران و یازدە کەسی دیکەش برینداربوون شاری دێر حافر. لەڕاگەیەندراوەکەى هەسەدا ئەوەخراوەتەڕوو، دوێنێ پێنجشەممە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوەی شەرعی شەڕڤانان لە گوندی ئەلهۆشریە لە لادێی شاری منبج و لادێی شاری مەنبەج، نۆ ئەندامی بەکرێگیراوانی داگیرکەری تورکیا کوژران و یازدە کەسی دیکەش برینداربوون شاری دێر حافر. هەروەها ئەوەش باسکراوە کە هێزەکانى هەسەدە ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا کە گردبوونەوەیەکی ئۆتۆمبێلی بەکرێگیراوانی داگیرکەر و توخمەکانی کردە ئامانج لە گوندی ئاتشانە لە باشووری مەنبەج، کە نەمانتوانی ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی نێو بەکرێگیراوان بزانین. ڕاگەیەندراوەکەى هەسەدە باس لەوەدەکات ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە چوارچێوەی مافی ڕەوای وەڵامدانەوەی هێرشە بەردەوامەکانی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی، لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە، بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دێت.
لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم نیگەرانە لە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای بی پی بەریتانی بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، بەڵام وەبەرهێنان لەو کێڵگە نەوتییانەشدا دەستیپێکرد کە دەکەونە سنووری ناوچە جێناکۆکەکانی پارێزگای دیالەوە. لە مانگی هەشتی ساڵی 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق بە بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆم ی ئیماراتی ئەنجامدا، بۆ کارکردن لە کێڵگەیەکی نەوتی و گازی گرنگ لە سنووری ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە. ئەو ناوچانەی پارێزگای دیالە کە کۆمپانیا ئیماراتییەکە وەبەرهێنانی نەوتییان تێدا ئەنجام دەدات، دەکەونە سنووری ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالەوەو بە ناوچەی کێشە لەسەر هەژمارد دەکرێن، گومان دەکرێت ناوچەی نەوتی گرنگ بن. محەمەد حسێن، شارەزای بواری وزەو ئەندامی تۆڕی ئابوریناسانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، "کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆم ی ئیماراتی کارکردنی دەستپێکردووە لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە کێشە لەسەرەکانی پارێزگای دیالە، بە تایبەت لەو بەشەی کێڵگە نەوتییەکان کە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقدان." دەشڵێت،"بەشێکی کەمی کێڵگە نەوتییەکان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدان، لەم بەشەی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە هیچ کارێک ئەنجام نەدراوە." لە ڕۆژی 25 ی هەشتی ساڵی 2024، هێزێکی حەشدی شەعبی هەوڵیدا بیرە نەوتی چاڵاوخالد لە سنووری ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان کۆنترۆڵ بکات، بیرە نەوتییەکە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدایەو نزیکە لەو کێڵگە نەوتییانەوە کە دراون بە کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆم. هەرچەندە هێزەکەی حەشدی شەعبی کشایەوەو بیرە نەوتی چاڵاو خالید تا ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە، بەڵام گومان دەکرا ئامانج لە ناردنی هێزەکەی حەشدی شەعبی بۆ جێگیرکردنیان بووبێت لەسەر ئەو بیرە نەوتییەو بەستنەوەی بیرەکە بە کێڵگەکانی ناحیەی قەرەتەپەوە. کارکردنی کۆمپانیا ئیماراتییەکە لە کێڵگە نەوتییەکانی سنووری ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە لەکاتێکدایە، ئەو ناوچانە ناوچەی کێشە لەسەرن و هێشتا چارەنوسیان لە نێوان هەرێم و بەغدا یەکلایی نەکراوە، بەهەمان هۆکار حکومەتی هەرێم دژی رێککەوتنی نێوان عێراق و کۆمپانیای بی پی بەریتانی بۆ وەبەرهێنان لە نەوتی کەرکوک وەستایەوە. ڕۆژی 14 ی مانگی یەکی 2025، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی واژۆ کرد، بە پێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە ئەو کۆمپانیا بەریتانییە گەشە بە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک دەدات و کاریان تێدا دەکات. ڕێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای بی پی بەریتانی ناڕەزایەتی حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوە، بەو پێیەی کەرکوک ناوچەی کێشە لەسەرەو عێراق بە بێ ڕەزامەندی هەرێمی کوردستان گرێبەستەکەی ئەنجامداوە. لە ڕاگەیەنراوێکدا کە لە ڕۆژی 13 ی ئەم مانگە بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی بۆ پەرەپێدان بە نەوتی کەرکوک بە تاکلایەنە ناوبردو ڕایگەیاند،"حکومەتی عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات، بە بێ ئەوەی ماددەکانی دەستور بە گشتی و بە تایبەت هەردوو مادەی 140 و 112، لەبەرچاو بگرێت."
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، دەیەوێت بە زووترین کات لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە بە شەڕێکی گاڵتەجاڕانە وەسفی کردووە. دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "بە گوێرەی ئەوەی دەیبیستم، پۆتین دەیەوێت لەگەڵم کۆببێتەوە، هەر ڕۆژێک کە ئێمە کۆنابینەوە، سەربازەکان لە بەرەکانی شەڕدا دەکوژرێن". ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا پێی وتووە کە ئامادەیە بگەنە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە. لە وەڵامی پرسیارێکدا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە کە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بەبێ هەوڵی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی نەدەهات و دیسانەوە هۆشداریی دا لە دەرئەنجامەکانی ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا. دۆناڵد ترامپ وتی: ئێمە لە غەززە گەیشتینە ڕێککەوتن و بەبێ ستیڤ ویتکۆف ئەوە ڕووی نەدەدا و ئەگەر ئاگربەستی ئەوێ بەڕێوەنەچێت لێکەوتەکانیشی دەبێت. هاوکات هیوای خۆی دەربڕی کە کێشەکانی پەیوەست بە ئێران چارەسەر بکرێن بەبێ ئەوەی پێویست بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات و هەروەها ڕاپۆرتی فاینانشیاڵ تایمزی سەبارەت بە ڕاسپاردنی ستیڤ ویتکۆف بۆ مەلەفی ئەتۆمی ئێران ڕەتکردەوە. دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: زۆر باش دەبێت ئەگەر کێشەکان لەگەڵ ئێران چارەسەر بکرێن بەبێ ئەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانیان بکرێت، سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕەتیکردەوە وەڵامی پرسیارێک بداتەوە سەبارەت بە پشتیوانییەکانی بۆ ئەگەری هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام هیوای ئەوەی دەربڕی کە کێشەکان بەبێ پەنابردن بۆ ئەو جۆرە ڕێوشوێنانە چارەسەر بکرێن.
