ــ ئێستا پرۆسەی جێبەجێکردنی ناڕوونە ــ لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێم راگیراوە ئەندامێکی لیژنەی نەوت، گاز‌و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەردوولا لەسەر دۆسیەی نەوت رێککەوتوون، بەڵام پرۆسەی جێبەجێکردنەکەی ناڕوونە. عەلی مەشکوور، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند: حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دۆسیەی نەوت رێککەوتوون، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆسەی جێبەجێکردنی ناڕوونە و نازانرێت چۆنە. بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە.
ــ 1340 حاڵه‌ت نەگەیشتوونەتە چارەسەرو بە تەڵاق و جیابوونەوە کۆتایی هاتووە ــ توانراوە لە کوردستان 522 پرۆسەی سوڵح و ئاشتەوایی ئەنجام بدرێت ــ 922 سیمینار‌و خول و وانەی زانستی و شەرعی سازكراوه یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئاماری گرنگترین كار‌و چالاکیەکانی له‌ساڵی 2024 بڵاوكرده‌وه، به‌پێى ئاماره‌كان، بەراورد بە ساڵی 2023، کێشەی خێزانی لە ساڵی 2024 زیادیان کردووە، بەڵام جیابوونەوە کەم بووەتەوە. بە پێی زانیاری و ئاماری لێژنەکانی فەتوا لە هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو کێشانەی روویان کردۆتە لقەکانی یەکێتی زانایان لە ساڵی 2024 بەتایبەت بە بواری کێشەی خێزانی بریتی بووە لە (3461) حاڵەت و لە نێویاندا ئەوانەی نەگەیشتوونەتە چارەسەرو بە تەڵاق و جیابوونەوە کۆتایی هاتووە بریتی بوونە لە (1340) حاڵەت. هەر بەپێی ئامارەکە سەرەڕای دەرکردنی (14) فەتوای فەرمی؛ ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان و لێژنەکانی فەتوای سەر بە لقەکان (5921) پرسیاری شەرعی هاوڵاتیانی وڵام داوەتەوەو (1078) کێشەی میرات و زەوی و زار‌و (1168) کێشەی مامەڵەو بازرگانی و کرین و فرۆشتنی چارەسەر کردووە. هەروەها توانراوە لە کوردستان (522) پرۆسەی سوڵح و ئاشتەوایی ئەنجام بدرێت، کە بەشێکیان کۆمەڵایەتی و خێزانی و بەشێکیان پەیوەست بوون بە کێشەی مامەڵەو میرات و زەوی و زار‌و تەنانەت کێشەی خوێنداریش بووە. لە لایەکی تریشەوە یەکێتی زانایان لەماوەی یەک ساڵ توانیویەتی (922) سیمینار‌و خول و وانەی زانستی و شەرعی ساز بکات و، بەشداری (37) کۆنفرانسی زانستی و پیشەیی لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و دەرەوە بێت، لەگەڵ ئەوەش (98) توێژینەوەو بابەتی زانستی و رۆشنبیری بڵاوکردۆتەوەو، (81) پەیام و پۆستەری سۆشیال میدیایی وەک دەربڕینی هەڵوێست و دیدگای یەکێتی زانایان هەبووە، سێ بەرهەمی چاپکراویشی کەوتۆتە بەردیدی خوێنەران. هەر بە پێی ئاماری سألی رابردوو، توانراوە (754) پرۆسەی کۆمەکی و هاوکاریکردن ئەنجام بدرێت، لەگەڵ ئەوەش توانراوە گرفت و کێشەو خواستی (741) مامۆستای ئایینی چارەسەر بکرێت.
به‌پێى ئامارێك كه ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاویكردوه‌ته‌وه ته‌نها له‌ساڵى رابردوودا (2024) ٥٦٣ میلیشیای ئێرانی و لایەنگری ئێرانی لە ڕەگەزنامەی سوری و عێراقى و ئه‌فغانى و نه‌ته‌وه‌كانى تر كوژراون. میلیشیاکانی ئێران لە ساڵی 2012 وە تا ڕووخانی ڕژیمى به‌شار ئه‌سه‌د له لە 8ی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردووی 2024 لە سوریا جێگیر کرابوون. روانگه‌ى سورى ده‌ڵیت دیارترینیان ئه‌و هێزانه‌ى له‌سوریا جێگیركرابوون، بریتى بوون له سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنان، جگە لە میلیشیاکانی نەتەوە جیاوازەکانى وەک لیوای فاتمیونی ئەفغانستان، لیوای زەینەبیونی پاکستانی، لیوای ئەبوفه‌زل عەباسی عێراقی، لیواکانی حزبوڵڵای عێراق، عەسائیب ئەهلی حەق، هێزەکانی محەممەد باقر سەدر، لیوای ئیمام حسێن، لیوای ژو الفقارو لیوای قودسی فەلەستین. به‌پێى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئه‌وانه‌ى كوژراون له‌سوریا به‌مجۆره‌بوون 188 كه‌سى ڕەگەزنامەی به‌ده‌ر سوری لەلایەن ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج -لە هێرشەکانی ئیسرائیل‌دا ١٦٤ هاوڵاتی سوریا کوژران - 73 بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی - 44 کەس کە زۆربەیان خەڵکی سوریان، لەلایەن ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیەوە کوژراون. - 40 سوری لە تیرۆرکردندا - کوژرانی 22 هاوڵاتی سووری لەلایەن گروپه جیهادییەکانەوە - 21 لە تێکهەڵچووندا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات - 4 سووری لە تەقینەوەدا کوژراون - 3 عێراقی بە تەقە کوژراون
عالیە نسەیف ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: حکومەتی عێراق نزیکەی ٥٠ ملیار دیناری لە تێوەگلاوانی دزی سەدە وەرگرتووەتەوە. دەشڵێت پرۆسەکانی ریشەکێش کردنی گەندەڵی ئەوانەش دەگرێتەوە کە دۆسیەی مڵک و ماڵیان ساختەکردووە. ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگەیاند: زۆرینەی وەزارەت و پارێزگاکان لیژنەی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ بەرگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.
ــ رێگە بە قسەکردن لە بارەی گۆڕینی سیستمی سیاسی نادەین له عيراق عێراق پەرۆشە بۆ یارمەتیدانی گەلی سوریا بۆ تێپەڕاندنی ئەو هەلومەرجە سەختە سەرۆک وەزیرانی عێراق، جارێكى تر جەختی لەوە کردەوە کە عێراق دەستوەردان لە کاروباری سوریا ناکات، هەمان هەڵوێستی پێشووى نوێکردەوە. ئه مڕۆ شه‌ممه له به یاننامه کانیدا محه‌مه‌د شیاع سودانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، ڕوونیکرده وه ، حکومه‌ته‌که‌ی له‌سه‌ره‌تای ڕووداوه‌کانی سوریاوه ویستی وابووه لایه‌نگری هیچ لایه‌ن و گرووپێک نه‌بێت و هه ڵبژاردن بۆ سورییه کان جێبهێڵێت بۆ بڕیاردان له چاره‌نووسی خۆیان. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت وڵاتەکەی (عێراق) ڕزگارکردووە، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، لەوەی ببێتە گۆڕەپانی شەڕ. ئەو پێیوابوو کە ناوچەکە زیاتر لە ساڵێکە شایەتحاڵی پێشهاتە گرنگ و سەرەکییەکان بووە کە لە ئەنجامدا گۆڕانکاری سیاسی کاریگەر بووە، دیارترینیان لە سوریا. سودانى ئاماژەی بەوەشکردوه کەسانێک هەن هەوڵیانداوە گۆڕانکارییەکان لە سوریا بەیەکەوە ببەستنەوە بۆ ئەوەی قسە لەسەر گۆڕینی سیستەمی سیاسی عێراق بکەن، ئەمەش شتێکە کە جێگەی گفتوگۆ نییە. سەرۆک وه‌زیرانى عێراق جەختی لەسەر پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ یارمەتیدانی گەلی سوریا بۆ تێپەڕاندنی ئەو هەلومەرجە سەختە، بە پاڵپشتیکردنیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لە چوارچێوەی ڕێبازێکی دادپەروەرانەی دیموکراسی کە مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا بپارێزێت. لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا‌و دەستبەسەرداگرتنی کاروباری سوریا لەلایەن ئیدارەیەکی نوێ بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع (سەرۆکی تەحریر شام)، هاوکات حەزی خۆی بۆ پاراستنی سنوورەکان ده‌بڕى به‌تایبه‌تى عێراق.
ــ داوا له حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن كه لێپرسینه‌وه له به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان بكات ــ داوا له‌په‌رله‌مانتارانى كوتله عه‌ره‌بیه‌كان ده‌كه‌ن، پشتیوانیان بن ـ بڕوایان به‌هیچ په‌رله‌مانتارێكی كورد نه‌ماوه‌و ناتوانن، بوێرانه به‌رگری له موچه‌ی دزراویان بكه‌ن ده‌سته‌ی داكۆكی له مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازیی ڕایگه‌ده‌یه‌نن، داوا له‌په‌رله‌مانتارانى كوتله عه‌ره‌بیه‌كان ده‌كه‌ن، پشتیوانیان بن و فشار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى موچه‌كانیان ته‌وتین بكرێت و نه‌درێته ده‌ست حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا، ئه‌مرۆ شه‌ممه ده‌سته‌ی داكۆكی له مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی نارازیی به‌یاننامه‌یه‌كیان بۆ رایگشتى خوێنده‌وه‌و تیایدا ئه‌وه خراوه‌ته ڕوو، بڕوایان به‌هیچ په‌رله‌مانتارێكی كورد نه‌ماوه‌و ناتوانن، بوێرانه به‌رگری له موچه‌ی دزراویان بكه‌ن. ده‌سته‌ى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران داوا له په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌كانی حقوق، سادقون، بابلیۆن، ده‌وڵه‌تی یاسا، ڕه‌وتی حیكمه و سه‌ربه‌خۆكان د. یوسف كیلابی و مسته‌فا سه‌نه‌د ده‌كه‌ن فشار بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌وتینی موچه پاڵپشت به بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق. له‌به‌شێكى دیكه‌ى به‌یاننامه‌كه‌ى ده‌سته‌ی داكۆكی له مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازیی، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌كراوه، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم كه‌وتوه‌ته هه‌ڵه‌ی ڕون و چه‌واشه‌كاری ڕای گشتی، خۆیان ده‌ڵێن شایسته‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی بریتییه له 11 ترلیۆن و 576 ملیار دینار، هه‌ر خۆیان ده‌ڵێن، حكومه‌تی عێراق 10 ترلیۆن و 752 ملیار دیناری بۆ تێكڕای ساڵه‌كه، ئه‌گه‌ر ئه‌و 442 ملیار دیناره‌ی كه هێشتا نه‌گه‌یشتوه‌ته هه‌ژمار بكرێت، كه‌واتا به‌غدا زیاتر له 11 ترلیۆن و 200 ملیار دیناری ناردوه له 2024دا. ده‌سته‌ی داكۆكی له مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه، ده‌سه‌ڵاتداران و بانكه‌كانی هه‌رێم جیگه‌ی متمانه‌ى ئه‌وان نین و نابن، ده‌ڵێن "له‌ئێستادا تاكه چاره‌سه‌ر ده‌رهێنانی ده‌ستی به‌رپرسانی هه‌رێمه له موچه‌ی خه‌ڵك و ته‌وتینكردنی موچه له‌سه‌ر هه‌ردو بانكی ڕه‌شید و ڕافیده‌ین. هاوكات داواش له حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن كه لێپرسینه‌وه له به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان بكات، ده‌ڵێن :هه‌ڵه‌كانی ساڵی ڕابردو دوباره نه‌كه‌نه‌وه و لێپرسینه‌وه له به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان بكرێت ده‌رباره‌ی موچه‌ی مانگی 12ی ساڵی ڕابردو".
ــ بەشار هانای بۆ ئێران برد تا نەوت هەناردەی سوریا بکات ــ بەشار پشتی بە ماددەهۆشبەرەکان و تیرۆر دەبەست بۆ بەدەستهێنانی داهات عەبدولرەحمان را‌شد نوسەر و رۆژنامەنووسی گەورەی عەرەب، لە نوێترین وتاریدا کە لە ژمارەی ئەمرۆی رۆژنامەی شەرقلئەوسەت بڵاوکراوەتەوە، رۆشنایی خستوەتە سەر ساڵەکانی کۆتایی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدو سەرچاوەی داهاتی ئەو وڵاتە کە ماددە هۆشبەرەکان گەورەترین سەرچاوەی داهاتیبووە. عەبدولرەحمان راشید دەڵێت: دوای ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات زۆرینەی کێڵگە نەوتییەکانی کۆنترۆڵ کرد بەشار هانای بۆ ئێران برد تا نەوت هەناردەی سووریا بکات. دەشڵێت: دوای وشکببونی سەرچاوەی داهاتیش بەشار پشتی بە ماددەهۆشبەرەکان و تیرۆر دەبەست بۆ بەدەستهێنانی داهات و دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە. هەر لە وتارەکەیدا عەبدولرەحمان راشید دەڵێت بەشار ئەسەد خۆشی هەرگیز نکۆڵی لەو جۆرە بازرگانییە نەکردووە و لە ناوەندە دیبلۆماتیەکان وەک کارتی فشار بەکاریدەهێنان.
ــ سبەینێ لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر و باران دەستپێبكات ــ پلەکانی گەرماش یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات سبەینێ لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر و باران دەستپێبكات، بەڵام ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ ده‌بێت. بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە 4.1.2025، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبوونی هەندێک پەڵەهەورو پلەکانی گەرماش یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ نزم دەبنەوە. بەڵام سبەی یەکشەممە، ئاسمان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و پێشبینی بارینی نمەباران دەکرێت بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکاندا، ئەگەری بارینی بەفرێکی کەمیش هەیە لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکاندا، پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو به‌مجۆره‌یه : هەولێر: 13 پلەى سیلیزى سلێمانی: 13 پلەى سیلیزى دهۆک: 14 پلەى سیلیزى کەرکوک: 14 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 13 پلەى سیلیزى زاخۆ: 14 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 5 پلەى سیلیزى سۆران: 11 پلەى سیلیزى گەرمیان: 16 پلەى سیلیزى
ــ لەگەڵ دەیمرتاش گفتوگۆ لەبارەی نامە حەوت خاڵییەكەی ئۆجەلان دەكەن ــ شانده‌ى ده‌م پارتى سەردانی پارتەكانی ناو پەرلەمانی توركیا بكەن ــ لەگەڵ پارتی ئاییندە و ئاکەپە و پارتی سەعادەت كۆده‌بنه‌وه ئەو شاندەی دەم پارتی لە كۆتای ساڵی ڕابردوو سەردانی ئیمراڵییان کرد‌و دیداریان لەگەڵ ع.بد.و.ڵا ئ.ۆج.ه‌لا.ن ئەنجامدا، بەرنامەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی توركیا ڕاگەیاندو بڕیاریشه سه‌ردانى سەڵاحەدین دەمیرتاش بكه‌ن. شاندى پارتی یەكسانی و دیموكراتی (دەم پارتی) كە پێكهاتون لە پەروین بوڵدان و سری سورەیان ئۆندەرو ئەحمەد تورك، لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لەگەڵ ئۆجه‌لان لە ئیمراڵی کۆبوونەوەو دوای ئەم کۆبوونەوەیە دەستیان بە دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی توركیا کرد. بڕیاره رۆژی 6 و7 ئەم مانگە ئه‌و شانده‌ى ده‌م پارتى سەردانی پارتەكانی ناو پەرلەمانی توركیا بكەن، دواتر لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشوی پارتی دیموكراتی گەلان لە زیندانی ئەدرنە كۆببنەوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكان، بڵاویانكردووەتەوە، شانده‌كه‌ى ئیمرالی لەگەڵ دەیمرتاش گفتوگۆ لەبارەی نامە حەوت خاڵییەكەی ئۆجەلان دەكەن، كە (29) مانگی رابردوو و رۆژێك دوای سەردانی وەفدەكەی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، ناوەرۆكەكەی بۆ رای گشتی بڵاوكرایەوە. هاوكات شاندەكەی دەم پارتی لە ٦ی کانوونی دووەم لەگەڵ پارتی ئاییندە و ئاکەپە و پارتی سەعادەت، لە ٧ی کانوونی دووەم لەگەڵ پارتی سەرلەنوێ ڕەفا و دەڤا کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەم پارتی ئاشکرای کردوە، شاندەکە ڕۆژی ٦ی کانوونی دووەم کاتژمێر ١١:٠٠ لەگەڵ سەرۆکی گشتی پارتی ئاییندە ئەحمەد داودئۆغڵو لە ناوەندی گشتی کۆدەبێتەوە. پاشان کاتژمێر ١:٣٠ سەردانی ئاکەپە دەکەن. دوایین کۆبوونەوەی ئەو ڕۆژە کاتژمێر ٣:٣٠ لە ناوەندی گشتی پارتی سەعادەت لەگەڵ سەرۆکی گشتی مەحمود ئاریکان بەڕێوەدەچێت. شاندەکە ڕۆژی ٧ی کانوونی دووەم کاتژمێر ١:٠٠ لەگەڵ سەرۆکی گشتی پارتی دەڤا عەلی باباجان لە ناوەندی گشتی پارتەکە کۆدەبێتەوە. هەمان ڕۆژ کاتژمێر ٣:٣٠ لەگەڵ سەرۆکی گشتی پارتی سەرلەنوێ ڕەفا فاتیح ئەربەکان لە ناوەندی گشتی پارتی سەرلەنوێ ڕەفا کۆدەبنەوە.
بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی بڵاوی كردووەتەوە، سبەی دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ١١ دەكرێ، بەڵام ئەوانەی بە (هەژماری من) مووچە وەردەگرن، مووچەكانیان پێش دەخرێت سەرچاوەیەک لە تیمی ھەژماری من دەڵێت: سبەی یەکشەممە مووچەی مانگی ١١ی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەر دەچێتە سەر ھەژمارەکەیان و دەتوانن وەری بگرن . بۆ مووچەی ئەم مانگە فەرمانبەران دەتوانن لە ٥٥٠ ئامێری پارەڕاکێشان (ئەی تی ئێم) لە ٢٠٠ شوێنی جیاواز لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان مووچەکانیان رابکێشن.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەى بەمەرج ئامادەى دانوستانە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەى. عەباس عێراقچى، وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی ئامادەن بچنە سەر مێزى گفتوگۆ بۆ دانوستانی بنیادنەرانە. راشیگەیاند ئامادەن بەبێ دواکەوتن دانوستان لەسەر بەرنامەى ئەتۆمیی ئێران بکەن، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن. ئاشکراشی کرد خولێکی دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا ئەنجامدراوە. خولی دووەمی دانوستانەکان یەکلایی بووەتەوە و لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپی ئەنجام دەدرێت.
ــ دەبێت چەکەکان بێدەنگ بن لە باکوری سوریادا ــ ئێمەو هەسەدە پێکەوە شەڕی دژی داعشمان کردووە لە پێناو ئایندەی سوریادا. وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئەو لێدوانانەی ڕەتکردەوە، كه گوایا وەزیره‌كه‌یان، سەبارەت بە "داماڵینی چەک"ی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەو ناوچانەی کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنتڕۆڵکراون، دوای ئەوەی لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عەرەبی و نێودەوڵەتییەوە بڵاوکرانەوە. له‌كاتى سەردانەکەی ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بۆ سوریا، هەندێک لە میدیاکان بڵاویانكرده‌وه، گوایا وه‌زیرى ناوبراو داوایكردوه لە پ.ارتی ک.رێک.ارانی کوردستان و ی.ەک.ینەک.انی پ.اراست.نی گ.ەل و هەروەهاش هێزەکانی سوریای دیموکرات تا چەک دابنێن و بەشداری لە پرۆسەی سیاسی سوریادا بکەن، ئەو میدیایانە بە ناوی وەزیری دەرەوەی فەڕەنساوە ئه‌وه‌شیان خستوه‌ته روو "هەرگیز ڕێگە بە تێرۆریزم نادرێت لە سوریادا." ژمارەیەک لە میدیای کوردی و عەرەبیش ئەو هەواڵە هەڵبەستراوەیان بڵاو کردۆتەوە. راگه‌یه‌ندراوه‌كه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كاته‌وه، فەڕەنسا داوای کۆتاییهاتن دەکات بە شەڕ لە باکوری سوریا‌و داوا دەکات چارەسەرێكى سیاسی هەبێت کە هاوبەشە کوردەکانمان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕۆڵیان هەبێت لەو پرۆسەیەدا و ئێمەو هەسەدە پێکەوە شەڕی دژی داعشمان کردووە لە پێناو ئایندەی سوریادا. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، هاوکاتی سەردانەکەی بۆ سوریا داوا لە فەرمانڕەوایانی نوێی ئەو وڵاتە دەکات بگەنە ڕێککەوتن لەگەڵ کاربەدەستانی کورددا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا. ژۆن نۆوێل بارۆ دەڵێت "دەبێت چەکەکان بێدەنگ بن لە باکوری سوریاداو دەبێت بگەنە چارەسەرییەکی سیاسیانە لەگەڵ کورددا کە هاوپەیمانی فەڕەنسان و بەتەواوەتیش ئاوێتەی ئەم پرۆسە سیاسییە بێت کە لەمڕۆوە دەستپێدەکات و دەبێت ئاگربەست هەمیشەیی بێت."
ــ لە 19 پارێزگادا ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمبووەتەوە ــ لە سەدا 40ی بەنداوەکانی وڵات ئاویان تێدایە، به‌شێكى زۆریان بەتاڵن ــ مانگی یەکەمی زستان ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمتر بووە لە ڕێژەی ئاسایی به‌رپرسێكى باڵاى ئێران، هۆشدارى توندیدا و رایگه‌یاند قەیرانی ئاو و وشکەساڵی لەو وڵاته روده‌دات و ڕووبەڕووی بارودۆخێكى سه‌ختى بێ ئاوی دەبێتەوە، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌سه‌رانسه‌رى وڵات‌دا ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمبووەتەوە. ئەحمەد وه‌زیفى، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی قەیران و وشکە ساڵی ئێران، له‌چاوپێكه‌وتنێكى رۆژنامه‌وانیدا وتی: له‌وەرزی پاییز به کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین بە ڕێژەی لەسەدا ٤٣ کۆتایی هات، مانگی یەکەمی زستانیشدا ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمتر بووە لە ڕێژەی ئاسایی، ئاماژەی بەوە کرد تا ئێستا هیچ پێشبینییەک بۆ ساڵێکی باراناوی لە وڵات‌دا تۆمار نەکراوە. لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، ڕێکخراوی کەشناسی ئێران ڕایگەیاند، لە 19 پارێزگادا ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمبووەتەوە، گەورەترین کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین بە ڕێژەی 89 لەسەد لە پارێزگای سیستان و بەلووجستان بووە، هەروەها پارێزگای هورمزگان بە کەمبوونەوەی 77 لەسەد لە پلەی دووەمی ئەو پارێزگایانەی کەمترین باران باریوە. ئەو بەرپرسە لە ڕێکخراوی کەشناسی دووپاتی کردەوە کە ئێران ڕەنگە شاهیدی ناهاوسەنگییەکی گه‌وره‌بێت لە دابەشکردنی ئاودا، ئەگەر بارانبارین لە ماوەی باقی ساڵدا به‌مجۆره بەردەوام بێت لە کەمبوونەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوو هەفتەی داهاتوودا دۆخەکە باشتر نابێت، ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە ناوچە شاخاوییەکانی وڵات لە ئێستادا بەفریان نییە، یان تا ئێستا بەفرێکی بەرچاویان لێ نه‌باریووه، هەروەها باسی لە دۆخی ڕووبارەکان و سەرچاوە ئاوییەکان کرد، وتی: کەمتر لە سەدا ٤٠ی بەنداوەکانی وڵات ئاویان تێدایە، به‌شێكى زۆریان بەتاڵن. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دەتوانرێت پشت بە شێوازەکانی دیکە ببەسترێت، وەک بارانکردنی دەستکرد یان كێشكردنى هەور، ئه‌حمه‌د وه‌زیفى وتی پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئایا ئەم شێوازانە کاریگەرن، جەختیشی لەوە کردەوە کە کاریگەریی ئەم شێوازانە بەس نییە بۆ پشتبەستن لەسەریان بە شێوەیەکی بەرفراوان.
ــ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا، سه‌دو هەشتا پلە بەپێچەوانەی ئەوه‌ى جەزیرەوە باسیكردوه قسه‌ى كرد ــ کاتی ئەوە هاتوە کە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا چەکەکان بێدەگببن. ــ بەشێک لە میدیای کوردیش کەوتونە هەڵەوە عادل باخه‌وان نوسه‌رو چاودێرى سیاسى، رایده‌گه‌یه‌نێت له‌كاتى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ سوریا، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا، سه‌دو هەشتا پلە بەپێچەوانەی ئەوه‌ى جەزیرەوە باسیكردوه، قسه‌ى كرد‌و وتی لە سوریادا کورد هاوپەیمانی فەرەنسایە لە جەنگ دژ بە تیرۆریزمدا، دەبێت لە سوریای نوێ‌دا بە پرۆژەیەکی سیاسی پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ئه‌مرۆ هه‌ینى، ژان نۆوێل بارۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا، ئوه‌ك یەکەم به‌رپرسى باڵاى حكومه‌تى فه‌ره‌نسا، سەردانی سوریاى كرد. عادل باخه‌وان، له‌په‌ره‌ى تایبه‌تى خۆى له‌تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك نوسینێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەدو هەشتا پلە بەپێچەوانەی ئەمەی جەزیرەوە قسەی کردوەو بەزمانێکی فەرەنسی پاراو وتی: لە سوریادا کورد هاوپەیمانی فەرەنسایە لە جەنگ دژ بە تیرۆریزمدا، دەبێت لە سوریای نوێ‌دا بە پرۆژەیەکی سیاسی پرسی کورد چارەسەربکرێت. ئه‌و نوسه‌ره له‌به‌شێكى دیكه‌ى نوسینه‌كه‌یدا به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌رنساى گواستوه‌ته‌وه، كه وتویه‌تى: کاتی ئەوە هاتوە کە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا چەکەکان بێدەگببن و بەسیاسیانە گرفتەکانە چارەسەر بکرێن. عادل باخه‌وان ره‌خنه‌ى توند له‌كه‌ناڵى جه‌زیره‌ى ده‌گرێت و ده‌ڵێت :بەداخەوە جەزیرە بە هەڵەبوبێت یان بە ئامانج، تەواوی لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسای تێکداوەو بەشێک لە میدیای کوردیش ڕاستەوخۆ لە جەزیرەیان وەرگرتوەتەوە و بڵاویانکردوەتەو کەوتونەتە هەمان هەڵەوە، بەبێ بەدوادا چون.
ــ تەرمی به‌شێك له‌و چەكدارانه، کەوتونەته دەستی هێزەکانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى مه‌نبه‌ج ــ هێرشەکە بە هاوکاری ٥ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و تانک بووه. ــ پاش شکاندنی هێرشەکانی دوژمن و نوسینەوەی داستانی قارەمانێتی، 11 شه‌رڤان شەهیدبوون ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج، رایده‌گه‌یه‌نێت لە دوێنێوە لە باشوور‌و ڕۆژهەڵاتی شارەکە شەڕڤانان له‌شه‌رێكى سه‌ختدا له‌گه‌ڵ داگیرکەراندا، تا ئێستاش توانیویانه ٧٢ داگیركه‌ر لەم شەڕەدا بکوژن و دەیان كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون، و شه‌رو پێكدادانه‌كانیش به‌رده‌وامن. له‌به‌شێكى ڕاگەیاندراوەکەدا، ئه‌وه رونكراوه‌ته‌وه بەرخۆدانی هێزەکانى ئەنجوومەنی سەربازیی مەنبەج، له‌دوێنێوه تا ئه‌مڕۆ ژمارەی کوژراوانی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانیان گەیاندوه‌ته ٧٢ داگیرکەرو دەیان داگیرکەریش بریندار بوون. هەروەها تەرمی به‌شێك له‌و چەكدارانه، کەوتونەته دەستی هێزەکانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى مه‌نبه‌ج. راگه‌یه‌ندراوه‌كه ئه‌وه‌شى ئاشكراكردووه، ئه‌مرۆ ئۆتۆمبیلێکی چەتەکان تێک شکێندراوه‌و بڕێک چەک و تەقەمەنی کەوتووه‌تە دەست هێزەکانى مه‌نبه‌ج، بەمەش ٧ ئۆتۆمبیل و تانکێک و ٢ ئۆتۆمبیلی دۆشکە هەڵگر لەلایەن ئه‌نجومه‌نه‌كه‌وه تێک شکێندراون. ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى مه‌نبه‌ج، لەبەرامبەر هێرشەکانی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و چەتەکاندا شه‌هیدبوونى 11 شه‌رڤان راده‌گه‌یه‌نێت، ده‌ڵیت: پاش شکاندنی هێرشەکانی دوژمن و نووسینەوەی داستانی قارەمانێتی، شەهیدبوون. به‌پێى راگه‌یه‌ندراوه‌كه هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک چەتەکانی بە بەشداری سەدان ئەندامی حراس ئەل دینی ئۆزبەکی و تورکمانستانی و چیچانی، هێرشیان کردە سەر گوندەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی مەنبەج و گوندەکانی بەنداوی تشرین. هێرشەکەی دوێنێ بە هاوکاری ٥ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و تانک و پانزەر بۆ سەر گوندەکانی عەتشانە، سەیدین، خربە تەوێنی، مەحشیە شێخ عوبەید موستەفا، خربە زەمالە و مستاحە و گردی سیرەتەل و گوندی عەلوش لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی مەنبەج ئەنجامدرا. لە ئەنجامی بەرخۆدانی شەڕڤانەکانمان، هێرشەکە تێک شکێندرا و دەیان چەتە کوژران.
