شێخ مەقسود و ئەشرەفییە؛ لەبەردەم داهاتوویەکی نادیار

3 كاتژمێر لەمەوپێش
هیوا ڕەفیق/ مامۆستای زانکۆ
هەر دوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب، تایبەتمەندی دیاری ئەم دوو گەڕەکە ئەوەیە تەواوی دانیشتوانەکەی بە درێژای هەزاران ساڵە کوردنشینن، هەر بۆیە خاوەنی کلتور و زمان و جلوبەرگی تایبەت بە خۆیانن، لە ڕووی کارگێڕییەوە گرێدراوی پارێزگای حەلەبن. دانیشتوانەکەی بەدرێژای جەنگی ١٣ ساڵەی ناوخۆی سوریا بە خوێنی (خورت و لاو) خۆیان پارێزگاریان لەمانەوەی شوناس و کلتوری خۆیان کردووە. ئەوان واتا دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە بە پاڵپشتی سەربازی و لۆجستی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵساون بەدامەزراندنی ئەنجومەنێک بە ناوی (ئەنجومەنی گشتی خۆبەڕێوەبەری شێخ مەقسود و ئەشرەفیە) بۆ ڕایکردنی کاروبارە کارگێڕی و دارایی و پەروەردەییەکانیان. خاڵێک کە جێگەی تێڕامان و سەرەنجێکی قوڵە ئەوەش ئەویە لەسەر زەوی ئەو دوو گەڕەکە بە دووری ٢٤ کیلۆمەتر دابڕاو و دوورن لە جوگرافیای سیاسی و کارگێڕی و سەربازی هەرێمی بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکرات، واتا ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ ئەو دابڕانە جوگرافیایەش کەهەیە هەموو پاڵپشیەکی دارایی و سەربازیان لە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە پێدەگات.
ڕۆژی ١ـی نیسانی ٢٠٢٥ پاش گفتوگۆیەکی قوڵ لە پارێزگای حەلەب ڕێککەوتنێکی ١٤ خاڵی سەبارەت بە هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە نێوان ئەنجومەنی ئەو دوو گەڕەکە و دەسەڵاتدارانی دیمەشق هاتە ئیمزاکردن. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و پێکەوەژیان لەو پارێزگایە لە پاش ڕوخانی دەسەڵاتی ئەسەد. گرنگترین ئەو بەندانەی ئەو ڕێکەوتنە لەخۆی گرتووە بریتیە لە سپاردن و پاراستنی ئەو دوو گەڕەکە کوردە بە هێزەکانی ئەنجومەنی گشتی خۆبەڕێوەبەری و ئاسایشی ناوخۆ. لە ڕێکەوتنەکەدا هاتووە پێویستە پارێزگاری لە سیستەمی (پەروەردە و خوێندنی کوردی بە زمانی کوردی) بکرێت تا ئەو کاتەی بڕیارێکی هەمەلایەنە و ڕێکەوتن لەگەڵ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دێتەئاراوە، هەروەها بە پێی ناوەڕۆکی بەندەکانی ڕێکەوتنەکە پێدانی دەسەڵاتی ئیداری، خزمەتگوزاری، ڕۆشنبیری و فەرهەنگی بدرێت بە ئەنجوومەنی گشتی هەردوو گەڕەک لەگەڵ بوونی هەماهەنگی لە تەنیشت دامەزراوە خزمەتگوزاری و ئەمنییە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای حەلەب. دیسان هەر بەپێی ڕێکەوتنەکە میکانیزمی تایبەت بۆ بەدیهێنانی ئەم کارە دیاریکرا و ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە دووپاتی دەکاتەوە کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بازگەکانیان لە هەردوو گەڕەکەکەدا لە شوێنی خۆیان دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی خەڵکی لەگەڵ بوونی هەموو نگی ئەمنی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا پێچەوانەکەی ڕودەدات لەسەر ئەروی واقع. لە مادەی ١٢ـی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە “هەردوو لایەن هەموو زیندانەکانی پارێزگای حەلەب ئازاد و ئاڵوگۆڕیان دەکەن”. هەر بۆ هەمان مەبەست لە مانگی حوزەیران ئاڵوگۆڕی زیندانیان لەنێوان ئەنجومەنی گشتی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و دەسەڵاتدارانی دیمەشق ئەنجامدرا. دەسەڵاتدارانی سوریای نوێ لە حەلەب بە پێی ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە بەڵێنیاندا بەرپرسیارێتی نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر گەڕەکەکان لە ئەستۆ بگرن، لە هەمان کاتدا هەوڵە هاوبەشەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانە مسۆگەر دەکەن و ڕێککەوتنەکە گەرەنتی ئازادی هاتوچۆی دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە لە ناو شار و دەرەوەی شار بەبێ بوونی هیچ هەراسانکردنێک لەخۆ دەگرێت. هەروەها نوێنەرایەتی تەواو بە هەردوو گەڕەکەکە دەبەخشێت لە ئەنجومەنی پارێزگا و ژووری بازرگانی و دامەزراوەکانی تر لە پارێزگای حەلەب.
بەڵام لەجیاتی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بەخەڵکی ئەو گەڕەکانە درا لەلایەن حکومەتی سوریاوە پاش پێنج مانگ زۆرینەی بەندەکانی ئەم ڕێکەوتنە ١٤ خاڵییە بووە مەرەکەبی ووشکەوەبووی سەر کاغەز و جێبەجێنەکرا، بەپێچەوانەوە لەئێستادا بارودۆخ گەیشتووە بەوەی هەرچی ئەو دەروازە و دەرگایانەی چوونە ژورەوە و چوونەدەرەوەی ئەو دوو گەڕەکە بە دیواری بەردین و ساتری خۆڵ گەمارۆیەکی مرۆیی، ئابوری و سەربازی توند دراوە بەسەر خەڵکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی کوردنشین، بۆیە ئەوانیش بەناچاری کەوتوونەتە بەرگری و پاراستی ناموس و کەرامەتی خۆیان لەهەمبەر هێرشی چەتەکانی حەمزات و عەمشەی گرێدراوی حکومەتی نوێی سوریا. هەڵسوکەوتی دوژمنکارانە و نا بەرپرسانە لە دروستکردنی کێشە و ڕێگری ئەم گروپە چەکدارانە بەرامبەر خەڵکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بە ئاگاداری و پاڵپشتی سەرۆکی سوریا بووە، دوودڵی و ئاماژەیەکی مەترسیدار هەیە لە دووبارەبوونەوە هەمان سیناریۆی کۆمەڵکوژی ساڵی ٢٠٢٤ چەکداران و ملیشیاکانی سوریای بەرانبەر بە عەلەوییەکان لە هەردوو پارێزگای لازقیە و تەرتوس و کۆمەڵکوژی پارێزگای سوەیدای زۆرینە درووز نشین و شیعەکانی دەوروبەری دیمەشق.
بە هۆکاری ئەوەی ئەو چەکدارانە هەڵگری بیری توندئاژۆی داعشی و قەومین لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا بە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێزەوە ٣ کۆمەڵکوژیان ئەنجامداوە بەرامبەر بە پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی سوریا، وە بەردەوامیش هەڕەشە و چاوسورکردنەوە بەرامبەر بە پێکهاتە و نەتەوەی کورد ئەکەن بۆیە خەڵکی هەردوو گەڕەک بە هەستیاری و ناچاریەوە لەڕێگەی خۆپیشاندانی مەدەنی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرگری لە مانەوەی خۆیان و خاکەکەیان دەکەن.
