لە عێراق چی دەگوزەرێت؟ دووکەڵی جەنگی ئێران رووداوەکانی عێراقی داپۆشیوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
لە رۆژی دووەمی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژ بە ئێران، پریشکی ئاگری جەنگەکە عێراقی گرتووەتەوە، بەڵام دووکەڵی چڕی جەنگی ئێران، رووداوەکانی عێراقی داپۆشیوە.
ناوبەناو، مووشەک و فڕۆکەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل ئامانجێک لە نێو خاکی عێراق دەپێکێت، بەڵام هێشتا ئەو دوو وڵاتە، بە وشەیەک باسی هێرشەکانی سەر عێراقیان نەکردووە.
میدیا جیهانی و تەنانەت نێوخۆییەکانیش زیاتر سەرقاڵی دۆخی ئێران و وڵاتانی دیکەی کەنداون.
شەوی رابردوو، ئەبو حەسەن فەریجی، فەرماندەی دیاری کەتائیبی حزبوڵای عێراق لە ئۆتۆمبێلەکەیدا لە ناوچەی جورف سەخر لە بابل کرایە ئامانج. ئەوەش سێیەمین هێرشی لەو شێوەیە بۆسەر سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق.
پێشتریش لە دیالە و قائیم دوو سەرکردەی دیکەی گرووپەکان بەئامانجگیرابوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق بە رۆژنامەی عەرەبی جەدیدی وتووە، لە دوو رۆژی رابردوودا ئەنجامدانی هێرشی نێوخۆیی و دەرەکی و بەئامانجگرتنی سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ئەوەش عێراق بەرەو کێشەی ئەمنی گەورە دەبات.
بەشێوەیەک لە چەند رۆژی رابردوودا، هێرشی مووشەکی و ئاسمانی لە قائیم، بابل، دیالە، موسەنا، کەربەلا و چەند ناوچەیەکی دیکە روویانداوە.
لەبەرامبەردا گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق رایگەیاندووە، تەنها لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٩ هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە عێراق و ناوچەکە،لە نێویشیاندا فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی ڤیکتۆریا لە نێو فڕۆکەخانەی بەغداد.
هاوکات گرووپە چەکدارەکان، هەڕەشەی بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و هەر وڵاتێک دەکەن کە لەجەنگی دژ بە ئێران بەشدار بێت.
تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق نەیتوانیوە کۆنترۆڵی جوڵەی ئەو گرووپانە بکات، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران دوێنێ تەواوی بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری لە نەینەوا دوورخستەوە، لەبەرامبەر کەمتەرخەمییان بۆ رێگری لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان.
پسپۆڕێکی ئەمنی بە عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە، ئەمریکا پرۆسەی لەناوبردنی سەرکردە مەیدانییەکانی گرووپە چەکدارەکانی بەچڕی دەستپێکردووە، ئەوەش وادەکات گرووپەکان بەرەو جەنگێکی کراوە دژ بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بڕۆن، چوونکە دوای نەمانی سەرکردەکانیان، هیچیان نامێنێت لەدەستی بدەن.
