نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکی میت جەختیکردووەتەوە لە بەهێزکردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغدادو دۆسیەی ئاسایشی هاوبەشیان تاوتوێ کردوە. ئەمڕۆ سێشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق، پێشوازی کردوە لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا ئیبراهیم گولەن و شاندەکەی یاوەری. شاندی تورکیا سڵاوی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی گەیاندوە بە سودانى، هەروەها جەخت کردنەوە لەسەر خواستی بۆ پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو هاوکاری و پێشکەوتنی زیاتر، لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتی دۆستدا. لە دیدارەکەدا تاوتوێی پرسە ئەمنییە هاوبەشەکان و هەماهەنگی زانیاری هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا کرا، بەشێوەیەک ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی سەقامگیری لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان و ناوچەکە بە گشتی.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکارییەکانی هێرشەکانی سەر ئێرانی ئاشکرا کرد، کە ناوی "ساڵی کلاڤی"ی لێنراوە و لە 12ـی حوزەیرانەوە دەستی پێکردووە، ئاماژەی بەوەش دا، ئەم هێرشە دەرئەنجامی ئامادەکارییە ستراتیجییە درێژخایەنەکان بووە. کاتز وردەکارییەکانی بۆ ڕۆژنامەی ئیسرائیلی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت خستەڕوو و گوتی: ڕەوتی ئامادەکارییەکان بۆ هێرشەکەی سەر ئێران، هەموو شتێک لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی لە تشرینی دووەمی 2023 دەستیپێکرد، بڕیارێکی سەرەتایی درا بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی سنووردار دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی فۆردۆ، کە ناوی کۆدی 'ئۆپەراسیۆنی شین و سپی'ـی لێنراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، لەو قۆناغەدا ئیسرائیل هێشتا ئەو توانایە تەواوەی نەبووە کە بتوانێت بچێتە قووڵایی ناو جەرگی ئێران و چەندان جار لێی بدات، کاتز ئەمەی بە ڕۆڵی ئەڵتەرناتیڤ وەسف کردووە، ئەوەش بەهۆی توانای مووشەکەکانی ئەمەریکا. باسی لەوەش کرد، هەواڵگری سەربازی بە بە هاوبەشی پلانی یارمەتیدەر دادەڕێژێت. یەکەمیان ئۆپەراسیۆنی 'نارنیا' بوو کە زانایانی بەشدار لە پرۆژەی ئەتۆمی ئێران کردە ئامانج. دووەمیان پلانێک بوو بۆ پەکخستنی سیستەمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن بۆ ئەوەی ئێران لە توانای هەماهەنگی و وەڵامدانەوەی دەستبەجێ پەکبخات. سێهەمیشیان هێرشی سەرەتا بوو لەدژی دیارترین سەرکردە ئەمنییەکانی ئێران. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بیرۆکەی بە ئامانجکردنی سەرکردایەتی بۆ تێکدانی مۆڕاڵ و تواناکانی سەرکردایەتی لە کۆبوونەوەیەکدا وروژێندرا، ئەوەش لە مانگی کانوونی دووەمدا بەڕێوە چوو. ئەمەش لە ئۆپەراسیۆنی 'زەماوەندی سووردا' بەرجەستە بوو کە چەندان فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانیان کوشت، لەوانە فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەمیر عەلی حاجی زادە. کاتز گوتیشی: "لە مانگی کانوونی دووەم، لە میانی کۆبوونەوەیەکی رۆتین بە ناوی 'هێلا'، ئامانجی سیاسی ئۆپراسیۆنەکە داڕێژرا: بۆپەکخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ ماوەیەکی کاتی و خۆپاراستن تاکوو سەقامگیریی لە ناوچەکە درێژ بکاتەوە. لەم خاڵەدا ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی فراوانتر و بوێرانەتر، ناوی لێنرا 'پلانی ئەلتورنادۆ'، ئامانج لێی دروستکردنی کاریگەرییەکی لەناکاو و توند لە قووڵایی تاران دەستیپێکرد.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای ئاگادارکردەوە کە کاندید کراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی. لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ترەمپ لە کۆشکی سپی، نەتانیاهۆ وتی، "پێم خۆشە ئەو نامەیەتان پێ بگەیەنم کە بۆ لیژنەی نۆبڵم ناردووە، کاندیدتان کردووە بۆ خەڵاتی ئاشتی، بەڕاستی ئێوە شایەنی ئەوەن، و پێویستە وەریبگرن". رۆژی دووشەممە بە کاتی واشنتن، ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە نەتەنیاهوو کرد. هەردوو سەرکردەکە هێرشە هاوبەشەکانی ئەم دواییەیان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە "سەرکەوتوو" ناوبردن. ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکانی ترەمپ بەرز دەنرخێنێت "بۆ گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایش لە جیهاندا، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست". لای خۆیەوە ترەمپ، کە نامەکەی پێگەیشتووە، دەڵێت: "من لەو بارەیەوە نەمدەزانی... بۆ من مانای زۆری هەیە کە شتێکی لەم شێوەیە لە ئێوەوە بێت". ترەمپ و نەتەنیاهوو لەگەڵ گەورە راوێژکارانیان لە کۆشکی سپی بۆ خوانێکی ئێوارە کۆبوونەوە، بۆ قسەکردن لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە و گفتوگۆکردن لەبارەی هەوڵەکان بۆ برەودان بە پێشنیازی ئاگربەستێکی 60 رۆژە بۆ راگرتنی جەنگی غەززە. نەتەنیاهوو لە کاتی پێشکێشکردنی نامەی بەربژێرکردنەکە بە ترەمپ، کە گوتی دەینێرێت بۆ لیژنەی دادوەرانی خەڵاتی نۆبڵ، رایگەیاند: "ئەو هەر ئێستا کە قسە دەکەین ئاشتی دەچەسپێنێت، وڵات لەدوای وڵات و ناوچە لەدوای ناوچە." ترەمپ بە روونی رایگەیاندووە کە دوای شەڕی 12 رۆژەی مانگی رابردووی نێوان ئیسرائیل و ئێران، دەیەوێت ململانێی غەززە بەزوویی کۆتایی بێت. کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهوو رەنگە گوشاری زیاتر بخاتە سەر پێشنیازی ئاگربەستەکەی ئەمریکا، کە لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، بەڵام روون نییە کە ئایا دەبێتە هۆی رێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت یان نا. پێش ئەوەی رۆژی یەکشەممە بەرەو واشنتن بەڕێبکەوێت، نەتەنیاهوو ستایشی هاوکارییەکانی ئەمریکای کرد کە "سەرکەوتنێکی گەورەیان بەسەر دووژمنی هاوبەشماندا" بەدەستهێناوە. هەروەها ئاماژەیەکی ئەرێنیی لەبارەی ئاگربەستی غەززەوە دا و گوتی، کاردەکات "بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنەی کە گفتوگۆی لەسەرە، بەو مەرجانەی لەسەری رێککەوتووین."
رۆژنامەى سەباح بڵاویکردەوە، لە گفتوگۆکانى نێوان هەولێر و بەغداد پێشکەوتن بە ئاراستەی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەیە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ئەو پرسە بخرێتە بەرنامەی کارى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران، کە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامبدرێت. رۆژنامەکە لە ژمارەى ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، لە (48) کاتژمێری رابردوودا، چەند کۆبوونەوەیەک و گفتوگۆ ئەنجامدراوە، بۆ گەیشتن بە چارەسەرى کێشەکان، ئەوەش بە گوێرەى دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان. رۆژنامەکە بڵاویشیکردەوە، لەو چوارچێوەیە، رۆژى دووشەممە، محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەبدولـلەتیف رەشید کۆبوونەوە، کە گفتوگۆکانیان لە کۆبوونەوەکە بۆ چارەسەرى کێشەى مووچە بووە. نووسینگەی سودانی لەبارەى کۆبوونەوەکە بڵاویکردەوە، تاوتوێی دۆسیەی دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە و سەرۆککۆماریش باسى لە دۆزینەوەی رێگەچارەی دەستووریی بۆ کێشەکان کردووە. بەگوێرەى رۆژنامەکە، سەردانى رۆژى یەکشەممەى رابردووى مەحمود مەشهەدانى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بۆ هەولێر و کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى پارتیی دیموکراتى کوردستان و حکومەتى هەرێمى کوردستان، پەیوەندى بە گفتوگۆکانى تایبەت بە چارەسەرى کێشەى مووچەوە بووە. هاوکات سەباح سوبجى پەرلەمانتارى عێراق لە پشکى پارتی قسەى بۆ رۆژنامەى سەباح کردووە و دەڵێت، لەو رەشنووسەى ئامادەکراوە بۆ ئەوەى هەولێر و بەغداد لەسەرى رێکبکەون، حکومەتی هەرێم رۆژانە (300) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکات لە ڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ). ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، لە بەرامبەردا هەرێم رۆژانە (46) هەزار بەرمیل وەردەگرێت بۆ بەکارهێنان و پاڵاوتنی ناوخۆیی و پڕکردنەوەى پێداویستییەکان. سوبحی ئاماژەی بەوەشکرد، هیوایەک هەیە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا رێککەوتنەکە رابگەیەندرێت، بۆ ئەوەی بە فەرمی واژۆبکرێت و لە کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق پەسەندبکرێت.
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) راگەیاند. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەهۆی "بارودۆخی ئەمنی"، رێوڕەسمەکە راستەوخۆ پەخش ناکرێت و رۆژنامەڤانانیش ناتوانن ئامادە بن. رۆژی دووشەممە 7ـی تەممووزی 2025، نووسینگەی راگەیاندنی کەجەکە رایگەیاند، رێوڕەسمەکە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام "تاکە رێگە بۆ ئاگادارکردنەوە"ی رای گشتی و میدیاکاران، دانانی شاشەیەک دەبێت لە نزیک شوێنی مەراسیمەکە، کە دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمەکە، تۆمارە ڤیدیۆییەکان پەخش دەکات. کەجەکە داوای لێبووردنی لە میدیاکاران و ئامادەبووان کردووە و رایگەیاندووە: "بە تەواوی لە بڕیاری ئەو کەسانە تێدەگەین کە بەهۆی ئەم گۆڕانکارییەوە بڕیاری ئامادەنەبوون دەدەن و رێزی لێدەگرین، هەروەها داوای لێبووردن بۆ هەر ناڕەحەتییەک دەکەین." ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، 30 گەریلای پەکەکە وەک "نیازپاکی" چەک دابنێن. بەگوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە 80 کەسایەتیی سیاسی، رۆشنبیر و ئەکادیمی لە تورکیا، ئەورووپا و ئەمریکاوە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکە بانگهێشت کراون و هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش بانگهێشت کراون. لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت. 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا رایگەیاند، لە ئەمساڵدا تەنیا لە سنوورى ئیدارەى راپەڕین هەزار و 100 کەس کۆچیان بەرەو ئەوروپا کردووە. بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا ئەوەی خستەڕوو؛ بەگوێرەی ئامارەکانیان، تەنیا لە ئەمساڵدا تاوەکو ئەمڕۆ 7ـی تەمموز، زیاتر لە پێنج هەزار هاونیشتمانی، کە هەزار و 100 کەسیان خەڵکی سنووری ئیدارەی راپەڕینن، هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە. گوتیشی "ئەم ئامارە بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمترە، بەوپێیەى لە سنووری ئیدارەی راپەڕین ژمارەکە زیاتر لە هەزار و 500 هاونیشتمانی بوو، لە تەواوی هەرێمی کوردستانیش نزیکەی شەش هەزار کەسبوو". لەبارەی گەڕانەوەی کۆچبەرانیشەوە سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت؛ لە مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 200 کەس گەڕێندراوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. باسی لەوەشکرد، بەهۆی بێکارییەوە، کۆچی گەنجان دەستیپێکردووەتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی 6ـی تەمموز رێکخراوی لاوانی راپەڕین رایگەیاند، چوونی گەنجان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بۆ ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و تەنیا لەشەوی شەممە 5ـی تەمموز 70 گەنج، لە قەڵادزێوە کۆچیان کردووە. پێشتر ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی رێکخراوی لاوانی راپەڕین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێستا گەنجان رێگەیەکی نوێ بەکاردەهێنن بۆ پەڕینەوە بەرەو ئەورووپا، ئەویش لیبیایە، کە رێگایەکی مەترسیدارە. باسی لەوەشکرد: "ژمارەی ئەو گەنجانەی ئیدارەی راپەڕین کە دەیانەوێت بچنە ئەورووپا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، تەنیا دوێنێ شەو 70 گەنج لە قەڵادزێوە کۆچیان کردووە." ئەحمەد حەسەن گوتی، بەر لە رەمەزانی ئەم ساڵ تەرمی مێرمنداڵێک کە لەو رێگەیەوە هەوڵی گەیشتن بە ئەورووپای دابوو، گەڕێندراوەتەوە هەرێمی کوردستان، "بینیمان گورچیلە، دڵ و جەرگی دەرهێنراوە و بازرگانی پێوە کراوە، ئێمە ترسمان لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە هەیە." گوتیشی، "راستە مووچە و کار نییە، بەڵام ناکرێت گەنجانمان بە 25 هەزار دۆلارەوە لەو رێگەیە بدەن، بەبێ ئەوەی بزانن بە سەلامەتی دەگەنە ئەورووپا یان نا."
بەگوێرەی یاداشتێک کە بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوکراوەتەوە، ئیدارەی ترەمپ ڕۆژی دووشەممە بەرەی نوسرە کە بنکەکەی لە سوریایە، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی هەڵوەشاندەوە. بەپێی ئاگادارییەکی فیدراڵی کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی ئەمریکا دەستنیشانکردنی بەرەى نوسرەی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمەش گۆڕانکاری لە هەڵوێستی فەرمی بەرامبەر بەو گروپە دەردەخات کە ساڵانێک بوو وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوی هاتووە. بەگوێرەی یاداشتێك كە رۆژی 23ی حوزەیران لەلایەن ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە دەرچووەو لە تۆماری فیدراڵی ئەمریكادا بڵاوبووەتەوە، بڕیار رۆژی 8ی تەموز واتا سبەینێ بڕیاری هەڵگرتنی (بەرەی نوسرە) لە لیستی تیرۆر كارا بكرێت. (بەرەی نوسرە) كە ئێستا بووە بە (دەستەی تەحریر شام)؛ لەلایەن ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی)ی سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریاوە سەرۆكایەتیی دەكرێت. شەرع ئەم رۆژانە لە دانوستاندایە لەگەڵ ئیسرائیل، بەنێوەندگیریی سعودیەش چاوی بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا كەوت.
میدیاکانی ڕووسیا ڕایانگەیاند کە وەزیری گواستنەوەی ڕووسیا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە دوورخستنەوەی لەلایەن ڤلادیمێر پوتینەوە. ڕۆژی دووشەممە ئاژانسی هەواڵی تاس لە زاری لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووسیا بڵاویکردەوە، رۆمان ستارۆڤۆیت لە ئۆدینتسۆڤۆ لەناو ئۆتۆمبێلە تایبەتیەکەیدا بە مردوویی دۆزرایەوە. سڤێتلانا پێترێنکۆ، نوێنەری فەرمی لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند: تەرمی وەزیری پێشووتر لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە فیشکەێک بەجەستەوەیەتى. ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەزگاکانی لێکۆڵینەوە لە شوێنی ڕووداوەکە کاردەکەن بۆ دیاریکردنی بارودۆخى ڕووداوەکە و وردەکارى چۆنیەتى مردنەکەى". بەرەبەیانی ٧ی تەمموز بە فەرمانی سەرۆکایەتی رۆمان ستارۆڤۆیت لە کارەکەی دوورخرایەوە، لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بە هۆکاری بڕیارەکەی پوتین نەکراوە. ستارۆڤۆیت لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤ەوە وەک وەزیری گواستنەوە کاردەکات.
پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، تێبینی و پێشنیازەکانی خۆمان سەبارەت بە قۆناخی نوێی پرۆسەی چارەسەری و ئەو کارانەی لەمەودوا دەکرێن گەیاندە ئەردۆغان. پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ئەندامانی شاندی ئیمراڵی (پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان) لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لە کۆشکی سەرۆک کۆمار لە ئەنكەرە، بۆ ماوەى کاتژمێرێک کۆبوونەوە. شاندەکە سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بە نووسراوێک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. "ئەمڕۆ ئەندامانی شاندی ئیمراڵی پارتی دەم، پەروین بوڵدان و میتات سانجار لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبوونەوە، شاندەکەمان بۆچوون و پێشنیارەکانی خۆی سەبارەت بە قۆناغی نوێی پرۆسەکە و ئەوەی لێرەوە بەدواوە دەکرێت، هاوبەشی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە ئیرادەی هەردوولا بۆ درێژەدان بە پرۆسەکە بەردەوامە. وەفدی ئیمراڵی پێكهاتووە لە (پەروین بوڵدان)و (مەدحەت سانجار)، لەلایەن ئەردۆغانیشەوە هەریەكە لە (ئیبراهیم کاڵن) سەرۆکی دەزگای هەواڵگیریی میت و (ئەفکان ئالا) سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە لە پەرلەمانی تورکیا ئامادەبوون. کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەچوو دوای رۆژێك دێت لە دیداری وەفدی (دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لە دورگەی ئیمرالی. بڕیارە لەدوای ئەم كۆبوونەوەیەوە ئیتر پرسی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد لە توركیا بچێتە قۆناغێكی نوێوە.
دادگای باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ 7ـی تەممووزی 2025، کۆبوونەوەی یەکەمی ڕاوێژکاریی بە سەرۆکایەتییە تازەکەی و ئامادەبوونی ئەندامەکانی کرد، بە مەبەستی گفتوگۆ دەربارەی شێوازی کاری دادگا. ئامادەبووان جەختیان لەسەر ئەم بنەمایانە کردەوە: یەکەم: پابەندبوونی دادگای باڵای فیدراڵی بە پسپۆڕییە دەستووریەکانی وەک ئەوەی لە ماددەی (32 و 93) دەستوور و ماددەی (4) ی یاسای ژمارە (30) ساڵی 2005 ی دادگا و ڕاستکراوە بە یاسای ژمارە (25) ی ساڵی 2021 و فراواننەکردنی ئەم پسپۆڕییانە، ئەوەش بە مەبەستی جەختکردنەوە لە سەربەخۆیی دادگا لە وەرگرتنی بڕیارەکان و ڕێگەنەدان بە دەستوەردانی سیاسی لە کارەکانی دادگادا. دووەم: جەخت کردنەوە لە پابەندبوونی دادگای باڵای فیدراڵی لە بێلایەنی و بە یەکچاو تەماشاکردنی هەموو لایەنە سیاسییەکان؛ مەبەست و مەرامی بنەڕەتیی دادگا پاراستنی سیستەمی سیاسی لە عێراق و ڕێزگرتنە لە مافە دەستوورییەکانی گشت پێکهاتەکانی گەلی عێراق. سێیەم: دەستوەرنەدان لە کارەکانی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و ڕێزگرتن لە ئەو بڕیارانەی کە لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەی دەستوور بۆیانی دیاریی کردووە، دەری دەکەن؛ مەگەر ئەوەی پێچەوانەی دەستوور بێت، ئەوەش بە تۆمارکردنی سکاڵای دەستووریی تایبەت، ڕێگریی لێ دەکرێت. هەروا پتەوکردنی جیاوازیی لە نێوان دەسەڵاتەکاندا. چوارەم: جەختکردنەوە لەوەی ڕۆڵی دادگای باڵای فیدراڵی دەربارەی هەڵبژاردنی گشتیی داهاتووی پەرلەمان، بە گوێرەی ئەوەی لە ماددەی (93/حەوتەم)ی دەستووردا بۆی دیاری کراوە دەبێت و دادگا تێکەڵی کێشە سیاسییەکانی تایبەت بەو بابەتە نابێت. پێنجەم: جەختکردنەوە لەوەی کە دادگای باڵای فیدراڵی یەکێکە لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی دادوەری بە گوێرەی حوکمەکانی ماددەی (89) ی دەستوور و لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و پێکهاتەکانی دیکەی دەسەڵاتی دادوەریدا بۆ پتەوکردنی بنەمای داد و ڕێزگرن لە حوکمەکانی دەستوور و یاساکان، کار دەکات. شەشەم: جەختکردنەوە لە هاوکاریی لەگەڵ لایەنە پسپۆڕەکاندا لە ڕێگەی کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری و گفتۆگۆ لەگەڵ موفتی و مامۆستایانی یاسای دەستووری، بە جۆرێک کە خزمەتی کاری دەستووری دادگا بکات.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕۆژی دووشەممە دوای کۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنی ئەمنی لە شاری ئەلبومال و لادێکانی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەسی پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانی ئێران ڕاگەیاند. فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای دێرەزوور، عەقید زەرار ئەلشەملان لە بەیاننامەیەکدا کە وەزارەتی ناوخۆ لە هەژماری سۆشیال میدیای خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەڵمەتێکی ئەمنی بەرفراوان و گشتگیریان لە شاری ئەلبوکامال و دەوروبەری ئەنجامدا و لە ئەنجامدا زیاتر لە 50 کەسی داواکراو بە تاوانی جۆراوجۆر دەستگیرکران. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئەو دەستگیرکراوانە بەتۆمەتى هەڵگرتن و بازرگانیکردن بە چەکی نایاسایی، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیان. ئۆپەراسیۆنەکەى ئەمڕۆ لە چوارچێوەی قۆناغی دووهەمی هەڵمەتی ئەمنی کە دوێنێ (یەکشەممە) بۆ بنبڕکردنی پاشماوەکانی ڕێژیم و میلیشیاکانی سەر بە سپای پاسدارانی ئێران بەتایبەت فەوجەکانی ٤٧ کە لە ناوچەکانی سەکاریە و حەمدانی ئەلبومال جێگیرکراون، دەستیپێکردوە. عەقید زەرار ئەلشەملان، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەو پارێزگایە، ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ژمارەیەک کەسی داواکراو کە تێوەگلاون لەو تاوانانەی کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری دەکەن، دەستگیرکراون.
كۆبوونەوەی وەفدی ئیمرالی و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لە کۆشکی سەرۆک کۆمار لە ئەنكەرە، دەستیپێكرد. وەفدی ئیمراڵی پێكهاتووە لە (پەروین بوڵدان)و (مەدحەت سانجار)، لەلایەن ئەردۆغانیشەوە هەریەكە لە (ئیبراهیم کاڵن) سەرۆکی دەزگای هەواڵگیریی میت و (ئەفکان ئالا) سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە لە پەرلەمانی تورکیا ئامادەن. کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەدەچێت و دوای رۆژێك دێت لە دیداری وەفدی (دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵا ئ.ۆج.الان لە دورگەی ئیمرالی. بڕیارە لەدوای ئەم كۆبوونەوەیەوە ئیتر پرسی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد لە توركیا بچێتە قۆناغێكی نوێوە. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە 6ی تەممووزی 2025، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و ئەندامێتی میدحەت سانجار و ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ لە زیندانی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکیی زیندانیکراوی پەکەکەیان کرد. هەروەها بڕیارە لەم هەفتەیەدا هەم ئۆجەلان پەیامێکی دیکەی هەبێت، هەم ژمارەیەک لە چەکدارانی پەکەکە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە بەرچاوی میدیاکانەوە چەکەکانیان دابنێن.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ژمارەیەك كادیری پارتی؛ هاوكات لەگەڵ دانوستانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە بەغداد لەبارەی نەوت و موچەوە قسەیکرد. لە کۆبوونەوەکەدا ، جێگری سەرۆکی پارتی، تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە. مەسرور بارزانى وتی: هەرێمی کوردستان، نابێت بە هەڕەشە و مەترسی بۆ هیچ لایەک و هەمیشە فاکتەرێکی سەرەکی سەقامگیریی و ئارامی دەبێت لە ناوچەکەدا، هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی سەرۆک بارزانی دا، لە نزیکردنەوەی لایەنە کوردستانییەکان لەیەکتر، بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها لە کارکردن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا. لە بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش ، جێگری سەرۆکی پارتی، دەڵێت: کێشەی ئێمە لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی، کێشەیەکی سیاسییە نەوەک تەکنیکی ، چونکە بەداخەوە لە بەغدا، بە شێوەیەکی ناڕەوا و نادادپەروەرانە و بە جیاکاری و بە شێوەیەکی نادەستووری ، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت . جەختیشی کردەوە، عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش ، قەوارەیەکی دەستووریی هەیە و دەبێ ڕێز لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێم بگیرێت. دووپاتیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان، هەرگیز دەستبەرداری هیچ مافێکی دەستووری خۆی نابێت. ئاماژەشی بەوە دا، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە بەغدان بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا، کێشەی مووچەبڕینی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت. جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: پارتی بە ڕێبەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، داکۆکیکار و پارێزەری یەکەم و سەرەکی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەرەنتی پاراستنی هەرێمە، بۆیە بەهێزبوونی پارتی، بەهێزبوونی کوردستانە و پارتی بە پشتیوانیی خوای گەورە، خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، هەمیشە بەرەو سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت
ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سێیەم گەشتی خۆی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەنجامدەدات، لە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ كۆشكی سپی لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا. دەستەی ئێزگەی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، ناتانیاهۆ، داوای گڵۆپی سەوز لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە ئێران بدات. بەوتەی سەرچاوەكە: لەکاتێکدا ترەمپ و ناتانیاهۆ ئاهەنگ دەگێڕن سەبارەت بە ئەنجامی شەڕەکەیان دژی ئێران، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی تاران بەردەوام نابێت لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پیتاندنی یۆرانیۆم. ئەگەر هەر بەڵگەیەک بە پێچەوانەی ئەمە دەربکەوێت، ئەوا بژاردەی دەستپێكردنەوەی شەڕ وەک ئەگەرێک دەمێنێتەوە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات، بۆ سێیەمین حار سەردانی بۆ کۆشکی سپی دەکات، لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات نزیکەی شەش مانگ لەمەوبەر. دەزگای پەخشی ئیسرائیل لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە کە ناویان نەهێنراوە ڕایگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ ئامادەیە بۆ ئەوەی لە دوای ماوەی 60 ڕۆژەکە شەڕ لە غەززە دەستپێناکاتەوە ئەگەر گونجاو بێت، هەروەها پرسی هاوکاری و دابەشکردنی لە غەززە ئاستەنگ دروست ناکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. لەلایەکی دیکەوە، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل لە سەختی گەیشتن بە "ئامانجە دووانەکانی جەنگ کە گەڕاندنەوەی بارمتەکان و لەناوبردنی حەماسە لە یەک کاتدا"، پلە سیاسییەکانی ئاگادارکردووەتەوە. سوپا داوای لە حکومەت کردووە کە یەکەم شت دیاری بکات کە دەبێت چی بکرێت، هەروەها "پێی وایە گەڕانەوەی بارمتەکان لە غەززە دەبێت لە پێش هەموو شتێکەوە بێت".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی سێ سەربازی دیکەی بەهۆی بەرکەوتەی گازی میسانەوە راگەیاند و دەڵێت، ژمارەی ئەو سەربازانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە هەشت سەرباز. دوێنێ یەکشەممە 06-07-2025 وەزارەتەکە رایگەیاند تیمێکیان ئۆپراسیۆنێکی گەڕانیان بۆ تەرمی سەربازێک لە ئەشکەوتێکی ناوچەی ئۆپراسیۆنی چنگ-قوفڵ لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، بەڵام نەیانتوانیووە تەرمەکەی بدۆزنەوە. وەزارەتی بەرگریی تورکیا باسی لەوەش کردووە، لەکاتی گەڕان 19 سەربازیان گازی میسیانیان هەڵمژیوە و بەهۆیەوە دەستبەجێ پێنج کەسیان گیانیان لەدەستدا و ئەوانی دیکەش چارەسەریان بۆ کرا، بەڵام ئەمڕۆ مردنی ئەو سێ سەربازەی دیکەی راگەیاند. بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، تیمەکە بۆ تەرمی نوری مەلیح بۆزکورت گەڕاون کە لە 28-05-2022 لە هەمان ناوچە کوژراوە.