بافڵ تاڵەبانی: پێویستی زیاترمان بە پلان، بەرنامەی ھاوبەش و ھەماھەنگی ھەیە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هاوسەرۆکی یەکێتی لەسەر شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە لە میحوەری گەرمەسێر دەڵێت، "پێویستی زیاترمان بە پلان، بەرنامەی ھاوبەش و ھەماھەنگی ھەیە". 

ئەمرۆ 28ی تشرینی دووەمی 2021. بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەیامێکدا دەشڵێت، "بە نیگه‌رانيیەکی زۆرەوە له‌ چه‌ندبارەبوونه‌وه‌ی ئەم پەلامارە تیرۆریستییانە بۆ سەر سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە، لە ناوچە کێشەلەسەر و دابڕێندراوەکانی ھەرێم دەڕوانم. بۆ بەرپەرچیدانەوەی ئەم پەلامارانە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستی زیاترمان بە پلان، بەرنامەی ھاوبەش و ھەماھەنگی ھەیە، بەتایبەت چڕکردنەوەی کارکردنی پێکەوەیی زیاتر لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و رێگری لە جموجۆڵەکانیان کە مایەی ھەڕەشەی جددین بۆ ئەو سنوورانە. 

 

دەقی پەیامەکە:

 

شەوی رابردوو لە ھەوڵێکی ترسنۆکانەی دیکەی تیرۆریستاندا، په‌لاماری سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە لە سنووری کوڵەجۆی گەرمیان درا.

 

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە له‌ ئه‌نجامی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه،‌ پێنج پێشمەرگەی قارەمان شەھید بوون و چوار پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.

 

وێڕای سەرکۆنەی ئه‌م پەلامارە تیرۆریستییە، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قوڵی خۆمان ئاراستەی كەسوكار و خانەوادەی سەربەرزی ئەو شەهیدانەمان دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

 

بە نیگه‌رانيیەکی زۆرەوە له‌ چه‌ندبارەبوونه‌وه‌ی ئەم پەلامارە تیرۆریستییانە بۆ سەر سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە، لە ناوچە کێشەلەسەر و دابڕێندراوەکانی ھەرێم دەڕوانم. بۆ بەرپەرچیدانەوەی ئەم پەلامارانە، پێویستی زیاترمان بە پلان، بەرنامەی ھاوبەش و ھەماھەنگی ھەیە، بەتایبەت چڕکردنەوەی کارکردنی پێکەوەیی زیاتر لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و رێگری لە جموجۆڵەکانیان کە مایەی ھەڕەشەی جددین بۆ ئەو سنوورانە. لێرەوە جارێکی تر داوادەکەین دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی، بە سیاسەت و تێڕوانینێکی ترەوە لەپێناو سەقامگیریی، ئاسایش و ئارامی زیاتر بەڕێوەببرێن.

 

دووبارە سەربەرزی بۆ ڕۆحی شەھیدەکانمان و خودای گەورە ئارامی بە كه‌سوكاری شه‌هیدان ببەخشێت. ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانمان دەخوازین و بۆ ھەر ھاوکاری و چارەسەرێکی خێرا ئامادەی خۆمان دەردەبڕین و لەگەڵتانین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار