مایک پۆمپەیۆ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەوەی دەستبەردان لە کورد لە رۆژئاوای کوردستان "کارەساتێکی گەورە" دەبێت و پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئەنجوومەنی پیران بۆ پاراستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رادەگەیێنێت. پۆمپەیۆ کە لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمی ترەمپدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو، رایگەیاند، دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە هاوپەیمانە دێرینەکانی لە شەڕی دژی داعش، دەبێتە "کارەساتێکی ئەخلاقی و ستراتیجی". پۆمپەیۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پۆستێکی لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی بڵاوکردەوە، کە ئاماژەی بە "خواستی بەهێز و گەشەسەندووی هەردوو پارت"ی کۆماری و دیموکرات لە ئەنجوومەنی پیران کردبوو بۆ پاراستنی کورد و ئەو گرووپانەی یارمەتی ئەمریکایان دا لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش. پۆمپەیۆ لەسەر پۆستەکەی نووسیوە: "پشتکردنە هاوپەیمانە کوردەکانمان کارەساتێکی ئەخلاقی و ستراتیجی دەبێت". مەترسیی لەسەر کۆبانێ و کۆتاییهاتنی ئاگربەست ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە ئاگربەستی نێوان حکومەتی راگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) درەنگی شەوی شەممە کۆتایی دێت و مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ناوچەکە هەیە. گرژییەکان دوای ئەوە پەرەیان سەند کە حکومەتی راگوزەری سووریا لە 13ـی کانوونی دووەمەوە هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستپێکرد. هێزەکانی حکومەت لە حەلەب، دێرەزوور و رەققە پێشڕەوییان کرد و شاری کۆبانێیان گەمارۆ داوە. رێکخراوە مرۆییەکان هۆشداری دەدەن کە دۆخێکی سەخت لە کۆبانێ دروستبووە. بەپێی ئامارەکان 150 بۆ 500 هەزار کەس لە شارەکەدا گەمارۆدراون و رووبەڕووی کەمبوونەوەی ئاو، کارەبا، خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی بوونەتەوە. مانگی سووری کورد گیانلەدەستدانی منداڵانی بەهۆی سەرما و نەبوونی چاودێری پزیشکییەوە تۆمارکردووە. سەرچاوەکانی حکومەتی سووریا رایانگەیاندووە کە "ئاگربەستەکە تەواو بووە" و دیمەشق خەریکی تاوتوێکردنی بژاردەکانە. لیندزی گراهام هۆشداریداوە کە ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد بەردەوام بن، سزاکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی تووندتر، لەوانەش یاسای قەیسەر، دەگەڕێننەوە. مێژوویەکی ئاڵۆز لە سەردەمی پۆمپەیۆ وەک وەزیری دەرەوە (2018-2021)، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر کوردانی سووریا جێگیر نەبوو. لە ئۆکتۆبەری 2019، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچە سنوورییەکان دەرکرد، ئەوەش رێگەی بۆ لەشکرکێشیی تورکیا خۆشکرد. لەو کاتەدا، پۆمپەیۆ نیگەرانییەکانی ئەنقەرەی بە "رەوا" ناو برد و ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن بەشێوەی سەربازی بەرگری لە کورد ناکات؛ بڕیارێک کە لەلایەن سەرکردەکانی کوردەوە بە "ناپاکی" وەسفکرا و لە کۆنگرێسیش رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە. تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و دەستەڕاستی ترەمپ بۆ زۆر لە پرسەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رایگەیاندووە کە چیدیکە ئەمریکا وەک هاوبەشی ژمارە یەک، پشتیوانی بە هەسەدە نابەستێت، لەبەر ئەوەی ئێستا حکومەتی راگوزەری سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع، بووەتە ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش. لە سەرەتای ئەم مانگەوە، هەسەدە لە دوو گەڕەک و گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب، پارێزگەی دێرەزوور، پارێزگەی رەققە و چەند ناوچەیەکی پارێزگەی حەسەکە کشاوەتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد: لەسەر بنەمای نێوەندگیرییەکی نێودەوڵەتی، گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست بۆ 15 ڕۆژی دیکە. ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی پڕۆسەی دیالۆگ و گفتوگۆکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی دیمەشق بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش. هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەندیی تەواوی خۆی بە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە دووپات کردەوە و جەختیان لەوە کردەوە، هەمیشە پەرۆشی ڕێزگرتنن لە ئاگربەست، چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی گرژییە سەربازییەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل لە ناوچەکەدا. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکی لەم درێژکردنەوەیە، ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو و پێویستە بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری و سەرخستنی هەوڵە سیاسییەکان. ئەم بڕیارەی هەسەدە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لە کاتێکدایە کە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەژێر گوشارێکی توندی سەربازی و مرۆییدان، نێوەندگیرییە نێودەوڵەتییەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی درێژکردنەوەی ماوەی بێدەنگکردنی چەکەکانەوە، دەرفەتی زیاتر بدەنە لایەنەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی کۆنکرێتی، ئەم 15 ڕۆژە وەک دەرفەتێکی گرنگ دەبینرێت بۆ تاقیکردنەوەی نیازپاکی لایەنەکان و هەروەها سووککردنی ئەو بارگرانییە مرۆییەی کە بەهۆی شەڕ و گەمارۆوە ڕووبەڕووی خەڵکی ناوچەکە بووەتەوە.
سەرۆک بارزانی، بە بۆنەوەی کاندیدکردنی نوری مالیکی، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی دەنێرێت. پیرۆزبایی لە بەڕێز مالیكی دەكەین و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین، لە چارەسەركردنی كێشە، گرفتەکان، لە نەهێشتنی كۆسپ و ئالنگارییەكانی وڵاتدا پشتیوانی دەبین. بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان پێشوازی لە بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی دەكەین بۆ دیاریكردنی بەڕێز نووری مالكی وەك بەربژێریان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق. بەو بۆنەیە پیرۆزبایی لە بەڕێز مالكی دەكەین و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین و لە چارەسەركردنی كێشە و گرفت و كێشەكان و نەهێشتنی كۆسپ و ئالنگارییەكانی وڵاتدا پشتیوانی دەبین. مسعود بارزانی 24ی کانوونی دووەمی 2026
وەزارەتی بەرگریی سووریا، درێژکردنەوەی وادەی ئاگربەستی لەگەڵ هەسەدە بۆ ماوەی 15 ڕۆژی دیکە ڕایگەیاند. شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی سووریا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: بڕیاریان داوە وادەی ڕاگرتنی شەڕ و ئاگر بەست لە سەرجەم کەرت و میحوەرەکانی ئۆپەراسیۆنی سوپای عەرەبیی سووریادا بۆ ماوەی 15 ڕۆژی دیکە درێژ بکەنەوە. بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەت، ئەم بڕیارە لە کاتژمێر 11ـی ئەمشەوەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگری هۆکاری ئەم بڕیارەی ئاشکرا کردووە و ڕوونی کردووەتەوە، کە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بە مەبەستی پاڵپشتیکردن و کارئاسانییە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامی دەدەن، کە تێیدا زیندانیانی داعش لە زیندانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە دەگوازنەوە بۆ ناو خاکی عێراق. کاتژمێر 8ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، ئاگربەستی چوار ڕۆژەی نێوان دیمەشق و هەسەدە بە فەرمی کۆتایی هات، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندبوو، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نییە. لە بەرانبەردا، ئاژانسی رۆیتەرز دوێنێ هەینی لە زاری سەرچاوەکانی ناو هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بڵاوی کردبووەوە، کە ئەگەری هەیە ئەو مۆڵەتەی بۆ پێشکەشکردنی پلانی وردی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانیان بە پێکهاتەی دەوڵەتی سووریا دیاری کراوە، درێژ بکرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندبوو، پێویستە ئاگربەستی ئێستا لە سووریا بەردەوام بێت، بە تایبەتی لە کاتی گواستنەوەی زیندانیانی ڕێکخراوی داعش بۆ عێراق، چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییە ئەمنییەکان.
هەڵوێست وەرگرتن بڕیار دەدات جەنگەکە بە چ ئاراستەیەکدا بڕوات ئامادەکردنی هاوڵاتی مێژوو پێمان دەڵیت کاتێک نەتەوەیەک لەژێر هەڕەشەدایە، زۆرجار بەهێزترین چەک تانک و مووشەک نییە، بەڵکو یەکگرتوویی، خۆیەکلاکردنەوە و هێڵی ئەخلاقییە. کاتێک هەر کەسێک بزانێت هەڵویستی چۆن بێت، بەرخۆدان دێتە کایەوە، بەڵام کاتێک نەزانن، تەنانەت بەهێزترین سوپا و هێزی چەکداریش دەکەوێت. لە کاتی مەترسی بۆ سەر بوونی نەتەوەیەک، بێدەنگی هەرگیز مانای بێلایەنی نییە. مەلا هەڵۆ بە وتارێکی باسی لە دۆخی رۆژاڤا کرد، بەڵام ئەوەی گوتی خۆبەدوورگرتن بوو لە نواندنی هەڵویستێکی جیدی و تەنانەت لەوانە تووڕە بوو کە داوای هەڵویستی لێدەکەن. با وەک نمونە کۆبانێ وەربگرین کە قسەکەی مەڵا هەڵۆ پێچەوانە دەکاتەوە. لە ساڵی 2014 بەرخۆدانی کۆبانێ تەنها بە چەک نەکرا، بەڵکو دەنگهەڵبڕینی لایەنە جیاوازەکان وایکرد کۆبانێ ببێتە یەکەم مەیدانی شکستی داعش. مامۆستا ئاینییەکان جەنگەکەیان بە پاراستنی شەرف و خاک وەسفکرد، سیاسییەکان ناکۆکی و دووبەرەکییان وەلاوەنا، هونەرمەندانیش لە ڕێگای کارە هونەرەییەکانییانەوە ئازاری میللەتێکیان کردە سیمبولی بەرخۆدان، تەنانەت رۆژنامەنووسانیش نەیانهێشت کۆبانێ لە ویژدانی جیهانی ون ببێت. هەموو ئەمانە پێکەوە کاریگەرییان هەبوو، هەڵوێستی بەکۆمەڵ وایکرد شارۆچکە ئابڵوقدراوەکە ببێتە ئامانجێکی جیهانی. ئەو یەکگرتووییە پاڵپشتی نێودەوڵەتی دروست کرد و دواتریش بووە هۆی رووخانی داعش. تەنانەت ئەگەر باس لە ئێستا بکەین، ئەو چەکدارەی کە کەزی ژنە شەڕڤانێکی بڕی ئێستا لە ترسدا دەژی، چونکە دەزانێت رووبەرووی میللەتێک وەستاوە، هەڵوێستی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان وایکرد لە ترسدا ڤیدیۆیەک بڵاوبکاتەوە و پۆزشی ناراست بهێنیتەوە کە ئەو قژە قژی دەستکردە و هی شەڕڤان نییە. ئەگەر خەڵکی هەر چوار پارچەکەی کوردستان هەڵوێستی نەبوایە رەنگە زیاتر لەسەر ئەو کارەی بەردەوام بوایە. با نمونەیەکی جیهانی و گەورەتریش بهێنینەوە تاوەکو قسەکەی مەلا هەڵۆ بەتەواوی ڕەتبکەینەوە. لە کاتی جەنگی غەزە، هەڵوێستی دەرەوەی جەنگ ژینگەی سیاسی شەڕەکەی گۆڕی. هونەرمەندان، کەسانی ئەکادیمی، بانگخواز و رۆژنامەنووسان لە تەواوی جیهان هەڵوێستی جیدیان وەرگرت. بایکۆت کردن، خۆپیشاندانی زەبەلاح و هەڵوێستی ڕوون لەلایەن خەڵک و کەسایەتییە بەناوبانگەکانەوە حکومەتی وڵاتانی ناچارکرد بێنە دەنگ و فشاری دیبلۆماسی لەسەر ئیسرائیل دروست بکەن. هەرچەندە لە کاتی خۆیدا جەنگ نەوەستا، بەڵام هەڵوێست نواندن، بیروڕای گشتیی جیهانی گۆڕی، بۆشایی سیاسیی بەرتەسککردەوە بۆ سنووردارکردنی شەڕەکە و قەیرانە مرۆییەکەی کردە بابەتی رۆژ. هەڵوێست سەلماندی کە خۆیەکلاییکردنەوەی ئەخلاقی توانای ئەوەی هەیە دەسەڵاتی سەربازیی سنوردار بکات. تەنانەت وایکرد لۆبی ئیسرائیلیش لە ئەمریکا تووشی کێشە ببێت، هەروەک چۆن پێش مانگێک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دانی پێدا نا و گوتی: لۆبی ئیسرائیل لە کۆنگرێس هێندەی ئێستا لاواز نەبووە. لە هەموو شۆڕش و بەرخۆدانێکدا سیمبولێک دێتە کایەوە، کە دەبێتە رەمزی ئەو بەگژداچوونەوەیە و خەڵکی هەموو جیهان بەوە شۆڕشەکە دەناسنەوە. لای خەڵکی کوردستان کەزی بووە سیمبولی بەرخۆدان و ئەمە وایکرد شۆڕشەکە تەنها لە ناوخۆدا قەتیس نەبێت و بگاتە هەموو جیهان، هەر لە ڕێی ئەمەوە خەڵکی هەموو جیهان ئێستا دەیناسنەوە و دەزانن کە ئەمە بۆ پشتگیری رۆژاڤایە، لەکاتێکدا مەلا هەڵۆ گاڵتەی پێدەکات و بە خۆپیشاندەران دەڵێت، بە رەقس و کەزی کردن ناتوانن هیچ بکەن. ئەگەر مەلا هەڵۆ تەنها کەمێک ئاگاداری دەوروبەری خۆی بووایە، دەیزانی کە فەڵەستینییەکانیش ئازاری خۆیان لەڕێی بەستنی کەفییەوە گەیاند بە هەموو جیهان و کردیانە ترێندێکی جیهانی.
چوارچێوەی هەماهەنگی، بە زۆرینەی دەنگ، نووری مالیکی وەک کاندیدی فەرمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریی کرد و داوای لە پەرلەمان کرد بە پەلە کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدات. شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی (الإطار التنسيقي)، لە نووسینگی هادی عامری، بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە. چوارچێوەکە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: کە بە زۆرینەی دەنگ، نووری کامیل مالیکی وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریی کردووە. چوارچێوەی هەماهەنگی روونی کردووەتەوە، کە دیاریکردنی مالیکی وەک کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، بە لەبەرچاوگرتنی "ئەزموونی سیاسی، ئیداری و ڕۆڵی ناوبراو لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا" بووە. لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندبوونی تەواوی خۆی بە ڕێکارە دەستوورییەکان دووپات کردووەتەوە و ئامادەیی نیشان داوە بۆ کارکردن لەگەڵ سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان بە ئامانجی "پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و کارا کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پاراستنی ئاسایش و یەکڕیزیی عێراقی هەبێت." لە کۆتاییدا، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە پەرلەمانی عێراق کردووە کە بە پێی وادە دەستوورییەکان، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدات، وەک هەنگاوێکی پێویست بۆ راسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران. نووری مالیکی کێیە؟ ناوی تەواو: نووری کەمال محەممەد حەسەن مالیکی. -لە 20ـی حوزەیرانی ساڵی 1950 لە پارێزگای کەربەلا لە دایکبووە. -هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کۆلێژی "ئوسوڵ دین" لە بەغدا. -هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە زمانی عەرەبی لە زانکۆی سەڵاحەددین لە هەولێر. -لە ساڵی 1970 پەیوەندی بە حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە کردووە. -لە ساڵی 1979 و دوای دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەندامانی حزبی دەعوە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە، عێراقی جێهێشتووە. سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە لە ساڵی 2009ـەوە تا ئێستا. پۆستە فەرمییەکانی نووری مالیکی -سەرۆک وەزیرانی عێراق/ خولی یەکەم (2006 - 2010). -سەرۆک وەزیرانی عێراق / خولی دووەم (2010 - 2014). -جێگری سەرۆک کۆماری عێراق (2014 - 2015) و (2016 - 2018).
سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەر سکاڵا و ناڕەزایی هاووڵاتیان مامۆستای ئایینی (بزازرا حەمە رەشید) ناسراو بەمامۆستا هەڵۆ دەستگیرکرا. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ناوبراو لە وتارەکەیدا خەباتی مەدەنییانەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێ ئەرزش دەکات و رۆڵی ئافرەتان بەشێوازێکی نەشیاو وێنا دەکات و لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.
تولا هاتیمۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی دوایین پێشهاتەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد و هۆشدارییان دا لەوەی "ئامانج لە هێرشکردنە سەر هەدەسە بۆ نەهێشتنی کوردە لە سووریا، بەڵام ئەمە تەنیا خۆفریوودانە." تولای هاتیمۆغوڵڵاری، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: سوپای عەرەبیی سووریا کە گرووپی تەحریرولشام پێکهێنەری سەرەکییەتی، ئاگربەستەکە پێشێل دەکات و ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە، نانەوەی شەڕ و پێکدادانە لە نێوان کورد و عەرەب. هاتیمۆغوڵڵاری، دەڵێت: هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ ڕێگریکردن لە کوشتاری خەڵکی مەدەنی، لە ڕەقە و دێرەزوور کشاونەتەوە، دڵنیاییشی دا لەوەی بە هەر نرخێک بێت ناوچە کوردییەکان دەپارێزرێن. ٠ لە کۆبانێ، کارەبا، ئاو و ئینتەرنێت بڕراوە، ئەمە کارەساتێکی مرۆیی گەورەیە. ٠ چەکدارەکانی دیمەشق، تەنانەت بەرگەی بینینی کەزی قژی ژنانیش ناگرن و دەیانەوێت کوردانی ئەو ناوچانە ناچار بە کۆچکردن بکەن. تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، وتی: "کورد نایەوێت سەدەیەکی دیکەش بەبێ قەوارە و بێ زمان بژی." باکرهان داوای لە تورکیا کرد لەبری پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکان، ڕۆڵی ئاشتی بگێڕێت و دەڵێت: "لەو شوێنانەی هەسەدە لێیان کشاوەتەوە، ئاڵای داعش هەڵدراوە." تونجەر باکرهان، داوا لە هێزە دیموکراتەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، بێدەنگ نەبن و پشتیوانی لە گەلی ڕۆژئاوا بکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە و ئەو شەڕەی بەسەریاندا سەپێنراوە بەگوتەی باکرهان، "حکوومەتی سووریا بەرەنگاری داعش نابێتەوە، تەنیا شەڕ دەکات بۆ نەهێشتنی کورد بەڵام خەیاڵیان خاوە."
میدیای فەرمی سووریا دەڵێت، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری ئازادکردنی 126 ڕاگیراوی لە زیندانی ئەقتانی سەر بە پارێزگای ڕەققە دەرکرد، کە پێشتر ئەم زیندانە هەسەدە بەڕێوەی دەبرد و ڕاگیراوەکان بەتۆمەتی ئەندامییەتی داعش دەستگیرکرابوون. کەناڵی ئەلئیخباریەی سەر بە حکومەتی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، 126 ڕاگیراویان لە زیندانی ئەقتانی سەر بە پارێزگای ڕەققە ئازاد کردووە، سەرجەمی ئەوانەشی کە ئازاد کراون تەمەنیان لەخوار 18 ساڵەوە بووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاری ئازادکردنی ئەو ڕاگیراوانە دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بووە بۆ یەکلاییکردنەوە دۆسیەی سەرجەم ڕاگیراوەکان. دوای شەش ڕۆژ لە پاراستنی زیندانەکە و بەهۆی گەمارۆدانیان لەلایەن هێزەکانی سەر بە دیمەشق، دوێنێ هەسەدە لە زیندانی ئەقتان کشایەوە و زیندانەکە کەوتە دەستی حکومەتی سووریا، ئەم زیندانە دوو هەزار ئەندامی داعشی تێدایە و بە یەکێک لە مەترسیدارترین زیندانەکان لە سووریا دادەنرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هۆشداری دەداتە کەنەدا لە ئەنجامدانی رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ چین، ئاماژەی بەوەکردووە، لەوانەیە ئەمە ببێتە دەرچەیەک بۆ ئەوەی ئەمریکا بکەوێتە بەر شاڵاوی کاڵا و کەلوپەلی چینی. شەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، ماەک کارنی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، لەوانەیە هەڵەیەکی مێژوویی ئەنجام بدات، بەو هەڵەیە چین دەتوانێت کەنەدا بە تەواوی بخوات، لەمبارەیەوە ترەمپ هۆشداری دەداتە کارنی کە هەڵەی لەو شێوەیە ئەنجام نەدات چونکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی کەنەدا. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئۆتاوا ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ پەکین بکات، دەستبەجێ ئەمریکا باجی 100% بەسەر هەموو ئەو کاڵا و بەرهەمە کەنەدییانەدا دەسەپێنێت کە دەچنە ناو بازاڕەکانی ئەمریکاوە. ئەم لێدوانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، شەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2025، مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری گیۆنگجوی کۆریای باشوور گوتی: لەگەڵ چین ڕێگایەکمان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکان کردووەتەوە، ڕاشیگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە زۆر بنیاتنەر بووە. سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ئاشکراشی کرد لە لایەن شی جیپینگ، سەرۆکی چین بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ سەردانیکردنی وڵاتەکەی پێگەیشتووە و دەشڵێت: وەزیران و بەرپرسەکانی وڵاتەکەی بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەر بۆ ئاڵنگارییەکان دەستنیشانکردنی هاوکاری و گەشەسەندنەکانی وڵات ڕاسپاردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرۆکی چین و سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە کۆریای باشوور لە میانی لووتکەیەکی ئاسیا-پاسفیکدا کۆبوونەوە، بەمەش ئەو دوو وڵاتە بۆ یەکەم جار دوای ساڵی 2017 یەکەمین گفتوگۆی فەرمی خۆیان لەسەر پرسی بازرگانی کرد. لە ڕاگەیەندراوێکدا کەنەدا لە بارەی کۆبوونەوکەدا ڕایگەیاندبوو، سەرکردەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە کۆبوونەوەکەیان خاڵێکی وەرچەرخان بووە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا. هەروەها میدیا فەرمی وڵاتی چین لە زاری شی جیپینگ بڵاوی کردووەتەوە، ئامادەن لەگەڵ کەنەدا کاربکەن بۆ ئەوەی ئەم کۆبوونەوەیە وەک دەرفەتێک بقۆزینەوە بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بۆ سەر ڕێڕەوێکی تەندروست، سەقامگیر و بەردەوام لە زووترین کاتدا. هاوکات پەیوەندییەکانی کەنەدا و چین لەنێو خراپترین پەیوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بووە، بەڵام هەر دوو وڵات بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی گوشارە و باجی گومرگییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، وای کردووە دووبارە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیاندا بچنەوە. پێشتر حکوومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆ ڕێکلامێکی هۆشیارکەرەوە بڵاو کردووەتەوە، کە لە ڕێکلامەکەدا گوتەکانی ڕۆناڵد ڕێگان، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکای بەکار هێناوە و تێیدا ئاماژەی دابوو، سەپاندنی باجی زیادی گومرگی ، دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەی باجە گومرگییەکان و بەمەش شەڕی توندی بازرگانی لە نێوان وڵاتان هەڵدەگیرسێت. ڕۆژی شەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆکی ئەمەریکا بەهۆی ئەوەی ڕێکلامەوە باجی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی کەنەدا بە ڕێژەی 10% زیادە کرد و هەموو گفتوگۆوە بازرگانییەکانی ڕاگرت. دوای ئەوا مارک کارنی، قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و گوتی: گفتوگۆ دووقۆڵییەکان پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە و ئێمە ئامادەین لەسەر ئەو پێشکەوتنە بەردەوام بین و هەر کاتێکیش ئەمەریکییەکان ئامادەبوون، ئێمەش ئامادەین، ئەو پەیوەندییانە زیاتر بەرەو پێش ببەین؛ بەڵام پێشتر مارک کارنی، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، سیاسەتی بازرگانی واشنتن لەگەڵ ئابووریی ئۆتاوا، پێویستی بە داڕشتنەوەیە.
هێزەكانی سوریای دیموكرات لە بەیاننامەكدا دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی رێکەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئێمە و حکومەتی دیمەشقدا واژۆ کراوە، بەڵام حكومەتی دیمەشق بەردەوامە لە ئامادەکارییە سەربازییەکان و هەڵكشانی دۆخەكە لە ناوچەی جزیرە و کۆبانی. لەشكركێشی و جوڵەی لۆجستیکی بەدی کراوە، ئەمەش نیازێکی ڕوونە بۆ پەرەسەندن و ڕاکێشانی ناوچەکە بۆ روبەڕوبوونەوەیەکی نوێ. لەو چوارچێوەیەشدا هێزەکانمان ئەمڕۆ دووچاری دوو هێرشی جیاواز بوونەتەوە لە ناوچەی جزیرە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای رێککەوتننامەی ئاگربەستە. لە کاتێکدا هێزەکانمان پابەندبوون بە مەرجەکانی رێککەوتنی ئاگربەستەوە، و بەردەوامن لە پابەندبوونیان، جەخت لەوە دەکەینەوە ئامادەکارییە سەربازییەکانی حکومەتی دیمەشق بە تەواوی لەگەڵ بەڵێنەکانیدا ناتەبایە و هەوڵی بە ئەنقەستە بۆ تێکدانی ئاگربەست و هەوڵەكانی بەرەو شەڕ لەبری چارەسەری سیاسی ئاشکرا دەکات. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین هەوڵی بەپەلە بدەن بۆ زامنكردنی پابەندبوون بە رێککەوتنی ئاگربەست و کار بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەنگاوێکی بکات كە ببێتە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران کۆدەبێتەوە و سەرکردەیەک لە هاوپەیمانییەکە دەڵێت، کاندیدکردنی مالیکی تەنیا دەنگۆیە. بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات. عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، بە کوردستان24ی راگەیاند، کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پرسی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق. جەزائیری جەختی کردەوە، تا ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری نەکردووە. هەروەها هیچ کۆدەنگییەکیش لەسەر نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا نییە. بە گوتەی ئەو سەرکردەیە، "مالیکی داوای گەرەنتیی پاڵپشتی لە کورد، سوننە و شیعەکانی کردووە، بەڵام لایەنە سوننەکان رەتیان کردووەتەوە و ڤیتۆیان لەسەری هەیە. بۆیە هەر هەواڵێک دەربارەی کاندیدکردنی ناوبراو تەنیا دەنگۆیە و دوورە لە راستییەوە." لەلایەکی دیکەوە، عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، بۆ کوردستان24 پشتڕاستی کردەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاساییە و تایبەتە بە تاوتوێکردنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق. لە ماوەی هەفتەکانی رابردوودا، جووڵە و گفتوگۆکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی چڕبوونەتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران. لەم چوارچێوەیەدا، چەندان کۆبوونەوە ئەنجام دراون یان دواخراون بەهۆی ناکۆکی و وردەکاریی سیاسییەوە. سەرەتا چوار کاندید لە ئارادا بوون، کە محەممەد شیاع سوودانی بە بەهێزترین دادەنرا. بەڵام دواتر، محەممەد شیاع سوودانی لە کاندیدبوون کشایەوە و رێگەی بۆ نووری مالیکی خۆش کردووە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، مالیکی رەزامەندیی زۆرینەی هێزەکانی ناو چوارچێوەکەی بەدەستهێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پرسی کاندیدکردنی مالیکی هێشتا بەربەستی لەپێشە، بەتایبەت لەلایەن لایەنە سوننەکانەوە کە نیگەرانییان هەیە. هاوکات، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە لایەنە کوردییەکانیش کردووە، بە زووترین کات لەسەر یەک کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رێک بکەون، بۆ ئەوەی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت خێراتر بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری لە دۆخی مرۆیی لە کۆبانێ دەدات و دەڵێت، بەهۆی گەمارۆی تووندەوە شارەکە گەیشتووەتە لێواری کارەساتێکی مرۆیی کە هەڕەشە لە ژیانی سەتان هەزار هاووڵاتیی مەدەنی دەکات. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر "بانگەوازێکی بەپەلەی" ئاراستەی رای گشتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووە. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، کۆبانێ بە "هێمای بەرخۆدان و خۆڕاگری" وەسف دەکات و دەڵێت: "کۆبانێ هێڵی یەکەمی بەرگری بوو لە بەها مرۆییەکان و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە رێڕەوی جەنگی دژی توندڕەویی گۆڕی؛ بۆیە بەئامانجگرتنی ئەمڕۆی، بەئامانجگرتنی راستەوخۆی ئیرادەی گەلانی ئازاد و ئەزموونی دیموکراتیکە." هەفتەیەکە کۆبانێ لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە گەمارۆ دراوە و رێگە نادرێت، خواردن، خواردنەوە و پێداویستیی پزیشکی بگاتە شارەکە. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا داوا دەکرێت بەپەلە رێگەچازەیەک بدۆزرێتەوە و "رێڕەوی ئارام بکرێتەوە بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و پزیشکی و چارەسەرکردنی برینداران بەبێ مەرج." بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقی دەخاتە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و داوایان لێدەکات دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی کانتۆنی جزیرێ. هاوکات، ستایشی "بەرخۆدانی جەماوەری" خەڵکی حەسەکە و جزیرێ دەکات و جەخت لە "پێویستیی بەهێزکردنی بەرخۆدانی جەماوەریی رەوا" دەکاتەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان. لە کۆتایی بانگەوازەکەدا هاتووە: "بێدەنگی لە ئاست ئەوەی روودەدات هاوبەشییکردنە لە تاوان و دەستوەردانی بەپەلە بەرپرسیارێتییەکی مرۆییە کە دواخستن هەڵناگرێت."
