جەنگی ئێران تا مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرەڕای ئەوەی هەریەك لە ئەمریكا و ئیسرائیل جەخت لەوە دەكەنەوە، ئەو جەنگەی لەگەڵ ئێران دەستی پێكردووە، چەند هەفتەیەك دەخایەنێت، بەڵام راپۆرتێكی رۆژنامەوانی دەڵێت، پێدەچێت ململانێكان درێژە بكێشێت بۆ چەند مانگێك درێژ بێتەوە.

ماڵپەڕی رۆژنامەی (پۆلەتیكۆ) لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، وەزارەتی جەنگی ئەمریكا (پنتاگۆن) پێشبینی دەكات، ئەم جەنگەی لەگەڵ ئێران دەست پێكردووە، زیاتر لە 100 رۆژ دەخایەنێت و ئەگەرییش هەیە درێژ بێتەوە، بۆ مانگی ئەیلولی داهاتوو، هەروەها پنتاگۆن دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی زانیاری و پشتیوانیی هەواڵگری سەربازیی بۆ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست ئەو ڕۆژنامە ئەمریکییە کەوتووە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا داوای لە پنتاگۆن کردووە، ئەفسەری هەواڵگری سەربازیی زیاتر بنێرێت بۆ بارەگاکەی لە شاری تامپا لە ویلایەتی فلۆریدا، بۆ ئەوەی لانیکەم بۆ ماوەی ١٠٠ ڕۆژ پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان بکەن، کە ئەگەری هەیە تا مانگی ئەیلولیش بەردەوامی هەبێت.

رۆژنامەی (پۆلەتیكۆ) باسی لەوە كردووە، ئەمە یەکەمین جارە ئیدارەی ئەمریکا داوای پشتیوانیی هەواڵگریی زیاتر بکات، بۆ جەنگەكەی لەگەڵ ئێران، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پنتاگۆن لە ئێستاوە دەستیکردووە بە تەرخانکردنی بودجە بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، کە ئەگەری هەیە ماوەكەی زیاتر درێژببێتەوە لە ماوەی ئەو چوار هەفتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دیاریکردبوو، بۆ كۆتاییهانی جەنگەكەی لەگەڵ ئێران.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، داواكردنی زیادکردنی خێرای کارمەند و كەرەستەكان لەلایەن پنتاگۆنەوە بۆ پشتیوانیکردن و درێژە پێدانی پرۆسە سەربازییەكان،  بۆماوەیەكی دوورمەودا، ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی  تیمی ترەمپ پێشبینی دەرئەنجامە دوور مەوداکانی ئەو شەڕەی نەکردووە، کە ئەمریکا شان بەشانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممەی رابردوو دەستیپێکرد.

رەخنەگران ترەمپ تۆمەتبار دەکەن، بەوەی بەبێ پلانێکی روون و بەبێ ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس، وڵاتەکەی خستووەتە ناو جەنگێکەوە کە نازانرێت چۆن و كەی کۆتایی دێت.

رۆژنامەی (پۆلەتیكۆ) لە زاری بەرپرسانیی ئەمریكیەوە ئەوەشی خستۆتەڕوو، پنتاگۆن هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ سیستمی بەرگری ئاسمانی زیاتر بۆ ناوچەکە رەوانە بکات، بەتایبەتی ئەو سیستمەی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووک و هەرزان دروست كراون.

هەروەها رۆژنامەكە رونیكردوەتەوە، واشنتن بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەكی بێفڕۆکەوانی ئێرانی كە نرخێكی زۆر هەرزانی هەیە،  مووشەکێك بەکاردەهێنێت، کە تێچووی ملیۆنان دۆلارە، هاوکات ئەو سیستمی دژە فرۆکەی بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا هێشتا لە شەڕدا تاقی نەکراونەتەوە.

دوای ئەوەی لە 28ی شوباتی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، لەسەرەتای ئەو شەڕەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ماوەی دوو تا سێ ڕۆژدا ئامانجەکانیان بەدی دێنن، پاشان دوای یەک ڕۆژ لە شەڕەکە ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە شەڕەکە تا چوار هەفتە بەردەوام بێت بەهۆی قەبارەی فراوانی ئێرانەوە.

هاوكات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەرچەندە ماوەیەکی دیاری نەکرد بۆ كۆتاییهاتنی شەڕەكە بەڵام ڕایگەیاند، بەشداری شەڕێکی درێژخایەن ناکات، بەڵام شەڕەکە ڕاناگرێت تا ئەو کاتەی هەڕەشەكانی ئێران لەسەر وڵاتەکەی نەهێڵێت.

لەلایەكی ترەوە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاندووە، واشنتن هەرگیز چوارچێوەیەکی کاتی بۆ ئۆپەراسیۆنی ئێران دیاری ناکات، وتیشی، ئێران عێراق نییە و ئەمە شەڕێکی بێکۆتاییش نییە، ئەمە بە شەو و رۆژێكیش کۆتایی نایەت، گۆڕەپانێكی جەنگی فراوانمان هەیە، جگە لەوەش ئێران خاوەنی توانای هێرشی دوور مەودایە، بۆیە کاتی پێویستی خۆمان وەردەگرین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئێمە سەرکەوتوو بووین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار