ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان (دەم پارتی)، سەبارەت بە کۆبوونەوەی کۆمیتەی حێبەجێكاری ناوەندیی پارتەکەی، بە میدياكانی توركیای راگەیاند: دەچینە قۆناغێکی نوێوە، بەپێی ئەو زانیاریانەی سەبارەت بەم قۆناغە دەستمان کەوتووە، هەفتەی داهاتوو ساتەوەختێكی مێژوویی دەبین بە کۆمەڵێک هەنگاوەوە. وتیشی: پێشبینی دەکەین بەڕێز ئۆجەلان لێدوانێک سەبارەت بە کۆبونەوەکە بدات، کە پرۆسەکە لە ماوەی چەند رۆژێكی كەمدا دەگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ،  ئێمە وەک دەم پارتی پێمان وایە ئەم لێدوانە زۆر کاریگەر دەبێت ئەگەر لە رێگەی ڤیدیۆوە پێشکەش بێت، جەختیشكرد لەوەی، هیچ زانیارییەکیان نییە کە ئایا لە رێگەی ڤیدیۆوە دەبێت یان نا، بەڵام هیوادەخوازن وابێت. تەواوى قسەکانى ئایشەگوڵ دۆغان.. ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی دەم پارتی سەبارەت بە کۆبوونەوەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەندی (مەیەکە) لە ناوەندی گشتی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە. ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بۆ ئەو پرسانە کرد کە لە (مەیەکە)دا باسیان لێوە کراوە و ڕایگەیاند کە لە پرسی دیموکراتیکبوون و ئاشتی تورکیا باسیان لەسەر کردووە و وتی: "لەبەر ئەوەی تورکیا بەبێ ئاشتی دیموکراتیزە ناکرێت." ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کۆمیسیۆنی داهاتوو کرا کە لە پەرلەمان بڕیارە دابمەزرێت و وتی: "دەتوانین بڵێین ئیتر نزتکە بچینە قۆناغێکی نوێیەوە، دەتوانین باسی چەند هەنگاوێکی ئەم قۆناغە نوێیە بکەین، یەکێک لەوانە کۆمیسیۆنی داهاتووە کە لە پەرلەمان دادەمەزرێت، ئەم قۆناغە قۆناغێکی گرنگە، چاوەڕوانی و داواکارییەکی گشتییە، هاوکات لە پەرلەمانیش کۆدەنگی هەیە. پێویستە ئەم هەنگاوە بەهێزتر بکرێت. لە ڕووی کۆدەنگی کۆمەڵایەتی یان ڕەوابوونی کۆمەڵایەتیەوە زۆر گرنگە. بۆیە دەمانەوێت کۆمیسیۆنەکە بەشێوەیەکی ڕێکخستنی یاسایی دابمەزرێت. بەو شێوە کارەکانی کاریگەرتر و ئەنجامەکانی هەمیشەیی دەبن." ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند، وەک پارتی باس لە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەن و دەیانەوێت خۆیان بگەیەنە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا، لە هەر کاتێکدا پێویستی کرد دەبێ بتوانین ڕاپۆرت و بەڵگە لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ وەربگرین، هەروەها دەبێت میکانیزمێک دابنرێت کە لایەنە کۆمەڵایەتیەکان لە کاتی بڕیارداندا بتوانن بەشدار بن. هەروەها ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند کە یەکێک لە ڕێکارە سەرەکییەکانی پارتەکەیان، فرەچەشنیە و وتی: "بۆیە دەبێت هەنگاوە کۆمەڵایەتییەکەی بەهێز بێت و ئەو میکانیزمەی لەناو کۆمەڵگادا دادەمەزرێت کۆمیسیۆن قبووڵیە و بۆچوون و پێشنیارەکان بۆ کۆمیسیۆن گرنگ دەبن. هەروەها لەسەر ئەو پارتیانەی کە فراکسیونیان لە پەرلەماندا نییە، دەبێ چی بکەن و چۆن بەشداری بکەن باس کراوە، چونکە پێشنیارەکانیان بۆ کۆمیسیون زۆر گرنگە. ئێمە دەچینە قۆناغێکی نوێیەوە. بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بە ئێمەدا ڕاگەیەندراوە، هەفتەی داهاتوو چەند هەنگاوێکی مێژوویی دەست پێدەکا و پێکەوە شایەتی دەبین. هەروەها لەسەر شوێنەکە قسەی زۆر دەگوترێ. ئێمە دەرفەتی ئەوەمان نییە کە ئەوانە پشتڕاست بکەینەوە. کاتێک کە لایەنەکان بەیاننامەیان ڕاگەیاند هەموو شت ڕوون دەبێتەوە. هەنگاوێکی مێژوویی پلان بۆ داڕێژراوە کە لە هەرێمی فیدراڵی کوردستان بەڕێوە دەچێت. هەروەها ئەم هەنگاوە بەگوێرەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکەیە. هەروەها یەکێک لە ئەکتەرە گرنگەکانی پرۆسەکە دەم پارتیە. بۆیە ئێمەش ئامادەکاریمان هەیە. هەرچەندە لەبەردەستی ئێمەدا زانیاری سنوورداریش بێت، تەنانەت ئیمە یەکسەر موخاتەب نەبین، بەڵام پێکەوە شایەتی پێشهاتێکی مێژوویی دەبین بۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمە نە تەنها شایەت بوونێکە، بەڵکو بەرپرسیارێتیکی مەزنە. دەبێت هەر کەس بەپێی قۆناغەکە خۆی بەر پرسیار ببینێت. ئێمە بەرەو قۆناغێک دەڕۆین کە بەرپرسیارێتی زیاترمان پێدەبەخشێ و پێویست بە هەنگاوی جددیتر و بەهێز هەیە. بۆیە دەڵێین پێویستە بە زووترین کات کۆمیسیۆن دابمەزرێت و پێش ئەوەی کۆمیتەی گشتی و پەرلەمان پشوو بدات، بەپەلە دەست بە کارەکانی بکات. وەڵامی ئەمە تەنیا بە ڕێبازی سیاسی و یاسایی دەبێت. پێویستە هەموو لایەک بە بەرپرسیاریەتی زیاترەوە کار بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بکەن. پاشان ئایشەگوڵ دۆغان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە. لە وەڵامی پرسیاری "ئایا پێش چەک دانان پەیامێک لە ئۆجالانەوە ڕادەگەیەنرێت؟ هەروەها لە کوێ چەک دادەنرێت؟، وتی: "چاوەڕێ دەکەین هەفتەی داهاتوو بە پێی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی بەڕێز ئۆجالان کە لە ٢٧ی شوبات ڕاگەیەندرا و بڕیارە پەیوەندیدارەکانی کۆنگرەی پەکەکە، هەنگاوێکی مێژوویی بنرێت. ناتوانم وادەیەکی دیاریکراو بدەم، چونکە لە دەستپێشخەریی ئێمەدا نییە. لایەنەکان بۆ خۆیان دەبێ ئەوە ڕوون بکەنەوە." ئایشەگوڵ دۆغان ئەوەشی ڕایگەیاند، بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستیاندایە، ئەم هەنگاوە لە هەرێمی فیدراڵی کوردستان بەڕێوە دەچێت، بەڵام هێشتا لە کام شار بێت ڕوون نییە. عایشەگوڵ دۆغان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی هەردوولا، پاراستنی ئاگربەستی هەمیشەییە، بۆ ئەوەی شەڕ بەتەواوەتی کۆتایی پێ بهێنرێت و چەک بەکار نەهێنرێت. هەروەها چاوەڕێ دەکەین بەڕێز ئۆجالان لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا لەسەر ئەو بابەتە بەیاننامەیەک ڕابگەیەنێت." ئایشەگوڵ دۆغان سەبارەت بەو بانگەشەیەی کە "سەبارەت بە چەک دانانەکە مەراسیم بەرێوە دەچێت دیمەن و وێنەی بڵاودەکرێنەوە"، ڕایگەیاند: "هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو بابەتە نییە و سەرچاوەکانی ئێمە ئەو جۆرە زانیاریانەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە. سەبارەت بە پرسیاری "ئایا پەیامەکە بە دیمەن دەبێت یان نا"، عایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند، هەروەها هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو بابەتە نییە، بەڵام داوا دەکەن پەیامەکە بە دیمەن بێت.

پارەی فریاگوزاری بۆ پەنابەرانی ئیسرائیل نزیکە بوو لە تەواوبوون، پێویستمان بە هاوکاری ئێوەیە، ئەمە ناونیشانى ڕاپۆرتێکى کەناڵى ١٢ى ئیسرائیل. ڕاپۆرتەکە دەڵێت ڕەنگە مووشەکەکانی ئێران وەستابن لەکەوتنە خوارەوەو وێرانکارى، بەڵام بۆ سەدان خێزانی ئیسرائیلی بونەتە کابوسێکى زۆر دوورو درێژو ئاسەوارەکانى لە کۆتایی نایەت. لە شارەکانی وەک بات یام، تەلئەبیب،  بەیرشێڤا لە کاتی هێرشە مووشەکییە بێوێنەکانی ئێراندا، دەیان بینا ڕوخان و زیانى زۆریان بەرکەوتووە، زۆرێک لە خێزانەکان جگە لەو بیجامە و فانیلەیەى کە لەبەریان کردبوو بۆ جێگاى پەناگەکان هیچی تریان پێنەبووەو دوای چەند هەفتەیەک، هێشتا شوێنێکی سەلامەتیان نییە بۆى بگەڕێنەوە. پەناگەی نیشتەجێبوونی فریاگوزاری بە هەماهەنگی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و حکومەت دروستکراون، ئەو هۆتێلانەی لە سەرەتای شەڕەکەدا خزمەتگوزاریان بەخۆڕایی پێشکەش دەکرد، درێژکردنەوەی مانەوەیان وەستاندوە بەپاساوى ئەوەى هیچ بڕە پارەیەکیان لەبەردەستدا نەماوە، بەمەش خێزانەکان بێهیوا بوون لەوەى لەژێر سەقفێکدا بمێننەوەو ژیان بکەن. رێکخراوە مرۆییەکان، ڕۆژانە لەسەر خۆراک و دایبی و شیرەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەکان بەسەر خێزانە ئاوارەکاندا دابەش دەکەن، بەڵام بەخشینەکان خاوبوونەتەوە و پارەی فریاگوزاری نزیکە لە تەواوبوون.

دوو سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن ڕایانگەیاندووە کە ستیڤ ویتکۆف نوێنەری کۆشکی سپی ئەمریکا بەنیازە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ عەباس عێراقچى وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئۆسلۆ کۆببێتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان، بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی. ئەو دوو سەرچاوەیە ڕایانگەیاندووە کە تا ئێستا وادەی کۆبوونەوەکە یەکلایی نەکراوەتەوە و نە تاران و نە واشنتۆنیش بە فەرمی کۆبوونەوەکەیان ڕانەگەیاندووە. ئەو دوو سەرچاوەیە پشتڕاستیان کردۆتەوە، بەگوێرەی ئاکسیۆس، ویتکۆف و عێراقچى لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەبووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا نێوەندگیری ئاگربەستی نێوان هەردوولا کرد. ئاماژەیان بەوەشکرد، بەرپرسانی عومان و قەتەر بەردەوامن لە نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا.

  گەنجینەی ئەمریکا گەمارۆو سزاى نوێ دەخاتە سەر ئیران، لەوانە تۆڕێکی گواستنەوەی نەوتی ئێران، کە بەهاکەی ملیاران دۆلارە و قازانجی بۆ سوپای ئێران بووە، بارزگانێکی عێراقی نەوتی ئێرانی تێکەڵ بە نەوتی عێراق کردووە و بە قاچاخ فرۆشتوویەتی، هەوڵەکانی بۆ پەکخستنی هەناردەکردنی نەوتی ئێران و پارەدارکردنی تیرۆر چڕتر کردەوە. نووسینگەی کۆنترۆڵی سەروەت و سامانی دەرەکی وەزارەتی گەنجینەى ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە گەمارۆکانی ئەو تۆڕانەی کردە ئامانج کە تێوەگلاون لە قاچاخ و فرۆشتنی نەوتی ئێران.  ئەم کارانە بووەتە هۆی دەستنیشانکردنی چەندین گروپ، لەوانە تۆڕێک کە لەلایەن بازرگانێکى عێراقی بەناوى (س، ئ، س)ەوە بەڕێوەدەبرێت، کە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی نهێنی و فرۆشتنی نەوتی ئێرانی بەناوى  نەوتی عێراقی کردووە. ئۆپراسیۆنە قاچاخییەکان کە پێدەچێت ملیارەها دۆلاری لێ دەستکەوتبێت، لە هەندێک حاڵەتدا سوودی بۆ فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەبووە. سزاکان بەشێکن لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ پەکخستنی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکانی ئێران کە سووتەمەنی چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی لە سەرانسەری ناوچەکەدایە.  سکۆت بێسنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا تیشکی خستە سەر پابەندبوونی ئەمریکا بۆ بەئامانجگرتنی سەرچاوەکانی داهاتی تاران. ناوبراو وتی: وەک سەرۆک ترامپ ڕوونی کردۆتەوە، ڕەفتارەکانی ئێران بە وێرانکاری هێشتۆتەوە، لە کاتێکدا هەموو دەرفەتێکی بۆ ڕەخساوە بۆ هەڵبژاردنی ئاشتی، سەرکردەکانی توندڕەوییان هەڵبژاردووە. “خەزێنە بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی سەرچاوەکانی داهاتی تاران و توندترکردنی گوشارە ئابوورییەکان.” تۆڕەکەى ئەو بازرگانە عێراقیە، بریتییە لە کۆمپانیای ڤی ئێس تانکەر کە بنکەکەی لە ئیماراتە و نەوتی ئێرانی بە قاچاخ بردووە و ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی لە بازاڕی نێودەوڵەتیدا کردووە.  کۆمپانیاکانی ناوبراو له ساڵی 2023 فراوانتر بووەو بەڕێوبەرێک لەوەزارەتى نەوتى عێراق کاردەکات، ئاسانکاری کردوە بۆ ئەوەى نەوتى ئێران تێکەڵ بەنەوتى عێراقى بکرێت و بەقاچاخ قرۆشتویەتى بە کڕیارانی ڕۆژئاوایی. هەروەها (س) تۆمەتبار کراوە بەوەی بەرتیلى داوە بە بەرپرسانی عێراق بۆ ساختەکردنی بەڵگەنامەیەک کە وا دەربکەوێت کەئەو نەوتەى ئێران سەرچاوەکەی لە عێراقەوە بێت.

  جارێكی تر لایەنگرانی (بەرەی توركمانی) لە ناحیەی پردێ هاتنەوە سەر شەقام. گۆڕینی بەڕێوەبەری شارەوانی ئەم ناحیەیە (محەمەد نەجیب) لە پێكهاتەی توركمان و دانانی كەسێكی كورد لە شوێنەكەی توركمانەكانی توڕە كردووە.  بەرەی توركمانی كە خۆی لە بنەڕەتەوە بەشداری حكومەتی خۆجێی كەركوكی نەكردووە، ئێستا لەسەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا دەیەوێت پرسی نادادپەروەریی لە دابەشكردنی پۆستەكانی ئیدارەی خۆجێی كەركوك بوروژێنێت و وا نیشان بدات توركمانەكان ستەمیان لێكراوە. لە پاڵ پرسی ناڕەزایەتیی دژی گۆڕینی بەڕێوەبەری شارەوانی (پردێ) كە توركمانەكان بە (ئاڵتون كۆپری) ناوی دەبەن، بەرەی توركمانی بە ئاشكرا داوا لە سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات پرۆسەی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێی كەركوك دووبارە بكاتەوە دوای ئەوەی لایەنگرانی بەرەی تورکمانی لە پردێ خۆپێشاندانیان کرد و رێگەی سەرەکی نێوان هەولێر و کەرکووکیان داخست، رێگەکە ئێستا کراوەیە.    ئەمڕۆ پێنجشەممە، سێی تەممووزی 2025، لایەنگرانی بەرەی تورکمانی لە پردێ رژانە سەر شەقام و گرژی کەوتە نێوان خۆپێشدەران و هێزە ئەمنییەکان.   تورکمانەکانی پردێ بۆ زیاتر لە کاژێرێک رێگەی سەرەکی نێوان هەولێر- کەرکووکیان داخست. دواتر هێزە ئەمنییەکان رێگەکەیان کردەوە و لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون لە داوای تورکمانەکان پێکهێندرا.    پۆستەکانی ناحیەی پردێ کشەیان لەسەرە و تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، تورکمانەکان لە کۆی 17 پۆست، 12 پۆستیان لەژێر دەستە.    تورکمانەکان داوای پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەکە دەکەن، بەڵام ئیدارەی کەرکووک ئەمڕۆ داواکەی رەتکردنەوە و گرژییەکی زۆر لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو

  لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەڵەبجە سەبارەت سەبارەت بە ماتۆڕسكیل و ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو دەڵێن: ڕێگەپێدراو نین بە هیچ شێوەیەک بچنە ناو سەنتەری شارو شوێنە گشتییەکان و ناوچە گەشتیارییەکان.  دوابەدوای کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی لە پارێزگای هەڵەبجە، ئاڵوگۆڕی سەرنج و پێشنیازەكان لەبەر بەرژەوەندی گشتی و سکاڵا و داواکاری زۆری هاوڵاتیان لیژنەکە چەند بڕیارێکی پەسەند کرد ئەوانیش: سەبارەت بە ماتۆڕسکیل، بە تایبەت ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە کاری دلیڤەری دەکەن، خاوەن کارەکانیان ئاگادار دەکەینەوە، لە شەقامی سەرەکیدا بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە ماتۆڕسکیلەکانیان پاڕک بکەن، بەڵکو پێویستە بخرێتە گەراجی تایبەتەوە، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت. ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسکیل ڕێگەپێدراو نین بە هیچ شێوەیەک بچنە ناو سەنتەری شارو شوێنە گشتییەکان و ناوچە گەشتیارییەکان. بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێن. ڕاگەیاندراوێک لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەڵەبجەوە سەبارەت بە ماتۆڕسكیل و ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا دوابەدوای کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی لە پارێزگای هەڵەبجە، ئاڵوگۆڕی سەرنج و پێشنیازەكان لەبەر بەرژەوەندی گشتی و سکاڵا و داواکاری زۆری هاوڵاتیانی خۆشەویستی پارێزگاکەمان، لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەڵەبجە چەند بڕیارێکی پەسەند کرد ئەوانیش: یەکەم: دروستکردنی لیژنەیەکی ئەمنی هەمیشەیی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی ناوبراو لەسەرجەم لایەنە ئەمنیەكانی پارێزگاكە. دووەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، پێویستە ئەو شوفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بێ سەرەتان و تا کو ئێستا ناساندنیان بۆ نەکردووە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، بەشی جموجوڵ، لە ماوەی هەفتەیەکدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو بکەن و ئۆتۆمبێلەکانیان بناسێنن، و پابەندی سەرجەم ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بن لە پارێزگای هەڵەبجە. سێیەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی جام ڕەش و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان و جامیان ڕەشە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە و ئیجرائاتی تەواویان لە لایەن لیژنەی ئەمنییەوە لەگەڵدا دەکرێت. چوارەم: سەبارەت بە ماتۆڕسکیل، بە تایبەت ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە کاری دلیڤەری دەکەن، خاوەن کارەکانیان ئاگادار دەکەینەوە، لە شەقامی سەرەکیدا بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە ماتۆڕسکیلەکانیان پاڕک بکەن، بەڵکو پێویستە بخرێتە گەراجی تایبەتەوە، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت. پێنجەم: ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسکیل ڕێگەپێدراو نین بە هیچ شێوەیەک بچنە ناو سەنتەری شارو شوێنە گشتییەکان و ناوچە گەشتیارییەکان. بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێن. شەشەم: سەرجەم دانیشتووانی خۆشەویستی سنووری پارێزگاکەمان بە هەر چوار ناحیەکەوە ئاگادار دەکەین، ئەو شوفێرانەی خاوەنی ماتۆڕسکیل یاخود ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتان، پێویستە پابەند بن بە بڕیارەکانی لیژنەی ئەمنی. بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواو و سزای پابەند نەبوون دەدرێن.

  بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاند سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە چڕتر دەکاتەوە، ئەمەش بە گەورەترین پەرەسەندنی دادەنرێت لەماوەی چەند مانگى ڕابردوودا. سەرچاوە پزیشکییەکانیش باسیان لە کوژرانی ٦٣ هاووڵاتیی فەلەستینی کردووە لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی غەززە. بە گوێرەی ئاژانسی پەخشی ئیسرائیل ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە، زیادبوونی فشارە سەربازییەکان بەشێکە لە پلانێک پێش گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان.  ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئەرکانەی کە ماونەتەوە بریتین لە دەستبەسەرداگرتنی کۆنترۆڵی بەیت حەنون و شاری غەززە، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی دوو لیوای حەماس. ئاژانسی هەواڵ و زانیاریی فەلەستین لە زاری سەرچاوەکانی فەلەستینەوە بڵاویکردەوە، "لە نێو ئەوانەی لەلایەن هێزە داگیرکەرییەکانەوە کوژراون، 28 هاووڵاتی هەبوون کە لە ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززە چاوەڕوانی یارمەتی مرۆیی بوون". بەگوێرەی ناوەندی زانیاریی فەلەستین، "هێزە داگیرکەرەکان کۆمەڵکوژییەکیان ئەنجامدا، دوای ئەوەی قوتابخانەی مستەفا حافزیان بۆردومانکرد، کە پەناگەی ئاوارەکانی ڕۆژئاوای شاری غەززە بوو". رۆژی چوارشەممە، دووی تەممووزی 2025، تاهیر نونو، سەرکردەی حەماس لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بزووتنەوەکەیان، "ئامادە و جدییە سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتن ئامادەشە هەر دەستپێشخەرییەک قبووڵ بکات، کە بە روونی ببێتە هۆی کۆتاییهێنانی تەواوەتی شەڕ."   بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، چاوەڕوان دەکرێت شاندێکی حەماس ئەمڕۆ چوارشەممە لە قاهیرە لەگەڵ نێوەندگیرە میسری و قەتەرییەکان کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیازەکەی ئەمریکا.   بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال تروس رایگەیاند، ئیسرائیل رازی بووە بە مەرجەکانی ئاگربەستێکی 60 رۆژە لە غەززە. داوای لە حەماس کرد پێش ئەوەی دۆخەکە خراپتر بێت، رێککەوتنەکە قبووڵ بکات.   سەرۆکی ئەمریکا گوشارەکانی لەسەر حکومەتی ئیسرائیل و حەماس زیاد کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان و کۆتاییهێنانی جەنگ.

  وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داهاتى نانەوتی بەشى چارەکە مووچە ناکات و داهاتی نەوتیش بۆ حکومەت سفرە. راشیگەیاند، 160 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەدرێتە پاڵاوگە ناوخۆییەکان. لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو نەوتەی ئێستا بەرهەمدەهێندرێت، 160 هەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکانە و ئەوی دیکە کە دەمێنێتەوە، بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوتە. دەشڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان قازانج لەو نەوتە بەرهەمهاتووە ناکات و "داهاتی نەوت قازانجەکەی بۆ حکومەتی هەریمی کوردستان سفرە و ئەو نەوتەى بەرهەمدەهێنرێت هیچى بۆ خۆمان نییە". کوێستان محەمەد دەشڵێت، حکومەتی عێراق داوای 250 هەزار بەرمیل نەوتی کردووە و بەشێکی بۆ کۆمپانیاکان خۆیانە، بەشێکی بۆ حکومەتی عێراق و بەشەکەی دیکە بۆ پاڵاوگەکانە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و بەنزین. کوێستان محەمەد، وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە بە داهاتی ناوخۆ، وتى: داهاتى نانەوتی بەشى چارەکە مووچەش ناکات، ئەو داهاتەى لەبەردەست وەزیرى داراییە 160 ملیار دینارە. راشیگەیاند، "سەرجەم وەزیرەکان لەگەڵ ئەوەدابووین، کە لەگەڵ بەغداد دوا هەوڵ بدرێت بۆ چارەسەرکردنى مووچە، چونکە ئەوە مافێکى یاسایی و دەستووریى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانە". کوێستان محەمەد گوتیشی، چاوەڕێى رەزامەندیى سودانى دەکەن بۆ ئەو رێککەوتنەى کراوە، دەبێت مووچەى دوو مانگ بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان رەوانە بکرێت.

دوو ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا پرۆژەیاسایەکیان ئامادەکردووە بۆ رێگەدان بە ئەمریکا بۆ ئەوەی فڕۆکەی B-2 بداتە ئیسرائیل لە ئەگەری ئەوەی سەلمێنرا ئێران خەریکی دووبارە پەرەپێدانە بە چەکی ئەتۆمی. کەناڵی فۆکس نیوز بڵاویکردووەتەوە هەریەکە لە ئەندامانی کۆنگرێس جۆش گۆتهایمەر و مایک ڵۆلەر پڕۆژەیاسایەکەیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی لە کۆنگرێس دەنگی لەسەر بدرێت و بەگوتەی ئەوان ترەمپ دەستکراوە دەکات هاوکاری ئیسرائیل بکات و وڵاتەکە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو ئامادەبێت لە حاڵەتی ئەوەی ئێران هەوڵ بدات بۆمبێکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت. مایک ڵۆلەر دەڵێت، ئەم پڕۆەژەیاسایە دەسەڵات دەدات بە سەرۆک ترەمپ تا هاوکاری ئیسرائیل بکات بە دابنیکردنی چەک و راهێنان و ئەوەی پێویستە هەیبێت تاوەکو بتوانێت ئێران لە هەبوونی بۆمبی ئەتۆمی پاشگەزبکاتەوە. لە 22ـی مانگی رابردوو ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکیدا بەناوی “چەکوشی نیوەشەو” فڕۆکەی جەنگی B-2 کە ناسراوە بە جنۆکەی ئاسمانی دژی ئێران بەکارهێنا و بۆ یەکەمجاریش 14 بۆمبی GBU-57ـی ئاراستەی هەر سێ بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز کرد. لەدوای هێرشەکە دۆناڵد ترەمپ گوتی، پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانیان بەتەواوی سڕیوەتەوە و خاپووریان کردووە. فڕۆکەیB-2 تەنها ئەمریکا خاوەنییەتی و 20 دانەی لێدروستکراوە و ئێستا سوپای ئەمریکا 19 دانەی لەبەردەستدایە. فڕۆکەکە بەوە ناسراوە دەتوانێت لە سیستمەکانی بەرگریی خۆی بدزێتەوە و ئاشکرا نەبێت، تەنها ئەویش دەتوانێت بۆمبیGBU-57 هەڵبگرێت کە کێشەکەی 13 تۆنە. هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ بڕوایوایە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لەناوچووە، بەڵام میدیای ئەمریکا باس لەوە دەکات هێرشەکەی واشنتن تەنها بە چەند مانگێک پرۆگرامەکەی دواخستووە. هاوکات رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە Cاوپێکەوتنێکیدا لە سەرەتای ئەم هەفتەیە گوتی، رەنگە ئێران لە چەند مانگی داهاتوودا بتوانێت دەستبکاتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم.

  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، پێویستە بەپەلە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەڕێگەی بۆری عێراق - تورکیاوە دەست پێبکاتەوە، چونکە داخستنی زیانی بە سێ کۆمپانیای ئەمریکی گەیاندووە و ئەمەش "قەبووڵنەکراوە". تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، داوای كرد دەستبەجێ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق-توركیا دەستپێبكاتەوە، ئاماژەی بەوەشدا راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم كاریگەری لەسەر سێ كۆمپانیای ئەمریكی هەبووە كە ئەوەش جێگای قبوڵكردن نییە. بروس راشیگەیاند، زۆر گرنگە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكانی نەوت و  لایەنە پەیوەندیدارەكان بەپەلە كاربكەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكرد، راگرتنی نەوت تەنیا رێگر بووە لە گەشەی ئابوری عیراق و بەرژەوەندی كۆمپانیا ئەمریكییەكان، ئەوە جگە لەوەی كە بووە بە هۆكارێك بۆ زیادبوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەكەدا، وتیشی، پێویستە بە زووترین كات ئەو پرسە چارەسەر بكرێت. بروس جەختی لەوە شكردەوە بۆری بەندەری جەیهان رێگەیەكی گرنگە بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەكان، ئەمەش سودی بۆ ئابووری عیراق و هەرێم و هەروەها كۆمپانیا ئەمریكیەكانیش هەیە، بۆیە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە بەرژەوەندی ئەمریكا و هەرێم و عیراق و ناوچەكەشدایە.

  وتەبێژى پنتاگۆن ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران تا دوو ساڵ دواکەوتووە. شۆن پارنێل وتەبێژی پنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەم خەمڵاندنەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەشکرد، خەمڵاندنە فەرمییەکە "پێدەچێت لە دوو ساڵ نزیکتر بێت". ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دوای نەهێشتنیان وەک خۆی دەمێنێتەوە. ڕۆژی 22ی حوزەیران، ڕۆژێک دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەمریکا سێ شوێنی ئەتۆمی ئێرانی بۆردومان کرد. دوابەدوای ئەمەش ئێران بنکەی ئەلعودەیدی ئەمریکای لە قەتەر بۆردومان کرد و ڕاگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاگەیاند. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو لێدانانەی وڵاتەکەی لەدژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستیپێکرد، "بەهێز و وێرانکەرن". ناوبراو زیادی کرد: ئەو شوێنانەی لە ئێران لێمان دا بە تەواوی وێران بوون. عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس نیوز ڕایگەیاند، بۆردومانی پێگەی ئەتۆمی فۆردۆی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە "زیانێکی زۆر و وێرانکەری" بەو دامەزراوەیە گەیاندووە.

  ئەندامێکی کۆنسەی جێبەجێکاری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن ''ئەمەش واتە؛ چینێک لە نێو دەوڵەت (تورکیا) هەن، دەیانەوێت بەربەست بۆ پرۆسەکە (پرۆسەی چارەسەری) دروست بکەن''. مستەفا قەرەسوو  راگەیاند گرووپێک لە دڵی دەوڵەتی تورکیا هەوڵی تێکدانی پڕۆسەی چارەسەری دەدات، جگە لەوەی حکومەتی تورکیا هەنگاوی پێویستی نەناوە، بەردەوامە لە هێرشە سەربازییەکانی، دۆخی زیندانیی عەبدوڵا ئۆجالان لە دوورگەی ئیمراڵی باشتر نەکراوە. مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی جێبەجێکاری کەجەکە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، وێڕای ئەوەی پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری داوە، بەڵام هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن. هەروەها جەختی کردەوە، گۆشەگیریی ئۆجالان وادەکات پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەبچێت، بەڵام پەکەکە دەیەوێت پڕۆسەکە بەردەوامبێت و بەخێرایی گەشە بکات.   کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە.   قەرەسوو گوتی، گەریلاکانی پەکەکە ''مافی خۆیانە'' لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکیا بەرگری لەخۆیان بکەن، گوتیشی: ''ئەو هێرشانە واتە؛ چینێک لە نێو دەوڵەت (تورکیا) هەن، دەیانەوێت بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکەن''.   ئەندامی کۆنسەی جێبەجێکاری کەجەکە رایگەیاند: ''ئێمە ئەوەی پێویست بوو کردمان. کۆنگرەمان بەست، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریمان دا. ئێستا دەبێت حکومەت هەنگاو بنێت''.   قەرەسوو پێیوایە، ئەگەر حکومەتی تورکیا دەیەوێت پرۆسەی چارەسەری سەربکەوێت، ''دەبێت هزر، سیاسەت و هەڵوێستەکانی بگۆڕێت. پێویستە هەڵوێست و تێگەیشتنی نوێی هەبێت''.   لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.   عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.   12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.

  وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئێران بەهەموو توانایانەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جووڵەیەکی ئیسرائیل و پشتیوانەکانی ئامادەن. عەباس عێراقچی لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەنزوێلا رایگەیاند، ئەم دەستدرێژییە کە پێشێلکارییەکی گەورەی بنەماکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی بوو، ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهانی خستووەتە ژێر هەڕەشەیەکی بێوێنەوە و دووڕوویی پشتیوانانی ئیسرائیلی زیاتر ئاشکراکرد. عێراقچی دەستدرێژی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێرانی بە خیانەت لە دیپلۆماسی و زەبرێکی بێوێنە لە یاسای نێودەوڵەتی وەسف کرد. جەختیشیکردەوە کە هەموو پشتیوانانی ئیسرائیل لە تاوانەکانیدا هاوبەشن. لەلایەکى دیکەوە موحسین رەزایی، فەرماندەی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، جەنگی ئەمجارە تا لەناوبردنی رژێمی زایۆنی و چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە بەردەوامدەبێت. گوتیشی، ئەمە یەکەم جارە جەنگێکی لەو شێوەیە راستەوخۆ لەلایەن عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێرانەوە فەرماندەیی بکرێت. هەروەها فەرماندەی پاسداران دەڵێت، ئەم شەڕە بە هاوکاریی ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بنکەی خاتەمولئەنبیا ئەنجامدرا، سەرجەم فەرمانەکان لەلایەن خامنەیی بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچوون.

  بڕیارە لەچەند ڕۆژى ئایندەدا، ٣٠ گەریلاى پەکەکە، بەبەرچاوى میدیا ناوخۆیی و جیهانیەکانەوە چەکەکانیان لەناو ببەن و دواتر بگەڕێنەوە بۆ شوێنێکى نادیارو خۆیان تەسلیم ناکەن. سەرچاوەیەکى ئاگادارو تایبەت بەهاوڵاتى ڕاگەیاند: لەچەند ڕۆژى داهاتوودا پەکەکە پرۆسەیەکى چەکدانانى سمبولیکى جێبەجیدەکات، ئەو گەریلایانە ژمارەیان ٣٠ کەسەو چەند بەرپرسێکى دیاریان لەگەڵدایە. بەپێى ئەو زانیاریانەى لەسەرچاوەیەکى تایبەتەوە دەستى هاوڵاتى کەوتووە  لەپرۆسەکەدا بەبەرچاوى میدیا ناوخۆیی و جیهانیەکانەوە چەکەکانیان لەناودەبەن واتە ڕادەستى هیچ کەس و لایەنێکى ناکەن، دواتر ئەو گەریلایانە دەچن بۆ شوێنێکى نادیار، واتە خۆیان ڕادەستى تورکیا ناکەن، چونکە دووجارى دیکە ئەم پرۆسەیە ئەنجامدراوەو گەریلاکانى پەکەکە خراونەتە زیندانەکانى تورکیاوە، بۆیە خۆیان تەسلیم ناکەن. لەلایەکى دیکەوەئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێسی فەرەنسی (AFP) بڵاویکردووەتەوە، "بەگوێرەی دوو سەرچاوەی نزیک لە پرۆسەکە، ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی دروستکردنی متمانە لە بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسە سیاسییەی ئێستا لە تورکیا هەیە."   ئەم هەنگاوە تەنها شەش هەفتە دوای ئەوە دێت کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند کە زیاتر لە چوار دەیە شەڕی گەریلا کۆتایی پێدەهێنن. سێزای تەمێلی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانیی دەم پارتى ڕۆژی دووشەممەى ڕابردوو بە پەرلەمانتارانی وت: پێدەچێت ئەم پێشهاتانە هەفتەی داهاتوو ڕوو بدەن. وتی شاندێکی پەرلەمانتاران بەنیازن "لە 8 یان 9ی تەمموزدا چاویان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بکەوێت دوای ئەوە سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکەن پاشان دەچنە ئیمرالی"ئەو دوورگەیەی ئۆجالان لە ساڵی 1999ەوە زیندانی کراوە. هەفتەی ڕابردوو ئەردۆغان هەروەها ڕایگەیاندبوو کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ شاندی دەم پارتى کۆدەبێتەوە.

  ترسی شەڕی جیهانی بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی سیناریۆیەکی ترسناک و نیگەرانکەر بۆ زۆرێک لە وڵاتان و گەلانی جیهانە. ئەمەش دەرگای زۆر پرسیاری کردۆتەوە و بەردەوامە لە کردنەوەیدا سەبارەت بەوەی کە چۆن خۆی لە شەڕێکی لەو شێوەیە بپارێزێت ئەگەر سەریهەڵدا. شارەزایانی سەربازی پشتڕاستی دەکەنەوە کە هەر شەڕێکی ئەتۆمی وێرانکەر دەبێت، تیشکەکان نزیکەی هەموو گۆشەکانی جیهان بڵاودەبنەوە و بەشێکی زۆری گەردوون پیس دەبێت و نەخۆشیەکى زۆر بڵاودەکاتەوەو ناتوانرێت بۆ ژیان بەکاربهێنرێت. ڕۆژنامەی بەریتانی، دەیلی مەیلی بەریتانی، لە ڕاپۆرتێکدا کە لەلایەن کەناڵی ئەلعەرەبیەوە پێداچوونەوەی بۆ کراوە، بە پشتبەستن بە ئانی جاکۆبسن، شارەزای ناوەکی، ڕایگەیاندووە، لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی ئەتۆمی وێرانکەر، تەنیا دوو شوێن لە جیهاندا سەلامەت دەبن، ئەوانیش ئوسترالیا و نیوزلەندا. جاکۆبسن ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتانی دراوسێ لە نیوەگۆی باشوور تاکە شوێن دەبن کە دەتوانن "پشتیوانی کشتوکاڵ بکەن" لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتی ئەتۆمی لە نیوەگۆی باکووردا، واتە تاکە دوو شوێنی سەلامەت ئوسترالیا و نیوزلەندا دەبن. جاکۆبسن باسی لە هێڵی کاتیی ترسناک کرد کە تێیدا شەڕی ئەتۆمی زۆربەی هەسارەکە لەناو دەبات. ئاماژەی بەوەشکردووە، "شوێنەکانی وەک ئایۆوا و ئۆکرانیا تەنها بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەفر دادەپۆشرێن". "کەواتە کشتوکاڵ شکستی دەهێنا، کاتێکیش شکستی دەهێنا، خەڵک دەمرن." جاکۆبسن دەڵێت: "لە سەرووی ئەوەشەوە ژەهراویبوون بە تیشکەوە هەیە، چونکە چینە ئۆزۆنەکە ئەوەندە تێکدەچوو و لەناو دەچوو، کە نەتدەتوانی لەبەر خۆردا بچیتە دەرەوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "خەڵک ناچار دەبن لەژێر زەویدا بژین، بۆیە دەبێت خەڵک لەژێر زەویدا بخەیتە بەرچاوت، جگە لە نیوزلەندا و ئوسترالیا لە هەموو شوێنێکدا خەبات دەکەن بۆ خۆراک". پێش ئەوەی قەیرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرە بسێنن، جاکۆبسن کتێبێکی بە ناوی "جەنگی ئەتۆمی: سیناریۆیەک" بڵاوکردەوە، کە بە وردییەکی شۆککەر وردەکارییەکانی چۆنیەتی پەرەسەندنی ئاپۆکالیپس لە کاتی جەنگی جیهانی سێیەمدا خستەڕوو. ئاماژەی بەوەشکردووە، گومانی تێدا نییە سەدان ملیۆن کەس بەهۆی تۆپە ئاگرینەکانەوە دەمرن. بەڵام جاکۆبسن ئاماژەی بەوەشکردووە، توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٢ی پرۆفیسۆر ئۆین تون کە لە گۆڤاری (Nature Food) بڵاوکراوەتەوە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ژمارەی مردووان بە خێرایی زۆرینەی دانیشتوانی جیهان لەناو دەبات. جاکۆبسن وتی: پرۆفیسۆر تون و تیمەکەی بیرۆکەی زستانی ئەتۆمی لەسەر بنەمای خۆراک نوێکردەوە و ئەو ژمارەیەی کە هەیانە پێنج ملیار کەسە کە دەمرن. لە شەڕێکی تەواودا کە زۆرێک لە شارەکان بۆمبی ئەتۆمی لێدەدرێن، ئەم تەقینەوەکان دەبنە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە و سووتانی بینا و دارستان و پێکهاتەکانی دیکە.  پرسیار لە جاکۆبسن کرا: ژمارەی دانیشتوانی ئێستای هەسارەکە هەشت ملیارە، بۆیە سێ ملیار کەس بە زیندووی دەمێننەوە، مرۆڤ دەچێتە کوێ بۆ ئەوەی یەکێک بێت لەو سێ ملیارە؟ جاکۆبسن لە وەڵامدا وتی: "ئەوە ڕێک ئەو شوێنەیە کە تۆ دەچیت: ئوسترالیا یان نیوزلەندا". "ئەوانە تاکە شوێنن کە بەڕاستی دەتوانن پشتگیری لە کشتوکاڵ بکەن."