سەرۆک بارزانی: دەمانەوێت ئاشتی و ئارامی لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان بەرقەراربێت
3 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی و جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ (عێراق- ئێران) و بەرپرسی بەشی دەستپێشخەری عێراق لە ناوەندی لێکۆلینەوەی ئاتلانتیک کاوسل بارودۆخی هەنوکەیی ناوچەکە بە گشتی و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و پەیوندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد.
بارەگای بارزانی راگەیەندراویکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، رۆژی چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026 لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە فیکتۆریا تەیلەر, جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ (عێراق- ئێران) و بەرپرسی بەشی دەستپێشخەری عێراق لە ناوەندی لێکۆلینەوەی ئاتلانتیک کاوسل (Atlantic Council) کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەدیدارەکەدا بارودۆخی هەنوکەیی ناوچەکە بە گشتی و پرۆسەی سیاسیی لە عێراق و دوا هەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و پەیوندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لە بارەوە کرا.
هەروەها باسی لەوەش کردووە، هەر لەو دیدارەدا دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان و پێشهاتەکان خرانە بەر باس، فیکتۆریا تەیلەر ئاماژەی بە رۆلی گرنگی سەرۆک بارزانی دا لە هەوڵەکانی لەگەڵ دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات و نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا بۆ جێگیربوونی ئاگربەست و گرتنەبەری دیالۆگ بۆ چارەسەری کێشەکان، و ئەو هەوڵانەی بەرز نرخاند.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە دەمانەوێت ئاشتی و ئارامی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بەرقەراربێت و ئاگربەستی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوام بێت، و هەردوولا پابەندبن بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو رێککەوتنی نێوانیان لە پێناو نەمانی شەڕ و ئاڵۆزی، لەو پێناوەشدا هەرچیەک بە ئێمە کرابێت لە رووی نێوەندگیری لە نێوان هەردوولا و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ لێقەومان و زیانبەرکەوتوان ئەنجاممان داوە.
