"كەشتییەكی جەنگی جوانی تر ئێستا بەشێوەیەكی جوان بەرەو ئێران دەڕوات، هیوادارم رێككەوتن بكەن" ئەمە قسەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە. ترەمپ بەم پەیامە هەڕەشە ئامێزە، دواین دەرفەتی خستە بەردەم تاران بۆ ئەوەی لەگەڵ واشنتۆن رێككەوتن بكات. هەر لە پەیوەندیدار بە دۆسیەی ئێرانەوە، شازادە محەمەد بن سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسعود پزیشكیان سەرۆكی ئێران قسەی كرد. بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی فەرمی دەنگوباسەكانی سعودیە (واس)، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا جێنشینی پادشای سعودیە؛ سەرۆكی ئێرانی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی شانشینی سعودیە رێگە نادات بواری ئاسمانی یاخود خاكی وڵاتەكەی بەكاربهێنرێت بۆ هیچ كردەوەیەكی سەربازی دژ بە تاران. "هەڵوێستی شانشینی سعودیە رێزگرتنە لەسەروەری كۆماری ئیسلامی ئێران و، پاڵپشتی هەر هەوڵێك دەكەین كە بتوانێت لەرێگەی دیالۆگەوە كێشەكان چارەسەر بكات و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە بەهێز بكات" شازادەی جێنشینی سعودیە وا دەڵێ؛ كە رۆژانێك وڵاتەكەی نەیاری سەرسەختی ئێران بووە لە ناوچەكەو، گۆڕانكارییەكانی سەردەمی ئیدارەی ترەمپ ئێستا هەڵوێستی بەم شێوەیە پێ گۆڕیوە. لەبەرامبەردا بەپێی ئەوەی میدیاكانی ئێران بڵاویانكردوەتەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا لەگەڵ محەمەد ین سەلمان، سەرۆكی ئێران وتوویەتی: تاران تائێستاش پێشوازی لە هەر هەوڵێك دەكات كە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا كە رێگری لە جەنگ بكات. قسەكەی محەمەد بن سەلمان كە بە دەسەڵاتداری راستەقینەی سعودیە ئەژماردەكرێت، دوای راگەیەندراوێكی هاوشێوە دێت لەلایەن ئیماراتی عەرەبییەوە كە دەڵێ: رێگەنادەین ئاسمان و خاك و ئاوە هەرێمایەتییەكانمان لە هەر كردەوەیەكی سەربازی دژ بە ئێران بەكاربهێنرێت. دۆخی نادڵنیایی لەبارەی ئەگەری وەشاندی گورزی سەربازی لە ئێران وەكو خۆی بەردەوامە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ترەمپ وتی كەشتییەكی جەنگی بەرەو ئێران بەڕێوەیەو خوازیارە ناچار نەبێت بەكاری بهێنێت. ترەمپ پێشتر چەند هۆشدارییەكی بە تاران داوە سەبارەت بە كوشتنی خۆپیشاندەران یاخود بەگەڕخستنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكە، بەڵام لەوكاتەوە ئیتر خۆپیشاندانەكان كە سەرتاسەری ئێرانیان گرتبووەوە، دامركایەوە. ئاژانسی (رۆیتەرز) لەزاری دوو بەرپرسی ئەمریكییەوە دەڵێ: كەشتییەكی فڕۆكەهەڵگری ئەمریكی و چەندین كەشتی جەنگی تر گەیشتونەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش توانای ترەمپ بۆ بەرگریكردن لە هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە یاخود ئەگەری كاری سەربازی دژ بە تاران بەهێز دەكات. كۆماری ئیسلامی بەمدواییە یەكێك لە توندترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی لە مێژووی خۆیدا بەخۆوە بینی، سەرچاوەی ئەم ناڕەزایەتییە خراپی دۆخی گوزەران و بازاڕ بوو، بەڵام دامركایەوە، بەقسەی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ هێزە ئەمنییەكانی ئێران هەزاران كەسیان كوشتووە، نەك تەنیا لە خۆپیشاندەران، تەنانەت لەناو خەڵكی ئاسایدا؛ ئەمەش لە گەورەترین هەڵمەتی سەركوتكاریدا لەدوای ساڵی 1979وە كە تێیدا دەسەڵات لە ئێران كەوتە دەست ئاخوندەكانەوە. دەسەڵاتدارانی ئێران بەرپرسیارێتی ناڕەزایەتییەكانی ئەمدواییەو كوژرانی خەڵكك دەخەنە ئەستۆی "تیرۆریست و ئاژاوەگێڕ"ەكان، كە بەوتەی ئەوان لەلایەن لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی دەرەوەی وڵات و ئەمریكاو ئیسرائیلەوە هاندراون.
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ چوار شەممە 28-1-2026 کەش / لە کاتەکانی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە کاریگەری شەپۆڵێکی باران بارین روو لە ناوچەکەمان دەکات . سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک دەست پێدەکات پاشان درێژ دەبێتەوە بۆ سەر سەرجەمی ناوچە جیا جیاکان لەگەڵ باران بارین ناوچە سنوورییەکان و لووتکەو قەدپاڵی چیا بەرزەکان بە تایبەت ئەو چیا بەرزانەی 1500 مەتر بەرزترن لە ئاست رووی دەریا بەفر بارینی دەبێت . لە دوای نیوەڕۆ کاریگەری ئەو شەپۆڵە زیاد دەکات باران بارین بە شێوەی بارانی مامناوەند و هەندێ ناوچەی سنووری ئیدارەی زاخۆ و پارێزگای دهۆک و سنووری پارێزگای سلێمانی و چەمچەماڵ و باکووری پارێزگای کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ڕێژەی باران بارینی بە شێوەی لێزمە بارانی کورت خایەن و هەورە تریشقەشی دەبێت . خێراى با / مامناوەند ( 10– 20) کم/ک هەندێ کات چالاک دەبێت بۆ سەرووی 30 کم لە کاتژمێرێکدا . ئاراستەی با / باکوورى ڕۆژهەڵات مەوداى بینین / 7 – 9 کم دەبێت پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بە (2-3) پلەی سیلیزی هەولێر : 14 پلەی سیلیزی پیرمام : 10 پلەی سیلیزی سۆران : 7 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 3 پلەی سیلیزی سلێمانی : 12 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 13 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 12 پلەی سیلیزی دهۆک : 11 پلەی سیلیزی زاخۆ : 12 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 12 پلەی سیلیزی سبەى پێنج شەممە 29-1-2026 کاریگەری ئەم شەپۆڵەی روو لە ناوچەکەمان دەکات تا کاتەکانی بەیانی زووی ڕۆژی پێنج شەممە بە نمە بارانی پچڕ پچڕ لەسەر ناوچەکەمان بەردەوام دەبێت لە کاتەکانی نیوەڕۆ ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور .باران بارین و بەفر بارین لەسەر ناوچە سنووریەکان و لووتکەی شاخە بەرزەکان لە هەندێ کاتدا بەردەوامی دەبێت تا دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممە . خێراى با / مامناوەند ( 5 – 15 ) کم/ک . پلەی گەرما/ نزمترین پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە بەرزترین پلەی گەرما نزم دەبێتەوە بە (1-2) پلەی سیلیزی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 11 پلەی سیلیزی پیرمام : 8 پلەی سیلیزی سۆران : 5 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 1 پلەی سیلیزی سلێمانی : 8 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 9 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 9 پلەی سیلیزی دهۆک : 10 پلەی سیلیزی زاخۆ : 11 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 11 پلەی سیلیزی
راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری لە بازاڕی رەش ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە، ئەو بەرزبوونەوەیە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی بژێوی هاووڵاتیان نییە. مەزهەر محەممەد ساڵح، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، "بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دۆلار یەکێکن لەو بازاڕانەی زۆرترین کاریگەریی زانیارییان لەسەرە، تەنانەت دەکرێت وەک بازاڕی زانیاری وەسف بکرێن، بەتایبەت کاتێک زانیارییەکان لە جۆری دەنگۆبن. راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران روونیشیکردەوە، لە ئێستا دراوی بیانی هاوتەریب لەگەڵ نرخی زێڕ لە جیهاندا دەڕوات، بەو پێیەی خواست لەسەر هەردوکیان زیاد بووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی دۆلارە لە بازاڕی رەشدا. سەبارەت بە کاریگەریی ئەم دۆخە لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان، مەزهەر محەممەد ساڵح دڵنیایی دا کە "ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریی جەوهەرییان لەسەر ئاستی بژێوی نییە"، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ فراوانیی بنکەی دابینکردنی کاڵا بە نرخی فەرمی و جێگیر، کە لەلایەن یەدەگێکی بەهێزی بیانییەوە پشتیوانی دەکرێت، جگە لە سیاسەتی بەرگریکردن لە نرخی کاڵا سەرەکییەکان. لە کۆتاییدا راوێژکاری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و دۆلار زیاتر پەیوەستە بە رەفتاری ئەو کەسانەی خاوەنی پارەی زیادەن و وەک پاشەکەوت بەکاری دەهێنن، وەک بەڵگەیەکیش گوتی: "تۆمارکردنی ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە کۆتایی ساڵی 2025دا، کە %1.5ی تێنەپەڕاندووە، بەڵگەیە لەسەر مانەوەی نرخەکان لە چوارچێوەیئاساییدا."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، دەبێت ڕۆدریگێز وانە لە چارەنووسی نیکۆلاس مادۆرۆ وەربگرێت و بەتەواوی لەگەڵ داواکارییەکانی واشنتۆن هاوکار بێت. مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە، لە بەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سێنات هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی دێلسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاربەڕێکەری ڤەنزوێلا کرد. ڕۆبیۆ ڕایگەیاند: "وەک چۆن سەرۆک ترامپ ئاماژەی پێ کردووە، ئەگەر ڕێگە دیپلۆماسییەکان شکستیان هێنا، ئێمە ئامادەین هێز بەکاربهێنین بۆ دڵنیابوون لە زۆرترین هاوکاری." - ڕۆبیۆ بە توندی بەرگری لە ئۆپەراسیۆنی 3ی کانوونی دووەم کرد (کە تێیدا مادۆرۆ و هاوسەرەکەی دەستگیرکران) و گوتی مادۆرۆ "بازرگانێکی ماددەی هۆشبەربووە، نەک سەرۆکێکی شەرعی." بڕیارە ڕۆبیۆ لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2025، کۆببێتەوە. دێلسی ڕۆدریگێز سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا، هەرچەندە ڕایگەیاندووە کە "فەرمان لە واشنتۆن وەرناگرێت"، بەڵام لە هەمان کاتدا خەریکی گفتوگۆیە بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ڤەنزوێلا.
یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ناسنامەی شەهیدی فەرماندە سیدار عەفرینی ئاشکراکرد دەڵێت، لە رۆژی 18ـی ئەم مانگە کاتێک چەکدارانی دیمەشق هێرشیان بۆ سەر تەبقا ئەنجامدا، سیدار عەفرین تا کۆتا هەناسەی دژیان وەستا. ڕاگەیاندراوەکەی یەپەژە بەمشێوەیەیە: “ڕاستی شەهیدەکانمان زیندووترین دەربڕینی تێکۆشانمانە. شەهیدەکانمان بە ڕۆحێکی بەرز و فیداکارییەوە بۆ پاراستنی گەلەکەیان گیانی خۆیان بەخت دەکەن. ئەم ڕۆحە پیرۆزە کە لە بەرەکانی پێشەوە تێدەکۆشێت، بە بڕیاردارییەکی گەورەوە لە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکی دەسەڵاتداریی داکۆکی لە شکۆی گەلەکەی دەکات. کاتێک هێزە چەتەکانی دەسەڵاتداری دیمەشق بە شێوەیەکی بێباکانە هێرشیان کردە سەر تەبقا، فەرماندەمان سیدار عەفرین تا کۆتا هەناسەی دژی هێرشەکانی گرووپە چەتەکان شەڕی کرد و لە ١٨ـی کانوونی دووەم شەهیدبوو. هەڤاڵ و فەرماندەمان لەیلا حەمۆ، نە ناسناوی “سیدار عەفرین”، ساڵی ١٩٨٠ لە خانەوادەیەکی وڵاتپارێز لە عەفرین لەدایک بووە. بە هۆی ئاشنابوونی خانەوادەکەی بە تەڤگەری ئازادییەوە، هاوڕێ سیداریش بۆ ئەوەی ببێتە شۆڕشگێڕێکی دۆزی ئازادی گەلەکەی دەستی بە لێگەڕینی ژیانی ئازاد کرد لە ساڵی ١٩٩٧، لەناو چەندین کاری شۆڕشگێڕانەی جیاوازدا تێکۆشانی بۆ ئازادی دەستیپێکردووە. لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوادا بە شێوەیەکی کارا بەشداری خەباتی بەڕێکخستنی گەل بوو و له بواری پاراستنیشدا ڕەنجێکی بێوێنەی دا. هەروەها جێگەی خۆی له پێشەوەی هەڵمەت ڕزگارکردنی ڕۆژئاوادا گرت، هەڤاڵ سیدار لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕی داعشی کرد و ئیرادەیەکی بەرزی هەبوو بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی لەم بەڵا جیهانییە. وەک فەرماندەیەکی ژن خۆی لە بەهاکانی ژنێکی ئازاد قوڵ کرد و لەسەر بنەمای پێشەنگایەتی ئەو سەردەمە بەرەو ڕۆڵ و ئەرکێکی بەرز هەستا. هەڤاڵ سیدار لە ڕێگای ئازادیدا بە دڵسۆزی و فیداکاری و سەرکەوتن خزمەتی گەلەکەی کرد. لە سەختترین هەلومەرجدا بە ئەرکی خۆی هەستا و لە پێناو ئازادیی گەل و ژناندا تێکۆشا. ئەو کەسایەتی خۆی لەسەر بنەمای بەهاکانی ڕزگاری ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا پەرەی پێداوە، بووەتە فەرماندەیەکی نموونەیی لەناو ڕیزەکانی یەپەژەدا. لە هەموو ساتەکانی ژیانیدا بە هەڵوێستێکی دڵنزم و بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە بۆ ئازادی تێکۆشا. لە نێو شەڕڤانەکانیدا، وەک فەرماندەیەکی ئەو سەردەمە، لە هەموو ساتەکانی ژیاندا لە تەنیشتی شەڕڤانەکانی بوو، بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە نزیکی ئەرکەکەی دەبوویەوە. تەنانەت کاتێک شەهید بوو، بە مۆڕاڵی و جۆش و هەیەجانەوە بووە سەرچاوەی باوەڕی و هێز بۆ شەڕڤانەکانی. فەرماندە سیدار لە هەڤاڵایەتییەکەیدا تا کۆتایی دڵسۆز بوو، هەر بۆیەش لە نێو هەڤاڵانیدا جێگایەکی تایبەتی هەبوو. ئەم هەڵوێستە وایکرد هەموو هەڤاڵان لە دەوری کۆببنەوە. هەڤاڵ سیدار هێمای دڵسۆزی و بوێری و بەرخۆدانیی ژنانی کوردە. کاتێک گرووپە چەتەکان هێرشیان کردە سەر تەبقا، فەرماندەمان سیدار عەفرین بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەی لە بەرەکانی پێشەوە شەڕی کرد و بۆ ئەوەی ڕێگریی لە عەقڵییەتی گرووپە چەتەکان بکات گیانی خۆی کرد بە قەڵغان. سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی بەڕێزی فەرماندە سیدار عەفرین و سەرجەم گەلی وڵاتپارێزمان دەکەین. ئامانجی شەهیدەکانمان بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد و پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشە. وەک هەڤاڵانی شەهیدان تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی شەهیدانی ئازادیی تا سەرکەوتنێکی هەمیشەیی بەدی بهێنین.” یەپەژە ناسنامەی ئەو شەهیدەی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:
ئەبو ئەسعەد (ئەبو موسعەبی شنان)، ئەندامی پێشووتری د.ا.ع،ش و چەکداری پێشووی تەحریر شام، کە ئێستا لە سوپای سوریا وەک ئەندازیاری تونێلەکان سەرپەرشتنی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی دەکرد، ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن شەڕڤانانەوە لە کۆبانێ کوژرا. شنان، بە ئەندازیاریی تونێلەکان ناسراو بوو و بەڵێنی چوونە نێو کۆبانێی دابوو. کلیک بکە بۆ بینینى ڤیدیۆکە https://www.facebook.com/reel/1616719016182778/?s=single_unit
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە بەیاننامەیەکدا ناسنامەی ١٠ شەڕڤانی شەهیدی ئاشکرا کرد. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئێمە شەهیدبوونی ١٠ شەڕڤانی خۆمان بە گەلەکەمان ڕادەگەیەنین، کە بە خوێنی خۆیان لاپەڕەی پڕشکۆیان لە تێکۆشانی گەل و هێزەکانماندا نووسییەوە و بە سووربوونی خۆیان لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا، نوێنەرایەتیی مانای پابەندبوونی شۆڕشگێڕییان کرد. ئەم شەڕڤانانە لەسەر ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی گەل و دۆزە ڕەواکەیان شەهید بوون. ئەم شەهیدانە لە هێڵەکانی پێشەوە بوون، دژی مەترسییە گەورەکان وەستانەوە، ئەرکی قورسیان لە ئەستۆ گرت و باوەڕیان بە دۆزەکەیان هەبوو. لە دژی کوشتن وەستانەوە و هەتا شەهیدبوون هەنگاوێک پاشەکشەیان نەکرد. ناسنامەی شەهیدان بەم شێوەیەیە: ناسناو: دەستان قەرەگۆل ناو و پاشناو: خاتوون عومەر ناوی دایک: سەباح ناوی باوک: محەمەد شوێنی لەدایکبوون: عەفرین شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ڕێگای سپی - ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: ڕەوشەن زانا عەفرین ناو و پاشناو: ڕەوشەن ئیبراهیم ناوی دایک: سەمیرە ناوی باوک: محەمەد شوێنی لەدایکبوون: عەفرین شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ڕەقە - ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: ڤیان جوودی ناو و پاشناو: سارا حەسەن ناوی دایک: حەسنا ناوی باوک: حەسەن شوێنی لەدایکبوون: حەلەب شوێن و بەرواری شەهیدبوون: سرین - ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: ستێرک ڕۆژهەڵات ناو و پاشناو: نەسرین خەلیل ناوی دایک: فکرەت ناوی باوک: یوسف شوێنی لەدایکبوون: عەفرین شوێن و بەرواری شەهیدبوون: دێرەزوور، هەجین - ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: چیاگەر ئارمانج ناو و پاشناو: یەزەن محەمەد ناوی دایک: نەجاح ناوی باوک: محەمەد شوێنی لەدایکبوون: قامیشلۆ شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ڕەقە، کەسرات - ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: دیار قامیشلۆ ناو و پاشناو: جوان سوبحی ناوی دایک: هندییە ناوی باوک: سوبحی عەلی شوێنی لەدایکبوون: قامیشلۆ شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ڕێگای M4 - ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: دڵشێر قامیشلۆ ناو و پاشناو: ئیبراهیم محەمەد ناوی دایک: شیرین ناوی باوک: باسل شوێنی لەدایکبوون: قامیشلۆ شوێن و بەرواری شەهیدبوون: مەسکەنە - ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: شێروان شێراوا ناو و پاشناو: حەسەن عەلی ناوی دایک: فەریدە ناوی باوک: عەلی شوێنی لەدایکبوون: عەفرین شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ڕەقە - ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: ڕۆژهەڵات قامیشلۆ ناو و پاشناو: میتان حسێن ناوی دایک: شیرین ناوی باوک: کادار شوێنی لەدایکبوون: قامیشلۆ شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ڕەقە - ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: کارکەر قامیشلۆ ناو و پاشناو: حەسەن مەلا حەسەن ناوی دایک: سەدیقە ناوی باوک: محەمەد شوێنی لەدایکبوون: حەسەکە شوێن و بەرواری شەهیدبوون: عەین عیسا - ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦.
دۆناڵد ترەمپ، پۆستێکی لە هەژماری خۆی بڵاوکردەوە و دەڵێت: بیستوومە وڵاتێکی مەزنی وەک عێراق، رەنگە بڕیاری زۆر هەڵە بدات بە دووبارە دانانەوەی نوری مالیکی وەک سەرۆکوەیزران. کۆتاجار، کە مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو وڵاتەکە لەنێو هەژاری و ئاژاوەدا بوو، نابێت رێگە بدرێت جارێکی دیکە ئەمە رووبداتەوە لەبەر سیاسەت و بیرکردنەوە شێتانەتەکانی. ئەگەر رووبدات، ئەمریکا چی دیکە هاوکاریی عێراق ناکات، ئەگەر ئێمەش هاوکاری نەکەین، چانسی سەرکەوتنی سفر دەبێت. تەواوى پەیامەکە.. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڵێت، دەبیستم دەوڵەتی عێراقى مەزن بژارەدیەكی زۆر خراپی هەبێت بە سەرلەنوێ دانانەوەی نوری مالیکی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق. ترەمپ لە سەكۆی "تروس سۆشیال" نوسیویەتی: دوایین جار کە مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو، وڵات دابەزییە ناو هەژاری و ئاژاوەیەکی تەواو، نابێت رێگە بدرێت ئەوە دووبارە ببێتەوە، ئەگەر هه ڵبژێردرێتەوە، ئه مریکا چیتر هاوکاری عێراق ناکات بەهۆی سیاسه ت و ئایدۆلۆژیای شێتانەكەی. ئەگەر ئێمەش لەوێ نەبین بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی، عێراق هیچ دەرفەتێكی نابێت بۆ سەركەوتن و گەشەسەندن و ئازادی، عێراق جارێكی تر مەزن بكەنەوە.
کوردانی باشووری کوردستان لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگن؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی هەرچەندە ئاگربەست درێژکراوەتەوە، بەڵام چەکدارانی دیمەشق ڕێککەوتن پێشێل دەکەن و ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژاڤا. شەڕڤانان لەئێستادا بەرگرییەکی سەخت دەکەن و ناهێڵن بەهیچ جۆرێک چەکدارانی دیمەشق پێشڕەوی بکەن. سۆران ئەردەڵانی، ناسراو بە سۆرانی مەڵکەندی کە خۆبەخشانە چووەتە ڕۆژاڤا، باسی دۆخی ڕۆژاڤای بۆ هاوڵاتی کرد و گوتی، ئێمە ئاگادارکراوینەتەوە پیشڕەوی نەکەین و تەنها بەرگری بکەین، بەڵام ناشهێڵین چەکدارانی دیمەشق بێنە پێشەوە و پێشڕەوی بکەن. ---- قسەکانی سۆران مەڵکەندی هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێرشانەی چەکدارانی دیمەشق کە دوێنێ دووشەممە کردیانەسەر چەند ناوچەیەکی کۆبانێ و چلاغا لە حەسەکە. لە هێرشەکانیان بۆ سەر گوندێکی کۆبانێ ماڵی خێزانێکی کوردیان بە ئامانج گرت و بەپێی ڕاگەیاندراوی هەسەدە، پێنج ئەندامی خێزانەکە شەهید بوون و پێنجی دیکەش برینداربوون. هەر لە دەستپێکی شەڕەوە، گەنجانی باشووری کوردستان بە جۆشوخرۆشەوە ڕوویان لە ڕۆژاڤا کرد بۆ بەرگریی کردن و دەستیان بە هەڵگرتنی چەک کرد. سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە شەڕڤانان ناهێڵن ئەو گەنجانەی باشوور بچنە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ بەهۆی ئەوەی شارەزای شوێنەکان نین، بەڵام سۆران ئەردەڵانی ئەوەی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستکردەوە کە ئێستا بەو جۆرە نییە و بە خواستی خۆتە بچیتە بەرەکانی پێشەوە هاوشانی شەڕڤانان بیت یان لە دواوە وەک هێزی پشتیوانی بمێنێتەوە. سۆران ئەردەڵانی باسی لەوەشکرد، زۆربەی ئەوانەی چوونتە ڕۆژاڤا شارەزای شەڕن و پێشتر شەڕیان بینیوە.
میدیای سووریا دەڵێ، حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی نوێ. بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە "کۆتایی بە هەموو پێکدادانە سەربازییەکان دەهێنرێ و بەرپرسیارێتی بواری ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانیش دابەش دەکرێ. ئەمشەو تەلەڤزیۆنی سووریا بڵاویکردەوە، بەپێی لێکتێگەیشتنەکە "بڕیاردراوە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا (پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) لەنێو شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە و ناوچە گرنگ و ستراتیژییەکانی دیکەدا جێگیربن بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ." لە بەرامبەردا، شەڕڤانانی هەسەدە لەنێو گوند و شوێنەکانی ئێستای خۆیان لە دەرەوەی شارەکان دەمێننەوە. وەک تەلەڤزیۆنی سووریا دەڵێ، خاڵێکی دیکەی لێکتێگەیشتنەکە بریتییە لە "راگرتنی یەکجاریی کردە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکانی شەڕ؛" هەروەها بڕیاردراوە دەست بە رێکارەکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا بکرێ، کە بڕیارە وردەکارییەکانی ئەم پڕۆسەیە لە داهاتوودا رابگەیێندرێ. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمیی سووریا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدەش قسەیان لەبارەی ئەم "لێکتێگەیشتنە" نەکردووە، واتە نە رەتیان کردوەتەوە و نە پشتڕاستیشیان کردوەتەوە.
تومەن دیسان نزمترین نرخی لە مێژوودا تۆمار کرد، هەر دۆلارێک بە 150 هەزار تومەن مامەڵەی پێوەکرا. ماوەیەک بوو بەهای تومەنی ئێران جێگیر ببوو، بەڵام چەند رۆژێکە جارێکی دیکە رووی لە دابەزین کردووە و بە نزمترین بەهای لە مێژوودا مامەڵەی پێوە دەکرێت. لە 28ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە 144 هەزار تومەن و بەهۆیەوە بازاڕەکانی تاران داخران و دواتر ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدواوە هات. مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ چارەسەری ئەم دۆخە سەرۆکی بانکی ناوەندی گۆڕی و توانی کەمێک بەهای تمەن بەرز بکاتەوە و بیگەیەنێتە 135 هەزار تومەن و دواتر دیسان دابەزی. ئەمە تەنیا چەند رۆژێک بەردەوام بوو و لە دوو هەفتەی رابردوودا بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی تاران لە نيوان 138 هەزار تومەن تا 141 هەزار تومەن جێگیر ببوو. لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە رۆژ لە دوای رۆژ بەهای تومەن زیاتر دابەزیوە و ئەمڕۆ سێشەممە بە 150 هەزار تومەنیش بۆ هەر دۆلارێک مامەڵەی پێوەکراوە، کە لە مێژووی ئەو دراوەدا بێوێنەیە. بەردەوامیی سزاکان، ئەگەری روودانی جەنگ، لێدوانی توندی بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا لە دژی یەکتر و بێ متمانەیی لە نيو بازاڕەکانی ئێران بوونەتە هۆی ئەوەی تومەن بەهاکەی زیاتر دابەزێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی پاراستنی گەل( هەسەدە) بڵاویکردەوە، چەکدارانی سوپای عەرەبی سووریا بە حەوت درۆنی خۆکوژی هێرشیان کردە سەر گوندەکانی چل ئاغا. هەسەدە باس لەوە دەکاتەوە، ئەم هێرشانە وەک پێشێلکارییەکی نوێ و ئاشکرای ئاگربەست و ڕێککەوتنەکان هەژمار دەکرێن. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە هێزەکانمان بە هەموو توانایەکەوە بەرگریی دەکەن. لەلای خۆیەوە، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند: لە گوندەکانی چل ئاغا شەڕی هەسەدە و چەکدارانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ ماوهیهكی درێژ بەردەوام بوو و، 40 چەکداری دیمهشق کوژران و 15 كهسی مهدهنیش کوژران و برینداربوون. لە گوندەکانی چل ئاغا، هەسەدە هێرشێکی چەکدارانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریای تێکشکاند. پەیامنێری کوردستان24 لە چل ئاغا و بەتایبەت لە گوندی باقلە ڕایگەیاند، هەسەدە لە گوندی باقلە کە یەک کیلۆمەتر لە گوندی سەفا دوورە شەڕ لەنێوان ئەوان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمهشق ڕوویداوه.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی حكومەتی دیمەشقەوە بڵاویكردووەتەوە، حكومەت لەوە دەڕوانێت ئەمڕۆ خولێکی نوێی دانوستانەکانی یەکگرتن لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەنجام بدات. بەوتەی ئەو بەرپرسەی حكومەتی سوریا لە دانوستانەکاندا تیشک دەخرێنە سەر رێگای پراکتیکییەكان بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی ئەم مانگە بە نێوەندگیری ئەمریکا واژۆكرا. وتەكانی ئەو بەرپرسە سورییە لەكاتێكدایە، سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوەدەكەن، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئیلهام ئەحمەد لە ئێستادا گەیشتوونەتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوریا پرسی راگرتنی ئاگربەست و تێكەڵكردنی ئیدارەو هێزەكانی سوریای دیموكرات بە دامەزراوەكانی دەوڵەتی سوریا تاوتوێدەكەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان توانییان ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکەن کە دوێنێ تاوانی کوشتنی سێ هاوڵاتی (ئەندامانی یەک خێزان)ی لە شاری هەولێر ئەنجامدابوو. لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە: "دوای بەدواداچوونی ورد و چڕی هێزەکانمان، بکەری تاوانە دڵتەزێنەکەی دوێنێی شاری هەولێر کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کەس، دەستگیرکرا و ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە." بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان کە لە کاتێکی نزیکدا زانیاری زیاتر و وردەکاری چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەکە و ناسنامەی تۆمەتبارەکە بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە.
